خەڵکێک.. نەوزاد بەندی
پۆلیسەکە هەتا بڵێی قەڵەو بوو ، سمێڵێکی تیژی باڵە فڕۆکەیی ماش و برنجیی لێ بەردابۆوە ، لە ناوەڕاستی دەرگاکەدا وەستابوو .. خەڵکێکی زۆر سەرەی گرتبوو ، بۆ چوونە ژوورەوە ..
یەک بە یەکیانی ئەپشکنی .. کە ئەیپشکنین ، سمێڵی بەر تەپڵی سەر .. ناوچاو ..ڕوومەت ..لێو ..چەناگە ..گەردن ..سنگ ..وورگی پشکنراوەکە ئەکەوت .. ئەوەیش پەیوەندی بە باڵای پشکنراوەکەوە هەبوو ، باڵای زۆر بەرز بووایە ، سمێڵەکان بەر سنگی یان وورگی ئەکەوتن ..ئیتر هەتا باڵاکە نزمتر بووایە ، باڵە تەیارە ماش و برنجییەکان بەر شوێنی بەرزتر ئەکەوتن ، نزمترین باڵا تەپڵی سەر بوو ، ئەبوو بە جێکەوتە یان لێکەوتەی دوو باڵەکە .. چونکە باڵای پۆلیسەکە نەگۆڕ بوو ..
خەڵکەکە ڕێزێکی زۆریان پیشان ئەدا و سڵاوی جۆرا و جۆریان لێ ئەکرد :
سڵاوت لێ بێ ..
بێوەی بی ، باش بمانپشکنە ، پیاو خراپ زۆرن ..
لە تەمەنی ئێمە بچێتە سەر تەمەنی تۆ ..
ئێوە نەبوونایە ، جەردە تاڵانی ئەکردین ..
بینینتان دڵ ئەکاتەوە ، هەناسە!
شایانی هەموو ڕێزێکی ،عەزیزم ..
داو دەرمانەکەم ، چاوت ماچ ئەکەم ..
سەر و ماڵ ! ، سەلامەت لێ بێ ..
دڵخۆش و سەربەرزبیت ، وڵاتپارێز ..
پیاوی مەرد ، نمونەت زۆر بێ ..
دنیایەک خۆشەویستیمان هەیە بۆت ..
دەستت نەئێشێ ، ئازیزم ..
هەموو کاتێکت باش بن ، دڵەکەم ..
قەڵاچۆکەری دز و مافیا ، حورمەتت هەیە ..
خوا بۆ ئێمەت بهێڵێ ..
سەلامون عەلەیکوم ..
هەلەو ڕۆحی من ..
چاومانی ، گەورەم ..
خوا دەست بە باڵتانەوە بگرێ ..
بە بێ ئێوە ، چیمان بکردایە ؟
بەیانیت باش ..
تەمەن درێژ بیت ..
تەندروست باش بی ..
خوا پاداشتی بەخێرت باتەوە ..
ئەک دەست و چاوت خۆش بن ..
جەزاکەڵڵا ..
ئەم کاتەت باش برای بەڕێز ..
سڵاوت لێ بێ بیلبیلە ..
وەشەنی .. خاثەنی ..؟
خۆش بیت ، خوا قەرزا ..
دەمباش ، هەڤاڵ گیان ..
بابی بابم کوی ؟
لە بەرت مرم ، براگەورە ..
دەستەکانت ماچ ئەکەم ، بارەکەڵڵا فیکوم ..
مانی نەبی ، باشچاوەش ..
چ حالە سەیدا ..
سڵامەلێک ..
تاجی سەر ، چۆنی ؟ ..
ڕۆژ باش ، سەروەرم ..
سەباحلخێر ، گلێنەی چاو منی ..
زۆر زەحمەتمان دای ، برالە ..
جەرگ و دڵ ، خوا بتهێڵێ ..
لوتف و کەرەمتان فەرموو ..
دەستخۆش ، مەعزەرەتم هەیە ..
بە قوربانی کوڕ بم ، چاو ڕەشەکەم !
خەجاڵەتم براگیان ، خوا سەلامەتت کا ..
جۆرەها چاک و خۆشیی تریان دەدا بە گوێچکەکانیدا ، ئەویش وەڵامی نەدەدانەوە و ڕۆبۆت ئاسا ،لەگەڵ مژی پچڕ پچڕی جگەرەکەی لا لێویدا ، بە توندی دەستی ئەکوتایە بن باخەڵ و ..گیرفان و ..پانتۆڵ و.. لای ناوگەڵ و ..شوێنە نامۆکانیان ، بە جۆرێ هەندێکیان ئەیانووت : ( ئاخ) یان موچڕکێکیان پیا ئەهات و .. هەندێکیشیان کە زنجیری قەڵەمسەڵەکەی ، یان نقێمە گەورەکەی ئەنگوستیلەکەی بەر شوینێکی هەستیاری ئەکەوت ، ژان ئەچووە دڵی و هاوارێکی لێ هەڵئەستا ، بە دوایدا زەردەخەنەیەک و دەستخۆشییەک و هەندێکیشیان بەو ئازارەیشەوە ئەیانووت : قایم .. قایمتر .. وا نەبێ وڵاتەکە دز و حیز وێرانی ئەکەن ..
دوا جاریش دوو دەستی ئەهێنا بە سمتیانا …
ئەو خەڵکە کە دەچوونە ژوورەوە ، نەدەچوونە ژوورەوە بۆ ئاهەنگ ..هەروەها شانۆ نەبوو .. مەلەوانگە یان مۆزەخانە و دیسکۆ نەبوو .. فڕۆکەخانە و ..مۆڵی گەورە و ..دەعوەتیی مەڕخواردنی بە کۆمەڵ و سەیرانیش لە گۆڕێ نەبوو .. مزگەوت و تەکیە و زانکۆ و حوجرە و ئەو شتانەیش نەبوو ..
خەڵکەکە ئەچوونە ژوورەوە باج بدەن .. هەر هەموویان گیرفانیان لە پارە ئاخنرا بوو ..پۆلیسەکە هەر بە دەست پیاخشاندنێک ، ئەیزانی پارەیە یان ڕۆژنامەی قەدەغە .. بەیاننامە و نوسینی تووڕە و وەرەقەی کۆنکەن و شیعری دڵداری و بایکۆت و هەموو شتێکی بە بێ بینین ، لە یەکتری جیا ئەکردەوە ..تەنها بە دەست پیاهێنان ..پێی ووترا بوو تەنها کاغەز کە ڕێپێدراوە بێتە ژوورێ ، کاغەزی پارەیە ..
باجەکان جۆرا و جۆر بوون : باجی عەرەبانە ، باجی خوشکێکی بەساڵا چوو کە هاوسەرگیریی نەکردووە و لە ماڵی براکەی ئەژی ، ئەمە باجی کرێچی بوو ..باجی دایکێک لە ماڵی کوڕەکەی ئەژی .. باجی خانوویەک چۆڵە و خاوەنەکەی سەری خۆی هەڵگرتووە ..باجی سەعاتی کارەبا ..باجی خانوویەک کە کابرا نەیزانیوە بڵێ هی خۆمە و بە کرێچی حیسابیان بۆ کردووە .. باجی ناوساجی فرۆشێک سێ ساڵە مردووە ، بەس کەس و کارەکەی بیریان چووە بڕوانامەی مردن ببەن بۆیان و جاڕ بدەن کە ناوساجی فرۆشەکە مردووە .. باجی باوکێک ، کوڕەکەی لەئاوی ئیجە خنکاوە و ..ئەو بووە بە کەفیلی و ..هەندێ پارەی پڕۆژەی بچوکی قەل بەخێوکردنی لەسەر کەڵەکە بووە .. باجی ئەو خانووانەی دە ساڵە باڵێک ئەڵێ لێتانخۆش بووین و باڵەکەی تر ئەڵێ ئەبێ دوا بە فلسی بدەن ..باجی ئەو جوتیارانەی چوار ساڵە وڵاتیان جێهێشتووە و هێشتا ناویان لە تۆمار نەسڕاوەتەوە ..ئەو کرێکارانەی کۆمپانیاکانیان مایەپوچ بوون و زۆربەیان خۆیان کوشتووە و هەندێکیشیان دوای نوێژی عەسر هێلکەی قوڵەفڕە ئەفرۆشن ..باجی ئەو ماتۆڕانەی مقەبای بەلاش و حەلاشی مارکێتەکان کۆ ئەکەنەوە ..باجی ئەو تەسبیحفرۆشانەی داشبۆردی مزگەوتەکانیان تەنیوە .. باجی ئەو عەلاگە فرۆشانەی لە دوانزە عەلاگە ، عەلاگەیەک لوش ئەدەن ..باجی ئەو دەستگێڕانەی لە کۆڵانەکان ، بە مەقام وئەڵڵاوەیسییەوە کاڵاکانیان هەڕاج ئەکەن ..باجی ئەوانەی بێ ئیشن ، بەڵام مۆڵەتنامەی ئیشیان هەیە و هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ کراوە بۆ وەرگرتنی ئەو مۆڵەتنامەیە ، لەگەڵ گرانبوونی لاپەڕەی ئەی فۆڕ و مرەکەبی ستامپا و …هەموو ئەو خزمەتگوزاری و مافە باشانەی خەڵکەکە بە گوڕ و تینەوە هاتبوون لە بەرامبەریاندا ، ئەرکەکانی سەرشانیان جێبەجێ بکەن ..