Skip to Content

زمان لە بنیاتنانەوەی ناسنامەی نەتەوەدا.. فەرەیدوون سامان*

زمان لە بنیاتنانەوەی ناسنامەی نەتەوەدا.. فەرەیدوون سامان*

Closed
by ئازار 19, 2026 General, زمان



زمان هەر بەتەنێ ئامرازێکی پەیوەندی کردن نییە؛ بەڵکو قەڵای مانەوەی نەتەوەیە، کاتێکیش زمانێک لاواز دەبێت، پەیوەندییە کولتووری و مێژووییەکانی نەتەوەکەش لاواز دەبن و دەڕووخێن.
بە درێژایی مێژوو زمانی کوردی مەیدانی شەڕ بووە بۆ مانەوە و ناسنامە نەتەوەییەکەی، زمانی کوردی هەردەم بەهێزترین و کاریگەرترین چەک بووە لە دژی سڕینەوەی ناسنامەکەی، بۆ ئێمەی کورد کە مێژوویەکی دوورودرێژی ستەممان لەسەر دەستی داگیرکەران چەشتووە، پاراستنی زمانەکەمان ئەرکێکی پیرۆزی نەتەوەییە. بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ شاهیدی دەبین، جۆرێکە لە هەڕەشەی ناوخۆیی کە لە مەترسی دەرەکی کەمتر نییە، بۆ نموونە فێربوونی زمانە بیانییەکان و پشتگوێخستنی زمانی کوردی لە دامەزراوە حکومییەکانی وەک پەروەردە و فێرکردن و یاسایی و بازرگانی و گەشتیارییەکاندا.
بێگومان زانینی زمانە بیانییەکان وەک(عەرەبی، فارسی، تورکی، ئینگلیزی…تد) بۆ تێگەیشتن و بەڕێوەبردنی ژیانی ڕۆژانە گرنگە، بەڵام کارەساتەکە لەوەدایە کە ئەم زمانانە ببنە جێگرەوەی زمانی دایک، کاتێک منداڵی کورد لە باکووری کوردستان ناچار دەبن بە زمانی تورکی قسە بکەن، یان لە ڕۆژاوا بە عەرەبی بئاخفن، لە ڕۆژهەڵاتدا بە فارسی و وشەی بێگانە تێکەڵ بە زمانەکەیان بکەن، ئەم دیاردەی ئاخاوتن بە زمانە بیانییەکان نیشانەی “پێشکەوتن” نییە، بەڵکو نیشانەی گرێی دەروونی خۆبەکەمزانین و ڕادەستبوونی کولتوورییە.
تەنانەت ئەو دەزگە چاپەمەنی و ئەو نووسەرانەی، ئەوانەی ڕێساکانی ڕێنووسی کوردی پشتگوێ دەخەن! بەکارهێنانی پیتی لاتینی یان ئینگلیزی بۆ نووسینی کوردی بەکار دێنن، لە هەوڵێکدا بۆ دەرکەوتنی “مۆدێرن” کە هەڵەیەکی گەورەیە. چونکە هەر میللەتێک ڕێز لە ئەلفوبێ و سیستەمی نووسینەکەی خۆی نەگرێت، مێژووەکەی بۆ نەوەکانی داهاتوو دەشێوێنێت. نووسین بە کوردی ناسنامەی ئێمەیە. هەنووکە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیش هاتۆتە پێش، کە مەترسی تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی ژن و ژنخوازییە لەگەڵ کچان و ژنانی نەتەوەی سەردەست، ڕەنگە کەسانێک هەبن ئێستا موزایەدەم لەسەر بکەن و بڵێن ئەم نووسەرە ڕەگەزپەرستەو دژی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە، بەڵام مێژووی ئێمە سەلماندوویەتی کە داگیرکەران تەنیا خاکی ئێمەیان داگیرنەکردووە، بەڵکو هەوڵیانداوە لە ڕێگەی ئاسمیلەکردنی کۆمەڵایەتییەوە هەستی نەتەوەییشمان لەناو ببەن. کاتێک تاکی کورد هاوبەشی ژیان لە لەگەڵ خانمێکی نەتەوەیەکی دیکە هەڵدەبژێرێت، کە مێژوویەکی تاریکی لەگەڵ کورددا هەیە، نەوەیەک لە نێوان دوو کولتووری جیاوازدا لەدایک دەبێت و پەروەردە دەبن لەو نێوانەدا زۆرجار زمانی کوردی دەبێتە قوربانی.
تاکی کورد دەبێ بگەڕێتەوە بۆ ڕەگ و ڕیشەی خۆی. دەبێ زمانی کوردی زاڵ بێت لە ماڵەوە، لە ناو بازاڕدا، لە قوتابخانەکاندا. لە فەرمانگە حکوومییەکان قسەی پێ بکرێت، تەنانەت لەناو پاینەختی عیراق و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقیش دلێرانە قسەی پێ بکرێت، خیانەت تەنیا لە هەڵگرتنی چەک لە دژی نیشتمان سنووردار نییە؛ بەڵکو کوشتنی زمان و کولتوری کوردی گەورەترین خیانەتە، شانبەشانی تێکۆشانمان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان- کە ئازادی کورد و کوردستان-ە نابێ لە پاراستنی زمانەکەمان کەمتەرخەم بکەین و بیکەینە چەکی بەردەوامی خۆمان لە بەرەکانی شەڕدا.
بۆ نموونە زمانی کوردی-زاری کرمانجی وەک تاکە ئامرازی دەقە ئایینیەکان (قەوال) لە کتێبی پیرۆزی ئێزیدییەکان بە زیندووی دەمێنێتەوە، لەگەڵ وار و مەزارگە و گوندەکان، بوونەتە ناسنامەی بوون بەرامبەر بە هەوڵەکانی سڕینەوەی کولتوورییاندا. هەرچەند بە درێژایی سەدان ساڵ فەرمان و کۆمەڵکوژی گۆڕانکارییەکی پێکهاتەیی لە ناسنامەی ئێزیدییەکاندا هێنایە ئاراوە، لە دۆخی گۆشەگیریی خۆسەپێنراوەوە بۆ دۆخی داکۆکیکردنی جیهانی بۆ مافەکان گواسترایەوە، بەڵام چیا ڕۆڵی ناوەندی خۆی وەک هێمای مانەوە و پەناگەی هەمیشەیی وەرگرتەوە، هەرچەند هەبن حاشا لە کوردبوونی ئێزەدییەکان بکەن، بەڵام زمانەکەیان، داوونەریتیان، گۆرانی و مۆسیقایان، جلە بەرگیان،ئەدەب و هونەرەکەیانتەنانەت گۆڕستانەکانیشیان باشترین بەڵگەو وەڵامن بۆ ئەو کەسانەی کە نایانەوێ تێ بگەن ئێزیدی بوون واتە کورد بوون. ئێزیدیخان بە کەلەپوورە ئایینی و وێژەو هونەرە رەسەنەکەی سەروەری شوناس بەسەر ئەو خاکەدا دووپات دەکاتەوە کە بکوژان و تاوانکاران هەرچەند هەوڵیانداوە بیگۆڕن بۆ فەزای سەردەم. بەڵام دواجار لەعاست کێوی مەزنی شنگال کەپوویان شکاوە..
هەر بۆیەش زمانی کوردی بۆ مرۆڤی ئێزیدی بە هەموو توانا و خولیا و تێگەیشتنەکانییەوە، گەورەترین بەڵگەی گەورەیی و هێزی سرووشتە، کەی مرۆڤ بە توانای هزرین و بیرکردنەوەدا، توانایەکی گەورەی هەیە بۆ بەرهەمهێنانی هزر و بیری نوێ، لە ئەنجامدا هەموو گەشەسەندنی مرۆڤ لە سەرەتای دروستبوونی یەکەمەوە(مرۆڤی پێش مێژوو)دێتە ئاراوە، ئەو گەشەسەندنە هزرییەی کە ئەم پێشکەوتنە زانستی و تەکنەلۆژی و وێژەیی و کۆمەڵایەتییەی بەرهەمهێناوە، تەنیا بەشێکی کەمی بەرهەمی هزری مرۆڤی بیرکەرەوە پێکدەهێنێت، بەو پێیەی گوزارشت لە ناتەواوی ئاوەز دەکات لە بەرهەمهێنانی هزری داهێنەرانە و بەرهەمدار لە خودی مرۆڤەوە لە سەردەمی ئێستایدا نەک داهاتوو، بە ناچاری ئەو ئاوەزانە سەرهەڵدەدەن کە توانای پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی زانست و زانیاری نوێیان زیاترە، باوەڕ و ئایینی ئێزیدی ئایینێکی ڕەسەن و دێرینی کۆمەڵگەی کوردستانە، کە هەزاران ساڵە خەڵکانێکی باوەردار بە خودای یەکتا پەیڕەوی لێدەکەن، کەچی هەندێک لە مرۆڤکوژەکان بەناوی خوداوە هێشتا هەڵمەتی دڕندانە دژی هەموو بیرکردنەوەیەک ئەنجام دەدەن، کە جیاوازە لەوان بەردەوامن لە دەرکردنی فەتوا بۆ ڕاگەیاندنی لادان و بیرکردنەوە بە کافرکردن…
لەکاتێکدا ئێزیدییەکان تاکە پێکهاتەی کۆمەڵگەی کوردستانن بە درێژایی مێژوو لە ڕێی پیرۆزی ئایینەکەیان زمانی کوردییان پاراستووە، هەر لە ڕێی ئایینەکەشیان پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان لە ژیانی خێزانداری و هاوژینی پاراستووە، بۆیە من پێشنیار دەکەم لە پەرلەمانی داهاتوودا بڕیارێک دەربکرێت بە پاراستنی سەلامەتی زمانی کوردی و هاوکات ئەکادیمیایەکی تایبەتیش دابمەزرێت بە ناوی ئەکادیمیای زمانی کوردی، کە ئیش و کارەکانی تایبەت بێت بە زمانی کوردی لە کایە جیاوازەکانی پەروەردەو فێرکردن و ڕایەڵەکانی ڕاگەیاندن و زار و بنزارە کوردییەکان.

*فەرەیدوون سامان
سەرنووسەری گۆڤاری زمان و زار.

mm

شاعیر و نووسەر فەرەیدون سامان، ساڵی 1961 لە شاری هەولێر لە دایکبووە. ساڵی 1984 بەکالۆریۆسی لە کۆلێژی کارگێڕی و ئابووری زانکۆی بەغدا بەدەستهێناوە. لە ئێستادا سەرنووسەری گۆڤاری زمانناسی زمان و زارە.

Previous
Next