Skip to Content

نۆستالژیا لە شیعرەکانی ( ڕەفیق سابیر) دا.. ئامادەکردنی: ئەڤین خدر قادر – هێرۆ نوری وهاب

نۆستالژیا لە شیعرەکانی ( ڕەفیق سابیر) دا.. ئامادەکردنی: ئەڤین خدر قادر – هێرۆ نوری وهاب

Be First!
by تشرینی یه‌كه‌م 2, 2025 General, Literature, Slider

پێشەکی

نۆستالژیا یان گەڕانەوە بۆ ڕابردوو هەستێکە کە لای زۆربەی تاکەکانی کۆمەڵگا هەیە، ئەم هەستە مرۆڤ بۆ شتێک یان سەردەمێک دەبات کە ئیتر نەماوە، یاخود بیرکردنەوە و ئاوات خواستنە بۆ داهاتوویەکی ڕووناک، بەڵام کاریگەری و دەرکەوتنەکەی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆرێت، نۆستالژیا زیاتر کاریگەری لەسەر نووسەران بە جێی دەهێڵێ، هەستکردن بە نۆستالژیا لە لای شاعیران بە هۆی چەند هۆکارێکەوەیە وەک دابڕان و دوورکەوتنەوە لە خاک و کەسوکار و مەعشوق.

زاراوە و چەمکی نۆستالژیا

لە ڕووی زاراوەوە زاراوەی نۆستالژیا (( لە بنەڕەتدا لە دوو وشەی یۆنانی پێکهاتووە، (nostos) بە واتای گەڕانەوە، ( algos) بە مانای ئازار یان حەسرەت هاتووە.)). [عەبدوڵا: ٢٠١٦:١٥]. کەواتە نۆستالژیا وشەیەکی لێکدراوە لە دوو وشەی یۆنانییەوە هاتووە، بەسەریەکەوە بە مانای گەڕانەوە و حەزکردن بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵەوە و خەم و غوربەتی گەڕانەوە، هاتووە. ئەگەر سەیری فەرهەنگی زمانە جیاجیاکان بکەین دەبینین، واتای ئەم زاراوەیە ئەگەر لای هەمووانیش، وەکو یەك نەبێت، بەڵام واتاکە لای هەموان لە یەك نزیکە. بۆ نموونە لە فەرهەنگی (معاصر) هاتووە، کە ((نۆستالژی: فەرەنسیە، دڵتەنگی، بەهۆی دووری لە وڵات، ژانی دووری لە وڵات بەکارهاتووە)). [عەبدوڵا: ١٦:٢٠١٦]. لە زمانی عەرەبی و فەرهەنگە عەرەبییەکاندا “نۆستالژیا” بە واتاکانی “گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، یان گەڕانەوە بۆ نیشتمان هاتووە، بۆ نموونە لە فەرهەنگی فەرەنسی–_ عەرەبی (المنهل الوسیط) لە بارەی زاراوەی نۆستالژیا هاتووە کە نۆستالژیا (( حەزی گەڕانەوە بۆ نیشتمان و حەسرەتی گەڕانەوەیە بۆ ڕابردوو)). [عەبدوڵا: ١٦:٢٠١٦]. لە فەرهەنگە کوردییەکاندا ئەم زاراوەیە نەهاتووە، بەڵکو بە دەستەواژەی تر هاتووە، کە هەمان واتا و دەلالەتی زاراوەی ( نۆستالژیا) دەدەن بە دەستەوە، وەکو غەمی وڵات، سۆزی غەریبی، گەڕانەوە بۆ سەردەمی باوک و باپیران، تاراوگە، سەردەمی منداڵی، نامۆیی و نامۆبوون، حەسرەتی دووری…هتد. بۆ نموونە (( ئەگەر سەیری فەرهەنگی ( هەنبانە بۆرینە) ی “هەژار موکریانی” بکەین، لە چەند شوێنی جیاجیادا، چەند وشەیەکی بەکارهێناوە کەوا زۆر نزیکن لە بابەتی نۆستالژیا، ئەوەی لە فەرهەنگی هەنبانە بۆرینە هاتووە، بریتییە لە وشەکانی (نامۆیی، بیانی، غەریبی، غەوارە، یان نامۆیی، بێگانەیی)). [میرە و عومەر، ٥٥:٢٠٢٠]، هەروەها لەناو کوردەواریشدا، لە کۆندا لەلایەن باوک و باپیرانمانەوە کە بە زۆری وشەکانی غەریبی و غەریبایەتی و دوورە وڵاتی و غوربەت بەکارهاتوون.
لە ڕووی چەمکیشەوە ئەگەر سەیری نۆستالژیا بکەین، دەبینین چەندین پێناسەی بۆ کراوە. لە خوارەوە چەند پێناسەیەك دەخەینە ڕوو، بۆ ئەوەی چەمکی نۆستالژیامان زیاتر لا ڕوونبێتەوە. لە فەرهەنگی (لاڕۆسی) سەدەی بیستەم لە ساڵی (١٩٣٢)، چاپکراوە و لە چاپی شەشەمدا بۆ پێناسەی نۆستالژیا دەڵێت: (( نۆستالژیا وەڵامێکە بۆ کەسێك، کە ناتوانێت خۆی بگونجێنێت لەو شوێنە نوێییەی تێیدا نیشتەجێ بووە، یان لە باروودۆخێکی نوێدایە، چ لە ڕووی ماددی و چ لە ڕووی عەقڵیدا، دەکرێت نۆستالژیا تووشی ئەو گوند نشینانە ببێت، کە هەرگیز گوندەکانی خۆیان، یان شارۆچکەی خۆیان جێ نەهێشتووە)). [عەبدوڵا:٢٨:٢٠١٦], لەم پێناسەیە دەردەکەوێت، کەوا نۆستالژیا پەیوەندیەکی بەهێز و دانەبڕاوی بە شوێن و زێدی لەدایکبوونەوە هەیە، بۆیە دوورکەوتنەوە لێی، دەبێتە هۆی خەم و حەسرەت و دڵتەنگی و بیرکردنی، بەمەش کەسەکە توشی نۆستالژیا و هەروەها غوربەتی شوێن دەبێتەوە. کە ئەوان شار یان شارۆچکەی خۆیان جێ نەهێشتووە.
لە پێناسەیەکی تر دا هاتووە، کە (( نۆستالژیا هەستێکی ناوەکییە، کە دەبێتە مایەی خەم و ئازار، مرۆڤ بە دەستیەوە دەناڵێت، لە ئەنجامی ئەو شتانەی لە دەستیداون)) [محمد:١٢:٢٠٢٤[
مرۆڤ کاتێک خۆشەویستانی یان ئازیزانی لەدەست دەدا، ئەوا کە ڕۆیشتون، بۆیە تەنها یادەوەریەکەی دەمێنێتەوە، مرۆڤیش بە یادکردنەوەی تووشی خەم و حەسرەتی دووری و ئازار دەبێت. هەروەها لە پێناسەیەکی دیکەی نۆستالژیا هاتووە: (( نۆستالژیا جۆرێکە لە هەستی دووری تێکەڵ بە حەسرەت بۆ ڕابردوو، کاتی بەسەرچوو، کە بووەتە هۆی ئەوەی مرۆڤ لە شتە خۆشەویستەکانی دووربکەوێتەوە، بە تێپەڕبوونی کات بەهای ئەو شتانەی لە ڕابردوو هەیبووە و قەدری نەزانییوە، ئێستاش بە لەدەستدانیان خەم و حەسرەتیان بۆ دەخوات)). [عەبدوڵا:٣٠:٢٠١٦]. لەم پێناسەیەدا بۆمان دەردەکەوێت کە، نۆستالژیا هەستێکی ئاڵۆزە کە تێکەڵێکە لە حەسرەت و خۆشەویستی بۆ ئەو شتانەی لە ڕابردوو هەبوون بەڵام ئێستا نەماون. کاتێک کەسێک نۆستالژیا هەست پێدەکات، جۆرێک لە خەمێکی تاڵی هەیە، خەم بۆ لەدەستدانی ئەو شتانەی کە جارێکی تر ناگەڕێنەوە، بەڵام هەر ئەو هەستە بە شێوەیەکی سەیر دەبێتە هۆی خۆشحاڵی و هەستکردن بە پەیوەندی قوڵ بە ڕابردوومان، زۆرجار مرۆڤ کاتێک لە ژیانی خۆیدایە، بەهای هەندێک شت نازانێت، بەڵام دواتر کە لە دەستی دەدات، تازە تێدەگات چەند گرنگ و بە نرخ بوون. ئەمەیە نۆستالژیا هەستکردن بە خەم و حەسرەت بۆ ئەو شتانەی کە جارێک هەبوون بەڵام ئێستا تەنیا لە یادەوەریدا ماون. بە سەرنجدان لە کۆی ئەو پێناسانە دەبینین، کە نزیکایەتی و هەروەها لێکچوونێکی زۆر لە نێوان پێناسەکان هەیە، کە هەموویان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە نۆستالژیا گەڕانەوەیە بۆ ڕابردوو هەروەها هەستی دووری، یان ئەو خەم و ئازارەی کە مرۆڤ بە دەستیەوە دەناڵێنێت.

کورتەیەکی مێژوویی دەربارەی نۆستالژیا

لە ڕووی مێژوویەوە نۆستالژیا مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە پەیوەستە بەو کاتەی کە مرۆڤ بۆ یەکمجار هاتە سەر زەوی و ژیانی مرۆڤ لەسەر زەوی دەستی پێکرد، ((دیاردەی نۆستالژیا بۆ ئەو کاتە دەگەرێتەوە کە حەزرەتی ئادەم و حەوا لە بەهەشت دەرکران، ئەمەش تووشی خەم ئازارێکی زۆری کردن بۆیە مرۆڤەکان هەمیشە هەستی نامۆ بوون لە دەروونیاندا هەیە هەمیشە ئارەزووی گەڕانەوەی شوێنی مەبەست کە شوێنی ڕەسەنە دەکەنەوە، حەزرەتی ئادەم لەگەڵ لەگەڵ دەرکردنی لە بەهەشت ئەو هەستەی بۆ دروست دەبێت کە نامۆ بوونە بە زەوی)) [بینابی: ١٣٩٨ : ٢١١]، چیرۆکی (( دایکە حەوا و باوکە ئادەم و قەدەغەکردنیان لە نەخواردنی ئەو بەری دارەی کە بە هۆیەوە لە بەهەشت دەرکران رەنگە سەرەتای لە دایکبوونی نۆستالژیا بێت، چونکە دوای فریودانیان لە لایەن شەیتانەوە، ئیدی حەز و حەسرەتی ئادەم بۆ حەوا بۆ ئەوە بووە کە لە بەری ئەو دارە بخۆن بەڵام ئازاد نەبوون لەو هەڵبژاردنە بۆیە حەزی خواردنی ئەو بەرە لە دڵ و دەرونیدا چەکەرە دەکات تا ئەو کاتەی لە بەهەشت دەردەکرێن ئیدی بە گەیشتنیان بە زەوی خەم دایاندەگرێت بە هۆی ئەنجامدانی ئەو هەڵەیەوە)) [محمد:٢٠٢٤: 1٧], بە سەرنجدان لەوەی کە باسکرا ئەوا دەردەکەوێت کە نۆستالژیا دیاردەیەکی دەروونیەوە و لە ژیانی مرۆڤی سەرەتایشدا بوونی هەبووە. نۆستالژیا وەکو بارێکی دەروونی وەک پێشتر خستمانەڕوو مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە بەڵام دەرکەوتنی زاراوەی نۆستالژیا لە بوارەکانی پزیشکی و دەروونی مێژوویەکی ئەوەندە کۆنی نیە (( ڕەگ و ڕیشەی نۆستالژیا وەک دیاردەیەکی پزیشکی و دەروونی دەگەرێتەوە بۆ سەدەی حەڤدەم، لەم کاتەدا نۆستالۆژیا ببووە جێگای مشت و مرێکی زۆری پزیشکان چونکە لەو کاتەدا نۆستالۆژیا وەکو نەخۆشیەکی جەستەیی هەژمار دەکرا )). [اسماعیل : ٢٠١4:١٦] ئەگەر بۆ مێژووی مرۆڤایەتیش بگەرێنەوە (( لە دوای ئەو ڕووداوانە ئیدی ئادەمیزاد زۆر بوون ئەوانیش هەموویان ئەو بارەیان بەسەر هات کە لە وڵات دووربکەونەوە یان تووشی خەمی لە دەست چوونی رابردوو بن، ئێستایان پێ خۆشتر بێت لە رابردوو )). [عەبدوڵا : ٢٠١٦ : ٤٨]، دەتوانین بڵێن نۆستالژیا هەر لەگەڵ لە دایکبوونی مرۆڤ و لە هەموو سەردەمەکاندا بوونی هەیە. لە پاش بوارەکانی دەروونی و پزیشکی نۆستالۆژیا وەک پێویستیەک هاتە نێو بواری ئەدەب و لێکۆڵینەوە ئەدەبیەکان.

تایبەتمەندیەکانی نۆستالژیا

هەریەك لە ڕەخنەگران و توێژەران، چەندین خاسیەت و تایبەتمەندیان بۆ نۆستالژیا دیاری کردووە, کە بریتین لە:
1.-یەکێك لە تایبەتمەندیەکانی نۆستالژیا (( گەڕانەوەیە بۆ ڕابردوو، ئەمەش لە ڕێگای گەڕانەوە بۆ حیکایەتە میللی و فۆلکلۆریەکان و یادەوەرییەکانی تاکەکەسی لە دیارەوە بۆ نادیار لە خەیاڵەوە بۆ واقیع، لە ڕابردووەوە بۆ ئێستا)). [ بینابی٢١٣:١٣٩٨], نۆستالژیا بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەندی بە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا پردێکە لە نێوان ڕابردوو و ئێستادا. کاتێک مرۆڤ لە ڕێگەی حیکایەتە میللی و فۆلکلۆرییەکان و یادەوەرییە تاکەکەسییەکانەوە بەرەو ڕابردوو دەگەڕێتەوە، لە ڕاستیدا هەوڵدەدات نادیارەکان بکاتە دیا، خەیاڵەکان بگوازێتەوە بۆ واقیع، و ڕابردووی لەدەستچوو بهێنێتەوە ناو ئێستای ژیان.

  1. تایبەتمەندیەکی تر, (( گەڕانەوە بۆ سەردەمی منداڵی و یادکردنەوەی ڕۆژە خۆشەکانی بە داخ و حەسرەتەوە)).[ عەبدولڵا:٦١:٢٠١٦], گەڕانەوە بۆ بیرەوەریەکانی منداڵی هەمیشە هەستێکی تایبەتی لە خۆ دەگرێت. ئەو ڕۆژە خۆشانەی کە ئێستا بە داخ و حەسرەتەوە یادیان دەکەینەوە.
  2. سۆز و لاواندنەوە بۆ لەدەستدانی یار و دوورکەوتنەوە، یەکێکە لە خاسیەت و نیشانەکانی نۆستالژی، (( شیعری لاواندنەوە لە کاتی مردنی مرۆڤێک یان لە کاتی ڕووداوێکی جەرگبڕ و ناخۆشی یان مەرگەساتێکدا دەهۆنرێتەوە)). [اسماعیل: ٣٩:٢٠١٤], لە دەستدانی کەسانی ئازیز و خۆشەویست بێت، یان ڕووداوێکی نەخوازراو بێت، بەمەش دەبێتە هۆکارێکی دەروونی و کاردانەوە بەدوای خۆی دەهێنێ.

جۆرەکانی نۆستالژیا
نۆستالژیا وەک چەمک و زاراوەکانی تری بواری ئەدەب دابەش دەبێتە سەر چەند جۆرێک، کە لێکۆڵەران بە شێوەیەکی گشتی دوو جۆریان دەستنیشانکردووە، کە هەر یەک لەو جۆرانەش بۆ چەند جۆرێکی دیکە ورد دەبنەوە.
یەکەم / نۆستالۆژیای تاکە کەسی ( تاک، فەردی ) : ئەم جۆرە هەر لە ناوەکەی دیارە کە تاکە کەسیە، شاعیر تەنها باس لە خۆی دەکات، واتا نۆستالۆژیای تاکە کەسی (( پەیوەستە بە خودی شاعیر و یادەوەریەکانی خۆی لە ڕابردوودا، شاعیر هەموو هەست و هۆشی چڕ دەکاتەوە بۆ جەخت کردن لەسەر ڕووداوەکانی ژیانی تایبەتی خۆی )). [ اسماعیل: ٢٠١٤: ٥٤]، ئەو یادگاریانەی کە لە رابردوو روویان داوە و پەیوەستە بە خودی شاعیرەکە، جا ئەو یادگاریانە خۆش بن یان ناخۆش کە شاعیر باسی دەکات، (( شاعیر بە جۆرێک گوزارشتی لێ دەکات کە هەندێجار لە ناو دەقەکەدا بە خێرایی یان سەرپێی دەگەرێتەوە بۆ رووداوەکانی ژیانی رابردووی خۆی چەند دیمەنێکی ئەو یادگاریانە بە وشە دەنەخشێنێت لە دێریک یان چەن دێرێکدا، پاشان دەچێتەوە سەر بابەتەکەی خۆی هەندێ جاریش تەواوی ڕووداو و وێنەکانی نێو دەقەکەی، تایبەت دەکات بە رابردووی خۆی)).[محمد: ٢٠٢٤: ٢١]، لێرە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە شاعیر ئەگەر وێناکردنی شیعرەکەی لە رابردوو و یادەوەریەکانی خۆی بوو ئەوا نۆستالژیای تاک بەرهەم دەهێنێت.
نۆستالژیای گشتی ( جمعی، کۆ ) : لەم جۆرەدا گەڕانەوەیە بۆ کۆمەڵێک شتی گشتی، واتا تایبەت نیە بە بابەتێک لەم جۆرەی نۆستالژیادا، (( دەروون و هەستەکانی مرۆڤ لە بڕی ئەوەی ڕوو لە ڕووداو بەسەرهاتەکانی تاک بکات، لە بازنەی ڕووداو یادگاریی و بابەتە نەتەوەیی وکۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگا دەسوورێتەوە )) [محمد: ٢٠٢٤: ٢٩]، ئەم جۆرە تایبەت نیە یادەوەری شاعیر یان بابەتێک بەڵکو کۆمەڵێک بابەت و ڕووداو دەگرێتەوە، (( نۆستالژیای گشتی کە خاسڵەت و مۆرێکی گشتی هەڵگرتووە، واتا شاعیر تەواوی مرۆڤەکان لە هەموو شوێن و کات و سەردەمە جیاوازەکاندا لە شعیرەکەدا بەژداری پێدەکات)) [اسماعیل :٢٠١٤: ١٢٧], لێرەدا شاعیر باس لەو رووداو بە سەرهاتانە دەکات کە گشتین، (( ئەم جۆرە نۆستالۆژیایەی شاعیران گەرانەوەیە بۆ مێژووی نەتەوەیی و ئەفسانە کۆنەکان و کلتوری و کەلەپوری کۆنی نەتەوەیی، شوێنەوار و کەسایەتیە ئاینیی و سیاسی و مێژوەیەکان و شاعیرانی نەتەوەیی و ڕووداو و بەسەرهاتە سیاسیەکانی نەتەوەیی لە خۆ دەگرێت )) [عەبدوڵا: ٢٠١٦: ٣٤٤]، بۆ نموونە کاتێک شاعیر ئاگاداری ئەو ڕووداوانەیە دێت لە شيعرەکەی بە شێوەی هونەری و ئەدەبی باس لە (نۆستالژیا) دەکات.

جۆرەکانی نۆستالژیا لە شیعرەکانی “ڕەفیق سابیر:

لەم بەشەدا هەوڵ دەدەین نۆستالژیا و جۆرەکانی بە پێی دەرکەوتنیان لە شیعرەکانی ڕەفیق سابیر بخەینە ڕوو.

نۆستالژیای تاک:
نۆستالژیای گەڕانەوە بۆ سەردەمی منداڵی: هەستی نۆستالژیای گەڕانەوە بۆ سەردەمی منداڵی، هەستێکی زۆر جوان و گرنگە لە ژیانی هەموو مرۆڤێکدا. ئەم جۆرەی نۆستالژیا پەیوەندی بە ژیانی تایبەتی و ئەزموونی سەردەمی منداڵی شاعیرەوە هەیە، وەکو گەڕانەوە بۆ یادەوەرییەکانی سەردەمی منداڵی، (( لەم قۆناغەدا وێنە جۆربەجۆرەکانی ژیان لە مێشک و دەرووندا دەچەسپێت و هەرگیز ناسڕێتەوە، بۆیە مرۆڤ هەرچەندە گەورە بێت هێشتا وابەستەی ئەم قۆناغەیە، لە ڕووی مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتی و فێربوون و خوێندنەوە)). [محمد: ٢٠٢٤: ٧١]، لێرەدا بنەمای مێشک و زمان لەلای شاعیران بە تایبەتی و خەڵك بە گشتی، لە قۆناغی منداڵی و هەرزەکاریدا دروست دەبێت.

لە شیعرەکانی ” ڕەفیق سابیریشدا” هەستی نۆستالژی و گەڕانەوە بۆ سەردەمی منداڵی ڕەنگیداوەتەوە، بۆ نموونە لە شیعری ( گەڕانەوە) دا دەڵێ:
ئەو بۆ پرسین گەڕایەوە
لە کەناری خۆکوشتنڕا گەڕایەوە
پرسی: بە بیرت دێت ژیانمان لە ئامێز دەگرت
لە کۆڵانە باریکەکانی تەمەندا
چاوشارکێمان لەگەڵ ئایندەدا دەکرد [دیوانی ڕەفیق سابیر: ٣٠٠:٢٠١٣]
لەم شیعرەدا نۆستالژیای گەڕانەوە بۆ سەردەمی منداڵی بەدی دەکرێت، کە شاعیر باس لە خۆی و کەسێک دەکات، لە سەردەمی منداڵیدا کە دەڵێی ژیانمان لە باوەش کردووە، ئەم شیعرە باس لە کەسێک دەکات کە لە کەناری خۆکوشتندایە و گەڕاوەتەوە یادگاریە خۆشەکانی ڕابردووی.
نۆستالژیای گەڕانەوە بۆ سروشت: لە سەرەتای دروستبوونی مرۆڤایەتییەوە، مرۆڤ لە سروشتی ڕوانییوە، ((نۆستالژیا و گەڕانەوە بۆ سروشت و ژیانی کۆنی گوند و چیا و دەشت و کانی و ڕوبار و شوانکاری و..تاد. باسێکی باش و کاریگەرە، خۆ بەتاڵکردنەوە لەو خەم و ژانی دڵ و دەروون و ناخی مرۆڤدا)). [ عەبدوڵا: ٣٣٤:٢٠١٦]، گەڕانەوە بۆ سروشتیش، لایەنێکی بەرچاوی شیعری شاعیرانی ڕۆمانسیزمە، لە هەمان کاتیشدا ڕۆمانسیزمەکان، سروشتیان کردبووە سەرچاوەی ئیلهامیان. لە شیعرەکانی ” ڕەفیق سابیر”دا هەستی نۆستالژی و گەڕانەوە بۆ سروشت ڕەنگیداوەتەوە، بۆ نموونە لەم شیعرە دەڵێ:
بە بیرت دێت پاسیارییەکان بە جریوەی پڕ خرۆشیان؟
بەیانیان دێنایە نێو ژوورەکەمان
لە سروشتدا بۆ سیمای منداڵی دەگەڕاین
ڕازەکانی بوون و
داهاتوومان دەخوێندنەوە [دیوانی ڕەفیق سابیر: ١٣٠:٢٠١٤]
شاعیر گوزارشت لە نۆستالژیا دەکات بۆ ساتەکانی منداڵی پەیوەست بە سروشت، بەو پێیەی شاعیر یادەوەریەکانی پڕ لە بێتاوانی و پەیوەندییەکی زگماکی لەگەڵ جیهانی سروشتیدا بەبیر دەهێنێتەوە. هەروەها ڕەنگدانەوەی حەسرەتێکە بۆ ژیانێکی سادە لە سروشتدا، دوور لە جەنجاڵی ژیانی مۆدێرن و گەڕان بە دوای نهێنیەکانی بوندا، شاعیر باس لە گەڕان بەدوای لایەنی منداڵانەی ناو سروشت و ئەو نهێنیانەی داهاتوو دەکات کە ڕەنگە لەو ساتە زگماکیانەدا بن.
نۆستالژیای خەم و حەسرەتی دووری یار: دابڕان و دوورکەوتنەوە، کە بابەتی زۆربەی زۆری شاعیرانە. (( خۆشەویستی و دڵداریش بەشێکی گرنگ و فراوانی شیعری شاعیرانن بە گشتی، عەشق و خۆشەویستیش پێویستی بە سەرکێشی و قوربانیدانە، گەیشتن بە عەشق خۆڕاگری دەوێ، یۆنانییە کۆنەکان سەبارەت بە خۆشەویستی، خاوەن تێڕوانینی تایبەتی خۆیانن، پێیان وایە خۆشەویستی ئافرەت دوو جۆرە یەکەمیان خۆشەویستی لەشە (جەستەیە) کە لە وشەی (eros) خوای خۆشەویستی وەرگیراوە، بۆ وەسفکردن بەکاردێت، دووەمیان خۆشەویستی عوزری (agape)، ئەم جۆرە خۆشەویستییە، زۆرجاریش بە خۆشەویستی ئەفڵاتوونی بەناوبانگە، چونکە ئەفلاتون هەوڵی داوە، خۆشەویستی لەش ( ئیرۆسی) بخاتە ژێر کاریگەری فەلسەفە میسالییەکەیەوە و ڕەگێکی ڕۆحی پێ بدات)). [ محمد: ١١٩:٢٠٢٤], لە نۆستالژیای خەم و حەسرەتی دووری، کە تیایدا باس لە پەیمان شکێنی و هەروەها باس لە بێ وەفایی و هیوای بوونی ڕۆژانێک لەگەڵ یار و قسەی خۆش دەکرێت.
” ڕەفیق سابیر” یەکێکە لەو شاعیرانەی، کەوا شیعرەکانی باس لە عەشق و دووری و بێ وەفایی و لەدەستدانی یار و غوربەت و غەریبی و دووری وڵات و هەروەها دووری یار دەکات. ئەم جۆرە نۆستالژیایە لەم شیعرەی ڕەفیق سابیردا ڕەنگی داوەتەوە، دەڵێت:
ئەگەر ئێستا
شاجوانەکەی شەوی یەڵدا لێرە بوایە
من دەمتوانی بەرگە بگرم
بەرگەی تەنیایی و نامۆبوون
تەنانەت بەرگەی مردنیش بگرم
هەتا ماوم
دڵ پڕ هیوا گۆرانیی ئاشقانە بچڕم. [ دیوانی ڕەفیق سابیر:٦٠:٢٠١4]
ئەم شیعرە هەست و سۆزی قوڵی نۆستالژیا و خەمۆکی لەخۆ دەگرێت، شاعیر کەسێکی خۆشەویستی لەدەست داوە یان لێی دوورە، باس لە شاجوانەکەی شەوی یەڵدا دەکات کە ئاماژەیە بۆ شەوی یەڵدا، کە درێژترین شەوی ساڵە، لێرەدا شاعیر دەڵێت بوونی ئەو کەسە خۆشەویستە دەیتوانی بەرگەی هەموو سەختییەکان بگرێت، تەنانەت مردنیش. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە چەندە ئەو کەسە گرنگ بووە، ئێستاش نەبوونی چەندە کاریگەری لەسەر خراپی ژیانی شاعیر داناوە.
نۆستالژیای خەم و غوربەتی نیشتمان: گرنگترین شت، کە ژیان قورس و ناخۆش دەکات، ئەویش غوربەت و تەنیاییە. بە پێی بیروبۆچوونی دەروونناسان، (( خەمی غوربەت حاڵ و خەم و ژانێکە، کە بە هۆی جیابوونەوەیەکی دوور لە چاوەڕوانی، یان چاوەڕوانکراو لە ماڵ و ژیان و وڵات دروست دەبێت. بە واتایەکی دیکە، هەستی غوربەت حاڵەتێکی هەڵپڕمان و بزوێنەری و ناسراوی هەیە، پیشاندەری غەمگینییە، حەزکردن بە گەڕانەوە بۆ ماڵ و ماندووبوون بە بیرکردنەوە و خەون و خەیاڵی ماڵەوە و زێد و گوند و شار و وڵاتەکەی، دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوە لە خۆشەویستان و شوێنە ئاشناکان)). [عەبدوڵا:٢٥٩:٢٠١٦], ژیان لە دەرەوەی وڵات و هەروەها پەیوەست بوون بە شار و وڵات و گوند و گەڕەک و هەموو کوچە و کۆڵانەکانی وڵات، هەروەها خەیاڵی شاعیر لە تاراوگە و خاکی غەریبدا.
ئەم جۆرە نۆسۆلۆژیایە لەم شیعرەی ڕەیفیق سابیردا ڕەنگی داوتەوە, کاتێک دەڵیت:
لە کەرنەڤاڵی سووتاندا
رێژنە هەڵمدەکاتەوە
مەنفام لەبیر دەباتەوە
بەرەو بەردەقارەمان و
سلێمانی و
مهاباد و
گۆمی وان و
کەلاوەکانی قەڵادزێم دەباتەوە [ دیوانی ڕەفیق سابیر: ٩٧:٢٠١٣]
شاعیر باس لە کەرنەڤاڵی سووتان دەکات، کە دەکرێت ئەمەش هێمایەک بێت بۆ رووداوە ناخۆش و تاڵەکانی ڕابردوو، کە دەڵێت مەنفام لەبیر دەباتەوە بەمەش شاعیر غوربەت و دووری لە نیشتمانی خۆی لەبیر بچێتەوە، وە شاعیر ناوی چەند شوێنێک دەهێنێت، چونکە باسی حەسرەت و بیرەوەری بۆ شوێنە جیاوازەکانی کوردستان دەکات. لێرەدا شاعیر باسی خەم و حەسرەتی دووری لە نیشتمان و گرنگترین شوێنەکانی کوردستان دەکات.
نۆستالژیای داهاتوو / ئایندەسازیی: بیرکردنەوە لە داهاتوو دەتوانێت ئیلهامبەخش بێت بۆ تاکەکان کە بیر لە داهاتوو و ژیانی خۆیان بکەنەوە ئامانج و پلانی بۆ دابنێن بۆ چارەنووسی خۆیان، کە ئەمەش لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆرێت، لەوانەیە لای هەندێک کەس هەستێکی نائارام و ئازار بەخش بێت بیرکردنەوە لە داهاتوویان و ترسیان هەبێت لەو ڕووداو و پيشهاتانەی کە دێتە پێشیان لە ژیان، (( هەمیشە مرۆڤەکان حەڵەتەکانی ترس و دڵەڕاوکێ سەبارەت بە داهاتووی خۆی و کارەکانی بووە بە بەشێک لە ژیانی)). [اسماعیل: ١٠٠:٢٠١٤], ئەم جۆرە نۆستالۆژیایە لە لە شیعرەکانی ( رەفیق سابیر )دا دەردەکەوێت لە شیعری ( بەرەو کوێمان دەبات زەمان) دا دەڵێت:
پەیڤەکان خۆیان دەنووسنەوە
ئێمەش خۆمان
بەرەو کوێمان دەبات زەمان ؟
ئێمە دەتوانین بپرسین
کەچی هیچ ناڵێن
وەکو بێمانا بێت پەیڤین
بەڕێگاوە شوێن هەڵدەبڕین
تا راستی ببینین چڕبوونەوەی بۆشایی
ئەبەدییەت ببینین کە وێنەیەکی خۆمانە
بەرەو کوێمان دەبات زەمان ؟
نە بۆ مردن کاتمان هەیە
نە بۆ ژیان. [ دیوانی ڕەفیق سابیر: ١٠٣:٢٠١٣]
لەم شیعرەی ( رەفیق سابیر )دا هەستێکی نۆستالۆژیای نادڵنیایی داهاتووی تیا بەدیدەکرێت، کە ئەم شیعرە ڕەنگە حەسرەتێکی خەمناک بێت لای شاعیر کە دەڵێت ( بەرەو کوێمان دەبات زەمان ) لە هەمان کاتدا شاعیر پرسیاری ئەوە دەکات کە کات بە چ ئاراستەیەکدا دەیانبات بە دوای وەڵامی پرسیارەکانی داهاتوودا دەگەرێت، بەڵام بێ وەڵامدانەوەکەی ئەوەمان بۆ دەردەخات کە داهاتوو بە نادیاری و پێشبینی نەکراو دەمێنێتەوە.

نۆستالژیای گشتی:
نۆستالژیای گەڕانەوە بۆ ڕووداوە سیاسی و مێژوویەکان: چەندین ڕووداوی سیاسی و مێژوویی لە مێژووی نەتەوەکەماندا تۆمارکراوە، ڕووداوەکانیش ڕووداوی زوڵم و زۆرداری خوێناوی دژ بە گەلەکەمانن، بۆیە شاعیران لەناو دەقەکانیاندا، ڕووداوە سیاسی و مێژوویەکان بەکاردەهێنن، چونکە ( شاعیران مێژوو تەوزیف دەکەن بە لەدایکبوونێك، لە بیرەوەریەکانی مێژوویان لە گێڕانەوەی ڕووداوەکان، یان بەبیرهێنانەوەی کاتە ڕابردووەکان و لە وێنەی شیعری خۆیاندا بڵاوی دەکەنەوە، بە زۆری ئەم بیرهێنانەوەی ڕابردوو پێکچوونە و نزیک بوونەوەی وێنەی شیعرییە لە میانەی ئێستا و ڕابردوودا)). [عیسا:291:2009]، ئەم جۆرەی نۆستالژیای گشتی، ڕووداو گەلێکی وەکو شەڕ و جەنگ و ڕووداوە سیاسی و مێژوویەکان دەگرێتەوە. ئەم جۆرە نۆستالژیایە لەم شیعرەی “ڕەفیق سابیر”دا ڕەنگی داوتەوە, دەڵیت:
کێ دەزانێت
چۆن دەست بەسەری بێکەسی و
ئاوارەیی
ژانی نەوەیەکدا دێنیت
لەنیو گۆڕستانی گیاندا
چراکان دادەگیرسێنیتا
ئێمە نەبێت کێ دەزانێت
ئۆ چۆن مێژووی دەهەژێنیت [ دیوانی ڕەفیق سابیر: ٦٨:٢٠١٤]
ئەم شیعرە گوزارشت لە نۆستالژیا دەکات بۆ ڕابردووی سیاسی و مێژوویی، بەو پێیەی شاعیر یادەوەرییەکانی ئەو ڕووداو و ململانێ و گۆڕانکارییە گەورەکان بەبیر دەهێنێتەوە, کە وڵاتەکەی یان گەلەکەی ئەزموونی کردووە و هەست بە ئازار و لەدەستدان و تەنیایی دەکات بەهۆی دەرئەنجام و کاریگەرییەکانیان لەسەر نەوەکان.
نۆستالژیای گەڕانەوە بۆ ئەفسانە کۆنەکان: ئەفسانە ئەنجام و هەوڵدانی مرۆڤن، هەڵگری ئەندێشە و ئاواتی مرۆڤن، ئەفسانە (( ئەو دونیا تایبەتەیە، کە مرۆڤ بوونی خۆی و دەورووبەرەکەی پێ لێکدەداتەوە، بۆیە دەبێتە کەرەستەیەکی باش بۆ لێکۆڵینەوەی بوارە جۆربەجۆرەکانی ژیانی کۆمەڵگا)). [ کریم: ١٣٩٩:١٤٢]، دەتوانین بڵێین ئەفسانە، بە شێوەی حیکایەت و چیڕۆک و سەرگوزەشتە دەگێڕدرێتەوە. هەروەها د. “مەولود ئیبراهیم حەسەن” دەڵێت: (( ئەفسانە بەرزترین و گرینگترین و کۆنترین ئاستی بیرکردنەوەی مرۆڤە و مرۆڤ بەردەوامە لەم جۆرە بیرکردنەوەیە بە شێوازی جیاجیا)). [ عەبدوڵا: ٣٤٥:٢٠١٦]، بە سەرنجدان لەوەی کە باسمان لە ئەفسانە کرد، بەکارهێنانی ئەفسانە و ڕەمزە ئەفسانەیەکانیش لە شیعری نوێدا گرنگی زۆری پێدراوە. ئەم جۆرە نۆستالژیایە لەم شیعرەی “ڕەفیق سابیر” دا ڕەنگی داوتەوە, دەڵیت:
نە ئەفسانەبوو، نە سیحر
کەنار پەرەستگای شەونم و وەنەوشە بوو
دەریایش پرسیاری ئەزەل و ئەبەدییەت
تۆ سیحراوی بوویت وەک دەریا
منیش پەشۆکاو بە وێنەی خۆرئاوابوون. [ دیوانی ڕەفیق سابیر: ٤٣:٢٠١٤]
شاعیر باس لە پەیوەندیەکی ڕۆمانسی دەکات، کە دەڵێت نە ئەفسانەبوو، نە سیحر شاعیر دەیەوێت بڵێت ئەم پەیوەندییە شتێکی خەیاڵی یان جادوویی نەبوو، بەڵکو ڕاستەقینە بوو. ئەم شیعرە پەیوەندی بە ئەفسانەوە شاعیر باس لە پەرستگای شەونم و وەنەوشە دەکات.
نۆستالۆژیای گەڕانەوە بۆ کەساییەتیە جیاوازەکان: کەسایەتی ڕەگەزێکی گرنگی دەقە ئەدەبیەکانە هاوشێوەی ڕەگەزەکانی تری وەک کات و شوێن ڕووداو، (( لە لێکۆڵینەوە ئەدەبیەکاندا کەسایەتی بۆ چەندین شێوە و جۆر پۆلێن کراون و هەریەکایان بە پێی ئەو ئەرکەی پێی دەسپێردرێت پلە و بەهای بۆ دیاریکراوە )). (اسماعیل: ٢٠١٤: ١٦٠), لەم جۆرە نۆسۆلۆژیایە شاعیر لە نێو شیعرەکەیدا باس لە کاسایەتی دیار و بەناو بانگ، کە لە ئەنجامی کردەوەیەک یان هەر کارێک بێت کە ئەم ناوبانگەی پەیدا کردووە، ئەم جۆرە نۆستالۆژیایە لە شیعرەکانی رەفیق سابیردا رەنگیداوەتەوە، بۆ نموونە لە شیعری ( شەوانی ئاخاوتن )دا دەڵێت:
چۆن بتوانین شوێنێک پەیدا بکەین
کە پابەندی زەمان و مردنمان نەکات
لەکوێ کەسێک بدۆزینەوە
کە قوڵای پشکنێت
وەک ( لازارۆس ) بە چاوی خۆی هەموو شتێکی بینیبێت
لەم شیعرەدا کەسایەتی (( لازارۆس بەکارهاتووە کە کەسایەتیکی زۆر بە واتایە، لازارۆس ئەو کەسە بوو کە مەسیح چووە سەر گۆرەکەی و بە دەنگێکی بڵند هاواری کرد، لازارۆس وەرە دەرێ، لازارۆس کە چوار رۆژ بوو مرد بوو دەست و پێی بە کفن بە و روخساری بە دەسەسرێک پێچرابوون، لە ناو گۆرەکەی هاتەدەرێ مەسیح بە خەڵکەکەی وت بیکەنەوە با بڕوات)). (دیوانی رەفیق سابیر: ٢٠١٤ :١١٧(

ئەنجامەكان:
لە کۆتایی توێژینەوەکە گەیشتینە ئەو ئەنجامانەی خوارەوە:

1/ رەفیق سابیر، هەردوو جۆرەکەی نۆستالۆژیا ( نۆستالۆژیای تاک، نۆستالۆژیای گشتی ) لە شیعرەکانیدا بەکارهێناوە، نۆستالۆژیای تاک لە جۆرەکانی ( نۆستالۆژیای گەڕانەوە بۆ سەردەمی منداڵی، نۆستالۆژیای خەم و حەسرەتی دووری یار، نۆستالۆژیای گەڕانەوە بۆ سرووشت، نۆستالۆژیای خەم و غوربەتی نیشتیمان، نۆستالۆژیای شاری نموونەیی، نۆستالۆژیای حەسرەت و خەمی پیری، نۆستالۆژیای داهاتوو )ی بەکارهێناوە، نۆستالۆژیای گشتی لە جۆرەکانی ( نۆستالۆژیای گەڕانەوە بۆ ڕووداوە سیاسی و مێژوویەکان، نۆستالۆژیای ئەفسانە کۆنەکان، نۆستالۆژیای گەڕانەوە بۆ کەسایەتیە جیاوازەکان )ی بەکارهێناوە.
2/ سۆزی نۆستالۆژیا لەلای ( رەفیق سابیر ) تەنها بۆ ڕابردوو نەبووە، بەڵکو بۆ ئایندەش دەڕوانێت، هەرووەک لە شيعرەکانی رەنگیداوەتەوە .
3/ نۆستالۆژیا یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکیەکانی داهێنانی دەقی ئەدەبی لای ( رەفیق سابیر) .

ئامادەکردنی: ئەڤین خدر قادر – هێرۆ نوری وهاب

——————————————–

سەرچاوەکان:
عیسا، هاوژین سلیوە، (٢٠٠٩)، بنیاتی وێنەی هونەری لە شیعری شێرکۆ بێکەس دا، چاپی یەکەم، سلێمانی.
عەبدوڵا، سۆران مامەند، (٢٠١٦)، نۆستالژیا لە شیعری هاوچەرخی کوردیدا، چاپی یەکەم، ناوەندی ئاوێر بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە, هەولێر.
اسماعیل، ڤیان عباس، (٢٠١٤)، نۆستالژیا لە شیعری کلاسیکی کوردیدا بە نموونەی (نالی- سالم- کوردی)، نامەی ماستەر، زانکۆی سەلاحەدین، کۆلێژی پەروەردە، بەشی کوردی.
محمد، عزالدین صابر، (٢٠٢٤)، نۆستالژیا لە شیعرەکانی (پیرەمێرد و دیلان و هێمن) دا، نامەی دکتۆرا، زانکۆی سلێمانی، کۆلێژی زمان، بەشی کوردی.
سەرباز و بینابی، حەسەن سەیوان محمد تاهیر، (١٣٩٨)، شێوەکانی نۆستالژیا لە شیعرەکانی پیرەمێرد و بەدر شاکر سەیابدا، ژمارە (٧).
.میرە، عومەر: احمد محمد و مهدی فاتح: (٢٠٢٠)، نۆستالژیا لە دیوانە شیعری ملوانکەی هەزار دەنکەی شارباژێڕی، جەمال شارباژێڕی، گ.ز. هەڵەبجە.
محمد، عزالدین یابر، (٢٠٢١)، نۆستالژیا لە شیعرەکانی (شێخ نووری شێخ صالح) دا, گۆڤاری زانکۆ بۆ زانستە مرۆڤایەتییەکان, ژمارە (5).
کەریم، فەرهاد، قادر(١٣٩٩)، کەلەپوور لە شیعری کوردیدا، خوێندنەوەی بەرهەمەکانی کاکەی فەلاح بە نموونە، پژوهشنامەی ادبیات کردی، ساڵ 6، شمارە۱.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next

Leave a Reply

Kurdish
Powered by TranslatePress