شكسپیر لەدەرەوەی بازنەی نووسین چی تر بووە ؟.. حەیدەر عەبدولڕەحمان
ڕەنگە زۆربەمان شكسپیر وەك گەورە نووسەرێكی جیهانی بناسین، بەڵام كەمتر ئەوە دەزانین كە لە پاڵ نووسیندا ، شكسپیر ئەكتەرێكی كارامە بووەو رۆَڵی نواندنی لەچەندین شانۆگەریدا بینیووەو چەندین شانۆگەریشی بۆ شانۆ دەرهێناوە.
ئامانجی سەرەكی شكسپیر لە نووسینەكانیدا ئەوە بووە، ئەو نووسینانە بكرێنە شانۆگەری و لەسەر تەختەی شانۆدا نیشانی بینەر بدرێن، نەك هەر تەنها دەقێك بن بۆ خوێندنەوە .
یەكێك لەبەهێزترین بەڵگەكانیش بۆ سەلماندنی ئەوەی شكسپیر ئەكتەر بووە، ڕەخنەیەكی توندی نووسەرێكی هاوچەرخی خۆیەتی بەناوی (ڕۆبێرت گرین – Robert Greene) كە لەساڵی 1592 دوای بینینی نمایشی ( كۆترێكی ساوا ) لە وتارێكدا سووكایەتیی بەشكسپیر دەكاو دەڵێت:
ئەو ئەكتەرە ( مەبەستی شكسپیرە ) وا دەزانێت دەتوانێت بەو دیمەنە بمان هەژێنێ .
ئەمەش ئاماژەیەكە بەوەی (شكسپیر ) هەر لەسەرەتاوە شكسپیر ئەكتەر بووە و دواتر دەستی داوەتە نووسین ، بەڵام نووسەرانی ئەكادیمیی ئەو سەردەمە وەك (گرین) پێیان خۆش نەبووە ئەكتەرێك دەست بۆ قەڵەم بەرێت.
هەروا لە چاپی یەكەمی بەرهەمەكانی شكسپیردا كە لە ساڵی ١٦٢٣ بڵاوكراوەتەوە، لە لیستی ئەكتەرە سەرەكییەكاندا ناوی ( ولیەم شكسپیر) لە ڕیزبەندی سەرەوەدا هاتووە.
ئەمەش بەڵگەیەكی یەكلاكەرەوەیە كە ئەو پیشەی سەرەكیی نواندن بووە.
هەروا دەبێ ئەوەش بزانین كە (شكسپیر) هەر تەنها لە شانۆگەرییەكانی خۆیدا نواندنی نەكردووە، بەڵكو ئەكتەرێكی پیشەگەر بووە لە گرووپی (Lord Chamberlains Men).
لە دوو بەرهەمی گرنگی هاوڕێ و ڕكابەرەكەی (بێن جۆنسۆن) شكسپیر وەك ئەكتەر ڕۆڵی بینیوە. بەپێی تۆمارەكان، ئەو لەشانۆگەریی (هەر پیاوێك لە نوكتەی خۆیدا Every Man in His Humour (ساڵی1598 ) و شانۆگەریی ( كەوتنی سیجانۆس Sejanus His Fall ساڵی 1603 وەك ئەكتەر بەشدار بووە.
بەڵام لەبەرهەمەكانی خۆشیدا چەند بەشداری كردنێكی هەبووە، (وەك ئەوەی (نیكۆلاس ڕۆ ) كە یەكەم ژیاننامەنووسی شكسپیرە باسی دەكات:
شكسپیر زیاتر ڕۆڵی شاهانە، كەسایەتییە بەتەمەنەكان، یان ڕۆڵە لاوەكییە كاریگەرەكانی بینیوە .
ڕەنگە بەهۆی سەرقاڵ بوونی بەنووسین و بەڕێوەبردنی تیپەكەی، ڕۆڵی پاڵەوانی و سەرەكی وەك (هامڵێت ) ی نەبینیووە ، بەڵام بە پێی دەرفەت چەند رۆڵێكی لاوەكی بینیووە لەوانە:
تارمایی باوكی هامڵێت لە شانۆگەریی هامڵێت.
زۆرێك لە سەرچاوەكان لەسەر ئەوە كۆكن كە شكسپیر خۆی ڕۆڵی (خێو) ە كەی بینیوە كە داوای تۆڵە لەكوڕەكەی دەكات.
هەروا رۆڵی ئادەم (Adam): لە شانۆگەریی (وەك ئەوەی ئارەزووی دەكەیت ).
هەندێ لێكۆڵەریش پێیان وایە شكسپیر خۆی لەبەشی یەكەم و دووەمی شانۆگەری (هێنری چوارەم) دا، خۆی ڕۆڵی پاشای بینیوە.
شكسپیر وەك دەرهێنەر
بەر لەهەموو شتێ كاتێ باس لەلایەنی دەرهێنان دەكەین لای شكسپیر، دەبێت ئاگامان لەوە بێت كە لە سەردەمی ئەلیزابێسدا چەمكی (دەرهێنەر (Director) بەم مانایەی ئەمڕۆ نەبووە، بەڵام لە كاتی خۆیدا شكسپیر بە كردەوە ئەو ئەركانەی بەجێ گەیاندووە كە دەرهێنەرانی ئەمڕۆ بە جێی دەگەیەنن ، لەوانە :
ئاڕاستەكردنی ئەكتەرەكان
لەو سەردەمەدا، نووسەری دەقەكە و ئەكتەرە سەرەكییەكان پێكەوە بڕیاریان لەسەر جووڵە و شێوازی ئیلقا دەدا.
شكسپیر وەك نووسەرو هاوبەشی سەرەكی سەرپەرشتیاری نمایشەكانی كردووە.
وانەكانی نواندن
باشترین بەڵگە بۆ ئەوەی بیسەلمێنین (شكسپیر) تێڕوانینی دەرهێنەرانەی هەبووە، دیمەنی دووەمە لە پەردەی سێیەمی شانۆگەریی هامڵێت.
كاتێك هامڵێت ئامۆژگاریی ئەكتەرەكان دەكات و پێیان دەڵێت:
وا ڕستەكان بڵێن، وەك چۆن من بۆم خوێندنەوە.
ئاگاتان لەوە بێت هەواو ئارەزووی خۆتان تێكەڵ بە نمایش نەكەن… دەستەكانتان زۆر بە هەوادا مەوەشێنن.
ئەمە ئامادەكردنی ئەكتەرو فۆرمی خودی شكسپیرە وەك دەرهێنەرێك كاتێ ڕێنمایی ئەكتەرانی تیپەكەی (Kings Men) دەكات ، كە چۆن لەسەر شانۆ نواندنی سروشتی بكەن و خۆیان لە زێدەڕۆیی وهەڵچوون بەدوور بگرن.
شكسپیر وەك بەڕێوەبەری هونەری و خاوەن پشك
سەردەمێك ( شكسپیر) خۆی خاوەنی شانۆی گڵۆب (The Globe Theatre) بوو، ئەو شانۆیەی شكسپیر ساڵی 1599 بوو بەیەكێك لە خاوەن پشكەكانی ئەو تیپە .
ئەم بە پشك بوونە وایكرد، ئەو تەنها كرێكارێك نەبێت بۆ نووسینی دەقی شانۆیی ، بەڵكو بڕِیاردەر بووە لەوەی چی نمایش بكرێت؟
كێ ڕۆڵ ببینێت؟ یان چۆن پارە خەرج بكرێت؟
ئەم پێگەیەی (شكسپیر) لە تیپ ، دەسەڵاتی تەواوی پێدابوو كە دەقەكانی بەو جۆرەی خۆی دەیەوێت لەسەر تەختە بەرجەستە بكرێن، ئەمەش جۆرێك بوو لەكاری دەرهێنان.
بەگشتی شكسپیر لە دەرەوەی بازنەی نووسین، پیاوێكی پراكتیكیی بووە لە شانۆدا.
ئەو زانیویەتی ئەكتەر چۆن هەناسە دەدات، جەماوەر لە كوێدا بێزار دەبێت، تەختەی شانۆ (ستەیج) چەندە بەرگە دەگرێت و ریتمی شانۆ چۆن بەرز دەبێتەوەو چۆن دادەبەزێ .
وەك دەرهێنەر هەرچەندە نازناوەكە وەك خۆی بوونی نەبووە، بەڵام لە ڕێگەی ڕاهێنانی ئەكتەرەكان و سەرپەرشتی گرووپی (King’s Men)، بە پراكتیك كاری دەرهێنانی كردووە.
زۆربەی كارەكانیشی لە شانۆی (The Theatre)، (The Curtain) و دواتر لە (The Globe) و (Blackfriars) لە لەندەن نمایش كراون .
توانستی شكسپیر وەك ئەكتەر
یەكەم ئاماژەی ڕەخنەیی بەرامبەر شكسپیر لەلایەن ( ڕۆبەرت گرین) ی هاوچاخی بوو، كە نووسەرێكی ئەكادیمی بوو.
لە نووسینەكەی دا، شكسپیری بە قەلەڕەشێكی تازەپێگەیشتوو ناوبرد,
(گرین) لەوە تووڕە بوو كە چۆن ئەكتەرێك بوێری ئەوەی هەیە ، بەئاستێكی نزم هەوڵ بدات دەست بۆ نووسینی دەقی شانۆیی بەرێت .
ئەمەش هەمدیسان ئەوە دەسەلمێنێت كە شكسپیر سەرەتا وەك ئەكتەرێكی دیار دەركەوتووە پێش ئەوەی وەك نووسەرێكی گەورە بناسرێت.
هێنری چێتڵ (Henry Chettle): كەمێك دوای هێرشەكەی گرین، داوای لێبووردنی كرد و ستایشی شكسپیری كرد و گوتی:
شكسپیر لەو هونەرەی كە بانگەشەی بۆ دەكات (واتە نواندن)، زۆر نایابە.
ئەمە بەڵگەیەكی بەهێزبوو لەوەی كە شكسپیر خۆی لەخۆیدا وەك ئەكتەرێكی بەتوانا و ڕێز لێگیراو سەیر كراوە.
بێن جۆنسن (Ben Jonson): هاوڕێ و ڕكابەری شكسپیر، ناوی شكسپیری لە لیستی ئەكتەرانی شانۆنامەكانی خۆیدا (وەك Every Man in His Humour) نووسیوە.
بە گشتی ڕەخنەگرەكان و ژیاننامەنووسانی سەدەی حەڤدەو هەژدە (جەیمس ڕایت) ئاماژە بەوە دەكات كە شكسپیر ئەكتەرێكی باش بووە، بەڵام نووسینەكەی زۆر باڵاتر بووە لە نواندنەكەی.
(نیكۆلاس ڕۆ) كە یەكەم ژیاننامەنووسی فەرمی شكسپیرە دەڵێت:
هەرچەندە بەدواداچوونم كردووە، بەڵام نەمتیوانیوە بگەمە ئەنجامێكی گەورەتر لەوەی كە لووتكەی نواندنی ئەو لە ڕۆڵی (خێوەكە) بووە لە شانۆنامەی هاملێتدا.
ئەمە وا لێك دەدرێتەوە كە شكسپیر لەسەر تەختەی شانۆ خاوەنی دەنگێكی كاریگەر و ئامادەبوونێكی هێمن بووە، نەك جووڵەی زۆر و هاواركردن.
ئەی لەبۆچوونی مۆدێرنی ئەمڕۆ چۆن سەیر كراوە ؟
توێژەرانی ئەمڕۆ وەك (پیتەر ئاكرۆید و ستێفن گرینبلات) پێیان وایە:
شكسپیر لەبەر ئەوەی خۆی ئەكتەر بووە، دەیزانی چۆن دەق بنووسێت، هەم ریتمێكی بەهێزی هەبێت،هەم پڕمانا بێت و لەسەر زاریش ئاسان بێت .
زۆربەی ڕەخنەگران كۆكن لەسەر ئەوەی: ئەگەر شكسپیر ئەكتەر نەبوایە، نەیدەتوانی بەو شێوە زیندووە دیالۆگ بنووسێت.
ڕەخنەگرەكان بەبەڵگە دەیسەلمێنن كە شكسپیر خۆی خوێندنگەیەكی نواندنی ڕیالیزمی بووە، هەمیشە دژی نواندنی دەستكرد و زیدە دەڕۆیی بووە لەنواندندا.
