Skip to Content

ئیدارەدانی قەیران لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کتێبەکەی جۆن بۆڵتن

ئیدارەدانی قەیران لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کتێبەکەی جۆن بۆڵتن

Closed
by حوزه‌یران 29, 2020 General, Opinion

جۆش رۆگن – واشنتن پۆست

لە ئینگلیزییەوە: ئومێد بۆتانی

خراپ مامەڵە کردن لە سیاسەتی دەرەوە ى ئەمريكا ، سەرگوزوشتەی چیرۆکێکی رەخنەیی و توانج ئامیزە لە کتێبەکەی جۆن بۆڵتن، ” ئەو ژوورەی تێیدا روویدا: یادەوەرییەکانی کۆشکی سپی”

راوێژکاری پێشوی ئاسايشى نيشتيمانى ئاشکرای دەكات، مامەڵەکردنی ئیدارەی تڕەمپ بۆ دۆخی سوریا، پشتگوێخستنێکی زۆر گەورە و کێماسیەکی ترسناک و داچۆرانی ئەخلاقی سياسى ئیدارەکە دەردەخات.

لە ووتەكانى بەردەوام دەبێت و دەڵێت : ئێمە دەمانزانی تڕەمپ دەربارەى سوريا چۆن بيردەکاتەوە،. چونکە سەرۆک تڕەمپ کە بە ئاشکرا گووتی سوریا هیچ نیە جگە لە ” خۆڵ و مەرگ” لە رۆژی یەکەمەوە دەیویست ئەو ٢٠٠٠ سەربازە ئەمریکییەی لەو ووڵاتەن بکشێنێتەوە، بێ گوێدانە دەرەنجامەکان. رۆن بوو دەیویست سەرکەوتنى پێشوەختە بە سەر دەوڵەتی ئیسلامیدا رابگەیەنێت.، هەرەوەها پێدانی گۆڕەپانی جەنگ بە هەر کەسێک کە بیەوێت بێتە ناوی و تاوەكو بڵێت ئامانجەکانی هاوپەیمانیەتیەکەمان پێکا.

ئەو کتێبە تەنها باسی ئەو وردەکارییە ناخۆشانە ناکات سەبارەت بە تێنەگەیشتن و خراپ ئیدارەدانی تڕەمپ بۆسیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە سوریا، بەڵکو ئەو كێماسییە قوڵەی لە نێو تیمەکەیدا هەبوو كە لە هەمووی مەترسیدارتر بوون کەچى لە کتێبەکەی باسنەکراوە- ئەوەیە کە هیچ هەوڵێکی راستەقینە لە لایەن ئیدارەی تڕەمپەوە نەبووە بۆ چارەسەکردنی قەیرانی سوریا و هاوڵاتيانى.

لێدوانەکانی تڕەمپ دەریدەخات کە بەشێوەیەکی دروست لە بارودۆخی سوریا تێ نەگەیشتووە و گرنگی پێ نەداوە. تڕەمپ هەستا بە بڕینی ٢٠٠ ملیۆن دۆلار کە بۆ بەرقەرارکردنی ئاساییشی ناوچە ئازادکراو و بێسەروبەرەکانی سوریا تەرخانکرابوو، چونکە رایگەیاند ‘ دەمەوێت ووڵاتی خۆمان ئاوەدان بکەمەوە نەک ووڵاتانی دیکە’. تڕەمپ هیچ کات پێی وانەبووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەرژەوەندیی هەیە لە شەڕ کردن دژ بە دەوڵەتی ئیسلامی. دەیگووت ” ئێمە داعش دەکوژین بۆ ووڵاتانێک کە دوژمنمانن”، بە تەنیاش هەستی خۆی دەربڕی دەربارەی ‌ئەو هێزەی کە لە سوریا هاوپەیمانە لە گەڵ ئەمریکا. ” من حەز بە کوردەکان ناکەم. ئەوان لە عێڕاقیەکان را دەکەن، لە تورکەکان را دەکەن، تەنها ئەو کاتە را ناکەن کە فڕۆکە ئێف- ١٨ەکانمان هەموو دەوروپشتییان بۆردومان دەکەن.

بڕیاری تڕەمپ بۆ لێدانی رژێمی ئەسەد بۆ جاری دووەم دوای بەکار‌هێنانی چەکی کیمیاوی لە دژی هاوڵاتیانی سڤیل ئەو کاتە بوو کە بۆڵتن هەفتەیەک بوو دەستبەکارببوو وەک راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی. بۆڵتن کارەکەی بە تێکشکاو پێناسەکرد. جێم ماتێسی وەزیری بەرگری ئەوکاتیشی بەوە تۆمەتبارکرد کە بە جووڵەی بیرۆکراتی هەڵبژاردەکانی لە بەردەم تڕەمپ کەمکردەوە، بۆڵتن گەیشتبووە ئەو دەرەنجامەی کە ئەوە بەس نەبوو بۆ وەستاندنی رژێمی ئەسەد لە دووبارە بەکار‌هێنانەوەی چەکی کیمیاوی.

ترەمپ هەوڵیدا لە دوا ساتەکان بکشێتەوە دوای رازیبوونی هاوپەیمانەکان . گووتی ” ئەو کارە هیچ دەرەنجامی نابێت”

بڕیاری تڕەمپ لە دیسێمبەری ٢٠١٨ بە کشانەوەی تەواوی ئەمریکا لە سوریا و دانوستاندنەکانی لە گەل رەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆکی تورکیا چیرۆکی تەواو بێزارکەربوون بۆ بۆڵتن، ” ئەوە قەیرانێکی کەسی بوو بۆ من” بۆڵتن . بەڵام نەک لە بەرئەوەی کە چی روودەدا لە سوریا. بەڵکو بە پێی لێکدانەوەی بۆڵتن، ” وێنە گەورەکە وەستاندنی ئێران بوو”.

بۆڵتن دەڵێت: رۆن دێرمری بالیۆزی ئیسڕائیل پێی گووتم ئەوە ناخۆشترین رۆژم بووە تا ئێستا لە سەردەمی ئیدارەی تڕەمپ.”

پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی تڕەمپ لە گەڵ ئەردۆگان تێکەڵەیەکی بێزارکەر بوون لە پەیامی ناڕوون و لێکدانەوەی بێ ناوەڕۆک. تڕەمپ ویستی تورکیا شەڕی دژ بە دەوڵەتی ئیسلامی تەواو بکات و هێرشیش نەکاتە سەر کوردەکان. ( دواتر، تورکیا راستەوخۆ هێرشی کردە سەر کوردەکان لە کاتێکدا داعش خۆی رێکخستبۆوە). بۆڵتن قسەی زۆر توندی بە جێمس جێفری نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا گووت، بۆڵتن گووتی ئەو لایەنگیری تورکیایە و هەوڵیدا دەستینشانی ئەو ناوچانە بکات لە سوریا کە تورک و کوردەکان دەستی بە سەردابگرن، کە هەوڵێکی نەزۆک بوو چونکە تورکەکان پشتگوێیانخست.

بۆڵتن هاوشان لە گەڵ جەنەڕال جۆزێف دەنفۆڕد کە ئەوکاتە سەرۆکی دەستەى ئەرکانی هاوبەش بوو، توانییان باوەڕ بە تڕەمپ بێنن کە دووسەد سەربازێکی ئەمریکی لە باکووری سوریا بهێڵێتەوە هەروەها ئەو بنکە سەربازییەی ئەمریکا لە بەشی باشووری ئەو ووڵاتە ناسراو بە تەنەف کە ٢٠٠ سەربازێک یان زیاتری تێدایە. کاتێک لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ تڕەمپ دووبارە کشانەوەی تەواوی ئەمریکای لە سوریا راگەیاند بۆڵتن لە کۆشکی سپی نەمابوو. لە دواییدا تڕەمپ بەرە بەرە لەو راگەیاندنە پاشگەزبۆوە، کە ئەوەش ناسۆریەکی دیکەی بیرۆکراتی و دیپلۆماسی بوو.

سەرۆک هەرگیز تێگەیشتنێکی واقیعی بۆ سوریا نەبوو. ئەو پێی وابوو ووڵاتە عەرەبییەکان هێز بۆ سوریا رەوانە دەکەن ولەبەرامبەر پاڵپشتيكردنيان پارە بە ویلایەتە یەکگرتووەکانیش دەدەن ، کە ئەمە ئەو كارە بوو پێشوەختە بۆڵتن هەوڵی بۆ دابوو بەڵام هیچ ئەنجامی نەبوو. هەروەها تڕەمپ پێیوابوو لە ئەگەری کشانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان ووڵاتە ئەوروپییەکان هێزی زیاتر رەوانەی سوریا دەکەن، کە ئەمە هەرگیز راست نەبوو.

تڕەمپ “بە بەردەوامی” هەوڵی دەدا پەیوەندی بە ئەسەدەوە بکات و دانوستاندنی لە گەڵ بکات سەبارەت بە لایەنی کەم شەش هاووڵاتی ئەمریکی کە گوماندەکرا لە زیندانەکانی رژێم بن، بەڵام سەرکردە سورییەکە بەدەم ئەو داواکارییەوە نەهات، بۆ رازیکردنی بۆڵتن، تڕەمپ دووبارە و چەند بارە ئاماژەی بە ” کامپەینەکەم” و ” بنکەی هەڵبژاردنەکەم ” دەکرد وەک هۆکارگەلێک بۆ چوونە دەرەوە لەو ووڵاتە. تڕەمپ بەردەوام بە دەنگی بەرز پرسیاری دەکرد ئێمە بۆچی لەوێ بووین.

بۆڵتن لە کتێبەکەیدا باس و پێشنیاری هیچ ناکات جگە لە شەڕی دژ بە داعش و دژایەتیکرنی ئێران، لە گەڵ باسێکی کەمی ئیدلب کە وەحشەکانی رژێمی ئەسەد و رووسیا و ئێران چاودێری دەکەن( بەردەوامیشن). بە هیچ شێوەیەک ئاماژە بە زیندانیکردنی بە کۆمەڵ و ئەشکەنجەدان وکوشتنی سەدان هەزار هاوڵاتی سڤیل لە لایەن ئەسەد ناکات، کە ستیڤن رابی بالیۆزی تاوانەکانی جەنگ لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ” خراپترین ماکینەی کوشتن” پێناسەى کرد لە پاش سەردەمی نازییەکانەوە.

کاتێک ڤلادیمێر پۆتنی سەرۆکی رووسیا بە راستەوخۆ بۆڵتنی هاندا بە رێگەی دیپلۆماسی قەیرانی سوریا ( هێلی نموونەی رووسیا) چارەسەر بکات، بۆلتن پێی گووت ” ئێمە شەڕی ناوخۆمان لە سوریا نەکردووە، سیاسەتی ئێمە ئێران بوو”. ئەگەر هەوڵێکی جددی دیبلۆماسی هەبووبێ بۆ چارەسەکردنی قەیرانەکە یاخود وەستاندنی زوڵم و زۆردارییەکان، ئەوە بۆڵتن ئاماژەی پێنەکردووە.

ئەوەی لە کتێبەکەی بۆڵتندا دەردەکەوێت ئەوەیە کە هیچ بەرپرسێکی پایە بەرز لە ئیدارەی تڕەمپ پێی وانەبووە کە بەرپرسیاریەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانە رۆڵی سەرکردایەتی ببینێت لە قەیرانی كردەیی سوریادا. بۆڵتن گرنگی بە ئێران دەدا، ماتێس گرنگی بە شەڕی دژی داعش دەدا، جێفری گرنگی بە پەیوەندییەکان لە گەڵ تورکیا دەدا لە کاتێکدا هیچ دەسەڵاتێکی نەبوو بۆ بەرەوپێشبردنی ئەو دۆسیەیە لە رووی دیبلۆماسییەوە. تڕەمپ بنكەى هەڵبژاردنەکەی لا گرنگ بوو، پۆمپەیۆ گرنگی بە رازیکردنی تڕەمپ دەدا. بەڵام هیچ کام لە پلە باڵاکانی نێو ئیدارەکە بە كردەیی گرنگی بە خەڵکی سوریا نەدەدا.

ئەوەیە نەهامەتی بەردەوامی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی تڕەمپ دەربارەی سوریا- کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە. تاوەکو كەڕامەت و ئاسایش و دادپەروەری بۆ گەلی سوریا نەگەڕێندرێتەوە، ئەو شەڕە قەت کۆتایی نایەت. ئەمەش واتا پەنابەری زیاتر، ناسەقامگیری زیاتر، توندوتیژی زیاتر، داگیرکاری زیاتری ئێران و زێدەبوونی باندۆری رووسیا.

بۆڵتن دەڵێت:” لە روانگەی ئێمەوە سوریا “چوارگۆشەیەکی ستراتیژی” بوو ئەو بیروبۆچوونە توند و چەوتە کاریگەری بە سەر نەهامەتی ملیۆنان کەسەوە هەیە. کە رەنگە لە کۆتاییدا ئیدارەی داهاتووی ویلایەتە یەکگرتووەکان لێی تێبگات و شتێکی لە بارەوە بکات

جۆش رۆگن گۆشە نووسە لە بەشی بیروبۆچوونە نێودەوڵەتییەکان لە واشنتن پۆست. دەربارەی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشیی نیشتیمانی دەنوسێت. هەروەها رۆگن شڕۆڤەکاری سیاسیە لە کەناڵی سی ئێن ئێن. پێشتریش بۆ بلومبێرگ ڤیو، ذە دەیلی بیست، فۆرێن پۆلیسی، کۆنگرێشناڵ کواتەرلی، فێدڕال کۆمپیوتەر ویک و رۆژنامەی جاپان ئەساهی شیمبون کاری کردووە

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish