Skip to Content

ئوستووڕەی یەکگرتن.. ئالان فەرمان

ئوستووڕەی یەکگرتن.. ئالان فەرمان

Closed
by نیسان 28, 2025 General, Opinion

بەبڕوای(موراد فەرهاد پور)ئەم سەردەمە ئەگەرچی سەردەمی بانگەشەی لە(ئوستووڕە داماڵینە) بەڵام هێشتا لەناو ئوستوورەسازیدا دەژین. ئەو وا پێناسەی ئوستووڕە دەکات کە بریتین لە”کۆمەڵێک حیکایەتی گشتی ئامانجیان بەگشتیکردنەوەی ژیان و شتەکانە.وەزیفەی ئوستووڕەکان بریتیە لە پڕکردنەوەی درز و کەلێنەکان و شاردنەوەی ناکۆکیەکان”. واتا ئوستووڕە هەمیشە خۆی لە نوقستانی و خەلەلە ئاڵۆزەکانی واقیع دەشارێتەوە تا وێنەیەکی کۆگیر و شمولی بۆ دیاردەکان درووستبکات. ئوستووڕە هەمیشە دەیەوێت وەڵامەکان تەرجەمە بکاتە سەر سادەیی و سەتیحیەت تا ئەو ئاڵۆزی و ناکۆکیە ناوەکیانەی دیاردەکان بسڕێتەوە. ئەگەر ئەو تەفسیرەی فەرهاد پور بۆ ئوستووڕە پەیوەست بکەین بە گوتاری کوردایەتی و یەکنەگرتن و پەرتەوزەییەوە واتا: هێزە کوردیە ئایدۆلۆژیستەکان لەبری گەڕان بۆ ڕیشە مێژوویەکانی ئینشقاق و ترازانی کورد، پەنا دەبەنە بەر قیژە و هاشوهوشی یەکگرتن. لەپێناو بەدیهاتنی ئارەزووی یەکێتی کورد هەموو کارتێکەرە بونیادی و مێژوییەکانی یەکنەگرتن دەشارنەوە.
بەبڕوای من ئەوەی دەیەوێت یەکگرتنی رۆژاڤا و پارتە فاشیستەکانی ئێرە دروست بکات، خەریکی ئەو ئوستووڕە سازیەیە لەپێناو خۆدزینەوە لەوەڵامە سەخت و دژووارەکەی یەکنەگرتن. دەمامکێکی ئایدۆلۆژیە لەڕێگەی حیکایەتی خورافی و ختوکەدانی ناسیۆنالیستانە دەیەوێت نەخشەی کوردستان یەک بخات، بەبێ بینینی ناکۆکییە بونیادییەکانی ناو نەخشەکە.

من هەمیشە بەگومانەوە لەو هاوارە دەڕوانم کەدەڵێت کوالیسیۆن گرینگە, یەکگرتن و وەکیەکی هێزە کوردیەکان تاکە چارەسەرە. قیژەیەکی ئایدۆلۆژیستانە کە بەتەواوی لەسەر نەبینین و جەهل ئامادەکراوە، هاوار دەکات با ئەو پارت و تێڕوانینە لەگەڵ پارت و دونیابینیەکی تر یەک بگرن تا کارەساتەکان کەمێک بخەون. ئەو تێگەشتنە چەندە خەون و فەنتازیای هەزار ساڵەی میللەتێکە، هێندەش نەخۆشە بەدەست تەفسیرێکی ئایدۆلۆژیستییانەوە.
تێگەیشتنێکی ترانسدینس و خوڕافییە حیساب بۆ ئەو بەشە بچووک بچووکانە ناکات کە دواجار وێنە کۆگیر و گەورەکەمان بۆ نیگار دەکات. ئەو مێنتاڵێتیەتە حیساب بۆ ئەو توراسە مێژووییە ناکات کە ئەو مۆدێلە لە ناکۆکی و جیاوازیانەی فابریکە کردووە، بەڵکوو ڕاستەوخۆ بازیداوە بۆ سەر وێنە گەورە و زەبەلاحەکەی یەکگرتن.
کۆنفڕاسی رۆژئاوای کوردستان لەدەرەوەی ئەو تیۆر و تەفسیرانەدا غەرق بووە. کیمیایێکە دەیەوێت دوو ماتەری جیاواز تێکەڵ بکات کە لەڕووی بونیادی و جیاوازی گوتارەوە بۆ ئەبەد ئاوێتە نابن. رۆژئاڤا ناتوانێت بە ئیحتوا کردنی ئەو هێزانەی کە دەستیان لەتیرۆر و خیانەتی نیشتمانیدا هەبوە وەریانبگێڕێتە سەر پاڵەوان و قارەمانێتی. بەڵکوو ئەوە دەمووچاوی رۆژاڤایە بە کارلێککردن لەگەڵ ئەو هێزانە دەبێتە بەزیو و قەرەقۆز. رۆژاڤا بە ئاوێتەبوون لەگەڵ پارتی و هێزە فشۆڵەکانی تر، تەنیا ستوونە ئینسانی و مەبدەئیەکەی توشی داگەڕان و هەرەس دەکات. لەدیدی سیاسیەکانی ڕۆژاڤادا ئەگەر پەرتەوازەبین ئەوا رۆژاڤا دەکەوێتە ناو زوڵمەتی هەرەس و کارەساتەکان. ئەگەرچی ئەو بانگەشەیە حەقیقەتێکی تێدایە، بەڵام بەبێ حیسابکردن بۆکردەیی بوونی ئەو یەکێتیە لەسەر ئاستی تیۆری و زەمینی.
ئەوەی لەهەولێر پیادە دەکرێت مۆدێلی خیانەت و فاشزیمە، ئەوەی لەلایەن رۆژاڤاوە پیادە دەکرێت مۆدێلی ئینتیما و دیموکراسیەتە. ئەو کۆنفڕاسە بە ئیمتیاز یەکگرتنی فاشیزم و دیموکراسیەتە. هەر تێکەڵبوونێکی دیموکراسی لەگەڵ فاشیزم عافافەی دیموکراسی مەنفیدەکات و ڕاستە و ڕاست دەبێتە دیموکرا-شیزم.
ئێمە چەندە لەبەردەم ئایندەی کارەساتدا وەستابین، هێشتا شایەنی ئەوە نییە دیموکراسیەت بخەینە خزمەتی فاشیزمەوە.

دێرێدا لە لەڕوودا و داهاتوو زۆر بەوردی دەربارەی ئەو خۆتەفرەدانە دەدوێت. بەبروای دێرێدا کاتێک ئێمە توشی تیرۆر دەبین نابێت لەپێناو نەهێشتنی تیرۆردا دیموکراسیەت پێشێل بکەین. ئەو بەرگریە ناو دەنێت بەرگری دژە-خۆ“autoimmunity” لە بایۆلۆژیادا هەندێک جار بەرگری لەش لەپێناو پاراستنی جەستە هێرش دەکاتە سەر جەستەکە خۆی. ئەو خەونەی دەیەوێت رۆژاڤا بەو یەکگرتنە بپارێزێت دیموکراسی پان دەکاتەوە. شێرپەنجەی یەکگرتن بەتەواوی لەناو ژینگەی ناسیۆنالیزمدا سەوز بووە. ناسیۆنالیزمی کوردی دەیەوێت بەهەر نرخێکبێت پارتی و رۆژاڤا یەک بگرن، ئەگەر چی ئەوەی پاندەکرێتەوە دیموکراسی بێت. نوکتەکەی ژیژەک کتومت ئەو پێگە ئایدۆلۆژیەمان بۆ تەفسیردەکات کە لەسەر ستارباکس دەیگێرێتەوە. ستار باکس بانگەشەی ئەوە دەکات ئەگەر بێت و قاوەیەک بەپارەیەکی کەمێک زیاتر لەقاوەکانی تر بکڕیت، ئەوا قازانجەکەی بۆ جوتیارانی قاوە و منداڵانی گواتیمالایەیە. بەپێی ژیژەک کڕیار بەسەرێک سەرمایەداری دروست دەکات بەسەرێکیش هاوسۆزە بۆ هەژاریی! بەکورتی لەیەک کوپدا سەرمایەداری و کۆمۆنیزم بەکۆکتێلێک فڕدەکات!
ئەوانەی دڵیان بۆ ئەو یەکگرتنە لێدەدات لەیەک کوپدا هەم شەرافەت دەخۆنەوە هەم خیانەت.پەردەیەکی ئوستووڕی و ئایدۆلۆژییان بەسەر ئەو نەگونجان و جیاوازیانە داداوە کە پارادۆکس و موستەحیلاتەکانی یەکگرتن کەشف دەکەن.
وێڕای ئەوەی ئەو تۆلێرانسە قێزەونە سەر بە ڕەچەڵەکی گەمژەییە هاوکات نا ئەخلاقیشە. ئەو کۆنفراسە چەندە لەسەر ئوستووڕە و ناواقعیەت ئاواکراوە، بەهەمان ڕاددەش لادانە لە مۆڕاڵی سیاسی. مەخسەرەکردنە بە خوێنی ئەو مرۆڤانەشی لەپێناو ئەو دیموکراسییەدا مردن.دیموکراسیێک وا خەریکە دەبێتە برای فاشییەت. ئەوە ئەو دەردەیە کە سیاسەت لەدونیای ئێمەدا دروستیبدەکات. تاعونی سیاسەت وای کردوە چیتر نەڵێین ئینسان حەیوانێکی سیاسیە، مرۆڤ لەگەڵ کۆمەڵێک وڵاغی سیاسی دەرگیر بووە. کە خیانەت و شەرافەت لەیەکتر موتوربە دەکات. عەفافە و جوانی دیموکراسیەت لەوەدایە وەرنەگەڕێتە سەر تیرۆر و فاشیەت، تێکەڵکردنی ئەو دوانە لەهەموو ئەو کارەساتانە گەورەترن کە بڕیارن لەئایندەدا سەرمان لێبدەن! ئەو ئەقڵەی دەیەوێت ئەو کیمیایە دروست بکات چەندە منداڵی جەهل و گەمژەیی بێت هێندەش منداڵی ئینحراف و بێ ئەخلاقیە!

ئالان فەرمان

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress