Skip to Content

گرۆتێسک، ئەبسورد، شانۆی پۆڵەندی و سلاڤۆمیر مرۆزێک-١-.. زاهیر عەبەڕەش

گرۆتێسک، ئەبسورد، شانۆی پۆڵەندی و سلاڤۆمیر مرۆزێک-١-.. زاهیر عەبەڕەش

Closed
by نیسان 1, 2026 General, Literature, Theatre



سلاڤۆمیر مرۆزێک (١) یەکێکە لە گرنگترین نووسەرانی پۆڵەندای نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم. لە پۆڵەندای زێدی خۆی و لە وڵاتانی دیکەی جیهاندا ڕێزی لێدەگیرێت. ناوبانگی جیهانی بەدەستهێناوە، یەکێکیش لە هۆکاری بڵاوبوونەوەی ناوی مرۆژک لە دونیای ئەدەب و شانۆد و وەک نووسرێکی ئەبسورد ڕەخنەگری شانۆی ئینگلیزی مارتن ئێسلین بوو Martin Esslin (٢)، کە مرۆزێک لە شانۆنامەنووسانی ئەبسوردا ڕیزبەند دەکات، لە کتێبەکەیدا بە هەمان ناو (شانۆی ئەبسورد)، کە لە ساڵی ١٩٦١دا بڵاوکرایەوە.
لە وڵاتانی بلۆکی ڕۆژهەڵاتدا، مرۆزێک زۆرجار وەک نووسەرێکی ناڕازی و دژە ڕێژیم ناوزەد کرا، لە کاتێکدا لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا لە نێو نووسەرانی شانۆی بێمانادا جێگیر بووە، ئەو لە ناوەڕاستی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا حزبی شیوعی بەجێدەهێڵێت، ئایدۆلۆژیاکەی ڕەتدەکاتەوە، هەڵوێستی ڕەخنەیی خۆی پیادەدەکات و لەڕێگەی نووسینی چیرۆکی تەنزئامێز و گاڵەجاڕانە و نووسینی ستوونی ڕۆژنامەوانی، ئەو جگە لەوەی کە نووسەرێکی دیاری دەقی شانۆ و چیرۆک بوو، هاوتەریب ڕۆژنامەنووسێکی دیار بوو بەر لەوەی دەقی شانۆ بنووسێت، ئەو ئەزموونی ڕۆژنامەوانی خۆی بە گرنگییەکی یەکجار زۆر دەزانێت بۆ ڕەوتی زیاتری کارەکانی، چونکێ بەشێکی زۆری دەقەکانی دواتر لەسەر بنەمای گاڵتەجاڕی، پارۆدۆکسی و گرۆتێسک نووسیووە. کۆمەڵێک چیرۆکی ناوازەی هەیەکە شێوازی کۆمێدییای ڕەش ساتیری بەکارهێناوە.
یەکێک لەو نموونانە کە بڵاوی کردۆتەوە بە ناوی SLON سۆلۆن بە زمانی پۆلۆنی بەواتای فیل، یەکێک لە چیرۆکە درێژەکانی ناوی فیلە کە لەساڵی ١٩٥٧ بڵاوکرایەوە، لە چیرۆکەکەدا، بەڕێوەبەری باخچەی ئاژەڵان بۆ ئەوەی پارە کەمتر خەرج بکات، قازانجێکی زۆر بکات فیلێکی ڕاستەقینە ناکڕێت، بەڵکو فیلێکی هەواپڕ ( لاستیکەو لە شێوەی فیلی ڕاستەقینە ) دادەنێت.
ئەمە هێمای ئەو سیستەمانەیە کە بە درۆ و ڕووکار کار دەکەن، مرۆژێک بە شێوەی ڕەمزی ڕەخنە لە سیستەمی کۆمۆنیستی ئەو کاتە دەگرێت. ئەو سیستەمەی کە زۆرجار ڕووکار و پروپاگەندەی گەورە دروست دەکات، بەڵام ناوەڕۆک بەتاڵە. فیلە هەواییەکە تەنها ئاژەڵێک نییە، بەڵکو ڕەمزێکە. کاتێک فیلە ڕەشەبا دەیبات دەفڕێت، منداڵان باوەڕیان بە هەموو شتێک لادەچێت. ئەمە هێمای ئەوەیە کە کاتێک درۆ ئاشکرا دەبێت، متمانەی خەڵک تێکدەچێت. پەیامی چیرۆکەکە ئەوەیە کە دەڵێت: ئەگەر کۆمەڵگا لەسەر درۆ و ساختەکاری بنیات بنرێت، ئەوا فشەڵ دەبێت وڕۆژێک دادێت کە هەموو شتێک داڕمێت.
دەستپێکی مرۆژک وەک شانۆکار:
دەستپێکی کاری چالاکی شانۆیی مرۆزێک لەگەڵ گروپی شانۆیی خوێندکارانی “بیم بۆم Bim-Bom” بوو لە شاری گدانسک. هەروەها یەکەم نووسینی دەقی شانۆیش بە ناوی پۆلیس بوو ( (The Policemen بوو کە لە ساڵی ١٩٥٨ نمایشکر. لە پاشاندا بەردەوامی بە نووسینی دەقی شانۆیی دەدات، بەڵام دوای نووسینی دەقی تانگۆ و نمایشکردنی لە ناوەڕاستی شەستەکاندا دەنگدانەوەیەکی زۆری دەبێت لە سەرانسەری جیهاندا، یان لانیکەم لەسەر ئاستی ئەوروپی ناسرا. لەم ماوەیەدا دەبێتە شانۆنامەنووسێکی پێشەنگی پۆڵەندی، شانۆنامەی تانگۆ خاڵی وەرچەرخان لە کارەکانی مرۆزێکدا دیاری دەکات، هاوکاتیشە لەگەڵ بەجێهێستنی زێدی خۆی، سەرەتا ئیتالیا، مەسیک و پاشان لە فەرەنسا نیشتەجێ دەبێت.
هەروەها شانۆ نامەی تانگۆ یەکەم شانۆنامەی درێژی مرۆزێکە، کە گۆڕانکارییەکی بابەتیی و تایبەتی بەرەو بابەتگەلێکی گشتگیرتر دەبات، کە زیاتر بۆ بینەرێکی ئەوروپی ڕۆژئاوا قبوڵکراوە، بە کەمتر ئاماژەی بۆ کێشەکانی واقیعی پۆڵەندی بوو.
ڕەخنەگری کرواتی میرنا سندیچیچ سابلیۆ(٣)، کە شارەزایە لە ئەدەبی بەراوردکاری، قۆناغی مرۆژک دەکات بە دووبەشەوە، قۆناغی پێش کۆچکردنی مرۆژک و دوای کۆچکردنی بۆ وڵاتانی دەرەوە،. ئەو دەڵێت، دوای بەجێهێشتنی پۆڵەندا لە شیعریەتی ئەبسوردیسم دووردەکەوێتەوە، بەڵام کاتێک دەچێتە ئەوروپای ڕۆژئاوا. ڕەوایەتی دانانی دەقە شانۆییەکانی سلاڤۆمیر مرۆزێک لەناو کۆنتێکستی شانۆی ئەبسوردا دەخرێتە ژێر ڕوناکییەوە، شەنو کەوی بابەتەکانی دەکرێت، هەندێک پرسیار دەخەرێنە ڕوو کە ئایا چۆن دەقە درامیەکانی مرۆژک جیاوازە لە دەقەکانی بێکێت و ئیۆنێسکۆ، چەندیش خاڵی هاوبەشیان هەیە. ئیدی دوایی پێ لەسەر ئەوە دادەگیرێت کە کارەکانی مرۆزێک بە نەریتی درامای گرۆتێسکی نێوان جەنگەکانی پۆڵەندییەوە دەبەسترێتەوە و لە ڕێگەی شیکردنەوەی دەقە درامیەکانیەوە، دەرکەوتنی ئەبسورد و گرۆتێسکەکان و پەیوەندییەکانیان، لە چوارچێوەی کارەکانی مرۆزێکدا لێکۆڵینەوەی لەبارەوە دەکرێت.

شانۆی دوای جەنگی جیهانی لە پۆڵەندا و پێشوازیکردن لە ساموێل بێکێت:

شانۆی پۆڵەندی نەریتێکی بەهێزی ناوازەی هەیە، ڕەگ و ڕیشەی لە سەردەمی ڕۆمانسیدا هەیە. لە ماوەی نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی کارەکانی جێرزی گرۆتۆڤسکی و تادێوس کانتۆرەوە بوو بە یەکێک لە شانۆ پێشەنگەکانی جیهان.
ساڵی ١٩٥٦ یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکانی وەرچەرخان لە کولتوری پۆڵەندا، چونکێ کۆتایی هاتنی پرۆسەی داماڵینی ستالینیزمە، کە ساڵانێک ڕیالیزمی سۆسیالیستی و ژدانۆڤ(٤) زاڵبوون بەسەر بەرهەمە هونەریەکاندا. وردە وردە کۆنترۆڵی حکومەت بەسەر هونەری جۆراوجۆر و ئەدەبدا دا لاواز دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی چەندین بەرهەمی فیلم و شانۆی ناوازە، کە ژدانۆڤ و ڕیالیزمی سۆسیالیستی خەریکە کاریگەری خۆیان لەدەست دەدەن و فەزای بۆ شێوازی نوێی دەربڕین دەکرێتەوە. پۆڵەندا خەریکە بەڕووی ڕۆژئاوادا دەکرێتەوە، بە بەرهەمی درامی و شانۆی هاوچەرخی وڵاتانی دیکە ئاشنا دەبێت، لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە نەریتی درامای ئاڤانگاردی خۆی لە نێوان جەنگەکانی پۆلۆنیادا دەناسێت. کە مرۆزێک خۆی بە درێژە پێدەری ئەدەبی دوای جەنگ دەزانێت .
دوای جەنگی جیهانی دووەم، بەرهەمەکانی ستانیسلاڤ ئیگناسی ویتکیڤیچ، ویتۆڵد گۆمبرۆڤیچ و برۆنۆ شوڵتز(٥) بڵاودەکرێنەوە و نمایش دەکرێن، ئەمەش شاهیدی بەهێزی نەریتی ئەدەبی نێوان جەنگەکانی پۆڵەندییە.
هەروەها شانۆکانی پۆڵەندی دەست دەکەن بە نمایشکردنی بەرهەمی مۆدێرن و نووسینی نووسەرانی بەناوبانگی ئینگلیز-ئەمریکی، وەک جۆن ئۆزبۆرن و تێنسی ویلیامز و ئارسەرەرمیلەر و فریدریش دورێمات، هاوشان گۆڤاری دیالۆگ ڕۆڵێکی گرنگی لە مێژووی شانۆ و درامای دوای جەنگی پۆڵەندا هەبوو. دیالۆگ لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٥٦ دەستی بە بڵاوکردنەوە کرد، بە پلەی یەکەم بەهۆی ئادەم تارن کە ماوەیەکی زۆرسەرنووسەری گۆڤارەکە بوو. مەبەستی تارن ئەوە بوو کە چۆنێتی نمایشەکان بەرزبکاتەوە و بینەری پۆڵەندا ئاشنا بکات بە بەرهەمهێنانی درامای هاوچەرخ، کاریگەری لەسەر شانۆنامەنووس و ڕەخنەگران هەبێت. گۆڤارەکە جگە لە دەقی ڕەخنەیی، لە هەر ژمارەیەکدا شانۆنامەیەکی پۆڵەندی و یەک شانۆنامەی بیانی بڵاوکردەوە. لە ژمارەی یەکەمدا وەرگێڕانی بەشێک لە شانۆنامەی لە چاوەڕوانی گۆدۆی بێکێت بڵاوکرایەوە(٦). ئادەم تارن شارەزایەکی باشی هەبوو لە ئەدەبیاتی فەرەنسی و شانۆی ئەبسورد، ئەوەش بووە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاری شانۆیی لە پۆڵەندا. بەهۆی ئەو باردو دۆخە داگیرکاریە ئەدەب، شانۆی ئەبسورد ڕەواجێکی زۆری دەبێت. هەندێک گروپ پەیدا دەبن کە بەرهەمەکانی شانۆنووسانی ئەبسورد بەرهەم دەهێنن. گۆڤاری دیالۆگ هەموو بەرهەمەکانی بێکێت و چەندین وتاری لەسەر شانۆی ئەبسوردی وەرگێرایە سەر زمانی پۆلۆنی و بڵاوی کردەوە، سەرەڕای دابڕانی پۆڵەندا لە جیهانی ڕۆژئاوا، بوونی بێکێت لە پۆڵەندا زیاتر لە بەرچاو بوو. جگە لە پۆڵەندا، شانۆنامەکانی ساموێل بێکێت بەگشتی تا ساڵی 1989 لە وڵاتی هەنگاریاو یوگسلاڤیا و لە هیچ وڵاتێکی بلۆکی ڕۆژهەڵات نمایش نەکرا.
لە سەردەمی یەکێتی سۆڤیەت و باڵادەستی کۆمۆنیستەکان ڕەخنەیەکی لە ڕادەبەدەر فەرمی، توند و بەربڵاو لەسەر لە ئەبسوردیەت و شانۆنامەکانی بێکێت هەبوو، دەوڵەت هەندێ ڕەخنەگرانی شانۆ و ئەدەبی سەربە خۆیان هەبوو، کە پێیان دەوت ڕەخنەگری فەرمی ئەم کەسانە تێستەکانی بێکت و تەوژمی نووسەرانی هاوچەریی ڕەخنە دەکرد. ئەوانیش وەک نیشانەی دابەزین و جیهانی سەرمایەداری ڕۆژئاوا لێکیان دەدایەوە.نەک هەر لە وڵاتانی بلۆکی ڕۆژهەڵات بەڵکو لە ناو کوردستان و دەوڵەتانی عەرەبییش بەهۆی ئەندامانی پارتە چەپ و کۆمۆنیستەکان هەڵگری ئەم خیتابە بوون، لە لای پارتە کۆمۆنیستەکان هێرشێک بوو بۆ سەر سەرمایەداری، نەک لێدانەوە فەلسەفیەکەی. لە پۆڵەندا نمایشی چاوەڕوانی گۆدۆ هەر لە مانگی یەکی ساڵی ١٩٥٧ لە شانۆی( تیاتر وسپۆلچێسنی ) نمایشکرا، تەنها ساڵێک دوای یەکەم نمایشی هەمان دەق لە لەندەن و دبلن و چوار ساڵ دوای یەکەم نمایشی پاریس. یەکەم نمایشی شانۆی چاوەڕوانی گۆدۆت لاپەڕەیەکی نوێی لە شانۆی دوای ستالینی پۆڵەندا کردەوە، هەروەها شانۆنامە گرنگەکانی دیکەی بێکێت زۆر بە زوویی دوای نمایشکردنی یەکەمی فەرەنسی یان ئینگلیزی لەسەر شانۆکانی پۆڵەندا نمایشکران وەک (کۆتایی گەمەکە لە ساڵی ١٩٥٧ و دوا شریتی کراپت لە ساڵی ١٩٥٩).
هەروەها گۆڤاری دیالۆگ، خوێنەرەکانی خۆی بە وەرگێرانی بەرهەمی نووسەرانی دیکەی شانۆی ئەبسورد ئاشنا کرد وەک ئارسەر ئادامۆڤ، یوجین ئیۆنێسکۆ، ماکس فریش و ئێدوارد ئەلبی ، کە ئەوانیش کاریگەرییەکی بەرچاویان لە ناسین و پێکهاتنی شانۆی ئەبسورد لە هەبوو، هەروەها دەقە شانۆیەکانی شانۆنامەنووسانی پێشەنگی پۆڵەندی، وەکو سلاڤۆمیر مرۆزێکبڵاو کرایەوە.
نمایشی شانۆیی ئەبسورد لە پۆڵەندا دەنگدانەوەیەکی بەهێزی هەبوو، لەنێو شتەکانی تردا گۆڕانکاری جوانیناسی لەناو خودی نمایشەکاندا درووست بوو، لەگەڵ دوورکەوتنەوە لە ڕیالیزمی دەروونی لە نواندندا.
شانۆی ئەبسورد لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا:

شانۆی ئەبسورد، شانۆی نوێ، شانۆی گاڵتەجاڕی، دژە شانۆ و شانۆی ئاڤانگارد(٧) ئەو زاراوانەن کە زۆرترین جار پەیوەستن دەقی نووسەرانی شانۆ، بەتایبەتی فەرەنسی، لە ساڵانی پەنجا و شەستەکاندا، وەک دەقە درامیەکانی ساموێل بێکێت، یوجین ئیۆنێسکۆ، ئارسەر ئادامۆڤ و ئەوانی دیکە. ئەم نووسەرانەش پەیوەندییان پێوە بە هەمان شێوە پەیوەندیان بە شانۆی، ئەبسورد و گرۆتێسک و شانۆی ئاڤانگاردەوە هەیە (وەک ژان تاردیۆ، جان جینێت، ڕۆبەرت پینگێت، بۆریس ڤیان، هارۆڵد پینتەر و هتد) ئەم ناوانە ئەڵقەیەکی یەکجار گرنگن لە مێژووی ئەدەبیاتی سەدەی بیستەمدا.
ئەم نووسەرانە شێوازی دامەزراوەکانی پێشتر بۆ داڕشتنی دەقی درامیان ڕەتکردەوە و کاریگەرییەکی یەکلاکەرەوەیان لەسەر پەرەسەندنی نووسینی درامادا لە نیوەی دووەمی سەدە ڕابووردودا هەبوو. ئەم نوسەرانە لە ساڵانی سەرەتای ژیانیاندا پێشوازییەکی باشیان لێ نەکرا، نە لەلایەن ڕەخنەگرانەوە و نە لەلایەن بینەرەوە، بەڵام ئەمە لە ناوەراستی سەدەی بیستەم بەدواوە واتە لە دوای ساڵەکانی ١٩٥٠ ندا گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەسەردا هات. دوای چەند ساڵێکی کە بەسەر کۆتایی جەنگی دووەمی جیهان تیشکیان خرایە سەر و خوێندنەوەیان بۆکرا. دوای بڵاوبوونەوەی ناوبانگی زیاتری ساموێل بێکێت و یوجین ئیۆنێسکۆ، چەندان نووسەری تر هەوڵیاندا کۆپی بێکت و ئێۆنیسکۆ بکەنەوە و جێگا پییان هەڵبگرن، بەرهەمی ئەوان و چەندان نووسەی شانۆی ئەبسورد لە لایەن ڕەخنەگران و توێژەرەوان لە ژێر چەند بڕگەیەکدا پۆڵین کران، کە جیاواز بێت لە نووسەرانی پێش خۆیان، بە تایبەتی تر لە کۆتاییەکانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو و سەرەتای سالانی شەستەکان ڕەخنەگرانی وڵاتانی جیاواز دەستیان کرد بە تێبینیکردنی لێکچوون لە کارەکانیاندا، پەیوەستکردنیان بە نەریتێکی دیاریکراو، نووسین لەسەرئەو شێوازە دەنگێکی جیاواز بوون، بە شێوەکی دیار تاکگەرایی لە بەرهەمەکانیاندا هەبوون، وەک بەشێک لە گروپێکی ئەدەبی دیاریکراو.
زاراوەی شانۆی ئەبسورد لەلایەن ڕەخنەگری ئینگلیزی بەناو بانگ مارتن ئێسلین لە سەرەتای شەستەکاندا داڕێژراو و ئاماژەی پێکرا، لە شوێنێکی ترد بە درێژی دێمەوە سەر کتێبە گرنگەکەی بە ناوی شانۆی ئەبسورد The Theatre of the Absurd . ئێسلین کۆمەڵێک شانۆنامەنووسی دوای جەنگ کۆدەکاتەوە و بەیەکەوە دەیانبەستێتەوە ناویان دەنێت ئەبسوردیزمیەکانی دوای جەنگ، هەرچەندە هەموویان یەک قوتابخانە یان بزووتنەوەیەکی ئەدەبی پێک ناهێنن و کارەکانیان تەواو لەیەکترجیاوازە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە هەریەکەیان ڕەگ و ڕیشە و ڕێبازی داهێنەرانەی خۆیان هەیە. هەریەکەیان دیدگای تایبەتی خۆیان بەرامبەر بە بیهودەیی ئەبسورد و تاکگەرایی هەیە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەندێک لێکچون لە کارەکانیاندا هەیە. مارتن ئێسلین ڕۆڵێکی سەرەکی لە ناسین و پێشوازیکردن لە بێکێت، ئیۆنێسکۆ و شانۆنامەنووسانی دیکە بینی، کە لە کتێبی شانۆی ئەبسوردا ئاماژەیان پێدەکات. تەنها ئیسلین نەبوو لە گەورەبوون و تیشکخستنە سەر ناوبانگیان، بەڵام ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە ناساندنی بێکێت و ئیۆنێسکۆ، ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لەو پرۆسەیەدا و پشکی شێری بەردەکەوێت.
ئێسلین هەندێک تایبەتمەندی هاوبەش لە بەرهەمی شانۆنامەنووسانی دوای جەنگدا دەناسێتەوە، هەرچەندە بە ڕوونی جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەوان گروپ و قوتابخانە نین، و ناوێکیان پێدەبەخشێت کە تا ئەمڕۆش بەردەوام بووە، سەرەڕای ڕەخنە و مشتومڕێکی زۆر، و کە زۆربەی کات پەیوەستە بەو شانۆنامەنووسانەی کە ئاماژەی پێدەکات.
مارتن ئێسلین، ئەم نووسەرانە بە نوێنەری شانۆی ئەبسورد دەزانێت وەك ( بێکێت، ئیۆنێسکۆ، کە هەندێک لە ڕەخنەگران دەیگەڕێننەوە بۆ شانۆنووسانی فەرەنسی، بەڵام دوای ئەوان هەندێک شانۆنووسانی تر پەیوەست بەم چەمکەوە دەکرێت وەک، ئادامۆڤ، جینێت، پینتەر، تاردیۆ، ڤیان، بوزاتی، دی پێدرۆل، ئاراباڵ، فریش، هیلدێشایمەر، گراس، ڕۆبەرت پینگێت، سیمپسۆن، ئەلبی، گێلبەر، کۆپیت، هاڤێل، ڕۆژێلیڤیچ و سلاڤۆمیر مرۆزێک ) (٨) ئەڵقەیەکی زۆر گرنگن لە مێژووی ئەدەبیاتی سەدەی بیستەم
لە دەقە درامیەکان و شانۆنامەنووسانی ئەبسورد چەندین لێکچوون هەیە: دەقەکانیان ڕەنگدانەوەی سەرقاڵی بنەڕەتی و کەشوهەوای ڕۆحی قۆناغی دوای جەنگە، جیهان وەک شوێنێکی تێنەگەیشتوو و نامۆ وێنا دەکەن، کات و شوێنی کردارەکە بە وردی پێناسە نەکراوە، کارەکتەرەکان زۆرجار کەسایەتییان نییە، لە بوکەڵە دەچن، زۆرجار تەنانەت ناوی خۆیان نییە، و بێهێواییان هەیە دیالۆگەکان کە لە دەستەواژەی و دەربڕینی یەک فۆرمی، دووبارە بوو و یەک شێوەییە. ئەو دەقانەی کە ئەو نووسەرانە نووسیویانەوە پێهەڵگرانیان بەردەوامن، پێیان دەوترێت antidramer دژە دراما، چونکە بنەما سەرەکییەکانی دراماتۆرگی ئەرستۆ ڕەتدەکەنەوە. ڕوداو و دیمەنەکان (پڵۆتەکە) لە سەرەتاوە تا لوتکە بۆ چارەسەرکردن گەشە ناکات، بەڵام لە ڕووی لۆژیکییەوە ڕووداوە بێ پاڵنەرە پڕ لە دژایەتییەکان ڕیزبەندی دەکرێن، یان بارودۆخی ئیستاتیکی دەخاتە ڕوو کە جەخت لەسەر بێمانایی بارودۆخی مرۆڤ دەکەنەوە.نووسەرانی شانۆی ئەبسورد لەیەکتر جیاوازن، مامەڵە لەگەڵ بابەت وتەوەری جیاوازدادەکەن ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانرێت هەندێک لێکچوون لە کارەکانیاندا بەدی بکرێت. ئەم نووسەرانە ڕۆڵێکی سەرەکییان لە پەرەپێدانی درامای مۆدێرن بیننوە، دەربڕینی شانۆییان نوێکردەوە و جەختیان لەسەر گرنگی زمانی شانۆیی کردووە، زەمینەیان بۆ شانۆنووسانی دوای خۆیان خۆشکردووە کە ئیلهامیان بەخشیون.
بێمانایی، بێهێوایی و گرۆتێسک لە ژمارەیەکی زۆر لە دەقە درامیەکانی سەدەی بیستەمدا دەردەکەون، کە زۆربەیان ئەو نەریتە ئەدەبییانە ڕەتدەکەنەوە کە تا ئەو کاتە باو بوون. بەڵام ناکرێت هەموویان بە نوێنەری شانۆی ئەبسورد هەژمار بکرێن. ڕەخنەگران بۆچوونی جیاوازیان دەربڕیوە پرسیاریان کردووە لە بەرامبەر ناوهێنانی ژمارەیەکی زۆر بە شانۆ نووسانی ئەبسورد لەلایەن ئێسلینەوە لەناو ئەم ژانرەدا. جین جینێت دیارترین نموونەیە، بەڵام ناوهێنای سیمپسۆن و ئەلبی و ستۆپارد(٩) لە شانۆی ئەبسورد جێگەی مشتومڕە.
جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوان شانۆنووسانی ڕێبازی ئەبسورد هەیە. زۆرێک لە نووسەرانی دوای جەنگ باس بابەتەکانی وەک دڵەڕاوکێ، لەدەستدانی ناسنامە و باوەڕ، دڕندەیی، ناعەقڵانییەتی جیهان، پەنا بۆ گرۆتێسک یان کۆمیک یاخود وتنی نیو ڕستە ، دەربڕینێک، قسەیەک (فراسێک) وەک ئامرازی دەربڕین و تەحەدای دراما تۆرگی و ڕێکەوتننامەکانی و نووسینی درامای نەریتی دەکەن.
بۆیە ئەو تایبەتمەندییەی کە پێشتر باسمان کرد لە بەشێکی زۆری درامای سەدەی بیستەمدا لە بەراوردکردنی ژمارەیەکی زۆری شانۆنامەنووسانی تایبەت لە ئەدەبیاتی نەتەوەیی جیاوازدا لەلایەن ئێسلینەوە پۆڵێن کردنیان بە نووسەرانی شانۆی ئەبسورد ڕەنگە ڕەوا نەبێت. بەرچاوترین بەرهەمەکانی شانۆی ئەبسورد لە فەرەنسا و ئەمریکا نووسراون. شانۆنامەنووسانی فەرەنسی و ئەمریکی هەمان تەکنیک بەکاردەهێنن، بەڵام پاڵنەر و جیهانبینییان جیاوازە. شانۆنامەنووسە ئەمریکییەکان، وەک ئەلبی یان کۆپیت، باوەڕیان بەوە نییە کە ژیان بەڕاستی بێمانایە، ئەم تایبەتمەندییە تەنیا بۆ کۆمەڵگا دەگەڕێننەوە، پێیان وایە دەتوانێت بگۆڕێت. دەقە درامیەکانیان زیاتر ئەخلاقی و ڕوونکردنەوە و گەشبینین، لە کاتێکدا شانۆنامەنووسانی فەرەنسی (٩) زیاتر خۆیان لە وێناکردنی بارودۆخی مرۆڤدا سنووردار دەکەن و گۆڕانکاری ڕیشەیی و ئەگەرەکانی گۆڕانکاری ڕیشەیی پێشنیاز ناکەن.
لە کۆتایی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا، لە وڵاتانی ئەوروپای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵات، ئەو دەقانەی نووسران و نمایش کران، کە ڕەخنەگران لە نێویاندا مارتن ئێسلین، لە شانۆی ئەبسوردا پۆلێنین کرد. ئەوەش وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا دوای مردنی ستالین بوو، کە بەشێوەیەکی زۆر کەم و ڕێژەیی ئازادی هەبوو لە پؤلەندا، دەرکەوتنی شانۆی ئەبسورد لە پۆڵۆنیا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٥٦، و کۆتایی هاتنی لە ساڵی ١٩٦٥ بە تایبەتی ئەو ساڵەی کە نمایشی شانۆیی تانگۆی مرۆژێک پێشكەش کرا.
دزەکردنی پێکردنی ئەبسوردیزم بۆ ناو دەقە ئەدەبییەکان لە سەردەمی باڵادەستی ڕیالیزمی سۆسیالیستیدا ڕێگری لێکرا، چونکە لەگەڵ ئایدۆلۆژیای باوی دەسەڵاتداردا نەدەگونجا. ڕەخنەگرانی نوێنەرایەتی ئایدۆلۆژیای فەرمی کە سەر بە دەسەڵات بوون، هێرشیان دەکردە سەر شانۆی ئەبسورد و ئیدانەیان دەکرد بە خراپ و ڕەشبین باسیان دەکرد،
ئەوان بە بەرهەمێکی وێرانکەری ڕۆژئاوای سەرمایەدارییان سەیر دەکرد، کە بانگەشە بۆ ئەوە دەکات کە وەڵامی پرسیارە سەرەکییەکانی بوونگەرایی بوونی نییە، ئەمەش لەگەڵ ئەو ئایدۆلۆژیای کۆمۆنیستیدا یەک نەدەهاتەوە کە بانگەشە بۆ گەشبینی دەکات و ئیدیعای ئەوە دەکات کە مرۆڤ توانای گۆڕینی هەموو شتێکی هەیە. ڕیالیزمی سۆسیالیستی بانگەشە بۆ گەڕاندنەوەی سیستەمێکی بەهاکان دەکات کە لە سەردەمی شەڕدا کە لە بنەڕەتدا تێکچووە، هەر بۆیە هەڵسەنگاندنە نەرێنییەکانی کارەکانی بێکێت و ئیۆنێسکۆ لەلایەن ڕەخنەگرانی مارکسیستەوە جێگەی تێگەیشتنە، بە بڕوای ئەوان درامای ئەبسوردی ڕۆژئاوا و بینەرانی وڵاتانی بلۆکی ڕۆژهەڵات هیچ خاڵێکی هاوبەشیان نییە.
سەرەڕای ئەوەش، ئەبسوردیەت و ئیرۆنیەت، گاڵتەجاڕی و گرۆتێسک لە تایبەتمەندیەکانی شانۆی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتن لە سەردەمی تۆتالیتاریزمدا، ئەدەب لە سەرووی هەموو شتێکەوە ڕەنگدانەوەی ئەو واقیعە بێمانا، ئبسورد و شێواوە بوو کە پەیوەندییەکی نزیکی بە ڕەخنەگرتنی سیستەمی سیاسیی هەبووە و هەیە، لێرەدا دەتوانین بڵێن شانۆ فەزایەکە بۆ بنکۆڵکردنی ئەو سیستەمە.
لە دەقە شانۆییەکانی نووسەرانی پۆلۆنیا، واقیعیێکی بێمانا لە دەقە ئەبسوردیەکاندا ڕەنگ دەداتەوە و گرۆتێسکیش وەک ئامرازێکی دەربڕین بەکاردەهێنن. زۆرجار لە لایەن هەندێک کەسەوە زاراوەی “ئەبسورد ” و ” گرۆتێسک” (١٠) بە شێوەیەکی هاوواتا بەکارهێنراوە، بەڵام نا، جیاوازیان هەیە و لەگەڵیشیدا پەیوەندییەکی زۆر نزیکیان لەگەڵ یەکدا هەیە، لە قۆناغی دوای جەنگدا تا وای لێهات هەندێک بە شانۆی ئەبسوردیان دەگوت شانۆی گرۆتێسک. لەڕاستیدا ئەبسورد بە پلەی یەکەم پەیوەندی بە ناوەڕۆکەوە هەیە و لە ئاستی ناوەرۆکدا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، لەکاتێکدا گرۆتێسکیش ئامرازێکە بۆ پێکهاتن، بە واتای ئامرازی شێوازو پێکهاتنەکەیە ـ ستایلێکە. ئەبسوردیسزم میتافیزیکییە نەک دیاردەیەکی جوانیناسی، هەر بۆیە ناتوانرێت بە دەربڕین و پێکهاتە و شێوازێک هەژمار بکرێت. گرۆتێسک و ئەبسورد، مەرج نییە پەیوەندییان بە یەکەوە هەبێت، هەروەها مەرج نییە ئەبسورد تەنیا فۆڕمی گرۆتێسک وەربگرێت. چونکێ نووسەرانی ئەبسورد جەخت لەسەر هەستی نامۆبوون و هەڕەشەی مرۆڤ لە جیهاندا دەکەن، هەر بۆیە بەشێکی گرنگی درامای مۆدرێن و هاوچەرخە.
دوای جەنگی جیهانی دووەم، زۆرێک لە نووسەران دەستیان کرد بە نووسین بە شێوازی نوێ بۆ دەربڕینی، لە بەشێکی گەورەی دەقە گرنگەکانی درامای مۆدێرن و هاوچەرخ لە ساڵەکانی ١٩٤٥ تا ١٩٦٥ گرۆتێسک بەکار دەهێنن. ئەبسورد و گرۆتێسک بەرهەمی هەمان ئاسۆی ڕۆحین و لە کاتێکدا سەرهەڵدەدەن و گەشە دەکەن کە سیستەم، نۆرم و بەها پەسەندکراوەکانی گشتی لە داڕماندایە.
شانۆی ئەبسورد لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات لە فۆرم و شێوازدا جیاوازە لە ئەوروپای ڕۆژئاوا، چونکێ لەم دوو ناوچەیەد هەست و ڕەگ و ڕیشەی بێمانای و ئەبسوردی لەیەکتر جیاوازە، لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات بێمانایی بەشێکی دانەبڕاوە لە ژیان، ڕۆژانە خەڵکەکەی بە بێمانای ئابوڵقە درابوون، لەگەڵ بێمانای و بێهیوایدا دەژیان. بۆیە شانۆنامە ئەبسوردیەکانی پۆڵەندی، چیکۆسلۆڤاکیا و دەوڵەتانی ئەوروپای خۆرهەڵات کە لە لایەن سۆڤیەتەوە یان نازیتەوە داگیرکردبوون لە هاوتا ڕۆژئاواییەکانیان واقیعبینترن. شانۆنامەنووسانی جیهانی ڕۆژئاوا پرسیار لەبارەی ژیان، مردن، جەوهەری بوونی مرۆڤ، تەنیایی، ئازار و نەبوونی پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان دەوروژێنن، شانۆنامەنووسانی ڕۆژهەڵات بە پلەی یەکەم ڕەخنە شێواندنی ستالینیانەی مارکسیزم دەگرێت، کە وێنەی تاکەکان پیشان دەدات کە لە سیستەمێکی کۆمەڵایەتی نالەباردا گیریان خواردووە. شانۆنامە ئەبسوردیەکانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات لە چوارچێوەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی جیاوازدا نووسراون و تەنیا پرسە میتافیزیکییەکان پاڵنەر نین. کۆنتێکست ــ پەیوەندی کۆمەڵایەتی چارەنووسی تاک دیاری دەکات، بە شێوەیەکی زیندووتر و واقیعیتر تیشک دەخرێتە سەری زیاترلە بەرهەمەکانی ساموێل بێکێت یان یوجین ئیۆنێسکۆ. لە هەردوو ئەوروپای ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، لەدەستدانی تاکایەتی و بچووکبوونەوەی مرۆڤ بۆ تەنها ئامێر یان بوکەڵەیەک کێشەیەکی ڕاستەقینەیە.
لە ڕۆژئاوادا دەرئەنجامی کۆمەڵگەی بەکاربەری سەرمایەداری و کولتوری جەماوەرییە، لە کاتێکدا لە ڕۆژهەڵات بە کاریگەری لاوەکی ڕژێمە تۆتالیتارییەکان بەسەربازکردن، یەکپۆشکردن و یەک ڕەنگی زۆرەملێی مرۆڤەکانە. بێ شک جیاوازییەکی بەرچاو لە پێشوازیكردن لە هەمان دەقە دراماتیکییەکان لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا دەبێت
بینەرانی بلۆکی ڕۆژهەڵات تەنانەت واتاو پەیای پەیامی سیاسییان لە شانۆنامەکانی ڕۆژئاوادا دەدۆزیەوە، ئەگەر هیچ پەیامێکی سیاسیانەشی نەبووبێت، لە کاتێکدا بینەرانی ئەوروپای ڕۆژئاوا بە ئامادەییەوە شانۆنامەکانی نووسەرانی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتیان قبوڵ دەکرد و ئاماژە سیاسییەکان پشتگوێ دەخست و پەیامی گشتگیریان سەبارەت بە بوونی مرۆڤ لە دەقەکاندا دۆزیەوە.

بەواتا:
لە ئەوروپای ڕۆژهەڵاتدا، پۆڵۆنیا وەک نموونە زۆرجار وەک ڕەخنەی سیاسی دەخوێندرانەوە
لە ئەوروپای ئەوروپای ڕۆژئاواشدا، زیاتر بە فەلسەفەی ژیان و مرۆڤ دەخوێندرانەوە
ئێسلین دەڵێت، شانۆنامەی چاوەڕوانی گۆدۆی ساموێل بێکێت وەک درامایەکی سیاسی لە پۆڵەندا خوێندرایەوە، هەروەها شانۆنامەی ئاهەنگی سلاڤۆمیر مرۆزێک لە ڕۆژئاوا بە تۆنێکی بوونگەراییدا خوێندرایەوە، ئیسلین ئاگادارمان دەکاتەوە لەوەی شانۆنامەکانی یۆجین ئیۆنێسکۆ کە بە شێوەیەکی ڕیشەیی هەر جۆرە پەیوەندیەک و وابەستەبوونێک بە سیاسەتێک و ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو ڕەتدەکاتەوە، بەڵام بۆتە مۆدێلێک بۆ شانۆی سیاسی لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات، هەرچەندە ئەم دەقانە بە ڕاشکاوی ڕەخنە لە سیاسەت ناگرن.
لە پاریس و نیویۆرک دەقەکانی بێکێت و ئیۆنێسکۆ بە هەمان شێوەی خۆیان دەخوێندرێنەوە بەڵام چۆن دەخوێندرێنەوە؟ ، لە کاتێکدا لە وارشۆ و بەرلینی ڕۆژهەڵات دەبنە نووسەری سیاسی. ئەو دەقە درامیە شانۆییانەی کە پێشتر ئاماژەمان پێدا، چەندین هەڵگری واتاو مانایان هەیە و کەوتوونەتە ژێر خوێندنەوە و لێکدانەوە جیاوازەکانەوە. لەپشت پرسیارەکانی سروشتی سیاسییەوە، پرسیاری گەردوونیی شاراوە سەبارەت بە سروشتی مرۆڤ هەیە، لێرەوە شانۆ ئەبسوردەکانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپای لەیەک ناچن و جیاوازن، بەڵام خاڵی هاوبەشیشیان هەیە.

درێژەی هەیە..

پەراوێزەکانی بەشی یەکەم:
(١) سلاڤۆمیر مرۆزێک، لە ٢٩ی حوزەیرانی ١٩٣٠ لە شاری بۆرزچین لە نزیک شاری کراکۆڤ لە پۆڵەندا لەدایک بووە، لە ١٥ی ئابی ٢٠١٣ لە شاری نیس لە فەرەنسا کۆچی دوایی کرد. نووسەر، تەلارساز، شانۆنامەنووس و کارتۆنیستێکی پۆڵەندی بووە. مرۆزێک بۆ یەکەمجار وەک کارتۆنیستێکی تەنزئامێز لە گۆڤارەکاندا لە گۆڤاری Dziennik Polski ناسرا. چەندین کورتە چیرۆک و شانۆنامەی تەنزئامێزی نووسیوە. وەک نووسەرێکی شانۆی ئەبسورد دادەنرێت. لە پۆڵەندا بە یەکێک لە گەورەترین شانۆنامەنووسانی سەدەی بیستەم دادەنرێت، لەگەڵ ویتۆڵد گۆمبرۆڤیچ و تادێوس ڕۆزێڤیچ.
مرۆزێک لە گەنجیدا کۆمۆنیستێکی سەرسەخت بوو. لەو گۆڤار ڕۆژنامەنەدا کری کردووە، کە پەیڕەوی هێڵ و فکری کۆمۆنیستی دادەڕشت. لە بیرەوەریەکانیدا لەبارەی قەناعەتی ئایدیۆلۆژی گەنجی خۆیەوە نووسیویەتی: “کاتێک تەمەنم بیست ساڵ بوو، ئامادەبووم هەر بەدیلێکی ئایدیۆلۆژی لە باوەش بگرم بەبێ ئەوەی زۆر لە نزیکەوە لێی بکۆڵمەوە، بە مەرجێک شۆڕشگێڕانە بێت، وردە وردە هەڵوێستی گۆڕا، نووسین بەرەو ئەو ئاڕاستەیەی برد کە بوو بە دژایەتیکەرێکی سەرسەختی ڕژێمی کۆمۆنستی. لە ساڵی ١٩٥٠ یەکەم کورتە چیرۆکی خۆی نووسی و لە ساڵی ١٩٥٣ یەکەم کۆمەڵە چیرۆکی بە ناوی فیل بڵاوکرایەوە. وەرگێڕدرا بۆ چەندین زمان لەوانە بۆ زمانی کوردی لە لایەن نووسەر خەبات عارفەوە وەرگێردراوە. یەکەم شانۆنامەی بە ناوی پۆلیس لە ساڵی ١٩٥٨ بڵاوکرایەوە و پێشکەشکرا.
سلاڤۆمیر مرۆزێک بە ئارەزووی خۆی پۆڵەندا بەجێدەهێڵێت. لە ساڵی ١٩٦٣ دەچێتە ئیتالیا و دواتر مەکسیک دواجار لە فەرەنسا دەژی. ئەمە بەو مانایە نییە کە لە ژیانی کولتووری پۆڵەندا ئامادە نییە. دەقەکانی لە گۆڤارەکانی پۆڵەندا بەردەوامن لە چاپکردن، شانۆنامەکانی بەردەوامن لە نمایشکردن، ئەمەش وایکردووە تاڕادەیەک ئاگاداربێت. مرۆزێک یەکێک نییە لە نووسەرانی کۆچبەری ئەوروپای ڕۆژهەڵات، وەک ڕووسەکان و چیکەکان بە تایبەتی، کە بە تەواوی ڕێگرییان لێکرا لە کارکردن لە وڵاتی زێدی خۆیان. مرۆزێک بەشێک نەبوو لە کۆمەڵگەی کۆچبەرانی پۆڵەندی و نووسەرێکی ناڕازی، بەڵکو تەنیا نووسەرێکی پۆڵەندی بوو کە لە دەرەوەی وڵات دەژیا. زیاتر لە سی ساڵ خۆبەخشانە لە دەرەوەی چوارچێوەی کولتووری نەتەوەیی خۆی ژیاوە. لە کاتی کۆچکردنیدا بە ئازادی سەفەری کردووە و سەردانی پۆڵەندای کردووە. نمایشکردنی دەقەکانی تەنها لە نێوان ساڵانی ١٩٦٨ بۆ ١٩٧٣ قەدەغەکرا، دوای ئەوەی مرۆزێک لە ڕۆژنامەی ڕۆژانەی فەرەنسی لۆمۆندیدا ئیدانەی داگیرکردنی چیکۆسلۆڤاکیا کرد. حەوەش بووە هۆی هەم سەفەری بۆ پۆلۆنیاو هەم بڵاوکردنەوەی نووسینەکانی سانسۆر کراو پیشوازی لێنەکرا، بەڵام لە ساڵانی نەوەدەکاندا مرۆزێک جارێکی دیکە بوو بە یەکێک لە کەسایەتییە ناوەندییەکانی ژیانی کولتووری پۆڵەندا.
(٢) مارتین ئێسلین (١٩١٨-٢٠٠٢) لە شاری بودابێست لەدایک بووە و لە نەمسا خوێندوویەتی. لە زانکۆی ڤیەنا فەلسەفە و ئینگلیزی خوێندووە ساڵی ١٩٣٨ نەمسای بەجێهێشت و لە ساڵی ١٩٤٠ وەک پەخشکەر و نووسەرو بەرهەم هێنەر لە بی بی سی BBC دەستی بە کارکردن کرد، لە ساڵی ١٩٦٣ بووە بەرپرسی درامای ڕادیۆیی لە بی بی سی، ئەو پۆستەی تا خانەنشین بوونی لە ساڵی ١٩٧٧ بەڕێوەی بردووە، پرۆفیسۆروانەبێژ بووە لە زانکۆی ستانفۆرد لە کالیفۆرنیا، لێکۆڵینەوەی لەسەر دراما/ شانۆ کردووە. یەکێکە لە کاریگەرترین ڕەخنەگر و شانۆناسەکانی جیهان، توێژەرێکی بەناوبانگ بوو بە داهێنانی زاراوەی شانۆی ئەبسورد و بە کتێبە بەناوبانگەکەی شانۆی ئەبسورد (The Theatre of the Absurd )
(٣) میرنا سندیچیچ سابلیۆ Mirna Sindičić Sabljo ئەکادیمیستێکی کرواتییە و لێکۆڵەرە لە ئەدەبیاتی فەرەنسی و دکتۆرای هەیە لە ئەدەبی بەراوردکاری مامۆستایە لە زانکۆی زەگریب، وەرگێر لە زمانی فەرنسی، چەندان کتێبی بەراوردکاری هەیە لە نێوان ئەدەبی فەرەنسی و ئەدەبیاتی ئەوروپای خۆرهەڵات.
(٤) ( ڕیالیزمی سۆسیالیستی و ژدانۆڤ ) ئەم دوو ڕیبازە لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات زۆر باو بوو. سۆسیال ڕیالیزم، بریتی بوو لە ڕێبازێکی ئەدەبی و هونەری کە لەسەردەمی یەکێتی سۆڤیەتی کۆمۆنستی بە فەرمی کرا، کە ئەم ڕێبازە ئامانجی ئەوە بوو کە هونەر و ئەدەب پشتیوانی لە ئایدیۆلۆژیای سۆسیالیستی بکەن و چینی کرێکار بە هێمای قارەمان پیشان بدرێت و کۆمەڵگا بە شێوەیەکی ئەرێنی و شۆڕشگێڕ پیشان بدرێت ڕەخنەی توند لە سیستەم قەدەغە بێت، بە مانایەکی تر، هونەر دەبووە ئامرازێک بۆ پرۆپاگەندا.
ــ ژدانۆڤ، لە ناوی ژدانۆڤی دۆکتڕینا هاتووە، کە لە ساڵی لە 1940 ـەکاندا دامەزرا، ژدانۆڤ سیاسەتمەدارێکی سۆڤیەتی بوو کە بەرپرسیار بوو لە سیاسەتی کەلتوری لە سەر دەمی ستالیندا، کە پێویستی دەکرد هەموو هونەر و ئەدەب پشتیوانی لە ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیستی بکات. ژدانۆڤ باوەڕی وابوو کە، هونەر تەنها دوو جۆرە، سۆسیالیستی یان دژ بە گەل، نووسەر و هونەرمەند دەبێت خزمەتی حیزب بکات، ئەدەبی بورژوازی یان فۆرمالیستی دەبێت قەدەغە بکرێت. ئەم دوو دەزگایە بووە هۆی سانسۆر و فشار لەسەر زۆر نووسەر و هونەرمەند لە پۆڵەندا و وڵاتانی دیکەی بلۆکی ڕۆژهەڵات
(٥) ــ ستانیسلاڤ ئیگناسی ویتکیڤیچ، ١٨٨٥ ــ ١٩٣٩ شانۆنووس، ڕۆماننووس و وێنەکێش بوو. پێشەنگی شانۆی ئەبسورد و ڕووناکبیر لە پۆڵەند. لە شانۆکانیدا دۆخە سەیر و فەلسەفییەکان بەکار دەهێنێت. ڕەخنەی لە کۆمەڵگای مۆدێرن و لەناوچوونی تاکایەتی دەکرد.
ــ ویتۆڵد گۆمبرۆڤیچ، ١٩٠٤ ــ ١٩٦٩یەکێک لە گرنگترین نووسەرانی پۆڵەند لە سەدەی بیستەمەو بە شێوەیەکی ئیرۆنی تەوس، گاڵتەجاڕانە و فەلسەفی دەنووسێت. زۆرجار دژی فۆرمی فەرمی و سیستەمی کۆمەڵایەتی بوو.
ــ برۆنۆ شوڵتز ١٨٩٢ ــ ١٩٤٢ نووسەر و وێنەکێشی یهودی-پۆڵەندی، نووسینی شاعیرانە و خەیاڵی هەبوو، جیهانێکی خەیاڵی و مێتافۆری زۆر لە وێنەکانی و لە نووسینەکانیدا هەبوو. لە کاتی داگیرکردنی نازی لە پۆڵەند کوژرا.
ئەم سێ کەسە هەموویان لە ڕێگەی شێوە و نوێکاری هونەرییەوە ڕەخنەیان لە کۆمەڵگا و سیاسەت دەکرد، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بنەمای ئەدەبی ئەبسورد لە پۆڵەند دامەزراند، کاریگەرییان لە نووسەرانی دواتر هەبوو وەک مرۆژێک.
(٦) شانۆنامەی چاوەڕوانی گۆدۆ نووسینی نوسەری ئێرلەندی ساموێل بێکێت ـە بە یەکێک لە گرنگترین بەرهەمەکانی بێکت و شانۆی ئەبسورد دادەنرێت، ئەم دەقە باسی دوو پیاودا دەکات بە ناوەکانی (ڤلادیمێر وئیستراگۆن)، کە لە ژێر دارێکدا دانیشتوون و چاوەڕێی کەسێک دەکەن بەناوی گۆدۆ، کێشەکە لەوەدایە کە گۆدۆ هەرگیز نایەت، ناشزانن کە گۆدۆ کێێە؟ پاشان منداڵێک دێت دەڵێت گۆدۆ نایەت ئەمرۆ، ، ڕۆژ و مانگ و ساڵ تێدەپەڕێت، ئەوان ئەوان هەر لە چاوەڕوانیدا دەمێێنەوە. ڕێگەی چاوەڕوانییەکەیانەوە، بێکێت پرسیارەکان سەبارەت بە مانای ژیان، هیوا و بوونی مرۆڤ دەکۆڵێتەوە. بەڵام دەسەڵاتدارانی لە ڕێگەی دەزگای ژدانۆڤ ئەو دیدەیان بڵاو کردەوە کە بنواڕن، ئەدەبی ئەبسورد و سەرمایەداری چەند بێکەڵکە، پێیان دەوت ئەدەبی بۆرجوازی، ئەم جۆرە ئەدەبە موراڵی خەڵک تێکدەدات، بێگوومان دەسەڵاتی کۆمۆنیستی ڕەخنەگر و نووسەرانی خۆیان خستەگەر بۆ هێرش کردنە سەر ئەم ئەوژمی نووسینە.
(٧) زاراوەی شانۆی ئاڤانگارد بۆ یەکەم جار لەلایەن لیۆنار سی Pronko Leonard C بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن ڕەخنەی ئەدەبی فەرەنسییەوە لە ساڵی ١٩٦٢لە کتێبی Avant-Garde: The Experimental Theater in France بەکاردەهێنرێت: ئەو چەمکەی “avant-garde” بە واتای پێشڕەوی و نوێخواز لە هونەر، بە تایبەتی لە شانۆدا بەکارهێنرا بۆ کارانەی کە شێوازی کلاسیکی شانۆیان تێک شکاند و ڕێبازێکی نوێیان درووست کرد
(٨) ئەم ناوانە هەموویان نووسەر و هونەرمەندانی ناسراوی سەدەی ٢٠ ـن، زۆربەیان پەیوەندیان بە شانۆ و ئەدەبی ئەبسوردیزم (Absurdism) هەیە:
ــ ژان تاریدۆ (١٩٠٣ ـ ١٩٩٥ ) ، هونەرمەند، مۆسیک ژەن، شاعیر و نووسەری فەرەنسی بوو. بە شانۆ و دەقە کورتەکانی ناسراوە کە زمان و واتا بە شێوەیەکی پووچگەرایانە لێک دەداتەوە. تایبەتمەندییەکانی نووسینی ، یاری کردن بە زمان و وشەکان، درووستکردنی دۆخی سەیر و بە شێوەیەکی کۆمیدی، گەڕان بە دوای مانای قووڵ لە ناو گفتوگۆی ڕۆژانەدا، کارکردن لەسەر شێوازی دەنگ و موزیک لە دەقدا.
ــ جان جینێت، نووسەر و شانۆنووسی فەرەنسی بوو، باس لە بابەتەکانی وەک تاوان، ناسنامە و دەسەڵات دەکات. ژیانی سەخت و پڕ لە کێشەی هەبوو (لە منداڵیدا بەخێوکرابوو و ماوەیەک لە زیندان بوو)، ئەم ئەزموونانە کاریگەریی زۆریان لەسەر نووسینەکانی هەبوو. تایبەتمەندییەکانی نووسین، باسکردنی بابەتەکانی تاوان، زیندان، ناسنامە و دەسەڵات، بەکارهێنانی زمانێکی شیعری و هێماکار.
ــ ڕۆبەرت پینگێت، نووسەر و شانۆنووسی فەرەنسی/سوێسری بوو. کارەکانی پەیوەندیان بە ئەدەبی ئەبسوردی و ڕێبازە نوێیەکانی ڕۆماننووسین هەبوو. گرنگی بە زمان، بیرکردنەوە و شێوازی گێڕانەوە دا. تایبەتمەندییەکانی نووسینی گێڕانەوەی ناڕاستەوخۆ و هەست بە نادڵنیایی کارکردن لەسەر بابەتەکانی بیرکردنەوە، بێ‌واتایی و تەنیایی.
ــ بۆریس ڤیان، نووسەر، شاعیر و میوزیسیانی فەرەنسی بوو. بە شێوازی سەیری و ڕەخنەگرایانەی خۆی ناسراوە. یەکێک بوو لە نووسەرانی ناسراوی ئەدەبی نوێی فەرەنسی دوای جەنگی دووەمی جیهانی، کارەکانی تێکەڵێکن لە سەیری، خەیاڵی، ڕەخنەی کۆمەڵایەتی و شێوازی پووچگەرایی.
ــ هارۆڵد پینتەر، شانۆنووسی بەریتانی بوو. یەکێکە لە گرنگترین نووسەرانی شانۆی ئەبسورد، و خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات (2005). تایبەتمەندیەکەی بەکارهێنانی خامۆشی و بێدەنگی لە گفتوگۆ و دیالۆگدا، درووستکردنی هەستێکی ترس و ناڕوونی. کتێبێکی بچووک لەسەر ئەم نووسەرە بە زمانی کوردی هەیە
(٩) سیمپسۆن، شانۆنووسێکی بەریتانی بوو کە بە کۆمیدیی پووچگەرایانە و دیالۆگی بێ‌مانا ناسراوە، تایبەتمەندیەکەی، یاری کردن بە زمان، خوڵقاندنی دۆخی بێلۆژیکی شێوازێکی وهێمن و ساردی کۆمیدی، ڕەخنە لە ژیانی ڕۆژانە و سیستەمی کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی پووچگەرایان دەگرێت، سیمپسۆن بە یەکێک لە دەنگە سەربەخۆکانی شانۆی ئەبسوردی لە بەریتانیا دادەنرێت.
ــ ئێدوارد ئەلبی، شانۆنووسێکی ئەمریکی بوو کە یەکێکە لە گرنگترین نووسەرانی شانۆی ئەمریکا لە سەدەی 20. بەکارهێنانی دیالۆگی توند و ڕاستەوخۆ، شیکردنەوەی پەیوەندیی، لە بارەی خێزان.، تەنیایی، ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستی. ئەلبی سێ جار خەڵاتی Pulitzerی بۆ شانۆ وەرگرتووە.
ـــ ستۆپارد، شانۆنووسێکی بەریتانی لە چیک لە دایکبووە، کە بە شانۆی فکری وبەکارهێنانی و تێکەڵکردنی فەلسەفە، زانست و کۆمیدیی زیرەکانە لەگەڵ دیالۆگی خێرا لە بابەتی ناسنامە دەناسرا، زمانی نووسین و گەمە کردن بە وشە شێوازێکی تایبەتی ئەو بوو
(٩) پێیان دەوترێت “فەرەنسی” چونکە شانۆنامەکانیان بە زمانی فەرەنسی دەنووسن. بەمەرجێ ساموێل بێکێت ئێرلەندییە، یوجین ئیۆنێسکۆ ڕۆمانییە، فێرناندۆ ئاراباڵ ئیسپانییە و ئارسەر ئادامۆڤ ڕووسی-ئەرمەنییە.
(١٠) گرۆتێسک (Grotesque) واتە شێوازێکی هونەری یان ئەدەبی کە تێیدا شتان بە شێوەیەکی سەیر، دژوار، ترسناک یان خەندەهێنەر پیشان دەدرێن بە جۆرێک کە تێکەڵەی جوانی و ناشیرینی، ڕاستی و خەیاڵ، یان ترس و گاڵتەکردبن. تێکەڵکردنی شتانێکی دژبەیەک وەک خەندە و ترس.
جێفری هارفام Geoffrey Harpham لە باسکردنی گروتێسک ڕوونکردنەوەیەکی گرنگ دەدات. بە پێی ئەو، گروتێسک شێوەیەکە لەو کاتەدا دروست دەبێت کاتێک دوو شتی ناتەواو یان نەگونجاو بە یەکەوە کۆدەبنەوە و هەستێکی سەیر، ناڕەحەتی یان تێکچوونی ئاسایی دروست دەکەن.
لە پێناسەکەی ئەودا، گروتێسک ئەوە نییە تەنها شتێکی خەندەهێنەر یان ترسناک بێت، بەڵکو ئەو کاتەیە کە سنووری نێوان شتەکان تێکدەچێت (وەک مرۆڤ و ئاژەڵ، جوانی و ناشیرینی، ڕاستی و خەیاڵ)، بینەر یان خوێنەر هەست بە سەرسوڕمان و ناڕوونی دەکات. هەر بۆیە لە ئەدەبی مۆدێرن و درامای ئەبسوردا گروتێسک بەکاردێت بۆ پیشاندانی دۆخی نامۆیی و تێکچوونی بەها و نۆرمەکان.
گرۆتێسک دەتوانێت بابەتێکی مێتافۆری بێت بۆ سەرلێشێواوی، ئاژاوە، شێتی، لەدەستدانی دیدگا، داڕمانی کۆمەڵایەتی، هەڵوەشانەوە، یان دڵەڕاوکێ بەکاربهێنرێت. پێشمەرجی بنەڕەتی گرۆتێسک ئەوەیە کە یاساکانی سیستەمەکە تێکچووە؛ هەر لەبەر ئەم هۆکارە کاریگەرییەکەی لە قۆناغی هەڵچوون یان قەیرانەکاندا لە بەهێزترین ئاستیدایە، کاتێک بیروباوەڕە کۆنەکانی سیستەمی کۆن مەترسییان لەسەرە یان دەڕووخێن.
ـــ نووسەر حەمەسەعید حەسەن لە نووسینێکدا بە نێوی کۆمیدیای ڕەش بەم جۆرە پێنسەی گرۆتێسک دەکات ” گرۆتێسک که‌ یه‌کێکه‌ له‌و ته‌کنیکانه‌ی له‌ کۆمێدیای ڕه‌شدا وه‌گه‌ڕ ده‌خرێت، لادانێکه‌ له‌ نه‌ریتی زاڵ و گه‌ڕانه‌ به‌ دوای شێوازی نوێی ده‌ربڕیندا. گرۆتێسک (که‌ چه‌ندان مانا ده‌به‌خشێت، له‌وانه‌: سه‌یر، ناشیرین، نه‌گونجاو، ناخۆش و قێزه‌ون،) شێوه‌ده‌ربڕینێکی هێنده‌ سه‌رسووڕهێنه‌‌، وه‌رگر دووچاری حه‌په‌سان ده‌کات. گرۆتێسکه‌ری گه‌ڕانه‌ به‌ دوای جوانیدا، به‌ڵام له‌ جێیه‌کدا که‌ ناشیرینی زاڵه‌، یان لێڵکردنی ئاوه‌ ڕوونه‌کانه‌،‌ له‌ پێناوی مه‌به‌ستێکی گه‌شدا. له‌ گرۆتێسکه‌ریدا هه‌م دژبه‌یه‌کی هه‌یه‌ و هه‌میش بابه‌ته‌که‌ لێکدانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ هه‌ڵده‌گرێت. له‌ به‌رهه‌می برێخت، کافکا، جۆناتان سویفت، ئه‌دگار ئالان پۆ و یۆنسکۆدا که‌م و زۆر ڕووبه‌ڕووی گرۆتێسک ده‌بینه‌وه‌. له‌ (جانه‌وه‌ره‌کانی دۆکتۆر فرانکنشتاین) و (زه‌نگلێده‌ره‌که‌ی نۆتردام) و (جوانی و جانه‌وه‌ر) دا، ته‌کنیکی ماسکی گرۆتێسک به‌کار هێنراوه‌.

Previous
Next