Skip to Content

ئایا ئەمریکا غەزەب لە تورکیا ئەگرێت…. مستەفا شێخ محەمەد

ئایا ئەمریکا غەزەب لە تورکیا ئەگرێت…. مستەفا شێخ محەمەد

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 5, 2019 General


سیناتۆرە کۆماری و دیموکراتەکان داوای سزادانی تورکیا دەکەن، ئەوەش بەتەواوەتی دوای ئەوەی کۆبونەوەی تڕامپ و ئەردوگان، ئەنجامێک بەدەستەوە نەداوە، ترامپ ئەردوگانی بۆ لێپێچینەوە، بانگی ئەمریکا کردو کۆمەڵێک داواکاری خستە بەردەم تورکیا جێبەجێیان بکات وەک فەرمان، بەپێچەوانەوە سزای ئەدات، ئەو نامەییەی کریس ڤان هاڵن و لینزی گراهەم بۆ وەزیری دەرەوەی ووڵاتەکەیان ناردوە، هێمایە بۆ جێبەجێ نەبونی داواکانی ئەمریکا لە لایەن تورکیا، ئەگەر ئەوە زێدە گوشار نەبێت، دەکرێت وەک سەرەتایەکی کردەیی، سنور بۆدانانی تورکیا چاوی لێبکرێت، بەڵام ئەگەر تەکتیکێک بێت، شتێکی دیکەیە.

تا تورکیا ئەو هێزە بێت، یاری مشک و پشیلە لە گەڵ زلهێزان بکات و لە لیبیاوە تا قەتەر و سوریا و سودان و عێراق دەستێوەردان بکات، لەو سەریشەوە شەش حەوت دەوڵەتی تورک زمان کۆبکاتەوە، بڵێت شەش دەوڵەت و یەک نەتەوە، لە خێمەی ڕزیوی unیش بترازێت بەگەلانی ناوچەکە رەوا نەبینێت، لەو سەریشەوە، بەئاشکرا هەرەشە لە ئەوروپیەکان بکات و دوای لێدوانەکانی ئەردوگان تەقینەوەکان شەقاماکانی ئەوروپا بەخوێن سور ببن.
ئەمریکا ئەڵێت ئێران سزا ئەدەم تورکیا دەرگا و بانکەکانی بۆ ئەکاتەوە.
تورکیا لە بارودۆخێک دایە کە چیتر ئەو پردە نیە خۆرئاوایەکان بەسەلامەتی پێیدا بپەڕنەوە بۆ رۆژهەڵات.
ئەمریکا ئەیەوێت غەزەب لە تورکیا بگرێت، چیتر لە کۆڵ ئەو کێشانە ببێتەوە، کە تورکیا بەدرێژایی رۆژەکانی ساڵ دروستیان ئەکات.

بابەتەکە کورد نیە، بابەتەکە ئەمریکا و ئەوروپایە کە زەحمەتە بۆ لەمەودوا، بتوانن تەحمولی تورکیا بکەن، کە لە سەر نزیکەی هەموو شتێک پێچەوانەی ئەوان بیرەکاتەوە، بەڵام مەرج نیە، شتەکان بەخێرای بەرێوە بچن وەک تۆی خوێنەر چاوەڕێی ئەکەیت، بەڵکو بەپێی نەخشەی ورد و ئارامگرانە ئەبن.

تێبینی بکە کاتێک هەموو دەوڵەتانی ناوچەکە و هاوپەیمانانی ئەمریکا لە رۆڵ و کاریگەری ئێران تا ئەو پەڕی نیگەران بون، لە عێراق و لوبنان و یەمەن و سوریا، بەڵام ئەمریکا تەنیا بە پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی عێراق و لوبنان خەریکە شکست بەهەموو پرۆژەکانی ئێران دێنێت.

ئەمریکا هەمیشە سیاسەتێکی ئارامگری هەیە، کە زۆر دەگمەنە ئەمریکا کاردانەوەی خێرای هەبوبێت، لە بەرامبەر ئەو ووڵاتانەی نەیاری سیاسەتەکانیانن، نزیکەی چل ساڵ چاوەرێی کرد تا یەکێتی سۆڤیەتی روخا، لە 1991 تا 2003 چاوەروانی روخاندنی سەددامی کرد، لە کاتێکدا لە دەیتوانی لە نەوەدو یەک بە کەمتر لە هەفتەیەک سەددام بڕوخێنێت، چەندین ساڵە لە بەرامبەر کۆریای باکور و ئێران ئارامگرە.
لە بەرامبەر تورکیا بەشێوەیەکە، سیاسەتی چاوەڕێ بکە و ببینە پەیرەو دەکات، دوای گەرانەوەی ئەردوگان بەچەند رۆژێک، تورکیا نەک مەسەلەی s400ی هەڵنەپەسارد بەڵکو، ئەو فرۆکەیەی خستە ژێر تاقیکردنەوەی سیستەمەکە، فرۆکەیەکی ئەمریکی لە جۆری f16 بوو.
بە هەموو ئەو پێوەرانەی کە نیشانی ئەدەن ئەمریکا چ خواستێکی هەیە، تورکیا چیتر یەکێک نیە، لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا.

سزادانی تورکیا لە سەر قەشە برۆنسن سەرەتای پڕۆسەکەیە، پەلاماردانی رۆژئاڤای کوردستان لە رۆژی 9ی ئۆکتۆبەر 2019 چاڵە قوڵەکەیە، بەشی کۆتای فلیمەکەش پەخشنەکراوە، بەڵام ئەوەی رونە ئێستا تورکیا لەو نێچیرە بێ ئەزمونە ئەچێت، کەوتۆتە ناو تەپکە.
جا ئەوە بۆ کورد تەنیا کاتێک مانایەکی هەیە، کە لە ئێستاوە ئامادەکاری بکات بۆ ئەوکاتەی بەشەکانی کۆتایی فیلمەکە نمایش ئەکرێت.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish