Skip to Content

کورتە چیرۆک\ خەون.. نووسینی:‌ ئامانج شێروانی

کورتە چیرۆک\ خەون.. نووسینی:‌ ئامانج شێروانی

Closed
by ئایار 12, 2024 General, Literature



سەر لە بەیانی زوو قەپەنگەکەی هەڵداوە و دەرگای پەڕتووکفرۆشییەکەی کردەوە. هێمای (کراوەیە)کەی خستە سەر دەرگاکە و گڵۆپەکانی داگیرساند و چوو لەسەر کورسییەکەی خۆی دانیشت. سەیرێکی دەوروبەری خۆی کرد، و هەمان ئەو پەڕتووکانەی بینی کە دوێنێ بینیبووی، کە هەمان ئەو پەڕتووکانەش بوون کە دوو ڕۆژ پێش ئێستا و حەفتەیەک پێشتر و بگرە چەند مانگێکیشە لەسەر تاقەکان دانرابوون، تەنها تۆزی سەر پەڕتووکەکان گۆڕابوون. چەندین ڕۆژە دێت و دەرگایەکە دەخاتە سەر پشت، کەچی بۆ ئێوارەکەی وەکوو خۆی، بە گیرفانی خاڵییەوە دەچێتەوە ماڵەوە.
کەشوهەوا خۆش بووە، بەهار سەرەدیقانێیتی لەگەڵ زستانێ، تیشکەتاویش وەکوو خەنجەر پەنجەرەی پەڕتووکفرۆشییەکەی دەبڕێت و لەسەر چاوەکانی گۆران چڕ بوویتەوە، ئەویش لە تاوان چاوەکانی خۆی نوقاندبوون. یەکێک هاتە ژوورەوە و دوو دانە پەڕتووکی کڕیی، دوو سێ خولەک تێپەڕ نەبوو گەنجێکی باڵابەرز هاتە ژوورەوە و داوای (مێژووی ئەدەبی کوردی)ی دکتۆر مارف خەزنەداری کرد و مستێک پارەی لە چنگی گۆران نا. دایکێکیش، کە منداڵێکی پارچەڵەی لە دەست بوو، هاتە ژوورەوە و یەک دوو پەڕتووکی زانستیی کڕیی، چوو لە لایەک دانیشت و دەستی کرد بە خوێندنەوەیان. دوو سێ هەرزەکاریش هاتنە ژوورەوە و دەوری پەڕتووکەکانی نیچەیان دا و کەوتنە تاوتوێکردنی بیردۆزەکانی.
ئەو ڕۆژە ڕۆژێکی سەیر بوو، هەر کڕیارێک دەچووە دەرەوە، دوو کڕیاری تری بەدوای خۆی دەهێنایە ژوورەوە. گۆران نەیدەزانی چی دەگوزەرێت، تەنێ ئەوڕۆ هێندەی یەک دوو مانگی ڕابردوو پەڕتووکانی فرۆشتووە. ئای، ئەوە ڕۆڵەی کوردە دەستی کردووە بە خوێندنەوە! ئای، ئەوە کوردە گوێی لە حاجی قادر گرتووە و ((بە شیر و خامە وڵاتەکەی پایەدار دەکات!))
گۆران سەیرێکی دەوروبەری خۆی کرد، تاقەکان نیوەیان خاڵی ببوون، لە دڵی خۆیدا گوتی: (بەیانی هەر زوو هەڵدەستم و ئەو تاقانە دووبارە پڕ دەکەمەوە). دڵی گەلێک خۆش بوو، کەوتە بیرکردنەوە:‌ (دوو سەد لۆ کرێی دوکانێ، پەنجای لۆ مارێ، هەر چ نەبی حەفتەکی پێ بەڕێ دەکەین، ئەو چار سەدەی دەشمینێتەوە دەدەمەوە کاکلی خانی). ئۆخخەیەکی کرد و بۆ یەکەمین جار دوای دوو مانگان زەردەخەنە هاتە سەر لێوانی.
پیرەمێردێک هاتە ژوورەوە، و ئاماژەی بە پەڕتووکێک کرد کە لە تاقەی هەرە بەرزی پەرتووکخانەکە بوو، گۆران قاندرمەکەی هێنا و پلیکانە دوای پلیکانە بەسەر کەوت. لە تاقەی سێیەمین چاوی بە پەڕتووکی (مرۆڤ و دەوروبەر) کەوت، بزەی هاتێ و بیری کەوتەوە کە ئەوە یەکەمین شاکاری مەسعوود محەمەد بوو کە خوێندبوویەوە. کە گەیشتە تاقەی چوارەمین (زیندەخەو)ی فەتاح ئەمیریی بینی، ئای ئەوە کوردە وەکوو ئازاد و مەلیی متووی خوێندنەوەنە!
کاتێک کە گەیشتە سەری سەرەوە، سەیرێکی خوارەوەی کرد و چیتر پیرەمێردەکەی نەبینی، قاندرمەکەی ژێر پێشی هوردە هوردە بزر دەبوو، زۆری نەبرد بەخۆشی شڵپەی هاتێ و بەربووەوە. چاوەکانی کردەوە، خۆی قیت کردەوە و لەسەر کورسییەکەی دانیشتەوە، سەیرێکی تاقەکانی کرد، هەمووی تژی بوون لە پەڕتووک، ڕووی خۆی وەرگێڕا و سەیرێکی ئاوێنەکەی بەردەمی خۆی کرد، جگە لە ((عەکسی قەمەری ناو حەوزێکی لیخن))، هیچی تری نەبینی.


1- تاقە: ڕەف، تاقەکان:‌ ڕەفەکان

Previous
Next
Kurdish