چه‌ند شیعرێكی جه‌لالی میرزا كه‌ریم
ڕوانینه‌كانی چاوی شه‌قام
چاوی شه‌قام ..
هۆن .. هۆن نیگای ئاگری باڵی كاروانمان
مه‌رگی به‌هاری ئاسۆ دائهبارێنی ..
هۆنراوه‌ی زام ..
تاڵ .. تاڵ چڵی خوێنی وشه‌ی سه‌ربڕاومان
له ڕێژنه و تاوی هه‌ناسه‌ی ژاڵه و بیدا دائهچێنێ ..
لێوی په‌یام ..
گه‌ڵا .. گه‌ڵا تریفه‌ی بزه‌ی هاوارمان
به‌ناو ناخی ڕێگای قوڕپێوان و شین‌دا ئه‌وه‌رێنی ..
خۆری ئه‌نجام ..
تاڵ .. تاڵ ورشه‌ی شنه‌ی ئاڵای ههنگاونانمان
به‌ناو سنگی ته‌مومژی قه‌ڵای شه‌ودا ئه‌پرژێنێ ..
شه‌قام: من كیشوه‌ری زامم
زام: من شۆڕشی په‌یامم
په‌یام: من چه‌كی ئه‌نجامم
ئه‌نجام: من گۆرانی ناو سه‌نگه‌ری شۆڕشگێڕانی جیهانم ..
من ڤێتنامم ..
من پۆلیڤیام ..
من سۆدانم ..
من شۆڕشی كوردستان‌م.
***
(( وێڵێكی ڕێ .. ڕێبواری ڕێی بێ كۆتایی
په‌یتا .. په‌یتا
خه‌نجه‌ری له سێبه‌ری باڵای ته‌مه‌نی سته‌مكاری
ههڵئهكێشا …
دیواری خوێن خۆی له فرمێسك ههڵئهكێشا.
سه‌نگه‌ری خه‌م چیای قورسی ڕێی نۆ ساڵه‌ی
ته‌نیا خواستێكی ئه‌كێشا.))
_ گۆرانیی .. له‌ناو گه‌رووما ئه‌خنكێنرێ
گۆرانیی .. له‌ناو سه‌نگه‌را ئه‌سووتێنرێ
كه‌چی هێشتا .. هێشتا سه‌نگه‌ر
نازانم بۆ .. بۆ له ئاگری ناو گه‌رووی خۆی ناپرسێ؟
( ڕێی گه‌رداوی خوێنی هیوا
به‌ره‌و ئاسمانی ئه‌ودیوی مه‌به‌ست ئه‌ڕوا ..
ئه‌فڕێ .. ئه‌كشێ، تا چاوی بڕكا .. ئه‌ڕوا .. ئه‌ڕوا
ئا ئه‌و له‌شه‌ی .. به باڵییه‌وه هه‌ڵئه‌واسرا
ئا ئه‌و زامه‌ی .. به ناوچه‌وانییه‌وه ئه‌نرا
گه‌رووی تفه‌نگی پێشمه‌رگه‌ی ئه‌هێنایه سروودی گڕ
چاوی تۆڵه‌ی ناو سه‌نگه‌ری
ئه‌هێنایه په‌ڵه‌ی بارانی خوێنی خوڕ.))
_ كوا ڕه‌شه‌بای گڕپژێنی
ناو گه‌رداوی دڵی تۆڵه
كوانێ شنه‌ی ته‌م ڕه‌وێنی
باخی لێوی بیابانی سنگی ئه‌م وڵاته چۆڵه؟
(( خۆر .. بۆ په‌ڵه هه‌ورێ ئه‌گری
هه‌ور .. بۆ باخ
باخ .. بۆ داربه‌ڕوویه‌كی شاخ
داربه‌ڕووش .. بۆ ته‌ورێ ئه‌گری.))
_ ڕێبوارێكم .. بۆ ڕێ ئه‌گریم
فرمێسكێكم .. بۆ زێ ئه‌گریم.
(( ئاگر .. له‌دوای ماندووبوونی سووتاندنی خه‌رمانی
وشك، هه‌ناسه‌ی خه‌می هه‌ڵكێشا..
تۆڵه .. به‌ناو گه‌رووی ڕقا وه‌ك تووله ڕێیه‌كی خوێنین،
به‌ره‌و دڵی وێرانه‌ی سه‌نگه‌ری
وشه‌ی خۆر داكشا.))
_ ئهنهڕێنم:-
من ڕێبواری هیوایه‌كی سه‌رهه‌ڵگرتووم.
ئه‌چرپێنم:-
من ماچێكی بۆ لێو تینووم.
((ڕێگا دووره ..
داستانی خه‌م كێوی گڕی سه‌ره‌و ژووره
ڕێ بۆ مه‌ڵبه‌ند .. چله‌ی دۆزه‌خێكی سووره
شه‌پۆلی لێوی گۆرانی پرشنگی خۆری خنكاوی
ده‌ریای خوێنی بێ سنووره ..)).
_ ئه‌ڕۆم ..
له‌ناو شاری خه‌ما زه‌نگی بزه
بۆ چرۆی گۆرانییه‌ك ڕائه‌وه‌شێنم.
ئه‌ڕۆم ..
له‌ناو گۆمی خوێنا چرای وشه
بۆ پشكۆی هۆنراوه‌یه‌ك دائه‌گیرسێنم
ئه‌ڕۆم .. ئه‌ڕۆم
من بۆ ڕێگه‌ی ئاگر سووتووم
ئه‌ڕۆم .. ئه‌ڕۆم
من مه‌رگی پێشمه‌رگه‌ی زیندووم
من گۆرانیی ئاسۆم چاوم
من ئازاری ئاڵای ناوم
من .. هۆنراوه‌م،
به بێ سه‌نگه‌ر هه‌رگیز ناژی
من .. سه‌نگه‌رم،
به بێ ده‌فته‌ر هه‌رگیز ناژی
من .. له مه‌رگا
ناوی ژیان له خۆم ئه‌نێم
من .. له ده‌نگا
شیعر بۆ چرپه‌ی چاو ئه‌ڵێم
من .. له تۆفی خوێن هه‌ڵسانی ڕێگای شارا
هه‌نگاو ئه‌نێم
من چارۆگه‌ی كه‌شتی باخی
هه‌ڵچوونی زێم.
(( شۆڕه‌سوارێ ..
بۆ پرسیارێ ..
تاوی ئه‌دا .. باڵی ڕۆژگار
ڕاوی ئه‌نا .. خه‌ونی شه‌وگار
هه‌ر یه‌ك وه‌ڵام .. ئه‌بووه هاوار
ئه‌بووه سۆزی گهردووی قه‌تار)).
_ من گه‌ردنی ئاسۆی شاری پڕ هه‌نسكی
خۆم ماچ ئه‌كه‌م
(( بزه‌ی نه‌رمی شه‌پۆلی دوو لێوی وه‌ڵام
له‌به‌رده‌م ده‌رگای گریانا
ئه‌بووه ئه‌نجام
ئه‌بووه په‌یام)).
_ من ڕه‌شماڵی خێڵی شۆڕش
له‌ناو شاری كۆچهرانا
له‌ناو وه‌رزی بیابانا
له‌ناو دڵتانا هه‌ڵئه‌ده‌م.
(( چاوی ژیان
ده‌رگای داستان
له پرسیاری باڵای له خوێن هه‌ڵكێشراوی
شۆڕه‌سوارێك كرایه‌وه)).
_ ناوت نابه‌م
خۆت حه‌شارده .. دوژمنداریت
باست ناكه‌م
برینداریت ..
(( ژانی زامی .. بێ ده‌نگ نه‌بووی هێشتا به‌سوێ
چاوی ماڵی ..
نیگای كاڵی ..
پڕ كرد له خوێ))
_ من نه‌هاتووم .. ماچ كه‌ن زامم
په‌نای دهن نه‌ڕه‌ی په‌یامم
من وا هاتووم
گه‌رووی وشكی چه‌كه‌كانتان
له كارێزه‌ی زامی قووڵما له خوێن تێر كه‌ن
من وا هاتووم مناڵانتان
به ئهلف و بێی شۆڕش فێر كه‌ن.
• گۆڤاری به‌یان، ژماره (8) 1973.
————————–
بڕوای شار
له گیانێكا… ئینسانێكا
له قووڵایی ئاسمانێكا
له شڵپه‌ی خوێنی جوانێكا
له كسپه و چزه‌ی ژانێكا
زۆر شت بینرا، ئێجگار نوێبوون.
***
بۆ گه‌ل
مه‌شخه‌ڵ
چرای ڕێبوون.
وای كرد پێڵووی چاو لێكنهنرێ
له ڕووی تیشكی ئه‌و بڕوایه
هه‌ژاری شار هه‌نگاو بنێ
به‌ره‌و سه‌ختی ئه‌و ڕێگایه
كه نان
ژیان
به‌ختیاری بۆ ئه‌م تیایه.
***
له گیانێكا… ئینسانێكا
له تاریكی ڕۆژانێكا
فرمێسك تیایا له‌رزی و ترسا
گه‌لێك پردی مه‌زن ڕووخا
كه‌سێك بینرا
كه‌سی گشت كه‌س
ژیان لای به‌س
مردنێكی سه‌ر به‌رزی بوو
تاقه بڕوا
قوربانی پڕ دڵسۆزی بوو
كه‌سێك بینرا
به پێشمه‌رگه‌ی كورد ناو ئه‌برا
چه‌ند لێی درا
ئازار درا
هه‌تا كوژرا
ناوی كورد و كوردستانی له ده‌م نه‌بڕا.
***
له قووڵایی ئاسمانێكا ….
له ئاهی چه‌ند شهوانێكا
مانگی ڕووی دایك ئه‌بینرا
مات و بێده‌نگ
فرمێسكی مه‌نگ
نم نم له چاوی ئه‌ڕژا
بۆ كۆرپه شیره‌خۆره‌كه‌ی
كه دوژمن له بێشكه‌ی گڕا
به نێزه فێره خوێنه‌كه‌ی
دوا تریقه‌ی گه‌شی خنكا
ئاسمان ڕووخا
زه‌وی جووڵا
مناره‌كه‌ی مزگه‌وتی شار
هات به‌لادا
نوێژ تێكدرا
خوێن په‌ڵه‌ی دا
به‌ڕووی خوادا ههڵپژینرا
له تاوانی ئه‌و مناڵه‌ی
وا سه‌ر بڕا.
***
له شڵپه‌ی خوێنی جوانێكا
له گه‌رمه‌ی شه‌ڕ بارانێكا
كڵپه‌ی تۆڵه لهچاوێكا
دڵی دوژمنی ئهپێكا
چاوی جوانێكی….
كچه شوانێك
كه نامه‌ردێ… جانه‌وه‌رێ
داگیركه‌رێ
ڕێی لێبگرێ
له‌دوای تێربوون سه‌ری بڕێ
له چاوێكا….
له چاوی كچه كوردێكا
بینرا تۆڵه
نه‌ك یه‌ك تۆڵه… هه‌زار تۆڵه
تۆڵه‌ی زامی
بێ‌ئارامی
ژێر پێله‌قه و مشته كۆڵه.
***
له كسپه و چزه‌ی زامێكا
تهپاوتلدانی ژانێكا
باخێك بینرا
باخی هیوا
تۆوی بڕوا پێدا ئه‌كرا
بڕوا به‌گه‌ل… به ڕابه‌رێ
به‌و زه‌حمه‌تكێشه‌ی، ڕاپه‌ڕێ
بڕوا به‌وه‌ی
ئامانجی كورد… هیوای نه‌وه‌ی
به‌رناگرێ…
ئه‌گه‌ر خوێنی بۆ نه‌ڕێژرێ
• گۆڤاری ڕزگاری ژماره، 1969.
——————————
ڕازێكی ده‌روون
گوێ شلی ئه‌و وتانه‌م له شه‌وه‌زه‌نگا
چرپه‌یانه له خامۆشی تاری سنگا
ئه‌و سكاڵا تاڵه‌ی هه‌رده‌م
هه‌ڵده‌ڕێژێ زووخاوی خه‌م
ئه‌و پرسیاره، بێ وه‌ڵامه‌ی، ڕێی پێنابه‌م
نه تێی ئه‌گه‌م
نه ئه‌شتوانم لێی هه‌ڵبێم و خۆم ده‌ربازكه‌م.
***
چیم له بوونما ئاخۆ ده‌سكه‌وت
بڵێسه و گڕ؟
یا هێمنی، گیانی نه‌سره‌وت
شادمانی، یا خه‌می دڕ
***
دنیا و ته‌مه‌نی لهمهودوام
ئاخۆ چۆن بێ؟
پڕ جریوه‌ی ئه‌ستێره‌بێ
ئاسمانه‌كه‌ی دوێنێی بڕوام.
***
ئه‌ی خۆم، كێ بم؟
به‌زه‌یی بم، یا شهڕخواهی
خۆشه‌ویستی، یا ڕقاوی
ئاخۆ چی بم؟
***
تهزوویهكیش به‌گیانما دێت
فرمێسك و بزه‌ی لێده‌تكێت
كاتێك ده‌روون
دێته گڕ و كفت و هه‌ڵچوون
وێنه‌یه‌كی پرسیاراوی
ئه‌خه‌مه به‌رچاوی وێڵم
تیایا دڕكی ئاگراوی پڕ له چزه‌ی ژین ده‌شێلم.
***
له فرمێسكا… له بزه‌ی یادی جارانما
لهههنسكا… له شاڵاوی بیرسووتانما
له ناخه‌وه
له ناخێكی به داخه‌وه…
ڕوخساری خۆم، به‌دی ئه‌كه‌م
ڕووم تێ ئه‌كا… ڕووی تێ ئه‌كه‌م
دێینه دووان …
له من یه‌ك و له‌و به سه‌دان.
***
جا له ڕوخسارم تێ ئه‌گه‌م
بۆ وته‌یه‌ك گوێ شل ئه‌كه‌م
له قووڵایی دڵمه‌وه دێت
ئه‌نه‌ڕێنێت و پێم ئه‌ڵێت
نازانیت كێیت؟
پایه‌ت چه‌نده؟ كامه‌یه جێت؟
***
تۆ مرۆڤیت… بڵنده جێت
چه‌ند به‌ژان بێ ژینی دوێنێت
ئه‌مڕۆ ئازاد، ملی ڕێگات
بگره به‌ره‌و دنیای هیوات
ئه‌وسا هه‌ر وێنه‌ی ڕووی دوێنێت
هه‌زار و یه‌ك ڕه‌نگ ئه‌نوێنێت
باخی وشكی زه‌ردی سیسبوو
به ده‌ریای گوڵ ئه‌نه‌خشێنێ
به هه‌زاران وته‌ی نوستوو
له خه‌وی قورس هه‌ڵئه‌سێنێ
په‌ڵه هه‌وری ڕه‌شی سنگت
دێته ڕه‌وینه‌وه و نه‌مان
لێڵی گۆمی خولیای مه‌نگت
ڕوون ئه‌بێته‌وه گه‌ش و جوان
تێده‌گه‌یت كێیت
بۆچی ده‌ژیت … كامه‌یه جێت
به‌ره‌و كوێیه هه‌نگاوی ڕێت
تێئه‌گه‌یت كێیت…
• گۆڤاری تووتن، ژماره (4) 1970.
———————————————–
ڕازه‌كانی هه‌فته…..
دڵداری
من له وانه‌ی دڵداریدا
له دوا ڕیزی قوتابییه‌كانی پۆلا بووم.
چونكه ته‌نیا له‌گه‌ڵ ژانی
ئاواره‌یی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی خۆما بووم.
نهێنی
ئه‌زانن من پاسه‌پۆرتی
ڕهشكراوهی فرمێسكم له گیرفانایه؟
یه‌ك یه‌ك ئێستگه‌كان جێ دێڵم
به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانن چی له دڵمایه.
شه‌رم
به ڕێكه‌وت كه له ڕێگادا تۆ ئه‌بینم،
شیعره‌كانم شه‌رمه‌زارن.
كه ناتبینم،
چاوه‌كانی بینینه‌وه‌ی وشه‌كانم هه‌ر بێدارن.
نیشتیمان
كه هه‌ست له‌ناو ئاگری دوور وڵاتیا،
ڕازهكانم ئه‌سووتێنێ
به‌هاره ڕێ گوڵی ده‌نگم
له پایزی بهستهكانما ئهپروێنێ.
په‌شیمانی
دڵداره‌كه‌م چه‌قۆی ڕقی زیزبوونی خۆی،
بست بست به‌ناو گیانما گه‌ڕان.
هه‌تا له‌ناو پهرهِی دڵما،
له خوێنی خۆی ده‌ریای په‌شیمانی هه‌ستان.
دڵ
من ئێستاكه له دڵ دوورم نازانم هه‌م
یاخود ڕێچكه‌ی نه‌مان ئه‌گرم
كامتان له دڵتان نزیكن؟
ئاشكرای كه‌ن، تا ده‌ستتان له‌گه‌ڵا بگرم.
شۆڕش
ئه‌تانه‌وێ من بناسن؟
من عاشقی ڕێگایه‌كم مه‌رگی تیا بێ.
كه هه‌ڵوێست مرد بۆچی نابێ؟
ده‌روون شیعری شۆڕشێكی تری تیا بێ. ¬
1977
• ڕۆڤار، ژماره (15) 2001.
———————————
داستانی شار
1
هێشتا مناڵ بووم ..
چۆله‌كه‌یه‌كی بێ په‌ڕوباڵ بووم،
نه مانای ژیان .. گه‌ڵاڕێزانی،
نه مانای گریان .. ژانم ئه‌زانی ..
ئه‌وه‌ی لام خۆش بوو،
حهمامۆكێ بوو .. خۆڵه‌په‌تانی.
* * *
نهم ئه‌زانی بۆ؟
ئه‌ستێره‌كانی دره‌وشاوه‌ی شه‌و ..
تاك و ترووكیان هه‌روه‌كو پشكۆ
ئهكشانه خوارێ بۆ ناو گه‌رووی خه‌و ..
ئه‌یان وت: گیانی مرۆڤێكه .. وا
له گڕی كووره‌ی مردنا سووتا.
* * *
نهم ئه‌زانی چۆن ..
گوڵ بۆ په‌پووله ده‌م ئه‌كاته‌وه،
چۆن نمه‌ی باران له‌سه‌رخۆ هۆن هۆن ..
گه‌ردی ڕووی گه‌ڵای دار ئه‌شواته‌وه،
ئای له یادی كۆن!
* * *
هێشتا مناڵ بووم ..
چۆله‌كه‌یه‌كی بێ په‌ڕوباڵ بووم،
نهم ئه‌زانی شار ..
بۆچی جارهوبار،
باخی ئاگری وشك و بێ به‌ری،
گوڵی خوێناوی لێ هه‌ڵئه‌وه‌ری.
* * *
بۆچی مناڵمان ..؟
بۆچی ئاسمانمان ..؟
بۆچی به‌هاری بێ سهوزهگیامان؟
به گریان فێرن ..
بۆ كانی ئاومان ..؟
نمه‌ی بارانمان ..
شیله‌ی گه‌نمی پێشێل كراومان ..
هه‌ر تفت و سوێرن.
2
هێشتا مناڵ بووم .. له باسوخواسی
ده‌مه‌ی دێرینی خه‌ڵكی ئه‌م شاره
نه ( قه‌ده‌م خێر ) و ( كاوه )م ئه‌ناسی
نه داستانی شه‌ڕ .. نه ( دوانزه سواره ).
* * *
نهم ئه‌زانی بۆ ؟ ( ده‌رسیم) ڕاپه‌ڕی
بۆچی ( مه‌هاباد ) تا ئێسته‌ش ئه‌گری
بۆچی ( باخه‌كه‌ی به‌رده‌رگای سه‌را
به خوێنی گه‌شی لاوان ئاودرا )
نهم ئه‌زانی بۆ ؟ مێژووی ته‌مه‌نی
ئاواره و ونی،
ئه‌م خه‌ڵكه‌ی ئێره ..
هه‌ر ڕه‌ش كراوه‌ی ناو ڕۆژژمێره.
3
داستانه‌كه‌ی شار: ئه‌یگێڕێته‌وه
پێشه‌وایه‌ك مرد .. كه‌س بۆی نه‌گریا
ڕابهرێكی تر .. وا به‌ڕێگه‌وه
هه‌بێ؟ ئه‌مجاره پێشوازی بكا؟
* * *
ئه‌ڵێ: له‌م شاره ..
گۆشتی ڕزیوی لاشه‌ی كرمه‌ڕێز
بۆ جانه‌وه‌ری په‌نای سێداره
ئه‌كرا به پارووی خۆراكی به‌پێز.
* * *
نێزه‌ی چاوچنۆك ..
هه‌ر ته‌ڕبوو، سووربوو. خوێنی ده‌م چه‌قۆ
دار بێ سێبه‌ر بوو .. هه‌ور بێ تنۆك
توێژاوی خوێ بوو ڕوخساری ئاسۆ.
* * *
ئه‌ڵێ: ده‌مێك بوو ده‌روازه‌كه‌ی شار
به ئه‌ڵقه‌رێزی ڕق داخرابوو
دوا ورته‌ی زامی لێوی خه‌م به‌بار
له دووتوێی سنگی مه‌رگا نێژرابوو.
* * *
پێنج په‌نجه‌ی دڕی ژێر نینۆك چڵكن
گیربوو له جه‌رگی گه‌وره‌ی ئه‌م شاره
خوێنی چاو، ڕه‌ش بوو .. ئه‌شكی دڵ لیخن
شار ئاوا ئه‌بێ ؟.. یا، زرێباره ؟
* * *
له ڕۆژانی پڕ كارهساتمانا ..
گه‌لێگ گیا ڕوا و به‌ڵام نه‌بووه گوڵ
وته‌ش هه‌ڵوه‌ری له‌گه‌ڵ خه‌زانا
بێ خۆره‌تاوی نه‌یهێنانه كوڵ.
4
كاتێك ئه‌م شاره ..
له‌ناو شه‌قامی كپ و خامۆشیا
له گۆڕستانی بێ كفن پۆشیا
چزووی كۆڵه‌كه‌ی قورسی سێداره
به گیانیا چزا ..
به چاویا چزا ..
له دوا هه‌ناسه‌ی دۆزه‌خی ڕه‌زا
له كوێره ڕێگه‌ی هه‌ورازی خزا
سه‌ره‌تای وشه
بڕوای پڕ ورشه
ڕه‌ش ئه‌كرایه‌وه ..
بۆ ناو گه‌رووی مه‌رگ .. بهرئهدرایهوه.
* * *
كاتێك ئه‌م شاره .. له باخی ڕووتیا
له چاوی ماتیا،
گوڵ ئهپرووێنرا ..
چۆله‌كه .. مرۆڤـ .. قه‌لاچۆ ئه‌كرا
شار وای لێ كرا ..
وای به‌سه‌ر هێنرا،
كه‌چی ئه‌بینرا،
ژانی چه‌ند ساڵه ..
ئه‌كرایه پیاڵه،
گوڵاڵه سووره ئه‌كرا بهژاڵه
به ناحه‌ق ناوی كورد و كوردستان
بووبوو به نیشان
بۆ مۆڵگه‌ی تاوان .
5
ئه‌ستێره كشا ..
كه‌چی هێشتاكه، تیشك و پرشنگی
گه‌لێكی ماوه به ئێمه بگا.
ڕابهرێكیش مرد .. به دارا كرا ..
كه‌چی هێشتاكه، نووسین و ده‌نگی
گه‌لێكی ماوه به ئێمه بگا.
هێشتاكه كه‌ممان هه‌یه تێ بگا
ڕێگای كورد ئه‌بێ به‌ره‌و كوێ بڕوا
ئه‌وه‌ی ئه‌یزانین ..
ئه‌مڕۆ ئه‌یڵێین و به‌ڵام سبه‌ینێ
لێی په‌شیمانین.
* * *
له جه‌نگی خه‌ڵكی ترا ئهكوژرێین
له گۆڕستانی
بێ ناونیشانی
وێرانی خه‌ڵكی ترا ئهنێژرێین
به‌ڵام بۆ خۆمان ..
هه‌روا ده‌سته‌وسان
له‌به‌ر دوژمنا، ڕائه‌كه‌ین .. هه‌ڵدێین.
* * *
بۆ شار و گوندی خه‌ڵكی تر ئه‌گرین
له داخا یه‌خه و به‌رۆكمان ئه‌دڕین
به‌ڵام بۆ خۆمان ..
بۆ شار و دێمان،
سه‌رچۆپی ئه‌گرین.
6
هه‌تاكه‌ی وابین ..؟
هه‌ر له خهوابین ؟
. . . . . . ؟
. . . . . . ؟
7
ئه‌بێ ژیله‌ی بیر وا بورووژێنین
گیانی ڕزیوی پێ ببزووێنین
چه‌كی خه‌باتی لێ بكه‌ینه شان
به خوێن بیســڕین مۆری ناوچه‌وان
ئه‌وساكه ناوی گه‌لێكی زیندوو
ئه‌بێته مایه و شانازی مێژوو.
1958
• ڕۆژنامه‌ی هاوكاری،ژماره (25) 1971.
—————————-
ڕێگا
نامه داخراوه‌كانی دڵ
له ته‌وژمی خۆشه‌ویستی لێوی به‌فری
تابلۆی شانۆی خۆرهه‌ڵاتی ڕێگاكانا
ئه‌كرێته‌وه
له كاروانی گه‌ڵاڕێزانی پایزی گوڵا
له زستانی سنگی هه‌ورا
هه‌مان وه‌رزی نمه‌ی به‌هار
به‌سه‌ر لووتكه و
قه‌دپاڵ و نشێوهكانا
ئه‌ڕژێنه‌وه.
* * *
سێبه‌ری باڵدارێكی بێ پاسه‌پۆرتی
سه‌رهه‌ڵگرتوو
به‌نده‌ره‌كانی زریانی
وه‌یشوومه‌ی شه‌وی هه‌ڵته‌كان
هه‌ناسه‌ی گه‌رمی هێلانه‌ی
گه‌رووی خواروو
بووه ملوانكه‌ی ژیله‌مۆ و
له گه‌ردنی نه‌رمی وه‌ك لۆكه‌ی خۆی ئاڵان.
* * *
– ئه‌ی باڵه‌كانی پرشنگی خۆری وشه!
به‌سته‌ڵه‌كی ده‌ماره‌كانی بێ ده‌نگی
جێ مه‌هێڵن
په‌رده‌كانی په‌نجه‌ره‌ی زامی بێ گرشه،
به دواتانا .. لاشه‌ی زه‌وی
وێڵ ئه‌كێڵن.
* * *
كێ ئه‌یزانی ؟..
جانتایه‌كی خۆڵ لێنیشتووی ماندووی ڕێگای
مه‌ڵبه‌ندێكی دووری كه‌ساس ..
ئه‌گاته به‌رده‌می پاسگای ته‌می ته‌كساس
ڕه‌هێڵه‌ی بارانی خۆری،
تۆزی سه‌ر ڕووی ئه‌شواته‌وه..
گوێزانی برووسكه‌ی دڕی،
دوگمه‌ی سینگی ئه‌كاته‌وه
كێ ئه‌یزانێ؟؟
* * *
كێ ئه‌یزانێ ؟..
نینۆكی درێژی ئه‌وسای مه‌لای خه‌تێ
له دووتوێی ئایه‌ته‌كانی ناو قورئانا
سه‌روچاوی یه‌زدان ئه‌ڕنێ
هه‌مان و هه‌مان په‌نجه‌ی تر
نه جارێ .. سێ و چوار جارێ تر
نه‌خشه‌ی به‌هه‌شتی هه‌ژاران
له‌به‌رده‌رگای كۆشكی سپی و
سوور و سه‌وزی (ڕه‌شا) ئه‌دڕی.
* * *
نه‌وه‌ك هه‌ور،
كه سه‌رچاوه‌ی خۆی ئه‌زانی
نه‌وه‌ك .. ڕاچڵه‌كینی ته‌ور
كه مه‌چه‌ك و
بازووی كاوه‌ی خۆی ئه‌زانێ
نه‌وه‌ك .. ڕه‌نگی ئه‌رخه‌وانی
گۆڕستانی پێشمه‌رگه‌كان،
كه لافاوی
زێی خوێنینی خۆی ئه‌زانی
نه‌وه‌ك .. چله‌ی پرسه‌ی پشكۆی ئاگردانی
ده‌فته‌ری ڕێی بێ نه‌واكان،
كه سروودی
یه‌كگرتنی خۆی ئه‌زانێ.
به‌ڵكو ئێوه‌ش ..
گه‌وره‌كانم،
ئه‌تانزانی.
* * *
ئه‌تانزانی په‌ری ئاوات،
له كه‌ژاوه‌ی دڵدارانی ئاواره‌وه
نه‌بێ .. نایه‌ت.
ئه‌تانزانی .. كه‌شتی شادی،
له‌ڕۆخی زامی ده‌ریاوه
نه‌بێ .. نایه‌ت
ئه‌تانزانی .. خۆر له چركه‌ی
په‌له‌پیتكه‌ی تفه‌نگه‌وه
نه‌بێ .. نایه‌ت.
ئه‌تانزانی .. شنه‌ی ئاڵا له‌ناو ڕێژنه‌ی
ڕاستبوونه‌وه‌ی سێداره‌وه
نه‌بێ .. نایه‌ت.
* * *
پۆسته‌رێكی ناوچه‌وانی هه‌واڵنامه‌ی
بێ كۆتایی هاوارێكی ڕووت و برسی
ده‌نگ و باسی “كۆماری ئیفلاتوون” ی له:
گالیسكه‌ی هاوین و قژی
بێ قردێله‌ی گوڵه‌گه‌نمی ئه‌پرسی.
په‌پووله‌كانی سهرابی مۆمێكی كوێر.
چین چین به‌نێو ڕه‌نگه‌كانی
تابلۆی تراژیدی پرسا گوزه‌ریان كرد
مه‌شخه‌ڵی به‌رپێی ناسۆریان،
به موژگانی سروه هه‌ڵكرد.
ئیتر سه‌ره‌تای تووله‌ڕێی
به‌ره‌و عیشق ده‌ستی پێ كرد.
1979
• ڕۆڤار، ژماره (15) 2001.
————————————–
ڕۆژژمێر و ڕاپه‌ڕین و خه‌می بێ كۆتایی
1
ئاخۆ! .. شتێ
له دڵی ئاسمانا ماوه؟
ئاخۆ! .. شتێ
له سنگی مێژوودا ماوه؟
ئاخۆ! .. شتێ
له كاروانی مه‌رگا ماوه؟
ئاخۆ! .. شتێ
له ساڵنامه‌ی زوڵما ماوه؟
بۆ به‌هاری: گه‌ڵاڕێزان
بۆ هاوینی: ڕێژنه و لافاوی خوێن هه‌ڵسان
بۆ ته‌نیایی: منداڵانی ناو كوردستان
ببنه په‌رژین و پشتیوان.
* * *
ئاسمان! .. بۆ تۆ
سواری كام ئه‌سپی بۆراقی،
ئایین ببین؟
تا بتگه‌ینێ؟
مێژووی زه‌مینی ژان! .. بۆ تۆ
ڕێی كام دایكی
ئیفلاتوونی زایین بگرین؟
تا بتگه‌ینێ؟
كاروانی بیست سه‌ده‌ی هیوا و ڕامان! .. بۆ تۆ
چ په‌یكه‌رێ بۆ هێرۆشیما و هه‌ڵه‌بجه هه‌ڵببه‌ستین؟
تا بتگه‌ینێ؟
ساڵنامه‌ی سه‌ددامی باوكی،
هیتله‌ری ژین سووتان! .. بۆ تۆ
سنووره‌كان كیشوه‌ری مردن ئه‌بڕین
تا بتگه‌ینێ؟
تا بتگه‌ینێ و نه‌خشه‌ی كه‌لله و دڵت بدڕین
تا فرمێسكی چاوی به‌رلین و كه‌ربه‌لا و
كه‌ركووك بسڕین!
ئه‌وسا سروه‌ی
پڕ له نه‌شئه‌ی
سروودێكی بێ كۆتایی،
ورد ورد بێشكه‌ی
خه‌ونی شایی
باڵه‌فڕێی په‌ڕه‌سێلكه ڕائه‌ژه‌نێ.
* * *
چیمان .. نه‌كرد!
مه‌گه‌ر .. به دیواری شه‌وی
زووحاكا هه‌ڵنه‌گه‌ڕاین و
به‌ره‌به‌یانی نه‌ورۆزمان
به ئاورنگی سه‌ر ڕوومه‌تی
گوڵاڵه سووره ئاڵ نه‌كرد.
* * *
چیمان .. نه‌كرد!
مه‌گه‌ر ده‌ستمان
نه‌كرده ملی (سیڤه‌ر) و
ئه‌و لا و ئه‌و لایمان ماچ نه‌كرد.
چیمان .. نه‌كرد!
مه‌گه‌ر به ڕووی
په‌شیمانییه‌كه‌ی (لۆزان)دا
شه‌ڕمان نه‌كرد.
* * *
چیمان .. نه‌كرد!
مه‌گه‌ر ده ئامۆژگارییه‌كه‌ی
(ولسن)مان وه‌ك
ئایه‌تێك له‌ناو قورئانا له‌به‌ر نه‌كرد.
* * *
چیمان .. نه‌كرد!
مه‌گه‌ر پێنج ساڵ
به كۆش، به ده‌ست،
پشكۆی ڕه‌نگاوڕه‌نگمان
به پێپیلكه‌ی ئاگری داخا
بۆ تارای بووكی كوردستان
نهْ .. باڵای
ئاڵای شه‌كاوه‌مان .. نه‌برد.
* * *
چیمان.. نه‌كرد!
مه‌گه‌ر پێڵووی چرای ئه‌ستێره‌ی شه‌قامی
كۆماره ساواكه‌ی سابڵاخمان پێ نه‌كرد.
* * *
چیمان .. نه‌كرد؟
هه‌موویمان .. كرد!
ئه‌وه‌تا .. هه‌زاران ساڵه
گوڵه ژاڵه
له وه‌رزی حه‌زمانا ئه‌ژی و
پێمان ئه‌ڵێ:
(بۆ ئێوه ڕه‌نگم زۆر ئاڵه
بۆ دوژمن تامم زۆر تاڵه).
2
دڵ .. هه‌ر دڵه
یه‌كه و.. ئه‌گه‌رچی چوار به‌شه
كوردستان هه‌ر كوردستانه
گه‌رچی چوار كه‌رتی یه‌ك له‌شه
ئا.. له‌م به‌شه‌ی
كانی خوارووی هه‌ڵقوڵانا
نهْ .. له‌م له‌شه‌ی
ئه‌نجن بوونی شه‌قاو نانا
ئاخ! كه بانگی
سه‌دان نوێژی
راپه‌ڕینی تێدا نه‌درا
ئاخ! كه مانگی
زیوین ڕێژی
هه‌زاران مێشكی تیا نه‌پژا.
* * *
ئاخ! شه‌شی ڕه‌شی ئه‌یلوولی سلێمانی
كام ڕه‌شه‌با
كام قوربانی به‌بێ په‌روا
له ئه‌لبوومی بازیانا هه‌ڵیانسانی.
* * *
شاخ! شه‌شی گه‌شی ئه‌یلوولی خۆڕاگرتن
له عێراقا
له ڕووباری دوو چاوی بزه و مه‌راقا
ئه‌رێ چۆن بوویته ئاوێنه‌ی
ڕووی تریفه‌ی
خه‌رمانه‌ی ڕۆژی مانگرتن.
* * *
تۆش! یانزه‌ی ئه‌یلوولی تفه‌نگ
تێشووی گولله.
قوڕگی هاوینه تینووه‌كه‌ی
ته‌مه‌نی هه‌ڵۆی ناو فه‌رهه‌نگ!
چۆن باڵت گرت!
به: بناری
تارمایی ڕه‌زی گه‌رمیانت
به: كڕێوه‌ی
پشتێنی به‌فری كوێستانت
چۆن بۆ كه‌شكه‌ڵانی فه‌له‌ك سه‌ریانتخست.
* * *
چیمان .. نه‌كرد؟
ئه‌وه (30) ساڵی ڕه‌به‌قه
لیستی خه‌زانی شه‌هیدان
په‌یتا په‌یتا
به بیلبیله‌ی
ناخمانه‌وه هه‌ڵئه‌واسرێ.
* * *
هه‌موویمان .. كرد!
ئه‌وه‌تا (30) ساڵی ده‌قه
كوردستانه‌كه‌ی چه‌ك له شان
له سه‌نگه‌را..
پێشمه‌رگه‌كه‌ی!
گرمه‌ی هه‌ور و برووسكه‌كه‌ی
هه‌رگیز .. هه‌رگیز
ئارام ناگرێ.
3
– وا (30) ساڵه دار به‌ڕوومان
به‌رناگرێ.
گوڵئه‌ستێره‌ی چۆله‌كه‌مان
هه‌ڵنافڕێ.
نیگای وێڵی منداڵانمان
له شه‌پۆلی سۆزی مه‌مكا پێناكه‌نێ.
ئه‌ڵقه‌ڕێزی
شه‌ققه‌ی به‌رده‌م ده‌رگاكانمان
نۆته‌ی گه‌ڵای
ئاوازێكمان بۆ ناچنێ.
– وا (30) ساڵه
به‌ڕێوه‌ین و
ژوان بۆ دیل دائه‌نێین و
ڕۆژژمێری زیندانه‌كان،
پۆڵاڕێژن و
ناكرێنه‌وه.
– وا (30) ساڵه
ئه‌وه‌نده ڕوو!
له‌ناو تابلۆی
حه‌وزی تێزابا قرچاوه
له‌ش وه‌ك ئوردوو هه‌ڵچنراوه
وێنه‌ی كه‌س ناناسرێته‌وه.
– وا (30) ساڵه
له‌ناو دێڕی
ڕۆمانی هه‌موو شارێكا
له ئه‌شكه‌وتی
مێشكی هه‌موو شاعیرێكا
وشه وه‌كو
یاریی قه‌ڵا قه‌ڵا و چاوه‌شاركێ
جارێ سه‌رنیشانه و دیاره
جارێ چاوه‌دزێ و جارێ سه‌ره‌تاتكێ
جارێكی‌تر خۆشاردنه‌وه.
گه‌ر تۆ نه‌بای
ئێستا چریكه‌ی ئه‌م ده‌نگه
نووزه‌ی گۆڕی
كێلێكی ڕیسوا و سه‌رشۆڕی
نێو دوو لنگی
سوڵتانهكهی به‌غدا ئه‌بوو.
– ئاخ! .. پێشمه‌رگه!
گه‌ر تۆ نه‌بای
ئێستاكێ گه‌شه‌ی ئه‌م ڕه‌نگه
په‌شته‌ماڵی
به خوێن تاڵی
خوار ناوكی
سه‌رۆكه‌كه‌ی به‌غدا ئه‌بوو.
4
له پڕ چ بارانێ دایكرد؟
گێژه‌لووكه‌ی چ ڕاپه‌ڕینێ هه‌ڵی كرد؟
كۆڵان له خۆیه‌وه هه‌ڵسا
مه‌شخه‌ڵ هه‌ر بۆ خۆی هه‌ڵگیرسا
ئه‌مجاره‌یان
تفه‌نگ به‌خۆی چووه سه‌رشان
جۆگه‌ی هاوار
به ته‌وژم ڕژایه نێو گه‌رووی تینوو
بۆ یه‌كه‌مجار
وڵاتی ترس ئاوا هه‌ڵچوو
تیشكی ئاوێنه‌ی شه‌پۆلی دیجله و فورات
له‌گه‌ڵ له‌نجه‌ی زێ و سیروانا
له ڕه‌وتی بێ وچانیانا
وا له یه‌كتری ئاڵابوون
وات ئه‌زانی به زگێ بوون
یان بوونه‌ته یه‌ك سه‌رچاوه‌ی هیوا و ئاوات.
* * *
به‌ڵام، ئه‌فسووس
كوانێ حه‌یا .. كوانێ نامووس
ئه‌وه دیسان
ڕه‌وه گورگی زامار و هاری به‌عسییان
پاش ڕاونانیان
سمێڵی به‌ڕێز سه‌رۆكیان
وه‌كو كلكیان
شۆڕكرده‌وه بۆ ناو گه‌ڵیان
كه‌وتنه‌وه خۆر سه‌ربڕین
مانگ سه‌ربڕین
له تۆڵه‌ی دۆڕاندنیانا
له كاتی گیانهڵایانا.
زریكه‌یان به‌ردایه سه‌ر هه‌موو لێوێ
گڕیان به‌ردایه گه‌ردنی هه‌موو كێوێ
ده‌ستی حه‌سه‌ن و حوسێنیان
له‌بن بڕی
ئه‌گریجه‌ی خورمای به‌سرایان
هه‌موو ڕنی.
* * *
ئاخ! كوردستانی خۆشه‌ویست
چیكه‌ی تریان به‌تۆ نه‌ڕشت
مه‌گه‌ر ڕك و كینه‌ی ڕه‌شیان
به بارووت و خوێن نه‌شێلا و
نه‌یانكرده
نێرگزه‌جاڕی ئه‌مساڵی گرانه‌تا و
له بسكی هه‌ڵپڕووزكاوی
دووكه‌ڵاوی
باوه گوڕگوڕ و قه‌ڵای هه‌ولێریان نه‌دا و؟
كردیانه شاپڵیته‌یه‌كی ره‌ش هه‌ڵگیرساو.
* * *
ئه‌وا له‌سه‌ر سنگی خۆما
تارای ڕاپه‌ڕینێكت له‌بۆ ئه‌چنم.
له‌ناو دڵی پڕ هه‌نسكما
نه‌خشه‌ی شیعری كوردستانت بۆ هه‌ڵئه‌گرم.
له‌سه‌ر به‌ردی ناوچه‌وانی زه‌بوونیما
وێنه‌ی تفه‌نگێكی كه‌ت بۆ هه‌ڵئه‌كه‌نم.
له‌ناو سۆزی ته‌نیاییما
ئاوازی عیشقێكی تازه‌ت بۆ ئه‌ژه‌نم.
5
– ئاخ ..! پێشمه‌رگه!
پاش كاره‌سات
له‌گه‌ڵمان به!
له‌ناو ئۆردووگای دڵمان به!
چه‌ك دامه‌نێ
خۆت ڕاومه‌نێ
له‌مه زیاتر!
چاوی ڕه‌شی قه‌ره هه‌نجیریان هه‌ڵكۆڵی!
توخوا.. له هه‌ڵه‌بجه زیاتر
ئیتر چیتر ماوه بیكه‌ن
مه‌گه‌ر هه‌ر له پردی ده‌لالی زاخۆوه
هه‌تا ده‌ماره‌كانی نه‌وتی خانه‌قین
خاك و خۆڵی
شیرینیان وه‌ك بێژنگ لێ‌كرد
چه‌ك دامه‌نێ
چاو لێكمه‌نێ
دوێنێ ئه‌وه‌نده‌یان لێ قه‌ڵاچۆ كردین
نایه‌ته ژماره و پرسین
به ملیۆن و
دوو .. سێ ملیۆن
پیر و مناڵانیان بێ سه‌روشوێن كردین
له ماڵ و حاڵمانیان كردین.
– ده‌سا.. تو خوا ئه‌ی پێشمه‌رگه!
كوردستانت
ئیمشه‌و له‌شی بێ ڕایه‌خه..
تكایه گیانتی بۆ ڕاخه.
6
دوای هه‌موو ئه‌م به‌سه‌رهاته
كه‌چی تازه وه‌فد ڕێكئه‌خرێ
یه‌ك له دوای یه‌ك
بۆ لای قه‌سابه‌كه‌ی به‌غدا
به‌ڕێ ئه‌كرێ
گوایه نوخشه و نۆبه‌ره‌ی مفاوه‌زاته.
* * *
لێم ببووره!
كووره گڕی شیعری تووڕه!
جاره جارێ
داخی دڵم وا به ساكاری هه‌ڵڕێژم
ڕسته جریوه شاكارێ
له زمانی ناو بازاڕا وا بنێژم.
* * *
كونه شاری زه‌رده‌واڵه و
ڕێچكه‌ی ڕه‌ژوو،
لێت ناترسم!
ئه‌م هه‌ڵوێسته‌م بخنكێنی
وه‌ستا و به هه‌رزانی وانه و
قوتابخانه‌ی مژده‌ی سووتوو،
لێت ناپرسم!
له (فندق الرشید)ه‌وه چیم بۆ دێنی.
* * *
خۆتان ئه‌ڕۆن!
چاو به‌سته‌ش بن .. هه‌ر شاره‌زان،
بۆیه سه‌رقاڵی هاتوچۆن،
تا له‌سه‌ر خوانی ئاژانسی
كوشت و بڕ و دهنگوباسی
ڕشانه‌وه‌ی سه‌رۆك بخۆن
تا به ئابڕووی تكێنراوی
خۆتان زامی سه‌ددام بشۆن.
* * *
له‌جیاتی كێ؟
ئه‌و مناڵه‌ی له تاوی بێ شیری ئه‌مری
یا ئه‌و دایكه‌ی
تاقانه جگه‌رگۆشه‌كه‌ی
به ده‌ستی خۆی له چاڵ ناشت و
په‌نجه‌یه‌ك نه‌بوو رِههێڵهی
خوڕی چاوی به‌ر په‌نجه‌ره‌ی
له‌بۆ بسڕێ.
* * *
له‌جیاتی كێ؟
باوه‌ش ئه‌كه‌ن
به سه‌رتاپای تاوانێكا و
ئه‌م لا و ئه‌و لای
داڕزاوی بۆگه‌نی سه‌ددام ماچ ئه‌كه‌ن.
* * *
له‌جیاتی كێ؟
مانگێ زیاتر له باوه‌شی
به‌عسا كڕبوون
نه‌خێر وڕبوون
پێشمان ئه‌ڵێن:
– به‌ڕێز سه‌رۆك لوتفی هه‌یه –
ئه‌مجاره‌یان
له جێی حه‌كه‌م
به موهاندسی حوكمی زاتی ناوئه‌برێ.
* * *
له‌جیاتی كێ؟
له جێی قه‌ڵغانی قه‌ڵه‌م و
به‌یته شیعرێ؟
كه له داخا سه‌ر و قژی خۆی ئه‌ڕنێ و
هاوار ئه‌كا و ئه‌نه‌ڕێنێ
ئه‌بێ ئێستاكه بنووسرێ.
7
له‌پاش چی؟
گله‌یی له سه‌نگه‌ر ئه‌كه‌ن
گله‌یی له خه‌نجه‌ر ئه‌كه‌ن
ناوی (شۆڕش)
به – شه‌ڕ – ئه‌به‌ن
ئه‌گه‌نه ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی
هه‌ر به ئاشتی
نه‌وه‌ك به شه‌ڕ
ئه‌م ئاواته‌ی
كورد سه‌ر ئه‌خه‌ن.
* * *
– شه‌ڕ هه‌ر شه‌ڕه
تۆپ و بۆمبای وێرانكه‌ره
فڕۆكه‌ی ژه‌هر پڕژینی
خنكێنه‌ره
كه‌ڵبه و نوخانی دوژمن و
عه‌زیایه‌كی داگیركه‌ره
– به‌ڵام .. شۆڕش
چۆڕاوگه‌كه‌ی خوێن و كۆشش،
ته‌نیا لێزمه‌ی
بارانێكی داهێنه‌ره
تاكه هه‌گبه‌ی
ڕێ به‌ره‌و لووتكه‌ی سه‌رخه‌ره
شۆڕش .. نامه‌ی
گه‌ردوونی ڕزگاریكه‌ره
تاقه لانه‌ی
هه‌ڵۆیه‌كی ئه‌شكه‌وتگره
له بۆ ئاشتیش
له‌نجه باڵی
شین ساماڵی
پۆله كۆتری ژوورووی هه‌وره.
* * *
خواست و ئامانجه‌كانیشمان
كه‌لوپه‌ل و
هه‌یتو هاواری ناو مه‌زاتخانه نییه
خوێن و گۆڕی
هه‌زاران هه‌زار شه‌هیدی
تێیدا وه‌كو
جاجمه‌شڕی،
قه‌نه‌فه كۆنێ بفرۆشرێ،
یان دووكانی به‌رگدرووی
ژنانه و پیاوانه نییه
جل و به‌رگی گڕ خڵتانی
كوردستانی
تێیدا وه‌كو
ڕانك و چۆغه و ستارخانی
له‌م لا قارسكا و
بیداته‌وه ده‌می ئه‌و لا و
به مه‌قه‌ستی تیژ ده‌بانی
ده‌رزی و داوی بێ ئامانی
سنووره‌كانی جه‌سته‌مان
له‌ت و كوتكا و
ئه‌وسا ئۆتۆنۆمی خۆیان
به باڵامانا هه‌ڵكێشێ.
8
له ئاستی شیعری خه‌مخوارا
قه‌ڵه‌می هه‌نسك ژارا
په‌ڕه‌ی ڕووی ده‌فته‌ری كزا
ڕوو له كام خوا كه‌م بۆ نزا
– بڕۆ بڕۆ…
گوێ مه‌ده‌ره یاساوڵێ، لێت بخوڕێ و داوای شوناسنامه‌ی
ده‌وڵه‌تێكی قه‌حپه‌ت لێ بكا و لێشت بپرسێ:
ناوت چییه؟
(ابن العوجه) یان (كوردستان)؟
– بڵێَ و بڵێ .. دایكم ته‌نیا منی هه‌بوو،
باوكم له‌من زیاتر كه‌سی تری نه‌بوو،
هه‌ر منیان بوو
منیشیان ناونا كوردستان.
به‌هاری 1991
• گۆڤاری ڕێگای ئاشتی و سۆسیالیزم، ژماره (27) 1991.
—————————————-
خوێننامه‌ی دڵدارێكی تینوو
(كه ژانی دڵداره‌كان، ئه‌ڕژێنه هه‌ژانێكی بێ ئامانی ناو ته‌مه‌نی مێژووی پڕ له ئازاری كورده‌وه. ئاسۆی ماچه‌كانمان بێ پایانتر ئه‌بێ. ئه‌و پێشمه‌رگه دڵداره‌ی هه‌ڕاج كرا. ئه‌بێ سه‌رله‌نوێ به خۆشه‌ویستییه‌كی تر گۆش بكرێته‌وه. تا به خوێنی شه‌یداوه لاپه‌ڕه‌كی ڕه‌نگین له داستانی درێژخایه‌نمان بنووسێته‌وه. ئه‌م جگهرگۆشهیهم له‌مانه‌وه چه‌كه‌ره‌ی كرد.)
1
گیانه .. كاتێ چاوی گه‌شی وشه‌كانم
له‌به‌ر ده‌رگای داخراوی شاره‌كه‌ما
بۆ ترووسكه‌ی چرای سنگی كپكراوی كوردستان‌م
جۆگه‌ی ئاگری هه‌ڵئه‌به‌ست
دوژمنانم ..
دوژمنانی شیعره‌كانم
باری خه‌میان
له كۆڵی كاروانی شه‌وی
چیاكانمان دائه‌به‌ست
من ژانی ئه‌م
چه‌ند دێڕ شیعره‌م
بۆ تۆ هه‌ڵبه‌ست.
2
ده‌رگای چاوی
دیواره‌كانم به‌جێهێشت
شه‌پۆلی خوێی ده‌ریای لێوی بزڕكاوی
دڵدارهكانم به‌جێهێشت
چرپه‌ی
په‌رده‌ی
یادگارێكی ژاكاوی
په‌نجه‌ره‌كانم به‌جێهێشت
بۆ هه‌وری گڕ
بۆ په‌یامی دارستانی شۆڕشی چڕ
بۆ خوێن .. ئاگر
تۆم به‌جێهێشت.
3
ڕۆیشتم .. ڕۆیشتم
به‌ڵام .. چاوی وشه‌كانم، چ ببینێ؟
(( تازه .. كێوی قسه‌كانمان،
به‌رماڵی مزگهوتهكانمان))
بۆمبای هه‌زار
ساڵی ژاڵه‌ی ته‌مه‌نی مێژووی پڕ له ژار
به گوێی خۆزگه‌ی
مهم و زینی
باوه‌شی گه‌رمی پێشمه‌رگه‌ی
دڵی سه‌نگه‌ری خوێنینی
شۆڕشهكهما ..
ئه‌ته‌قێنێ.
4
ڕۆیشتم .. ڕۆیشتم
سه‌رم له‌به‌ر پێی ئێواره‌ی
بزه‌ی دڵدارێكا كه‌چ كرد
ئاڵای نوێژێكی پیرۆزم
له‌ناو چاوی خۆردا هه‌ڵكرد
گیانه .. وتم:
به‌ڵكو نوێژی
برینڕێژی
سه‌فه‌ری دوورم گیرابێ
وشه‌ی به‌ندم به‌ڕه‌ڵلا بێ
كه‌چی .. ڕێی خۆر سه‌ری هه‌ڵگرت
باخی سنگم به‌ری نه‌گرت.
به‌ری نه‌گرت
به‌ری نه‌گرت
5
گیانه .. ئاسۆی ماچه‌كانمان
نازانم بۆ بێ ئاسمانه
پشكۆی نیگای
باڵی ڕێگای
دڵداریمان
بۆ بێ چاوی ئاگردانه
بۆچی هه‌وری زامه‌كانمان
به بێ ڕه‌هێڵه‌ی بارانه
نامه‌كانمان ..
بێ گوڵدانه
مه‌رگی ده‌نگمان ..
به بێ پرسه و گۆڕستانه.
6
گیانه .. ئه‌مڕۆ
من و دڵدارێكی هه‌ر وه‌ك خۆم ڕه‌نجه‌ڕۆ
باسی مه‌رگی
دوا گولله‌ی چه‌كی گیڤارای
ئه‌م كوردستانه‌مان ئه‌كرد
باسی چرای
ڕێی بێ به‌رگی
دره‌ختی شۆڕشمان ئه‌كرد
كه‌چی له ڕووی تۆی بێ ڕه‌نگا
له هاژه‌ی ده‌ریای هاواری تۆی بێ ده‌نگا
بزه‌ی ئاگرینم بینی
وشه‌ی ڕاچه‌نینم بینی.
7
گیانه .. سنگم
ملیۆنه‌ها .. بۆمبای ڕاچه‌نینی تیایه
خۆزگه‌ی ناو شیعری گزنگم
ملیۆنه‌ها .. خۆری پێكه‌نینی تیایه
به‌ڵام هیچیان
نابن به‌و پێشمه‌رگه مه‌رده‌ی
له هه‌ڕاجخانه‌ی ئاشتییا
ئاڵای خوێنی ئه‌چه‌قێنێ
نابن به یه‌ك دێڕ سروودی
نه‌وه‌ی ئاگر و بارووتی
ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی
زامی گولله ئه‌ته‌قێنێ.
8
وشه‌كانمان
به بێ ئاسمان .. به‌بێ خۆرن
ئاخۆ، كه‌ی .. كام چاوی ئاسۆ هه‌ڵیبێنێ؟
داستانیشمان ..
داستانی كۆن و ئێستامان، ئێجگار زۆرن
ئاخۆ، كه‌ی .. كام پاڵه‌وان بێ وه‌دیبێنێ؟
9
پرسیارێكه ..
گیانه .. دووكه‌ڵ له گڕی كرد
ئازارێكه ..
كوژاندنه‌وه‌ی پشكۆی چاوی
پێشمه‌رگه‌یه‌ك
تێكه‌ڵ به فرمێسكی ته‌ڕی
نه‌ڕه‌ی تۆڵه‌ی سه‌نگه‌ری كرد.
10
گیانه .. بۆ وه‌ڵام .. بۆ ئه‌نجام
به‌سه‌ر كێوی فه‌رهه‌نگی زمانه‌وانییا هه‌ڵگه‌ڕام
به‌ناو ده‌ریای ئینسكلۆپیدیای ژیانی
دڵدارانی ترا گه‌ڕام
له داستانی مهم و زینا
گه‌ڕام .. گه‌ڕام
له شاری بێ پێكه‌نینا
گه‌ڕام .. گه‌ڕام
نه خۆم .. نه تۆ
نه نیگای بانگه‌وازێكی پڕ شكۆ
كه‌سم نه‌دی
ئه‌زانی بۆ كه‌سم نه‌دی؟
11
چونكه .. هێشتا، چرای وشه‌ی خۆشه‌ویستی
لای ئێمه هه‌ڵنه‌گیرساوه.
ده‌نگی گۆرانیی سه‌ربه‌ستی ..
نه‌وتراوه.
ئاڵای ئاگر هه‌ڵنه‌كراوه ..
یه‌ك دێڕ چییه ..
له باسی دڵداریی ڕاستی ..
نه‌نووسراوه.
هێشتا چه‌پكه گوڵێكی سوور،
له‌سه‌ر گۆڕی پێشمه‌رگه‌یه‌ك..
دانه‌نراوه.
نه‌خێر .. هێشتا ئاو نه‌دراوه
نه‌نێژراوه
نه‌چێنراوه.
12
گیانه .. كاتێ، چه‌پكه گوڵی ڕه‌نگاوڕه‌نگت پێشكه‌ش ئه‌كه‌م
گۆڕستانی شه‌هیدانم ببێته باخێكی به‌رین
كاتێ شیعرت پیا هه‌ڵئه‌ده‌م
وشه‌كانم له‌گه‌ڵ ته‌قه‌ی گولله‌ی پێشمه‌رگه‌دا بژین ..
ئه‌وسا .. گیانه، ماچت ئه‌كه‌م
له دێڕێكا .. هه‌زاران جار
باست ئه‌كه‌م
ماچت ئه‌كه‌م.
• ڕۆژنامه‌ی هاوكاری، ژماره (تایبه‌ت) 1972.
له خولیای داستانی مه‌رگی زه‌رده‌شتدا
كام سه‌ره‌تای ناونیشانی تاڵ و تفتی
مه‌رگی متی
ئه‌و چیرۆكانه باس خه‌م
كه مه‌لۆتكه‌ی ناو بێشكه‌ی خه‌م
له ده‌سرازه‌ی په‌ڕه‌ی مێژووی شاره‌كانا
له ئاوێنه‌ی ئاسۆی ته‌مه‌نی سه‌یوانا
به فرمێسكی هێشتا كزری
ناو داستانی ون و بزری
كاره‌ساتی كوشتنی زه‌رده‌شتا نووسی
نووسی .. به‌ڵام، بۆچی چاوێ
له‌ره‌ی سێبه‌ر .. یا هه‌تاوێ
هه‌تا خه‌ونی په‌پووله‌ی وشه‌ش نه‌یپرسی
بۆ كێ .. نووسرا
خوڕه‌ی ژانی ئه‌م ڕووباره
جۆگه‌ی خوێنی ئه‌م به‌هاره
بۆ كوێ ئه‌ڕوا.
***
باخمان ..
كوردستانی چاو پڕ زاخمان
بۆ سه‌ره‌تا
بۆ سه‌ره‌تا
هه‌موو ڕۆژێ
دڵی مه‌ردێك
خۆشه‌ویستێك
نهْ .. دره‌ختێك
تۆوی چه‌كێك
له كێڵگه‌ی زامی تینوومانا ئه‌نێژێ.
***
یه‌كه‌م وشه .. نهْ، سه‌ره‌تا
كه زه‌رده‌شت بوو بۆچی كوژرا
دوابه‌دوای ئه‌و
مۆرانه‌ی خه‌و
له لاشه‌مان ورووژێنرا
گۆڕمان .. ناخمان پڕ له زه‌رنیخی لم كرا
كه‌چی تازه .. دوای ته‌مه‌نێكی هێجگار كۆن
ئه‌یانه‌وێ .. ناوی زه‌رده‌شت
چاوی زه‌رده‌شت
به به‌هه‌شتی به‌ڵێنی دۆزه‌خیان بشۆن.
***
دوا هه‌ناسه‌ی
نر كه و نه‌ڕی
ناو چیرۆكی بێشكه‌ی مه‌رگی
ترووسكه‌ی خۆری سه‌ر سنگی
پێشمه‌رگه‌یه‌ك .. سه‌ره‌تایه
سه‌ره‌تایه ..
بۆ ئه‌و ڕێیه‌ی
نه‌ك زه‌رده‌شتێ .. به‌ڵكو هه‌زار
بۆ یه‌ك وشه .. بۆ یه‌ك هاوار
به‌رگی خوێنیان له به‌رایه.
***
ئه‌ی نه‌وه‌ی ده ساڵه‌ی گولله
ناوی زهردهشتتان خۆش بوێ
گڕتان بوێ
بیر و ڕێگا .. چه‌كی سه‌ركه‌وتنتان بوێ
بۆ سه‌ره‌تا
پردی خوێن و بیر هه‌ڵبه‌ستن
بۆ سه‌ره‌تا
پشكۆی وشه‌ی چه‌ك هه‌ڵڕێژن.
• گۆڤاری نووسه‌ری كورد، ژماره (5) 1972.
——————————
به‌شێكی تر له گاتا
كاتێ له‌گه‌ڵ هه‌ڵوه‌رینی
گۆپكه و گه‌ڵای ئاگرینی
دوا هه‌ناسه‌ی ..
ئه‌رخه‌وانا
نهْ .. له‌ناو تۆف و ڕه‌هێڵه‌ی
دۆزه‌خی سنگی خه‌زانا
وه‌كو چڵه گیایه‌ك هه‌ڵچووم
ئێوه هه‌بوون.
كاتێ له ناو مناڵدانی
ئاوسێنراوی پڕ له‌ژانی
چیاكانا
له‌دایكبووم ..
ئێوه هه‌بوون.
له‌گه‌ڵ زامی ..
وشه‌ی ناو دێڕی هه‌ڵبه‌ستا
ئێوه هه‌بوون.
له‌گه‌ڵ مردنی ناكامی ..
خۆشه‌ویستا
ئێوه هه‌بوون.
له گۆرانیی بێ ئه‌نجامی ..
سووتانی نامه‌ی مه‌به‌ستا
ئێوه هه‌بوون.
***
ئێوه هه‌بوون ..
به‌ڵام هه‌نگاوی ڕێی وێڵ بوون
بارانێك بوون .. به‌ڵام بێ ڕه‌نگ
گریانێك بوون .. به‌ڵام بێ ده‌نگ
كاروانێك بوون .. به بێ پێشه‌نگ
له‌شكرێك بوون .. به‌ڵام بێ جه‌نگ
***
كاتێ هاتم ..
تووڕ درامه .. ژێر سێبه‌ری
ڕشانه‌وه‌ی په‌ل هاویشتووی
سیپاره‌ی چڵك لێ نیشتووی
بانگ و ده‌نگی مه‌رگه‌وه‌ڕی
ته‌مه‌نی درێژتانهوه ..
كاتێ هاتم ..
لوول درامه .. گێژه‌ڵووكه‌ی
زه‌ڕنیخی جادوو ئه‌فسانه‌ی
مێرده‌زمه‌ی
ئه‌و قسانه‌ی .. ئه‌و ئه‌ڵقانه‌ی
ئه‌كرایه گوێ و ملتانهوه.
***
هاتم .. ده‌ریای
ئاگرینم بۆ هه‌ژاندن
هاتم .. سه‌رمای
بیر ته‌زێنم بۆ به‌زاندن
ئه‌هریمه‌نم بۆ خنكاندن
گیانی مهزدهم بۆ خوڵقاندن
به خوێنی بیر ..
دێراوی دێڕی ئاوێستام
بۆ هه‌ڵبه‌ستن ..
ئاڵای بڕوام ..
بۆ هه‌ڵكردن ..
پشكۆی وشه‌م .. بۆ هه‌ڵڕشتن
ڕه‌نگی:
گوڵی گڕپژێنی
نه‌ورۆزی تازه‌م بۆ ڕشتن
ده‌نگی:
شۆڕشی خوێنینی
كوردستانی نوێم بۆ وتن.
***
من ئه‌و ده‌نگه‌م
له‌گه‌ڵ گرمه‌ی .. هه‌وری ژانی
گریانی چاوی زستانی
شاره‌كانا ..
به خوڕ باریم
به خوڕ باریم
وه‌كو .. ئاگر، به‌ڕووتانا
به چاوتانا
به خوڕ باریم
من ئه‌و ده‌نگه‌م ..
له سووتانا،
له گریانا ..
ئاڵای خۆر و گوڵه‌گه‌نم
ئه‌كه‌م به به‌ر كوردستانا
من ئه‌و ڕه‌نگه‌م ..
له وێنه‌ی مێژووی كاڵتانا
له چرپه‌ی تفت و تاڵتانا
مۆری خوێن و په‌ڵه‌ی ئاگر
ئه‌نێم به ڕووی ئاسۆتانا
من ئه‌و جه‌نگه‌م ..
له گولله‌ی پێشمهرگهمانا
گۆرانی زه‌رده‌شتی ئه‌مڕۆ ..
ئه‌كه‌م به گوێی مردووتانا
ئه‌و پێشه‌نگه‌م ..
له كاروانی پڕ سوێتانا
له بینایی پڕ خوێتانا
زاری زه‌نگ و چاوی كانیی
ئه‌چێنم له بهرپێتانا.
***
براكانم ده‌نگی شۆڕش
ته‌قه‌ی ناو سه‌نگه‌ری ئه‌وێ
براكانم .. زاری شۆڕش
نه‌ڕه‌ی تۆقێنه‌ری ئه‌وێ
براكانم .. چاوی شۆڕش
تۆڵه‌ی سووتێنه‌ری ئه‌وێ
براكانم .. شۆڕش، شۆڕش
به‌ڵێ شۆڕش
بازووی ڕووخێنه‌ری ئه‌وێ
بیری نوێی ڕه‌هبه‌ری ئه‌وێ.
***
براكانم .. له‌گه‌ڵمابن
له هه‌موو بستێكی گڕی
كوردستانا .. له‌گه‌ڵمابن
دۆزه‌خ داخه‌ن
ڕێگای خوێن و ژیله ڕاخه‌ن
چرۆ بگرن
پشكۆ بگرن
ژه‌نگی تاوانی سهرلاشهی
ئه‌م وڵاته ..
به خوێن بسڕن ..
جارێكی تر .. (( با هه‌ڵمژین هه‌ناسه‌ی شه‌هیده‌كانمان))
جارێكی تر .. (( با ببیستین گۆرانیی پێشمه‌رگه‌كانمان))
له‌گه‌ڵمابن ..
له خه‌مناكی شاره‌كانا
له‌گه‌ڵمابن ..
له گریانی مناڵانا ..
له‌گه‌ڵمابن ..
له هه‌نگاوا .. له‌گه‌ڵمابن
له شاڵاوا له‌گه‌ڵمابن
له‌گه‌ڵمابن ..
له‌گه‌ڵمابن ..
بۆ پێشوازی مه‌زده‌ی ژیان
له‌گه‌ڵمابن ..
بۆ به‌هاری نوێی كوردستان
له‌گه‌ڵمابن ..
له‌گه‌ڵمابن .. له گهڵمابن.
• ڕۆژنامه‌ی هاوكاری، ژماره (34) 1971.
———————————-
یاد و یاقووت و نه‌هه‌نگ
1
تا دوێنێ بوو ..
نه‌ورۆزه‌كه‌ی شاری هیوا
به‌هارێكی پڕ له سوێ بوو ..
گوڵی وشه‌ی تیا ئهپروا
***
ده‌روونی یاد .. بێ كڵپه بوو
سنگی وته .. بێ چرپه بوو
ئاسمانی بیر .. ڕه‌شی تێر بوو
چاوی تۆڵه .. هێشتا كوێر بوو
***
تا دوێنێ بوو ..
شاری نوستوو ..
هه‌ر خامۆش بوو،
گۆڕستانی بیره‌وه‌چوو
فه‌رامۆش بوو
***
ئه‌شكه‌وتی چۆڵ،
دره‌ختێكی بێ چرۆ بوو ..
ئاگردانی پڕ خوێن و خۆڵ،
بێ پشكۆ بوو.
***
تا دوێنێ بوو ..
چه‌كی خه‌بات،
هێشتا متی ناو سه‌نگه‌ر بوو
هیوا و ئاوات،
هه‌تاوێكی بێ سێبه‌ر بوو
***
كاروان وێڵ بوو..
چاوه‌ڕوانی
پێشه‌نگێكی قاره‌مانی
مه‌رد و قه‌ڵای دوژمن كێڵ بوو
2
له ئاسۆی بێ پێكه‌نینا
له‌گه‌ڵ زه‌رده‌ی ئاواره‌یی..
ژه‌نگی تاڵی خۆرنشینا
له ئاسمانی ماته‌مینا
له دوا چرپه‌ی وشه‌ی وێڵی
ئه‌ستێره‌ی شه‌وگاری ژینا
لێوی خۆری خنكاوی خوێ
كه‌وته بزه‌ی ئاورنگ ڕشتن
كاروانه‌كه‌ی جێماوی ڕێ
كه‌وته‌وه به‌سته و ڕۆیشتن
***
له پڕووشه‌ی گه‌رده‌لوولا
له گێژاوی ..
ڕه‌نگزه‌رد و هه‌ڵبزڕكاوی
ڕۆژانی ڕه‌شی ئه‌یلوولا
ده‌نگی ڕاچه‌نین و هه‌ڵمه‌ت
چه‌كی بڕوای دا به میلله‌ت
***
باخی زه‌ردی ئه‌یلوولی ڕووت
به په‌ڵه‌ی ئاگر و بارووت
گوڵاڵه‌ی هیوای شۆڕشی
نه‌ته‌وه‌ی كوردی تیا پشكووت
3
ئهیلوول هات و ساڵ به‌سه‌ر چوو
گڕی كپه و ڕق بێ پشوو
دارستانی..
بێ جریوه‌ی كوردستانی
ئه‌كرد به زووخاڵ و ڕه‌ژوو..
به‌ڵام ئه‌و بڕوایه‌ی وه‌كو
شاڵاوی ئاگر و پووشوو،
له سه‌نگه‌را ..
له ئه‌شكه‌وتا ..
له هه‌ڵمه‌تا ..
له پژانی مێشك و سه‌را
له شه‌ونخوونی ڕابهرا
به ڕووی دوژمنا هه‌ڵئه‌چوو
به‌جۆشتر بوو .. له‌ناو نه‌چوو
.. له‌ناو نه‌چوو
4
ئه‌ی كوردستانی پێشمه‌رگه ..
ڕاسته دڵی چیاكانت،
چاوی گه‌شی مناڵانت ..
ئه‌مساڵ پڕ شایی و ئاهه‌نگه
به‌ڵام .. قسه، هێشتا .. ڕه‌نگه
خواست و مه‌رام ..
یاقووتێكی شهوچراخی
ناو گه‌رووی تاری نه‌هه‌نگه.
1971
• گۆڤاری ڕوانگه، ژماره (1) 1971.
——————————-
پرسیار بۆ هاتنی گۆدۆ
1
بۆچی؟ ئه‌بێ .. هه‌موو جارێ
گشت به‌هارێ
ساڵ .. له دوای ساڵ،
((ساڵی خۆڵه‌مێش و زووخاڵ))
له‌سای به‌ڕۆچكه‌ی یادێكا ..
((یادێك بێ باڵ))
خۆری ته‌زیو
بكه‌ین به‌سنگی مێژووا
نهْ .. له‌ناو گه‌رووی زامێكا ..
((زامێكی تاڵ))
به‌سته‌ی ڕزیو
بكه‌ین به‌گیانی مردووا.
؟؟؟
بۆچی؟ ئه‌بێ .. كاسه‌سه‌ری
شه‌ق كراوی
ژێر ئه‌رخه‌وانی بێ به‌ری
به‌خوێن ته‌ڕی
ته‌مه‌نی خۆزگه‌ی وێڵ بوومان
له‌چه‌رخی تازه‌ی بیسته‌ما
بۆ سێبه‌ری ..
گیانی زه‌رده‌شتی كوژراومان
بۆ ئاوێستای هه‌ڵواسراوی
ناوخۆری ئاڵای سووتاوی
ئاسمانی بێ سهروشوێنمان
بێته سه‌ما
؟؟؟
2
هاوڕێكانم!
به‌هاری ئه‌م كوردستانه
هێشتا تینووی كانییه‌كه
نه‌ته‌قیوه.
ده‌نگی ژانی ئه‌م شارانه
چاوه‌ڕێی گۆرانییه‌كه
هێشتا كاروانی قوربانی
دێڕه‌كانی..
نه‌چنیوه.
؟؟؟
3
هاوڕێكانم!
پرسیارمان هه‌زار و یه‌ك
كوردستان‌مان
چاوه‌ڕوانی گۆدۆیهكه
چاوه‌ڕوانی مهزدهیهكه
چاوه‌ڕوانی گوللهیهكه
سنگی ڕێگای ئاسمانی ون
هه‌ڵته‌كێنێ ..
ڕاست كاته‌وه
په‌یكه‌ری (ڕاستیی) سه‌روبن
؟؟؟
4
هاوڕێكانم!
هاتنی گۆدۆی هاوڕێمان
بیری ئه‌وێ
خوێنی ئه‌وێ
وته و كرداری نوێی ئه‌وێ
قوربانیی ( كاروانی وشه‌ی ڕاچه‌نیو)ی
ئه‌مڕۆی ئه‌وێ
شیكردنه‌وه‌ی ( كڵافه‌یه‌ك
ژانی تووڕه)ی ئێمه‌ی ئه‌وێ
(ڕۆژژمێری) سووتێنراوی
ئازاری (پێشمه‌رگه)ی ئه‌وێ
هه‌ڵهاتنی (خۆرێكی یاخیبووی ئه‌وێ)
ته‌ڵه‌ی زامی
گیڤارای نوێی .. نه‌ك كوردستان
نه‌ك بۆلیڤیا .. هه‌موو جیهان
به‌ڵكو جیهانی نوێی ئه‌وێ
• گۆڤاری ڕوانگه، ژماره (2) 1971.
—————————
ژانی ڕۆژانی هۆنراوه
هاتووم . چه‌پكێ وشه‌ی ئاگر
له‌سه‌ر گۆڕی شیعر دانێم
هاتووم .. بڵێم:
باوه‌گوڕ گوڕ
كوانێ ئاڵا؟
كوانێ شیعر؟
***
هاتووم، له‌ناو شیعره‌كانی شێخ ڕه‌زادا
یاخیبوونی وشه فێربم
له‌ناو جۆگه‌ی هه‌نسكی گاورباغیدا
له‌خوێن تێربم
هاتووم.. له‌به‌ر خۆری چله‌ی
شۆڕیجه‌دا،
له‌به‌ر وشه‌ی
سووتاندنی تاڵ تاڵ شارای ئهگریجهدا
كوێر بم.. كوێربم
نه‌خێر .. هاتووم شیعر فێربم
***
هاتووم .. له‌ناو زه‌رده‌خه‌نه‌ی
ته‌رمی شههیدهكانمانا
بۆ پێغه‌مبه‌رێ بگه‌ڕێم
له‌ناو پرسه‌ی
ده‌نگی تفهنگهكانمانا
بۆ هه‌ڵچوونی خوێنی سه‌نگه‌رێ بگه‌ڕێم
له‌ناو خورپه‌ی
دڵی ئاههنگهكانمانا
بۆ هاواری گولله‌ی ڕابه‌رێ بگه‌ڕێم
هاتووم .. هاتووم
بۆ یه‌ك چرۆی چڵی ئاگر
بۆ دێڕه شیعرێ بگه‌ڕێم
***
ئه‌ی شاری ژان!
شاری شیعری گڕی گریان
هاتووم .. به‌دوای كه‌لله‌سه‌ری
شههیدێكتا وێڵم .. ونه
به‌دوای كاڵانی خه‌نجه‌ری
بڕوایهكتا وێڵم ..ونه
به‌دوای هه‌ناسه‌ی سواڵكه‌ری
بهرماڵێكتا وێڵم .. ونه
به‌دوای گۆڕی بێ چه‌په‌ری
دڵدارێكتا وێڵم . ونه
به‌دوای ناوی بێ په‌یكه‌ری
شاعیرێكتا وێڵم .. ونه
***
هاتووم .. هه‌ستم
بده‌مه ده‌ست مناڵه‌كانی ئه‌م شاره
هاتووم .. تفه‌نگی هه‌ڵبه‌ستم
بده‌مه ده‌ست پێشمه‌رگه‌كانی ئه‌م شاره
هاتووم .. شیعرم
له باخی گڕ تێ بهربوودا
له گۆڕستانی زیندوودا
دوا لاپه‌ڕه‌و دێڕی بدڕم
***
هاتووم .. بڵێم
شیعر .. هه‌ڵسانی شه‌قامه
هاتووم .. بڵێم
شیعر .. ته‌قینه‌وه‌ی زامه
شیعر .. مه‌رگی پێغه‌مبه‌ره
شیعر .. گۆرانی سه‌نگه‌ره
شیعر .. هه‌نگاوی به‌جه‌رگی
به‌ره‌و سێداره‌ی ڕابه‌ره
شیعر .. ڕێگاو ئه‌نجامێكی
به‌خوێن ته‌ڕه.
***
هاتووم .. له‌ناو باخی سنگی خۆزگهتانا
بست بست تۆوی بۆمبای شۆڕش دابچێنم
یه‌ك یه‌ك له مێشك و دڵتانا
له گیانتانا
له‌پرسه‌ی بێ گریانتانا
شه‌هیده‌كانتان هه‌ڵسێنم
هاتووم .. ده‌روازه‌ی گه‌وره‌ی شار
ڕاوه‌شێنم ..
بنه‌ڕێنم .. هه‌موو ڕۆژێ
زامی گه‌لێ ساڕ‌ێژ ئه‌بێ
بنه‌ڕێنم .. ئه‌ی بۆچی كورد
به‌ڵێ .. ئه‌ی شاری ژان، به‌ڵێ .. ئه‌ی بۆچی كورد
ئاڵای هه‌تاوی كه‌ژاوه‌ی
بووكی ڕزگاری هه‌ڵنه‌كرد؟
***
ئه‌زانن بۆ؟ .. چونكه هێشتا ؟
بۆمبای شۆڕش
وا له‌مشتا
چونكه .. ڕێگا
بۆ ئه‌ستێره
له‌لای ئێمه هێشتا كوێره
چونكه هێشتا ئه‌بێ شاعیر هه‌ڵبواسرێ
ناوی ماركس .. خۆبه كوشتدانی گیڤارا
له‌یادداشتی
پێشمهرگهیهكا نه‌نووسرێ
***
شۆڕش له‌لای نه‌وه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه .. خوایه
سه‌ره‌تایه
له‌دایكبوونی بڕوایه
هه‌ڵگیرساندنی چرایه
به‌خوێن سه‌ندنی هیوایه
به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵایه ..
***
به‌ڵام، كوا .. خوا؟
كوا .. سه‌ره‌تا؟
كوانێ .. بڕوا؟
كوانێ .. چرا؟
كوانێ .. هیوا؟
كوانێ .. ئاڵا؟
***
ئه‌ی چاوی نۆ ساڵه‌ی خۆری ئاواتی كورد
مژده‌ی نیگای سه‌رفرازیمان لێت ئه‌وێ.
ئه‌ی دڵی چوار له‌تكراوی خه‌باتی كورد
چه‌پكه ئاڵای سه‌ربه‌خۆییمان لێت ئه‌وێ.
ئه‌ی بارانی گڕ و خوێنی سه‌نگه‌ری كورد
سێبه‌ری باخی قورییانیمان لێت ئه‌وێ.
ئه‌ی تفه‌نگی بیر و ده‌نگی ڕابه‌ری كورد
كوردستان و مرۆڤی كوردمان لێت ئه‌وێ.
رقی ڕه‌هێڵه و شۆڕشی تۆمان ئه‌وێ.
له‌خۆمانا
دێڕ دێڕ له شیعرهكانمانا
تۆمان ئه‌وێ.
وه‌ك چۆن .. شۆڕش په‌ڵه‌ی خوێنی
لافاوێكی سووری ئه‌وێ
ئێمه‌ش ئاوا .. تۆمان ئه‌وێ.
***
ئه‌مانه‌وێ ..
سێداره‌كانی ئه‌م شاره
ببنه تفه‌نگ
شه‌هیده‌كانی ئه‌م شاره
ببنه شیعر .. ببن به‌ده‌نگ
ئه‌مانه‌وێ
وشه‌ی مه‌نگی تابلۆی بێ ڕه‌نگ
ببێته زه‌نگ
ئه‌مانه‌وێ باوه گوڕگوڕ
بمانداتێ ئاڵا و .. شیعر
• گۆڤاری ڕوانگه، ژماره (3) 1971.
———————-
سووتان له ئاهه‌نگی ئاشتییا
خنكاین .. خنكاین،
له دووكه‌ڵی بوخوردی درۆی ئاشتییا
برژاین .. برژاین،
له دۆزه‌خی به‌هه‌شتی پڕ سوێی ئاشتییا
كوژراین .. كوژراین،
له‌ژێر گه‌ڵا زه‌یتوونی بێ بۆی ئاشتییا
ڕزاین .. ڕزاین،
له‌ناو كۆشكی وه‌ك زیندانی نوێی ئاشتییا
***
په‌نجه‌ره‌كان .. بكه‌نه‌وه،
با هه‌ڵمژین..
هه‌ناسه‌ی شه‌هیده‌كانمان..
ده‌روازه‌كان .. بكه‌نه‌وه،
با ببیسین..
گۆرانی پێشمه‌رگه‌كانمان..
چاوی تفه‌نگ..
زبانی ده‌نگ،
هه‌ڵبێننه‌وه ..
شاری گریاو..
ژیركهنهوه..
باڵ به كۆتری سه‌ربڕاو،
بگرنه‌وه..
له سه‌نگه‌را..
له سروودی ته‌واو نه‌بوونی جهنگاوهرا..
داستانی ته‌مه‌نی ئاشتی،
ئاشتی ڕاستی..
بنووسنه‌وه.
• ڕۆژنامه‌ی هاوكاری، ژماره (3) 1971.
——————————
سه‌ره‌تای داستانێكی ونبوو
ده‌مێكه پرچی زه‌ردی تیشكی خۆر،
بۆ بووكی ناسۆر
ئه‌هۆنینه‌وه.
له خه‌رمانه‌ی مانگ،
له چرپه و له بانگ،
له لێڵیی گۆمی چاوی بێ برژانگ.
ورده زهركهفتی وشه‌ی جۆراوجۆر،
له سوور هه‌تا مۆر
خڕ ئه‌كه‌ینه‌وه.
له چاوی ماتی
گه‌ڵاڕێزانی پایزی زه‌ردا،
گوڵی ئاواتی،
نه‌زۆك ئه‌نێژین.
له‌ناو دێراوی زووخاو و ده‌ردا،
تۆوی پووچه‌ڵی خۆزگه ئه‌ڕێژین.
كڵافه‌ی كلووی
بۆ سووتان تینووی،
به‌فری ئازاری بیرتهزینی سڕ
بهمهكۆی خه‌یاڵ
خه‌یاڵێكی تاڵ،
ئه‌كه‌ینه شارا و دهستهنهی ئاگر.
***
ده‌مێكه ڕۆنی
سه‌رتوێژی وێنه‌ی بێ ڕه‌نگ و بۆنی،
ناو داستانی كۆن ئهلێسینهوه.
خه‌م له ده‌لاقه‌ی زامی به‌سوێدا
له چاڵی چاوی پڕ خۆڵ و خوێدا
ئهتوێنینهوه.
ده‌نگ له گه‌رداوی شه‌وی دووكه‌ڵا
له‌ناو ئاوازی بێ په‌ل و چڵا
ئه‌پێچینه‌وه.
له كۆی زووخاڵی دۆزه‌خی سووریی
هاوینی ڕه‌شا
گه‌ردانه‌ی تۆفی خه‌می ناسۆری
ئه‌كه‌ین به سنگی هه‌تاوی گه‌شا.
***
ده‌مێكه نه‌ڕه‌ی كه‌لله‌سه‌ری گۆڕ،
له‌ناو چیرۆكی
بێ ناوه‌رۆكی
به‌بێ بارانی
مێژووی خه‌زانی
ژێر تیشكی كزی مه‌شخه‌ڵی چاوشۆڕ،
ئه‌خوێنینه‌وه.
هه‌زار جه‌نگاوه‌ر
گه‌شترین باوه‌ڕ
بۆ یه‌ك به‌ڵێنی درۆی خوێنه‌خۆر،
ئه‌گۆڕینه‌وه.
به‌ده‌یان په‌یكه‌ر
شه‌هید و ڕابه‌ر
به‌فرمێسكی پڕ چڵپاوی ناتۆر،
ئهشۆرینهوه.
***
ده‌مێكه هه‌ین و! به‌ڵام، هه‌ر نه‌بووین
ده‌مێكه زیندووین، به‌ڵام هه‌ر مردووین
ده‌مێكه بێخواین،
بێ بیر و بڕواین.
ڕێبواری ڕێگای بێ ناونیشانین
بێ گۆڕستانین
بێ كوردستانین
كوا ؟ كه‌ی ئه‌بینه خاوه‌ن گۆڕستان
خاوه‌نی كوردستان؟
• ڕۆژنامه‌ی هاوكاری، ژماره (52) 1971.
————————
خۆشه‌ویستییه‌كی شێتانه
گیانه.. نه‌مویست
به‌م چه‌ند دێڕه ..
لاڵ و كوێره،
بڵێم : تۆم ویست
چونكه هه‌رچی .. وزه و توانای
شیعره هه‌مه.
هه‌ڵیڕێژم .. بۆتی بڵێم
هێشتا كه‌مه.
ڕه‌نگه نه‌غمه‌ی شیعروتن
ته‌واوببێ.
ساز و ده‌نگی پیاهه‌ڵوتن
ته‌واو ببێ.
گوڵ هه‌ڵوه‌رێ
هوزار بمرێ.
به‌ڵام هه‌تا ڕووی ته‌بیعه‌ت
وا واڵابێ
هه‌رگیز.. هه‌رگیز.. جوانیی ئافره‌ت
ته‌واو نابێ.
***
وه‌ك شاعیرێك .. شیعره‌كانم
هه‌ر به‌موڵكی خۆم نازانم
به‌ڵام، وه‌ك دڵدارێك كه هه‌م
وا تێ ئه‌گه‌م:
هه‌ر جوانیی ئافره‌ت په‌رستم
هه‌ر بۆ ئه‌ویش: خۆشه‌ویستم.
***
من ئه‌مه‌وێ.. هه‌روه‌كو شێت
ڕێبگرم لێت..
هه‌رچیم بوێ
داوای كه‌م لێت.
من ئه‌مه‌وێ گوڵی ئاگر
له‌جیاتی زێڕی سارد و سڕ
بكه‌م به قژی ژاكاوتا
به به‌رۆكی وه‌ك ههتاوتا
***
وه‌ك ڕێبوارێ ..
بست بست دونیای جوانت په‌ی كه‌م
وه‌ك باڵدارێ..
ئاسمانی په‌نهانیت تهی كه‌م
وه‌كو شێتێ خۆشه‌ویست بم.
وه‌كو شێتێ تۆ په‌رست بم.
• ڕۆژنامه‌ی هاوكاری، ژماره (13) 1971.
—————————————
تیشكی چاو
كه چاو هه‌ڵدێ..
شه‌قامی شار .. ئاوێنه بۆ نه‌وبووكی په‌یام هه‌ڵئه‌گرێ
مێژوو .. بێشكه‌ی كۆرپه‌ی له‌دایكبووی خۆری هاواری
ئاب .. ڕائه‌ژه‌نێ
(( سوار .. سۆراخی كانیی گه‌رووی خۆشه‌ویستی
ڕێگا ئه‌كا
ڕێگا .. تارای گێژه‌ڵووكه‌ی ئاگر و خوێن
به باڵای كاروانی شنه‌ی سه‌ره‌تای هه‌ڵچوونا ئه‌كا))
كه ژان ئه‌زێ ..
زه‌رده‌ی هه‌نسكی چوار چرا .. تاڤگه‌ی بزه له ڕووباری
لێوی وشكا باڵ پێ ئه‌گرێ.
كه مه‌زده‌ی ناو ئاوێستای بانگی مه‌هاباد هه‌ڵئه‌واسرێ
ئاڵای په‌لكه‌زێڕینه‌ی شۆڕش له ئاسۆی پایته‌ختی
شه‌ودا هه‌ڵئه‌گرێ.
(( شه‌پۆلی كولله‌ی دره‌وی گوڵه‌گه‌نم .. شه‌وبۆی
گۆرانی ئاو ئه‌دا
زامی ڕێگای ساڕ‌ێژ نه‌بووی یه‌ك پرسیاری
(سمكۆ) و (قازی)ی .. ئه‌سپی باوبۆرانی تیشكی چاوی
(بارزانی) تاو ئه‌دا)).
* نهم ناسیوی؟
ـ ڕێگام ..
ڕێبوارهكانم .. ئه‌ستێره‌ن
چیام ..
بنارهكانم .. هه‌ناسه‌ی ناو سینه‌ی گوڵاڵه سووره‌ن
* نهم ناسیوی؟
به‌ره‌و كام قووڵایی سروه‌ی سینه ئه‌ڕۆی
له ژێر كام تاڤگه‌ی ئاگرا چاوی به‌ڵێنه‌كان ئه‌شۆی
ـ سه‌نگه‌رێكم ..
گوللهكانم .. بارانی هه‌ور و برووسكهن.
چهپهرێكم ..
باخه‌وانی گوڵاڵهكانم پێشمه‌رگه‌ن
(( ڕێگاكانی زه‌نگ له‌خه‌وا
مژده‌ی كاروانی شه‌فه‌قی: به‌ته‌نیا ڕه‌نگیان ئه‌دا
به ته‌نیا ده‌نگیان ئه‌دا
به‌ته‌نیا ناوێكیان ئه‌دا))
1970
• له 12/12/ 1998دا، ئه‌م شیعره‌م به‌ده‌ستنووس له (مه‌حموود زامدار) وه‌رگرتووه.
————————
ته‌مه‌نی ده ساڵه‌ی دێڕێك
چه‌پڵه ڕێزان
نمه‌ی چاوی ئاسمانێكی پڕ له گریان
به‌سه‌ر یادی ڕاچه‌نینی شاره‌كه‌ما
ئه‌بارێنن.
دروشمه به‌خوێن ته‌ڵخه‌كان
سه‌ره‌نێزه‌ی مه‌دالیای به‌هره‌ی تاوان
به به‌رۆكی قاره‌مانی مێژووهكهما
ئه‌چه‌قێنن.
سروودی سه‌روه‌ختی زاری ڕیاكاران
وه‌كو سنگی زبری هه‌وری ڕه‌شی زستان
نیگای چاوی ئه‌ستێره له وه‌رزی خه‌ما
ئهپروێنن.
ڕۆژنامه‌كان
كامیرا چاوچنۆكه‌كان
میكرۆفۆنی وتاربێژه درۆزنه‌كان
هه‌موو ڕۆژێ .. له فه‌رهه‌نگی
ناو و ده‌نگی
دلێرانه‌ی شۆڕشهكهما
باڵی وشه
زاری وته
ئه‌قرتێنن.
***
وا ده ساڵه چاوی .. هیوا
گڕ ئه‌ڕێژێ
وا ده ساڵه .. چه‌كی بڕوا
تۆوی خۆزگه
له‌ناو زامی
سهنگهرهكانا ئه‌نێژێ.
وا ده ساڵه. گۆڕستانی سنگی كپمان
داستانی شه‌هید ئه‌نێژێ
هه‌تا ساوای سه‌ر بێشكهشمان
ژهكی خه‌م و ژان ئه‌چێژێ.
***
خه‌ونی شاری حوزه‌یرانمان
كه‌ی كه‌ژاوه‌ی گڕو خوێنی به‌ڕێ ئه‌كرێ
جارێكی تر .. شه‌هیدانمان
كه‌ی پێ ئه‌گرێ
كفن ئه‌دڕێ
ڕائه‌په‌ڕێ؟
***
مناڵێكی له‌دایكبووی قریشكه‌ی قووڕگی خنكێنراو
له پێشمه‌رگه‌یه‌كی پرسی
كه‌ی هه‌نسكی،
ده ساڵه‌ی دایكم به‌ر ئه‌گرێ؟
***
تفه‌نگ گریا:
(( وا ده ساڵه .. خه‌رمانی خوێنمان شه‌ن ئه‌كه‌ن))
هه‌زاران چاوی زه‌نگ گریا:
(( وا ده ساڵه .. كانیی وشه‌مان بۆگه‌ن ئه‌كه‌ن))
***
پێشمه‌رگه‌یه‌ك له شاعیرێكی نوێی پرسی
كه‌ی شیعرێكم بۆ ئه‌نووسی
پشكۆی ئاگردانی زامم هه‌ڵگیرسێنێ
له‌شكری خه‌م بورووژێنێ؟
***
هاژه‌ی یادی ده ساڵه‌ی شاعیر .. چرپانی!
جارێ .. ئه‌مساڵ .. هۆنراوه‌كانم ئه‌دڕێنم
چونكه زاری وشه‌كانی
بێ گولله‌یه..
بێ گولله‌یه.
چونكه سنگی دێڕه‌كانی
بێ نه‌ڕه‌یه ..
بێ نركهیه.
***
چاومان
چاومان، هه‌موو ڕۆژێ به‌دوای ڕێگای ژانی
كوردستانی
له‌تكراودا .. هه‌نگاو ئه‌نێ
ناومان
هه‌موو رۆِژێ له‌سای شین و قوڕ پێوانی
هه‌تیوانی
بێ ناونیشانا .. خۆی ئه‌ڕنی.
***
دڵداره‌كه‌م .. دوای خوێندنه‌وه‌ی .. ئامۆژگاری
((سێبه‌ری ته‌رمی مردووان به‌خوێن بشۆن))
(( سه‌رهه‌ڵگرن .. بڕۆن.. بڕۆن))
***
دڵداره‌كه‌م .. دوای خوێندنه‌وه‌ی ئامۆژگاری
ڕێكخه‌ری شار ..
وتی بۆ كوێ .. سه‌ر هه‌ڵگرم؟
قووڕگی كام نه‌هه‌نگی تاری
ده‌ریای شه‌وگار
به سه‌وڵی پرچم هه‌ڵبدڕم.
***
مه‌لا بانگان .. هێشتا دووكه‌ڵ
له ئاسۆدا گرێی ئه‌دا داوی مه‌ته‌ڵ
تارمایی شۆڕه‌سوارێكی باڵا ئاگر.
له‌ناو دۆزه‌خی هه‌زاران پرسیاری كوێرا خۆڕاگر
شریخه‌ی قامچی وه‌شانی
وه‌ك گۆرانی
ئه‌یوت .. سه‌رهه‌ڵگرن.. بڕۆن
جارێكی تر .. سه‌نگه‌ر به‌خوێن .. به‌گڕ.. بشۆن.
• ڕۆژنامه‌ی هاوكاری، ژماره (40) 1971.
————————-
ته‌مه‌نی خه‌م
ئه‌ی گۆرانیی ژاكێنراوی،
سه‌ر لێوی خه‌م!
یادگاری بێ هه‌تاوی،
مێژووی ماته‌م !
ئه‌ی سروه‌ی بای كشوماتی،
به‌هاری زیز ..
ئه‌ی فرمێسكی بێ ئاواتی،
چاوی پایز.
نه شه‌و.
نه خه‌و.
نه ده‌ریای به‌رینی بێ بن
نه كێوی به‌رزی كه‌ش گه‌ردن
یه‌ك تۆز چییه نه‌یانتوانی
ژیله‌ی كپی ئاگردانی،
نهێنی بوونتان بماڵن
به ئاگر بێ .
به به‌فر بێ.
ڕاتان ماڵن .
***
ته‌مه‌نی خه‌م
وه‌ك خۆر ئاسمانی ژین ئه‌بڕێ..
كه‌ی ئه‌م بوو به‌دووكه‌ڵ و ته‌م،
ئه‌ویش ئه‌مرێ!
***
یان ئه‌بێ خه‌م
تاسه‌ر .. سه‌رجه‌م،
كێوی قورسی سه‌ر سنگمان بێ
ماكی وێڵیی ژیانمان بێ
یاخود ئه‌بێ..
بیر راپه‌ڕێ،
خوێن گڕ بگرێ.
له دۆزه‌خا
له زه‌ویی بیسته‌مین چه‌رخا
تۆفانێكی وه‌ها هه‌ڵسێ
نه‌ك هه‌ر زه‌وی ..
تا ئاسمانیش نهخهلهسێ!
• ڕۆژنامه‌ی هاوكاری، ژماره (31) 1970.
—————————————
نه‌ورۆز دێنم
ـ له نه‌ورۆزا .. دێمه‌وه ناوتان!
( ده‌نگی به‌سۆزی ئه‌م گۆرانییه دای له شه‌قه‌ی باڵ و به‌ره‌و ئاسمانی به‌رین كشا..)
ـ ئه‌ڕۆم .. به‌دوای چاوی پڕ نێرگزی به‌هاری نه‌ورۆزا ئه‌گه‌ڕێم!
(ڕێ بۆ به‌هاری نه‌ورۆز .. تۆف و ڕه‌هێڵه‌ی گڕو خوێنه.
ڕێ .. هه‌نگاوه
هه‌نگاو .. ناوه
ناو كاوه‌یه و
كاوه‌ش ده‌نگی هاوارێكه له‌ده‌فته‌ری سنگی قه‌ڵای كوردستان‌مان نووسراوه ..).
ـ گڕ .. گڕ دێنێ
خوێن .. نێرگزی نه‌ورۆزی نوێمان ئه‌ڕوێنێ.
( پیره‌مه‌گروون .. گه‌ردنی گوێژه ماچ ئه‌كات.
سه‌فین .. شه‌هیدانی ڕێگای نه‌ورۆزی به‌ڕێ ئه‌كات.
كاروان .. بۆ ئاسۆی پڕ ئارامگای له‌دایكبوونی نه‌ورۆز هه‌نگاو ئه‌نێ ..).
ـ شۆڕش ناوی نه‌ورۆز ئه‌نێ .
( له‌ناو تابلۆی هه‌ڵواسراوی سه‌ر سنگی چیای مه‌به‌سته‌وه. مناڵێكی له نه‌ورۆزدا له‌دایكبوو. داوای چه‌پكێ نێرگزی ته‌مه‌ن درێژی كرد.)
ـ نه‌ورۆز .. ناوی كاوه ئه‌نێ.
( ده‌شت .. چاوه‌ڕێی .. باران و په‌ڵه‌ی نێرگزه.)
ـ خوێن ..
نێرگزی نه‌ورۆزی نوێمان ئه‌ڕوێنێ ..
( باڵدار.. دڵدار، بۆ شنه‌ی نه‌ورۆز ئه‌خوێنن.
شه‌قام و مناڵانی شار،
به گوێی ڕێدا ئه‌چرپێنن.
ئه‌یانه‌وێ نه‌ورۆز باڵ بێ..
نه‌ورۆز عیشق بێ
نه‌ورۆز بزه و پێكه‌نین بێ.)
ـ له نه‌ورۆزا باڵ ئه‌هێنم..
عیشق دێنم
چه‌پكه نێرگزێك ئه‌هێنم
گۆرانی بێ
ته‌مه‌نی ڕاستی شۆڕش بێ .
ته‌مه‌نی ڕاستی نه‌ورۆز بێ.
• ڕۆژنامه‌ی هاوكاری، ژماره (159) 1973.
گۆرانی ڕێبوارێكی یاخی
ئه‌ڕۆم .. ئه‌ڕۆم
سێبه‌ری ته‌ڵخی ناوی خۆم،
بهدڕكهزیی ..
ڕههێڵهیهكی بێ وه‌رزی
ونی بێ ناونیشانی،
نه‌نووسراوی ژیان ئه‌شۆم.
ئه‌سووتێنم،
ئه‌و وێنه بێ روخسارانه‌ی..
لكاوی دیواری هۆشن.
ئه‌خنكێنم،
ئه‌و ئاوازه بێ ده‌نگانه‌ی ..
به چڵپاوی درۆ گۆشن.
ئه‌ڕووخێنم.
ته‌لاری ئه‌و هۆنراوانه‌ی..
ستوونێكی به‌رز و بۆشن.
ئهتاسێنم،
ڕوواڵه‌تی ئه‌و وتانه‌ی ..
بۆ چڵكی ده‌ست خۆفرۆشن.
به‌بیری نوێ،
به وته‌ی نوێ،
كرداری نوێ،
ئهكهومه ڕێ.
بۆ هه‌ڵگرتنی تفه‌نگێ
بۆ هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگێ
جه‌نگێ .. پیرۆز،
كێوی سته‌م له‌بن بێنێ
نه‌ك نه‌ورۆزێ .. هه‌زار نه‌ورۆز،
وه ده‌ست بێنێ.
• ڕۆژنامه‌ی هاوكاری ، ژماره (41) 1970.
——————————
عیزه‌ت .. قودسی .. خه‌یروڵڵا .. خۆشناو
جارێكی تر .. له‌گه‌ڵ نمه‌ی
خوێنی زامی پڕ له نه‌ڕه‌ی
پڕ له تۆڵه‌ی
گیانی خۆری حوزه‌یرانا
حوزه‌یرانی .. كوردستانا
باڵای چوار شه‌هیدی نه‌مر
له بیابانی چاومانا
له ژانی دارستانمانا
له ناخمانا ..
له مێژووی پڕ گریانمانا
له مهرگمانا ..
له چه‌كی پێشمهرگهمانا
جارێكی تر..
گیانی چوار شه‌هیدی نه‌مر
وه‌كو ئاگر
گڕیان به‌ردایه به‌هاری
هیوای خنكاوی سه‌ر زاری
؟؟؟؟
هاوڕێكانم ..
ئه‌مساڵمان، ژانی سێداره
نه‌ك . هه‌ر چواره
به‌ڵكو فه‌رهه‌نگێكی گه‌وره‌ی
پڕ له وشه‌ی
خنكاوی دیار و نادیاره
؟؟؟؟
• ڕۆژنامه‌ی هاوكاری، ژماره (30) 1971.
—————————–
وه‌رزه‌كان
چوار وه‌رزی ساڵ
له دامێنی ئاسمانی وڵاتی منا
له چوارچێوه‌ی بێ كۆتایی
ته‌مه‌نی ئاواتی منا،
بۆته ئاوێنه‌ی ئاوه‌ژووی
مێژوویه‌كی ئێجگار جه‌نجاڵ.
به‌هار
به‌هه‌رمان دێ و له‌جیاتی نێرگزی دیاری
چۆڕاوگه‌ی خوێن،
به‌ری ده‌رگای نه‌ورۆز ئه‌گرێ ..
له یادی ناشتنی ته‌رمی دوێنێی پڕ له نادیاری
لیستێكی تری قوربانی
له‌به‌رده‌م ده‌ركی سه‌رادا هه‌ڵئه‌واسرێ.
هاوین
هاوین دادێ و
خۆری چله ئاره‌قه‌ی گڕی لێ ئه‌تكێ ..
لێوی كانیاوه‌كان چین چین
به دیواری خۆی هه‌ڵئه‌ستێ.
له جیاتی سروه‌ی پڕ بزه‌ی
سه‌رچاوه‌ی زه‌ڵم و بادینان و شه‌قڵاوه ..
گاز و بۆمبا و فڕۆكه‌یه،
ڕه‌شماڵی مه‌رگی هه‌ڵداوه.
پایز
وا سه‌رده‌می به‌ره‌وچوونی سروشتی گه‌ڵاڕێزانه
په‌ڵه چه‌واشه‌ی ساڵێكی كه‌س نه‌زانه ..
-با هه‌ڵوه‌رێ
خونچه‌ی چاوی كووچه‌كانی ئومێدی شار،
تازه .. خۆزگه‌ی عیشقی ئیمڕۆ
ناچێته‌وه به‌ر هه‌وارگه‌ی پار و پێرار.
زستان
دیسان نۆره‌ی گه‌رده‌لوولی چه‌ك له‌شانی
خۆشه‌ویستی هه‌ڵچووی به‌ره‌و ئه‌شكه‌وته ..
زستانه .. شه‌وچه‌ره‌ی هیوای
پێشمه‌رگه‌ی ئه‌م كوردستانه لهتوپوته،
بێدارییه و تێڕامانه له‌یه‌كتری و نهنووستنه
بۆ وه‌رزی نوێ: ڕێگای بیر و چهكگرتنه.
به‌هاری 1989
• ڕۆڤار، ژماره (15) 2001.
ناوه‌رۆك
ڕوانینه‌كانی چاوی شه‌قام
بڕوای شار
ڕازێكی ده‌روون
ڕازه‌كانی هه‌فته
داستانی شار
ڕێگا
ڕۆژژمێر و ڕاپه‌ڕین و خه‌می بێ كۆتایی
خوێننامه‌ی دڵدارێكی تینوو
له خولیای داستانی مه‌رگی زه‌رده‌شتدا
به‌شێكی تر له گاتا
یاد و یاقووت و نه‌هه‌نگ
پرسیار بۆ هاتنی گۆدۆ
ژانی ڕۆژانی هۆنراوه
سووتان له ئاهه‌نگی ئاشتییا
سه‌ره‌تای داستانێكی ونبوو
خۆشه‌ویستییه‌كی شێتانه
تیشكی چاو
ته‌مه‌نی ده ساڵه‌ی دێڕێك
ته‌مه‌نی خه‌م
نه‌ورۆز دێنم
گۆرانی ڕێبوارێكی یاخی
عیزه‌ت .. قودسی .. خه‌یڕوڵڵا .. خۆشناو
وه‌رزه‌كان