Skip to Content

فلاشباک..13.. ستیڤان شەمزینی

فلاشباک..13.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by September 15, 2021 General, Opinion


لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە

ستیڤان شەمزینی
بەشی سیانزە

ئەمڕۆ، رۆژی لە دایکبوونمە، بۆ من جەژنی لە دایکبوون هیچ مانایەکی نییە، بۆچی هاتنە ناو دنیایەکی پڕ ئازار و خەونی بەدینەهاتوو، جەژن بێت!؟ دەبێت لە بناغەوە بەم وشەیەدا بڕۆینەوە، ئەگەر جەژن واتای شادییە، ئەوە هاتنە دنیای مرۆڤ بۆ ناو ئەم جیهانە جەنجاڵ و ناشرین و پڕ چەرمەسەرییە، دەبێ شادییەکەی لە کوێدا بێت؟. شتێک ئێستا یارمەتیم یدات هەناسە بدەم، تەنیا موزیکە، خۆ لە خۆڕا نییە، “نیتشە” پایەی موزیک لە سەرووی فەلسەفەوە دادەنێت!!. هاوڕێیەک لە شام گەڕابووەوە گوایە چەند کاسێتێکی هێنابوو کە چەند پارچە موزیکی “سێبستیان باخ و مۆزارت”ی لەسەر بووە، بەڵام بەداخەوە هەواڵی ئەوەم پێگەیشت ئەو هاوڕێیە لە رێگای سلێمانی- دوکان، تووشی رووداوی هاتوچۆ بووە و بریندارە، رووم نییە لەم کاتە هەستەوەرەدا داوای خۆراکە رۆحییەکەم بکەم.
ماوەی یەک هەفتەیە لە ماڵەوە لە ژووری نووستنی خۆم نەهاتوومەتە دەرەوە، تەنیا دەخوێنمەوە، رقم لە دەرەوەیە کە پڕیەتی لە تابلۆی قێزەون، پڕیەتی لە ئەکشنی بریندارکەر. هیچ سیمایەکی ژیان بە چڕ و چاوی خەڵکی ئێمەوە نییە. هەموو تاکێک هەست بە گرێی “ئۆدیب”ی خۆی دەکات و ویژدانی بیمارە. ئێمە لە کۆمەڵگەیەک دەژین خاڵییە لە ئیرۆسییەت. وەک فۆکۆ دەڵێت “ژیارى ئێمە هونەرى ئیرۆتیکاى تێدا نییە”. ئیدی کوردی ژێر چەپۆکی دەستی نەتەوەی سەردەستی عەرەب، فارس، تورک و ناسیۆنالیزمی خێڵەکی ئەو نەتەوانە، چوزانێ ئێرۆتیکا چییە، ئەو لە مێژوودا تەنیا خەمی پارووە نانێکی هەبووە، یان ساباتێک نەکەوێتە ژێر جەوری ستەم و پۆستاڵی بێگانە. مەزنترین خەونی ئەوە بووە فڕۆکە و کۆپتەر لەسەر ئاسمانی گوندەکەی نەبینێ.
خەریکە منیش هەستە ناسیۆنالیستییەکەم دەبزوێ، بەڵام پێکەنینم بە خۆم دێت، پێموایە بە وڕێنەکانی من، لەکۆمەڵگەیەکدا کە بڕوایەکی کۆنکرێتی بە خورافە و ساناتۆس و خێڵایەتی هەیە، شتێک دەگۆڕێ، جاری وا هەیە مەست دەبم و بە سێبەرە گەورەکەی خۆم، باڵ فش دەکەمەوە، کەچی لە واقیعدا گەردێکی بچووکم، قسەی من و تەرحی من، نەک گوێی لێ ناگیرێ، بەڵکو هێشتا بڤەیە، خەڵکی دەڵێن تۆ شێت بوویت یان ئەوەندە سەرت بەسەر کتێبدا داگرتووە مێشکت شڵەقاوە، ئەگینا ئەم قسە هەلەق و بەلاقانە چییە؟. ئەرێ بە راست من شێت بووم یان مێشکم شڵەقاوە؟. ئەگەر شێتیش بم، ئەی پەندە کوردییەکە ناڵێت “قسە لە مناڵ یان لە شێت”؟.
لەبەر خۆمەوە ئەم چەند دێڕەم نووسی وەک مسۆدەی بابەتێک، ئیتر نازانم لە دایک ئەبێ یان هەر لاپەڕە رەشکردنەوەیە “لە نێو دنیای خەیاڵات نقووم بووم، زووتر بڕوام بە دۆنادۆنی گیانەکان هەبوو، ئێستا بیروڕا ماتریالیستییەکان ئەو باوەڕە کۆنکرێتییەیان هەڵوەشاندوومەتەوە، رەنگبێ جاروبار، بەشێوەی مەجازی بەکاری بهێنم، لە نموونەی ئەو هەستە پڕ نارسیزمەی لە بارەی خۆمەوە هەمە، وەک ئەوەی بمەوێ بڵێم بەر لە هەزاران ساڵ، من گوڵێکی سوور بووم کە بە دیاری بۆ مەعشوقێکیان بردووە، یان لە گیانی سوارچاکێکەوە هاتووم، کە سەفەری ژیانی تەنیا رێگایەک بووە بەرەو دڵی یار”. زۆر سەیرە لەنێوان مارکس و نیتشەدا راوەستاوم! ئاخر شێتێکی وەک من نەبێ، کێ ئەتوانێ ئەو دوو جەمسەرەی گەرمی و ساردیی لە خۆیدا کۆبکاتەوە؟، بە جەستە لاواز و بە باڵا بچووکم، بەڵام گەورەیی و بەرینی رۆحم هێندەی هەموو کەونە.
لەرۆژی لە دایکبوونما ئەم چەند دێڕە لەسەر کارتێک ئەکەمە دیاری بۆ یار “وەرە خۆمان بدەینە بەر شەپۆلەکانی دەریا تا خەمی قووڵی ناخمان بشواتەوە، وەرە ببینە شەپۆلێکی شێتی دەریا تا کەنارمان لە خاشاکی پێی مرۆڤ پاک بکەینەوە”. دڵنیاش نیم ئایا لە کرۆکی مەبەستم تێئەگات یان نا؟ بەڵام هەر بۆی ئەنووسم تا تێئەگات!.

3-8-1998

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 45-48 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە

Previous
Next