گوته و ناپلیۆن.. بەیەكگەیشتنی مێژوویی.. ئاكۆ عهبدوڵڵا
ساڵی 2008 گوستاڤ سایبتی نووسەری ئەڵمانی، ساڵی 2008 كتێبی (گۆته و ناپلیۆن.. بەیەكگەیشتنی مێژوویی Goethe und Napoleon: Eine historische Begegnung) بڵاوكردەوە. ئەو كتێبە یهكێكه لهبهرههمه ناوازهكان. تەنیا لهماوهی دوو ساڵی یهكهمیدا پێنج جار چاپكراوه. لەو ماوەیەش تەنیەوە ناو زمانەكانی دیكە و وەك شاكارێكی هزری و ئەدەبی لەلایان رەخنەگران و خوێنەران بایەخی پێدرا. ناوهرۆكهكهی تایبهته بەو دیداره ههڵاوێره مێژووییەی 2 نۆفمبری 1808 لەشاری ئیرفورتی پایتەختی هەرێمی تۆرینگنی وڵاتی ئەڵمانیا، لەنێوان (یۆهان ڤۆلفگانگ ڤۆن گۆته 1749 – 1832)ی شاعیری گەورەی ئەڵمانی و (ناپلیۆن پۆناپارت 1769 – 1821) ی ئیمپراتۆری فەڕەنسا، لهدوای شكستی سهركردهی سوپای پروسیا لهجهنگی یهنا و ئویرشتین، روویدا. لهو دیدارەدا گفتوگۆی بهپێز لهنێوان ئهو دوو بلیمهته روویدا كه كاریگەری بەسەر كاره ئهدهبیه و داهێنانهكانی گۆتهدا ههبوو، تەنانەت پێش ئەو کۆبوونەوە بەناوبانگە، دەگوترا ناپلیۆن بههەندێک لەهاوکارە نزیکەکانی ڕاگەیاندبوو لەگەنجیدا ڕۆمانهكهی (ئازارهكانی فێرتهری لاو) ی گۆتهى خوێندبۆوه و پێوهی کاریگەر بوو. گۆتهش لە ژیانی ناپلیۆن بێ ئاگا نەبوو، بەڵکو ئاگاداربوو چۆن لەسوپای فەرەنسا ههڵكشا تا بوو بهو ئیمپراتۆرهی کە زۆربەی کیشوەری ئەوروپای کۆنترۆڵ کرد و خەونی بە دوورتریش دهبینی.
ئهو کتێبه لەچوارچێوەی گەڕانەوەی گرنگیدانه بهژیاننامەی تاکەکان. گوستاڤ سایبت بەكەم كەس نییە باسی لەو بەیەكگەیشتنە بێهاوتایهی نێوان ئهو دوو كهسهی كردبێت، بهلكو ئهو بهیهك گهیشتنه و وردهكاریهكانی نێوانیان، توێژەرانی بۆخۆی كێش كردووه كه هەریەك لەگۆشەنیگای جۆراوجۆر راڤەی بكهن و لەبارەی بدوێن. ئەوەی تالیران 1745 – 1838 ی سیاسەتمەداری فەڕەنسیش تۆماری كردووە، بۆتە پاڵنەر بۆ سایبت. ئهو كارهی سایبتیش بهوه جیادهكرێتهوه، لەدیدگای رەخنەی هاوچهرخهوه لهو ساتهی روانیوه، زۆریش هەوڵیداوە پێداگری لەسەر گفتوگۆی نێوانیان بكات و دوریش بێت لەهەر دەمارگرژییەكی ئایدیایی یان لایەنگیری نیشتمانی. پێویستە ئاماژە بەوەش بدەین، ئەو تەنیا لای لەساتەكانی بەیەك گەیشتنەكە نەكردۆتەوە، وەك نووسەرانی دیكە، بەڵكو لەخوڵگەی فراوانتر روانیویەتی و رەوتە هزری و سیاسییەكانی ئەو سەردەمەش بەبیر خوێنەران دەهێنێتەوە. بەشێوەیەكی دیكە دەتوانین بڵێین تەنیا بەخوێندنەوەی ئەوە نەوەستاوە كە گۆته و كەسانی دیكە لە بارەی بەیەكگەیشتنەكە، تۆماریان كردووە، بەڵكو هەوڵیداوە نیگاری ئەو وێنە سەبازیانەش بكێشێ كە لەڕۆژەكانی 14 – 15ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1806بەسەركەوتنی فەڕەنسییەكان كۆتایی هات. لەوكاتەی كە پروسیا لەجەنگی (یهنا- ئۆيرشتيت) لەبەرامبەر سوپای ناپلیۆن شكا. بەو ئەنجامەش بناغەی حكومەتی ڤایمار هەژاو بارودۆخ شێوا، گۆتهش ئەوسا لەكۆشۆكی هیرتسوگ كارل ئوگست راوێژكار بوو. لەساڵی 1775 بهرهو سهر بەڕێوەبردنی تیپی شانۆ و سەرپەرشتی ئهو بازنە و گفتوگۆ زانستیانەشی دەركرد كە لەناو زانكۆی یهنا دەبەسترا. ئەو زانكۆیەش پایەكی جیهانی هەبوو، فەلسەفەی ئایدلیستیانەی ئەڵمانیش لەوێدا رێچكەی گرت. پێگەكەی گۆتهش رۆڵی گێڕا لە دروستبوونی پەیوەندی هاوڕێەتی لەنێوان گۆته و فریدریش شیللەر 1759 – 1805ی گەورە شاعیر. بۆیە سایبت راستی كردووه كاتێك كە وەسفی ژیانی گۆتهی لەڤایمار كردووه و وتویهتی ژیانی (كۆشك ـ ئەكادیمیای) بوو. هیرتسوگی ڤایمار فەیلەسوف و نووسەرانی دیکەی لێ کۆبوونەوە کە بەشدارییان لەبنیاتنانی بزوتنەوەی فیکری بەپیتدا کرد، لهوانه هیگڵ و شلێگل، فیختە و شیللەر، و ئهو نووسەرانهی کە بیری مرۆڤیان بەگشتی دەوڵەمەند کرد و بەشداریشیان لە پێکهاتنی رهوته ئەدەبی، ڕۆشنبیری، و فەلسەفیەکانی سەرانسەری کیشوەری ئەوروپا كرد.
نووسهر ئاماژه بهوه دهدات گۆته و ناپلیۆن لەسەر مێزی نانخواردن بەیەك گەیشتن. نووسەر وەسفی وردەكاری دیدارەكە دەكات، لەشوێن و توخمەكان و ئەو شتانەی پەیوەندییان بەژیان و یادگاریەكانی گۆتهوە هەیە، دەستپێدەكات تا دەگات بەو كەسانەی ئامادەی دیدارەكە بوون. دواتر دەقی دیالۆگی نێوانیان بەو شێوەیە دەچەسپێنێ كە گۆته تۆماری كرد بوو.ئینجا بەوردی رستەكان شیدەكاتەوەو لەرێگای خوێندنەوەی قوڵ كە نەك تەنیا بۆ دەقەكە، بەڵكو بۆ چوارچێوەی جۆراوجۆری سیاسی و رۆشنبیری، خوێنەر بۆ واتا گشتییەكان كێش دەكات. هاوكات نووسەر بەوردی بەدوای شوێنەوار و كاریگەری شكستییە سەربازییەكە بەسەر ژیانی گۆته كەوتووه، كە گۆڕانهكانی لەبازنەی بچووك بەرەو بازنەی فراوانتر چوون.
دواتر ئاماژە بەدیوانە بەناوبانگەكەی (دیوانی رۆژئاوایی رۆژهەڵاتی) دەكات كە بۆنی ئەو ساتانەی پاش ناپلیۆنی لێدێت. لەناویشیاندا چامەی (كۆچ)ی دیاری كردووه كە گۆته بەلاتینی نوسیویەتی و تێیدا حەزی راكردن بەرەو ئاسۆی مەعریفی بەرجەستە كردووه كە دووربێت لەقەیرانی ئەوسای ئەوروپا. بەڵام پێوەندی نێوان گۆته و ناپلیۆن كە لەشانۆگەریە ناودارەكەی (ڤاوست)ی گۆته دەبینیرێـت، بەئاڵۆزی ماوەتەوە، چونكە تێیدا لەیەك كاتدا گۆته وردە وردە حەزی لەسەركۆنەكردنی سیاسەتی وێرانكاریانەی ناپلیۆن كردووه كە ئەوروپا و جیهانی بەرەو تێكدان برد، بهڵام هێشتا كەسایەتی ناپلیۆنی بەلاوە خۆشەویستە بوو. كتێبەكەی سایبتییش لەو ساتە سەخت و ئاڵۆزەی مێژووی ئەدەبی و سیاسی و سەربازی دەوەستێت، ئەو ساتەی كە لەڕابردوو خەڵكانێكی وەها لێكرد هەڵوێستی دژ بەگۆته بگرنەبەر كە كار بەوە گەیشت سەركۆنەشی بكەن.
ئاكۆ عهبدوڵڵا
