Skip to Content

بۆچ نەرمڕۆيەكان لاى چينە توندڕۆيەكان دەگرن؟  … نووسينى: باربرا ف. وۆڵتەر

بۆچ نەرمڕۆيەكان لاى چينە توندڕۆيەكان دەگرن؟ … نووسينى: باربرا ف. وۆڵتەر

Closed
by ته‌مموز 11, 2018 General, Opinion, Slider


ئەم لايەنگيرييە پەيوەندى بە هزرەوە نييە

نووسينى: باربرا ف. وۆڵتەر
وەرگێڕانى: طاهر طيب أحمد (مامكــاك)

——————————

جێى سەرسوڕمانێكى زۆرە کە لە دواى شەڕى ساردەوە چينە ئيسلامييە ڕاديكاڵەكان ، بە تايبەتيش ، سەلەفييە جيهادييەكان گەشەيان كردووە. سەلەفى جيهادى بزووتنەوەيێكى ئيسلاحى ئەوپەڕ پارێزگارە و لە پێناوى دامەزراندنى خەلافەتێك تێدەكۆشێت كە لە سەر بنەماى شەريعەت ڕێكخرا بێت. ئەو ڕێكخراوانە نكۆڵى لە دێمۆكراسى دەكەن و باوڕيان وايە كە پەيڕەو كردنى توندوتيژى و تۆقاندن terrorism ڕەوايە بۆ ئەوەى ئامانجەكانيان وەدى بێنن. پێش ١٩٩٠، تەنيا چەند چينێك جيهادى سەلەفى چالاك هەبوون کە بە پەنجەى دەست دەمژێردران. كەچى لە ٢٠٠٣ بە دوواوە، ژمارەيان گەيشتە ٤٩ ڕێكخراو.

بڵاوبوونەوەى ئەم چينە شير بە دەستانە، مرۆ دەتاسێنێت، چونکى ئامانجەكانيان گەلێك لە هى سوننەكان ڕاديكاڵى radical ترە كە دەيانەوێ نوێنەرايەتييان بكەن. بە پێى ڕووماڵى ئەو ٣٨٠٠٠ موسوڵمانەى لە ٣٩ وڵاتدا، لە ٢٠١٣دا ناوەندى توێژينەوەى پيو Pew Research Center كردى، زۆرينەى سوننەكان دێمۆكراسييان لە كن لە ستەمكارى autocracy پەسندترە و زۆرينەيێكى زۆريان لە دژى ئەو كوتەكبەندييەن كە بە ناوى ئيسلامەوە دەكرێت. ئەگەر ئەو هەموو موسوڵمانە بە ئامانج و ڕێبازەكانى ئەو چينە توندڕۆيانە قايل نينە، ئەدى بۆچ ئەو توندڕۆيانە، چەندين هەندەى خۆيانيان لێهاتووە؟

وەڵامى ئەم پرسيارە ئەوەيە كە توندڕۆيى بە ئاستەم پەيوەندى بە دين يان بە هزرەوە هەيە ؛ چونكە هەموو لە هەمووى تەنيا بە سياسەت و ئاسايش بەستراوەتەوە. لەو ژێنگانەى كە بە خێرايى گۆڕانى سياسييان لێ ڕوو دەدات و حوكمى قانونيان تێدا سنووردار و گەندەڵى باڵا دەست دەبێت، هاوڵاتييانى نەرمڕۆ بيانووى ژيرمەندانەيان دەبێت تا هزرى ڕاديكاڵى ئەو چينانە پەسند بكەن. ئەمەش سەبارەت بە هەموو وڵاتێك ڕاستە، جا ئەو وڵاتە ئيسلامى بێت يان هەر فڕى بە ئيسلامەوە نەبێت. ئەمە ديسان هەر ڕاستە، جا با زۆرينەى هاوڵاتيان باوەڕيان بە ئامانجە بنەڕەتى و ئايديۆلۆژياكانى ئەم جۆرە بزووتنانەوە هەر نەبێت. قيت بوونەوەى ئيسلامگەرى ڕاديكاڵى radical Islamism بە هۆى فرە لايەنگرى هزرى توندڕۆيانە نييە، بەڵكوو لە ڕەفتارى ئەو سوننە ئاسايييانەوە پەيدايە كە لە كاتى تەنگانەدا پەيڕەوى دەكەن.

سوودى كەسى توندڕۆ The Extremist Advantage

كە شەڕى ناوخۆ بەرپا دەبێت، وەك ئەوەى لە چاد و عيراق و نايجيريا و مالى و پاكستان و سۆمال و سوريا و يەمەن، دەگوزەرێت، هاوڵاتى نەرمڕۆ ڕووبەڕووى دوو بژاردە دەبێت: يان لايەنێك دەگرێت و خۆى پێيدا شۆڕ دەكاتەوە و يانيش بزاڤ دەكات دوورە-پەرێز دەمێنێتەوە. باشترين بژاردەش ئەوەيە كە خۆى بەو دەستە چەكدارەوە هەڵبواسێت كە گەلەك لەگينە شەڕەكە بباتەوە و چاكسازييێكى سياسى ڕاست پێك بێنێت. پشتيوانى كردنى لايەنى سەركەوتوو، تاكەكان دەپارێزێت لەوەى كە لە پاش شەڕەكە تۆڵەيان لێ بكرێتەوە و لايەنگرى ئەو چينەش كە پەيمانى چاكسازى دەدات ئەگەرى گۆڕانێكى سياسى ئەرێنى دەكايێنێت. لێ هاوڵاتيان نازانن كێ سەر دەكەوێت يان ئەوەتا براوە، كە ڕێشمەى دەسەڵات دەگرێت، چۆن ڕەفتار دەكات.

ئەم ستراتيژە لە قازانجى چينە توندڕۆيەكاندايە. هزرى توندڕۆ ڕێى چينێك قيڕتاو دەكات تا ئەو توندڕۆيانە گردەنەوە (تەجنيد بكەن) recruit كە گەرەكيانە بۆ ماوەيێكى درێژتر و بە شێوەيێكى توندتر لە ميانڕۆيەكان بجەنگن. ئەو جەنگاوەرە دەمارگيرانە يارمەتى دەستە جەنگاوەرەكانيان دەدەن خێرا شەڕەكان ببەنەوە و خۆيان بە خۆڕاگر و كاريگەر ناوزەد بكەن. ئەنجامەكە جۆرێك لە پاداشتە وەريدەگرن: ئيماندارە ڕاستەكان، لەبەر خۆبەختكردن و باوڕى بتەو و نەگۆڕ بە كێشەكەيان، لە پێشدا پەيوەندى بەو توندڕۆيانەوە دەكەن؛ ئينجا تاكە کەسە كاراكان دەچنە بن باڵيان؛ چونكە دێنە سەر ئەم باوەڕە كە ڕەنگە ئەو چينە سەر بكەون. سەبارەت بە سوريا، ئەمە پڕ بە پێستى باوەڕى وڵيەم مەكانتس بوو؛ مەكانتس پسپۆرى بوارى تۆقاندنە و دەڵێت: سەركەوتنە زووەكەى دەوڵەتى ئيسلامى (يان داعش) متمانەى لە کن زۆر لە جەنگاوەرە ديرينەكانى سەر بە سوپاى سورياى ئازاد پەيدا كرد و واى لێكردن كە لە دەستەكانى خۆيان ياخى ببن و پەيوەندى بەو چەتە جيهادييانەوە بكەن کە وايانزانى پارەى پتريان هەيە و ڕێكتريشن.

هاوڵاتييانى نەرمڕۆش مەبەستييانە پشتيوانى ئەو چينە بكەن كە ئەگەر بێنە سەر حوكم ڕەنگە هەر وەك پێشان چۆن بوون هەروەها پاك بمێننەوە و گەندەڵى نەكەن. دڵنيا بوون لەو چينەى کە لە کاتى دەسەڵات وەرگرتندا، دادپەروەر دەمێننەوە، تا ئەو پەڕ ئەستەمە. خۆ ئەگەر سەركردە ياخييەكان لە ڕاستيدا ئەزوەر (طموح) ambitious و چاوچنۆكيش بن، بەڵام هێشتا هەر هاندەريان هەيە و يێژن ئەمان لەو بژاردەيە جياوازن كە ئێستێكە فەرماندارن و ئارەزووشيانە گۆڕانكارى سياسى فەراهەم بكەن. لەو وڵاتانەى كە دەسەڵاتى جێبەجێكار كەمتر لێپێچينەوەى دەگەڵدا دەكرێت، ئەمە باوە كە دەسەڵاتدارى بێ كردار لە دەسەڵاتەكەى لابدرێت.

ديسانەكە شايستەيە بڵێين كە هزرى توندڕۆ “پشت – لە بۆ چينە توندڕۆيەكان – دادەنێتەوە” . يێكەمين – وا لە توندڕۆيەكان ڕەچاو دەكرێت كە زۆرتر لە ميانڕۆيەكان، نكووڵى لە ڕێككەوتنى مامناوەند بكەن و بەمەش حكومەتەكان ناچار دەكەن كە پێشنيازى باشتر پێشكێش بكەن. لەبەر ئەمەيە كە فەڵەستێنييەكان، لەميانى دانوستانيان دەگەڵ ئيسرائيل، حەماسيان لە دەسەڵاتدارى فەڵەستێنى لە لا پەسندترە. دووەمين – پەسند كردنى هەر هزرێكى توندڕۆ وا نيشان دەدات كە سەركردەى ئەو چينە ياخييە توندڕۆيە هەر تەنيا چاوى لە گڕدانى دەسەڵات و دەوڵەمەندى نييە و ئەگەر ئەو ئايديۆلۆژييە لە سەركردەكانى خواست قوربانى مەزنى بدەن و ڕەبەن و هەژار بمێننەوە، ئەوە هێشتا پتر ئەمە دەسەلمێنێت. ئوسامە بن لادن باشترين بەڵگەى بۆ ئەمە نيشان دا، چونكى هەموو دەيانزانى كە ئەو، لە پێناوى جەنگدا، وازى لە سامان هێنا بوو. لە كۆتاييدا – چينە توندڕۆيە دينييەكان، لە زۆر بابەتدا، ئامرازى دادپەروەرى تايبەتى خۆيانيان هەبوو، ئەو ئامرازەش ڕەفتارى خراپ هێشتا پتر دەخاتە بەر نەشتەرى لێپێچينەوە. بۆ نموونە، توندڕۆيىextremism ئيسلامييەكان فيقهێكى بەربڵاوى تايبەتى خۆى پەيڕەو دەكات. وا ديار بوو كە سەركردايەتى قاعيدە باش لەم قازانجە گەيشتبێت، بۆيى سێرەى لەو هەرێمانە گرت كە دانيشتووانەكانيان پێويستييان بە بنەماى حوكمڕانى هەبوو. لە ناو جڤاكە ديندارەكاندا، لايەنى سێيەميش هەيە کە متمانەى پێدەكرێت: دەشێت ئيمام و موفتى و ئايەتوڵايەكان قۆڵيان لێ هەڵماڵن و ململانێيەكان خاو بكەنەوە و ئەو سەركردانە تەنبێ بكەن كە دەسەڵاتەكانيان بە خراپى بە كار دێنن.

بنبڕ كردنى توندڕۆيى Ending Extremism

تاكەكان پێويست ناكەن باوەڕيان بە ڕاڤە كردنێكى بنەڕەتى ئيسلام هەبێت تا پشتيوانى چينێكى توندڕۆ بكەن. ئەمەش هێماى گەورەى بۆ ستراتيژى دژە تۆقاندن هەيە. قايل كردنى ئيماندارە ڕاستەقينەكان بۆ ئەوەى پەيوەندى بەم بزووتنەوانە بكەن، ئەركێكى ئەوپەڕ ئەستەمە، بەڵام قايل كردنى ميانڕۆيەكان ئەوەندە دژوار و ئەستەم نييە.

باشترين ڕێگە بۆ بنبڕ كردنى پشتيوانى ميانڕۆيەكان لە ڕێکخراوەكانى وەك قاعيدە و داعش ئەوەيە كە هانى چارەسەر كردنى ئەو شەڕە ناوخۆيييە سياسييانە بدەين كە بەردەوامى بەو چينانە دەدات و دەيانحەوێنێتەوە. چارەسەرە سياسييەكان هێوێنى سەلەفى جيهادينە. ئەو ڕێككەوتنانەى دەسەڵات دابەش دەكەن ململانێى دژوارى سياسى بنبڕ دەكات. لە کن نەرمڕۆيەكان، بابەتەكە ئەوە نييە كە پشتى کام چين بگرن، بەڵکوو لەوە خۆى دەنوێنێت ئايا دەبێت ڕۆڵێكيان لە ناو حکومەتدا هەبێت يان لە شەڕدا بەردەوام بن. باشترين بژاردە ڕەوشەنە. هەركە نەرمڕۆيەكان نمايندەى سياسى وەدەست دێنن، بناغەى پشتيوانى كردنى چينە توندڕۆيەكان لێژ دەبێتەوە. ئەمە دەقاودەق ئەوە بوو كە لە دوواى مۆر كردنى ڕێككەوتنى گود فرايدەى Good Friday Agreement لە ١٩٩٨، دەگەڵ چينە مەيلەو سەربازييەكانى ئايرلاندى باكوور هاتە كايەوە. زۆربەى چينە ڕاديکاڵەكانى ئايرلاند چەكەكانيان دانا و ڕادەى توندوتيژى بە شێوەيێكى زەق و ديار كەميكردووە. ئەمەش كە داعش سوننەكانى عيراقى وريا كردەوە تا لە دەنگدانەكانى ئايارى ٢٠١٨ خۆيان وە دوور بگرن، مرۆڤ دەتاسێنێ و دەنووسێت كە “ناوەندەکانى دەنگدان و ئەوانەى لە ناو ئەو ناوەندانەدان دەبنە ئامانجى شمشێرەكانمان.” ئەم دەستە لەوە نەدەترسان كە ئيماندارە ڕاستەقينەكان لە دەست بدەن. بەڵكوو لەوە دەترسان نەكا ميانڕەوەكان لە دەست بدەن.

پێويستە وڵاتە يێكگرتووەكان يارمەتى ئەو حکومەتانەش بدات كە دەنێو ناوچەى ململانێدانە تا دەسەڵاتى ڕاپەڕاندنيان گەشە پێ بدەن و بەهێزتريان بكەن. نەبوونى ڕێگەيێكى گونجاو بۆ پشكنينى سەركردە عارەبەكان و ئەو گەندەڵييە لە ڕادەبەدەرەى وا لە ئارادا هەيە، دەيان ساڵە بووەتە کەسايەتى ئەم حوكمدارييانە و زۆربەى سوننەكان باوەڕ بەوە ناهێنن كە سەركردە نەرمڕۆيەكانيش، هەركە دەسەڵاتيان وەرگرت، مايەپووچ دەرناچن. بە هەڵكەوت نييە ئەو ئايديۆلۆژييەى كە جەخت لە ڕەوشت و داد دەكاتەوە لە هەرێمێكدا دەركەوتووە كە حکومەتە سەركوتكەر و فرە خراپەكان لێى باڵا دەستن. وەبەرهێنان لە توكمە كردنى حوكمى قانون و پشكنينى هێزدار و پارسەنگ كردنى لايەنى سياسيدا پێويستى بە سستمێكى لاوەكى دادپەروەرى ناهێلێت و بيانووى پشتيوانى كردنى چينە توندڕۆيەكان خاو دەكاتەوە. ئەمە بە قسە ئاسانە. لەگەڵ ئەمەشدا، وڵاتە يێكگرتووەكان جۆرە سەركەوتنێكى لە هاندانى هاوپەيمانەكانى، كۆرياى باكوور و تايوان، بۆ ئەنجامدانى چاكسازى وەدەست هێناوە. هەرچەندە حوكمى قانون بەهێزتر بێت، ئەو هێندە ئەگەرى لايەنگرى توندڕۆيى بەرتەسكتر دەبێتەوە.

ڕێگەيێكى ديكەى بنبڕ كردنى چينە توندڕۆيەكان بەرينگاربووەوەى پرۆپاگێندەكانيانە . سەلەفييە جيهادييەكان، بە لاى كەم، هەندێك لە نەرمڕۆيەكانيان بەمە قايل كردووە كە گەلەك لەگينە، ئەوان سستمێكى سياسى دادپەروەرتر لە هى نەيارەكانيان دابمەزرێنن. يێك لەو ڕێگايانەى ئەم قسەڵۆكەى پێ پەرچ بدرێتەوە ئەوەيە، ئەو نموونانە بخرێنە بەر چاو كە زۆر جاران ئەو حاكمانەى ئەو ڕێسا و بنەمايانە پەيڕەو ناكەن کە خۆيان پرۆپاگێندەيان بۆ دەكەن، زيندانى كراون. نموونەيێكى زەقى ئەو پرۆپاگێندەيە ڤيديۆيەكەى ٢٠١٤ى ئەبوبەكر بەغداديى سەركردەى داعشە، كە لەو دەمەى لە ئيماندارانى دەخواست لە عيراقێدا جيهاد بكەن، خۆيشى سعاتێكى ڕۆلێكس ROLEXى لە قامكێدا بوو. وڵاتە يێکگرتووەكان دەشتوانى دەسەڵاتدارە نەرمڕۆيەكان (گەلێكيان سەرۆك عەشيرەتن) هان بدات تا پێش لە ڕەوايى (شەرعييەتى) ئەو سەركردە ڕاديكاڵانە بگرن كە هەوڵ دەدەن وشكەسۆفياتييەكانيان بۆ قازانجى خۆيان بەكار بێنن. ئەمە بە ڕاستى ئەوە بوو كە لە ڕاپەڕاندنەكەى ئەنبار ڕوويدا، كاتێك كە وڵاتە يێکگرتووەكان دەگەڵ سەرکردەى خێلەكانى ئەو پارێزگايە لە دژى القاعدة في بلاد الرافدين، كارى كرد.

ئايديۆلۆژياى توندڕۆ هەميشە سەرنجى هەندێك لە باوەڕداران بۆ خۆى ڕادەكێشێت، بەڵام لەو كاتانەى كە دۆخەكە تەماوى و پشێوە، هزرى نەرمڕۆيەكانيش هەڵدەمژێت. ئەگەر وڵاتە يێكگرتووەكان بشێت ئەو دۆخانە بگۆڕێت کە پشتيوانى كردنى ئەو چينانە بكاتە بژاردەيێكى هزرمەندانەى هاوڵاتى ئاسايى، ئەو كات ئەستەم دەبێت هزرى توندڕۆ زيندوو بمێنێتەوە.

—————————————–
سەرچاوە:
گۆڤارى كاروبارى دەرەوە، مانگى حوزەيرانى ٢٠١٨
https://www.foreignaffairs.com/articles/2018-06-18/why-moderates-support-extreme-groups

https://www.foreignaffairs.com/articles/2018-06-18/why-moderates-support-extreme-groups
مامۆستاى بابەتى زانستى سياسييە لە زانكۆى کاليفۆرنيا – سكولى سانتياگۆ تايبەت بە ستراتيژى و سياسەتى جيهانى.
https://www.annualreviews.org/doi/abs/10.1146/annurev-polisci-060415-093921
https://www.foreignaffairs.com/articles/syria/2015-11-24/what-salafism
https://www.mitpressjournals.org/doi/pdf/10.1162/ISEC_a_00292
https://www.foreignaffairs.com/articles/syria/2018-02-27/why-civil-wars-are-lasting-longer
https://www.foreignaffairs.com/authors/william-mccants
كورد دەڵێت: -“پشتى بۆ داناوە” واتا يارمەتى سەر خستنى دا.
https://www.foreignaffairs.com/foreign-affairs-report-after-osama-bin-laden
https://www.foreignaffairs.com/articles/middle-east/2017-12-22/jihadist-threat-wont-end-isis-defeat
https://www.foreignaffairs.com/articles/world/2018-04-25/how-elections-can-lead-peace
https://www.foreignaffairs.com/articles/middle-east/digital-counterinsurgency

Previous
Next
Kurdish