یەکەم بیری ئاوچۆن دۆزرایەوە؟.. مەی اسماعیل.. وەرگێڕانی لەعەرەبییەوە / فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی
شانشینێکی بچووک هەبوو کە لە دەوری گۆمێکدا دروستکرابوو. لە یەکێک لە وەرزە گەرمەکانی هاویندا، باران نەباری و گۆمەکە وشکیکرد. خەڵکەکە نائومێد و نیگەران بوون، چوونە لای پاشا و گوتیان: “ماوەیەکی درێژە ئاسمان بارانی نەباراندووە؛ جوتیارەکان گوتیان: زەوییەکانمان بوونەتە چۆڵەوانی، راوچییەکان گوتیان: چیتر ناتوانین ماسی راو بکەین.. ئەی پاشای شانشین چۆن بژێوی ژیانمان پەیدا بکەین؟ لەم کارەساتە رزگارمان بکە.” منداڵە بچووکەکانیش لە تینوێتیدا دەگریان.
پاشا نێردراوەکانی نارد بۆ هەر چوار لای جیهان بۆ ئەوەی بەدوای ئاودا بگەڕێن.. یەکەمیان بەرەو ڕۆژهەڵاتی خۆر رۆیشت، دووەمیان بەرەو باشوور، سێهەمیشیان بەرەو ڕۆژئاوا، و چوارەمیشیان شوێن ئەستێرەی باکوور کەوت. نێردراوەکان لە هەموو شوێنێک گەڕان؛ لە دەشت، دۆڵ و گردەکاندا، بەڵام بێسوود بوو. سێ لەوان بەبێ هیچ دەستکەوتێک گەڕانەوە. بەڵام چوارەمیان پێداگیر بوو لەسەر ئەوەی گەلەکەی خۆی نائومێد نەکات.. بەردەوامبوو لە ڕۆیشتن تا گەیشتە گوندێکی شاخاوی سارد.
کاتێک لە بناری شاخەکەدا دانیشتبوو بۆ ئەوەی بحەسێتەوە، ژنێکی پیر هات و لە تەنیشتی دانیشت. پیاوەکە ئاماژەی بە ئاسۆی دوور کرد و گوتی: “من لە شانشینێکی دوورەوە هاتووم، بەڵام ماوەی ساڵێکی تەواوە باران لای ئێمە نەباریوە. ئایا دەتوانیت یارمەتیم بدەیت بۆ دۆزینەوەی ئاو؟”
ژنەکە ئاماژەی پێکرد کە شوێنی بکەوێت، پاشان سەرکەوت بۆ سەر شاخەکە و چوونە ناو ئەشکەوتێکەوە. ژنەکە گوتی: “لە وڵاتی ئێمەشدا ئاو نییە، بەڵام ئەمەمان هەیە” و ئاماژەی بە پارچە سەهۆڵەکان کرد کە لە سەقفی ئەشکەوتەکەوە شۆڕ بوبوونەوە ، “ئێمە پێی دەڵێین: سەهۆڵ. پارچەیەکی لێ ببەرەوە، و پاشان شانشینەکەت چیتر تینووی نابێت.” پیاوەکە پارچەیەکی گەورە لە سەهۆڵەکەی شکاندو خستیە ناو جانتاکەیەوە، بە خێرایی سواری ئەسپەکەی بوو، گەڕایەوە بۆ نیشتمانەکەی. دوای بڕینی مەودایەکی درێژ بۆ گەیشتن بە کۆشکی پاشا، پارچە سەهۆڵە گەورەکە توابووەوە و ببووە پارچەیەکی بچووک.
هیچکەس لە کۆشکدا پێشتر لە ژیانیدا سەهۆڵی نەدیبوو، بۆیە هەمووان بە سەرسوڕمانەوە لێیان دەڕوانی. یەکێک لە ئامادەبووان هاواری کرد: “پێویستە ئەمە ‘تۆوی ئاو’ بێت!..”. پاشا فەرمانی کرد کە “تۆوی ئاوەکە” دەستبەجێ بچێنرێت. لە کاتێکدا جوتیارەکان چاڵێکیان بۆ چاندنی تۆوەکە هەڵدەکەند، قەبارەی سەهۆڵەکە لەژێر تیشکی خۆردا بچووکتر دەبووەوە. جوتیارەکان پەلەیان کرد بۆ ئەوەی تۆوەکە بخەنە ناو چاڵەکەوە، بەڵام پێش ئەوەی بە خۆڵ دایپۆشن، (توابووەوە). لێرەدا جوتیارەکان هەستیان بە سەرلێشێواوی و دڵەڕاوکێ کرد، بۆیە زیاتر و قووڵتر زەوییەکەیان هەڵکەند بەدوای تۆوە نهێنییەکەدا.
جوتیارەکان بە درێژایی شەو چاڵەکەیان هەڵکەند، و کاتێک بەرەبەیان هات، پاشا جوتیارە ماندووەکانی بینی کە لە دەوری چاڵێکی گەورە لەسەر زەوی نوستبوون. پاشان سەیری ناو چاڵەکەی کرد، بە سەرسوڕمانەوە هاواریکرد: “راپەڕن ئەی ڕۆڵە کۆڵنەدەرەکانی نیشتمانەکەم، تۆوی ئاوەکە شین بووە!.. ئەوەتا ئاو لە ناو چاڵەکەدایە!..”.
و بەم شێوەیە یەکەم بیر بۆ ئاو هەڵکەندرا!

