ئۆشۆ، پێغه‌مبه‌ری ئه‌وین یان ئه‌هریمه‌نی تاوان؟! … هێمن خورشید
له ده ساڵی ڕابردوودا، ناوێك وه‌ك ئاگر چۆن به‌ر ده‌بێت له پووش، ئاوها به ناو ده‌ستگا ڕۆشنبیرییه‌كان و كتێبخانه‌كانی كوردستاندا بڵاو بوویه‌وه، پێشتر كه‌م كه‌س ئه‌و ناوه‌یان به‌رگوێ كه‌وتبوو. وێنه‌ی (ئۆشۆ)، پیاوێك به جووتێ چاوی زاق و سمێڵێكی زل و ڕدێنێكی درێژه‌وه، له‌سه‌ر به‌رگی چه‌ندین گۆڤار و كتێب ده‌ركه‌وت. له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ده‌یان كتێبی وی، به چه‌ندین ناونیشانی جیاوازه‌وه، كران به كوردی، سه‌ره‌تا ته‌نیا هه‌ندێ چاپخانه‌ی بازاڕی و وه‌رگێڕی نه‌ناسراو ئه‌و كاره‌یان ده‌كرد، لێ له‌م یه‌ك دوو ساڵه‌ی دواییدا، چه‌ند نووسه‌رێكی ناسراو و ناوه‌ندێكی خاوه‌ن ئیعتیباریش، هاتنه سه‌ر خه‌ت و شمه‌كی خۆیانیان خسته بازاڕه‌وه!
به دووری نازانم ماوه‌یه‌كی تر حیزب و ڕێكخراویش، به ناوی شوێنكه‌وتووانی ئۆشۆوه له‌م وڵاته‌دا په‌یدا ببن، چونكه ئێمه له هه‌موو شتێك‌دا، له دوای عه‌ره‌ب و میلله‌تانی دراسێوه‌ین و چاو له‌وان ده‌كه‌ین، ساڵانێكه له‌ناو عه‌ره‌بدا گرۆ و ده‌سته‌وتاقمی ئۆشۆیی په‌یدا بوونه كه ڕه‌واج به بیر و بۆچوونه‌كانی ده‌ده‌ن و كتێبه‌كانی وه‌رده‌گێڕن، سه‌رده‌سته‌ی ئه‌وانیش ژنێكه به ناوی (مه‌ریه‌م نوور)، كه له چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فزیۆنیدا ئۆشۆی به پێغه‌مبه‌ری خۆی دانا و بگره له‌وه زیاتریش، به جه‌بار و قه‌هار ناوی برد!
(چاندرا مووهان جاین)، به زمانی هیندی (| चन्द्र मोहन जैन)، له 11ی كانوونی یه‌كه‌می 1931 له خێزانێكی زۆر هه‌ژار، له ناوه‌ڕاستی وڵاتی هند هاتووه‌ته دنیاوه، خێزانه‌كه‌ی سه‌ر به ئایینی جینی بوون. باوك و دايكى له‌به‌ر هه‌ژاری نه‌یانتوانیوه منداڵه‌كه‌یان به‌خێو بكه‌ن و داویانه‌ته باپیری، ئه‌و گه‌وره‌ی كردووه.
له ساڵی 1960 به‌ره‌و سه‌ره‌وه، به ناوی (ئه‌چاریا ڕاجنیش) و له‌نێوان ساڵه‌كانی 1970- 1980دا، به ناوی (هاجوان شری ڕاجنیش) و له ساڵی 1989 به‌دوایشه‌وه به (ئۆشۆ)، ناوبانگی ڕۆیشتووه. ئه‌و سوفییه‌كی هیندی و مامۆستایه‌كی ڕووحانیی بوو، له هه‌موو جێیه‌كی دنیادا شوێنكه‌وتووی هه‌یه.
فه‌لسه‌فه‌ی خوێندووه و دواتریش بووه‌ته مامۆستای فه‌لسه‌فه و له زانكۆی (جبل بوور) وانه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی گوتووه‌ته‌وه. له ده‌یه‌ی شه‌ستی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، سه‌رله‌به‌ری وڵاتی هیند گه‌ڕا، ڕه‌خنه بێپێچوپه‌ناكانی له سۆشیالیزم و له مه‌هاتما گاندی و له ئایینه ئاسمانییه‌كان، كردیان به كه‌سێكی جێی باس و هه‌رای به ده‌وردا دروست بوو.
له‌نێو خه‌ڵكی ڕه‌شۆكدا بانگه‌وازی بۆ سێ شت ده‌كرد: سه‌رمایه‌داری، سنوورداركردنی وه‌چه و ئازادیی سێكسی.
ئه‌و بانگه‌وازی بۆ كرانه‌وه‌یه‌كی زیاتر له هه‌مبه‌ر په‌یوه‌ندییه زایه‌ندییه‌كاندا ده‌كرد، تا وای لێ هات له میدیای ناوخۆی و پاشانیش جیهانیدا به (مامۆستای سێكس) ناوی ده‌ركرد. ساڵی 1970 بۆ ماوه‌یه‌ك له شاری بۆمبای، له‌ناو قوتابییه‌كانیدا كه به سنیاسێكان ناسرابوون، مایه‌وه. له‌وێ به دووباره ڕاڤه‌كردنه‌وه‌ی كتێبه ئایینییه نه‌ریتییه‌كان و كتێبی سۆفی و فه‌یله‌سووفه‌كانی دنیاوه سه‌رقاڵ بوو. بۆچوونیك هه‌یه پێی وایه ئۆشۆ به ویستی خۆی شاری بۆمبای جێ نه‌هێشتووه، به‌ڵكوو له‌سه‌ر زنجیره‌وتارێكی به ناوی (له سێكسه‌وه هه‌تا ویژدانی گه‌ردوونی)، له‌و شاره ده‌ركراوه.
ساڵی 1974 چوو بۆ شاری پوونه، له‌وێ (ئه‌شره‌م= په‌رستگه)یه‌كی دروست كرد، له‌و شوێنه‌وه سه‌رنجی ژماره‌یه‌كی زۆر له ڕۆژئاواییه‌كانی بۆ لای خۆی ڕ‌اكێشا و له ده‌وری خۆی كۆی كردنه‌وه.
حكوومه‌تی هیندی ته‌واو له ده‌ستی جاڕس بووبوو، له ترسی فره‌وانبوونی پێگه و سه‌نته‌ره‌كانیدا، ڕێی لێی گرت هیچ زه‌وییه‌ك بكڕێت، باڵوێزخانه‌كانی هیندیش له وڵاتان، ڤیزایان به هیچ كه‌سێك نه‌ده‌دا له‌وانه‌ی ده‌یانویست ڕوو بكه‌نه هیند و بۆ په‌رستگه‌كه‌ی وی بچن. باجیشیان زۆر له‌سه‌ری زیاد كرد، لێكۆڵینه‌وه‌یشیان له‌گه‌ڵ خۆی و هاوكاره‌كانیدا له‌سه‌ر هه‌ندێ كرده‌ی گوماناوی ده‌ست پێ كرد.
ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی حكوومه‌تی هیند له دژی گریتییه به‌ر، وایان لێی كرد له ناوه‌ڕاستی ساڵی 1981دا به‌ره‌و وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كۆچ بكات. شوێنكه‌وته‌كانی، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی نیشته‌جێبوون و په‌رستگه‌یه‌كیان له ویلایه‌تی ئه‌ریگۆن دروست كرد، كه دواتر به ناوی (ڕاجنیش پۆرام) ناسرا. ده‌گوترێت ئه‌و زه‌وییه‌ی په‌رستگه‌كه‌ی له‌سه‌ر دروست كرابوو، بایی شه‌ش ملیۆن دۆلار بووه.
ساڵێكی برد و نه‌برد، شاره‌وانیی ئه‌ریگۆن له‌گه‌ڵ دانیشتووانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌دا كه‌وته ململانێوه، هۆكاری یه‌كه‌می كێشه‌ی زه‌وی بوو. ورده ورده دووژمنایه‌تییه‌كه‌ی نێوان هه‌ردوو په‌ره‌ی سه‌ند. ئه‌و ژماره زۆره‌ی ماشێنی جۆری (ڕۆڵز ڕوویس)یش، كه شوێنه‌كه‌وته‌كانی ڕاجنیش كڕیبوویانن و به‌كاریان ده‌هێنان، جێگه‌ی ڕه‌خنه بوو.
ناكۆكییه‌كان ڕۆژ له دوای ڕۆژ ڕوویان له زیادبوون ده‌كرد، كێشه‌كه به ده‌ستگیركردنی ڕاجنیش (ئۆشۆ) له لایه‌ن پۆلیسی ئه‌و ویلایه‌ته‌وه كۆتایی هات، دادگا تۆمه‌تی پێشێلكردنی یاساكانی كۆچبه‌ریی داوه پاڵی، زۆری پێ نه‌چوو به‌گوێره‌ی هه‌ندێ به‌ندی یاسایی له ئه‌مریكا دوور خرایه‌وه. بیستویه‌ك وڵات ڕێگه‌یان نه‌دایه پێ بخاته وڵاته‌كانیانه‌وه. سه‌ره‌نجام گه‌ڕایه‌وه بۆ پوونه و له 19ی كانوونی دووه‌می ساڵی 1990، له‌و شاره كۆچی دوایی كرد. له دوای مردنی، ژماره‌ی موریده‌كانی ڕوویان له زیادبوون كرد.
ئۆشۆ و مێژوویه‌ك له تاوان!
له ساڵی 1970ه‌وه كه له شاری بۆمبای نیشته‌جێ بوو و ناوی خۆی له مامۆستا ڕاجنیشه‌وه بۆ باكوان ڕاجنیش –واته ڕاجنیشی خودا- گۆڕی، ورده ورده بیر و فه‌لسه‌فه‌ی خۆی بڵاو كرده‌وه، كه كاكڵه‌كه‌ی به ده‌وری بابه‌تی سێكسدا ده‌خولایه‌وه، ئه‌و بانگه‌شه‌ی بۆ ئازادیی سێكسی ده‌كرد و ڕه‌نگه یه‌كه‌م كه‌س بووبێت له دنیادا ئاوها به‌ئاشكرا و بێپه‌رده پشتگیریی له هه‌موو جۆره لادانێكی سێكسی كردبێت، ئه‌و كه بنه‌مای فه‌لسه‌فه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه مرۆڤ له ڕێی سێكسه‌وه نه‌بێت ناتوانێت بگات به قۆناغی ڕووناكبوونه‌وه‌ی ناوه‌كی، پێی وایه هۆمۆسێكچواڵیتی كارێكی باش و قبووڵكراوه، چونكه پیاو له پیاو و ژنیش له ژن باشتر تێده‌گات تا له ڕه‌گه‌زی به‌رانبه‌ر! هه‌روه‌ها بانگه‌شه‌ی بۆ جۆرێك له سادیزم ده‌كرد و ده‌ڵێن خۆیشی له‌گه‌ڵ به‌رده‌سته‌كانیدا جێبه‌جێی كردووه!
له شاری بۆمبای تووشی كێشه بوو له‌ته‌ك كچێكی ئه‌مریكاییدا كه یه‌كێك بوو له شوێنه‌كه‌وتووه‌كانی, كچه سك‌پڕ بوو، ئۆشۆ ناچاری كرد منداڵه‌كه‌ی له‌بار به‌رێت، لێ دوایی نكووڵی كرد له‌وه‌ی داوایه‌كی وه‌های له كچه كردبێت. كچه‌یش سكاڵایه‌كی پێشكه‌شی باڵوێزخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی له هیند، كرد. ده‌ڵێن ئه‌م ڕووداوه بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی ئۆشۆ مه‌رجی له‌باربردن به‌سه‌ر شوێنه‌كه‌وتووه‌كانیدا بسه‌پێنێت، كه سه‌ره‌نجام به نه‌زۆككردنی ژنانی شوێنه‌كه‌وتووی كۆتایی هات.
ئاخر یه‌كێك له‌و مه‌رجانه‌ی به‌سه‌ر ژنانی شوێنكه‌وتووی ڕێبازه‌كه‌یدا ده‌یسه‌پاند، قایلبوونیان بوو به له‌باربردن وه‌ختێ باردار ده‌بوون. ئه‌مه له‌گه‌ڵ هه‌ندێ له گوتاره‌كانیدا وێك دێته‌وه كه تیایاندا باسی ئه‌وه ده‌كات، پێویستمان به وه‌چه‌خستنه‌وه نییه. ئه‌م ڕایه‌ی ئۆشۆ له‌ته‌ك ئاوه‌زی ساغ و لۆژیكیشدا ناته‌بایه، ئه‌گه‌ر هه‌موو ژنانی دنیا نه‌زۆك بكرێن، مرۆڤایه‌تی له كه‌متر له سه‌د ساڵدا كۆتایی دێت. داخۆ وه‌ها بانگه‌شه‌یه‌ك له كه‌سێكی ئاقڵه‌وه ده‌رده‌چێت؟!
ژنێكی ڕاكردوو له شوێنكه‌وتووانی ئۆشۆ به ناوی (جین سترۆك), كتێبێكی نووسیوه به ناوی (ڕاكردن له خودا)، له‌و كتێبه‌دا ده‌ڵێت، ته‌نانه‌ت كچه ده ساڵانه‌كه‌یشی له ده‌ستی نه‌زۆككردن ڕزگاری نه‌بووه، سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌ناو په‌رستگه‌كه‌دا لاقه‌یش كراوه. هه‌ر له‌و كتێبه‌دا باسی سێكسی به‌كۆمه‌ڵ و ژنگۆڕینه‌وه‌ی نێو په‌رستگه كراوه.
ئۆشۆ، هاوسه‌رگیریی مه‌حاریمی به لاوه كارێكی باش بوو، به كرده‌وه‌یش ئه‌وه‌ی سه‌لماندبوو، خوشكه‌زایه‌كی خۆی به ناوی (بارتكچا ئه‌بوورفا) هێنابووه په‌رستگه و كردبوویه كه‌نیزه‌كی خۆی.
ده‌گوترێت كاتی خۆی داوای له حكوومه‌تی هیندی كردبوو، ڕێگه به شوێنكه‌وتووانی بدات به ڕووت‌وقووتی به ناو شاردا بگه‌ڕێن، به پاساوی ئه‌وه‌ی مرۆڤ به بێ جلوبه‌رگ دێته دنیاوه، دواتر هه‌مان داوای پیشكه‌شی حكوومه‌تی ئه‌مریكیش كردبوو، هه‌ردوو جار داواكه‌ی ڕه‌تكراوه‌ته‌وه.
كاتێكیش چووه شاری پوونه، ڕێگه‌ی پێ نه‌درا له‌ناو شاردا هیچ جۆره ناوه‌ندێك بكاته‌وه، بۆیه ناچار بوو په‌رستگه‌كه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی شار دروست بكات.
له‌و په‌رستگه‌یه‌یشدا هه‌واڵ له كوشتن و خۆكوژی و لاقه‌كردن و ژه‌هراویكردن و جادوو و سزادان دراوه. له‌ناویاندا مردنی شازاده‌یه‌كی ئینگلیز به ناوی (وێڵف ئێرنست) ته‌مه‌ن 34 ساڵ، له كاتی ڕاهێنانی نێو په‌رستگه‌كه‌دا. خێزانی شاهانه‌ی بریتانیا نه‌یانتوانی ژن و مناڵه‌كه‌یشی ڕزگار بكه‌ن، تا دوای وێرانبوونی په‌رستگه‌كه‌یان له ئه‌مریكا، ئه‌و كات له‌و په‌رستگه‌یه‌دا دۆزییانیانه‌وه. ته‌نانه‌ت خودی ئۆشۆیش جارێك له لایه‌ن گه‌نجێكی هیندییه‌وه به‌ر خه‌نجه‌ر ده‌درێت و بریندار ده‌كرێت.
دانیشتووانی شاری پوونه، به‌ته‌واوی له بینینی دیمه‌نی شوێنكه‌وتووه‌كانی كه به جلی پرته‌قاڵییه‌وه ده‌رده‌كه‌وتن، جاڕس بووبوون، بێ‌ئاگا بوون له‌وه ڕاجنیش داوای له حكوومه‌تی هیندی كردووه، ڕێ به شوێنه‌كه‌تووه‌كانی بدات به ڕووتی به‌ناو شاردا بسووڕێنه‌وه!
پێش ئه‌وه‌ی به‌ره‌و ئه‌مریكا هه‌ڵبێت، داوای له شی‌لای سكرتێری كرد كه به ئه‌نجامدانی یه‌كه‌م هێرشی بایۆلۆجی له مێژووی ئه‌مریكادا ناسراوه، كتێبێك بنووسێت به ناوی (ئایینی ڕاجنیشی)، ئه‌ویش وای كرد. له‌و كتێبه‌دا ڕایگه‌یاند هیچ ئایینێك نییه جگه له ئایینی ڕاجنیشی. شیلا دواتر له كاتی لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵیدا ڕایگه‌یاند و له چه‌ندین دیمانه‌ی ڕۆژنامه‌وانییشدا پاته‌ی كرده‌وه، ئه‌و كتێبه‌ی به فرمانی ئۆشۆ نووسیوه و ئامانج لێی ده‌ستكه‌وتنی ڤیزای نیشته‌جێبوون بووه له وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، ڤیزای پێغه‌مبه‌رایه‌تی! له‌وه‌یش سه‌یرتر، كاتێ له ئه‌مریكا ده‌ركرا، ئه‌و كتێبه‌ی هاوڕێ له‌گه‌ڵ جله پرته‌قاڵییه‌كانی شیلادا، كه مانگێك به‌ر له ده‌ستگیركردنی ئۆشۆ ڕایكردبوو، ئاگر تێ به‌ردا!
له ماوه‌ی چوار ساڵدا، داروده‌سته‌ی ئه‌م پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستییه ئه‌وه‌نده‌یان تاوان ئه‌نجام دا، به بیری كه‌سدا تێناپه‌ڕێت.
یه‌كه‌م كاری ڕاجنیش له ئه‌مریكا دروستكردنی په‌رستگه‌یه‌ك بوو له ویلایه‌تی ئۆریگۆن، كه هێنده گه‌وره بوو زیاتر له شار ده‌چوو وه‌ك له په‌رستگه، ناویشی نا ڕاجنیش پۆرام كه به مانای شاری ڕاجنیش دێت. شوێنه‌كه‌وتووه‌كانی ڕۆژانه 12 كاتژمێر كاریان تێدا ده‌كرد.
به‌ر له هه‌ر هه‌نگاوێك، باجوان ڕاوێژی به متمانه‌پێكراوترین ڕاوێژكاری خۆی، (شیلا پرینستێل)ی ناسراو به (ما ئه‌ناندا شیلا) كرد و لێی خواست به دوای جێگه‌یه‌كی گونجاو‌دا بۆ خۆی و گرۆیه‌كه‌ی بگه‌ڕێت، به شێوه‌یه‌ك بتوانن به‌ئاسانی بانگه‌واز بۆ ئایینه‌كه‌یان بكه‌ن و شوێنكه‌وتووانی هه‌ست به ئازادی و ئارامی بكه‌ن.
شیلا قۆڵی لێی هه‌ڵماڵی و چاكی لێ كرد به لادا و به هاوكاریی مێرده‌كه‌ی (مارك سیلفرمان) كه‌وته گه‌ڕان و سه‌ره‌نجام ڕووبه‌رێكی 258 كیلومه‌تر دووجای دۆزییه‌وه، زه‌وییه‌كی وشكوبرینگ له باكوووری ڕۆژئاوای وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا. زۆرێك له شوێنه‌كه‌وتووه‌كانی یه‌كه‌م جاریان بوو پێ بخه‌نه سه‌ر خاكی ئه‌مریكا، زیاتر له نیوه‌یان نه‌یانده‌زانی ئۆریگۆن چییه و ده‌كه‌وێته چ قوڕنه‌یه‌كی دنیاوه، چ بگات به شارۆكه‌یه‌كی وه‌ك ئه‌نتیلۆپ!
شیلا ده‌یزانی باشترین جێگه بۆ ڕێبه‌ره‌كه‌ی و بانگه‌وازه‌كه‌ی دۆزیوه‌ته‌وه، هه‌ر خۆی كه‌وته جووڵه و چالاكی و به هه‌موو ڕێگه‌یه‌ك هانی ئه‌ندامانی گرۆیه‌كه‌ی ده‌دا بجووڵێن و پشتی یه‌ك بگرن و به هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی یه‌كدی، تا زووه شاره‌كه‌یان دروست بكه‌ن.
ڕاجنیشییه‌كان له سفره‌وه ده‌ستیان پێ كرد و نه‌وه‌ستان تا ئاواتی شیلایان به‌دی هێنا، سه‌رچاوه‌ی وزه‌یان دروست كرد، پاشان بۆریی ئاو و ئاوه‌ڕۆ، دواتر ڕێگه‌وبان، پاشانه‌كه سه‌نته‌رێكی بازرگانی و فرۆكه‌خانه‌یه‌ك و زنجیره‌چێشتخانه‌یه‌ك، دوای ئه‌وانه ئینجا ته‌لارێكی زه‌به‌لاح كه ده هه‌زار كه‌سی ده‌گرت، تایبه‌ت به وه‌رزش و ڕامانی ڕووحی. ته‌نانه‌ت پۆسته‌یشیان بۆ شاره‌كه‌یان دانابوو. پاشان بێستانێكی گه‌وره‌یان دروست كرد كه سیسته‌می وزه‌ی به‌شێوه‌یه‌ك داڕ‌ێژرابوو، به وزه‌ی خۆر كاری ده‌كرد، چه‌ند به‌نداوێكی گچكه‌یشیان دروست كرد و سه‌رچاوه‌ی ئاوی بێستانه‌كه‌یان له‌و به‌نداوانه‌وه وه‌رده‌گرت. به‌وه‌یش ئه‌و بیابانه كاكیبه‌كاكییه‌یان گۆڕی بۆ پارچه‌یه‌ك له سه‌وزایی و ژیانیان بۆی گێڕایه‌وه و ته‌نانه‌ت بوو به سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ به‌رهه‌می ئاژه‌ڵییش.
دانیشتووانی شارۆكه‌ی ئه‌نتیلۆپ به‌یانییه‌كی ساڵی 1981 چاویان كرده‌وه و ده‌بینن ژماره‌یه‌كی زۆر خه‌ڵكی بیانی وه‌ك مێروو داوارینه سه‌ر شارۆكه‌كه‌یان، ئه‌و خه‌ڵكه هه‌موویان جلی سووریا‌ن پۆشیبوو و بانگه‌شه‌یان بۆ ئه‌وین و ئاشتی ده‌كرد. ئه‌وان له هیچه‌وه ده‌ستیان پێ كرد و زۆری نه‌برد شارێكی تایبه‌تیان بۆ خۆیان له ناوجه‌رگه‌ی بیاباندا دروست كرد. سه‌رۆك و ڕیشسپیی ئه‌و گرۆیه مامۆستایه‌كی ڕووحی بوو له وڵاتی هینده‌وه هاتبوو، ناوی (باجوان شری ڕاجنیش) بوو، ئه‌مه سه‌ره‌تای چیرۆكێكی تازه بوو له مێژووی ڕۆژئاوا و ته‌واوی دنیادا.
ڕاجنیش دوای ته‌واوبوونی شاره‌كه‌ی، داوای له موریده‌كانی كرد هه‌موو جۆره په‌یوه‌ندییه‌ك به خێزان و كه‌سوكاریانه‌وه بپچڕن و هه‌موو موڵك و ماڵیان بفرۆشن و پاره‌كه‌ی بێنن بۆ په‌رستگه، چه‌شنی هه‌موو بزاوته توندڕه‌وه‌كانی دنیا. ئه‌و كاره دژ ده‌وه‌ستا له‌گه‌ڵ یاساكانی ئه‌و ویلایه‌ته‌دا كه تێیدا نیشته‌جێ بوو، بۆیه ڕه‌ت كرایه‌وه. چه‌ندین كاری ته‌زویر و فریوكاری تریان ئه‌نجام دابوو، وه‌ك خۆدزینه‌وه له دانی باج، ئه‌نجامدانی هاوسه‌رگیریی ساخته له‌نێوان ئه‌مریكایی و هیندییه‌كاندا، به مه‌به‌ستی هێنانی هیندییه‌كان و وه‌رگرتنی ڤیزا و نیشته‌جێبوونی هه‌میشه‌یی…
زۆری نه‌برد ژماره‌ی شوێنكه‌وتووه‌كانی گه‌یشتنه چاره‌گه‌ملیۆنێك. ئه‌مه‌یش حكوومه‌تی ئه‌مریكای نیگه‌ران كرد و هه‌ڕه‌شه‌ی دیپۆرتكردنه‌وه‌ی لێ كرد، كه‌چی ئه‌و تا ده‌هات بێباكتر ده‌بوو.
كار گه‌یشتبوو به‌وه‌ی داوای له شوێنه‌كه‌وتووه‌كانی ده‌كرد دارستان و نووسینگه ده‌وڵه‌تییه‌كانی ویلایه‌ته‌كه ئاگر تێ به‌ر بده‌ن، هه‌روه‌ها هه‌ڕه‌شه‌ی له هه‌ندێ به‌رپرس ده‌كرد كه تیرۆریان ده‌كات، بگره هه‌وڵی تیرۆركردنیشیانی دا.
سه‌ره‌نجام تووشی گه‌وره‌ترین تاوان بوو كه سه‌ری خۆی و موریده‌كانیشی خوارد و بووه هۆی كۆتاییهاتنیان له ئه‌مریكا، كاتێ هه‌وڵی گۆڕینی ڕێڕه‌وی هه‌ڵبژاردنیان له ویلایه‌ته‌كه‌دا بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان دا، ئه‌ویش له ڕێی هه‌وڵی ژه‌هراویكردنی دانیشتووانی زۆرێك له شاره‌كانی ویلایه‌تی ئۆریگۆنه‌وه. لێ له ساتی ئه‌نجامدانی كرده‌یه‌كی ئه‌زموونیدا بۆ زانینی ڕاده‌ی سه‌ركه‌وتنی ئه‌و هه‌وڵه، ئه‌نجامده‌ره‌كانی ده‌ستگیر كران، قوربانیانی ئه‌و هه‌وڵه ئه‌زموونییه 751 كه‌س بوون، كه ئه‌و كات حكوومه‌تی ئه‌مریكا به گه‌وره‌ترین هێرشی تیرۆریستییانه‌ی بایۆلۆژی له مێژووی ئه‌مریكادا، له‌قه‌ڵه‌می دا.
زۆرێك له داروده‌سته‌كه‌ی و ئه‌و كه‌سانه‌ی له تاوانه‌كه‌وه گلا بوون، به‌ره‌و سویسرا و ئه‌ڵمانیا هه‌ڵاتن و ده‌ستیان به‌سه‌ر سامانێكی زۆری كۆمه‌ڵه‌كه‌دا گرت، ته‌نانه‌ت شی‌لای سكرتێری تایبه‌تیی ڕاجنیش، به ته‌نیا خۆی ده‌ستی به‌سه‌ر 52 ملیۆن دۆلاری گرۆیه‌كه‌دا گرت، وه‌لێ دواتر به‌زۆر هێنرایه‌وه بۆ ئه‌مریكا. شیلا كه پلانداڕێژه‌ری هێرشه‌كه بوو، به كه‌متر له دوو ساڵ زیندانیكردن حوكم درا!
شیلا له لێدوانێكیدا ڕایگه‌یاند: ده‌بوایه ئێمه له‌بری زیندانیكردن خه‌ڵاتی نۆبڵمان پێ ببه‌خشرایه!
هه‌رچی ئۆشۆیه، ئه‌وا به فڕۆكه‌ی تایبه‌تیی خۆی ڕایكرد، كه‌چی دواتر وه‌ختێ فڕۆكه‌كه‌ی له یه‌كێك له ویلایه‌ته‌كانی تری ئه‌مریكا به مه‌به‌ستی به‌نزین تێكردن نیشته‌وه، له لایه‌ن پۆلیسه‌وه ده‌ستگیر كرا و خرایه زیندانه‌وه، حكوومه‌ت له‌گه‌ڵی ڕێك كه‌وت، به مه‌رجی جێهێشتنی ئه‌مریكا، له‌و تۆمه‌تانه‌ی له‌سه‌ری بوون، بێبه‌ریی بكه‌ن، هه‌ر وایشیان كرد.
ئۆشۆ ساڵی 1985 مه‌رگی ئایینه‌كه‌ی ڕاگه‌یاند و به‌رپرسیاریه‌تیی هه‌موو كارێكی شوێنكه‌وتووه‌كانیشی گرته ئه‌ستۆ. ساڵی 1987 حكوومه‌تی هیند به‌زه‌یی پێیدا هاته‌وه و ڕێگه‌ی دا بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و وڵاته.
كاتێ پۆلیس هه‌ڵیكوتایه سه‌ر په‌رستگه‌كه‌ی، چیی دۆزییه‌وه؟
به‌گوێره‌ی لێدوانه‌كانی پۆلیسی ویلایه‌تی ئۆریگۆن، چه‌ندین تاقیگه‌ی تایبه‌ت به ئاماده‌كردنی نه‌خۆشیی ئه‌یدز و ئاماده‌كردنی به‌كتیریا و ئاماده‌كردنی جۆره‌ها چه‌كیان دۆزیوه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها ده‌ستیان گرتووه به‌سه‌ر بڕێكی بێئه‌ندازه له مادده‌ی هۆشبه‌ر به هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه، ته‌نانه‌ت چه‌ند جۆرێك مادده‌ی هۆشبه‌ریان دۆزیبووه‌وه كه تا ئه‌و كاته له ڕۆژئاوادا نه‌ناسرابوون. هه‌روه‌ها بۆیان ده‌ركه‌وت كه په‌رستگه‌كه زیاد له سه‌د ماشێن و سێ فڕۆكه‌ی هه‌یه، 27 له ماشێنه‌كان له جۆری ڕۆز ڕایس بوون.
ڕاجنیش كاتی خۆی پێشبینیی ڕوودانی لافاوێكی وه‌ك لافاوه‌كه‌ی نووحی له نێوان ساڵانی 1984-1990دا كردبوو، كه تیایدا تۆكیۆ، نیویۆرك، سان فرانسیسكۆ، لۆس ئه‌نجیلۆس و بۆمبای له‌سه‌ر زه‌وی ده‌سڕدرێنه‌وه. ئه‌وه ڕووی نه‌دا، تاقه شارێك كه له سه‌رزه‌وی سڕدرایه‌وه، ڕاجنیش پۆرامه‌كه‌ی خۆی بوو!
ڕاجنیش وه‌ختێ گه‌ڕایه‌وه بۆ هند ناوی خۆی گۆڕی بۆ ئۆشۆ، كه له‌و كاته‌وه تا ڕۆژی ئه‌مڕۆ، خۆی و كۆمه‌ڵه‌كه‌یی پێ ده‌ناسرێت.
شی‌لای سكرتێری پێشووی ده‌ڵێت له ژیانیدا سێ جار ناوی خۆی گۆڕیوه، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ر ناوگۆڕینێكدا مێژوویه‌ك له چه‌رمه‌سه‌ری و ناخۆشی بسڕێته‌وه، لێ ئه‌و ڕێگایه سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه.
ئۆشۆ ساڵی 1990 به نزیكه‌كانی خۆی گوت، جه‌سته‌مم لێ دوور بخه‌نه‌وه، بووه‌ته دۆزه‌خ بۆم، هه‌ر چه‌ند سه‌عاتێك دوای ئه‌و قسه‌یه گیانی سپارد. ده‌گوترێت له‌وانه‌یه خۆی كوشتبێت. ئه‌م ئه‌گه‌ره‌یش له ڕاستییه‌وه دوور نییه، چونكه پێشتریش، به‌ر له‌وه‌ی به‌ره‌و ئه‌مریكا بچێت، وه‌ختێ حكوومه‌تی هیند فشاری بۆ هێنابوو، هه‌ڕه‌شه‌ی خۆكوشتنی كردبوو. هه‌ندێكیش ده‌ڵێن به نه‌خۆشیی ئه‌یدز مردووه، چونكه خۆی دانی به‌وه‌دا ناوه كه له‌نێو په‌رستگه‌كانیدا، له‌گه‌ڵ سه‌دان ئافره‌تدا سه‌رجێیی كردووه، لێ شوێنه‌كه‌وتووه‌كانی ده‌ڵێن ئه‌و كۆندۆمی به‌كار ده‌هێنا و داوای له‌مانیش ده‌كرد هه‌مان كار بكه‌ن. چونكه وای پێشبینی كردبوو نه‌خۆشیی ئه‌یدز له ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكدا یه‌ك له‌سه‌ر سێی جیهان ده‌كوژێت!
هه‌ندێك له موریده‌كانیشی ده‌ڵێن حكوومه‌تی ئه‌مریكا ژه‌هرخواردیان كردووه. ئه‌گه‌رچی هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك بۆ ئه‌م لافه له‌به‌رده‌ستدا نییه.
ئۆشۆ كه وای ده‌رده‌خست هه‌موو نه‌خۆشییه‌ك به ڕاهێنانی ناوه‌كی له‌ناو ده‌چێت، خۆی له ساڵی 1970ه‌وه تا سالی مردنی كه 1990ه، تووشی چه‌ندین جۆر نه‌خۆشی بووبوو. به بێ پزیشك و په‌رستاره تایبه‌ته‌كانی بۆ هیچ شوێنێك نه‌ده‌چوو، ته‌نانه‌ت كاتێ له ئه‌مریكایش زیندانی كرابوو، خرابووه به‌شیی پزیشكیی زیندانه‌وه، له‌به‌ر نه‌خۆشییه‌كانی.
زۆربه‌ی شوێنه‌كه‌وتووه‌كانی گرفتاری جۆره‌ها نه‌خۆشی بوون. ته‌نانه‌ت هه‌ندێ له شوێنكه‌وتووه‌كانی، له‌به‌ر نه‌خۆشی و تێكچوونی باری ده‌روونییان، له په‌رستگه‌یش وه‌ده‌ر نرابوون و له ڕێگاوبانه‌كاندا ده‌نووستن. هێنده له‌ڕ و لاواز بووبوون، سوێندت خواردبا ئێسكه‌په‌یكه‌رن و ڕێ ده‌كه‌ن.
كار گه‌یشتبووه ئه‌وه‌ی هه‌ندێ له خێزانه‌كان، ده‌ستبه‌ردای منداڵه‌كانیان بووبوون، تا له‌گه‌ڵ ئۆشۆدا بمێننه‌وه، چونكه ئه‌و پێغه‌مبه‌ره بڕوای به یاسای خێزان نه‌بوو، ئه‌ویش نه‌یكردبووه نامه‌ردی به‌ڕه‌ڵای سه‌ر جاده و شه‌قامه‌كانی كردبوون، له ڕێوبانه‌كان و له‌نێو وێستگه‌كانی شه‌مه‌نده‌فه‌ردا ده‌ستیان له خه‌ڵك پان ده‌كرده‌وه! باش بوو ڕێكخراوێكی خێرخوازیی مه‌سیحی فریایان كه‌وت و له خۆی گرتن، كاری له‌سه‌ر دووباره‌ڕاهێنانه‌وه‌یان و پاشان ناردنه‌وه‌یان بۆ وڵاته‌كانیان كرد.
محه‌مه‌د ئه‌لوه‌لیدی كه من به‌شێكی ئه‌م نووسینه‌م له‌و وه‌رگرتووه، ده‌ڵێت ئه‌و گه‌نجه عه‌ره‌بانه‌ی له‌گه‌ڵ ئۆشۆدا كاریان ده‌كرد و من گفتوگۆم له‌گه‌ڵ كردوون، ده‌یانگوت ئه‌وان خه‌ریكی شه‌یتانپه‌رستی و كاری جادووگه‌رین. ئه‌لوه‌لیدی ده‌ڵێت هه‌رگیز فرمێسكی ئه‌و لاوه هۆڵه‌نداییه‌م له‌به‌رچاو لاناچێت، كه ده‌مویست قایلی بكه‌م وازیان لێ بێنێت، ئه‌ویش به ده‌م گریانه‌وه ده‌یگوت: ناتوانم!
ئۆشۆ و بزاوتی ماسۆنی
هه‌ندێ نووسه‌ری عه‌ره‌ب باسی په‌یوه‌ندیی ئۆشۆ به جووله‌كه و بزاوتی ماسۆنییه‌وه كه بزاوتێكی ئاڵۆزه و كاره‌كانی له‌ژێر په‌رده‌وه ئه‌نجام ده‌دات، ده‌كه‌ن. ئه‌و نووسه‌رانه به‌ڵگه‌یان بۆ قسه‌كانیان هه‌یه.
ئه‌وان ده‌ڵێن ڕاسته خۆی دانی به‌وه‌دا نه‌ناوه ئه‌ندامێكی ئه‌و بزاوته بێت، لێ كاره‌كانی به‌ڵگه‌ی بێچه‌ندوچوونن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌گوێره‌ی پلانی ئه‌و بزاوته جووڵاوه‌ته‌وه، بۆ نموونه بانگه‌شه‌ی بۆ ئازادیی زایه‌ندی و سه‌رمایه‌داری و سنوورداركردنی وه‌چه، له گرنگترین ئامانجه‌كانی بزووته‌نه‌وه‌ی ماسۆنییه.
به‌ده‌ر له‌وه، به‌ڵگه‌ی دیكه‌یشیان به ده‌سته‌وه‌یه، له‌وانه به‌رگریكردنی سه‌رسه‌ختانه‌ی له (سوامی فیفیكانندا) به‌ناوبانگترین ماسۆنیی هیندی، كه لافی ڕووحانیبوونی لێ ده‌دا. هه‌روه‌ها هاوڕێیه‌تیكردنی یه‌كێك له كۆڵه‌كه‌كانی بزاوتی ماسۆنی له هیند، كه (مووتی لال نه‌هرۆ)ی برای جه‌واهیر لال نه‌هرۆیه. ئۆشۆ هه‌ر كاتێك تووشی كێشه‌یه‌ك ده‌بوو له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هینددا، ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی بیری حكوومه‌ت ده‌هێنایه‌وه.
یه‌كێكی تر له به‌ڵگه‌كانیان په‌یوه‌ندیی ته‌مومژاویی نێوان ئۆشۆ و بنه‌ماڵه‌ی فینزیلووسه، ئه‌و نووسه‌رانه ده‌پرسن چی وا ده‌كات بنه‌ماڵه‌یه‌كی زه‌نگین و خاوه‌نناوی یۆنانی، وه‌ك بنه‌ماڵه‌ی فینزیلووس، دابینكردنی ئه‌و پارچه زه‌وییه بگرێته ئه‌ستۆ كه یه‌كه‌م په‌رستگه‌ی بۆ ئۆشۆ، له شاری پوونه، له‌سه‌ر دروست كرا؟
هه‌روه‌ها ده‌پرسن چی پاڵی به (ستیڤن نایت)ه‌وه نا، كه یه‌كێك بوو له شوێنكه‌وتووه‌كانی ڕیبازه‌كه‌ی ئۆشۆ و دوایی له‌به‌ر ئه‌و دزێوییانه‌ی لێی بینیبوون، به‌تووڕه‌یی جێی هێشتن، په‌رده له‌سه‌ر دزێوییه‌كانی بزاوتی ماسۆنی هه‌ڵبماڵێت له كتێبه‌كه‌یدا كه به ناوی (برایه‌تی)یه‌وه بڵاوی كرده‌وه؟ ئایا ویستوویه‌تی بدات له ڕیشه و سه‌ری ماره‌كه به ئامانج بگرێت؟
به‌ڵگه‌یه‌كی دیكه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان ئۆشۆ و جووله‌كه، یه‌كه‌م باڵوێزی ئۆشۆ له وڵاتی نیپاڵ كه (ئه‌ناند ئارۆن) بوو، له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی ئیسرائیلی‌دا، له نیپاڵ كاری ده‌كرد.
له ئۆشۆ خۆیشییه‌وه بیستراوه، وه‌ختێ له ئه‌مریكا تووشی گیروگرفت بوو و ده‌ستگیر كرا، ته‌نیا جووله‌كه‌كان پشتیان گرت و به‌رگرییان لێی كرد و له ئازادبوونیدا ڕۆڵیان گێڕا.
ئه‌و نووسه‌رانه بۆ پشتگیری له بۆچوونه‌كانیان، به‌ده‌ر له‌و به‌ڵگانه‌ی له پێشه‌وه باس كران، به‌ڵگه‌ی بینراویش ده‌خه‌نه ڕوو، له‌سه‌ر ئه‌و ڕێگه‌یه‌ی له شاری پوونه‌وه به‌ره‌و په‌رستگه‌كه‌ی ئۆشۆ ده‌چێت، هه‌موو ئه‌و تابلۆی ڕێنماییانه‌ی دانراون، لۆگۆی هه‌ره‌م و یه‌ك چاوه‌كه‌یان به‌سه‌ره‌وه‌یه، ئه‌و كه‌سانه‌ی شاره‌زای بزاوتی ماسۆنین ده‌زنن، ئه‌و لۆگۆیه گرنگترین لۆگۆی ماسۆنییه. ئه‌مه سه‌رباری ئه‌و ته‌لاره زه‌به‌لاحانه‌ی له شێوه‌ی هه‌ره‌مدا، له‌ناو په‌رستگه‌كه‌دا دروست كراون و زۆرترین پاره‌یان تێ چووه.
مشتێك له باوه‌ڕه‌كانی ئۆشۆ
ئۆشۆ كتێبێكی به‌ناوبانگی هه‌یه به ناوی (مه‌رگی خودا)، تێیدا باوه‌ڕه‌كانی ده‌رباره‌ی خودا و ئایین و هه‌قیقه‌ت خستووه‌ته ڕوو، ده‌كرێت له ڕێی ئه‌و كتێبه‌وه له هه‌ندێ بۆچوون و باوه‌ڕی تێبگه‌ین، بۆ نموونه:
مه‌رگی خودا له لای ئۆشۆ به مانای باوه‌ڕنه‌بوون به خودایه‌كی جودا له گه‌ردوون دێت، ئه‌و باوه‌ڕی وایه خودا و گه‌ردوون هه‌ر یه‌ك شتن و له یه‌كتر جودا نابنه‌وه.
ئۆشۆ به‌ئاشكرا دژایه‌تیی ئایینه ڕێكخراو یان ئاسمانییه‌كان ده‌كات و باوه‌ڕی به ڕووحانیبوونێكی كه‌سه‌كی هه‌یه، كه نه به هیچ شه‌ریعه‌تێكه‌وه پابه‌نده و نه سه‌ر به هیچ ئایینێكیشه.
ئۆشۆ باوه‌ڕی به ڕێژه‌ییبوونی به‌ها و ڕاستییه‌كان هه‌یه، پێی وایه ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ڕاسته ده‌شێت سبه‌ی ناڕاست بێت و باوه‌ڕێك نییه ڕاستیی ڕه‌ها بێت.
له كتێبێكی دیكه‌یدا به ناوی له ده‌رمانكردنه‌وه بۆ ڕامان “From Medication to Mediation”، ده‌ڵێت: “ڕامان ڕێگه‌ی ڕاسته‌قینه‌یه بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر خۆدا، حه‌وجێ به خودا نییه، حه‌وجێ به ڕێنوێنییه ئاینییه‌كان نییه، حه‌وجێ به كتێبی پیرۆز نییه، پێویست ناكات كه‌س ببێت به كریستیان یان جوو یان هیندۆسی، هه‌موو ئه‌وانه شتگه‌لی بێمانان”.
ئه‌و پێی وایه مرۆڤایه‌تی گه‌یشتووه‌ته ئاستێك ده‌توانێت كۆنترۆڵی ته‌مه‌نی مرۆڤ و ڕاده‌ی خۆشبه‌تیی بكات، ئه‌وه‌تا ده‌ڵێت: “مرۆڤایه‌تی ئه‌مڕۆكه له توانایدایه نه‌وه‌یه‌ك بێنێته بوون، كه دارای له‌شساغییه‌كی باشتر بن له نه‌وه‌كانی پێشتر، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه بگره ده‌توانین ته‌مه‌نیشیان دیاری بكه‌ین و وا بكه‌ین چه‌ندمان حه‌ز لێ بێت ئه‌وه‌نده عومر بكه‌ن، بگره ده‌توانین به‌گوێره‌ی ئه‌رك و كاره‌كانیان، ئاستی ژیرییشیان به‌رینه سه‌ره‌وه”. ئه‌م قسه‌یه‌ی دوایی هه‌م ئاڵۆزه و هه‌م ناڕاستیشه، زانست تا ئێستا نه لافی ئه‌وه‌ی لێداوه، بتوانێت ته‌مه‌نی بنیاده‌م دیاری بكات و نه ئاستی ژیرییشی به‌رز بكاته‌وه.
ئۆشۆ بڕوای وایه ده‌بێت منداڵ ئازاد بكرێت و هیچ جۆره ڕێگایه‌كی پیشان نه‌درێت، تا خۆی گه‌وره ده‌بێت و هۆشی ده‌كرێته‌وه و به ئازادی بڕیار ده‌دات، ئه‌و ده‌ڵێت: “ئه‌و زارۆیه‌ی له زه‌ینی مندایه، ده‌بێت خودان ئازادییه‌كی ڕه‌ها بێت، كاتێ گه‌وره ده‌بێت هیچ ڕێبازێكی سیاسی هه‌ڵنابژێرێت، مل بۆ هیچ ئایینێك كه‌چ ناكات، ئایینێكی تایبه‌ت به خودی خۆی ده‌بێت”.
پرسیار ئه‌مه‌یه: ئه‌مه‌ی ئۆشۆ ده‌یڵێت خۆی جۆره ئایینێك نییه؟ ئه‌ی مناڵه‌كه له كوێدا هه‌ڵبگیردرێت تا كاتێ گه‌وره ده‌بێت، به شێوه‌یه‌ك هیچ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر نه‌بێت؟ یان هه‌موو منداڵێك ببردرێته لای ئۆشۆ و ئه‌و ده‌رسی بدات؟ ئه‌گه‌ر وا بێت ئایا ئه‌ویش هه‌ر بڕیاری گه‌وره‌كان نییه به‌سه‌ر منداڵدا؟
ئه‌و به ڕاشكاوی ده‌یڵیت و نایشارێته‌وه كه باوه‌ڕی به هاوسه‌رگیریی نێوان خوشك و برا هه‌یه، له جێیه‌كدا ده‌ڵێت: “بۆ پیاو خوشكی خۆی نه‌خوازێت؟ خۆی ده‌بوایه ئه‌م جۆره زه‌ماوه‌ندكردنه ئاسانترین جۆری زه‌ماوه‌ند بووایه، پیاو خوشكی خۆی بخوازێت. تۆ ئه‌وت هه‌ر خۆش ده‌وێت، له‌و كاته‌وه‌ی له‌دایكبوویته له‌گه‌ڵتدایه، باش ده‌یناسیت و باش ده‌تناسێت، بۆ ده‌بێت له یه‌كتر حه‌رام بن؟”.
• تێبینی: زۆربه‌ی وێنه‌كانی نێو ئه‌م نووسینه، له په‌رستگه‌ی (ڕاجنیش پۆرام)ی ویلایه‌تی ئۆریگۆن گیراون.
بۆ زیاتر ئاگاداریی له‌م باسه، ئه‌م سه‌رچاوانه‌ی خواره‌وه یارمه‌تیده‌رن:
- https://www.businessinsider.com/netflix-wild-wild-country-sex-cult-largest-bioterror-attack-us-history-2018-3
- https://www.businessinsider.com/netflix-wild-wild-country-sex-cult-largest-bioterror-attack-us-history-2018-3#the-commune-dissolved-after-rajneesh-was-deported-from-the-us-in-1985-for-pleading-guilty-to-violations-of-immigration-law-he-moved-back-to-india-and-died-in-1990-at-the-age-of-58-9
- https://allthatsinteresting.com/rajneesh
- http://www.slate.com/blogs/atlas_obscura/2014/01/09/the_largest_bioterror_attack_in_us_history_began_at_taco_time_in_the_dalles.html
- Page 001030 The New York Times Archives
هێمن خورشید