گفتوگۆ لەگەڵ هونەرمەند بەدەرەدین بابەكر.. سازدانی: کامەران حاجی ئەلیاس
هونەرمەند بەدەرەدین بابەكر: بۆ گەیشتن بەئاستی موزیكی جیهانی ،پێویستە فۆرمە جیاوازەكانی مۆسیقای كوردی نوێ بكرێنەوە
هونەرمەند (بەدەرەدین بابەكر نەجم)، لە ساڵی 1980 هاتۆتە نێو دونیاری هونەری موزیك زیاتر لە (46) ساڵە خزمەت بە هونەری كوردی دەكات، ئەندامی بەشی موزیكی لقی هەولێری سەندیكای هونەرمەندانە، ئەندامی كارای چەندین تیپی موزیكی بووە وەكو(تیپی موزیكی گوڵان،تیپی هەولێر، گروپی ڕەسەن، تیپی كەلەپووری ،تیپی قەڵاومنارە،تیپی رۆشنبیری توركمانی..) لەكوردستان بەشداری چەندین كۆنسێرت كردوە لە دەرەوەی كوردستان لە وڵاتانی (ئەڵمانیا،هۆڵەندا،فیلندا،بولگاریا،یۆنان ،نەمسا،ئیسپانیا، سلۆفاكیا،توركیا،ئێران، لوبنان ،ئوردن..) بەشداری چەندین كۆنسێرتی كردووە، هەروەها چەندین ئاوازی بۆ سروود و گۆرانی داناوە لە تیپی هونەرە مللیەكانیش چەندین ئاوازی داناوەو دابەش كردنی بۆ كردوون ئێمە لە نزیكەوە بە چەند پرسیارێك بەسەرمان كردە.
هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس
- پێمان باشە سەرەتا باس لە چیرۆكی ئاشنا بوونت بە هونەری موزیك بۆ خوێنەرامان بكەیت؟
- سەرەتای ئاشنا بوونم بەهونەری موزیك دەگەرێتەوە بۆ سەرەتای هەشتاكانی سەدەی رابردوو جگە لەوەش، لە قۆناغی خوێندنی سەرەتایم لە قوتابخانە گرنكی زۆر دەدرا بە وانەی هونەری لەوێ فێری سروودە نیشتمانیەكانیان دەكراین، وە هەروها لە بنەماڵە كەشمان خولیای هونەر هەبوو، وە كو خوالێی خۆشبێت (مام حاجی مجید نجم ) كە بە (مامكۆ) ناسرابوو وەك شانۆكارێك لە سەرە تای حەفتاكان رۆڵی بە ر چاوی هە بووە لە شاری هەولێر هەوەروها مامۆستا نەجمەدینی براگەوەم كە پێش من دەستی بە كاری هونەری كردبوو زیاتر ئەمیش هاوكارم بوو بۆ ئەوەی بێمە ناو دونیای موزیك .. نابێ ئەوەشمان لە یاد بچێت كە لەسەردەمی ئێمەدا فێرگەی زۆر باشی هونەری هەبوو خوولی هونەری بۆ هەموو بەشە هونەرییەكان بەخۆڕایی لە چالاكی قوتابخانەكان و كۆشكی هونەر دەكراییەوە گرنگی زۆر بەئارەزوو مەندانی هونەر دەدرا..ئێمەش بەشداری كارامان دەكرد.. بەم شێوەیە تێكەڵاوی هونەری موزیك بووین.
- كێ بوون ئەوانەی كە بەهرەی تۆیان دۆزییەوە؟
- بۆ یەكەم جار خوولێكی موزیك لە كۆشكی هونەر لەسەردەستی مامۆستای نەمر (شێرزاد حوزێری) كرایەو من وەك قوتابییەك بەشداری ئەو خوولەم كرد . لە دوای تاقیكردەوە توانیم سەركەوتن بەدەست بهێنم بۆیە زۆر سوپاسی دەكەم هەر لەوێ لەسەر دەستی مامۆستایان (نەجمەدین بابەكر، زوهێر تەحسین ) فێری ئەلف و بێی موزیك بووم زۆر هاوكاروم بوون هەر لەو خوولە توانیم ئامێری عودم بژەنم لێردا زۆر سوپاسیان دەكەم.
*كامە ئامێری موزكیت زیاتری لەلای خۆشەویستە؟ وەكو دیارە ئێوە چەندین ئامێری موزیكی دەژنن؟ - ئەوەی راستی بێت هەموو ئامێرەكانی موزیك سۆزی تایبەتی خۆی هەیە چێژ دەبخشن بەگوێچكەی مرۆڤدا، بەڵام لای من ئامێری عود زیاتر خۆشەویستە ئەو ئامێرە یەكێكە لە كۆنترین و ناسراوترین ئامێرەكانی موزیك لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و كوردستان زۆركەسیش بە پاشای ئامێرەكانی رۆژ هەڵاتی ناوزەند دەكەن ..عود لە نێو مۆسیقای كوردی شوێنێكی زۆر گرنگی هەیە بەتایبەتی بۆ مۆسیقای كلاسیكی كوردی و مقامە كوردییەكان و گۆرانییە خەمگینەكان و هەستیارەكان بەجۆرێك هەست و سۆزی زۆری تێدایە.. من جگە لە عود ئامێری جەمبوش و درماس و ریتم شارەزایەكی باشم هەیە لە گەڵ زۆرێك لە تیپەكان توانیتم بە سەركەوتووی ئەم ئامێرانەش بژەنم.
*خوێندنەوەی نۆتە بۆ ژەنیار تا چەند گرنگە؟ مەرجە ژەنیار بزانێت نۆتە بخوێنێتەوە؟ - بەڵێ نۆتەی مۆسیقا گرنگە بۆ فێربوونی ژەنیار، یارمەتیت دەدات ئاوازەكان بە شێَََوەیەكی دروست بژە نیت، ڕیتم و خێرایی بناسیت لەگەڵ ژەنیارەكانیتر كار بكەیت،بەجۆرێك پارچە مۆسیقاكان ئاسانتر لەبیرت بمێنن نۆتەی مۆسیقا وەك پیت و وشەی زمانە هەر وەك چۆن بە پیت دەتوانیت كتێب بخوێنیت، بە نۆتەش دەتوانیت مۆسیقا بخوێنیت، بەڵام زۆر ژەنیاریش هەیە سەرەتا بە گوێگرتن و ڤیدیۆ فێردەبن توانای زۆرباشیان هەیە لەگەڵ گروپە هونەرییەكان كاری هونەری ئەنجام دەدەن ژەنیاری بەتوانان و كاری لایڤ میوزكیش دەكەن.
*چەندین فۆرمی موزیكی كوردی هەن چۆن دەتوانیین پەرە بەو فۆرەمە موزیكیان بدەین بۆ ئەوەی بگات بە ئاستی موزیكی جیهانی؟
- فۆرمەكانی مۆسیقای كوردی یەكێكە لە دەوڵەمەندترین مۆسیقا ناوخۆییەكانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چونكە هەڵگری مێژوویەكی درێژ زمانێكی دەوڵەمەند و فۆلكلۆری جیاوازە، بەڵام هێشتا لە ئاستی جیهانی وەك پێویست ناسراو نەبووە ..بۆ گەیشتن بەئاستی موزیكی جیهانی ،پێویستە فۆرمە جیاوازەكانی مۆسیقای كوردی نوێ بكرێنەوە و بە شێوازێكی مۆدێرن پێشكەش بكرێن لە هەمان كاتدا دروستكردنی ئۆركێسترای كوردی پرۆفیشناڵ و هاوكاری و پەیوەندی لەگەڵ مۆسیقارە جیهانییەكان لەگەڵ بەكارهێنانی نۆتەی مۆسیقای نێودەوڵەتی و مۆسیقای مۆدێرن و پاپی كوردی بەجۆرێك بێت كەپاراستنی ناسنامەی كوردی لەخۆبگرێت، واتە ڕۆحی موزیكی كوردی پارێزراوێت و تەنها كۆپی مۆسیقای بیانی نەبێت.
مۆدێرنكردنی ئامێر و ریتم وە تێكەڵ كردنی ئامێرە كوردییەكان و ئامێرە رۆژئاواییەكان وەك پیانۆ گیتار و ئامێرە فودارەكان لەگەڵ ئەمەشدا مۆسیقای كوردی هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی هەیە كە ببێتە مۆسیقایەكی جیهانی چونكە هەڵگری مێژوو، هەست و ناسنامەیەكی دەوڵەمەندە، بەڵام بۆ گەیشتن بە ئاستی جیهانی، پێویستە تەكنەلۆجیا بەكاربهێندرێت فێركاری نوێ پەرە پێ بدرێت وپشتگیری دارایی و میدیایی هەبێت وە مۆسیقا بە شێوازێكی مۆدێرن پێشكەش بكرێت ئەگەر ئەم هەنگاوانە جێبەجێ بكرێن دەتوانرێت مۆسیقای كوردی لە داهاتوودا شوێنێكی گرنگی لە نێو مۆسیقای جیهاندا هەبێت .
*ئەو كەمووكوڕیانە چین كە لە نێو موزیكی كوردیدا هەن ؟ - هونەری كوردی بە گشتی بەشێكی گرنگە لە كەلتوور و ناسنامەی گەلی كورد چونكە هونەر وەك ئامرازێك بۆ دەربڕینی هەست مێژوو و ژیانی كۆمەڵایەتی بەكاردێت بەڵام، وەك هەر هونەرێكی دیكە هونەری كوردیش هەندێك كەمووكوری و گرفت هەیە كە كاریگەری لەسەر پێشكەوتن و گەشەكردنی داناوە.
یەكێك لە گرنگترین كەمووكورییەكان كەمی پشتگیریی دارایی و هونەرییە زۆرێك لە هونەرمەندانی كورد بەبێ هاوكاری و پشتگیریی پێویست بەرهەمەكانیان پێشكەش دەكەن ئەمەش وای كردووە هەندێك بەرهەمی هونەری بە ئاستێكی باش پێشكەش نەكرێن ،كێشەیەكی دیكە بریتییە لە كەمی دامەزراوە و پەیمانگاكانی فێركردنی هونەر لە هەندێك ناوچەدا خوێندنی هونەر بە شێوەی ئەكادیمی بەهێز نییە، بۆیە هەندێك هونەرمەند بە شێوەی سادە و بە ئەزموونی تایبەتی فێر دەبن. هەروەها، هەندێك جار تەنها جۆرێكی دیاریكراوی هونەر پشتگیری دەكرێت و جۆرەكانی دیكە وەك شانۆ، وێنەكێشان یان مۆسیقای نەریتی گرنگیی پێویست نادرێت. ئەمەش بووەتە هۆی لاوازبوونی هەندێك بوار لە هونەری كوردی.
لە لایەكی دیكەوە كۆپیكردن و دووبارەكردنەوەی شێوازەكان بەبێ داهێنانیش یەكێكە لە كێشەكان، هەندێك هونەرمەند زیاتر هەوڵ دەدەن شێوازی كەسانی دیكە دووبارە بكەنەوە لەجیاتی ئەوەی شتێكی نوێ و داهێنەرانە پێشكەش بكەن.هونەری كوردی هەرچەندە دەوڵەمەند وپڕ ئەزموونە، بەڵام بۆ پێشڤەچوونی زیاتر پێویستی بە پشتگیریی وگرنگیدان بە خوێندنی هونەر و هاندانی داهێنەران بكرێت، تاكو بتوانێت لە ئاستێكی باشتردا گەشە بكات.
*باشە وەكو هونەرمەندێك ئاستی گورانی و موزیكی كوردی چۆن دەبینیت؟ - لەو سەردەمەی ئێستا هونەری مۆسیقای كوردی هەندێك پێشڤەچوونی باشی كردووە بەڵام هەندێك كێشەش هەیە واتە نە زۆر باشە نە زۆریش خەراپە لە ئێستادا چەندین گەنج لە نێو موزیكی كوردی شوێن پەنجەیان دیارە لە رووی مۆسیقا ستۆدیۆ و تەكنەلۆجیا پێشكەوتووە بەهۆی سۆسیال میدیا بەهەرمی باش بڵاودەكەنەوە چەندین هونەرمەندی موزیكی و گۆرانیبێژی ئەكادیمی بوونیان هەیە كاری زۆر باشیان كردوە چ لە كوردستان یاخود لە دەرەوەی كوردستان، بەڵام كێشەی تریش هەن بۆ نموونە هەندێك گۆرانیبێژ تەنها بۆ ترێند گۆرانی دەڵێن بەجۆرێك هەندێ گۆرانی لە رووی تێكست و ئاواز و دەنگەوە زۆر لاوازن..لەلایەكی تریشەوە هەندێ گۆرانیبێژ لەرێگەی كۆمپیوتەر و كۆپیكردنی ئاوازی توركی یان عەرەبی یان فارسی كاردەكەن ئەمەش كاریگەری نەرێنی لەسەر گۆرانی كوردی دروست كردوە .
