Skip to Content

زەنگیانەی ئاوییی – ڕستی یانزەهەم … فەتاح حەسەن

زەنگیانەی ئاوییی – ڕستی یانزەهەم … فەتاح حەسەن

Closed
by حوزه‌یران 20, 2019 General, Poems

( خەون )
مرۆڤی تەنیا کەمتر خەون دەبینێ
خەونەکانیشی زیاتر زیندەخەون
هەرکات
سەرەتای خەوبینیم، لەبیرما
دڵنیابە،
ئەوسا .. ئەمن
کەسێکی ترم، خۆشدەوێ.

( هەواری خاڵیی )
كەم دڵم بشكێنە وبڵێ نا..
ڕۆژێك دادێت
بێیتە سەرهەواری خاڵی
ئەوجا..
پەنجەی پەشیمانی دەگەزی و
دەڵێی:-
خۆزگە ھێندە نەموتایە،نا
ئەوساش
پەشیمانیی، دادت نادات ،نا

( درۆزن )
هەرچەند ناوت دەبەم
دەیگەزم زمانم،
بڕیار لەگەڵ خۆمدا دەدەم
چیدی ناوت نەیەتە سەر زارم
ئای لە من، کە، درۆزنم.

( ئێستا)
کە، من دەمەوێ
لە ئیستادا بژیم
ڕابردووم بەبیر مەهێنەوە
داهاتووش هەرچی دەبی باببێ،
کەپیی گەیشتم،
دەبیت بە ئێستا..

( بەخشندە)
بەندەیەك لەبری ئەوەی بەرد بگرێتە شەیتان
گرتییە کابەو
بەتەمایە خوا بیبەخشێت
چون دەزانێت
خودا بەخشندەیە،
ژن هەیە گوڵیشی تێبگریت
بەخشندەیی خۆی نانوێنێ،نا

( کڕنووشبردن)
ئەگەر بەنیازی
کڕنووش بردن بم، بۆ مرۆڤ
تەنها و تەنها..
کڕنوش بۆ خودی خۆم دەبەم..

( دڕك)
هەرکەس وێرای
بە گوڵ بڵێت ناشرینە
چاك بزانە
بەدڕکی گوڵیش نابێ.

( تاریکیی )
شەمشەمەکوێرە
چەند حەزی بە ڕوناکییە
مرۆڤی تەنیاش، هێندە بەتاریکیی

( خۆڕاگر )
سنەوبەرێك و ھەنجیرێ
بوو بەشەڕیان
ھەنجیرەكە
تاتوانای بوو
پرچی سنەوبەری داڕنی
سنەوبەرەكە وتی
ئەمن لێتدەگەگەڕێم
بۆ پایز.

( دوودڵیی )
لەودەمەیدا جوتێك کۆتری نێرو مێ
بەدەمی یەکدا دەڕشێنەوە،
واشەیەك بێ و
ئەوانیش بدەن لە شەقەی باڵ
نازانم
نەفرەت لە برسییەك کەم
یا..
ببمە قوربانی عاشق و مەعشوقێك

فەتاح حەسەن
دانیمارك/ ڤالبی

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish