دوو و دوو دەکاتە پێنج!.. فەرهاد مەحموود ئیبراهیم
جۆرج ئۆرۆیل دەڵێت: گەر کۆی میللەت هێزی ڕاستەقینەی خۆیان بزانیایە هیچ حەوجیی پلانڕێزیی نەدەبوو، تەنیا ئەوەی پێویست دەبوو: ڕابوونایە وەکو ئەسپ کە چۆن مێشوولە لە خۆی دوور دەخاتەوە.
شەکەسپیریش دەڵێت: ئەوەی ئێمە تێیدا دەژین هەڵبژاردنی خۆمانە کە دەمانەوێت وا بێت، نەك ئەوەی بەسەرماندا بچەسپێنرێت.
کەواتە سەرکوتکردنی ڕای خەڵك لە ڕێگەی تاكڕەوی و ستەم و چەوساندنەوەوە مانای وایە کەمینەیەك ڕێی پێدراوە کە جڵەو بگرێتە دەست و زۆرینە لە مافە سەرەتاییەکانیان بێبەش دەکرێن، ئەمە لە کاتێکدایە هەرگیز فەراهەمهێنانی ئاسایش و خۆشگوزەرانی لە ڕێگەی تۆقاندن و ترسەوە نایەتەدی، بەڵکو ئەمە ڕەوتی برەو و پێشکەوتنی ڕاستەقینە ڕادەگرێت. لە حاڵێکدا بەشداری میللەت لە بڕیاردان و هەڵبژاردنی شێوازی بەڕیوەبردندا دەبێتە هێنانەدی حوکمی دەسەڵاتێکی تەندروست کە لەسەر بناغەی پەیوەندی پتەوی نێوان دەسەڵات و نەتەوە بنیات دەنرێت و خوارییەکان ڕاست دەکاتەوە گەر لە پێشدا بوونی هەبووبێت.
ئازادی و سەرەوەری تاك و یەکسانیان بەرانبەر یاساو بوونی ڕێكخراوی کارای سەربەخۆو مەدەنی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە سیماکانی کۆمەڵگاو دەسەڵاتی تەبا دێنە هەژمارکردن و دیتن.
دیسپۆتیزم و قۆرخکردنی دەسەڵات دەردێکی کوشندەیەو لە دۆخی ناتەندروستدا سەرهەڵدەدات و دەبێتە هۆی قووڵکردنەوەی قەیرانەکان، بۆیە هەمیشە دیکتاتۆریی و تۆتالیتاریزم لە هەر شوێنێکدا بوونی هەبێت هەوڵ دەدات لە ڕێی دەسەڵاتی سیاسییەوە قۆرخی کۆمەڵگا بکات، کە بەم پێنج سیفاتە دەناسرێتەوەو جیا دەکرێتەوە:
١-شێوازی دەوڵەت لە پەیڕەوکردنی یاساوە دەگۆڕدرێت بۆ پەیڕەوکردنی شێوازی پۆلیسی.
٢-لە دەوڵەتی ئازادییەکانەوە بۆ سەرکوتکردن.
٣-دەسەڵاتگرتنە دەستی تاکە حیزب لە کاروبارەکاندا.
٤-دەسەڵات هەوڵی سەرکوتکردنی میللەت ونەهێشتنی فرەیی دەدات.
٥-دەسەڵاتی خۆسەپێن پەنا بۆ ترس و تۆقاندن دەبات وسەرجەم داهاتی ناشەفاف ژێرباری ئەو مەبەستە دەخات.
بەمجۆرە لە دەوڵەتی سەرکوتکاریدا پەیوەندی خەڵك و حاکم و خەڵك و خەڵك لەسەربنەمای دواکەوتن و چەوساندنەوە و ناسەقامگیری و نائامادەیی گشت ڕەنگەکاندا بەرجەستە دەبێت، تێیدا ڕووداوی توندوتیژی زیاد دەکات و حاڵەتەکانی کوشتن زیاترو ئاسایی دەبنەوە، تێیدا سەرکوتی دەنگی ناڕازی دەکرێت و ژمارەی پۆلیسی نهێنی زیاد دەبێت و تەنانەت سەرکوتی نەیاران دەکرێت لە ڕێی پەنابردن و بەکارهێنانی یاساوە، چونکە هیچ سیستەمێکی ژیانی مەدەنی لە ڕژێمی تۆتالیری سەرکوتکاردا بوونی نامێنێت و تەنیا ناوو شێوەکەی دەمێنێتەوەو لە ناوەڕۆکدا خاڵی دەبن لە مەبەستەکانیان، تەنانەت ڕێكخراوە کارا مەدەنییەکانیش ژێر بەژێر دەخرێنە ژێر ڕكێفی دەسەڵاتی دیسپۆتیزمەوە.
بەشێوەیەکی گشتی وەکو ئیبن خەلدون لە پێشەکییەکەیدا نووسیویە: دەسەڵات و مۆراڵ زۆرجار بەریەك کەوتنیان لەگەڵ یەکدا دەبێت، بەحوكمی ئەوەی سروشتی دەسەڵات لە پێناوی مانەوەیدا ئەوە دەخوازێت و میکافیللیش ڕەنگە لەبەر ئەو هۆکارە بێت ئەو دووانەی لێك جیاکردۆتەوە: ئاکاری سیاسی و ئاکاری گشتی، بەڵام ئایا دەبێت دەسەڵاتی ڕاستەقینە ئاوها بێت؟ پاشان بۆمان هەیە بپرسین ئایا تا چەند دەسەڵات بۆی هەیە بەردەوام ئەو پێشێلکارییانە لەمافە سەرەتاییەکانی هاوڵاتیاندا بکات؟ ئایا دەبێ ئەو پێشێلکاریانە تا چەند پێویست بن؟ ئەی ئایا لە ئاکامدا بە کوێ دەگات ئەو هەموو هەنگاوانەی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو خراپ و خراپترو بەکارهێنانی شێوازی تازەی ناڕەواو دڕندانەتر دەچێت؟ ئایا تا سەر دەسەڵات دەتوانێت بەو شێوازانە مانەوەی خۆی مسۆگەر بکات بۆ هەتا هەتایە؟ یان مانای حاكم و مەحكومی تەندروست تەواو لە شوێنێکی ترەو ئەوەی ئێمە لێی دەدوێین بارودۆخی وڵاتان و ناوچەکانی جیهانی سێیەمە بە تەنیا کە نەخوێندەوارەکان دەکرێنە داردەستی تۆقاندن و خوێندەوارەکانیش لە پێناو لە دەستنەدانی ئیمتیازاتەکانیان قوڕوقەپی لێدەکەن.
ئەوەی مەبەستمە لێرەدا خاڵێکی زۆر مەترسیدارە کە ڕەنگە لای زۆر لە خوێنەران ئاشکرا نەبێت و نەزانن ئەوەی ئێستا لە دەوروبەریان دەگوزەرێت زۆر کوشندەیەو ڕەنگە ڕۆژێك ئەویش ڕووبوڕوی بێتەوەو پێی بکرێتە ئامانج و کە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا بێتام زیاد بووەو تەشەنەی کردووە.
هەمیشە هۆکارێکی ڕژێمە تۆتالیتارە سەرکوتکارەکان بریتییە لە پەرەدان بە دەزگاکانی سیخوڕی و چاودێریکردن و زیادکردنی جۆرو ژمارەی سیخوڕان، بەمەبەستی مسۆگەرکردنی مانەوەی دەسەڵاتی ناتەندروستی خۆیان، بەڵام لەولاوە بەخێوکردن و پەروەردەکردن و ژێربارخستنی ئەو لەشکرە لە سیخوڕو کاڵفامان و نەخوێندەواران بۆ پاراستنی بەرژەوەندی کورسی چەند کەسانێك، لەهەموو دام ودەزگاو کۆڵان و بازاڕو مۆڵ و مزگەوت و ناو یانەو ڕێكخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا بڵاوکراونەتەوەو داهاتی ناشەفافی میللەتیان پێ دەدرێت، قێزەونترین ڕێگا لەو پێناوەدا بەکاردەهێنن و گوێ لە پەیوەندییەکان دەگرن و تۆڕی ئینتەرنێتیش دەکەنە مەیدانی بەدواداچوونیان، هەر ئەمانەش سبەی دەبنە بارێکی گران و ناقۆڵا لەسەرشانی کۆمەڵگا، چونکە ئەو هونەرە بەدفەڕییەی کە فێری بوون بە سیخوڕیکردن بەسەر هاوڵاتییانەوە دەبێتە خوویان و هەرگیز بۆیان تەرك ناکرێت، ئەمە جگە لەوەی بە پێی دابونەرێت و ئایین و یاساکانی مافی مرۆڤ دادەنرێت بە تاوانێکی قێزەون و ناڕەواو دژی هەموو پرەنسیپە مرۆییەکانە.
ئیدی بەڕادەیەك ئەو دیاردەیەش ئاسایی دەبێتەوەو تا ئەو ئاستەی ئەو دەزگایانە پەنا بۆ بەکارهێنانی کەسانی خوار تەمەنی هەژدە ساڵ دەبەن بۆ ئەو کارە و جۆرەها شێوازی تەکنەلۆژی و چاودێرییان دەخەنە بەردەست لەو پێناوەدا، ئەمەش جگە لە کۆمەڵێك دەستەو دایەرەی نزیکی دەسەڵاتی دیسپۆتیزم، کەسی تر ئاگاداری کاری ئەو بازنەیە نابێت، تەنانەت کاری سیخوڕیی بەسەر ئەندامانی هەمان حیزبیشەوە دەکرێت و چیدی کەس متمانەی بە کەس نامێنێت، بگرە بابای سیخوڕ ئەگەر هیچ کەسی دەست نەکەوێت دەکەوێتە چاودێریکردنی کەس وکارەکەی خۆی، چونکە ناتوانێت دەستبەرداری ئەو خووە بێتن کە بە میرات وەکو خەڵات لەدەسەڵاتی مافیاو گەندەڵەوە بۆی ماوەتەوەو فێرکراوە، ئەمەیە بەرهەمی دەسەڵاتی پۆلیسیی خۆسەپێن و دوور لە ژیانی مەدەنی، کە لەسەر بنەمای ترس و تۆقاندن و پاکتاوکردنی کەسانی نەیاران دەمێنێتەوە، ئەم دیاردەیە بە جۆرێك زەق بووەتەوە تەنانەت کەسی چاودێریکراو بێ پەردە ئەو لەشکرە دەبینێت کە دوای ئەکەون و وێنەی ئەگرن و چاودێری دەکەن؛ بێ ئەوەی سیخوڕەکان شەرم لە خۆ بکەن و تەریق ببنەوەو بەخۆدا بچنەوەو بستێك واز لە کۆیلایەتی بهێنن، خەریکی هەراسانکردنی کەسانی دەرەوەی بازنەی حیزب و دەسەڵاتن و تەدەخول لە تایبەتمەندییەکانی ژیانیاندا دەکەن و بگرە توهمەتیان بۆ دەهۆننەوەو تاوانیان دەخەنە پاڵ. ئەمانە زەنگی مەترسییەکی جددین کە ڕەنگە سبەی ڕووبەڕووی زۆرینە ببێتەوە، ئاگات لە خۆ نییە و کەسانێك گاڵتە بە نهێنییەکانی ژیانی تایبەتی تۆ دەکەن، ئەمانە گەر بەڵگەی هەر شتێك بن سەرەتا ئەوە دەردەخەن کە ئەو دەسەڵاتانە چۆن بەرەو لوتکەی بێ متمانەیی خەڵك دەچن و هەموو ساتێك لە ئاماداباشیدان بۆ چارەنووسی حەتمی خۆیان؛ ئیدی وای لێدێت بێزاریی لە سیمای شارو خەڵکەکەیدا بە ئاشکرا دەربکەوێت و خەڵکانی ئازادیخواز بیر لە هەڵهاتن لەو زیندانە بەرتەسکە بکەنەوە بەرەو تاراوگە و سەری خۆیان هەڵگرن، دوای ئەوەی بێ هیوا دەبن لە هەموو چاکسازییەك و لەبەرانبەریشدا ڕۆژ بە ڕۆژ ئازادییە تاکە کەسییەکان بەرتەسك دەبنەوەو زەبرو زۆر تا قوڕقوڕاوگەی میللەت دێت، کە هەرگیز ناتوانرێت پەردەپۆش بکرێت بە داهێنانی نازناو و پاشناو بۆ شوێنەکان، نە شاری ڕۆشنبیریی و نە شاریی نموونەیی و نە گوندی ئەوروپی و…… ناتوانێت ئەو تاڵاوە لە قوڕقوڕاگەکاندا بڕەوێنێتەوە کە ڕۆژانە بە شێوەی نالەبارو نوێ خەڵکی ڕەش و ڕووت دەیچێژن و پێوەی دەتلێنەوەو دەناڵێنن، کاتێك خۆیان دەبیننەوە نیشتیمانپەروەرن و خۆیان نەفرۆشتووە بە کەس و هیچ لایەنێك و نە بندیوارن و نە بەرژەوەندیان لەگەڵ هیچ حیزبێکدا هەیە وهەمیشە بە گومانی نەیاریی بێبەش دەکرێن و دەچەوسێنرێنەوە و پلانیان دژ دەگێڕدرێت؛ تا ئەو ئاستەی جڵەوی بێ لەمپەر بە جۆرێك بۆ ئەم جۆرە کۆکوژییە لەسەرخۆیە بەڕەڵڵا دەکرێت کە دەبێت وەکو ڕۆمانی (١٩٨٤)ی جۆرج ئۆریۆڵ لە کۆتاییدا هەمووان لە ژێر فشارەکاندا ناچار بکرێن بڵێن: بەڵێ دوو و دوو دەکاتە پێنج!
فەرهاد مەحموود ئیبراهیم
