سرووتی هه‌ڵوه‌ریین.. سیروان بابه‌عه‌لی
منی ڕێبوار،
منی سه‌ره‌ڕۆی دوور له شار،
له‌نێو خه‌ره‌ندی لای دێتان،
هی خۆم نه‌بێت، سیمای هه‌مووتانم ده‌دیی،
گوێم له ده‌نگی هه‌مووتان بوو؛
که تۆ ڕۆیشتی و خۆت له گونده‌که ته‌را کرد،
ئیدی من نه که‌سی دیم دیی و
نه هه‌ستم به که‌سی دی کرد…
منی ڕێبوار،
منێکی هه‌ڵهاتوو له شار،
هاوارم به دووتدا وێڵ کرد؛
که‌چیی هاوار،
ته‌نگه‌تاویی کردییه مار و
له‌نێو کونی گوێچکه‌یه‌کی ده‌خه‌ڵدا، په‌پکه‌ی خوارد؛
بیستنم نارد خۆی مات بدات،
گه‌ر هاوارێک، نا.. سرپەیەک، له تۆوه بێت، داڵده‌ی بدات؛
بیستنی بێ نه‌وا و نامۆ، بیستنی له‌وێ هه‌ڵتووتاو،
بووه قوربانی قه‌پاڵی زارێکی پاشتر هه‌ڵدووراو…
منی ڕێبوار،
منی جاڕز له ژاری شار،
ڕێی دارستانم گرته‌به‌ر؛
له‌وێش نه‌بوویت،
دارستان بێ به‌رامه بوو،
هیچ شتێکت له‌وێ نه‌بوو؛
دیاربوو دوور بوویت،
چونکه له‌وێ،
له‌نێو بازنه‌ی هه‌ستمدا،
تینی شه‌به‌نگت لای نه‌دا…
منی تاوگیر، منی ڕێبوار،
منی تووڕه له گوند و شار،
چوومه سه‌ر ترۆپکی دره‌خت،
دوندی چیام کرده مه‌به‌ست؛
هه‌ردوو دییده‌م، بوونه دوو باڵ بۆ بینایی و
به‌ره‌و لوتکه به‌ڕێم کردن،
تا له‌وێوه سۆراخێکی تۆم بۆ بکه‌ن،
په‌ی به په‌یامێکت ببه‌ن؛
به‌ڵام جه‌خار،
به‌رله‌وه‌ی سۆراخت بکه‌ن،
دوو گلێنه‌م،
له‌ترسی داڵه‌که‌رخۆره،
پەیام به‌کۆڵ،
هه‌ر به دیار چاوی شاخه‌وه،
گلۆربوونه‌وه به‌ره‌و دۆڵ…
ئیدی ئێستا منی ڕێبوار، منی بیمار،
به‌خۆم نه‌بێت، زه‌نام به هیچ که‌سێك ناگات؛
هی خۆم نه‌بێت، ده‌نگی هیچ که‌سێك نابیستم؛
بیناییشم، سه‌ری بێ چاوی خۆم نه‌بێت، سه‌ر نابینێت…
منی ڕێبوار،
منی سه‌ربزێو و تاراو،
نه‌فره‌تکردوو له شاخ، له گوند، له شار،
هه‌ر خه‌ریکی چنگه‌کڕێم؛
ڕه‌هێڵ ده‌بم، ئێسکم ده‌شکێت،
که‌چیی هێشتا،
لێناگه‌ڕێم، جرج پاشماوه‌که‌م به‌رێت؛
هێشتا له توانامدا ماوه،
گه‌ر تیرۆژێکت گه‌یشته لام،
تێرتێر له‌نێو سنگی بنێم؛
هێشتا له توانامدا ماوه،
له زۆزانی خه‌یاڵمدا،
بتکه‌مه گوڵی مێخه‌ك و
ته‌نها به بۆن بۆت بگه‌ڕێم!
سیروان بابه‌عه‌لی
