بڕوخێ تیرۆری ئیسلامی سیاسی.. بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق
پەلاماری سەربازی و کۆمەڵکوژی لە ڕۆژهەڵاتی سوریا دەبێ دەستبەجێ بوەستێندرێت
بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق
ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ڕووبەڕووی دڕندانەترین پەلاماری تیرۆریستی داعشیانە بوونەتەوە کە “سوپای عەرەبی سوریا” و میلیشیاکانی لەو ناوچانە پێی هەڵدەستن کە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)دان، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و لە یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)ی سەر بە (پارتی یەکێتی دیموکرات)ی نەتەوەیی کورد (پەیەدە) پێکهاتووە.
ئەم پەلامارە لەلایەن تیرۆریست (ئەحمەد شەرع)، سەرۆکی ڕاگوزەری حکومەتی کاتی سوریاوە بەڕێوەدەچێت، بە پشتیوانیـیەکی تەواوەتی سەربازیـیانەی حکومەتی ئیسلامی و شۆفـێـنـیستی ئەردۆگان و بە پلان داڕێژراوی لەگەڵ ڕژێمە تاوانبارەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و دامودەزگا سیخوڕییەکانی ئەو وڵاتانە.
لەم پەلامارەدا کە بەشێوەیەکی کاتی بۆ ماوەی چوار ڕۆژ ڕاگیراوە، هێزەکانی حکوومەتی (ئەحمەد شەرع) کۆنترۆڵی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات و شارەکانی (دێرەزۆر) و (ڕەققە) و چەند شارۆچکەیەکی تریان کردووە، کە بەهۆیەوە شەپۆلێکی ئاوارەبوونی بەکۆمەڵی هەزاران خێزانی ئەو ناوچانەی لێ لێکەوتۆتەوە. هەر لەو چوارچێوەیەشدا ئەو هێزانە گەمارۆیەکی خنکێنەریان سەپاندووە بەسەر شارەکانی (حەسەکە) و (قامیشلۆ) و (کۆبانێ)دا و ئاو و کارەبایان لێ بڕیوون. هەروەها لەو ناوچانەی کە دەستیان بەسەردا گرتووە، هەزاران دەستگیرکراوی داعش و خێزانەکانیان کە پێشتر لە زیندانەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی (هەسەدە)دا بوون، هەڵهاتوون.
ئەم پەلامارە بەدوای هێرشێکدا دێت کە هەمان ئەم هێزە تیرۆریستانە ماوەیەکی کەم لەمەوبەر، کردیانە سەر هەردوو گەڕەکی (ئەشرەفیە) و (شێخ مەقسود) لە شاری (حەڵەب)ی سوریا، کە تێیدا کۆمەڵکوژیـیان ئەنجامدا لە دژی خەڵکی سڤیل لە دانیشتوانی کورد زمان و هەزاران کەسیشیان لە دانیشتوانی ئەو دوو گەڕەکە بە زۆر ئاوارە کرد.
ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەتایبەتی ئەو ناوچەیەی کە بە (ڕۆژاڤا) ناسراوە لە لایەن ڕەوتی ناسیونالیستی کوردەوە، ساڵانێکە ڕووبەڕووی هێرشی هێزە تیرۆریستییەکانی داعش و میلیشیاکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا بوونەتەوە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم هێرشانە و لە جەرگەی شەڕێکی وێرانکەر و خوێناویدا، هێزەکانی (هەسەدە) توانیان لە ڕووی سەربازیـیەوە داعش تێکـبـشکـێـنن. بە درێژایی ئەو ساڵانەش پلەیەک لە ئازادی سیاسی لەم ناوچانەدا دەستەبەرکراوە، تێزەکانی (عەبدوڵڵا ئۆجالان)یش سەبارەت بە “خۆبەڕێوەبەری” و “کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک” پیادەکراون، و جۆرێک لە ئازادی ژنان و کەشێکی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان نەتەوە و تائیفە و ئایینە جیاوازەکاندا هاتۆتەدی.
ئەوەی لەپشت ئەم هێرشە سەربازیـیەی ئێستا و کۆمەڵکوژی خەڵکی سڤیلەوە وەستاوە، سەقامگیرکردنی ڕژێمێکی سیاسی کۆنەپەرستانەیە لە سوریا لە ڕێگەی چەسپاندنی فەرمانڕەوایەتی هێزە تیرۆریستیـیە ئیسلامیـیەکانەوە، کە حکومەتی (ئەحمەد شەرع) و میلیشیا تیرۆریستیـیەکانی نوێنەرایەتی دەکەن، تا بتوانێ بەرژەوەندە جیۆپۆلیتیک و جیۆئابووریـیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیان لە وڵاتانی کەنداو، دابین بکات، وە بەدیهێنانی ئامانجە ستراتیژە ستەمکارەکانی ڕژێمی ئیسلامیی ئەردۆگان و دامەزراوە بۆرژوا ناسیونالیستە شۆڤێنیستەکانی فەرمانڕەوا لە تورکیا مسۆگەر بکات.
بۆیە ئەم شەڕەی کە ئێستا لە ئارادایە دژی هێزەکانی (هەسەدە) شتێک نیـیە جگە لە شەڕێکی کۆنەپەرستانەی شۆڤێنی و ستەمکارانە بەمانای تەوای وشە، کە سوپای سوریا و حکومەتی (ئەحمەد شەرع) بەرپایانکردووە؛ شەڕێک کە چەپۆکی ئیسلامی سیاسی تیرۆریستانە نەک تەنها بەسەر جەماوەری کوردستانی سوریادا بەهێز دەکات، بەڵکو ئەو چەپۆکە بەسەر جەماوەری سەرتاسەری سوریاشدا بەهێز دەکات و قەڵایەکی کۆنەپەرستانەی سیاسی لە ناوچەکەدا پتەو دەکات.
ئاشکرایە پێکهاتەی سەرەکی (هەسەدە) لە هێزە چەکداردارە نەتەوەییەکانی کورد پێکهاتووە، کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندە سیاسیـیەکانی بۆرژوا ناسیونالیستی کورد و ڕەوتە ناسیۆنالیستیـیەکەی دەکات. بۆیە فۆڕمی سیستمی سیاسی “خۆبەڕێوەبەری” ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی (هەسەدە) هیچ شتێکی بنەڕەتی ناگۆڕێت لەم ناوەڕۆکە چینایەتیـیە، وە ئەم فۆڕمە ناشی پارێزێت لەو پێشێلکاریـیانەی مافی مرۆڤ ئەگەر لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیدا ڕوویدا بێت، هەروەها پاکانەی ئەو سیاسەتە کۆنەپەرستانەشی ناکات کە درێژەدان بە نفوز و دەسەڵاتی سەربازیـیانەی خۆی بە شێوەیەکی ستڕاتیژی بەستۆتەوە بە ستراتیژی ڕژێمی ئەمریکا و هێزەکانی لە سوریا، وە بە وڵاتانی دیکەی ناوچەکەوە.
بەستنەوەی هیوا و ئاواتی جەماوەری کوردستان بۆ کۆتایـیهێنان بە ستەمی نەتەوایەتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ستراتیژی زلهێزە ئیمپریالیستەکان و هاوپەیمانەکانیانەوە، ئەو کارەیە کە ڕەوت و حزبە ناسیونالیستەکانی کورد بە گشتی پەیڕەوی لێ دەکەن لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. (پەیەدە)ش ئەم سیاسەت و ئاسۆ ناسیۆنالیستیـیەی تێنەپەڕاندووە، بەپێچەوانەوە بەرجەستەی کردۆتەوە، بەڵام ئەمە بە هیچ جۆرێک لە سروشتی تیرۆریستی و تاوانکاریی هێرشەکانی ئێستای هێزە تیرۆریستە ئیسلامیـیەکان کەم ناکاتەوە بۆ سەر ئەو ناوچانە.
پێویستە دەستبەجێ ئەم پەلامارە تیرۆریستیـیە بوەستێندرێت، بۆیە دەبێ ڕیزی بەرهەڵستی خۆمان لەبەرامبەریدا بەهێز بکەین. هەروەها پێویستیشە ڕووبەڕووی ئەو شەپۆلە بوەستینەوە لە وروژاندنی هەستونەستی نەتەوەیی کە لە هەڵکشاندایە لە هەردوو لای ئەم جەنگەوە، لایەک لە لایەن ناسیۆنالیستە عەرەب و تورکەکان لە سوریا و تورکیا و دەرەوەی وڵات، وە لە لایەکی ترەوە لە لایەن ناسیۆنالیستە کوردەکانەوە لە سوریا و وڵاتانی تر لە کوردستانی عێراق و تورکیا و ئێران. ئەم شەپۆلە جگە لە ژەهرێک شتێکی تر نیـیە کە بزووتنەوە و ڕەوتە ناسیۆنالیستەکانی بۆرژوازی دەیڕێژن بۆ قووڵکردنەوەی قەڵشتی نەتەوەیی و تێکشکاندنی خەباتی ڕزگاریخوازانەی نێونەتەوەیی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لە سوریا و دەرەوەی سوریا.
(ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق) وێڕای ئەوەی ئەم پەلامارە سەربازیـیەی هێزە تیرۆریستیـیەکانی حکوومەتی (ئەحمەد شەرع) بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی (هەسەدە) و تاوانانەکانی ئەم هێزانە بە تووندی ئیدانە دەکات کە لە دژی خەڵکی سڤیل ئەنجامی دەدەن، لە هەمان کاتیشدا خەبات دەکات شانبەشانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنانی ستەملێکراو و گەنجانی ئازادیخواز لە سەرتاسەری سوریا و وڵاتانی ناوچەکە بۆ کۆتایی پێهێنان و شکست پێهێنانی.
وە شێلگیرانەش دەوەستـێـتەوە دژی بڵاوکردنەوەی دەمارگیری نەتەوەیی و تائیفی لەم کەشوهەوایەدا چ لە لایەن ڕەوتە سیاسی و فکریـیەکان و چ لە لایەن چالاکوانان و ڕۆشنبیرانی ناسیونالیستی عەرەب و کوردەوە وە چ لە لایەن تائیفەگەر و ئایینگەراکانەوە لە هەر شکڵ و ڕەنگێکدا بن.
هەروەها جەخت دەکاتەوە سەر هەنگاونانی شێلگیرانە شان بە شانی جەماوەری پرۆلیتاریای نەتەوە جۆراوجۆرەکان لە گشت ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە خەباتی نێونەتەوەیی سۆسیالیستی و ئازادیخواز و یەکگرتوویاندا لە دژی فەرمانڕەوایی سەرمایە و سیستەمی سەرمایەداری و دژی هەموو هێزە بۆرژوا فەرمانڕەواکانی نەتەوە جۆراوجۆرەکان، وە دژی تیرۆریزمی ئیسلامی داعشیانەی و میلیشیا و تیرۆریستە ڕەنگاوڕەنگەکانی.
بڕوخێ تیرۆری ئیسلامی سیاسی
وەستاندنی دەستبەجێی پەلاماری سەربازی تیرۆریستانە لە سوریا
بژی خەباتی نێونەتەوەیی و سۆشیالیستی پڕۆلیتاریا
٢٠-١-٢٠٢٦
