 
	باڵهكانم دهبڕنهوه … ستار ئهحمهد
ئەمڕۆو سبەی
 خۆرێكی نوێ
 لەسەر لوتكەی چیاكانمان
 نیگای بۆ خاك دەكاتەوە
 بەهاری ئازادی و شادی
 دەستی خەزان هەڵدەپاچێ
 جەنگی داعشی بەنەفرەت
 كۆتایی دێ و لەناو دەچێ
 ئەو كاتە پێویستە گەلم
 بەیەك دڵ و
 یەك جەستەوە
 چەترێك بن بۆ بزاڤی نوێ
 هەتا كۆرپەی لانكی مێژوو
 بەئارامی و شادییەوە
 لەنێو گوڵی ژینا بنوێ
 بااشوور
 نیمچە پەڕێكی دەركردو
 ویستی باڵەكانی لێكدا
 لەسەد لاوە گورگ پەیدابوو
 گورگی بیانی و خۆمانە
 جارێكی تر
 كێشیان كردین
 بەرەو بەعدا
 بووینە هاوپەیمانی
 كۆنە دڕندەی مێگەلمان
 وابۆ سەد ساڵی رێك دەچێت
 خوێن و ماڵ و ئابڕووی ئێمە
 ئاوی دیجلەو فورات دەیبات
 كوردستان تەفرو توونا بوو
 وڵاتێك نەبوو لەدنیا
 دەستێكی سۆز
 بۆ ئەم پارچە داڕزاوە ی
 تەنی وێڵم درێژ بكا
 هەر ئەوان بوون
 شێخ مەحموودو
 بارزانی و چەندی دیكەیان
 بەئاهی دڵەوە فەوتان
 ئێستاش دەبینی بوونەتە
 برای پشت و
 بەهاوپەیمان
 لەگەڵ ئێمەدا هاوخوانن
 بەڵام ناوی باكور بێنین
 رووی مێژوو ئاوەژوو دەكەن
 دەستی راستم توند دەگوشن و
 ئەوی چەپم دەیڕنەوە
 خوارووم دەكەن بە كێڵگەی مین
 سەرووشم بەگازو پیترۆڵ
 لەقەندیل زمانم دەبڕن
 لاشەكەشم
 رێوی دەیخوات
 لەئەنادۆڵ
 ستار ئهحمهد


 
			 
			 
			