Skip to Content

دایکم\ ٨.. رەسووڵ بەختیار

دایکم\ ٨.. رەسووڵ بەختیار

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 28, 2023 General


8

کاتێک ئەو دێڕانە دەنووسم زۆر بیری دایکم دەکەم، دەمەوێ هەموو قسەیەکی تۆمار بکەم، کە ژیانیدا گوێم لێبووە، بۆیە هەوڵ دەدەم هەموو وشەیەکی بنووسمەوە، بێگومان تەنیا دایکم ئەو قسانە ناکات، بەڵکو هەموو دایکان ئەو جۆرە قسانە دەکات، دەیەوێ منداڵەکانی لەسەر قسەی خۆش و ئامۆژگاری رابێنێ،
کاتێک کەمێک گەورەتر بووین، چوینە قوتابخانە هەموو رۆژێک، کە لەقوتابخانە دەگەڕاینەوە لەبەر دەرگا چاوەڕێی دەکردین، دایکم : وەک من و باوکت مەبن، هیچمان نەخوێند، ئێوە دەبێ بڕوانامەی بەرز بەدەست بێنن، هەتا دەستتان لەکارێک گیر دەبێ و بۆ خۆتان ژیانتان زامین بکەن. هەردەم پێمی دەگوت: تۆ لەداهاتوودا دەتەوێ ببی بەچی؟
منیش دەمگوت: حەزم لێیە ببمە دکتۆر، دەڵێن دوکتۆرەکان زۆر دەوڵەمەندن.
دایکم: (بەپێکەنینەوە) : لەئێستاوە دەتەوێ دەوڵەمەند بیت، بەڵام کاتێک بوویە دکتۆر و دەوڵەمەند بووی، هەژار و نەدارەکان لەبیر نەکەی.
کاتێک بوومە پۆلی سێی سەرەتایی بەتەواویی دەمتوانی بخوێنمەوە، بۆیە زۆر جار کاتێک لەگەڵ باوکم دەچوومە بازاڕ بەباوکم دەگوت: ئەو رۆژنامە و گۆڤار و کتێبانەم بۆ بکڕە، باوکیشم (بەپێکەنینەوە) دەیگوت: کوڕم بەشێک لەو رۆژنامانە عەرەبین، تەنیا ئەوانە کوردین.
هەرچۆنێک بێ باوکم رۆژنامەکانی الثوره و عێراقی بۆ دەکڕیم، کە عەرەبی بوون.
هەروەها رۆژنامەکانی پاشکۆی عێراق و رۆژنامەی هاوکاری، کە بەکوردی بوون بۆی دەکڕیم.
کاتێک دەهاتینەوە ماڵ بەدایکمی دەگوت: ئەوە کوڕەکەت ئەو هەموو رۆژنامەی پێکڕیم.
دایکیشم پێدەکەنی و دەیگوت: دەبا بزانین دونیا لەچیدایە، دەی کوڕم بۆمان بخوێنەوە.
کاتێک دەستم بەخوێندنەوەی رۆژنامەکان دەکرد.
دایکم زەردەخەنەیەکی دەکرد و دەیگوت ئافەرین، ئەوە زانیمان شەڕی عێراق و ئێران بەردەوامە و سەدام حوسێن وایگوتووە، لەلاپەڕەکانی دیکە بزانە چ باسە؟
بێگومان لەلاپەڕەکانی دیکە چەندین وتاری نووسەرانی ئەوکات بڵاوزووبۆە، لەتەک چەند شیعرێک.
لەبیرمه رۆژێک دایکم گوتی: باشە ئەوە رۆژنامە کوردییەکان، دەی رۆژنامە عەرەبییەکانمان بۆ بخوێنەوە و بەکوردی بومان باس بکە، بزانین چ دەڵێ، لاپەڕەکانی یەکەم و دووەم مەخوێنەوە، هەمووی باسی سەدم حوسێنە، بڕۆ لاپەڕەکانی دیکە.
کاتێک لاپەڕەکانی دیکەم دەخوێندەوە، هەندێک وشەم بەتەواوەتی نەدەرانی، بۆیە نەم دەخوێندەوە.
کاتێک وتارێکم تەواو دەکرد، دایک و باوکم دەیانگوت: ئەمە عەرەبی نازانین ئەو هەموو خوێندنەوەیە، باسی چی دەکرد.
منیش بەئارەزووی خۆم باسی شتێکم دەکرد، دایکم زۆر کەیفی پێدەهات..
باوکم عەرەبی دەزانی، بە دایکمی دەگوت: شەمام، بەو قسانە باوەڕ مەکە، ئەوە بەکەیفی خۆی قسان دەکا، دەوێ پێمان بڵێ عەرەبیش دەزانێ. بەڵام خوێندنەوەکەی باشە بۆ ئەو تەمەنە، کەچی لەماناکانی فێڵ لەئێمە دەکا، ئەوەی ئەو باسی دەکا، هێچ پەیوەندییەکی بەوە نییە، کە لەو رۆژنامانەدا هاتووە.
لەبیرمە کاتێک تەمەنم دە و یازدە و دوانزدە ساڵان بووم کاتێک لەگەڕەکی مەنتکاوە بووین، نزیکەی سێ دینارم پێبوو، ئەویش بەهۆی هەڵگرتنی هەندێ پارە لەلای خۆم، کە ڕۆژانە پێیان دەدام گردمکردبۆوە.
لەوبەری ماڵی خۆمان پاس هەبوو بۆ بازاڕ، سواری پاسێک بووم بۆ باراڕ، ئەو کات ناو شاری هەولێر ئەوەندە گەورە نەبوو، هەر زوو گەیشتینە بازاڕ، یەکسەر چوومە، لای کتێبحانەلەک لای ئۆرزدی باک، ئێستا ئەو شوێنە ناوی هوتێلی تاوەرە، لەنزیک دادگای کۆن، چوومە کتێبخانەکە و چەند رۆژنامەیەکم هەڵگرت و بەخاوەن کتێبخانەم گوت: پارەی ئەو رۆژنامانە چەند دەکا.
خاوەن کتێبخانەش سەیرێکی کردم: تۆ دەتوانیت، ئەو ڕۆژنامانە بخوێنیتەوە؟

  • بەڵێ دەتوانم ئەو ڕۆژنامانە بخوێنمەوە.
    خاوەن کتێبخانە: فەرموو، ئەو لاپەڕەیەم بخوێنەوە.
    کاتێک ئەو لاپەڕەیەم بۆ خوێندەوە، یەکسەر گوتی: دەتوانی رۆژنامەکانی عەرەبیش بخوێنیەوە، کاتێک بۆم خوێندنەوە، خاوەن کتێبخانەکە، بەچاوێکی زەق زەق سەیری دەکردم،
    خاوەن،کتبخانە: تۆ هموو ڕۆژێک وەرە لای من من رۆژنامە کوردی و عەرەبییەکان بەخۆڕایی پێدەدەم.
    کاتێک ئەو دیمەنەم بۆ دایکم گێڕایەوە، زۆر پێکەنی.
    دایکم: چۆن ئێمەت هەڵخەڵەتاندووە کاتێک لاپەدە عەرەبییەکان دەخوێنیەوە، باسی شتێکی دیکە دەکەی، ئاواش کابرای کتێبخانەت هەڵخەڵەتاندووە، خوا دەرانێ چێت بۆ خوێندۆتەوە.
    لەم کاتەدا دایکم و باوکم و خوشک و برایەکانم هەموویان پێدەکەنین.
    زۆرجار بیرم لەژیانی دایکم دەکردەوە، ژنێکی نەخوێندەوار چۆن دەتوانێ وەک خوێندەوارێکی زیرەک بیر دەکاتەوە، وەک کاتێک چیڕۆک و حیکایەتێکی بۆ دەگێڕامەوە، سەرەڕایی گێڕانەوەی چیڕۆکە، شیکردنەوەی بۆ ناوەڕۆکی چیڕۆکەکە دەکرد، وەک فیڵبازی ریوویی و ئازایەتی شێر، دەیگوت: ریوویی هەرچەند فێڵباز بێ و کار و کردەوەکانی زۆڕ چالاک و کارامەیی دەکرد، بەڵام فێڵ و درۆیی تیادایە، لەناکاوێک ئاشکرا دەبوو، لەوسەرەوە بەبێ هیچ دەگەڕایەوە، ئەوە جگە لەوەی هەموو گیان لەبەر و ئاژەڵەکانی دیکە، بەچاوێکی سووک سەیریان دەکرد. واتە کەسی فێڵباز و درۆزن لەکۆتایدا شەرمەزار دەبێ، بەڵام شێر کردەوەکانی راست و دروستن، نەک لەبەر ئەوەی پاشای دارستانە، شێر پێی شوورەییە کاری نابەجێ بکات، بەڵکو سەرەڕایی دەسەڵاتەکەی، کە زۆربەی پاژەڵەکانی دیکە لێی دەترسن، دەیەوێ بۆ هەمووان بسەلمێنێ دەتوانێ بەئارەزوویی خۆی هەموو شتێک بکات، بەڵام ناکرێ کاری نابەجێ بکات، شێر دەیەوێ شکۆی خۆی بپارێزێ، ئەگەر بەد بێ، دواتر ئەوە دەزانێ، کە لەنێو ئاژەڵەکانی دیکە، بە بەد و نابووت باس دەکرێ.
    زۆرجار بەدایکم دەگوت: دایە تۆ ئەو چیڕۆکانە لەکوێ دەزانی، کێ بۆی گێڕاویتەوە.
    دایکم : چیڕۆک و حیکایەت گەلێک زۆرە، منیش لەدایکم گوێم لێبووە، ئەویش ئەوها هەموو باس و حیکایەتەکەی بۆمان شیدەکردەوە، ئێمەش هەموو جار پرسیارمان دەکرد، بۆ لەبابەتی درۆ و فێڵ چیرۆک و حیکاتەکان کۆتایی دێ.
    لەمبارەیەوە داپێرەتان دەیگوت: کاتێک درۆ و دەلەسە کەوتە نێو بابەتەکان شتەکان بەلاڕێدا دەڕوا، بۆیە ناکرێ هیچ کاتێک درۆ بکەین، کاتێک درۆ دەکەین ماڵی خۆمان و خزمان وێران دەکەین.
    کاتێک گەورەبووم زۆر جار بەدایکم دەگوت: لەبیرتە ئەو چیرۆک و حیکایەتانەت بۆ دەگێڕایەوە، بەڵام باشە دایە ئەوە ڕیوویی دەیەوێ بەو شێوەیە ژیانی خۆی مسۆگەر، هیچ جۆرە شێوازێکی دیکەی نییە، سوختەی وایە، ئەی چی بکات.
    دایکم: خۆی ژیان بریتییە لەراستی دروستی کارەکان، بەشێکی دیکەی پەیوەستە بە فرت و فێڵ و درۆ، ئەوە مانای لێزانی نییە، بەڵکو مانای ئەوەیە لەشەو رۆژێکدا هەموو شتێک بەدەست بێنێ، دواتریش ئاگات لێ نییە، هەمووی لەدەست دەدەی.

    گفتوگۆکانی من و دایکم لەبارەی ئەو باسانە بەردەوامبوو.
    داێکم: باشە دەوڵەمەند بیت، بەڵام دەوڵەمەندییەکە بنەمایەکی هەبێ، کەسانێک هەن لەپڕێکدا دەوڵەمەند بوون، ئەمەش وایکرد گومان لەلای دەوروبەر دروست بێ، بۆیە زۆرجاران رووبەڕووی ئەو پرسیارە دەبێتەوە، لەلایەن ئەو کەسانەی شەرمیان لێ ناکەن، ئەوانیش واتە تازە دەوڵەمەندەکان چەندین بڕ و بیانوو دەدۆزنەوە بۆ تێگەیاندنی بەرامبەرەکانیان، دیارە بەرامبەرەکانیش باوەڕ بەو قسانە ناکەن، بۆیە زۆر لەپێش خۆیی و کەسانی دیکەدا باسیان لەوەکردووە، دەوڵەمەندییەکەی بەشێوەیەکی شیاو و شەرعی نییە،بزانە قۆڵی کێیان بڕیووە، یان دزییان کردووە، یاخود بازرگانییەک دەکا جێگەی گومان بێ.
    ئەو چیرۆکانەی دایکم دەگێڕایەوە، هەموو پەند بوو، ئەو کاتانەی دەیزانی خۆمان بەتەلەفزێۆن خۆمان سەرقاڵ دەکرد، وازی لەچیرۆک و حیکایەت دەهێنا لەگەڵ ئێمە سەیری تەلەفزێۆنی دەکرد.
    دایکم هەردەم پرسیاری لەوە دەکرد، ئەو شتانەی دەیبینین هەمووی خەیاڵاوییە، چۆن دبێ ئەو جڕناوفڕنایە نیشانی منداڵ بدرێ، کەچی بەرنامە و فیلمەکان منداڵانە بوون، بەڵام لەهەندێک بابەتی دیکە دەیگوت: نیشاندانی ئەم فیلمانە بۆ فراوانکردنی مێشکی منداڵە، بەڵام نابێ ئێوە ئەو جوولە و خۆ فڕێدانانە دووباره بکەنەوە، نەوەک بکەون و جەستەتان بریندار بێ.
    هەروەها دایکم. لەبارەی جیاوازی لەنێو منداڵەکان، باسی لەوە دەکرد کچ و کوڕ هیچ جیاوازییەکییان نییە، ئەوەی جیاوازی بکات، خوا دەیگرێ، بۆ ئەمەش هەموو جار باسی دایکی محەمەدی دەکرد، دەیگوت: دایکی محەمەد دە ساڵێک لەمن گەورەتر بوو، زۆرجار ئامۆژگاری دەکردم و داکۆکی لەوە دەکرد، کە هەر جیاوزییەک بکرێ، رەنگدانەوەی لەسەر منداڵەکان دەبێ، دەبێ زۆر ئاگادار بین، وەک ئەگەر هێلکەیەک بۆ دوو کوڕت بکوڵێنیت کاتێک خستتە بەردەمیان، دەکرێ هێلکەکە، لەناوەڕاست وەک یەک دابەش بکەی، چ کوڕە گەورە و بچووکەکە، کاتێک هەست بەزۆری لایەکی هێلکەکە بکەن، لەوانەیە جاری یەکەم هیچ کامێکیان قسە نەکەن، بەڵام لەدواتردا ئەمە دەبێتە کێشە.
    دایکم: کوڕەکانی دایکی محەمەد، سەرباز بوون، لەباشووری عێراق، هەر کاتێک بگەڕابوونەوە لەسەربازی، جگە لەدڵخۆشی، پێشتر لەو ماڵەدا هەر شتێک بخواربووایە، ئەوا بۆ ئەو دوو کوڕەشی هەڵگرتبوو، وەک ئەگەر هەر دانە گوێزێکی دابووە کچەکان، ئەوا هەر یەکەو دانە گوێزی بۆ کوڕەکانیشی هەڵگرتبوو.

    هەمیشەش دایکم باسی لەنەبوونی جیاوازی دکردەوە لەنێو ماڵمان.
    دایکم: راستە کوڕە لەوانەیە لەدواتردا کاسبی بۆ ماڵەوە بکەن، لەکار ماندوو بن، بەڵام کچەکانیش هاوکاری زۆری دایک و باوکیان دەکەن، بەتایبەتی ئەو کاتەی ئێمە پیر دەبین، یاخود نەخۆش دەکەوین، ئەوە تەنیا کچەکانە هاوکاری ئێمەیان پێدەکرێ، بێگومان ئەمەش بەپێی پەروەردەی ئەو خێزانەیە، کە کچ و کوڕەکان تیایدا ژیاون.
    دایکانی هەموو دونیا خۆشبەختیان بۆ منداڵەکانیان دەوێ، دەکرێ منداڵەکانیشی لەکاتە ناخۆشەکانی دایک و باوک هاوکاریان بکەن، وەکچۆن سەردەمێک دایک و باوک ئاگاداری منداڵەکانی بووە، بەو شێوەیە منداڵەکان کاتێ پێڕاگەیشتن بەو شێوەیە ئاگادار و هاوکاری و بەتەنگەوە هاتنی دایک و باوکیان بێن.
    دایکم زۆر دڵخۆش دەبوو، کاتێک هەموومان لەسەر سفرەی نانخواردن هەموومان ئامادەین، ئێنجا لەو کاتەدا کاتێک خواردن دادەنرا، دەیگوت: هەر کەس بایی خۆێی خواردن لەناو قاپەکانی بکات، بەتایبەتی برنج، کە لەچەند بەلەمێکی برنجدا دادەنرا، بچووک بووین هەر وایدەگوت، گەورەش بووین هەر وایدەگوت، منیش هەندێکجاڕ هەر بۆ گاڵتە دەمگوت:دایە ئێستا گەورە بووین، ئەوە دەرانین.

    دایکم: ئێوە بچووک بن یان گەورە بن هەر وەک پێشتر تەماشاتان دەکەم.
    باوکم بەپێکەنینەوە لەم کاتەدا وەڵامی دەدایەوە و دەیگوت: شەمام بۆ واز لەمنداڵەکان ناهێنی تا بەئارزووی خۆیان خواردن بخۆن.
    دایکم: نا ئەگەر لەقاپ و دەفرەکان زیاد تێکەن، ئەوا دواتر دەمێنێتەوە، گوناحە ئەو خواردنە نازدارە فڕێ بدرێ.
    زۆر جار باسی دکتۆر بابانیشی بەبیرم دەهێنایەوە: ئەدی ئەتوو باسی دکتۆر بابانت نەکرد، کە دەیگوت: ئەم ناوچەیە تووشی کێشەیەکی گەورە دەبێ، بەهۆی فڕێدانی ئەو هەموو پاشماوەی خواردنە، گوناحە ئەم هەموو خواردنە لەناو سەلەی زبڵ فڕێ بدرێ.
Previous
Next
Kurdish