Skip to Content

كاریكاتێر و جۆره‌كانی تری هونه‌ری شێوه‌كاری له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریدا -1- … هه‌ندرێن خۆشناو

كاریكاتێر و جۆره‌كانی تری هونه‌ری شێوه‌كاری له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریدا -1- … هه‌ندرێن خۆشناو

Closed
by كانونی دووه‌م 5, 2020 General, Literature


به‌شی (1)

بێجگه‌ له‌ كاریكاتێر ڕۆژنامه‌گه‌ری پشت به‌ جۆره‌كانی تری شێوه‌كاریش ده‌به‌ستێت، وه‌كو وێنه‌ و پۆسته‌ر و وێنه‌ی هاوپێچ یان باكگراوند، ئه‌م جۆرانه‌ش زۆرجار له‌گه‌ڵ كاریكاتێردا به‌یه‌كده‌گه‌ن له‌ ناوه‌ڕۆكه‌ گاڵته‌جاڕییه‌كانیاندا، كه‌ زۆرجار ته‌كنیكه‌كانی كاریكاتێر به‌كاردێنن له‌ جێبه‌جێكردنیاندا، یان ناوه‌ڕۆكێكی كۆمیدیانه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن كه‌ وایان لێده‌كات تا ڕاده‌یه‌كی زۆر به‌ كاریكاتێر بچن. نزیكترینیان له‌ كاریكاتێر پۆسته‌ره‌ كاتێك كه‌ ڕه‌گه‌زی كۆمیدیای تێدابێت، بۆیه‌ له‌ پۆسته‌ره‌وه‌ ده‌ست پێده‌كه‌ین.

1- كاریكاتێر و پۆسته‌ر:

جیاوازی له‌ نێوان كاریكاتێر و پۆسته‌ردا پرسیار لای كه‌س ناوروژێنێت، هه‌ریه‌كه‌یان ڕه‌گه‌ز و خه‌سڵه‌تی جیاكاری خۆی هه‌یه‌، كه‌ بوار بۆ پرسیاركردن ناهێڵێته‌وه‌، پۆسته‌ر جۆرێكه‌ له‌ جۆره‌كانی گرافیك له‌سه‌ر كاغه‌زێكی گه‌وره‌، زۆرجاریش ناوه‌ڕۆكێكی روون و دیار و ده‌قێكی كورتی شیكاریی هه‌یه‌، مه‌به‌ستیشی پروپاگه‌نده‌ و هاندان و رێكلامكردنه‌، له‌ بواره‌كانی سیاسه‌ت و بازرگانی و شانۆ و پزیشكی و فێركردن و چه‌ندین بواری تریش.

كه‌چی كاریكاتێر نیگارێكه‌ پشت به‌ زێده‌ڕۆییكردن و گه‌وره‌كردن ده‌به‌ستێت بۆ وه‌ده‌ستهێنانی كاردانه‌وه‌یه‌كی كۆمیدیانه‌.

ئێمه‌ لێره‌دا مه‌به‌ستمان توێژینه‌وه‌ نیه‌ له‌ هونه‌ری پۆسته‌ردا، مه‌به‌ستمان له‌ چوارچێوه‌ی پۆسته‌ری گاڵته‌جاڕی خۆی ده‌بینێته‌وه‌، په‌یوه‌ندی نێوان پۆسته‌ری گاڵته‌جاڕی و كاریكاتێر چیه‌؟ ئایا ده‌توانین به‌ كامه‌یان بژمێرین كاریكاتێر یان پۆسته‌ر؟ به‌ڕای ئێمه‌ ئه‌م پرسیارانه‌ ڕه‌وان، له‌به‌ر هۆیه‌كی بنه‌ڕه‌تی، ئه‌ویش زۆرێك له‌ پۆسته‌ره‌كان ته‌كنیكی كاریكاتێر به‌كاردێنن، و زۆرێك له‌ نیگاره‌ كاریكاتێرییه‌كانیش ده‌كه‌ونه‌ ته‌ڵه‌ی پۆسته‌ره‌وه‌ (بۆیه‌ ناومان لێنا ته‌ڵه‌، پاش كه‌مێكی تر ده‌یزانین). پێش ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ بده‌ینه‌وه‌، پێمان باشه‌ نه‌ختێك له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی پۆسته‌ر به‌ ڕۆژنامه‌وانیه‌وه‌ بوه‌ستین، ئایا پۆسته‌ر هونه‌رێكی ڕۆژنامه‌وانیه‌؟ بۆچی به‌ یه‌كێك له‌م هونه‌رانه‌مان دانا كه‌ هاوبه‌شی كاریكاتێر ده‌كه‌ن له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریدا؟ بێگومان پۆسته‌ر له‌ هونه‌ره‌كانی ڕۆژنامه‌وانیدا نیه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ یه‌كێك له‌و هونه‌رانه‌یه‌ كه‌ له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریدا بوونیان هه‌یه‌، له‌ ناوه‌كه‌یڕا دیاره (ملصق: پێوه‌نووساو، پێوه‌لكاو) كه‌ ئاماده‌كراوه‌ بۆ پێوه‌نووسان و پێوه‌لكان به‌ دیوار و ڕوو‌كار و شوێنه‌ گشتیه‌كانه‌وه، به‌ڵام هۆی بوونی له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریدا بۆ ئاسانكاری بڵاوبوونه‌وه‌ی پۆسته‌ره‌كه‌‌، و گه‌یشتنی به‌ فراوانترین چین و توێژه‌كانی جه‌ماوه‌ره‌، به‌مه‌ش كاریگه‌ری زیاتر ده‌ستده‌كه‌وێت، هه‌ندێك جار پۆسته‌ر وه‌كو ماده‌یه‌كی هاوكار به‌كاردێت، به‌ڵام ئه‌م به‌كارهێنانه‌ لاوه‌كی ده‌بێت، زۆجاریش پۆسته‌ر بۆ ئه‌م به‌كارهێنانه‌ ئاماده‌نه‌كراوه‌، له‌وانه‌شه‌ به‌كاربێت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ بنه‌ڕه‌تییه‌ی كه‌ بۆی ئاماده‌كراوه‌، پۆسته‌ریش له‌م حاڵه‌ته‌دا جێی بایه‌خی ئێمه‌ نیه‌ له‌م توێژینه‌وه‌دا.

له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه‌ی كه‌ باسمان كرد، واباوه‌ كه‌ پۆسته‌ر به‌ قه‌باره‌یه‌كی گه‌وره‌ بڵاوبكرێته‌وه‌ له‌ ڕۆژنامه‌كاندا، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ خوێنه‌ر بتوانێت له‌ ڕۆژنامه‌ یان گۆڤارێكدا بیبڕێت، بۆ هه‌ڵگرتن یان هه‌ڵواسینی، زۆرجار له‌ گۆڤاره‌كاندا له‌سه‌ر یه‌كێك له‌ به‌رگه‌كان بڵاوده‌كرێته‌وه‌، له‌به‌ر ڕه‌نگاوڕه‌نگی به‌رگه‌كان، به‌مجۆره‌ش شێوه‌ی پۆسته‌ره‌كه‌ هه‌روه‌ك جێبه‌جێكراوه‌ ده‌رده‌چێت، زۆربه‌ی گۆڤاره‌كانیش له‌ دیوی پشته‌وه‌ی به‌رگ ماده‌یه‌كی كه‌م بایه‌خ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌، به‌مجۆره‌ خوێنه‌ر ده‌توانێت پۆسته‌ره‌كه‌ ببڕێت، به‌بێ ترسی فه‌وتان و له‌ ده‌ستدانی ماده‌ ڕۆژنامه‌وانیه‌كه‌ی پشتی پۆسته‌ره‌كه‌.

به‌م شێوه‌یه پۆسته‌ر جیاوازه‌ له‌ كاریكاتێر هه‌تا له‌ په‌یوه‌ندیه‌كه‌شی له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌گه‌ریدا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ كاریكاتێردا بوونیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌كانی، بۆیه‌ ئێمه‌ش باسی ده‌كه‌ین.

به‌كارهێنانی ته‌كنیكی كاریكاتێر له‌ پۆسته‌ردا دیارده‌یه‌كه‌ بره‌وی هه‌یه‌ و بازاڕی گه‌رمه‌، له‌به‌ر هۆیه‌كی بنه‌ڕه‌تی ئه‌ویش ستایلی كۆمیدیا سه‌رنجی بینه‌ر ڕاده‌كێشێت، ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ش به‌ نه‌رم و ڕه‌وانی ده‌گه‌یه‌نێت، پۆسته‌ریش به‌ هه‌موو شێوه‌كانیه‌وه‌ ئامانجی پروپاگه‌نده‌یی هه‌یه‌، كه‌ ده‌بێت بینه‌ر قبوڵی بكات و پشتی تێنه‌كات، بۆیه‌ ستایلی كاریكاتێریی سه‌ركه‌وتووترین ستایله‌ بۆ گه‌یشتن به‌م ئامانجه‌، له‌گه‌ڵ چه‌ندین ستایلی دیكه‌دا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ پۆسته‌ر كاریكاتێر به‌كاردێنێت بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كانی، به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌و مافه‌مان ناداتێ كه‌ ناوی بنێین كاریكاتێر، بۆیه‌ نمونه‌ترین ناو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناوی بنێین (پۆسته‌ری كاریكاتێریی)، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وێنه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی سه‌ر به‌ هونه‌ری پۆسته‌ره‌، بۆیه‌‌ وێنه‌كه‌ به‌ پله‌ی یه‌ك پۆسته‌ره‌ و به‌ پله‌ی دوو كاریكاتێره‌، چونكه‌ كاریكاتێر ڕۆڵێكی هاوكار ده‌بینێت و ئه‌ڵقه‌یه‌ك له‌ ئه‌ڵقه‌كانی تری هۆكاره‌ هاوكاره‌كان پێكدێنێت، وه‌كو به‌كارهێنانی ڕه‌نگ و هێڵه‌كان و جاری واش هه‌یه‌ شێوه‌كانی تری هونه‌ری شێوه‌كاری جگه‌ له‌ كاریكاتێر به‌كاردێنێت وه‌كو وێنه‌ بۆ نمونه‌، نمونه‌ش بۆ پۆسته‌ری كاریكاتێریی، ئه‌و كاره‌ی هونه‌رمه‌ندی رۆسیایی كۆچكردوو (بۆریس یڤیمۆف)ـه‌، كه‌ دژ به‌ هیتله‌ر و له‌شكره‌كه‌ی كێشراوه‌، و له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگی جیهانی دووه‌مدا به‌سه‌ر سه‌ربازه‌كاندا دابه‌شكراوه‌.

هه‌ندرێن خۆشناو

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress