سەرهەڵگرتن …. هۆنراوەی کەنعان مودحەت
راپەڕی و
لە دەرگای دەرەوە خزایە نادیارییە دڕەکەدا
بێ ئەوەی – بە پێویستییەکانا بچێتەوە و –
بزانێ،
ئایە تەباخە داگیرساوەکەی کوژاند
یان بۆڕی ئاوی گەرماوەکەی بەست
یان نا
نە گەڕایەوە
لایە لە دەرگا ڕزاوەکەی بکا
بزانێ ئایە دایخست
یان هەر بە کراوەیی
ڕادەستی با و
خواستەکانی ڕۆژگاری کرد
بە تەنیشت سەگە بێ لانەوازەکەیدا
تێپەڕی
نە ماڵئاویی و
نە دەستێکی بەزەیی
زۆر مات
سەگە، پێچەوانەی هەر جارێ
هەر وەڕی و
زۆریش وەڕی
ئەو بە نادیارییا
هێدی هێدی و
قووڵ و قووڵتر شۆڕدەبووە
تا پێڵاوە کۆنەکانی
ئەوانەی لە مێژەوە پێیان دەگوشی
بە هەنگاوەکانیا نەوێران
ڕایگرن
چۆن تاوێرێکی لە دوند بەربوو
گرمۆڵەی دەهات و
هەر خوار دەبو و
هەر خوار
سەرهەڵگری تەریک
وای نەدەزانی زۆر دوور دەکەوێتەوە
ساڵێ
مانگێ
ڕەنگە لە کاژمێری کەمتر
هەر زۆر زو و
زووتر دەگەڕێتەوە
سەگە بێ لانەوازەکەی لە ئامێز دەگرێ و
ماڵە چۆڵەکەی…. سەرلەنوی
ئاوەدان دەکاتەوە
هۆنراوەی کەنعان مودحەت
نۆڤەمبەری ٢٠١٥
کفری