”من ڕاستیی ڕووناکیم له تیشکدا”.. ڕزگار شێخانی
ئێواره‌ی 26/10/2007 ، له کتێبخانه‌ی کوردی له ستۆکهۆلم، دڵشاد عه‌بدولڵا کۆمه‌ڵێک شیعری بۆ کوردی ئه‌م شاره خوێنده‌وه. من به‌م چه‌ند دێڕه‌ی خواره‌وه، باسی شیعر و ئه‌زموونی ئەوم کرد.
ده‌کرێ تێگه‌یشتن و شیکردنه‌وه‌ی شیعرێک، له خوێنه‌رێکه‌وه بۆ یه‌کێکی تر جودا بێت و ئه‌م هه‌موو تێگه‌یشتن و شیکردنهوانهیش جودابن له هی شاعیر. بۆیه ڕێگه به خۆم ده‌ده‌م، بۆ نزیکبوونه‌وه له فه‌زا و مێتودی نووسینی دڵشاد، له‌سه‌ر قه‌سیده‌ی ”شه‌وه‌کانی ئامیتا به‌درێژایی بابل”، که ئه‌مساڵ چاپی کردووه، بوه‌ستم و زۆر به کورتی و به چڕی ئاماژه به لایه‌نێکی گه‌ش و باشی شیعره‌که بکه‌م. ئه‌ویش گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ مێژوو. مێژوویه‌کی زۆر کۆن. نزیکه‌ی 600 ساڵ پێش له‌دایکبوون، سه‌رده‌می حکومڕانی ”نهبوخهزنهسیری دووه‌م” و هێرش و په‌لاماره‌کانی بۆ سه‌ر سوریا، فه‌له‌ستین و میسر. له هه‌مان سه‌رده‌مدا، دروستکردن و نوێکردنه‌وه‌ی ”بابل”، که له‌م واقیعه سه‌خته‌دا جێگه‌ی ئه‌شق و جوانییش هه‌بوو. ئه‌م ئه‌شق و جوانییه‌یه، ئه‌مڕۆ دڵشادی شاعری، نزیکه‌ی 2600 ساڵ به‌ناو کۆڵانه‌کانی مێژوودا گه‌یاندۆته ”بابل” و له‌وێ له چاوی ئه‌وه‌وه، شته ورده‌کانی ئه‌و سه‌رده‌م ده‌بینین و به ده‌نگی ئه‌ویش گوێمان له گۆرانییه‌کانی ئه‌شق ده‌بێت.
ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم و ئاگام لێی بێت، پێشتر چاوی شیعری نوێی کوردی تا ئه‌وێ بڕی نه‌کردووه.
له‌م شیعره‌دا دوعا و نزا هه‌یه بۆ ”مه‌ردۆک”ی شای خوداکانی بابل و شا ”شه‌مش”. شیعره‌که به قه‌ڵه‌می ڕه‌ش نووسراوه، به‌ڵام، له سپیێتی نێوان دێڕه‌کاندا شیعرێکی تر هه‌یه، جوولانه‌وه و وێنه‌ی تیایه، چاو نایانبینێت، به‌ڵام هه‌ستیان پێده‌کرێ.
”من ڕاستی ڕووناکیم له تیشکدا
به‌چاوی کوێره‌وه ته‌ماشای چیم ده‌که‌ن؟
بوکی ده‌ریام له خه‌یاڵی هه‌ر یهکیکتاندا.” ل/52
من وه‌ک خوێنه‌ر، له‌م سێ دێڕه‌دا وێنه و جولانه‌وه‌ی جوانیان تێدا ده‌بینم. که ده‌ڵێ: ”من ڕاستی ڕووناکیم له تیشکدا” ئه‌مه ده‌ربڕینێکی ته‌واو سوفیانهیه و ”بووکی ده‌ریا”یش یه‌کسه‌ر زه‌ینم بۆ ئه‌فسانه‌ی ”ئه‌فرۆدیت”ی خواوه‌ندی خۆشه‌ویستی ده‌با، ئه‌و ده‌مه‌ی ”ئه‌فرۆدیت” وه‌کو بووکێکی جوان له که‌فوکوڵی ده‌ریا له‌دایک بوو.
نووسینی شیعری مێژوویی، له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌ک کارێکی زۆر سه‌خته. ڕه‌نگه یه‌کێکیان ئه‌وه بێت، هه‌تا دوورتر به‌ره‌و ئاسوی مێژوو برۆین، ئه‌وا که‌سه‌کان، ڕووداو و شوێنه‌کان زێتر تێکه‌ڵی ئه‌فسانه ده‌بن و سنووره‌کانیان کاڵده‌بنه‌وه. لێره‌دا تێگه‌یشتنی شاعیر و مێژوونووس جیاده‌بێته‌وه. مێژوونووس سه‌رگه‌ردانی ئه‌وه‌یه رووداوه‌کان، کات و شوێنه‌کان وه‌کو خۆیان بنووسێته‌وه و وه‌سفیان بکات.، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بۆی بکرێ له ئاووهه‌وای ئه‌و سه‌رده‌میش ده‌پێچێته‌وه. به‌ڵام ئه‌م تێگه‌یشتنه، له دنیای داهێنای ئه‌ده‌بی و هونه‌ریدا زۆر بایه‌خیان نییه. ئه‌وه ته‌نیا نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندانن ده‌توانن له سه‌فه‌ری وا دا سه‌رده‌مێکی کۆنکریتی میژوویی، له گۆشه‌یه‌کی تره‌وه ببینن و له‌گه‌ڵ خۆیاندا بهێنێته‌وه ئێستامان. سه‌رسام نابین، ئه‌گه‌ر له سه‌فه‌ری وا دا، ببینین مناره‌ی بابل ده‌جوولێ. سه‌رسام نابین ئه‌گه‌ر ببینین شاعیر له باخچه هه‌ڵواسراوه‌که‌دا، له به‌ر سێبه‌ری دار زه‌یتونێک له نێوان حامۆڕابی و نهبوخهزنهسیردا دانیشتووه و باسی هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌مڕۆی تورکیا بکه‌ن. ئه‌مانه و دروستکردنی ”که‌س”ی تر و ڕووداوی تریش، له دنیای ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا جێگه‌یان ده‌بێته‌وه.
له‌ڕاستیدا سه‌ختیی نووسینی شیعری مێژوویی لێره‌وه ده‌سپێده‌کات. چۆن دتوانرێت له فۆڕمێکی هونه‌ریدا مێژوو بهێنرێته ئێستامان، که ڕه‌ش و سپی نه‌بێت، به‌ڵکو ڕه‌نگین بێت؟
با ئه‌م چه‌ند دێڕه، هه‌وڵدانێک بێت له نزیکبوونه‌وه و تێگه‌یشتن له فه‌زای شیعری دڵشاد عه‌بدوڵڵا، که 30 ساڵ زێتره
ده‌نووسێت. سی ساڵیش زێتره له‌ناو کۆڕی خه‌باتی کوردایه‌تییه. له کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا، ئه‌و ده‌مه‌ی که کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری، شه‌ڕێکی کولتووری، سیاسی و سه‌ربازی له دژیدا ده‌کرا، ئه‌و ده‌م زۆر سه‌خت بوو بۆ نووسه‌ران، هاوسه‌نگی له نێوان ئه‌ده‌ب و سیاسه‌تدا ڕابگرن. ره‌نگه زۆر سه‌خت بێت نووسه‌رێک بدۆزیته‌وه، که شیعری بۆ ئایدیۆلۆژیا، بۆ حیزب، بۆ سه‌رکرده، بۆ جه‌نگاوه‌ر نه‌نووسیبێت. ئه‌م ئه‌زموونه‌ی خۆمان و ئه‌زموونی ئه‌ده‌بیی ئه‌ورووپایش، به‌تایبه‌تی له نێوان هه‌ردوو جه‌نگی جیهانی و شه‌ڕی ساردیشدا، ڕاستییه‌کی ساده‌مان پێده‌ڵێت. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه: که بۆ نووسه‌ر زۆر سه‌خته هاوسه‌نگی له نێوان ئه‌ده‌ب و سیاسه‌تدا ڕابگرێت و ماڵی شیعر وێران نه‌کات.
به‌ڵام، له ئه‌زموونی نووسه‌رایه‌تی دڵشاد دا ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون و ئاشکرایه که ئه‌و، ئه‌و هاوسه‌نگییه‌ی ڕاگرتووه و ماڵی شیعری ئاوه‌دان کردووه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ره‌نگه ئه‌وه زۆر گرنگ نه‌بێت، که شاعیر چ کاره‌یه و له‌کوێ و چۆن ده‌ژی، ئه‌وه‌ی که‌گرنگه ئه‌وه‌یه که چی به‌رهه‌مدێنێت. چونکه له ئاکامدا، هه‌ر به‌رهه‌مه‌کان ده‌مێننه‌وه و له ئه‌وانه‌وه ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ شاعیر و سه‌رده‌مه‌که‌ی.
من ئه‌زموونی دڵشاد وا ده‌بینم، که به زمانی ناخ ده‌دوێت. ئێمه گوێمان لێیه‌تی، زمانێکی چه‌ند هێمن و له‌سه‌رخۆیه، وه‌ک که خۆیشی که‌سێکی هێمن و له‌سه‌رخۆیه. گوێمان لێیه به‌م زمانه هێمنه‌ی ناخ، باسی ئه‌و شته وردانه و ئه‌و جووڵانه‌وانه بکات، که ئێمه هه‌ندێجار ده‌یانبینین و هه‌ستیان پێده‌که‌ین، به‌ڵام ناتوانین باسیان بکه‌ین.
٢٦/١٠/ ٢٠٠٧ ستۆکهۆلم