دوا مانیفێستی من.. شێرزاد حەسەن
‘دەسپێکی درامای راپەڕین و تراژیدیایەکی نەبڕاوە’
+دوای سڵاڤ و رێز .. بە بێ زێدەڕۆیی لە دوای چەند ساڵێکی کەم و لە ناوەراستی نەوەدەکان و گەرمەی دڵگەرمی و جۆش و خرۆشی ‘راپەڕین’ی خەڵکانی باشووری کوردستان/١٩٩١، کە لە میانەی ئەو رۆژگارەدا و لە پەراوێزی ئازادییەکی داپۆشراو بە تەم و مژ و ئاراستەکراو بەهرەمەند بووین، پەیدابوونی کەناڵەکانی راگەیاندن و ماس-میدیایەکی سەرەتایی و سادە و کەم ئەزموون و فشۆڵ، کە وایکرد هەر حیزب و گروپ و کەسانێکی دەسترۆیشتوو و هەم دەستەڵاتدار کەوتنە راگەیاندنی بیر و بۆچوونەکانی خۆیان سەبارەت بە خودی راپەڕین و ئاکام و دەرهاوێشتە و جوانییەکی زۆر و زەوەند کە زێدەڕۆیی تێدا بوو، بەڵام بە کەمترین پەردە هەڵدانەوە لەسەر ناشیرینییەکانی ئەو رۆژگارە و لە پاڵ شآردنەوە کەموکورتییەکانی، لەسەر ئاستی رامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی، لەوساوە تاوەکو ئێستا و بەردەوام هەفتانە و مانگانە کە دەکا پتر لە (٢٥) بیست و پێنج ساڵی رەبەق؛ جۆرەها کەس پەلاماریان داوم و هەراسانیان کردووم، لەسەر ئاستی زارەکی و راگوزەری و رۆحی و هەم تۆمارکراو بە دەنگ و بە نووسین، بە تایبەتی دوای پەیدابوونی تێکنۆلۆژیای کۆمیونیکاسیۆن و پەیوەندگیری و ڕایەڵەکان و پردی پەیوەندی ئاسانی ‘دیجیتاڵ’ ، بە ناوی راستەقینەی خۆیانەوە بووبێت یان خوازراو و نادیار، کە هەندێکیان بانگخواز و ئەندامی کارا و دەستڕۆیشتووی حیزبە ئیسلامییەکان بوون تا دەگات بە هەرزەکارانی مەزهەبزەدە و فەریکە دیندار، هاوکات غەیرە ئیسلامیشی تێدەکەوێت، جا چ خۆیان بە چەپگەرا یان ڕاستڕەو بزانن، یان فەریکە ناسیونالیستی دەمارگیر بووبن، کە دیارە رەخنەی من پتر لەو حیزبانە بووە کە خۆیان بە سێکیولار/ عەلمانی و ناسیونالیست و دایک و باوکی نەتەوەگەری و کوردایەتی زانیوە، یان ئۆپۆزسیۆنی خەونفرۆش و چەواشەکار، کە بە رەهایی جێگەی پرسیار و گومانی من بوون، بگرە سەرچاوەی مەینەتی بوون و شکستی خەونی ‘راپەرین’یان تۆمار کردووە، لەسەر ئاستی رامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی…هتد.
زۆرینەیان کەسانی داخ لە دڵ و ناحەز بە بیرکردنەوەی من کە سەر بە چین و توێژ و ئایدیۆلۆژیا و مەزهەبی جیاواز بوون، هەندێکیان بێلایەن کە سەر بە هیچ گروپ و حیزبێکی سیاسی نین، بەڵام ناحەز و دژن بە وتار و نووسین و ئەدەبیات و دیبەیت و لێدوانەکانی من بوون، کە سەبارەت بە گرفت و ئاریشەکانی رامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و کایە جیاوازەکان بوون، کە هەر هەمووی پەیوەست بوون بە چالاکی مرۆیی لەسەر ئاستی هەر هەموو کایەکاندا، کە بەردەوام لە رێگەی کەناڵەکانی ماس-میدیای دیجیتاڵ و تۆڕی کۆمەڵایەتی و ئامرازەکانی کۆمیونیکاسیۆن جنێوی سووک و هەڕەشە و گوڕەشە دەنێرن کە گوایە من سەر بە تابووری پێنجەمم و کەسێکی نەتەوەپەرست نیم وەک ئەوان تا ئەندازەی ناساندنم وەک کەسێکی نا-نیشتمانپەروەر، هاوکات ژمارەیەکی بەرچاو لە مەزهەبزەدکان من بە خودانەناس و بە دژی ئایینی ‘ئیسلام’ و تێکدەری بونیادی کۆمەڵایەتی دەناسێنن، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کامە ئیسلام؟ ئیسلامەکەی ‘ئیبن حەنبەل، یان “ئیبن تەیمییە” یان “ئیبن ئەلقەییم”، یان “فارابی” و “ئیبن روشد”، یان ‘حەلاج’ و ‘سەهرەوەردی’ یان رێبازی ‘وەهابیزم’؟ سەرزەنشتی ئەوەم دەکەن کە ئەوە منم سڵ ناکەمەوە لە درکاندنی روانین و بڕواکانی خۆم کە گوایە هەست و نەستی موسڵمانان بریندار دەکەم، کە من وای دەبینم کە هەق نییە ئەوان ئەوەندە قیچکە تەنگ و دڕدۆنگ بن، ناکرێت ئیمانیان وا تەنکۆڵە و لەرزۆک بێت، بەڵکو ئەوەیان پێچەوانەکەی راستە کە ئەوان هەست و نەستی من بریندار دەکەن کە بێ پرسیار و گومان داگیرکەرانی خۆیان دەپەرستن!
- بڕواداری کوێرانە:
ئینجا لەبەرچی؟ ئاخر ئەوان کە خودایەکی مەزن و پێغەمبەرێکی خاتەم و ‘قورئان’ێکی تەقەت هەڵگیراویان هەیە کە لە ئەزەلەوە لە )لەوحی مەحفوز- اللوح المحفوظ -/ تۆمارێکی تەقەت پارێزراو( بووە. ئەگەر ئەوان ئایین و ئیمانێکی وا تۆکمەیان هەبێت کە ژمارەکە لە ملیارێک و نیو تێپەڕیکردووە. ئاخۆ چۆن بە چەند گومان و پرسیارێکی من شلوێ و شێلوو دەبن و دەمارگیرانە بەرپەرچی من دەدەنەوە، نەک بە دیالۆگ، بەڵکو بە زمانی تانە و تەشەر و ناو و ناتۆرە بەخشینەوە، ئەوەیان جۆرە زمانێکە کە هی گفتوگۆ نییە!
ئەوان هەقە لە خۆیان بپرسن کە ئەگەر خودی سروشتی داهێنەر و خوڵقێنەر یان “خودا” خۆی منی دروست کردبێت و ئاوەز و دەماغێکی پێبەخشیوم و رێگای داوم بیر بکەمەوە و قسان بکەم و تا هەنووکە خودی “زاتی ئیلاهی” نەهاتووە دەمم دابخات و کەڕولاڵم بکات یان بمکوژێت و مەحفم بکاتەوە، کە ئەم رستە و دەستەواژانە، لە پاڵ تەغارێک لە ئەدەبیاتی سووکایەتی پێکردن کە هی سەر زاری ناحەزەکانی منە کە بێشومارە، کە من بە ناحەزیان نازانم، بەڵگەش ئەوەیە کە من تاوەکو ئێستاکێ بە یەک رستەش بە هەمان زمان و مێتۆد کاردانەوەی نەرێنی و نێگەتیڤم نەبووە، بەڵکو خودی کتێبەکانم و کۆڕ و سێمینار و دیبەیت و ئەم مانیفێستەم بۆ خۆی وەڵامێکی شارستانییە کە دوای (٣١/ سیی و یەک) ساڵ هەراسانکردن کە بە جۆرەها شێوە لەکەدارم دەکەن، کەواتە ناکرێت رستەیەکم بۆ ئەوان نەبێت، خۆ ئەگەر بە زمانی لۆژیک و خوێندەارانە، وەڵامی ئەم مانیفێستەم بدەنەوە، ئەوسا منیش قسە و گوزارشتی خۆم دەبێت!
هەڵبەتە نەوەیەکیش پەیدا بوون کە بە هەزارەهایە و زمانی عەرەبی نازانن و هەر بە سیڵەی رەحم و هاوخوێنی و وەک میراتگری داپیران و باپیران موسڵمانن، کە هیچ هونەرێکی تێدا نییە، بێجگە لە فاکتەری مێژوویی، فاکتەری جوگرافیاش هەن کە دەستیان هەیە لە دەستنیشانکردنی مەزهەب و ئایین و ئایدیۆلۆژیای هەر تاکە کەسێک لەسەر زەمین، کە ئەگەر لە هەرێمی “تبێت/ تەیبت ” لە دایک بوونایە، دەبوون بە ‘بوودیست’ و “گواتما بوودا”یان بە پێغەمبەری خۆیان دەزانی، “دالای لاما”ش بە رەهبەری دینی و رۆحانی، یانژی خوانەناس و نادیندار دەبوون کە لە هەر حەوت کێشوەرەکەدا هەن و بە ملیۆنەهایە کە هیچ ئایینێکیان نییە، بە خۆڕسک یان بە هەڵبژاردنی خۆیان هیچ ئایین و مەزهەبێک ناخوازن، یاسا و رێساش پشتگیریان لێدەکات، کە لە هەندێك کۆمەڵگا و وڵاتدا رێژەکە دەگاتە پەنجا دەر سەدی کۆی وڵاتەکە، چ زۆر و چ کەم، ، بیر لەوە بکەنەوە کە بیرمەند و نووسەر و مێژووناسێکی وەک “یوڤان نوح هەراری” بڕوای وایە کە مرۆڤ بەر لە ( ٧٠٠٠٠/ هەفتا هەزار ساڵ) لەمەوبەر زمانی پژاوە و هێدی هێدی فێری زمان بووە، رێک هەر وەک منداڵێکی پێڕەوگە، ، کەواتە لە دێر زەماندا بۆ هەزارەها ساڵ مەردمگەل هیچ ئایینێکی نەبووە و نەناسیوە و بە بێ کتێبی پیرۆز و ئاسمانی ژیاوە، بە بەڵگەی ئەوەی هەر سێ ئایینە ئاسمانییەکە تەمەنیان لە چوار هەزار و سەد و هەفتا و دوو زیاتر نەبووە، بە گوێرەی زانیارییە بڵاوکراوەکان کە دیارە خودی مێژوو بەروار و ژمارەی جیاوازمان دەداتێ کە لە پێنج هەزار ساڵ تێپەڕ ناکات، کەواتە خودی یەزدان و پەیامبەرەکان و هەر سێ کتێبە بەناو ئاسمانییەکان بوونێک و مەخلووقاتی زمانەوانین و بەس!.
هەڵبەتە ژمارەیەکی بێشوماریش هەن لە خەڵکی خۆمان کە ناشزانن ناوەرۆکی ئەو ئایینەی کە ئەوان پەیڕەوی لێدەکەن لە چی دەدەوێت، هەموو تێگەیشتنەکەی ئەوان لەسەر زاری ژمارەیەک لە پیاوانی مەزهەبزەدە و شێخ و مەلا و کەهەنوت و حاخام و قەشە و کاهین و ئاخوندەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، کە لەسەر مینبەرەکانەوە بە فەرمی و نافەرمی خۆیان بە وتەبێژ و پارێزەر و زمانحاڵی ‘خودا’ دەزانن بێ ئەوەی بتوانن بێنە پای دیالۆگ و لۆژیک و گفتوگۆیەکی زانستی و شارستانیانە.
+مەرگی دیالۆگ:
هەڵبەتە ئەمن بە درێژایی ژیانم وەڵامی تەکفیر و تەخوین و تەجریم و تەجریح و هەڕەشە و گوڕەشەی ئەو مەردمگەلەم نەداوەتەوە کە مەزهەبزەدە بن یان ئایدیۆلۆژیستی توندڕەو کە دەکرێت ناسیونالیستی بێ پەیام بن، یان خۆ بە چەپگەرا و ڕاستڕەو، چونکە هیچ جوانی و رێزێکی تێدا نابینم بۆ دیالۆگێکی کراوە، کە بە گشتی دیبەیت و دەمەتەقێی شارستانی بۆ هەزارەها بۆتە مەحاڵ کە دەتوانم ناوی بنێم ‘مەرگی دیالۆگ’ دەنێو ئەم دەڤەرەی خۆمان و زۆربەی وڵاتانی ‘خۆرهەڵاتی ناوەراست’؛ نە لەناو خانەوادە و ماڵ و نە لە مەکتەب و نە لە مزگەوت و نە لەنێو حیزبە چەپڕەو و راستڕەو و مەزهەبگەراکانیشدا دیبەیت و گفتوگۆی بەرهەمهێن دەگمەنە؛ دیالۆگێک بە مەرجی رێزگرتن لە جیاوازییەکان ئەستەم بووە، کە دیالۆگیش نەما؛ جەنگ و ناکۆکی نامرۆیانە و کینەبازی جێگەی دەگرێتەوە کە ئاکامەکەی ئەم کوشتارگا و قەسابخانەیە بەرپا دەبێت کە ‘رەشهەڵاتی ناوەراست-ی’ لە خوێن و ئارەقە و فرمێسک گەوزاندووە، لەو لاوە “دەریای سپی ناوەراست” بۆتە گۆڕستانی گەنجانی سەرهەڵگرتوو کە کۆچ و ڕەوێکی بێ وچان بەردەوامە کە من ناوی دەنێم “دەریای سووری ناوەراست” کە لە دێرزەمانەوە لە ئاسمان و سەرزەمینی ئەم جوگرافیایە خوێنبارانە و وشکی ناکاتەوە!
پێویستە ئەو راستییەش بدرکێنم کە پارادۆکس و موفارەقە و تەوسەکە لەوەدایە کە ئێمەی کوردگەل بە بێ خوێندنەوەی مێژووی سەرهەڵدانی ئیسلام و هۆکارەکانی؛ ئەم ئایینەمان وەکو خۆی وەرگرتووە کە کۆی ئەدەبیاتی دینی و میراتەکە زادەی مێژووە، بە ژمارە کەمن ئەوانەی کە بە چاوێکی رەخنەگرانە و عەقڵانییەوە شەن و کەویان بۆ کردبێت، بەلکو پشتاوپشت و نەوە دوای نەوە وەک میراتێکی پیرۆز پێشوازیان لێکردووە و بە ‘دۆگماتیزم’ کۆتایی هاتووە کە دەکا وشکە بڕواداری و سەهۆڵبەندانی عەقیدەیی بنبەست.
لێرەدا من نێونیگا و روانینی “ئیبن راوەندی: ٨٢٧-٩١١”ی زایینی بە نموونە دێنمەوە کە بیرمەندێکی رەخنەگر و سەرسەخت بووە، کە چەندەها جاریش لەسەر زمانی بیرمەند و نووسەرانی دیکەشدا دووبارە و دە بارە کراوەتەوە، کە دەفەرمووێت، ” ئەگەر ئەم ‘قورئان’ە بە زمانی کوردی بهاتبایەتە خوارەوە، مەحاڵ بوو یەک عەرەب-زمان ئامادە بووایە موسڵمان بێت و پێشوازی لێبکردایە!” دیارە هەمان رەتکردنەوە بۆ فارس و تورکەکانیش راستە کە خودی کتێبە پیرۆزی و ئاسمانییەکە فەرامۆش دەکرا> گەر بە زمانی کوردی بووایە!
کە دیارە لەودیو ئەم قسەیەوە دونیایەک راز و نیازی تێدایە کە پڕە لە تانە و تەشەر و لاقرتێ و کاڵفامی بۆ ئێمەی کورد، کە بە هەق دەبوو ئێمە خۆمان خاوەنی ئەو گومانەی ”ئیبن راوەندی” بووینایە یان هەمان پرسیارمان لە خۆمان بکردایە کە بیرمەندێکی ناودار بەلاش بە ئێمەی بەخشیوە، دیارە زانای شیعە مەزهەب: ‘دکتۆر ئەحمەد قوبانچی’ هەمان رازی’ئیبن رەواندی’ دەدرکێنێت و پێداگیری لەوە دەکات کە ئەم وەک عەرەبێک بۆی هەیە وەکو خۆی وەریبگرێت، بەڵام بۆ ئێمەی کوردی نیشانەی پرسیار و سەرسامی داناوە بۆ تێفکرتین!
لە ڕاستیدا قورئان خۆی دان دەنێت بە تێڕوانینەکەی “ابن الرواندی” وەك لە ئایەتی (١٩٨-١٩٩) سورەتی “الشعراء” هاتووە!
“زاڵبوونی ناعەقڵانی و پاشەکشێی تێفکرین”
- ئەمن بڕوام بە وتە دروستەکەی فەیلەسووفی ئەلمانی “کارل مارکس: ١٨١٨-١٨٨٣” هەیە کە ناوەرۆکەکەی شیدەکەمەوە کە دەڵێت: پێشمەرجی هەر هەموو رەخنەیەک سەبارەت بە هەر ئایدیا و بەهایەک و کایە و چالاکییەکی مرۆییانە بێت، ناچێتە خانەی رەخنەگرتنەوە، ئەگەر لە رەخنەکاری ئایینەوە دەست پێنەکات.”
دیارە مەبەست لە رەخنەگرتن بە تەنها زەقکردنەوەی دیوە نێگەتیڤ و دزێوەکان و خراپییەکەی نییە کە دەکرێت بە زەقی دیار و ئاشکرا بووبن، یان پەنهان و حەشاردراو، بەڵکو رەخنەگرتن واتا هەڵسەنگاندن و شیکاری عەقلانی و دەرخستنی دیوە پۆزەتیڤ و درەوشاوە و جوانییەکانی و هەم ناجۆر و کرێت و خەسڵەتە کوشندەکانی هەر کایە و بەها و چالاکی و بونیادێکی فیکری و مەزهەبگەرایی بێت. کە دیارە لای منیش ئەم پێشمەرجەی “مارکس” زێدە پەسندە چونکە خودی ئایین وەک کایەی تێفکرین زادەی توێژنەوە و تەئویل و تەفسیرێکە کە بە تەنها “خودا” و “پێغەمبەرەکان” کایەیان تێدا نەکردووە، بەڵکو بۆ ماوەی هەزارەها ساڵ ژمارەیەکی بێ شومار لە پیاوان و نێرگەل و نیرەوز سەرگەرمی راڤە و توێژینەوە و شیکاری بوون و شەنوکەویان تێدا کردووە، کە هەندێکیان بەو نیاز و مەرامە کاریان تێداکردووە کە بە رۆحێکی داخراو و دۆگماتیک و نێرانە و ئایدیۆلۆژستانە روانین و خواستی خۆیان جێگیر کردووە، نەک تێڕامانێکی مرۆڤپەروەرانە، بەڵکو لە بەرژەوەندی خودی نێرینە شکاوەتەوە..نەک مێینە، کە خودی گومانی من لەوەدایە کە زۆرینەیان نێرینە بوون تا ئەندازەی خۆپەرستی و خۆویستیی و نارسیست-بوون و خودئەڤینی، هەرەوەها هەندێکجار لە سوودمەندی و بەرژوەندی خەلیفەکان و سوڵتانەکان و میرزادەکان و پادشاکاندا دایانشکاندۆتەوە، ئەم گومانە بۆ هەر سێ ئایینە ئاسمانییەکە ڕەوایە، بە روانینی من کرۆکی کارەساتێکی گەورەیە کە لەودیو ئەو هەموو پیاوانە کە سەرگەرمی تەئویل و تەفسیر و شیکاری بوون، زۆر کەم و بە دەگمەن ژنانێک دەبینین کە شان بە شانی پیاوەکان کایەیان دەنێو کتێبە ئاسمانییەکاندا کردبێت، گەر بەشدارییەکی کەم و کورتیشیان کردبێت، بایەخی پێنەدراوە و فەرامۆش کراون!
لە هەمووی خراپتر ئەوەیە کە پیاوان و هەم ژنان خۆیان لەم هەقیقەتە تاڵە نەبان و خامۆش دەکەن و هەم لە دێر زەمانەوە کردوویانە، گوایە جێگەی گونجاو بۆ ژنان و کچان ناو ماڵەکانی خۆیانە و بەس، کە ئەوەش وایکرد ژنان لە داهێنان و تێفکرین و چالاکییە مرۆییەکان دوور بن، کە بە بۆچوونی من کۆی ئەدەبیاتی ئایینی و یاسا و رێسا و لێکدانەوەکانی لە بەرژەوەندی پیاوانی خۆپەرست و خۆسەپێن و زاڵدا بوون، بە بیانووی ئەوەی کە ژنان کاڵفام و کەم عەقڵ و هەم دوورە دین و ئیمانن، کە بووە مایەی ئەوەی خانمان نەتوانن لە ناو زانست و ماریفەت و فیکر و ئاییندا کایە بکەن و راڤە و شرۆڤەی تایبەت بە خۆیان هەبێت.
بە درێژایی پتر لە چوار هەزار ساڵی رابردوودا. بە گشتی نێرینە ئاسوودە نەبووە باس لەم نایەکسانی و بێدادی و ئەو رەگەزپەرستی و جیاکارییە بکرێت لەسەر ئاستی چینایەتی و مەزهەبی و هەم جێندەریی، بە تایبەتیش لە “ڕەشهەڵاتی ناوەراست”، کە بۆ من ئەوەیان زادەی تڕۆکردن و دەرکردنی کۆی ژنان و مێینەیە لە مێژوودا کە بە تەنها پیاوان قۆرغیان کردووە و بە کەڵەگایی رەفتاری تێدا دەکەن، کە هاوکات دیسکۆرس و گوتاری نێرینەسالاری زاڵ دەکەن کە ئەوەیان ئەوپەڕی نامرۆیی و ناشارستانییە، جێگەی گومان و پرسیارە کە سەر لەبەری مێژوو میراتەکەی لەسەر نێرینە تاپۆ کراوە و هی پیاوەکانە.. نەک هی ژنان، بە تایبەتی لە ناوئاخنی کایەی ئایین و سیاسەت و سەرمایەگوزاریدا بە بێ هاوبەش و قاندڕ و رکابەر !
+میراتێکی پیرۆز یان عەمبارەپۆ؟
هەڵبەتە میراتێکی فیکری و فەلسەفی هەبووە کە لە لۆژیک و ئاوەزداری و عەقڵزەدەیی سەرشار بووە، بەڵام ئەوەی کە هەنووکە زاڵە و هەم دەچێتەوە سەر میراتی فیکری ‘ ئەبو حامید غەزالی: ١٠٥٨-١١١١’ و ‘ئیبن تەیمییە: ١٢٦٣-١٣٢٨’ و ‘ئیبن ئەلقەییم: ١٢٩٢-١٣٥٠’ ، بە واتا پێچەوانەکەی دەبینین کە کۆمەڵیک بزافی وەک ‘ئیخوانییەکان’ و ‘قاعیدە’ و ‘بۆکۆ حەرام’ و ‘داعش’ و ‘تاڵیبان’ و ‘سەییافەکانی فلیپین’ و ‘ئەنسار الاسلام’ و ‘جەیشی شەباب’ی خوڵقاند کە خاوەنی سەدەها سەرچاوەی کوشندە و ترسناکن کە تا هەنووکە پەرەی پێدەدرێت، بە بێ گومان و پرسیار؛ نموونەی سەرانی ترسناکترین رێبازی “وەهابیزم” و “ئیخوانیزم”ی بەرەی توندڕەو نەک میانڕەو، کە پەیڕەوکەرانی ئەو دوو زاتەی سەرەوەن کە بوون بە مایەی فەزایەکی تاریکستان ئاسا لە نێو دونیای عەرەبی و ئیسلامی و سەرانسەری جیهاندا، کە تا هەنووکەش بەردەوامە کە بە تەحریم و تەجریمکردنی عەقڵ و تێفکرینی بوێرانە کۆتایی هاتووە.
هەڵبەتە هەر ئایدیۆلۆژستێک خۆی پیرۆز کرد بە دۆگماتیزم و خوێنباران کۆتایی دێت کە لە ئەزموونی شۆرشی ئۆکتۆبەری “١٩١٧”دا و لە “سۆڤییەت/ یەکێتی شۆرەوی” دەریاچەی خوێنی بەرپاکرد، بە واتا چ بە ناوی ‘ناسیۆنالیزم’ بووبێت یان ‘نازیزم’ و ‘فاشیزم’ و کۆمۆنیزم و وەهابیزم: ئاکامەکانی مەرگەسات و بەدبەختی بووە بۆ مرۆڤایەتی. کەواتە ئایدیۆلۆژیا چ ئاسمانی بێت یان دونیایی بە خۆپیرۆزکردن جێگیر بووە کە بێجگە لە مەرگەسات و تراژیدیا هیچ بەرهەمێکی دیکەی نەبووە و نابێت، کە ئەوەیان شاڕەگی گومان و پرسیاری منە بە درێژایی نیو سەدەی تەمەنی خۆم، کەواتە ئێمە لە هەنووکەدا بە جەستە لە سەدەی بیست و دوو ـدا دەژین، بەڵام بە ‘عەقڵ’ و رۆح و تێڕوانین بۆ کۆی میراتی تیۆلۆژی و ئایینداری تاوەکو ئێستاکێ سەدەی سێزدەی زایینیمان تێپەڕنەکردووە و تیایدا دەژین، کەواتە ئێمە هەشت سەدە لە دواوەین، بە بێ گومان و پرسیار؛ نموونەی سەرانی ترسناکترین رێبازی “وەهابیزم” و “ئیخوانیزم”ی بەرەی توندڕەو و تەکفیری و قیتالی، نەک دیندارانی میانڕەو و بڕوادار بە ئاشتی و خۆشەویستی و فرە مەزهەب و فرە کولتووری تا ئەندازەی لێبوردەگی رەهایی، کە بە داخەوە لە کوردستان و ‘رۆژهەڵاتی ناوەراست’ دەبن بە کەمینە گەر وا بڕوات، لە ئاکامدا فەزایەکی تاریکستان ئاسا لە نێو دونیای عەرەبی و ئیسلامی و بەشێکێ بەربەرینی جوگرافیای جیهاندا بەرپا دەبێت!
پارادۆکس و موفارەقە و تەوس و تەڵزگەکە لەوەدایە کە ئەمن بە رەوای دەبینم ملیارێک و نیو موسڵمان هەن لەسەر زەمین، بەڵام لە نێو ئەو ملیارەهایە، ژمارەیەکی بەرچاو هەن لە خەڵکانی خۆمان و کورد-زبان کە بەرگەی ئەوە ناگرن هیچ پرسیار و گومانێکمان هەبێت، کە لە ناو ئەدەبیاتی هەر ئاینێکدا، بە ئیسلامیشەوە، پانتاییەکی بەربەرین هەیە بۆ گومان و پرسیار و رەخنەکاری، هاوکاتیش پێیان ئەستەمە کە رەخنەگری بڕێكی ئەم کولتوور و میراتەی باب و باپیران بین کە بڕێکی کەم یان زۆری ئەو میراتە هەم دەستکردی مەردمگەلێکی نێرینەن، نەک یەزدان، کە هەمدیس جێگەی هەڵوەستە و گومان و پرسیاری من و خەڵکانی دیکەن، بە واتا بڕێکی کەم و زۆری ئەو میراتە شایستەی هەڵوەشاندنەوە و مایەی سەر لە نوێ بونیاتنانەوەیە، کە تیایدا دین/ ئایین کە بۆتە بەشێکی تۆکمە و قەبە دەنێو ژیانی کۆمەڵایەتی و کۆبەندی کولتوورەکەمان کە بە ناهەق پیرۆزکراون تاوەکو ئەندازەی نەهێشتنی تێفکرین و تێرامان و تەڵاقدانی عەقڵ!
- ئەفسانەی هەقیقەتی رەها:
روانین و لێکدانەوەی منیش زادەی ئاوەز و عەقڵ و تێفکرین و تێڕامانێکی منە بۆ دین و دونیای لای خۆمان کە بایی ئەوەندەش هۆش و گۆشم هەیە کە ‘هەقیقەت’ی رەها لای من نییە و هەرگیز بە تەنها بۆ خۆمی قۆرغ ناکەم، چونکە من بڕوام بە “یەقین” و “تەلقین” و “نەقل” و تاکڕەویانەی هەقیقەتپەرستی رەها نییە کە دەگاتە ‘دۆگما’ و وشکە باوەڕداری و ئیمانێکی کوێرانە، کە سەهۆڵبەندانی عەقیدەیی لێ دەخوڵقێت کە ئیمانێکی تاریکپەرستانە بە دوای خۆیدا دەهێنێت، کە بە ناوی پیرۆزکردنەوە تەکفیری “عەقڵ” دەکات و تیفکرین و رەخنەکاری بنەبڕ دەکەن!
مەرجە ئەو بەهەشت-نشینانە بزانن کە خودی ‘خودا’ی ئیسلام ئامادە بووە کە سەرگەرمی گفتوگۆ و دیالۆگ بێت، روو بە روو بەرامبەر بە “ئیبلیس”ی یاخی کە ملکەچی خودا نەبووە بۆ کڕنۆشبردن و سوژدەبردن بۆ “ئادەم”، چونکە بە بڕوای ‘ئیبلیس’ سوژدەبردن و کڕنۆش تەنها بۆ ‘خودا’ی تاک و تەنیا رەوایە و بەس، بەڵام لە روانگەی ‘ئیبلیس’ەوە کڕنۆش بردن بۆ ‘ئادەم’ شیرک بووە، واتا دروستکردنی هاوبەشێک لەتەک یەزدان، بەڵام لە قۆناغی یەکەمدا سزاکەی سەر ‘ئیبلیس’ دۆزەخ و کوشتن نەبووە بە فەرمانی خواهانە، بەڵکو سزاکەی بۆ ئەو کاتەیە کە ‘قیامەت’ رادەبێت، بەڵکو هاوکاتیش خودا دەکەوێتە گفتوگۆ و دیالۆگێکی درێژخایەن، بگرە وەک خەڵقەندە و دوژمن و قاندڕی خۆی دەمی ‘ئیبلیس’ داناخات، بەڵکو بە رێزەوە ‘ئیبلیس’ دەدوێنێت و گوێی بۆ رادەدێرێت کە رێک وەک ئەوەی کە هاوکووف و هاوشانی خۆی بێت. بەهەرحاڵ سزاکەی “ئیبلیس” کە قسەی ‘باری تەبارەک وەتەعالا’ی شکاندووە، بە تەنها ئەوەیە کە لە ‘دیوانی ئیلاهی’ بێبەری دەکرێت و نازناوی ‘عەزازیل’ی لێدەسەندرێتەوە. بگرە یەزدان ‘ئیبلیس”ی سەربەست و رەها کردووە لەوەی کە لە فریودان و لە خشتەبردنی مەردمگەل تا هەنووکەشی لەگەڵدا بێت بەردەوامە.
هاوکات خودی ‘خودا’ گەڵیک بە میهر و رێز و شکۆمەندییەوە مامەڵە لەتەک ‘ئیبلیس’دا دەکات، کە من لەم سەردەمە تازەیەدا پێچەوانەکەی دەبینم کە بە سەدەها لە جەنگاوەرانی ئاسمان یان بەندەکانی ‘خودا’م بینیوە کە لە سۆنگەی گوناهی زۆر سادەی خەڵکێکی بێچارە؛ بە ناوی ‘خودا’وە قورسترین سزای ئەو کەسانەیان داوە کە دەبوو چاوەڕوانی قیامەت بوونایە کە بزانن خودی ‘خودا’ لە نێو دادگا باڵاکەی خۆیدا دەیانبەخشێت یان سزایان دەدات؟ بە بەڵگەی ئەوەی گوایە ئێمە لەم دونیایەدا لە تاقیکردنەوەیەکی بەردوامداین بە درێژایی تەمەن و زەمان!
دیسانەوە بە هەمان پێوودانگ گەر ئاوڕ لە ‘نەخێر’ و هەڵگەڕانەوەی ‘ئادەم’ و ‘حەوا’ بدەینەوە بەرامبەر بە ‘خودا’ کە رێنمایی کردوون کە لە “درەختی نەمری” یان “درەختی ژیان” یان هی ‘ماریفەت و زانین’ و هەم ناسراو بە ‘درەختە حەرامکراوەکە’ نزیک نەبنەوە و نەیخۆن، بەڵام خواردیان و سزاکەیان بەرگ داماڵێن و وەدەرنانیان بوو لە بەهەشت و فڕێدانیان بۆ سەر زەوی و بەس، نەک کوشتن و لە دۆزخ توندکردن!
ئەگەر خودا دەنێو هەر سێ ئایینە ئیبراهیم-ییەکەدا، بە تەنها خودای بڕوادارەکان بێت، ئاخۆ خودای بێ دین و غەیرە دینەکان لە کوێ بێت؟ یاخود ئایا بەر لە پەیدابوونی هەر سێ ئایینە ‘ئیبراهیم’ییەکەدا بە ملیۆنەها لە مەردمگەل مردن و نەمان، بێ ئەوەی “خودا” و پێغەمبەرەکان و ‘تەورات’ و ‘ئینجیل’ و ‘قورئان’ بناسن: ئاخۆ ئەوانە دەچن بۆ دۆزەخ یان بەهەشت؟ یان بێبەش دەبن لە هەردووکیان؟ یان وەک گیاندارەکانی ناو سروشت کە جۆرەهان و دەمرن بەبێ بینینی ‘قیامەت’ و دادگای باڵای ئاسمان؟ کە بۆ من مایەی پرسیار و گومانێکی کوشندە و سەرەخۆرەیە کە هەتا گەر سەری خۆیشم بێت. هەر بە راست تۆ بڵێیت من ئەوەندە ترسناک و ئاوقات و بەرباد بم کە بتوانم ئایینی ئیسلام هەڵبوەشێنمەوە کە پتر لە چواردە سەدەیە ڕەگوریشە دادەکوتێت؟
“پێداگۆکی ستەمدیدە
و
جێگۆڕکێی چەوسێنەر و قوربانی”
- منێک کە بۆ دەیەها ساڵ کادرێکی پەرەوەردە بووم و و بڕوام وایە کە وانەی یەکەم و ئەرکی پەروەردەکاری رەسەن و تازەگەر ئەوەیە کە لە ”قۆناغی خوێندنی ناوەندی”ییەوە دەست پێبکەین بەوەی کە کچان و کوڕانی نەوجەوانی خۆمان وەک نەوەیەکی نوێ و ڕاچەنیو فێری ئەوە بکەین کە ئێمەی کوردگەل بۆ هەزارەها ساڵە داگیرکراوین لە لایەن چەندەها نەتەوەی جیاوازەوە، بگرە لەسەر ئاستی دونیادا بە خاک و خەڵکەوە بووین بە موستەعمەرە و کۆلۆنیالێکی نێونەتەوەیی و جیهانگیری و گلۆبال، چ بە ناوی ‘خودا’وە بووبێت یان گەمەی چەپەڵی سیاسەتی نێودەوڵەتی کە لە پەیمانی “لۆزان”ەوە بە خەڵک و خاکەوە لە خاچ درواین و چوارمێخەمان کێشراوە، یانژی ستەمدیدە و بندەستی چوار وڵاتی بە ناو موسلمان و خوداناس بەسەرماندا زاڵن، کە سنوورمان لەگەڵ هەر هەموویاندا سنووری خوێناوی بووە، کەچی قسەکردن بە زمانی دایک بۆ ئێمە بە رەوا نابینن، پێچەوانەی ئەم ئایەتە رەفتار دەکەن کە دەژنەوێت، “يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن ذَكَرٍ وَأُنثَىٰ وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا ۚ إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ ۚ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ: سورەتی الحجرات/ ئایەتی: ١٣”.
کەواتە ئەوان دژی ‘خودا’ی خۆیان دەوەستنەوە کە لەبری ئەوەی سەرگەرمی یەکتری ناسین بین بەو مانایەی کە لە ئاشتیەوانیدا بژین و پێکەوە هەڵبکەین، کەچی بە درێژایی مێژوو دەستیان لە کوشتن و قڕکردنی ئێمە هەڵنەگرتووە و هەم ئاگر و ئاسن و کیمیاییمان بەسەردا دەبارێنن و بەردەوامیشن، کەواتە مادامەکێ بە ملیۆنەها لە خەڵکانی ئەم چوار وڵاتە بارباریستە بە نیازی چوونە ‘بەهەشتن’، دیسانەوە من دۆزەخێک هەڵدەبژێرم بۆ خۆم کە لە چاو ئەو چوار دۆزەخەی ‘عێراق’ و ‘تورکیا’ و ‘ئێران’ و ‘سوریا’ ئەهوەنتر و خەفەترە، چوار وڵاتی فاشیست، ئەمن پێم رەواترە دۆزەخەکەی ئاسمان هەڵبژێرم کە دڵنیام ئاگرەکەی بێ سوێتر بێت لە جەهەننەمی ئەم چوار هاوسێ شۆڤێنیست و بارباریستە!
ئێمە لە ناوەکانی خۆمانەوە تاوەکو ناوەرۆک و سەر پەڕەی رۆح و مۆخمان داگیر کراوین، پرۆسەی داگیرکاری و ئاکام و دەرئەنجامە زۆر خراپ و کوشندەکانی وانەی یەکەمی پەرەوەردەناس و فەیلەسووفی بەرازیلی “پاولۆ فرێری: ١٩٢١-١٩٩٧”ییە کە فێری کردووم بە عەقلێکی پاک و رەخنەگرانەوە لە مێژووی داگیرکاری ئەوانیدیکە بەسەر خۆماندا ورد ببمەوە و لێی بکۆڵمەوە بۆ سەر لە نوێ خۆبونیاتنان و رابوون و خۆ رزگارکردن لە دۆخی کۆیلەبوونێکی مێژوویی، هەستانەوە و خۆتەکاندن لەم گۆڕستانەی کە دوژمنەکان بۆ ئێمەیان دروست کردووە. لە رێگەی کتێبە دانسقەکەی “پاولۆ فرێریری” بە ناوی “پێداگۆگی ستەمدیدە” پتر ئاشنا بووم بە مێژووی ستەم و چەوساندنەوەی نەبڕاوە و درێژخایەن، کە تیایدا بە قووڵی ئاماژە بەوە دەدات کە ستەمدیدە و ستەمکار بۆ هەمیشە جێگۆڕکێ دەکەن، چونکە رۆحی داگیرکاری لە لای هەردووکیان پتەوە و بنەبڕ نەکراوە تا هەنووکە، بە تایبەتی لە “ڕۆژهەڵاتی ناوەراست” ئەم جێگۆڕکێیەی نێوان قوربانی و جەللاد، سەردار و کۆیلە، سەردەستە و بندەست، بەردەوامە و وا زووش کۆتایی نەهاتووە و نایەت!
- پارسەنگی نێوان زیان و قازانج:
کۆی مێژووی سەرەتای سەرهەڵدانی ئیسلام کە عەرەبی بیابان-نشینن پێوەی دەنازن، کە بوون بە خاوەنی میراتێک کە لە بەرژوەندی شۆڤێنیزمی مەزهەبی و هەم فاشیزمی میلیتاری و عەسکەرتاری و پان-عەرەبیزم بە ئاکام گەیشتووە، کە هەزار و چوار سەد ساڵ پترە بەو رۆحە جەنگاوەری و خوێنخۆری و ئەتکەر و بارباریستە کوردگەل و نەتەوەکانی دیکە دەچەوسێننەوە، ئەوەی بۆ من سەیر و سەمەرەیە و هەم هێدمەگرتیم دەکات ئەوەیە کە ماقووڵ نییە داگیرکەر و چەوسێنەری خۆمان بە ناوی ئاسمانەوە لێمانبخوڕن و ملکەچمان بکەن، کەچی پرسیار و گومانێکمان نەبێت بۆ ماوەی چواردە سەدە؟ لەوەش کوشندەتر وەک بەرخ و کاوڕ چەقۆی جەللاد و قەسابەکەی خۆمان بلێسینەوە بەر لە سەر بڕینمان، کەچی بانگەشەی ئەوە بکەین کە ئێمە لە ئاگرپەرستی رزگار کراوین و ئازاد بووین!
کەواتە پێشمەرجی پەروەردە و فێرکردن هەر لە وانەی یەکەمەوە تا دوا وانە پێویستییەکی هەمیشەییە کە مەرجە بە درێژایی ژیانمان کۆشش بۆ ئەوە بکەین کە خوێندنەوە و هەڵكۆڵین و پشکنین سەبارەت بەوە بێت کە ئێمە لە ساڵی “٦٤٤-زایینی”ی و لەسەردەمی خەلیفەی دووەم ‘عومەری کوڕی خەتاب’ و بە سەرکردایەتی ‘خالیدی کوڕی وەلید’ داگیر کراوین لەسەر ئاستی رۆحی و رەوانی و فیزیکی کە بە داگیرکردنی ‘مێشک’ و مێژوومان قفڵ و جێگیر بووە؟ کە من بڕوام وابوو کە دەکرێت بە دزییەوە بێت یان بە ئاشکرا، مەرج بوو کوردگەل لە نێو هەموو دونیادا سەدەها سەنتەر و ناوەندی فەرهەنگی و فیکری و ستراتیژی هەبووایە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە و شیکاری و راڤەی ئەوە بکەن کە ئاخۆ ئێمە لە داگیرکردنی “عەرەب” و “فارس” و ” تورک” و زاڵبوونی هەژموونی هەمە لایەنەی ئەوان بەسەر ئێمەدا؛ ئایا چیمان بردۆتەوە و قازانجی ئەو داگیرکارییەی هەرێمی و جیهانگیرییە چی بوون لەسەر ئاستی مێژوویی و رامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کۆبەندی کەلەپور و کولتووری ئێمە؟ خۆ ئەگەر دەرچوو قازانجێکی زۆر و زەوەندمان کردووە، ئەوسا ناکرێت بسرەوین و مەرجە کە لەوەش بکۆڵینەوە ئاخۆ لە دەرئەنجامی ئەو داگیرکردنە سەرومڕە و کۆگیرییەی عەرەب و عەجەم و تورکە تۆڕانییەکان چیمان لە کیس چووە؟ ئاخۆ ئێمەی کوردگەل چیمان دۆڕاندووە و چ زیانێکی قەبە و کوشندەمان لێکەوتووە لەسەر ئاستی ئینسانی و نەتەوایەتی لە دێر زەمانەوە تاوەکو ئێستاکێ؟ لە ئاکامدا بەراوردی نێوان بردنەوە و دۆڕانەکان بکەین، قازانج و زیانەکان لەسەر هەر هەموو ئاست و رەهەندەکان، بۆ زانینی بەرز و نزمی پارسەنگی زیانەکان لە بەرامبەر قازانجەکان، ئەوسا ئیدی دەکرێت خۆخوێندنەوەکی رەخنەگرانە و راشناڵ و سەرتاپاگیر بکەین و بیر لە چەشنە رابوون و خۆبونیادنانێک بکەینەوە سەر لە نوێ، سەر و مڕ بۆ خۆمان و نەوەی داهاتوو، ئەوەی مایەی غەمناگییە کە بە هەزارەها لە خەڵکی هەر چوار پارچەی کوردستان کەوتوونەتە نێو ‘رۆژئاوا’ و بگرە لە نێو هەر حەوت کێشوەرەکان بوونمان هەیە، کەچی لەسەر ئاستی رامیاری/سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فیکری و فەرهەنگی “لۆبی”ییەکی راستەقینەمان نییە لەسەر خوان و سفرەی تەبایی و تفاقی و هاوتوخمی و هاوخوێنی یەکدی بگرینەوە.. ئەفسووس!
- نیشتمان لە نێوان خانەخوێ و کرێچی:
مەرجە بپرسین: بۆچی و لەسەر چی و چۆن بووین بە کۆیلە و کرێچی و کرێگرتەی سەر خاکی خۆمان؟ بۆچی دوژمنانی داگیرکەر بوون بە خانەخوێ و سەرداری ئێمە؟ بە چ زمانێک و ئامرازێک و بیانوویەک و ئامانجێک وایانکرد داگیرکەرانی خۆمان بپەرستین و هیچ گومان و پرسیارێکمان نەبێت، گەرچی خەڵکێکی زۆر دەنێو کوردگەل هەن کە روویان لە ئاسمانە و دەستەونەزەر نزا دەکەن و دەپاڕێنەوە و دەگرین کە تاوەکو ئاسمان بەزەیی هەبێت و دەریچەێکمان لێبکاتەوە، کە لەسەر زەمین دۆزەخی هەمیشەیی بۆ ئێمە هەڵایساوە و خۆمان و خاکەکەمان بووینەتە سووتماک و قەرەبرووت؟ بە راست ئێمەی کوردگەل رۆڵمان هەبووە لە میانەی پرۆسەی بە کۆیلەبوونی خۆمان؟ ‘هەر بۆ نموونە: تاکە عاریفی گەورەی کورد، شێخی ئیشراق سەهرەوەردی: ١١٥٥-١١٩١’ کە خەریک بووە ناوبانگی جیهانی ئیسلامی بتەنێتەوە، کە تەمەنی تەنها سی و شەش بەهار بووە، کەچی لەولاوە “سەلاحەدینی ئەیوبی” بە فیت و گوشار و گەلەکۆمەکی ‘یەکێتی مەلاکانی’ ئەو رۆژگارە دوور و دێرینە کە ‘سەهرەوەردی’یان بە وێڵ و لە رێلادەر گوناهبار ناساندووە، ئیدی فەرمان دەکات بە “زاهیر شا”ی کوڕی کە لە لە ساڵی ‘١١٩١’ لە شاری ‘حەلەب’ بیکوژێت، گەرچی ‘زاهیرشا’ زۆر بە نیگەرانی و نابەدڵ ئەم فەرمانە جێبەجێ دەکات، چونکە دەزانێت نەخشە و پلانی کۆمەڵێک ئاییندار و ئاخوند و مەلای ناحاڵی و بەغیل و کینەباز تەڵەیان بۆ داناوەتەوە، ئیدی لە قەڵای ‘حەلەب’ دەخرێتە ناو زیندانەوە، رێگەی دەدەن کە جۆری مەرگی خۆی هەڵبژێرێت، کە شکۆمەندانە خۆی مەرگێکی دوور لە زەبروزەنگ هەڵدەبژێرێت کە ئەویش بێبەشیکردنی بوو لە نان و ئاو تا گیان سپاردن!
سەرەرای ئەوەش.. لە مانگی گەلاوێژی ساڵی (١٩٢٣)دا و لە سەروبەندی هاوپەیمانی “لۆزان”دا وڵاتانی سوپەر پاوەر و زلهێزەکانی دونیا، دوای جەنگی جیهانگیری دووەم، بە کۆدەنگ ئێمەیان بە خاک و خەڵکەوە لە خاچدا، بە پلان و ئەندازەسازی و نەخشە و پیلانی زلهێزەکان توانیان ژیانی ئێمە لەسەر ئاستی رامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و مەزهەبزەدەیی و فەرهەنگییەوە بە کلکی چوار وڵاتی فاشیست و داگیرکەر ببەستنەوە، بەوە کۆتایی هات کە سمیان پێوەنا کە ئێمە ببین بە سواڵکەر و دەرۆزەکەرانی سەرزەمین بۆ تۆزێک خڵتە و پڵتەی سەربەستی کە تا هەنووکە لێی بەهرەمەند نەبووین؟ یان هەتیوەکانی ژێر دەواری دڕاو و هەلاهەلای رژێمە بارباریست و وەحشیەتگەری وڵاتانی دراوسێ کە هەر هەموویان خۆیان بە جەنگاوەرانی ئاسمان و خودا و ئایینەکەی دەزانن.. کە وا نییە؟
“کارل مارکس” بڕوای وایە کە “ستەمی رۆژهەڵاتیی” ستەمێکە کە وێنەی نییە لە توندوتیژی و وەحشییەتگەری لەسەر ئاستی رامیاری و کۆمەڵایەتی کە تا هەنووکەش ئەو روانینەی ‘مارکس’ بەردەوام و بەرجەستەیە. کە ئەمن لە رۆحی داگیرکاری و دڕندانەی ئەو چوار وڵاتەدا دەیبینمەوە کە بە ئاگر و ئاسن ئێمە لێدەخوڕن: تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا کە بەوەوە دەنازن کە خۆیان بە دەوڵەتی تیۆلۆژی و ئایینپەروەر و موسڵمان لە قەڵەم دەدەن کە خراپترین چوار ولاتانی دونیان لەسەر هەموو ئاستەکاندا کە داتا و ئاماری ساڵانە دەیسەلمێنن کە شتێک نییە دەنێو ئەم چوار وڵاتە کە ناوی مافی مرۆڤ بێت، نەک دەرهەق بە ئێمەی کوردگەل، بگرە بۆ ناوخۆی وڵاتەکانیش کە تیایدا جۆرەها شێوازی ستەم و نایەکسانی و چەوسانەوە تیایدا کردە و ئاکتێکی رۆژانەیە، هەڵبەتە لە پاڵ ئەو چوار وڵاتەی سەرەوە؛ مەرجە ئاماژە بە حوکمڕانی دکتاتۆریانەی ئەفغانستان و پاکستان و سودان و سعودییەی عەرەبی و بەنگلادێش بدەین کە دۆزەخێکیان بۆ خەڵکانی خۆیان ئاگر داوە!
” لە خاچدانی کوردگەل بە خەڵک و خاکەوە”
- هاوکات ئەوەشمان لە یاد نەچێت کە لەسەر دەستی “جۆزێف ستالین ـ ی دکتاتۆر: ١٨٧٨-١٩٥٣” کە بەڵێن بوو لە دوای شۆرشی ‘ئۆکتۆبەر’ قەوارەیەکیش بە ناوی “کوردستانی سوور” بۆ کوردگەل دابمەزرێنن، لە بری ئەم بەڵێنە خەونئامێزە بۆ کوردانی نیشتەجێ لە ژێر ئیمپراتۆرییەتی “روسیا”یی کە گوایە “یەکێتی شۆرەویی/ سۆڤییەتی” بڕوای بە ئازادی کەمینەیی نەتەوەکان هەیە، کەچی بە ‘کونفەیەکون’ “ستالین”ی ستەمکار کوردەکانی بەسەر نۆ لەتە کۆماری دیکە دابەش کرد کە یەکەمین جێلەقکردن و “ئەنفال”ی ئەو رۆژگارە بووە، لە کاتێکدا “شیوعییەکان”ی لای خۆمان، بەو کەسانەشەوە کە بۆ خوێندن یان گەشتیاری و بازرگانی دەچوونە ئەوێندەرێ، زۆرینەیان بێ هەرڵاوێردکردن، وەک ئەوە وابوو کە لە سەفەری “فیردەوس” و جەنناتی نەعیم گەڕابێتنەوە.. جەخار و ئەفسووس و هەزار مخابن!
ئەم گومان و دڵەراوکێ و پرسیارانەی سەرەوە بۆ هەر خانەوادە و ماڵبات و تیرە و هۆز و خێڵ و مەزهەبدار و نەتەوەیەک پێویستە و پێشمەرجی زیندووییەتی هەر خەڵک و نەتەوەیەکە کە ئێمەی کوردگەل، لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە، لە بواری پەروەردەدا تا هەنووکە ئەو پرسیارەمان لە خۆمان نەکردووە، گەرچی بێ قەوارەیی و دابەشکردن و لکاندنی ئێمە بە چوار وڵاتی زاڵ و خۆسەپێن و فاشیست-رەفتار فاکتەرێکی راستەقینە و کوشندە بووە، ئاخۆ ئێمە ئەو پرسیارەمان لە خۆمان کردووە و دەیزانین؟ بەڵام وەک نەخشە و پلانێکی ستراتیژیک و دوور مەودا کارمان بۆ نەکردووە لەسەر ئاستی رامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی، بە تایبەتی لە کوردستان-ی باشووردا کە گوایە ئازادین، کە دیارە کە خاوەنی قەوارەی خۆمان نەبین و هاوکاتیش دەوڵەتداری چوار وڵاتی فشۆڵ و سێنترالیست و ستەمکار جڵەومان بکەن، ئەستەمە لە هەنووکەدا و تا دەورانێکی درێژخایەن بتوانین لەم دۆخە تراژیک و دراماتیکە دەربچین!
ئایا بۆچی نەتەوەیەکی چل ملیۆنی بە درێژایی مێژووی رۆحی بەرگری و خوێنباران و بەرخۆدان و ململانێکار نەگەیشتووین بە ‘داری ئازادی؟’ سەرباری بەردەوامبوونی چەوساندنەوەی ئێمە و شكستی دراماتیک و تراژیکی شۆڕشەکانمان و هەڵواسین و کوشتن و زیندانیکردنی رابەرەکانمان، بێجگە لە تاراوگەنشینی هەزارەهای بەرزەدەماغ و شۆڕشگێڕ، کەچی تاوەکو ئێستاکێ پلان و نەخشەیەکی سیاسی و ستراتیژی و لۆبییەکی یەکگرتوومان نییە لەسەر ئاستی رامیاری و ئابووری و کۆمەڵاییەتی و فەرهەنگیی، کە هیچ نەبێت وانەیەک و پەندێک لە تێكۆشانی خەڵکانی ‘جوولەکە’ وەربگرین کە وەک ئێمە خاوەنی مێژوویەکی خوێناوی بوون، بەڵام توانیان وەک “قەقنەس” لە ناو خۆڵەمێشی خۆیاندا زیندوو ببنەوە.
بۆ ئێمەی پەراوێزخراو و دەرکراو لە مێژوودا کە لە کۆتایی ساڵی (٢٠٢٣)دا دەکەوینەوە ناو بازنە و سەر یادی پەیماننامەی “لۆزان”ی شووم و بەدیوم کە لە بەرواری (٢٤/٧/١٩٢٣)دا بووین بە قوربانی و وەک بەرخەکەی “ئیبراهیم” پێغەمبەر سەر بڕاین و خوراین. گوایە دەوڵەتە سەرکەوتووەکانی دوای ‘یەکەمین جەنگی جیهانگیریی’ بە چاکیان زانیوە، بێجگە لە کوردگەل، زۆرینەی نەتەوەکانی دیکەی “ڕەشهەڵاتی ناوەراست” شایستەی قەوارەیەکی سیاسی خۆیان بن، بێجگە لە ئێمە کە وەک (یەسوعی مەسیح) بە خەڵک و خاکەوە لە خاچ دراین و چارەنووسی ئێمە بە فەرامۆشییەکی کوشندە و خوێناوی سپێردرا کە تا هەنووکەش بەردەوامە!
- لەژێر سێبەری شمشێردا:
“رەجەب تەیب ئێردۆغان”یش کە خۆی بە جەنگاوەری ئاسمان و ئیسلام و خوداناس دەزانێت، هەم خەونی ئەوەی هەیە کە ببێت بە سەردار و رابەری “ئیخوانییەکان”ی نێو جیهانی ئیسلامیی، هاوکاتیش مرخی لەوە خۆشکردووە کە دیسانەوە لە رێگەی “فتوحات و غەزەوات”ەوە کە چلۆن بەشێکی لە کوردستانی “رۆژئاوا” و “باشوور”ی داگیر کردووە، گوایە وەک خۆی رایگەیاندووە و سەرانی ژمارەیەک لە حیزبە ئیسلامییەکان و چەندین کارەکتەری دەستەڵاتدار و سیاسەتباز کە خۆیان بە باوک و دایکی کوردایەتی و نەتەوەگەری دەزانن، کە بڕیاربەدەستی لای خۆمانن، هاوسۆزی لەتەک ئەم فاشیست بارباریستە دەنوێننن، گوایە بە موبارەکەی ‘خودا’ و دونیا، لە خەونی ئەوەدایە کە ‘ئیمپراتۆرییەتی عوسمانلی’ دێرین و لە دەستچوو لەسەر دەستی ئەم زیندوو بکرێتەوە و خودی خۆیشی ببێت بە ئیمپراتۆری ‘عوسمانلی تازە و نوو’، هەموومان ئەو رۆژگارەمان لە یادە کە بە بەرچاوی هەموو دونیای دوون و خەوتووەوە، دەنێو هەر حەوت کێشوەرەکاندا، هاواری کرد ئێمە بەرەو “عەفرین” دەچین، هەر وەک چلۆن باوک و باپیرانمان دەچوون بۆ “فتوحات و غەزەوات”، بە واتا وانەی یەکەمی ئەوان داگیرکردنی خەڵک و خاکی دیکە بوون کە کوردگەل تیایدا زۆرینە بوون، لە دێر زەمانەوە تا هەنووکە، هەر هەمان کات و سات ‘موفتی’ دەوڵەتی تورکیا فەرمان دەردەکات کە لە شەوی داگیرکارییەکانی ‘عەفرین’ و شارۆچکە و گوندەکانی دیکەدا، مەرجی ئیمان و خوداناسییە کە هەر هەموو مەلاکانی مزگەوتەکان و هەر خوێندەوارێک ‘سورەتی فەتح’ بخوێنن و سەرگەرمی سەڵەوات و سوبحانەڵلا بن.
کەچی هاوزەمان “الشیخ یوسف القرضاوی ” زانای ناوداری ئیخوانییەکان و سەرۆکی یەکێتی جیهانی زانایانی ئیسلام لە ساڵی “٢٠١٦”دا و لە کۆنگرەی یەکێتییە خامۆش و سەرکزەکەی گوتی، ” ئەوە ‘ئێردۆغان’ە کە خەمی میللەتی ئیسلامی لە ئەستۆ گرتووە و “اللە” و پێغەمبەر و جبرائیل و ئیماندارانی چاكەخواز و فریشتەکان پشتیوانی لە ‘ئێردۆغان’ دەکەن و ئاماژەی بە ئایەتی چوارەمی سوورەتی “التحریم” کرد کە دەڵێت:
{فَإِنَّ اللَّهَ هُوَ مَوْلاهُ وَجِبْرِيلُ وَصَالِحُ الْمُؤْمِنِينَ وَالْمَلائِكَةُ بَعْدَ ذَلِكَ ظَهِيرٌ.} ئەوەیان لە کاتێكدا بوو کە کوڕان و کچانی شەڕڤانگەلی “رۆژئاوای کوردستان” شەڕی داعشیان دەکرد و بەرگریان لە خاکی ڕزگارکراوی کوردستان دەکرد. بەڵام ئەوەیان چ مۆڕاڵ و ویژدانێکە کە چوار وڵاتی موسلمان بە موبارەک-بایی خۆیان و موبارەکەکردنی زلهێزەکانی دونیاوە بۆ هەتاهەتایە لە خاچمان بدەن، لەولاوەش ‘خودا’ و ئاسمان و فریشتەکانی خامۆش و بێباکانە سەیری کاولکاری و خوێنباران و مەرگی هەزارەها دەکەن و نقە ناکەن ؟
بیرمەندی ئانگلۆ-ئایرش”جۆناثان سویفت:١٦٦٧-١٧٤٥” دەڵێت: “ئێمـە بڕی ئەوەندە زۆر و زەوەند ئایینمان هەیە کە بۆ هەمیشە کینەباز بین و رقمان لە یەکتری ببێتەوە، بەڵام هەرگیز بایی ئەوەندە دین و ئایینمان نەبووە کە یەکتریمان خۆشبوێت!”
ئەو روانینەی ‘جۆناثان سویفت’ مێژوویەکی دێرینی هەبووە لە “رۆژئاوا”دا بۆ ماوەی چەندەها سەدە، کە هەنووکە دەنێو ‘ڕۆژهەڵاتی ناوەراست’ و دونیای ئێمەدا تا ئێستاش لە برەودایە و خوێنبارانەکەش زەریای خوێنی بەرپاکردووە و هەر هەموومان مەلەی تێدا دەکەین!
“ئێردۆغان”ێک کە بە هەزارەها لە موسڵمانانی رۆژهەڵاتی ناوەراست، بە کوردیشەوە، هەن کە ئەم چنگ خوێناوییە بە نموونەی باڵای خۆیان دەزانن، بێ ئەوەی تەماشا بکەن کە ئێمە خاوەن چ دیرۆکێک و چارەنووسێکین کە تا هەنووکەش بەسەر خاچەوەین و خوێنمان لێدەچۆڕێت، گوایە چاوەڕوانی دونیای دوون و بێ مۆڕالین کە لەو خاچەوە دامانبگرنە خوارێ کە داروبارەکەی لە تەختە و درەختەکانی خۆمان ئەو خاچەیان بۆ ئێمە دروستکردووە!
- هەڵوەشاندنەوەی دادگای باڵا:
پرسیاری کوشندەی من ئەوەیە کە ئەگەر “خودا” دادگاییەکی باڵای خۆی هەیە لە ئاسمانێ کە لە قیامەتێ و سەروەختی ‘حەشر و نەشر’ دادگایی هەموومان دەکات، مەڕ بە پێی خۆی و بزن بە پێی خۆی بە قەنارەوە هەڵدەواسرێت، دەی.. کەواتە ئەم سەدەها دادگا و داواکاری گشتییە چین و کێن کە بە هەزارەهایە و بە ناوی ‘خودا’و ئاسمانەوە لەسەر زەمین دایانمەزراندووە؟ ئەو هەزارەها و ملیۆنەهایە چلۆن وەکالەتی عام و خاسیان لە ‘خودا’ وەرگرتووە؟ کەنگی و لە کێندەرێ و بە چ هەق و مافێک؟ ئەوەی ئەوان دەیکەن رێک هەڵوەشاندنەوەی دادگای باڵای “یەزدان”ی خۆیانە لە ئاسمان و لەسەرزەمین!
لە باری دەروونگەرایی و سایکۆلۆژییەوە ئەمن وای دەبینم کە ئەوانەی بە درێژایی مێژوو، بە ناوی خوداوە، خاک و خەڵکەکان پێکەوە تاڵان دەکەن و هەم دەکوژن و ئەتکی کچان و ژنان دەکەن، تەڕ و وشک بەیەکەوە دەسووتێنن، هۆشیار بن یان بێئاگا و غافڵگیر، خۆیان لێ بووەتە ‘خودا’ یان خەلیفە و سێبەری خودا، بە ئەندازەیەک کە واهیمەیەکیان هەیە کە مادامەکێ تەنها “خودا” خۆی دەتوانێت ژیان و زیندوێتی بە ئێمە ببەخشێت، هەمدیس هەر خودا خۆی دەتوانێت بمانباتەوە و بمانمرێنێت، کە دیارە بە بڕوای ئەوانی خوداناس بێجگە لە زاتی ئیلاهی کەسێکی دیکە نییە و ناتوانێت ژیان ببەخشێت و مەرگ بسەپێنێت، بەڵام گەر وابێت.. کە گوایە مرۆڤی رەسەن و دیندار و بڕوادار خەلیفەی خودایە لەسەر زەمین کە بە ئایەت سەلمێندراوە، کەواتە جەنگاوەرانی ‘قاعیدە’ و ‘بۆکۆ حەرام’ و ‘تاڵیبان’ و ‘سەییافەکانی فلیپین’ و ‘ داعش’ و سەدەها گروپی دیکەی جیهادیست و تەکفیری و قیتالی دەخوازن لەسەر ئەم ئەستێرەیە رۆڵی “خودا” ببینن، کوشتن و بڕین بۆ ئەوانی دەردەدار و سایکۆپات تیماری برینەکانی خۆیانە کە زۆریان هەستی نوقسانی و کەمبوودی و گرگنی وایکردووە ئەو وەهمەیان هەبێت کە بە هەق خۆیان عابد و بنیادەمگەلێکی ئاسایی نین، بەڵکو خۆیان لێ بۆتە سێبەر و داربەدەستی ‘خودا’، کە مادامەکێ پیشەسازی مەرگ و کارگە و ئاشی ئەوان بە خوێن دەگەڕێت بۆ ئەوانی جەنگاوەری ئاسمان، ئەمەیان رێک قەرەبووکردنەوەی هەر هەموو ئەو شکست و نشوستی و ستەم و چەوساندنەوە و تێکشکان و هەر دۆڕانێکە کە لە بواری رامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فیکری و رۆحییەوە بە درێژایی ژیانی خۆیان جەنگەوەرانی ئاسمان چەشتوویانە، دیارە فاکتەر و هۆکاری دیکەی دەروون-بیماری دیکەش زۆرن بۆ وەهمی “خۆ-بە خودا-زان” کە لێرەدا جێگەی نابێتەوە بیانژمێرم. بۆ هەمیشە هێزی وێرانکردن و شەڕانگێزی هاوشانە بەو زەمان و تەمەنەی کە تیایدا خۆش و باش نەژیاوین و بگرە ستەمدیدە و چەوساوە و ئازارچەشتوو بووین، هەر هەمان ئەم دۆخە نالەبارە و تەنگژەباری رۆح و رەوانی وایکرد بە تەنها بە خوێنرشتن و خوێنخواردن جەنگاوەرەکانی بڕوادار و خاوەنی ئیمانی فاڵسۆ و عەمبارەپۆ و ساختە ئۆرگازم بن بۆ هەتا هەتایە!
ئەو راستییەی کە من درکاندوومە، ئەوان کە خۆیان بە جەنگاوەرانی ‘یەزدان’ دەزانن، نەک نکۆڵی لێناکەن، بگرە شانازی پێوە دەکەن، بۆ نموونە “ئیبن قەییم” بە کتێبێک ئەم راستییە دەسەلمێنێت بە ناوونیشانی {اعلام الموقعین عن رب العالمین}. بە واتا کەسانێک هەن کە خۆیان بە موفتی و ولایەتی فەقیهی و هەم مۆڵەت پێدراو دەزانن کە گوایە لە لایەن یەزدان و پێغەمبەر-وە وەریانگرتووە و دەتوانن لە بری “خودا” مۆر و واژۆی خۆیان لەسەر هەر بڕیارێکی خراپ و خوێناوی بدەن، کەچی واهیمەی ئەوەشیان هەبێت کە ئاسمان خەڵات و دیاری و پاداشتی خێریان دەداتەوە. کەواتە ئەرکی پیرۆزی هەر هەموو ئاییندارانی رەسەن و ئاشتیخواز ئەوەیە کە ئەو ‘خودا’یە لە چنگی خوێناوی ئەو جەنگاوەرانە بستێننەوە کە بە هەق ئابڕووی ئاسمان و سەرزەمینیان بردووە!
- بەرزەخی نێوان دۆزەخ و بەهەشت:
ئەمن لە کۆتایی ئەم مانیفێستەدا بۆ هەمووان دوا راز و نیازی خۆم رادەگەێنم و دەدرکێنم، گەر ئێمە لە قیامەتێ و ئاخیر زەماندا، چ بەهەشت-نشین بین و چ دۆزەخ-نشین بین، من حەزمە زیندوو ببمەوە و دادگایی بکرێم و جا بە دۆزەخ-نشین بم یان لەسەر بەرزەخەکە چاوەڕوان بم کە لەسەر پردی ‘سیڕات’دا بە کام لادا دەکەوم: جەههەننەم یان فیردەوس، وەلی ئەگەر لە دادگاکەی ‘باری تەعالان’ ماف و هەقی ئەوەم هەبێت لە بەرامبە ‘زاتی ئیلاهی’ چەند راز و نیازێک بگۆڕمەوە و بیدرکێنم، ئەوسا چەند راستییەکی گەڵێک تاڵ و کوشندە هەن کە ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی خۆمان هەگیزاوهەرگیز حەزیان نەکردووە لە منی ببیستن، گەرچی خۆیان بە خوداناس دەزانی، چونکە پڕبوو لە گومان و پرسیار و سکاڵای جەرگبڕ و بگرە دادگایی تۆپی زەمان و ئاسمان، خۆ گەر ئاسمانیش گوێی لێنەگرتم و بە دۆزەخی گەیاندم، ئەوسا دەزانم کە ئیدی ناچارم لەگەڵ دۆزەخدا هەڵبکەم و ئاشنا بم بە ئاگر و سووتانەکەی، ئاخر سەیر نییە.. چونکە من سەر بە خانەوادە و گەڕەکێک و شار و وڵاتێک و نەتەوەیەکم کە لە ناو جەهەننەمدا ژیاین و زیندەگیمان گوزەراند، کە وا مەزەندە دەکەم کە چەندە ئەستەمە کە دوای بینینی هەزارەها دۆزەخی سەرزەمین؛ ئاخۆ رەوای هەقە دیسانەوە و سەر لە نوێ بچینەوە دۆزەخ؟ گەر وا بوو، من دەبم بە سەرقافلەچی کاروانی هاودەم و هاوکووفی خۆم لە نێو کوردگەل، یان پاسەوان و پاشکۆی کاروانسەرای روو لە دۆزەخ، کە شکۆمەندانە رووەو دۆزەخی هەڵایساو بە بەرگی بڵێسە و ئاگرەوە رێدەکەین و چش لە ‘سەڕسەڕ- صَرْصَرٍ’ و ‘زەمهەریر- زمهرير’ و ‘زقوم- الزقوم’، چونکە نە بەهەشت بەو شێوەیەی کە وەسفکراوە بە درێژایی مێژوو: جێگەی خۆشحاڵی منە و نە دۆزەخیش جێگەی نیگەرانی و ترس و تۆقاندنی منە.. هەرگیزاوهەرگیز!
دوا راز و نیازی من نیگەرانی و حەسرەتێکە لە دڵمدایە کە سەبارەت بە تکا و رێنمایی ‘پلکە زارێ-ی’ دایکم بووە کە دەیخواست ئاگام لە ئیمان و دینەکەم بێت بەو نیازەی من و ئەو لە ‘بەهەشت’دا یەکتری بگرینەوە، وەڵامی کورت و هەمیشەیی من بۆ دایکم ئەوە بووە کە دەمگوت، “هۆ.. دایە گیان.. خۆ دۆزەخیش هەر ماڵی خودایە وەک بەهەشتەکەی.. دەی چما وا نییە؟!”
لە وەڵامدا غەمناک و لێوبەبارانە و بە قەهرەوە دەیگوت، ” ئەشهەدوو رۆڵە گیان.. بەڵام دڵی من وا ناڵێت!”
چەندە دراماتیک و کوشندە بوو کە دڵی دایکم دەشکاند کە بۆ هەمیشە لە دۆخی وادا دەدایە پڕمەی گریان، رێک وەک ئەوە وابوو کە من و ئەو چارەنووسمان وا بێت کە لە دووڕیانێکدا گیرمان خواردبێت، کە بەرزەخی نێوان دۆزەخ و بەهەشت بووبێت کە ئیدی دەبوو جیاببینەوە، دروست وا بوو، دڵی دایک ئەوە ناخوازێت کە جگەرگۆشەکەی دۆزەخ-نشین بێت!”
بۆ هەمیشەش دڵنیای دەکردمەوە و دەیگوت کە ئەم دەزانێت من لەتەک ئەودا، لە بەهەشت پێکەوە دەبین، چونکە دەیگوت کە ئەمن لە خوێنێکی پاک خوڵقاوم، کە مەبەستی یەکەمین خوێن بینین و وەستانی سوڕی مانگانەی خۆی بووبێت، بە واتا نەباڵق بووە کە بەشوو دراوە.. ئیدی من زادەی یەکەمین داڕسانی خوێنی پاکی ئەو بووبم کە بە ملیۆنەها لە ژنان و پیاوانی ئێمە بە خوێنێکی پیسی دەزانن، بۆ هەمیشە “زارێ”ی دایکم متمانەی هەبووە بەوەی کە “یەزدان” بە گشتی تەماشای هەموو دڵەکان دەکات، بە تایبەتیش تەماشای دڵی دایکەکان.. خۆ هەر دەبێت واش بێت!
هاوینی/٢٠٢٢/ باشووری کوردستان- سەرنجێک: بەر لە بڵاوکردنەوەی دوا پاکنووسی ئەم مانیفێستەم، هەر لە سەر و بەندی سەرەتای ئەمساڵدا بوو کە نیوەی ئەم مانیفێستەم بڵاوکردەوە، بەڵام هەستمکرد کە ماوییەتی بەرکەماڵ و تێری بکەم و کۆی تێرامان و تێفکرینی خۆم بخەمە ڕوو، کە لە بنەڕەتدا راگەیاندنی راز و نیاز و وەڵامێکی منە بۆ کۆی ئەو هەرا و زەنا و گۆبەندەی کە لە سەرەتای ئەمساڵدا بەرپابوو سەبارەت بە نێونیگا و روانینی من بۆ بونیاتنانی پەروەردەیەکی تازەبابەت و مرۆڤدۆست و بەدەر لە ئایدیۆلۆژیای گەمژەکار و چەواشەکار بە ناوی رامیاری بێت یان مەزهەبزەدەیی، هاوکاتیش وەڵام و باگۆی ئەو فشارەیە کە مەزهەبزەدە توندڕەوەکان دەرهەق بە من پیادەی دەکەن بە ئامراز و و شێواز و زمانێک کە هیچ لۆژیک و ئاوەز و ئەتەکێتێکی تێدا نییە!