 
	چیتر ماوە بۆ چاوەڕوانیی ؟!!…نەوازد بەندی
بۆچی نایەی
گەڵا ھەڵوەریوەکان و
گەڵا نیوە سووتاوەکان
کۆکەینەوە و
درەختێکی لێ دروستکەین
بمابناتەوە بۆ بەھار ؟
بۆچی .. بۆ چی ڕازی نابی
ھەنگاوە بێ ئامانجەکان
ھەنگاوە  بێ ئاڕاستەکان
کە لە جادەی تینوێتی و 
  برسێتی نامان ،
کۆ کەینەوە و
ڕێگایەکی لێ دروستکەین
بمانگەیەنێتە ڕووبار
بمانگەیەنێتەوە  ماڵی نان ؟
ئێ لەبەرچی ڕازی نابی ،
ئەم پارچە پڕ  لە ئازارەی
ناویان لێ ناوە نیشتمان ،
ئەم کەلە سەر و
چوار پەلە
ستەمدیدەیەی
کە ناویان ناوە ئینسان ،
تەڵاق بەین و
بڕۆینەوە
ماڵی خۆمان ؟
بڕوانە
ھەرچی ھۆنراوە   و
چۆلەکە و
خاڵخاڵۆکە و
حاجی لەقلەق ھەبوو ،
تەڵاقیان دا و
وازیان ھێنا
لە شەڕ و
ئاشتی و
دانوستان 
وازیان ھێنا
لە ئەگەری  چاکسازی و
کابینەی تازە و
شەڕە کورسی ناو پەرلەمان 
وازیان ھێنا لە درامای
بێ سەرەتا و
بێ کۆتایی
قات و قڕی و
ھەواڵی بە پەلە و
قەیران ؟
تا کەی تێر نابی 
لە  ھێزی فڵان چەتە و
لە چاکسازیی فڵان مافیا و
لە شەڕی فیسار   نامەرد و
لە  پاکسازی فڵان شەیتان  ؟
تەمەن ئەوەندەی نەماوە
مابیشێتی
فرۆشراوە
بە کۆمپانیای شەڕ و
باج و
سندوقی دراوی
 نێودەوڵەتی و
نەوت و
کۆبوونەوەی 
حیزبی و
مەزھەبی و
میزاجی گەوجی
کۆمەڵێ  گەمژەی
بێ ویژدان


 
			 
			 
			