Skip to Content

ژیانی سوهرەوەردی لە رۆمانێکدا.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

ژیانی سوهرەوەردی لە رۆمانێکدا.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

Closed
by ئه‌یلول 16, 2021 General, Literature


خوێندنەوەیەک بۆ رۆمانی قەلەندەر و قەڵا


ئەردەڵان عەبدوڵڵا


لە وتاری پێشوومدا باسی بنەما فکرییەکانی سوهرەوەردیم کرد، لەم وتارەشدا لەرێگەی باسکردنی رۆمانی ” قەلەندەرو قەڵا” وە، باسی هەندێک لایەنی شەخسی ئەم فەیلەسوف و عاریفە گەورەیە دەکەم.
لەناو ژانری رۆماندا، رۆمانی بیۆگرافی تایبەتمەندیی خۆی هەیە، پێش هەموو شتێک دەبێت ئەو کەسانەی کە ئەمجۆرە رۆمانانە دەنووسن، شارەزاییەکی ئێجگار باشیان لەبارەی مێژوو، کەسایەتیی، ژیانی شەخسیی و فکریی ئەو کەسەوە هەبێت کە لەبارەیەوە دەنووسن. ئەمجۆرە رۆمانانەش لەناو ئەدەبیاتی جیهاندا زۆرن و چێژی گەورەش بە خوێنەران دەبەخشن، لەهەمانکاتیشدا خوێنەر بەو کەسایەتیانە دەناسرێن کە پێشتر نەیانناسیون. لەوانەبێت زۆرجار لەرێگەی رۆمانێکەوە، باشتر لە فکری کەسێک یان فەیلەسوفێک ئاشناتر بین. یەکێک لەو رۆمانە جوانانەی کە لەم بوارەدا نووسراون، رۆمانی ” قەلەندەر و قەڵا” یە لە نووسینی نووسەری ئێرانی یەحیا یەسریبی” یە، وەرگێڕی بەتواناش ئازاد بەرزنجی لە فارسییەوە کردوویەتی بەکوردی.
نووسەر زۆر شارەزاییە لە فکر و فەلسەفە بە گشتیی و سوهرەوردەیش بەتایبەتی. ئەو پاشخانە فکرییەش هاوکارییکردووە تاوەکو لە نووسینی رۆمانەکەیدا سەرکەوتوو بێت. خۆشبەختانە وەرگێڕی رۆمانەکەش هەم لە بواری فکریی و فەلسەفیدا شارەزاییە، هەمیش لە زمانی فارسیدا، هەرئەمەش وایکردووە کە لە وەرگێڕانەکەدا سەرکەوتوو بێت.
لێرەدا پێمخۆشە بەچەند دێڕێک ئەم رۆمانە جوانە بە خوێنەران بناسێنم، بەمشێوەیەش کەمێک باسی فکر و فەلسەفە و ژیانی شەخسی سوهرەوەردیش بکەین.


ناوەڕۆکی رۆمانەکە

وەکو لە پێشیشدا ئاماژەم پێکرد، ئەم رۆمانە باسی ژیانی شەخسیی و فکری فەیلەسوفی مەزنی کورد و خۆرهەڵاتیی و جیهانی سوهرەوەردیی دەکات. سەرەتای رۆمانەکە بە منداڵیی سوهرەوەردیی دەستپێدەکات، کاتێک شەو دایکی بەدیارییەوە چاودێریی دەکات و تەواو نیگەرانە، چونکە منداڵەکەی تاییەکی بەهێزیی هەیە. گەرچی حەبەشی باوکی بەو شێوەیە نیگەران نییە. پاشان نووسەر وردە وردە دەزووی رۆمانەکە دەکاتەوەو سەرەتای ژیانی سوهرەوەردیمان بۆ باس دەکات. سوهرەوەردی هەر لەمنداڵییەوە نیشانەکانی بلیمەتیی و زیرەکی پێوە دیارە، بۆیە لە قووتابخانە لای شێخ عەبدولڕەحمانی مامۆستای گوند، خۆشەویست دەبێت و دەیکاتە سەرپەرشتیاریی قووتابییەکانی تر و بە شێخی قووتابییەکان ناوی دەبات.
سوهرەوەردی خەون دەبینێت و پاشان بۆ مامۆستا و هاوڕێکانی دەگێڕێتەو، لە خەونیدا باڵێکی هەیە و پاشان پیاوێکی پیر دەبینێت باڵێکی بەدەستەوەیە دەڵێت ئەمە باڵەکەی ترتە، تۆ ناتوانیت بە یەک باڵ بفڕیت، ئەویش دەیەوێت باڵەکەی دەستی بگرێت، بەڵام پیرەمێردەکە دوور دەکەوێتەوە دەفڕێت بۆ ئاسمان، ئەمیش بەدوایدا هاوار دەکات و داوای باڵەکی دەکات.
دواتر مامۆستاکەی دەینێرێت بۆ لای خواجە عوبەید تاوەکو راڤەی خەونەکەی بۆ بکات. کە دەچێتە لای خواجە عوبەید ئەویش خەونەکەی بۆ راڤە دەکات و دەڵێت: تۆ خودا بەهرەیەکی پێداویت، ئەمە باڵێکیانە، ئەوەی تریشان دەبێت بەدوایدا بگەڕێیت ئەویش لە رێگەی مامۆستا و رابەرێکەوە فێری دەبیت و دەبێت بەدوایدا بگەڕێیت. ئەم خەونەش دەبێتە سەرەتایەکی گرنگ بۆ ئەم منداڵە و بە تەواوی ژیانی دەگۆڕێت و حەزی خوێندن و گەڕان بە دوای باڵی دووەمیدا، دەبێتە ژیان و خولیای. هەرواش دەکات، تەواوی ژیانی بە دوای گەڕان بەدوای مەعریفە و زانستی نوێدا دەگەڕێت. سەرەتا دەچێتە شاری ئەسفەهان و لەوێ دەستدەکات بە خوێندن، لێرەشەوە کاروانی فێربوون و خوێندن دەستپێدەکات و پاشان دەچێتە مەراغە و ماردین و شام و دواجاریش لە شاری حەلەب دەگیرسێتەوە.
کێشەکە لەوەدایە ئەو قوتابخانانەی کە ئەو سەردانی دەکات، ناتوانن تینوێتی سوهرەوەردیی بشکێنن و خەون و خەیاڵەکانی زۆر لەوە گەورەترن. وەکو خۆشی لە دیالۆگێکیدا بە برادەرێکی دەڵێت:
” ئەوەی لە شەریعەتدا هاتووە و زاناکانی کۆن گوتوویانە، ئەو زانیارییانەن کە لە بەردەستماندان و بێ هیچ خۆماندووکردن و تەقەڵایەکی نوێ، خراوەتە بەردەستی ئێمە، کەواتە ئەرکی ئێـمە و ئەوانەی دوای ئێمە، لە خزمەتکردن بە زانستەکانی مرۆڤدا چییە؟ ئەگەر بواری زانستە ئەقڵییەکان قەدەغە و حەرام بکرێن، کەواتە کاری زانایان، جگە لە هەڵگرتنی کتێبە کۆنەکانی پێشینان چی دەبێت؟ ل46″
ئەو هەمیشە خوێندکارێکی ئاساییی نەبووە، هەمیشە چەکی پرسیاری ئامادەبووە، ئەمەش زۆرجار رووبەروی کێشەوگرفتی زۆری کردووە. بۆ نموونە کاتێک لای مامۆستا زەهیرولدین فارسی بوو، رۆژکیان پرسیاری زۆر دەکات، دوایی مامۆستاکە شێخ ئەحمەدی قوتابیی کۆنی خۆی دەنێرێتە لای سوهرەوەردیی، نیگەرانی مامۆستای پێ رادەگەیەنێت و پاشان ئامۆژگاری دەکات و دەڵێت:
” ئەگەر دەتەوێت ڕێزت لێ بگرن، ئەگەر دەتەوێت بە ئارامی بژیت، کەم قسە بکە، پرسیار مەکە، تا دەم بوەستێ، سەر سەلامەتە .ل 55 “
بەڵام سوهرەوەردی ناتوانێت وەکو خوێندکارەکانی تر دەمی بگرێت و پرسیار نەکات، وەکو خۆشی دەڵێت:
” چۆن دەبێت مرۆڤ پرسیار نەکات! پرسیارکردن رۆحی مێشکی مرۆڤە، ئەگەر جەسارەت و توانای پرسیارکردن لە من بستێنەوە، دڵنیام هیچم پێ نابەخشن.ل56 “
کاتێک خوێندن لە ئەسفەهان تەواو دەکات و دەگەڕێتەوە بۆ گوندەکەی خۆیان، دایکی زۆر دڵخۆش دەبێت و دەیەوێت ژنی بۆ بخوازێت و لەپاڵ دایکیدا بژی، بەڵام وەکو دەڵێن ئاش لە خەیاڵێك و ئاشەوان لەخەیاڵێکی تر، سوهرەوەردیی لە خەون و خەیاڵێکی تردایە کە زۆر جیاوازە لەوەی دایکی. کێشەی سەرەکی ئەو ئەوەیە، هەمیشە وەکو دەروێشێک بەدوای زانین و مەعریفەی نوێدا دەگەڕێت. وەکو خۆشی دەڵێت:
“تینووێتییەکی لە رادەبەدەر و سەیرم بۆ مەعریفە هەیە، دەچم بۆ مەراغە، یان هەر شوێنێکی تر، کە سەرچاوەی زانین بن، ئەوەی بیری لێ نەکەمەوە سەروەت و سامان و پلەوپایە و ژن و مناڵە، هەست دەکەم ئەمانە دەبنە کۆت و لە جووڵەم دەخەن. بۆ ساتێک چییە، سروەتم نییە، تینوێتیی بۆ زانین و گڕی حەزێک بۆ گەڕان، وا لەناو دڵمدا! بارەکەشی کۆڵێک کتێبە. ونبوویەک هەیە، کە دەبێت بە دوایدا بگەڕێم و لەم رێیەشدا هیچ شتێک ناتوانێت بەرم لێ بگرێت، مەگەر تیغی ئەجەل یان شمشێری جەهل و ئێرەیی. ل76”
هەربۆیە تەنها پشتی بە قوتابخانە ئیسلامییەکان نەبەست، بەڵکو هەوڵیدا لەناو ئاینەکانی تریشدا بەدوای هەقیقیەت و مەعریفەدا بگەڕێت، بەتایبەتی ئایینی زەردەشتیی. کاتێک لە سوهرەوەردەوە بەرەو مەراغە دەچێت، لەرێگەدا چاوی بە پیاوێکی پیر دەکەوێت و ئەویش باسی موغێکی زەردەشتی بۆ دەکات، یەکسەر سوهرەوەردی رازی دەبێت و دەچێتە لای ئەو موغە زەردەشتییە و ماوەیەک لەوێندەر دەمێنێتەوە فێری عیرفان و زانستی زەردەشتی دەبێت.
جگە لە مەسەلەی عیرفان و گەڕان بەدوای زانستدا، لێرە لای ئەو موغە زەردەشتییە، سوهرەوەردیی لایەنێکی تری خۆی بۆ رووناک دەبێتەوە ئەویش خۆشەویستییە، لێرە کچە شۆخ و شەنگی زەردەشتی ” سیندوخت” دەبینێت و عاشقی دەبێت، ئەم عیشقەش وەکو نوورێکی نەمر وایە و هەمیشە کاتێک تاریکی بەسەر دەروون و ناخیدا زاڵ دەبێت، سیندوخت بە خۆشەویستی خۆی رووناکی دەکاتەوە. ئەم کچە و ئەم عیشەقە هەتا کۆتایی ژیانی لەگەڵیدا دەمێنێت، بەڵام بەشێوەیەکی خەیاڵی، لەمەشدا نووسەر زۆر سەرکەوتووو بوە لە باسکردنی ئەو حاڵەتە تایبەتییە خۆشەویستیی و عیشقە.
دواتر نووسەر هەوڵیداوە کاروانی ژیانی سوهرەوەردیی باس بکات و لێرەشدا ناوی زۆر شوێن و کەسایەتیی مێژوویی دێن. هەتا دواجار رۆمانەکەی دەباتە شاری حەلەب ئەمەش دەبێتە دوایین وێستگەی رۆمانەکە، هەر لێرەش ژیانی سوهرەوەردی بەشێوەیەکی تراژیدیی کۆتایی پێدێت، کاتێک کۆمەڵێک زانای ئایینی گوشار بۆ سەر دەسەڵات دەهێنن، کە دەبێت سوهرەوەردیی سزا بدرێت، چونکە کەسێکی کافر و دەرچووە لە ئایینی ئیسلام. دواجار لەم پیلانەیاندا سەردەکەون و لەپاش دادگاییکردنی لەلایەن کۆمەڵێک زاناوە، بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەردەچێت. لەکاتێکدا زاهیر شای کوڕی سەلاحەدینی ئەیوبی زۆر هۆگری سوهرەوەردیی دەبێت و حەزیش ناکات سزای بدات، بەڵام ئەویش دواجار لە ژێر گوشاری باوکیدا بڕیارەکە جێبەجێ دەکات.


شێوازی نووسین

یەکێک لە خاڵە جوان و سەرکەوتووەکانی ئەم رۆمانە شێوازی نووسینێتی، بەڕاستی نووسەر زۆر جوان توانیوێتی لە رێگەی بەکارهێنانی شێوازێکی جوانی ئەدەبییەوە، رۆمانەکەی بڕازێنێتەوە و زۆربەی رەگەزەکانی رۆمانی بە باشی بەکارهێناوە لە پێش هەمووشیانەوە” دیالۆگ، داڕشتن و شیکردنەوەی کەسایەتییەکان، کات و شوێن، مۆنۆلۆگ، فلاش باگ” لەهەمووشی گرنگتر نووسەر لە باسکردنی کەسایەتییەکەیدا شێوازی ” ماگی- ریالیزم، ریالیزمی سیحریی” بەکارهێناوە، ئەمەش زۆر کەم نووسەر تێیدا سەرکەوتوو دەبن، کەمن ئەوانەی دەتوانن ئەم شێوازە بەکار بهێنن. ئەم شێوازی ماگی ریالیزمەش چێژی زیاتر بە خوێنەر دەبەخشێت و زیاتر تێکەڵی دەکات لەگەڵ ناوەڕۆکی رۆمانەکە.

خۆشەویستی

جگە لە پرسی فکریی و فەلسەفیی، چیرۆکی خۆشەویستی بابەتێکی گرنگی تری ناو ئەم رۆمانەیە. نووسەر هەوڵیداوە لایەنێکی تری ژیانی ئەم کەڵە فەیلەسوفەمان بۆ باسبکات و کاریگەریی خۆشەویستی بەسەر ئەم کەسایەتییە فکریی و ئاینییەوە دەربخات. سیندوخت هەتا کۆتایی رۆمانەکە بەشیوەیەکی خەیاڵئامێز، دەبێتە تارماییەک و هەمیشە لە ناخ و دڵ و دەروونی سوهرەوەردیدا دەمێنێتەوە. ئەوەی نوێ بوو بۆ من، شیکردنەوە وشەی ” عیشقە” ، ئەم وشە عەرەبییە مانای گیاییەک دەگەیەنێت کە لە دارێکەوە دەئاڵێت و تەواوی لق و پۆپەکانی دەگرێتەوەو هەموو ئاو و وزەی دارەکە دەبات و هەتا لەکۆتاییدا وشكی دەکات. پێدەچێت عەرەب لە هەڵبژاردنی ئەم وشەیەدا زۆر سەرکەوتووبن، چونکە لەراستیشدا عیشق وایە، هەتا کەسەکە نەسووتێنێت واز ناهێنێت، مەبەستم سووتانی رۆحییە.

چەند بابەتێکی گرنگ

وەکو وتم ئەم رۆمانە جگە لەوەی زیاتر باسی ژیانی تایبەتی سوهرەوەردیی دەکات، بەڵام لەپەنا ئەوەشدا باسی کۆمەڵێک بابەتی فکریی و فەلسەفییش دەکات، تاڕادەیەکی باش لەڕووی فکرییەوە سوهرەوەردیی بە خوێنەر دەناسێنێت.
کاتێک کە موغە زەردەشتییەکە دەبینێت، کۆمەڵێک قسەوباسی فکریی و ئایینی و فەلسەفیی باس دەکەن. موغەکە دەڵێت:
“لەفەلسەفەدا سەرچاوەی جیهان بوونە و وەهاش وەسف دەکرێت، کە خۆی پێویستە و پێویستی بە هیچیش نییە، لە حیکمەتی خوسرەوانیدا سەرچاوەی جیهان مینوی پاکە، مینووش واتە عەقڵ. لەم حیکمەتەدا جیهان لە رووناکیی سەرشار و رۆح و ئەقڵەوە پەیدا بووەو سەرچاوەی جیهانیش داناییە.ل100
لە شوێنێکی تردا باسی گرنگی گەیشتن بە زانینی “حس”ی دەکات و چاوی ناخ، کە ئەویش حاڵەتێکی عیرفانیی و تەسەوفە. لە زاری موغەکەوە دەڵێت:
” کاتێک زانینی مەزنەیی دێتە ئاراوە، مەسەلەی کفر و ئیمان نامێنێت، چونکە باوەڕداریی و بێباوەڕیی، پەیوەستن بە جیهانی خودئاگاییەوە، لە جیهانی خودئاگاییدا مەودا هەیە لە نێوان ئاگامەندی و راستیدا. وەختێک ئینسان دەبێتە خاوەنی بینینی دەروونی یان بینین بە چاوی ناخ راستەوخۆ بە هەقیقەت دەگات، ئیدی شتێک نامێنێتەوە بۆ کوفر و ئیمان، چونکە ئەو زانینە خۆی دەبێتە زانراو نەک خەبەر لە زانروا بدات، ئەو زانستە زانیننین نییە بەڵکە بینینە ، ئاگاماندی دەبێتە خودی راستی خۆی، نەک شتێک کە لەڕاستیدا مەودای هەبێت. ل 107

جیهانی بوون

بابەتێکی گرنگی تر کە نووسەر ئاماژەی پێداوە مەسەلەی جیهانی بوونە، ئەمەش لەزاری موغەکە باسی لێوە دەکات و دەڵێت:
” جیهانی بوون بریتییە لە کۆمەڵێک رووناکیی و تاریکی، تەواوی گەوهەرە رووناکەکان ، ئاسمانین و جەستە و ماددە ناگرنەوەو ئەمانە جیهانی مینوو ” عەقڵین” پێکدەهێنن. بەڵام جیهانی هەستپێکرا و، واتە جیهانی جەستەیی و ماددیی، تاریکە و پێی دەگوترێت گێتی. لەهەر کوێیەک گیان هەبێت رووناکی هەیە، بەڵام لەم نێوەندەدا، ئینسان تایبەتمەندییەکی هەیە، کە خاوەنی بینیە بە دیدەی ناخ و توانای بەدەستهێنانی زانینەکانی هەیە لەرێی مەزەندەوە” حدس” ەوە.ل 116
جێگەی ئاماژەیە زۆرجار نووسەر هەوڵیداوە بۆچوونە فکرییەکانی سوهرەوەردی لە زاریی خۆیی و ئەم موغە زەردەشتییەوە باس بکات.

سەرچاوەی زانین خۆتی
بابەتێکی فەلسەفیی تر مەسەلەی ناخی مرۆڤە، ئەمەش بە پێی بۆچوونی ئەفلاتونی فەیلەسوفی یۆنانی بێت، سەرچاوەی زانین ناخی مرۆڤ خۆیەتی، ئەم کاریگەرییەش زۆر بە فکری سوهرەوەردیدا هەبووە. ئەمجارە لە زاری شێخ تاهیرەوە ئەم باسە باس دەکات و دەڵێت:
“تۆ خۆت مامۆستای خۆتیت، دواجار ئەوانی تریش هەر ئەوەندەی من و تۆ دەزانن، دەبێ سەرچاوەی کانیاوی زانین لە ناخ و دەروونی خۆتەوە هەڵبقووڵێت، ل 151

خۆت پزیشکی خۆت بە!
پاشان لە شوێنێکی تردا لەزاری دەروێشێکەوە درێژە بەم باسە دەدات و کاتێک سوهرەوەردی پێی دەڵێت: دەستم دامێنێت، یاریدەم بدە، ببە بە پزیشكم.
ئەویش لە وەڵامدا پێی دەڵێت:
” تۆ خۆت پزیشکی خۆتیت! کەس ناتوانێت ببێت بە پزیشكی کەسێکی تر، تینوو بە، بەڵام با تینوێتیت رووی لە خۆت بێت و ئاوی کارێزی دەروونی خۆت بخۆرەوە، هەرچییەکت بوێت، لە ماڵەکەی خۆتدا هەیە.ل 181
خەڵکی جاهیل و قسەکردن
بابەتێکی فکری تر مەسەلەی خەڵکی نوخبە و خەڵکی جاهیلە، لەهەمانکاتیشدا چۆنێتی مامەڵەکردنی نێوان ئەم دووانە باس دەکات. لە زاری شێخ تاهیرەوە ئەم بابەتە باس دەکات و دەڵێت:
“قسەکردن لەهەموو شوێنێک هەڵەیە، پرسیارکردنیش لەهەموو کەسێک هەڵەیە. مرۆڤ نابێت لە قسەکردندا بۆ خەڵکی شایستە درێخی بکات. بەڵام خەڵكی ناشایستە و نامۆ بە هەقیقەت، وەکو ئەو پڵیتەیە وایە، کە لەجیاتی زەیت، بە ئاو تەڕ بووبێت، چەند بتەوێت دایبگرسێنیت، داناگیرسێت، قسەی ئەهلی دڵ، لە ئاگر و رووناکی خاڵی نییە، وەلێ ئاگر و رووناکی لە مۆم بەر دەبێت نەک لە پڵیتەی تەڕ. ل 145

عەقڵ

عەقڵ تەوەری سەرەکی بیرکردنەوەی سوهرەوەردییە، لە زۆر شوێندا باسی ئەم بابەتەی کردووە. لە زاری سوهرەوەردییەوە دەڵێت:
“عەقڵ تاکە ئامڕازە کە مرۆڤ لە گیانەوەر جیا دەکاتەوە، ژیریی واتە پەیبردن بەو یاسا و رێسا و بنەما روون و بەردەوامانەی دەکرێ لە رێیانەوە تەفسیری بوون بکەین. عەقڵ تاقە رێگە و ئامڕازی ئادەمیزادە بۆ ڕاڤەکردن و رێکخستنی ئەزموونە هەستییەکان.
پاشانیش دەڵێت:
من نرخی ئەقڵ و ئەنجامگیریی ژیان دەزانم، بەڵام لە هەمان کاتدا، نابێت زەوق و زانینە زەوقییەکانیش فەرامۆش بکەین. ل222

حاڵەتی رۆحی تایبەت
کاتێک لەگەڵ دەرویش بەڵخی دەبێت ئەو داوای لێدەکات کە سەیری دواوە بکات، سەیر دەکات کەسێک هەمان سیما و دەموچاوی ئەوی هەیە، پاشان رێزێک جەستەی خۆی بینی، تا دەگاتە خۆر، تارادەیەک هەموویان لەیەک دەچوون. ل 215
ئەم حاڵەتەش زیاتر دەچێتە قالبی ماگی” سیحرئامێزەوە’ هەرچەندە ئەمجۆرە حاڵەتانەش لەناو عالەمی تەسەوف و عیرفاندا بوونی هەیە.

بۆچوونی لە بارەی دەسەڵاتەوە

سوهرەوەردی خاوەنی دیدگای تایبەت بەخۆی بووە لەبارەی دەسەڵاتەوە، کە تەواو پێچەوانەی ئەو دیدگایە بووە کە لەوکاتدا زاڵبووە. لەکاتی ئامۆژگارییکردنی زاهیر شادا سوهرەوەردی دەڵێت:
سێ شت گرنگن:
یەکەم: رێز لە کەسایەتیی و پایەی و رێزی هاووڵاتییان بگریت. دەستماچکردن و کڕنووشی خەڵک بۆت، هیچ لە تۆ زیاد ناکات، بگرە ئەوە دەبێتە نیشانەیەک بۆ بچووکیی و جەهلی تۆ، کە بە سووککردنی خەڵکی، خۆت بە گەورە بزانیت. ئەو کەسەی کڕیاری ستایش و مەراییە، مرۆڤێکی خۆپەرستە و پڕە لە گرێی خۆ بەکەمزانین.
دووەم: هەموو میر و زانایەک دەبێت بیر لە پاراستن و پشتیوانیکردن لە خەڵک بکاتەوە، نەک پاراستن و پشتیوانیکردن لە خوا! چونکە خوا پێویستی بەپشتیوانیی کەس نییە و لە هیچی کەم نییە، بەڵکە ئەوە خەڵک و ئادەمیزادەکانن، کە پێویستیان بە میهرەبانیی و پشتوانییە، لەبەر ئەوە نابێت بە بیانوی بەرگرییکردن لە خوا و دینەوە، ستەم لە خەڵک بکەیت، یان بە بیانوی جیهاد و زەکاتەوە، دەست بە رۆح و سەر و ماڵی خەڵکیدا بگریت.
سێهەم: ئەوەی پێیدەڵێن بەیتولماڵ. عومەر رۆژێکیان لە سەلمانی پرسی، من خەلیفەیەکی راستەقینەم یان نا؟ سەلمان لە وەڵامدا گوتی: ئەگەر بە ناهەق درهەمێک لە خەڵك وەرنەگریت و بە ناهەقیش درهەمێک خەرج نەکەیت، ئەوا خەلیفەیەکی راستەقینەیت، ئەگینا نەخێر. ل 281
پاشان لە شوێنێکی تردا بەمجۆرە وەسفی فەرمانڕەوا دەکات و دەڵێت:
” ئەو کەسانەی دەسەڵات دەگرنە ئەستۆ دەبێت لەوانی تر داناتر بن و لەڕووی رەفتار و پەروەردەوە لەوانی تر بەئاگاتربن. ئەگەر دەسەڵات بکەوێتە دەستی کەسانێکی ناشایستە، وەکو ئەوە وایە گوێزان بدەیتە دەست کەسێکی شێت. ل317
پاشگەزنەبوونەوە و داکۆکیکردن لە خۆی
یەکێک لە خاڵە جوانەکانی ژیانی سوهرەوەردیی مەسەلەی داکۆیکردن بووە لە بیروباوەڕی خۆی، ئامادە بووە لەپێناو ئەو بیروباوەڕانەی خۆی، ژیانی بکاتە قوربانی. لەهەمووشی گرنگتر هیچ کاتێک سازشی لەو بۆچوونانەی نەکردووە. تەنانەت کاتێک دواجار بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەردەچێت، زاهیر شا لەرێگەی نێردراوێکەوە هەواڵی بۆ دەنێرێت کە بەڵکو پەشیمان بێتەوە، بۆئەوەی سزای مەرگی بەسەردا نەسەپێت، بەڵام ئەو رازی نابێت و لە وەڵامدا بە نێردراوی زاهیر شا دەڵێت:
” ئەگەر بە بارتەقای کێوەکان ئاڵتوون بخەنە بەر پێم، یان هەموو شمشێرەکانی دونیا بخەنە سەر ملم و هەموو تیرەکان دڵی من بکەنە نیشانە، تازە لەو رێیەی گرتوومەتە بەر، گەڕانەوەم نییە. ل336
جێگەی ئاماژەیە نووسەر زۆر بەجوانی توانیویەتی وەسفی ئەو دادگاییە بکات کە بۆ سوهرەوەردیی دانرا بوو، کە لەپاش دادگاییکردنەکەی سوکراتەوە، بە یەکێک لە دادگا بەدناوەکانی مێژووی فکر و فەلسەفە دادەنرێت. تێیدا فەیلەسوفێک لەبەر بۆچوونە فکرییەکانی سزای مەرگی بەسەردا دەسەپێت.


دواقسە
دیارە ئەم رۆمانە جگە لەم بابەتانەی سەرەوە، کۆمەڵێک تەوەری کۆمەڵایەتیی و فکریی و سیاسیی تر لە خۆ دەگرێت کە لێرەدا ناتوانین باسی هەموویان بکەین. من تەنها ویستم بەرچاوڕوونییەک بە خوێنەر بددەم. بەگشتیش رۆمانەکە چ لەڕووی ناوەڕۆک و شێوازیشەوە مایەی دەستخۆشییە و نووسەر ئەوپەڕی لێهاتوویی خۆی بەکارهێناوە بۆ نووسینی ئەم رۆمانە و ناساندنی فکر و فەلسەفە و ژیانی شەخسی یەکێک لە فەیلەسوفە مەزنەکانی خۆرهەڵات و جیهان.
لەکۆتاییدا دەستخۆشی لە کاک ئازاد بەرزنجی دەکەین بۆ ئەم کارە جوانەی، هیوای لەشسخایی و کاری جوانتری بۆ دەخوازین.

——————————————————-

سەرچاوە:
یەحیا یەسریبی. قەڵەندەر و قەڵا. ئازاد بەرزنجی لە فارسییەوە کردوویە بە کوردی. دەزگای غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە. سلێمانی 2021

Previous
Next
Kurdish