چیرۆک\ فەنابوون.. کوردستان مید
چاوەکانم بەهێواشی کردەوە .. ئەی خوایە گیان! دواکەوتووم بۆ قوتابخانە! بەپەلە هەستام و جلە تازەکانم دەرهێنا و لەبەرم کرد، ڕۆشتمە ژووری برابچووکەکەم جانتاکەم هەڵبگرم، سوپاس بۆ خوا ڕەنگی جانتاکە گۆڕاوە لەکۆتایدا دایکم جانتایەکی نوێی بۆ کڕیووم.
جانتاکەم کردە شانم و بە ڕاکردن بەڕێ کەوتم بۆ خوێندنگا .
دەرگای خوێندنگاکە کراوەتەوە و مناڵەکانیش لەوێن، بەخێرایی ڕۆشتمە حەوشەی خوێندنگاکە ..ئایا ئەوان سەیری من دەکەن ؟ بەڵام بۆچی سەیرم دەکەن ؟ هەندێکیان بەگوێی یەکتر دەچرپێنن و پێدەکەنن ، لەوانەیە پێیان وابێت جانتا نوێیەکەم کەمێک بچووکە بەڵام من بەدڵم بوو، ئاسودەبووم لەگەڵی، وێنەی سەیارەیەکی ناوازەی لەسەربوو.
یەکێک لە مناڵەکان هاواری کرد:
— سەیری ئەو پیاوە پیرەبکەن وەک منداڵ ڕەفتار دەکات!
مناڵەکان تێکڕا دایانە قاقای پێکەنین.
ئاوڕم دایەوە لەگەڵیان ، ئۆی خوایە! وادیارە مەبەستیان ئەو کابرایە بوو کە کڵاوێکی سەیری لەسەر بوو و لای دەرگاکە بە توڕەییەوە سەیری منداڵەکانی دەکرد…
بەهەنگاوی خێرا هاتە تەنیشتم و لە مناڵەکان نزیک بۆوەو هاواری کرد:
— بگەڕێنەوە بۆ ناو پۆلەکانتان هەرئێستا ..
منداڵەکان بەپەلە بڵاوەیان لێکرد، ویستم منیش بڕۆم بەڵام پیاوەکە دەستەکانی کردە سەر شانم و وتی:
— تۆ بۆچی جانتای منداڵانت لە شان کردووە ؟
پیاوێکی پیری باڵابەرز لەبەردەمم ڕاوەستاوە و دەستەکانی لەسەر شانمە. نازانم کێیە و چی دەوێت؟ ڕوخساری پیاوەکە لەبەرچاومدا لێڵ بوو ، هەموو ئەو وشانەی کە ئێستا وتی وەک نوسینێکی سەر لمی بەر باران سڕانەوە لە مێشکمدا، ئێستا تەنها هەستم دەکرد شتێک شانەکانمی قورس کردووە . دەستێکم برد بۆ پشتەوە…
ئۆهۆوو خۆ ئەوە جزدانەکەمە! چۆن وا زوو بیرم چوو کە ژنەکەم بۆ کڕینی میوە ناردومی؟ بۆچی لەناو ئەم بینایەدا ڕاوەستاوم؟
بەپەلە ئەو بینا گەورەیەم جێهێشت کە نەمدەزانی بۆچی تێیدا ڕاوەستاوم…
بەرەو دوکانی میوەفرۆشەکە ڕۆشتم. کاتێک گەیشتم، دەستم کردە ناو جزدانە گەورەکەم کە لە شانم کردبوو..گەنجێک لە پشت مێزەکەوە وەستابوو، چاوەکانی زەق ببووەوە و لێی دەڕوانیم، وەک ئەوەی سەیری بوونەوەرێکی نامۆ بکات. زەردەخەنەیەکی میهرەبانانەم بۆ کرد، پارەیەکی کاغەزیم لە ناو جزدانەکەم دەرهێنا و دامە دەستی. بە دەنگێکی هێمن وتم:
— کوڕی گەنج، خێرا دوو کیلۆ سێوی سوورم بۆ بکێشە. هاوسەرەکەم چاوەڕێیە، نابێت دوابکەوم.
گەنجەکە سەیری پارەکەی ناو دەستمی کرد و پاشان سەیری ڕوخسارمی کرد، ڕوخساری گرژ کرد و وتی:
— چییە کابرا خەڵەفاویت؟ یان پێمان ڕادەبوێریت ؟ ئەوە پارچە کاغەزە کوا پارە؟
بۆ ساتێک تێڕامابووم لە ڕوخساری کوڕە گەنجەکە پاشان سەیری دەستەکانم کرد .. ئەی خوایە گیان بەهەڵە جانتای کوڕەکەم هێناوە و کاغەزەکە لەبەرچاوم بووە بە پارە! وادیارە ئەمشەو زۆر خراپ خەوتوم بەهەنگاوی خێرا دووکانی میوەفرۆشەکەم جێهێشت و بەرەو ماڵەوە بەڕێکەوتم…
لە سووچی شەقامەکەدا پیاوێک لەسەر کورسییەکی دار دانیشتبوو. جلێکی سپیی درێژی پۆشیبوو . پارچە دارێکی گەورەی گرتبوو کە چەند تەلێکی باریکی پێوە بوو، کاتێک پەنجەکانی دەهێنا بە تەلەکاندا، دەنگێکی لێ دەهات.. ئەم دەنگە چەند ئاشنایە بە گوێیەکانم!
پیاوەکە بە دەنگێکی گڕ و خەمناکەوە دەستی پێ کرد:
— “أيَا جَارَتَا، هَلْ تَشعُرِينَ بِحَالي؟”
بێ ئەوەی بیر بکەمەوە، قاچەکانم لە جێی خۆیاندا سست بوون. وەک ئەوەی کلیلێک قفڵێکی کۆنی مێشکمی کردبێتەوە، دەمم کرایەوە و پێش ئەوەی پیاوەکە دێڕی دووەم بڵێت، من بە دەنگێکی لەرزۆک بەڵام پاراو، لەگەڵیا چڕیم:
— “مَعاذَ الهَوَى! ما ذُقتِ طارِقةَ النّوَى.. وَلا خَطرتْ مِنكِ الهُمُومُ ببالي!”
پیاوەکە کەمێک سەیری کردم…خەڵکەکەی کە لەوێ وەستابوون، بێدەنگ بوون. منیش نوقمی ئاوازەکە بووم و چاوەکانم داخست و تەنها ئەو وشانەم دەگوت کە وەک لافاو لە قوڕگمەوە دەهاتنە دەرێ:
— أيَا جارتَا، ما أنْصَفَ الدّهْرُ بَينَنا! تَعَالَيْ أُقَاسِمْكِ الهُمُومَ، تَعَالِي!
تَعَالَيْ تَرَيْ رُوحاً لَدَيّ ضَعِيفَةً، تَرَدّدُ في جِسْمٍ يُعَذّبُ بَالي
أيَضْحَكُ مأسُورٌ، وَتَبكي طَلِيقَةٌ، وَيَسْكُتُ مَحزُونٌ، وَيَندبُ سالِ؟
لَقد كنتُ أوْلى مِنكِ بالدّمعِ مُقلَةً، وَلَكِنّ دَمْعي في الحَوَادِثِ غَالِ
دەنگی چەپڵەیەکی زۆر هات. چاوەکانم کردەوە؛ چەندین گەنج و پیاو و مناڵ لێم کۆببوونەوە… گەنجێک وتی:
— بەخوا مامۆستا دەمت خۆش بێت، عەرەبییەکەت زۆر پاراوە!
لێدانی دڵم خێرا بوو و هەستم کرد هەناسەم لە ناو قوڕگمدا گیری خواردووە… ئەو خەڵکە بۆچی چواردەوریان لێگرتووم؟ بۆچی چەپڵە و فیکە لێدەدەن و پێم پێدەدەنن؟ قاچەکانم هێزیان تیا نەبوو.. سەرم شۆڕ کرد و بە هەنگاوی خێرا بەناو خەڵکەکەدا ڕامکرد …
گەرمای خۆرەکە جەستەمی نوقمی ئارەقە کردبوو، لەتەنیشت مزگەوتەکە ڕاوەستام، خۆ ئەوە مزگەوتەکەیە کە دایکم وتی چاوەڕێم بکە ئێستا دەگەڕێمەوە، ئەی بۆچی نایاتە دەرەوە ؟
ژنەکان پۆل پۆل دەهاتنە دەرەوە بەڵام دایکمی تیا نەبوو ..
سەرم داخست بوو لە ژێرەوە بە هێواشی چاوەکانم کەمێک بەرز دەکردەوە و لەناو ژنەکان چاوم بۆ دایکم دەگێڕا ..چاوەڕوانی هەراسانی کردبووم..دەی با بڕۆمە ژوورەوە خۆ پێشتریش چەندجار لەگەڵ دایکم چووم و کەس لۆمەی نەکردووم!
قاچەکانم دەلەرزین .. بەڵام چەن کوڕێکی بچووکم بینی هاتنە دەرەوە، وادیاربوو هاوتەمەنی منن، بۆیە بە هەنگاوی هێواش و قورسەوە چوومە ژوورەوە، باشە بۆچی بۆچی دایکم دیار نیە؟
لەپڕ گوێیەکانم زرینگایەوە بە زریکەیەکی تیژ.. یەکێک لە ژنەکان هاواری کرد :
— کابرا شەرم ناکەیت هاتوویتە بەشی ژنان؟ خێرا لێرە بڕۆ دەرەوە .
جەستەم دەلەرزی، قوڕگم وشک بووبوو توانای قسەکردنم نەبوو، هەستم دەکرد زەوی لەژێر پێیەکانم دەخولێتەوە ، ئافرەتەکان لێم کۆبووبوونەوە و دەستیان بۆ ڕادەکێشام، بە خێرایی هەنگاوم نا بەرەو دەرەوە و لە مزگەوتەکە دوورکەوتمەوە …
ئێستا گەیشتمە ماڵەوە .. باشە خۆ تا ئەم بەیانیەش بیناکەمان ڕەنگی زەردبوو …ئەی کێ ئەم بۆیە سەوزەی لێداوە؟
باشە بۆچی گەڕەکەکەمان وا گۆڕاوە لەپڕ؟ تۆبڵێی کۆبوونەوەیان کردبێت و بڕیاری گۆڕانکاریەکی بەپەلەیان دابێت ؟ یانیش شارەوانی هەڕەشەی ڕوخاندنی خانووەکانی لێ کردوون ئەگەر شێوازیان نەگۆڕن ؟
خۆر نزیکی ئاوابوون بوو ، هەوڵم دەدا لەسێبەرەکان دووربکەومەوە، لەوکاتەدا کوڕێکی کەمێک بەتەمەن لە دوورەوە لێی دەڕوانیم و بەخێرایی بەرەو ڕووم ڕایکرد، خوایە ئەم پیاوە بۆچی ڕادەکات بۆلام ؟ ئەیەوێت جزدانەکەم بدزێت؟ دەستم بە توندی بە جزدانەکەمەوە گیرکرد و هێزم خستە سەر قاچەکانم بۆ ڕاکردن، بەخێرایی ڕامەدەکرد…ئاوڕم دایەوە پیاوەکە هەر بە دوامەوەبوو، وازی نەدەهێنا نزیک دەبۆوە لێم ، دڵم خەریک بوو لە لێدان بوەستێت ، هەناسەم بۆ نەدەدرا ، پیاوەکە گەیشتەوە پێم و دەستەکانی کردە سەر شانم ،بە هەناسەبڕکێوە وتی:
— بۆ ڕادەکەیت بۆ خاتری خوا ! مردم بەدەستتەوە بۆچی دیسان هاتوویت بۆ لای خانووە کۆنەکەمان و ماڵەوەت جێهێشتووە؟ وەرە با بگەڕێینەوە خێرا ..
پاشان سەیری جزدانەکەمی کرد و دەستەکانی بەهێزەوە کێشا بەسەری خۆیدا و وتی:
— ئەی هاوار تۆ دیسان جانتاکەی لاوێنت بردووە ؟ بەم ڕەفتارانەت ئێمەت کردووە بە گاڵتەجاڕی خەڵک.
هەر دەمزانی بۆ دزینی جزدانەکەم بە دوامەوەیە، لەناو گەڕەکەکەدا هاوارم کرد:
— یارمەتیم بدەن .. یارمەتییی ..وازم لێبێنە دزی خوێڕی چیت دەوێت لێم ؟ پارەکانمت دەوێ ؟
هەمو شتێک لەبەرچاومدا وەک تەمێکی چڕ لێڵ بوو، پیاوێکی گەورە لەبەردەمم ڕاوەستابوو، ڕوخساری کەمێک ئاشنادیاربوو لام، خەڵکێکی زۆر چواردەوریان دابووین… خوایە گیان من بۆچی لێرەم ؟ ئەمانە کێن ؟ بۆچی لێم کۆبوونەتەوە؟ چیان دەوێت ؟ لەپڕ پیاوەکە دەستی گرتم و وتی :
— باوکە گیان با بگەڕێینەوە بۆ ماڵەوە کات درەنگی کردووە ..
لەلای بینایەکی بەرز و ڕازاوە ڕاوستابووم .. پیاوێکی گەورە قۆڵەکانی گرتبووم …لەپڕ دەرگای بیناکە کرایەوە و ژنێکی گەنج هاتە دەرەوە و بەدەنگێکی بەرز قیژاندی:
— دیسان هێناتەوە بۆسەر کۆڵم! سەدجار پێم وتی من ئارامم نەماوە بەدەستیەوە .. ئیتر یان ئەو لەم ماڵەدا دەبێت یان من.
جەستەم لەگەڵ قیژەی ئافرەتەکە لەرزی.. دڵم بە خێرایی لێی دەدا، نەم دەزانی بۆچی ئەو ئافرەتە گەنجە ڕوخساری ئەوەنە گرژو توڕەیە؟ بۆچی هاوار بەسەر مندا دەکات! خۆمن یەکەمجارمە چاوم پێی بکەوێت! ئەو پیاوە گەورەیە منی بردە ناو بیناکە و لەناو ژوورێکی ڕازاوەدا داینام و لێی پرسیم:
— باوکە برسیتە؟
ئاوڕم بۆ چواردەورم دایەوە ئەم کوڕە کێیە؟ کوا باوکی لەم ژوورەدا نیە! بۆچی بەو شێوەیە سەیرم دەکات؟
سەری لەقاند و دەستی خستە سەر شانم و پێی وتم:
— ئێستا شفتەیەکی خۆشت بۆ دەهێنم دەست و پەنجەی پێوە بخۆیت.
پاش ئەوەی پیاوەکە ڕۆشتە دەرەوە لە ناو وێنەکانی سەر دیوارەکان ڕامام … سەیرم دەکرد وێنەی زۆری پێدا هەڵواسراوە .. وێنەی منداڵ و گوڵ و چیا و ئاسک و وێنەی بڕوانامە، وێنەی ڕێزلێنانێکی لەسەر هەڵواسرابوو، وادیار بوو هی کەسێکە ناوی ئاسۆیە و مامۆستای هونەرە ..
لەپڕ دەنگی کرانەوەی دەرگاکە هات، منداڵێکی بچووکی دە ساڵان هاتە ژوورەوە و قاپێک خواردنی بەدەستەوە بوو بۆنێکی زۆر خۆشی لێ دەهات .. قاپەکەی لەبەردەمم دانا و بەهێمنی وتی :
— ناخۆیت؟
زەردەخەنەیەم بۆ کرد و دەستم کرد بەخواردنی .. ئەی خوایە ئەم خواردنە بەتامە تامەکەی نامۆ نییە لەناو دەممدا.. سەرم بەرز کردەوە و کەمێک سەیری منداڵەکەم کرد کە بە دیارمەوە ڕامابوو ویستم بپرسم بەڵام .. یەکسەر وتی :
— دەزانم دیسانەوە دەتەوێ چی بپرسی باپیرە … تۆ ناوت ئاسۆیە و ئێرە ماڵی تۆیە و منیش کوڕەزای تۆم، باشە ؟ دەزانم دەتەوێ بڵێی بۆ هیچم بیر نەماوە .. چونکە ئەو ڕۆژەی بارانە زۆرەکە باری لە خوێندنگاکە تۆ خەریک بوویت بە ماسیحەیەک ئاوەکە ڕا بماڵیت لەوکاتەدا کەوتیت و سەرت بە خراپی بەر زەویەکە کەوت …
پاشان هاتە لای گوێم و بە چرپەوە وتی :
—هیچی تر لە ماڵەوە بێ پرس مەڕۆره دەرەوە، دایکم زۆر توڕەیە و لەگەڵ باوکم کردوویەتی بەشەڕ، دەوێت بتنێرێت بۆ خەڵوەتگەی پیری..
