 
	سێ چرپەی بولێڵ … سۆران محەمەد
 -١-
 (مەوداکان)
 شەوان گیانم ئەبەخشمە ئەو تابوتەی
 هەر مانگەو لەسەر
 لێواری حەسرەتێکا
  گۆڕ بۆ خۆی هەڵئەکەنێ
 مەگەر ئەو ئەستێرە دوورانەی
 فێری زمانی تەنیاییان کردم
 بێن و لە ناو چۆڵەوانی شاری دڵما
 جۆلانەیەك
 بۆ خەونەکانی منداڵیم دروست بکەن…
 مەگەر ئەو  چۆلەکە یاخیانەی
 ئاشنای دڕندایەتی مرۆڤ بوون
 بێن لەسەر گوێسوانەی شیعرم 
 بجریوێنن…
 منیش ئاشنای زویربوونی گوڵ و
 پەیکەری سۆزە بەجێماوەکان بووم.
 *
 نازانم!
 لە چاوەڕوانی زەمەندا
 بەردە گۆشەگیرەکانی
 سەر ئەو کورسیانەی سەردەمێکە نەجوڵاون
 دەبن  بە چی؟
 *
 من دەمویست لەگەڵ هەوردا بفڕم و
 چیدی بەسەر
 شۆستە بێ چەترەکانا دانەبارم
 دەمویست 
 تریفەی مانگێ بە خۆدا بدەم
 تاراکەی بەسەر هیچ شەوەزەنگێکدا نەدابێ
 *
 نەمزانی
 گەرووی شمشاڵەکان دەنووسێن و
 کەس لە ئازاری 
 شیعر ناگا
 نەمزانی:
 ژیان دەبێتە ڕێبوارێکی سەرەڕۆ و
 کەس لە ترپەی دڵی ناگا!
 -٢-
 (دوا وەنەوز)
 لە نێوان من و دوێنێدا
 دیوارێکی نزم هەیە
 جارجارە لێوەی دەڕواڕم
 بەسەر رۆحی پەرژینە هەڵکەندراوەکانا
 کە بەرگەی توڕەیی
 شوانە بێ بەزەییەکانیان نەگرت
 ئێستا پشیلەیەکی زویری
 لە قەرەباڵغی هەڵهاتوو
 لەوێدا ڕاماوە..
 *
 ڕۆژە ماندووەکان بە تەوسەوە
 سەریان بۆ درێژیی
 تولەڕێکان دەلەقان
 کەچی هەر تەواو نەبوون و
 لە قوڵایی شەودا بزر بوون
 ئێستا باڵندەکە 
 لەسەر دارگوێزە پیرەکە
 چیدی ستران 
 بۆ وانەکانی ژیان ناچڕێ
 *
 دوێنێ پەپولەیەك بوو
 لە زمانی ئازاری نەدەزانی
 وانەکانی میهرەبانی
 لەبەر رووناکی مۆمەکە
 دەخوێندەوە
 شەوێك ویستی
  ماچی رووناکییەکە بکا،
 گڕی مۆمەکە سووتاندی.
 بووە دوکەڵێکی سپی و
 گەڕایەوە بۆ کوچەکانی منداڵی
-٣-
(ئەی باڵندە دەریاییەکە! چ دەکەی لەم خەراباتە خۆڵەمێشییەدا؟ تۆ ئاشنای هاژەی شەپۆلە شینەکانی….)
ئاوابوونی سێبەرەکان و هەڵنەهاتنەوەیان
دڵیان رەق کردین
هەرچەندێك چاومان گێڕا بۆ شوێنپێی ئەوانەی
(بە ئومێدی دیدار) ڕانەگەشتین پێیان بڵێین
گیانیان لەگەڵ سپێدەکانا ئەهاتنەوەو
تەماشایان دەکردین
خەونمان دەبینی و یاریمان دەکردو زوو بیرمان چوونەوە
لەتبوونی سێبەرەکان و ونبوونیان
لە رۆژە رەشەباوییەکانا
نێرگزییان کردین
وایلێکردین
 گوێ بە تەئویلی خەونەکانی (دایك)یش نەدەین!
چ دڵرەقێ بووین؟
بۆ بڕینی سنووری ڕێکەوتە تاڵەکان
ئاوڕمان لە چاوداخستنی ماچە سیسەکانیش نەدایەوە….
*
رۆژە خێراکان
چاوەڕوانی شەویان نەکرد
یادگارەکان بنووسێتەوە
بەدەست ئێمە نەبوو:
رەهێڵە خۆشی نەکردەوە
سەرژمێری لاشە ونبووەکانمان بکەین
ون بووین…
هەریەك بە لایەکدا
………………
مردن له ئاوێنهکانا

 
			 
			 
			