لە شیعری خودگەراییەوە بۆ شیعری خووگەرایی.. پێشەوا کاکەیی
وەک دەبینین جیهانی شیعریش تووشی قەیران کراوە، (کە پێشتر بە وردی لەسەر «تووشکردنی قەیرانی شیعر» وەستاوم،) بەڵام لێرەدا دەمەوێت لەسەر قەیرانێکی قووڵتر لە جۆرێکی تری شیعری ئەمڕۆدا هەڵوەستە بکەم و لەبارەوەی بدوێم کە بەسەر شیعری هاوچەرخیاندا هێناوە. قەیرانێک کە تەنیا لایەنی هونەری و جوانیناسی نییە، بەڵکوو قەیرانێکی تری شیعرە کە (شیعرنووس و میعرنووس) تووشیان کردووە. قەیرانێکە بە هۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕووبەڕووی بووەتەوە، هەموو کەس بوێری ئەوەی نییە کە ڕاستگۆ بێت و چاوپۆشی لەو قەیرانانە نەکات کە بە (ڕەخنەگر، میعرنووس، شیعرنووس، لێکۆڵەر و بەردەنگ)ـەوە، گشتی دەیبینن و نووزەیان لێوە نایەت، تاکوتەرا نەبێت. دڵسۆزییان بۆ کڕۆکی خودی شیعر نییە، چونکە دەترسن لەوەی کە ڕەخنە بگرن یان شیی بکەنەوە، بە دڵی میعرنووس و شیعرنووس نەبێت و تووشی پەراوێزخستن ببنەوە لە لایەن سەرجەم کۆمەڵگای سەردەمی پڕوپووچیی جیهانەوە. هۆکاری ئەمەیش ئەوەیە کە بازاڕی نووسین! بەسەر (سۆشیاڵمێدیا و پەیوەندیدا) دابەش بووە. لەم نێوەندەشدا، دەزگاکانی کتێب، ڕۆڵیان دەگۆڕرێت بۆ دووکانی کتێبچاپکردن.
با لێرەوە ئەم دەرگایە بکەمەوە کە بۆ جیهانی شیعریی «خۆدەربڕین»ـیان لە «شیعری خودگەرایی»ـەوە بردە ناو «شیعری خووگەرایی». بە واتایەکی تر، شیعری خودگەرایی چییە و لە کوێوە هات و شیعری خووگەرایی چییە و بەرەو کوێمان دەبات.
شیعری خودگەرایی: شیعرێکی ڕاستەقینەی خۆپەسەندییە، ئەو شیعرەیە کە لە قووڵاییی ڕۆحەوە لە دایک دەبێت، لە خۆبینینی نێوان زمان و بیر و تێڕاماێکی ڕاستگۆیانەوە پەیوەند بە ئازارەوە سەر هەڵدەدات. چوونەناو خۆیە، لە خۆیەک دەدوێت کە تێیدا پرس ببێتە بابەت! ئەگەر چی شیعری خودگەرایی بە دوای بابەتەوە نییە تا خۆی تێدا ون بێت، لەسەر پرسە گشتییەکان و دەرەوەی بابەت و لایەنی تر نادوێت تا بوون و جووڵەی تر دەرکەوێت، -کە هەتا شیعری بابەتییش دەبێت لە بابەت زیاتر بڕوات- بەڵکوو ئەم جۆرە شیعرە بەناو خۆیدا شۆڕ دەبێتەوە و بە دوای مەنەلۆگی خۆیدایە. یانی هێزی ئەوەی هەیە کە خۆی بخزێنێتە ناوەوە، دیوە تاریکەکەی ڕۆح بدوێنێت و نوقرچە بگرێت. شیعری خودگەرایی تەنیا خۆدواندنێکی ڕووداو-تێپەڕ نییە تا بیگێڕێتەوە، بەڵکوو دەبێت زمانی لە ڕێی بیرەوە، وەک دەوا و دەرمان لە شیعری خودگەرایی بڕوانێت.
شیعری خووگەرایی: شیعرێکی خۆپەرستانە/ نەرگسی نییە، کە لەسەر بنەمای بیر، زمان، هونەر و ململانێی خود و بابەت بێتە کایەوە، نا، بەڵکوو تەواو پێچەوانەکەی ڕاستە. سەرەتا لە «من»ـەوە دەست پێ دەکات بۆ ئەوەی بگاتە بازاڕ و چاوی خەڵکی عەوامگەرا، کە دەست لە ئازارە قووڵەکەی مرۆڤایەتی هەڵگرتووە و بە دوای هێزی باودا دەگەڕێت نەک هێزی شیعر. باو شتێکی تازە و کورتخایەنە. واتە باو/ مۆد کار دەکات و خۆ دەنوێنێت، پێشی دەنوێرێت و پێشی دەر دەخرێت کە خۆی نییە تا خۆی دەر بخات، بەڵکوو پێی دەر دەخرێت. «خوو»ش لەسەر ئەم «باو»ە گەرا دادەنێت و کەچی شیعر هەڵناهێنێت، بووەتە خوویەکی گشتی و بەرەو خووگەرایی ڕۆیشتووە. واتە شیعر زمانی ترازاوە و بیر کەوتووەتە چاڵەوە؛ نەک بیر جووڵە بکات و زمان خۆ بخزێنێتە ناو شیعرەوە. بۆیە کاتێک شیعر زمانی دەترازێت و مەکینەکەی خۆی وەردەگەڕێت، لە سکەی میعردا دەڕوات. وەک سکەی شەمەندەفەرە و کە شەمەندەفەرەکەیش سەدان سەرنشین سەر دەخات. ئا لێرەدا، ئەرکی شیعر لە شاعیر وەرگیراوەتەوە، چونکە ئەرکی شاعیر نەبووە و ماعیرێکی بازاڕگەری بووە. بۆیە میعرێکە کە خووگرتنی بە مۆدێلی (بازاڕ، سۆشیاڵمێدیا و کتێبچاپکەر)ەوە بەندە. ئەگەر چی هەندێک لەمانە، هەوڵی شیعری باشیان هەبووە، بەڵام بەرگەی مانەوەیان نەگرت و وەرسووڕان بۆ ماعیر و ئەرکیان بووەتە ماعیر، چونکە وەک بازاڕ دەنووسن. بە دوای خواستی بازاڕەوەن، بە دوای پەسەند/ لایک و تێچێن/ کۆمێنتەوەن. دەزگاکانیش بە دوای دەقی شیعرەوە نین، بەڵکوو بە دوای ناوبانگی و پۆپۆلیستی ماعیرەوەن تا کتێبی لابەلا و میعر چاپ بکەن.
ڕیلکە لە شوێنێکدا دەڵێت: «ئەگەر ژیانی ڕۆژانەت بە لاتەوە هەژار دەرکەوت، لۆمەی مەکە؛ خۆت تاوانبار بکە، بە خۆت بڵێ کە تۆ ئەوەندە شیعریی نیت کە دەوڵەمەندییەکەی بەرز بکەیتەوە.» شیعری ڕاستەقینە پێویستی بە بوێری هەڵکەندن، لێکۆڵینەوە، زۆرانبازی لەگەڵ بزوێنەرەکانی ناوەوە هەیە.
زۆربەی شاعیرانی ئەمڕۆ، شیعری خوو دەنووسن. شیعری خوویی چییە؟ شیعرێکە کە لە خوو، لە شێوگاندن/ فۆرموولەکردنەوە، لە لاساییکردنەوە نووسراوە، وەکوو گەڵا لەسەر لەسەر ڕووی ئاو دەنیشێت، بە بێ ئەوەی نوقم بێت، وشەی سواو، گوتراو، ڕێکخراو، هەستی و لەزمانکەوتوو بە کار دەهێنێت. لێرەدا کێشەکە لە ماعیردایە، چونکە لە ئەرکی شاعیر کەوتووە، بە قووڵاییدا ڕۆ ناچێت. بۆچی؟ چونکە قووڵایی ترسناکە؛ چونکە قووڵایی کاتی دەوێت؛ چونکە قووڵایی لەسەر خێرایی پەسەند و تێچێن کار ناکات.
کاتێک بەرەو قووڵاییی ڕاستەقینە دەڕوات، تووشی شتێک دەبێت کە «هاوبەشێکی خووییانە» نییە، یان «ڤایرۆسێکی بڵاوبۆوە» نییە، یان گونجاو نییە بۆ پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان… بۆیە هەست دەکات لە جیهاندا نییە. کە وایە ئەو بە زمانی ئەمڕۆی سۆشیاڵمێدیا شاعیر نییە، چونکە نایهەوێت بازاڕ و سۆشیاڵمێدیا هەڵیسووڕێنێت؛ هەر چی ماعیرەکەیشە بە هۆی ناوبانگەوە، دەزگا وەردەسووڕێنێت بۆ سەر شێوەی خۆی کە بازاڕگەرییە، لە دەزگای دەخات و دەیکاتە «دووکانی کتێبچاپکردن» و بەرپرسی ناوەندەکەیش، دەبێتە کتێبچاپکەرێک و قازانجویستێک و هیچی تر نا!
شیعری ڕاستەقینە دەبێت لە تایبەتمەندی ناوەوەوە سەرچاوەی گرتبێت کە مرۆڤ لە ئازار و خۆشی و تایبەتمەندیی تێبگات و گەشە بکات، دەی بەڵام لێرەدا شیعری خووگەرایی کە بووەتە میعری خووگەرایی، ناتوانێت لە ناوەوەدا بمێنێتەوە، بەڵکوو بە شێوەیەکی ڕواڵەتی دەڕوات. شیعری ڕاستەقینە دەبێت لە خودەوە بچێتە دەرەوەی خۆی، واتە بۆ ناو بابەت بڕوات. لە تایبەتەوە دەست پێ دەکات بۆ ئەوەی بگاتە گشتی. ئەوەندە بە قووڵی لە ‘من’ـدا کار دەکات و خۆ هەڵدەکۆڵێت، وای لێ دێت دەگاتە ئەو شوێنەی کە هەموو مرۆڤەکان لێی کۆ دەبنەوە، ئەویش شوێنی هەقیقەتی هاوبەشی مرۆڤە؛ هەر چی میعری خووگەراییە، بەرەو دیوێکی ناشیرینی تر ڕۆیشتووە کە پێی دەڵێم «میعری گووگەرایی.» بۆ گووگەرایی؟ چونکە (گوو تا داری تێ وەر بدەیت، بۆنی دێت.) لە سیستەمی پڕوپووچیدا، بە دوای باسی خووی ڕۆژانەوەن، نەک دەق. ئا لێرەوە بەرەو داهاتوویەکی قەیراناوی دەڕۆین کە ئەرکی میعرنووس بە «دۆخی بۆنگەرایی»ـدا نەک «بوونگەرایی»، ڕەوتی خۆی پەرە پێ دەدات. جۆرە ڕەوتێکە کە سیستەمی پڕوپووچیی لا دەبێتە خوو، درێژە بەو خووە دەدات کە ئەمەیش سەرتاپای جیهانی گرتووەتەوە و ئیتر ئەم ڕەوتە بووەتە حاڵی کەتوار و شیعر بە دەستیەوە دەناڵێنێت کە ڕۆڵی زمانی لێ شێوێندراوە، نەک شیعر خۆی زمانی لێ شێوابێت!
نەک لەبەر ئەوەی ئەوانە شیعری ڕاستەقینە دەنووسن و دەبنە شاعیر، نا، بەڵکوو لەبەر ئەوەی وەک بازاڕی دەنووسن و لە زمانی شیعر دەکەون و دەبنە هەڵگری زمانی میعر. فێری خواستی بازاڕ و خوێنەری ڕواڵەتی دەبن، ڕەوتەکان دەناسنەوە، دەزانن ئێستا چ «شێوازێکی بازارگەڕی» کاری پێ دەکرێت. ئەوانە بە شێوازی مینیمالیزم دەنووسن، چونکە مینیمالیزم ئێستا گەرمە، بەڵام ناوەوەی مینیمالیزمەکانیش شیعر نییە و سواو و گوتراوە. واتە قسە لەسەر مینیمالیزم نییە وەک شێوە، بەڵکوو لەسەر خوویەکە کە سبەی کێ شتێک بنووسێت و زۆرترین بینەر و خوێنەری ئاسایی هەبێت، ئیتر خۆی لێ دەبێتە ماعیرێکی دەرخراو، نەک شاعیرێکی دەرخەر. دێن و دێڕی کورت لەسەر لاپەڕەیەک دەنووسن کە هەستێکی سواوی گشتییە، نەک خودییە؛ چونکە شێوازی شیعری دیار دەکەوێت نەک شیعر خۆی دەر بخات. ئیشی شیعر ئەوەیە خۆی لە ناوەوە خۆی دەر بخات.
ئەمانە بە دوای ڕەوتی بازاڕگەریدا دەگەڕێن، بە دوای پەسەند و تێچێن و بەشداریپێکردندا دەگەڕێن. شیعر ترازاوە و بۆتە بەرهەمێکی ڕاوکەری نێوان (جەستە و پارە و خۆدەرخستن.) ماعیر شەڕی ئەوە دەکات ببێتە ناوێکی دیار و بازرگانی بە ناوەکەیەوە بکات، نەک خودی دەقەکەی، بەردەنگی جدی درووست بکات. لەگەڵ ئەوەیشدا، دامەزراوەکان بە دوای خودی شیعردا ناگەڕێن. ناپرسن ئایا ئەم دەقە ڕاستەقینەیە؟ ئایا لێرەدا قووڵی هەیە؟ ئایا لێرەدا شتێک نووسراوە کە هێشتا نەگوتراوە، یان هێشتا بە تەواوی بەم شێوەیە شێوەگاندن نییە؟ نەخێر دەزگاکان بە دوای نووسەری پۆپۆلیست و شاعیری پۆپۆلیست و ماعیری فووتێکراودا دەگەڕێن. دەگەڕێن بە واڵاکەی ماعیر و نووسەراندا ئاخۆ چەند فۆڵۆوەری هەیە لە سۆشیالمێدیادا! ئاخۆ بۆ مێدیاکان سەرنجڕاکێشە! ئاخۆ گەنجانە و کچانە و پەمەییخوازە!
ئەنجامەکەی ئەوەیە کە کتێبی بێمانای میعر نەک شیعر، چاپ و بڵاو دەکەنەوە. ئەو کتێبانەی لە شێوەدا لە شیعر دەچن و چاپ دەکرێن و وەک شیعر دەخرێنە بازاڕەوە، بەڵام شیعر نین و میعرن. بڵاوکراوەن لە پێناو خواستی عەوامگەرا و دەسکەوتی نێوان ماعیر کتێبچاپکەردا. ئەوانە ھاوشێوەی شیعرن، ناوی میعرە؛ چونکە گوتراو و کوتراوەیە و لە زمان کەوتووە. ئەو بە ناو دەزگایانە، دەیانەوێت ناوبانگ پەیدا بکەن و هەر بە ناوی دەزگایشەوە بمێنن، لە کاتێکدا کەتواریانە شیعر دەکەنە کاڵا. ئەو جۆرە لە بە ناو دەزگایەنە، هەر ڕووبەری کوردیان داگیر نەکردووە، بەڵکوو سەرتاپای جیهانی گرتووەتەوە.
دەی ئەمە کارەساتێکی کولتوورییە، چونکە هێشتا جەماوەر بڕیار دەدات، نەک دەقناس و شیعرناس و توێژەرێک بێت کە پێویستە دەزگاکان هەیانبێت، ئەوا دەرگای داخراو درووست دەکەن. دەزگای کوردی وا هەیە لە هەولێر، خۆی یەک کەسە، پارە پەیداکەرە و میعر دەنووسێت! لە سلێمانی، بە ناو دەزگای ناوی گەورە هەیە، دوو کەس بە ڕێوەی دەبەن، یەکیان کاسپکار و ئەویتریش بنووس. یان بازرگان دەزگای داناوە و فڕی بە کتێبەوە نییە و شاگردی داناون بۆی بە ڕێوە ببەن و ئەو تەنیا تێچوو بدات و پارەی بۆ بگەڕێتەوە. نیچە کتێبەکانی نەدەدایە دەزگا، چونکە ئاست و توانی بەڕێوەبەری دەزگاکان خوێنەرێکی ڕووکەشگەرا بوون. دەنگە ڕاستەقینە و ناوازەکان، ئەوانەن کە لە شێوگاندنەکەدا جێیان نابێتەوە، پاڵیان پێ دەنرێتە دەرەوە.
کە وایە ئێستا دەزگا ئەرکی نەماوە و بووەتە کتێبچاپکردن. پلاتۆن شاعیرەکانی دەکردنە دەرەوە، ئێستا خوێنەری سادە و ڕووکەش و بە ناو دەزگا کە ڕۆڵی بووەتە کتێبچاپکەری بازاڕگەر، شاعیر دەخاتە دەرەوە. ئەگەر لە ئەرکی شیعری بدوێین لێرەدا، ئەوا بە خێرایی پۆستێک لە تۆڕێکی کۆمەڵایەتیدا نانووسرێت. پێویستی بە بیرکردنەوەی زمانی و تێڕامان و خۆڕەخنەکردنەوە هەیە. شاعیر و دەزگاکان دەبێت لە بیریان بێت پێشوەختە شیعر هونەرە. کە هەندێک جار ڕاستەقینەترین شت ئەو شتەیە کە لە سەرەتادا دەبێت دەزگا ئەوە قبووڵ بکات کە کەمترین شیعری شاعیری ڕاستەقینە و داهێنەر قبووڵ دەکرێت. شاعیری ڕاستەقینە، قوربانی سەردەمی خۆیەتی. مێژووی شیعر، مێژووی ئەو دەنگانەیە کە سەرەڕای هەموو شتێک، پێداگرییان لەسەر مانەوەی خۆیانە لە پێناو شیعردا.
ئێمیلی دیکنسۆن لە ژیانیدا سەدان شیعری چاپنەکراوی نووسی و دواتر چاپ بوون. کافکا داوای کرد هەموو شتێک بسووتێنرێت. ڤان گۆگ تەنیا تابلۆیەکی فرۆشت. ئایا ئەوە مانای ئەوەیە هونەرمەند و شاعیر نەبوون؟ نیچە کتێبەکانی نەدەدایە دووکانی بە ناو دەزگاکان، چونکە دەیویست ئەو شوێنەی کتێبی لێ چاپ دەکات، خاوەندار لە ئاستی فیکری نیچە خۆیدا بێت یان لێی تێبگات. بە پێچەوانەوە، ئەمڕۆ بەو مانایە گەیشتوون کە ئەوان زیاتر بۆ بازاڕگەری خەریکن، نەک دڵسۆزی دەق بن. ڕۆڵی دەزگا لەمڕۆدا، تەنیا ڕۆڵی چاپکردنە. بۆیە نووسەری سەربەخۆ لەسەر ئەرکی خۆی چاپی دەکات لە چاپخانەکان. کە جاری وایە کتێبچاپکەرێک ئاستی ڕۆشنبیری زۆر بەرزترە لەو بە ناو دەزگایانە.
ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە هەموو شتێک بووەتە (دەستبەجێ، دەستڕاگەیشتن، پێوانەکراو،) بەڵام شیعری ڕاستەقینە لە سەردەمێکی جیاوازدا کار دەکات. سەرکەوتنی شاعیری ڕاستەقینە بە پەسەند و تێچێن و بەشداریپێکردن ناپێورێت. پێوەری دەق شتێکی ترە کە ئەویش لە دەقدایە. واتە ئیشی دەق ئەوەیە کە وات لێ بکات دەست لە هەقیقەت بدەیت، ساتێکی وەحیت بۆ درووست بکات، ڕۆشنکردنەوەی گۆشەیەکی تاریکیی ڕۆحی مرۆڤ نیشان بدات.
ئەگەر شاعیریت، خۆت بخزێنە ناوەوەی زمانەوە؛ لە بێدەنگی، لە تەنیایی، لە ڕەتکردنەوە مەترسە. ئەو شیعرە بنووسە کە تەنیا خۆت دەتوانیت بینووسیت لە پێناو شیعردا. ئەو شیعرە کە لە قووڵترین شوێنی تۆوە لە دایک دەبێت و لە ڕێگەی تایبەتی تۆوە دەگاتە گەردوونی.
ئەگەر دەزگایەکی ڕەسەن هەبێت بە دوای بوونی شیعرەوە بێت، واز لە گەڕان بە دوای ناوبانگی میعرنووسدا دێنێت. ئەمڕۆ بە ناو دەزگای وا هەیە، کابرای ڕۆژنامەنووس و میعرنووس کتێبی بۆ چاپ دەکەن، بەڵام شیعری ڕاستەقینە چاپ ناکەن و دەڵێن ببوورن ئێمە شیعر چاپ ناکەین. ئەرکی دەزگای ڕاستەقینە بە دوای دەقەکاندا دەگەڕێت، ئاخۆ کام کتێبی شیعرە خوێندنەوەی بۆ کراوە، بە ڕاستی خوێندراوەتەوە و دەنگدانەوەی ناو خودی شیعرەکە چییە. لە کۆتاییدا شیعری ڕاستەقینە دەمێنێتەوە. شیعر کاتێک دەمێنێتەوە کە هەموو (پەسەند و تێچێنەکان) لە بیر دەکرێن. قسە لەگەڵ نەوەکانی داهاتوودا دەکات، کاتێک ئەکاونتەکانی سۆشیالمێدیا تەنیا یادەوەرییەکی کاڵبووەوەیە. بە واتایەکی تر، ئەمڕۆ ئەو ماعیرانەی تیڤی و سۆشیاڵمێدیایان داگیر کردووە، یەک توێژینەوە چییە لەسەر شیعریان نەکراوە، چونکە شیعر نین و میعر و بۆنگەرایە نەک بوونگەرا. ئەمانە بۆیە زیاتر دەچنە ناو تیڤییەوە، دەزانن لە دەقدا لە دایک نەبوون و نامێننەوە، بۆیە لەسەر شاشە دوای خۆیان درێژە بە داگیرکردنی ڕواڵەتی و هەستەکی دەدەن، لێ هیچ توێژینەوەیەکیان لەسەر ناکرێت، چونکە شیعریان بە هونەر نەکردووە.
کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
شوێنپێ: قەڵادزی _ کوردستان _ عێراق _ ئاسیا _ زەوی
