
شیكارییێكی بوونیادیی بۆ رۆمانی (زمان پایسكلێكی شكاو لێده‌خوڕێت)ی رێبین خدر… محه‌مه‌د نه‌بی
(شاعیر جارێكی تر ده‌بێته‌وه به دروستكه‌ر, مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه چیرۆكێك ده‌گێڕێته‌وه به گۆرانییه‌وه ده‌یچڕێت). (بۆرخیس)
نامه‌وێ لێره‌دا بچمه سه‌ر ئه‌و پێناسه‌و لێكدانه‌وانه‌ی بۆ ڕۆمان كراون و له‌وێوه‌ش بۆ پێناسه حازربه‌ده‌سته‌كانی (كاره‌كته‌ر, كات, شوێن, رووداو, گێڕانه‌وه, پلۆت, شێواز…). هه‌موومان ده‌زانین ئه‌مانه پێكهاته‌و ته‌كنیكی گرنگی چیرۆك و رۆمانن, ئینجا له‌ناو ئه‌مانه‌ش چه‌ندین ڕه‌گه‌زو ته‌كنكیكی تر رۆڵ ده‌بینن له داهێنانی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی. له‌بری ئه‌وه, لێده‌گه‌ڕێین رۆمانه‌كه خۆی بێته ده‌نگ و له‌ناو خودی رۆمانه‌كه‌دا مانا‌و لێكدانه‌وه‌كان خۆیان ده‌رخه‌ن, مه‌گه‌ر لێكدانه‌وه‌و پێناسه‌ی تیۆریستان پێش ده‌قی ئه‌ده‌بی كه‌وتووه یان له ده‌قی ئه‌ده‌بییه‌وه هه‌ڵێنجراون/ سه‌رچاوه‌یان گرتووه؟
كه‌ره‌سته‌ی ئه‌م رۆمانه چییه؟ رووداوه‌كانی چین؟ بابه‌تی رۆمانه‌كه چییه؟ نامانه‌وێ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه بده‌ینه‌وه, چونكه بۆ ئه‌مه ده‌بێ بڵێین ئه‌مه ناوهڕِۆكی رۆمانهكهیهو به‌كورتی رۆمانه‌كه بگێڕینه‌وه. رۆمان حه‌كایه‌تی داپیره نییه تا بۆ یه‌كتریی بگێڕینه‌وه, گێڕانه‌وه‌و كورتكردنه‌وه‌ی رۆمانێك كارێكه دژ به خودی رۆمانه‌كه‌و دابه‌زاندنییه‌تی بۆ ئاستی قسه‌و به‌سه‌رهاتی رۆژانه‌و حه‌كایه‌تی به‌رئاگردان. له‌كاتێكدا رۆمان له‌وه ئاڵۆزتر, وێنه‌دارتر, پڕپێچ و په‌ناتره ساده بكرێته‌وه. جگه له‌مه باسكردنی بابه‌تی رۆمانێك, هه‌رگیز نزیكبوونه‌وه نییه له رۆمانه‌كه خۆی. له‌م باره‌یه‌وه رۆماننووسی پیرۆیی (ماریۆ ڤارگاس یۆسا)له كتێبه خنجیلانه‌كه‌ی دا (12 نامه بۆ رۆماننووسێكی لاو) ده‌نووسێت((ئه‌گه‌ر پێش ئه‌وه‌ی رۆمانی (مه‌سخ)ی كافكا بخوێنیته‌وه, پێت بگوترێ بابه‌تی ئه‌م رۆمانه ئه‌وه‌یه فه‌رمانبه‌رێكی داماو ده‌بێت به قالۆنچه‌یه‌كی قێزه‌ون, ره‌نگه به‌ده‌م باوێشكدانه‌وه بڵێیت: خۆت له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و جۆره گه‌مژه‌ییه ببوێره… له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا كه تۆ ئه‌و چیرۆكه ده‌خوێنیته‌وه, به‌و شێوازه جوانه‌ی كافكا گێڕدراوه‌ته‌وه, تۆ باوه‌ڕ به‌و گۆڕانه ترسناكه ده‌كه‌یت كه له گریگۆری سامسا رووده‌دات, به وردی له‌گه‌ڵی دا یهكدهبیتهوه, ئازار ده‌چێژی, هه‌ستده‌كه‌ی ده‌خنكێی به‌و خه‌می رهنجهڕۆییهی كه ورده ورده ئه‌و كاراكته‌ره داماوه له‌ناو ده‌بات)) (یۆسا: 2008: 39 ) بۆیه له‌بری ئه‌وه ئێمه هه‌وڵ ده‌ده‌ین به‌خێرایی چه‌ند لایه‌نێكی ئه‌م رۆمانه به‌سه‌ر بكه‌ینه‌وه:
1_گێڕانه‌وه‌و گێڕه‌ره‌وه: زه‌مه‌نی گێڕانه‌وه له‌م رۆمانه(ئێستا)یه, روودوه‌كان كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی, كه كچێكی 23 ساڵانه (ئاره‌زوو) به‌رجه‌سته‌یان ده‌كات. ئێمه وشه‌ی (به‌رجه‌سته)مان له بری ( گێڕانه‌وه) به‌كارهێنا, چونكه زه‌مه‌ن كه (ئێستا)یه‌و كاراكته‌ری سه‌ره‌كیش كه (كه‌سی یه‌كه‌م)ه, به به‌رجه‌سته‌كردنی رووداوه‌كان هه‌ڵده‌ستێت, ئه‌م دووانه ئه‌وه‌نده یهخانگیرن بوار بۆ ئه‌وه ناهێڵێته‌وه كه‌س و كات لێكبترازێن, رووداوه‌كان له ڕابردوو روویاننه‌داوه تا ئێستا بگێڕرێنه‌وه, ئه‌م ته‌كنیكه‌ش رووداوه‌كان زیندووتر ده‌كات و خوێنه‌ریش به‌شداربووتر/نزیكتر ده‌كات له ره‌وتی رووداو, ده‌بێته جۆرێك له وێنه‌و سینه‌ما(نیشاندان)جار جار بیرمان بۆ شانۆش ده‌چێت (مه‌گه‌ر هه‌موو ژانره ئه‌ده‌بییه‌كان سنوره‌كانیان ناچێته‌وه ناو یه‌كدی؟). میلان كۆندێرا له‌ژێر ناونیشانی (گه‌ڕان به‌دوای كاتی ئێستا) ده‌ڵێت((حه‌كایه‌تخوان ئه‌و شته ده‌گێڕێته‌وه كه رووی داوه, به‌ڵام كاتێك پێشهاتێكی بچووك ده‌بێته رابردوو, خه‌سڵه‌تی داسهكاوی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات و ته‌ڵخ ده‌بێ. گێڕانه‌وه‌كه, بیرهوهرییهكه, واته ئهنجامگیرییهكه, ئاسانكردنه‌وه‌یه‌كه, ئهبستراكتركردنێكه. سیمای راسته‌قینه‌ی ژیان و په‌خشانی ژیان, خۆی ته‌نیا له‌كاتی ئێستادا ده‌بینێته‌وه))(كۆندێرا: 2012: 20) كۆندێرا له‌مه‌دا جه‌خت له كاریگه‌ری و زیندوویه‌تیی كاتی ئێستا ده‌كات, خۆ گه‌رنا هه‌ر له‌وێدا باس له‌وه‌ش ده‌كات كه هونه‌ری رۆمان به‌هۆی (وێنه) ئه‌م بۆشاییه‌ی كاتی رابردوو پڕده‌كاته‌وه. به‌كارهێنانی ئه‌م ته‌كنیكه (كاتی ئێستا) له‌م رۆمانه‌دا ڕۆڵێكی گلانگ ده‌گێڕێت له (كاریگه‌رینواندن/كاریگه‌ریدانان) له‌سه‌ر خوێنه‌ر. بۆ نموونه له‌و دیمه‌نه‌ی ئاره‌زوو باسی دایكی ده‌كات, به‌هۆی ئه‌م ته‌كنیكه‌وه نووسه‌ر توانیویه‌تی كاریگه‌ری درووست بكات, به‌جۆرێك من پێموایه كه‌م خوێنه‌ر هه‌یه كاتێ له خوێندنه‌وه‌ی رۆمانه‌كه ده‌گاته ئه‌م دیمه‌نه, ئاهێك (هه‌ناسه‌یه‌كی سارد) هه‌ڵنه‌كێشێت. ئاره‌زوو, دایكێكی هه‌یه, كه به‌هۆی نه‌خۆشی, پیری و قه‌ڵه‌وی له‌جێكه‌وتووه, قسه له‌گه‌ڵ تارماییه‌كان ده‌كات, دوای ئه‌وه‌ی له ماڵ راده‌كات, وه‌ك مشورخواردنێك بۆئه‌وه‌ی ون نه‌بێت, ئاره‌زوو ده‌یهێنێته‌وه ماڵ و له ژوورێك دایده‌نێت, ده‌رگاكه‌ی داده‌خات. به‌مشێوه‌یه دیمه‌نه‌كه به‌رجه‌سته ده‌كات: (( بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ڕواته ده‌ره‌وه‌و ون نه‌بێت, ده‌رگای ژووره‌كه‌ی له‌سه‌ر داده‌خه‌م, به‌ڵام ئه‌و په‌نجه‌ره ده‌كاته‌وه‌و له په‌نجه‌ره‌وه بانگی تارماییه‌كانی ده‌كات. ده‌مه بچووكه‌كه‌ی ده‌كاته‌وه تا هاوار بكات, ناتوانێت. هه‌وڵده‌دات ده‌سته خهپهتۆڵهكانی له په‌نجه‌ره‌كه بێنێته ده‌ره‌وه, ناتوانێت. جا ده‌سته‌كانی به شیشی پهنجهرهوهو,
فرمێسك به‌سه‌ر گۆناكانیدا:47 )). ئه‌م دیمه‌نه له ره‌وتی رۆمانه‌كه كاریگه‌رییه‌كه‌ی زێده‌تر ده‌رده‌كه‌وێت, ئه‌م كاته نزیكه, ئێستایه, گه‌ر رابردووبووبا دوورده‌كه‌وته‌وه, كاریگه‌ریی هه‌شبووبا هێنده‌ی ئێستا هه‌ژێنه‌ر نه‌ده‌بوو. له ژیانی واقیعیش دا ئه‌مه هه‌روایه: بۆ نموونه رووداوه ناخۆشه‌كان, سه‌ره‌تا, كه رووداوه‌كان تازه‌ن (ئێستایین) له‌ناویاندا ده‌ژین, كاریگه‌رییان یه‌كجار زۆره, به‌رگه‌گرتنیان سه‌خت و خهمكێشه, به‌ڵام دواتر كه كاته‌كه تێده‌په‌ڕێ, ده‌بێته (رابردوو) و ده‌یانگێڕینه‌وه. سهختییهكهیان هێنده‌ی ساتی روودانیان نابێ و كه‌متر ده‌بێته‌وه, ته‌می خه‌مێك دایانده‌پۆشێت, ئێمه به‌ر تهمهكه ده‌كه‌وین, نه‌ك خودی خه‌مه‌كه . ئینجا ئێمه باسی واقیعمان كرد, مه‌گه‌ر رۆمانیش واقیعی خۆی دانامه‌زرێنێت؟ رۆمان بۆخۆی واقیعێكه, وه‌ك (پامۆك) ده‌ڵێت ژیانێكی تره له‌پاڵ ئه‌م ژیانه‌دا, كه‌واته ئێمه‌ش وه‌ك خوێنه‌ر به‌شدارین, له‌ناوی داین. به‌مشێوه‌یه كاتی زه‌مه‌نی گێڕانه‌وه له‌م رۆمانه, زه‌مه‌نی ئێستایه, بۆ نموونه هه‌ندێ له رسته‌كان له شوێنی جیاجیای رۆمانه‌كه ده‌خه‌ینه به‌رچاو: (زۆر نییه ده‌ستێكم بۆته بسكیت.ل:5., باوكم ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ من راوه‌سته, زۆر لێم نزیك به له‌گه‌ڵی راده‌وه‌ستم.ل:10., له‌سه‌ر قه‌ڵات دانیشتووین.ل:50., دیسان شه‌وه, له مینی ماركێته‌كه‌ی زامدار دانیشتووین.ل:94., هه‌مدیس له مینی ماركێته‌كه‌ی زامدار دانیشتووین.ل:116. ) ته‌نها له كورتهبهشی28 لاپه‌ڕه 142 ره‌وتی رۆمانه‌كه له كاتی ئێستا نامێنێت, ده‌بێته كاتی رابردوو, به‌ڵام ئه‌و رابردووه‌ش (رابردووی به‌رده‌وام و رابردووی نزیكن) : (خه‌ڵك خه‌ریكبوون له چاڵه‌كانیشدا دیوار‌و چوارچێوه‌ی جارانیان دروست ده‌كردنه‌وه, چه‌ند بلۆكێكیان به‌ده‌وری خۆیان هه‌ڵده‌چنین و له‌ناوی دا گرمۆڵه ده‌بوون, هه‌ندێ كه‌سیشمان بینین ده‌یانتوانی قسه بكه‌ن….ل:142) گه‌ر بۆمان هه‌بێ بۆ ساتێك لێره ئه‌مه‌ش وه‌ك كاته‌كانی تر لێ بكه‌ین ئاوا ده‌بێت: (خه‌ڵك خه‌ریكن له چاڵه‌كانیشدا دیوار‌و چوارچێوه‌ی جارانیان دروستده‌كه‌نه‌وه, چه‌ند بلۆكێكیان به‌ده‌وری خۆیان هه‌ڵده‌چنن و له‌ناوی دا گرمۆڵه ده‌بن, هه‌ندێ كه‌سیش ده‌بینین ده‌توانن قسه بكه‌ن ). كه‌چی زه‌مه‌نه‌كه ئاوا نییه‌و ده‌گۆڕێت, ئاره‌زوو رووداوه‌كانی رابردوو ده‌گێڕێته‌وه. ئه‌وه‌ی جێی پرسیاره ئه‌وه‌یه كه كورتهبهشهكه, هه‌مووی به‌مشێوه‌یه نییه‌و هه‌ر دوای ئه‌م لاپهڕِهیه زه‌مه‌نی فرمانه‌كان وه‌كو خۆی لێدێته‌وه‌و تا كۆتایی هه‌روا ده‌مێنێت(دێته‌وه زه‌مه‌نی ئێستا) ئه‌مه بۆ؟ ئایا ئه‌م كاتگۆڕینه هیچ مه‌به‌ستێكی له‌پشته؟ یان كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی (گێڕه‌ره‌وه) له‌ده‌ست نووسه‌ر رایكردووه؟ راكردنی كاره‌كته‌ر له‌ده‌ست نووسه‌ر, (ئاننا كارنینا)ی (تۆلستۆی)مان بیرده‌خاته‌وه: ده‌گوترێ له كاتی نووسینی رۆمانی (ئانناكارنینا), (تۆلستۆی) كه نووسه‌ری رۆمانه‌كه‌یه, كاتێ ئاننا ده‌كه‌وێته به‌ر قیتارو ده‌مرێت, تۆلستۆی ده‌گریێت! پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئایا تۆلستۆی نه‌یده‌توانی نه‌هێڵێت ئاننا خۆی بخاته به‌ر قیتار؟ ئایا نه‌یده‌توانی چاره‌نووسی كاره‌كته‌ره‌كه‌ی بگۆڕێت؟ نه‌خێر هه‌رده‌بوو به‌مشێوه‌یه بێ, ئه‌مه (واقیعی خه‌یاڵكرد)ی رۆمانه‌كه‌یه. پێویسته ئێمه وه‌ك خوێنه‌ری ئه‌ده‌ب هێنده‌ش واقیعپه‌رست و دۆگمایی نه‌بین ئه‌م پرسیارانه به وڕێنه وه‌ربگرین و پێمانوابێ رۆماننووس (خوا)یه‌كه‌و هیچ شتێك له‌بن ده‌ستی ده‌رناچێت و هه‌رچی هه‌یه‌و نییه به ویستی ئه‌وه (مه‌گه‌ر ئه‌ویش توانیویه‌تی ئاوا دهسهڵاتداربێ؟!) ئه‌مه بۆ شیعریش هه‌ر راسته…لێره‌دا سه‌باره‌ت به ئازادیی گێڕه‌ره‌وه(راوی) با جارێكی تر بچینه‌وه لای (ماریۆ ڤارگاس یۆسا)و له كتێبه‌كه‌ی دا (12نامه بۆ رۆماننووسێكی لاو) كۆمه‌كێك بخوازین: ((راوی بوونه‌وه‌رێكه له وشه درووستكراوه, نه‌ك له گۆشت و ئێسقان وه‌كو دانه‌ره‌كه‌ی, راوی به‌ته‌نیا له‌و رۆمانهداو له سایه‌ی ئه‌و رۆمانه‌دا ده‌ژی كه ده‌یگێڕێته‌وه, سنووری خه‌یاڵكردن سنووری بوونییه‌تی, چونكه ئه‌وه خۆیه‌تی كه چیرۆكه‌كه ده‌گێڕێته‌وه, له‌به‌رامبه‌ریش دا دانه‌ر ژیانێكی هه‌مه‌جۆرو چڕِتری هه‌یه له‌پێش و له‌دوای نووسینی رۆمانه‌كه. رۆمانه‌كه ناتوانێ ئاگاداری وردودرشتی ژیانی نووسه‌ره‌كه‌ی بێ, هه‌تا له‌كاتی نووسینی رۆمانه‌كه‌ش دا راوی به‌رده‌وام كه‌سێتییه‌كی جیاوازه)) (یۆسا: 2008: 55 ). ئه‌م تێڕوانینه بۆ شیعریش هه‌یه, به‌وه‌ی ده‌گوترێ: شیعر له‌وێیه, له شوێنێكدا په‌نهانه, له ده‌ورووبه‌رمان خۆی مه‌ڵاسداوه, شاعیر ده‌یدۆزێته‌وه. سه‌باره‌ت به‌مه (بڕوانه هونه‌ری رۆمان, میلان كۆندێرا: 2008: 181) هه‌روه‌ها (بڕوانه: ئه‌م هونه‌ری شیعره, خۆرخێ لویس بۆرخیس: 2016: 9- و 20). بۆیه ده‌كرێ زهمهنگۆڕینهكه په‌یوه‌ندیی به كاره‌كته‌ره‌كه‌وه هه‌بێ, به سه‌ربه‌خۆیی كاره‌كته‌ر, یان وێنه‌كانی نه‌ستی بگوازێته‌وه, وه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌ستی بڕژێت و به‌رجه‌سته ببێ, نزیك له‌وه‌ی پێی ده‌گوترێ (شه‌پۆڵی هۆش) یانیش وچانێك بێ, گۆڕانكارییه‌ك بێ بۆ گۆڕانكاری له ته‌ركیزی خوێنه‌ر. یان…
هه‌ڵبه‌ت هه‌ر له‌م رۆمانه‌دا, سه‌باره‌ت به گێڕانه‌وه, ده‌بێ باس له‌وه‌ش بكه‌ین كه گێڕانه‌وه‌كه(یان به‌مانای ئێمه “به‌رجه‌سته‌كردن”) گفتوگۆشی تێده‌كه‌وێت, یان له دوو شوێن باپیری ئاره‌زوو, بیره‌وه‌ریی خۆی له سه‌رده‌می راپه‌ڕین و شه‌ڕی ناوه‌خۆ ده‌گێڕێته‌وه, به‌لای ئێمه‌وه ئه‌مه هونه‌رێكی گرنگه‌و لێزانیی نووسه‌ر نیشانده‌دات, چونكه ئه‌مه‌ی به كاره‌كته‌رێك سپاردووه كه خودی خۆی له‌ناو رووداوه‌كان ژیاوه, نه‌ك بۆی باسكرابێ, رۆماننووس ده‌یتوانی ئه‌مه‌ش به ئاره‌زوو بسپێرێت, به‌ڵام ئه‌وكات ئه‌مه ده‌بووه (گێڕانه‌وه‌ی گێڕانه‌وه) واته باپیری بۆ ئاره‌زووی و ئاره‌زووش بۆ ئێمه‌ی ده‌گێڕایه‌وه, به‌مه هه‌نگاوێك دوورتر ده‌كه‌وتینه‌وه(هیوادارم نهكهوتبمه ناو پێناسه‌ی ئه‌فلاتوونیی بۆ شیعر). بۆیه ئه‌مه رووداوه‌كه‌ی زیندووتركردووه.
تا ئێره ئێمه له گێڕانه‌وه دواین و له‌گه‌ڵی دا شتێكیشمان له‌سه‌ر گێڕه‌ره‌وه گوت, ئێستا دێینه سه‌ر كاراكته‌ر.
2_كاره‌كته‌ر: له‌م رۆمانه‌دا ئه‌م كاره‌كته‌رانه هه‌ن: (ئاره‌زوو, زامدار, رامش, ئازاد) ئه‌مانه چوار هاوڕێن, به‌زۆری رووداوه‌كان بۆ هه‌رچواریان هاوپه‌یوه‌ندن/ رووده‌ده‌ن, سه‌روه‌ختێك هاوڕێیه‌كی تریشیان بۆ زیاد ده‌بێت كه جارجار دێته لایان ئه‌ویش (ڕێبین)ه, بێگومان ره‌نگبێ هه‌موومان بیرمان بۆ نووسه‌ر بچێت و پێمانوابێ ئه‌مه رێبینی رۆماننووسه, ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌و وه‌سفه‌ی ئاره‌زوو بۆی ده‌كات: ((ئازاد هه‌ندێ كه‌سمان پێده‌ناسێنێت. سه‌ره‌تا شاعیرێك. ناوی رێبین ه. رێبین كوڕێكی ره‌شتاڵه‌ی قژلوول و مۆن. ل105)) به‌ڵام ئاساییه وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی سه‌ربه‌خۆش وه‌ری بگرین و هه‌ر نه‌یشیبه‌ستینه‌وه به نووسه‌ر. ئه‌مه ده‌كه‌وێته سه‌ر ئاسۆی چاوه‌ڕوانیی خوێنه‌ر. جگه له‌مانه ( دایك, خوشك, باوك و باپیری ئاره‌زوو, كچێكی مردوو, تارماییه‌كان, فریشته‌كان و هه‌ندێ ناوی دی لێره‌و له‌وێ دێنه به‌ر دیده: ئیسماعیل, راماڵ, رووبار, زه‌به‌لاحه‌كان) كه هه‌موو ئه‌مانه به‌شێكی گرنگن له فه‌زای ئه‌ده‌بییانه‌ی رۆمانه‌كه‌و قهناعهتپێكهریشن, به‌تایبه‌تی كچه مردووه‌كه‌و تارماییه‌كان, دواتر باس له توانای قه‌ناعه‌تپێكردنی رۆمانه‌كه ده‌كه‌ین. چوار هاوڕێكان به‌گشتی ته‌مه‌نیان له بیست ساڵان به‌سه‌ره‌وه‌یه‌و هاوته‌مه‌ن دیارن, له هه‌ڵبژاردنی كاره‌كته‌ره‌كانیش هه‌ست به لێزانیی رۆماننووس ده‌كرێ. رامش گه‌نجێكی به‌نگلادیشییه, ئازاد‌و زامداریش كوردن, هه‌ریه‌كه له‌مانه بوار به خوێنه‌رو لێكۆڵه‌ر ده‌دات بیریان لێبكاته‌وه‌و كه‌سایه‌تییه‌كانیان له رووی كار‌و ته‌مه‌ن و ره‌گه‌زه‌وه راڤه بكات و هۆكاره‌كانی هه‌ڵبژاردنیان ده‌ربخات, به‌هۆی ئه‌وه‌ی مه‌ودای خوێندنه‌وه‌كه‌مان درێژ ده‌بێته‌وه, ئێمه لێره‌دا له‌سه‌ر هه‌موو كاره‌كته‌ره‌كان ناوه‌ستین و ته‌نها كه‌مێك له كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی (ئاره‌زوو) راده‌مێنین ده‌نا رۆمانه‌كه مه‌ودای لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی فراوان ده‌خوازێت له زۆر ره‌هه‌نده‌وه به‌تایبه‌تیش به‌لای ئێمه‌وه: كاره‌كته‌رسازی, شێواز‌و ته‌كنیك.
ئاره‌زوو: كچێكی ته‌مه‌ن بیست و سێ ساڵان, قوتابیی زانكۆیه‌و به‌هۆی كه‌سایه‌تییه‌كه‌ی: كچێكی خوێنه‌ر, یاخیی و ره‌خنه‌گره له زانكۆ ده‌رده‌كرێت. هه‌ڵبژاردنی كاره‌كته‌رێكی كچ وه‌ك كه‌سێتیی سه‌ره‌كیی رۆمان به لای ئێمه‌وه ریسكێكی گه‌وره‌یه, چونكه چه‌نده‌ی رۆماننووس ئازادیی بداته كاره‌كته‌رانی, به‌ڵام دواجار كاریگه‌ریی رۆماننووسیان هه‌ر به‌سه‌ره‌وه‌یه, به لایه‌كدا هه‌ر بۆ ئه‌و ده‌گه‌ڕێنه‌وه. ئێمه نامانه‌وێ له بابه‌تێكی ئه‌ده‌بی پرسی ره‌گه‌ز بێنینه‌وه گۆڕێ, نه‌كا ببێته هۆی تۆخكردنه‌وه‌ی جیاوازیی ره‌گه‌زی. به‌ڵام ئه‌مه حه‌قیقه‌تێكی دانه‌بڕاوی رۆماننووسانه له هه‌ڵبژاردنی ره‌گه‌زی كارهكتهرانیان (ره‌نگبێ له‌كاتی نووسین دا ببێته كێشه‌ش بۆیان). ئێمه باوه‌ڕمان به‌وه‌یه, كه له رۆمان دا ده‌بێ كاره‌كته‌ر له رۆماننووس جیابێته‌وه نه‌ك نوێنه‌ره‌وه‌ی دانه‌ره‌كه‌ی بێ, به‌ڵام ئایا به‌رهه‌می سه‌ركه‌توو ئه‌وه نییه كه رۆماننووس رۆحی خۆی تێكه‌ڵی به‌رهه‌مه‌كه‌ی بكات؟ كاره‌كانی (كافكا) چه‌نده ره‌نگدانه‌وه‌ی خودی كافكان؟ گریگۆری سامسا, جۆزێف ك, ك, كه‌سایه‌تی و ژیانی كافكا نه‌ترنجاوه‌ته ناویان؟ له‌هه‌مانكات دا لێشی جودانه‌بوونه‌ته‌وه؟ ئایا جۆزێف ك, گریگۆری سامسا, (راسكۆڵنیكۆف-پاڵه‌وانی تاوان و سزای دۆستۆڤسكی) ده‌كرا كچ بووبان؟ ئایا گه‌ر وابووبا هه‌ر به‌مشێوه‌یه‌و ئه‌م كاریگه‌رییه‌یان ده‌بوو, كه‌متر؟یان زیاتر؟ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین له‌م رۆمانه نزیكبینه‌وه ده‌پرسین: گه‌ر ئاره‌زوو, ئاره‌زوو نهبووباو كوڕێك بووبا, ره‌وتی رۆمانه‌كه چۆن ده‌بوو؟ ئه‌مانه پرسیاری نابه‌جێن, چونكه رۆمانه‌كان هه‌رده‌بوو بهمشێوهیهبووبان. جگه له‌م فۆرمه, كه خودی ناوه‌ڕۆكیشه به‌هیچ فۆرمێكی تر به‌رجه‌سته نه‌ده‌بوون. ئه‌مه‌ش ده‌مانباته‌وه ناو كێشه‌ی ناوهڕۆك و فۆرم, واته پرسیاری ئه‌وه‌ی ئایا ده‌كرا بابه‌تی ئه‌م رۆمانه به ته‌كنیكێكی تر جگه‌له‌مه, بهرجهستهكرابووبا؟ ئه‌م پرسیاره بابه‌ت و شێوه(روخسار‌و ناوهڕۆك) لێكجیادهكاتهوهو نزیكده‌بێته‌وه له‌و پێوه‌ره له‌كاركه‌وتوانه‌ی ئێستاش زانكۆكان كاری پێده‌كه‌ن, ئه‌ویش جیاكردنه‌وه‌ی فۆرم و ناوه‌ڕۆكه, ((جیاكردنه‌وه‌ی ناوهڕۆك و فۆرم(یان بابه‌ت و شێوه‌و شێوازی گێڕانه‌وه) شتێكی دروستكراوه‌و په‌سه‌ند ناكرێ مه‌گه‌ر له‌پێناو شیكردنه‌وه‌دا, له راستیشدا ئه‌م جیاوازییه ده‌رناكه‌وێ و ناكرێ ئه‌وه‌ی رۆمانه‌كه ده‌یگێڕێته‌وه له‌و شێوازه‌ی پێی گێڕراوه‌ته‌وه جیابكه‌ینه‌وه… له رۆمانه باشه‌كاندا ئه‌وه‌ی ده‌یگێڕێته‌وه‌و ئه‌و شێوازه‌ی پێی ده‌گێڕرێته‌وه, یه‌كه‌یه‌ك درووستده‌كه‌ن كه ناتوانرێ لێك جیابكرێنه‌وه)) (یۆسا: 2008: 38) . بۆیه ده‌ڵێین ناوه‌ڕۆكی ئه‌م رۆمانه هه‌ر ئه‌م فۆرمه ده‌خوازێت و هیچی تر. به‌ڵام ده‌بێ ئه‌م راستییه بڵێین كه هه‌ڵبژاردنی كچێك وه‌ك كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی بۆ رۆمانێك كه نووسه‌ره‌كه‌ی نێره, زه‌حمه‌تییه‌كی زیاتره له‌وه‌ی كوڕبێ, چونكه له هه‌ر جوڵه‌یه‌كی ئه‌م كاركته‌ره, كه رۆماننووس پێیدهكات, ده‌بێ رۆماننووسه‌كه رۆحێكی مێینه‌یی, یان روونتر بڵێین كه‌سایه‌تییه‌كی مێیینه‌یی وه‌ربگرێت و بچێته به‌رگی كچێك. ئه‌مه به دوو باردا ده‌بێته سه‌ختی: یه‌كه‌م: سه‌ختیی واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی, دووه‌م: سه‌ختیی واقیعی كاره ئه‌ده‌بییه‌كه. له‌لایه‌ك كۆمه‌ڵگا ئازادییه‌كی كه‌متر ده‌داته كچ, هه‌روه‌ك چۆن ده‌بینین له رۆمانه‌كه‌دا, ئاره‌زوو سه‌دان پلارو تانه‌و ته‌شه‌ری به‌هۆی كچبوونهوه لێده‌درێت. له‌لایه‌كی تر كێشه‌ی مێیینه‌یی كارهكتهرو نێریینه‌یی رۆماننووس. بۆیه له‌ناو رۆمانه‌كه‌ش ئاره‌زوو, هه‌ست به كێشه‌ی ره‌گه‌زی ده‌كات له‌لای خوێنه‌ران: ((ئه‌رێ خۆ زانیوتانه من كچم:18)) ). دواجار ئێمه كاره‌كه‌مان هه‌نگاوێك ده‌به‌ینه پێش و ده‌ڵێین: رۆماننووس وه‌ك ئازادێكی تا ئه‌وپه‌ڕی ئازادیخواز له كێشه‌ی ره‌گه‌زی ده‌رچووه‌و جیاوازیی ره‌گه‌زی لای ئه‌و به‌ته‌واوی ره‌شبۆته‌وه.
3- بابه‌ت/ناوهڕۆك: وه‌ك له سه‌ره‌تاوه گوتمان ئێمه هه‌وڵده‌ده‌ین تا بتوانین له گێڕانه‌وه‌ی رۆمانه‌كه خۆمان ببوێرین. ئه‌م رۆمانه زۆر بابه‌ت و پرس له‌خۆ ده‌گرێت, به‌گشتی فه‌زایه‌كی تاریك و نووته‌كی هه‌یه چ له تاریكی و وێرانیی شوێنه‌كانی, یان رووداوه تراژیدییه‌كانی, یاخود كاره‌كته‌ره په‌ككه‌وته‌و داڕماوه‌كانی.
بابه‌تی ئه‌ده‌بیات مه‌رج نییه, ناسك, جوان, هه‌ستبزوێن و دڵڕفێن بێت, ئه‌مه كێشه‌یه‌كی درێژی ئه‌ده‌بی كوردی بوو و ئێستاش به‌رده‌وامه به‌ڵام كه‌متر, شاعیران پێیانوابوو هه‌رده‌بێ ئه‌ستێره‌و مانگ و گوڵ له شیعره‌كانیان دا هه‌بێ بۆئه‌وه‌ی ببنه شیعری باش, چیرۆكنووس و رۆماننووسانیش هه‌ر ده‌بوو له‌یلاو مهجنوونێك له چیرۆك/رۆمانه‌كه‌یان دا هه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی ببێته چیرۆك/ رۆمانی باش, جوان و خۆش! جا له‌یلاو مهجنوونهكه هه‌رجاره‌و به ناوێكه‌وه. ئه‌مه پێوه‌رێكی یه‌كجار له‌كاركه‌وتووه, ده‌كرێ ناشیرینی ببێته كه‌ره‌سته‌ی ئه‌ده‌ب و ئیستاتیكای لێ به‌رهه‌م بێت. وه‌ك شیعره‌كانی (بۆدلێر-رامبۆ) چیرۆكه‌كانی بۆرخێس, یان رۆمانی (پیدرۆ پارامۆ)ی (خوان رۆلفۆ). باشترین نموونه‌ش(كافكا)یه. له‌مباره‌یه‌وه (میلان كۆندێرا) به سه‌رسامییه‌وه باس له بابه‌تی رۆمانه‌كانی كافكا ده‌كات, پێیوایه (فه‌رمانگه) كه بابه‌تی سه‌ره‌كیی رۆمانه‌كانی كافكایه, جیهانی ئامێر‌و گوێڕایه‌ڵییه, جیهانێكی میكانیكی و ئه‌بستراكته (( رۆمانێك له‌م جیهانی گوێڕایه‌ڵی, میكانیكی و ئه‌بستراكته‌دا جێگه بكه‌یته‌وه! له‌م شوێنه‌دا تاقه سه‌ركێشیی مرۆڤ له‌وێدایه له نووسینگه‌یه‌كه‌وه بچی بۆ نووسینگه‌یه‌كی دیكه. پێده‌چێ ئه‌مه پێچه‌وانه‌ی ئه‌ده‌بی گێڕانهوهبێ. بۆیه ده‌پرسین: چۆن بۆ كافكا لوا, له‌م ماده بۆره ناشیعرییه‌وه رۆمانی سه‌رسوڕهێنه‌ر بخوڵقێنێ؟!)) (كۆندێرا: 2008: 179). كه‌واته ئه‌وه‌ی بابه‌تێكی ناشیعری ده‌بێته بابه‌تی ئه‌ده‌بیات ئه‌وه هونه‌ره‌كه‌ی ده‌كه‌وێته سه‌ر لێزانی و توانای ئه‌دیب له خولقاندنی جیهانێكی ئه‌ده‌بیی باوه‌ڕپێكراو.
ئه‌م رۆمانه زۆر بابه‌تی تر له‌خۆ ده‌گرێت: كێشه‌ی ئافره‌ت, كه خۆی ده‌بینێته‌وه له ئازادی. ئاره‌زوو به‌رجه‌سته‌كه‌ری ئه‌م رۆڵه‌یه, به‌هۆی كچبوونییهوه تووشی چه‌ندین كێشه ده‌بێته‌وه‌و دواجار زمانیشی له‌ده‌ست ده‌دات, ئه‌مه‌ش كاتێكه كه چوارقۆڵی له‌گه‌ڵ (ئازاد, زامدار, رامش) له مینی ماركێته‌كه‌ی زامدار دانیشتوون و باسی ژیان و كێشه‌كان و فیلم ده‌كه‌ن, له‌ناكاو ته‌قینه‌وه‌یه‌ك رووده‌دات و دووكانه‌كه به‌سه‌ریاندا داده‌ڕمێت, ئاره‌زوو ده‌ستێكی ده‌په‌ڕێت و بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ش زمان(توانای قسه‌كردن) له‌ده‌ستده‌دات, ئازاد چاوێكی كوێر ده‌بێت, رامش هه‌ردوو قاچی له‌ده‌ست ده‌دات و زامداریش ده‌مرێت.((بروانه كورته به‌شی 23, لاپه‌ڕه 116 تا 121).
كاره‌كته‌رانی ئه‌م رۆمانه‌ش وه‌ك فه‌زاكه‌ی شاد‌و خۆشحاڵ نین, له نیگه‌رانی و كێشه‌دان, له ده‌ستپێكی رۆمانه‌كه‌دا كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی دیمه‌نێكی كافكاییمان بیرده‌خاته‌وه. له (مه‌سخ-به‌دگۆڕان)ی كافكا, گریگۆری سامسا (كاتێ به‌یانی خه‌به‌ری ده‌بێته‌وه بۆته قاڵۆنچهیهكی زه‌به‌لاح, یان ده‌عبایه‌ك) له‌م رۆمانه‌ش دا ئاره‌زوو دیمه‌نێكی وای هه‌یه: ((زۆر نییه ده‌ستێكم بۆته بسكیت و رۆژانه‌یش له به‌ره‌كه‌ی ده‌خۆم. تا دێت هه‌ڵده‌په‌نمێت و گه‌وره‌تر ده‌بێت. ل:5)) ئه‌وانیدیش هه‌ندێكیان مردوون و قسه ده‌كه‌ن و هه‌ندێكیان پیرو كه‌نه‌فت و لهجێكهوتوو. شوێنه‌كه‌ش هه‌ولێره, كه له رۆمانه‌كه‌دا هه‌مووی (چاڵ)ه, چاڵاكهش به‌لای ئێمه‌وه گوزارشته له به‌رزیی بیناكان و تاریكیی دڵ و ده‌روونی مرۆڤه‌كان, له‌ناو ئه‌م بینایانه‌دا ئاسمان بزرو خاكیش ون, ژیان له‌ناویاندا هه‌روه‌ك ئه‌وه‌یه له چاڵێك, له‌ناو بیرێك دا بژییت. ئه‌م فه‌زا ناخۆشحاڵه, یان تاریك و خه‌مناكه بۆچی؟ له ڕاستیدا نیشاندانی دونیایه‌كی خۆش و به‌خشینه‌وه‌ی هیواو ئومێد‌و سه‌ركه‌وتن و به‌خته‌وه‌ربوون كارێكی فریوده‌رانه‌ی ساخته‌یه, كه هه‌ر له سیسته‌می سه‌رمایه‌داری و كه‌سانی ئاینیی ساخته‌چی ده‌وه‌شێته‌وه, ئه‌م ساخته‌ییه هه‌ر له ناوه‌ڕۆكی قسه‌ی واعیزان و ریكلامی بازرگانی و كۆمپانیاكان دا نییه, به‌ڵكو بۆته ناونیشانی كتێبانیش نزیك له‌م شێوه‌یه: (چۆن له‌ماوه‌ی یه‌ك رۆژدا ده‌بیته سه‌ركه‌وتووترین مرۆڤی جیهان؟, چۆن له‌ماوه‌ی دوو رۆژدا بهختهوهرببین؟ مرواری په‌مبه, لاسكه گیای ناسكۆڵه, پێوپوزی ژوولیا, روومه‌ت و گه‌ردنی هه‌نگوینیی, ئاگری بچكۆڵه‌ی مۆم, قاوه‌ی به نه‌سته‌له, ژینۆو مه‌مكۆڵه‌كانی…) ده‌بینین شاعیران و نووسه‌رانێكی وا ده‌ركه‌وتوون هه‌رزه‌و عه‌وام به نووسینی په‌مه‌یی و سۆزاوی هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنن و بانگه‌شه‌ی جوانی و به‌خته‌وه‌ری ده‌كه‌ن, له‌به‌رئه‌وه‌ی عه‌وام هۆشیارنییه ئه‌مانه له لیستی پڕخوێنه‌رترین نووسه‌ران دا ده‌بن!
به‌ڵام با بگه‌ڕێینه‌وه ناو فه‌زای رۆمانه‌كه‌و بپرسین ئایا ئێمه زیاتر به كام نووسه‌ران سه‌رسام بووینه‌و, كاممان له یادگه‌دا ماونه‌ته‌وه‌و بوونه‌ته به‌شێك له روانینمان بۆ ژیان و ئینسان؟ ئه‌وانه‌ی شادیی ساخته‌یان نیشانداوین و یان ئه‌وانه‌ی نائومێدی ونیگه‌رانیی دونیا؟ بۆچی كافكا وێنه‌ی ئایدیاڵی هه‌موو نووسه‌رو خوێنه‌رانه؟ دونیای كافكا دونیایه‌كی شاده؟باسی گوڵ و گوڵزارو مانگ و لوسكهیی ده‌كات؟ نه‌خێر, تاریكاییه‌كه هه‌رگیز ناگه‌ینه كۆشك و دادگاییشمان ناكه‌ن و ده‌بێ وه‌ك قالۆنچه‌یه‌ك/پهنماوێك/ ههردهفاوێك رێ بكه‌ین. خۆڕایی نییه ئه‌دیبێكی مه‌زنی وه‌ك (بۆرخێس) بڵێت ((جه‌وهه‌ری زۆربه‌ی رۆمانه‌كان له تێكشكانی مرۆڤ دایه, له داڕووخانی كارهكتهردایه)) (بۆرخیس: 2016: 66).
4_شێواز, پلۆت, توانای قه‌ناعه‌تپێكردن: ئه‌م رۆمانه به‌شێوازێكی هونه‌ریی به‌رز درووستكراوه, پارچه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی تۆكمه ته‌واكه‌ری یه‌كترن, یان دیمه‌نێك ده‌گوازنه‌وه كه خوێنه‌ر زووتر چاوه‌ڕێ بووه بیبینێ/بیخوێنێته‌وه. شێواز كه بنه‌مایه‌كی گرنگی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی (شیعر, چیرۆك و رۆمان)ه, له‌زۆر شوێنی ئه‌م رۆمانه ده‌كرێ كاری له‌سه‌ر بكرێ. له هه‌ڵبژاردنی ناوی كاره‌كته‌ر, پیشه‌كه‌ی, ته‌مه‌نی, كات و شوێن, گێڕانه‌وه/گواستنه‌وه, گێڕه‌ره‌وه, قسه‌كردن, هه‌ڵسوكه‌وت, دیمه‌ن…ئه‌مانه هه‌موویان تێكئاڵاون, به‌یه‌كه‌وه په‌یوه‌ستن, به‌جۆرێك هه‌موویان درووستكه‌ری یه‌كترن, هۆكاری بوونی یه‌كترن. بۆ نموونه گه‌ر بپرسین كاره‌كته‌ری كچێكی گه‌نجی بیستوسێ ساڵان له كۆمه‌ڵگایه‌كی كۆنه‌پارێز, خێزانه‌كه‌ی چۆن رێی پێده‌ده‌ن شه‌وان و رۆژان, له‌گه‌ڵ سێ كوڕان, بێت و بچێ و شه‌ڕ بكات و پاسكیل لێ بخوڕێت؟ رۆمان (به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی) ئه‌م كاره‌ی به نووسه‌ره‌كه‌ی كردووه‌و ئه‌م خێزانه‌ی بۆ درووستكردوون: دایكی له‌جێكه‌وتووه, باوكی پێده‌چێ بارودۆخی ده‌روونیی له‌جێ نه‌بێ, لوتێكی گه‌وره, درێژ وه‌ك لوتی فیلی هه‌یه ((باوكم هه‌رده‌ڵێی چڵه ئێسقانه, لووتی مینا لووتی فیلێك… به‌سه‌ر كراسه‌كه‌یدا شۆڕبۆته‌وه, شۆڕبۆته‌وه‌و گه‌یشتۆته نێوان رانه‌كانی. ل:9))و هه‌رزووش ده‌كه‌وێته چاڵێكی ناو حه‌وشه‌كه‌یان. باپیریشی پیره‌و به‌رده‌وام خه‌ریكی مه‌كینه‌یه ((ره‌نگی مه‌كینه‌كانی گرتووه, سه‌روسه‌كوتی زۆربه‌ی جار رهشداگهڕاوه. ل:15)) ئاره‌زوو هیچ برای نییه‌و ته‌نیا خوشكێكی بچووكی هه‌یه. به‌م شێوه‌یه رۆماننووس فه‌زایه‌كی وای خولقاندووه كه كاره‌كته‌ره سه‌ره‌كییه‌كه‌ی بتوانێت بێت و بچێت, ته‌نانه‌ت له‌كاتی ته‌قینه‌وه‌كه‌ش ئه‌م كاره‌كته‌ره نامرێ و ده‌رده‌چێت, گه‌ر مردبا كێ رۆمانه‌كه‌ی به‌رجه‌سته ده‌كرد؟ ئه‌مه‌ش پرسیارێكی نابه‌جێیه, چونكه وه‌ك پێشتریش گوتمان رۆمانه‌كه هه‌ر ده‌بوو به‌مشێوه‌یه بووبا, گه‌ر كه‌سانێك هه‌بن پێیانوابێ نه‌خێر ده‌كرا به‌جۆرێكی تر بووبا, چاكه, به‌ڵام خۆ رۆمانه‌كه به‌مشێوه‌یه خۆی گرتووه‌و به‌مشێوه‌یه‌ی ئێستا, له‌به‌رده‌ستمانه كه هه‌یه. گه‌لێك نموونه‌ی تر له رۆمانه‌كه‌دا هه‌ن ده‌بنه به‌رجه‌سته‌كه‌ری پلان(ته‌كنیك)ێكی تۆكمه, بۆئه‌وه‌ی رۆمانه‌كه بخولقێ و شێوازه‌كه‌ی هه‌ر ئه‌و شێوازه بێ كه نیشان ده‌درێ و به‌رجه‌سته ده‌كرێ.
له رۆمانه‌كه‌دا زۆر دیمه‌ن به‌رجه‌سته ده‌كرێن, دیمه‌نی سوریالین, سه‌یروسه‌مه‌ره‌ن, فه‌نتازین, نزیكن له وێنه‌ی شیعری, له دونیایه‌كی منداڵانه, به‌ڵام رۆماننووس توانیویه‌تی بێ زۆر له‌خۆكردن به‌رجه‌سته‌یان بكات و به‌مه‌ش ده‌توانین بڵێین توانای قه‌ناعه‌تپێكردنی رۆمانه‌كه له ئاستێكی كاریگه‌ر دایه. با له هه‌ندێ نموونه رابمێنین:
((كچه بچكۆڵه مردووه‌كه‌ی كۆڵانه‌كه‌مان ده‌نگی دێت. بانگی من ده‌كات:
ئاره‌زوو خان, ئه‌وا هاتووم, وه‌ره ده‌ره‌وه, بۆ بسكیتهكه, بۆ ده‌ستی تۆ هاتووم.
شه‌وه‌و تاریكه. راده‌كه‌مه كۆڵان, كچێكی جوانكیله‌ی چاوگه‌وره…..لێم راده‌مێنێت.ل:48)): مردوو قسه ده‌كات!
(دووباره ماڵه‌كه‌مان به سێبه‌ر داده‌پۆشرێت, ته‌په ته‌پ دونیا خراپ ده‌كات. باڵنده‌كان لێره‌و له‌وێ ده‌رده‌په‌ڕن, پۆلێك باڵنده ده‌بینم هه‌رگیز له‌م ده‌ورووبه‌ره نه‌مبینیون. هه‌ندێك عه‌لاگه‌ی به‌تاڵیش له‌گه‌ڵ باڵنده‌كان به‌رز ده‌بنه‌وه. خۆیان له‌گه‌ڵیان ده‌گونجێنن, گه‌ر تۆزێكیتریش زیندوو بن, ده‌توانن له‌گه‌ڵیان بڕۆنه هێلانه‌كانیان و ئه‌وه‌ی ماوه له ژیانیاندا وه‌ك باڵنده بژین.ل:103)): عه‌لاگه ده‌فڕن و خه‌ریكه ده‌بنه كۆتر!
((فریشته‌یه‌كی بچكۆڵه‌ی گۆڕه‌كه‌ی داپیره به پێدزكێ سه‌ر پلیكانه‌كان ده‌كه‌وێت. من خۆمی لێ نه‌بان ده‌كه‌م. پاڵ به ده‌رگاكه‌وه ده‌نێت….فریشته‌كه ته‌له‌ڤزیۆنه‌كه دادهگیرسێتنێت و له دیاری پاڵ ده‌داته‌وه. ل:115 ). فریشته له گۆڕ دێته ده‌رو سه‌یری تیڤی ده‌كات!
ئه‌رێ هه‌ر به‌ڕاست نووسه‌ر ئه‌و جورئه‌ته‌ی له چییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت ئاوا (خه‌مساردانه) بێ زۆرله‌خۆكردن ئه‌م دیمه‌نانه‌مان نیشان بدات!؟ وشه‌ی خه‌مساردانه به مانایه‌كی نێگه‌تیڤ به‌كارناهێنم, به‌ڵكو به هاومانای جورئه‌ت و له‌خۆڕادیتن. ئه‌م خه‌مساردییه هه‌مان خه‌مساردیی كافكاییه (كاتێ كاره‌كته‌ره‌كانی ده‌كاته قاڵۆنچه, به‌یانیان زوو له‌ناو جێخه‌و ده‌ستبه‌سه‌رییان ده‌كات) و ئێمه‌ش ناچارده‌كات قه‌ناعه‌ت به‌م دیمه‌نانه‌ی بهێنین. ئه‌م خه‌مساردییه جۆرێكه له توانای داهێنان, شكاندنی ئه‌و ترسه‌یه كه ده‌لێت: گه‌ر وا بكه‌م ئایا باوه‌ڕم پێده‌كه‌ن؟ ئه‌دیبی باش خه‌مساردانه ده‌ڵێت: من ده‌یكه‌م, باوه‌ڕده‌كه‌ن یا نا به جه‌هه‌ننه‌م. ئه‌م خه‌مساردییه به‌رهه‌می باشی لێده‌كه‌وێته‌وه, دوای بیركردنه‌وه‌و پلانێكی ته‌كنیكیی دووروودرێژ, هێنان و بردنێكی زۆر, دێت.
زۆر نموونه‌ی تر هه‌ن له رۆمانه‌كه‌دا, كه له واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی باوهڕپێنهكراون, به‌ڵام له واقیعی رۆمانه‌كه قبوڵكراون. ئه‌مه‌ش كه‌وتۆته سه‌ر توانای قه‌ناعه‌تپێكردن, قهناعهتهكه لێره له اقتباسكردنی رسته‌كان درووستنابێ, له كاتی خوێندنه‌وه‌ی رۆمانه‌كه, له‌ناو جیهانی رۆمانه‌كه درووستده‌بێ. بۆیه له ره‌وتی خوێندنه‌وه‌ی رۆمانه‌كه‌دا ئێمه قه‌ناعه‌ت به جیهانی رۆمانه‌كه ده‌كه‌ین.
هه‌ندێ بابه‌تی تر به كه له رۆمانه‌كه‌دا هه‌ن, به پێویستی ده‌زانم ئاماژه‌یان بۆ بكه‌م:
ئه‌م رۆمانه ره‌خنه‌یه‌كه له وێرانكردنی شار(هه‌ولێر)و یاده‌وه‌رییه‌كانی, نووسه‌ر له ڕێی (بیناكان, زه‌به‌لاحه‌كان و مه‌لاكان) ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات. زه‌به‌لاحه‌كان ئاماژه‌یه بۆ بازرگانان و ده‌سه‌ڵاتداران, كه بێویژدانانه ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بن و شار داگیر/خاپورده‌كه‌ن و یاده‌وه‌رییه‌كانی تێكده‌ده‌ن, ئازادییه‌كان به‌رته‌سك ده‌كه‌نه‌وه, كه‌سیش ناتوانێ دهنگههڵبڕِێت, ره‌خنه‌گرتن لێیان كوشتن و ده‌ركردنی له‌دوایه, خۆپیشاندان به‌ته‌واوی بۆته تێكدان و ئاژاوه‌گێڕی, ته‌نها مه‌گه‌ر بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان بێ(( له‌م شاره‌دا خۆپیشاندان هه‌ر به‌م جۆره ده‌كرێت: یه‌كێك له‌وپه‌ڕی دونیا قسه‌یه‌كی له‌سه‌ر پێغه‌مبه‌ر كردووه, یا ئه‌وه‌تا خۆپیشاندانێكی حزبییه. ل:67) مه‌لاكانیش به گوتاره توندڕه‌وه‌كانیان فه‌زای شاریان شێواندووه‌و شار تژی بووه له مه‌لای جوێنده‌ر, ههڵخهڵهتێنهرو توندڕه‌و, به‌جۆرێك بانگخوازو واعیز ئه‌وه‌نده زۆربوونه كه له‌هه‌ر جێیه‌ك ده‌ڕۆیت به‌پێوه‌ری دین پێناسه ده‌كرێی و نا‌توانیت به‌ئازادی له هیچ كوێیه‌ك بیر‌و بۆچوونی خۆت ده‌رببڕیت, فه‌زای مه‌لایی و سیاسی به‌یه‌كه‌وه بوونه‌ته بارێكی قورسی ناقۆڵا به‌سه‌ر هه‌ولێره‌وه: (( ئه‌مڕۆ هه‌موو شتێك له ئێمه داگیركراوه, خراوینه‌ته بازنه‌یه‌كی یه‌كجار بچووك, له بازنه‌كه‌دا ده‌سوڕێینه‌وه‌و ته‌نها تهماشاكهرین. ئه‌وه‌تا ده‌بێ بچین له بازاڕه سه‌رگه‌ردانه‌كان به‌ده‌م قرتاندنی گوڵه‌به‌ڕۆژه خه‌فه‌ت به‌با بده‌ین. ده‌بێ له ته‌كسیشدا رۆڵ بگێڕین, ده‌بێ له شوفێری ته‌كسییه‌كه بترسین. ل:98)).
ماوه‌ته‌وه بڵێم جوانیی ئه‌م رۆمانه له (خۆبوون)ییه‌تی, لاسایی نییه, نووسه‌ر به جورئه‌ته‌وه زمان و وێنه‌ی تایبه‌ت به خۆی به‌كارهێناوه, به ته‌كنیكێكی به‌رز, هیواخوازم بخوێنرێته‌وه. هه‌موو ده‌قێكی كوردی (شیعر, چیرۆك, رۆمان) له واقیعێكی سه‌خت و غه‌ریب له‌دایكده‌بێت, (سه‌خت) له‌وه‌دا دژایه‌تیی ده‌كرێ, به‌خراپ لێره‌و له‌وێ باسی نووسینی یه‌كتر ده‌كرێ. (غه‌ریب)یش له‌وه‌دا ده‌قه‌كان ناخوێنرێنه‌وه, گه‌ر بشخوێنرێنه‌وه هه‌ر دوای خوێندنه‌وه به فه‌رامۆشی ده‌سپێردرێن. ئه‌و هه‌موو ده‌نگه جدییهمان به‌بێده‌نگی, بێ لێكۆڵینه‌وه ئاودیوی هه‌زاربه‌هه‌زاری فه‌رامۆشی ده‌كرێن. بواری رۆشنبیری كوردی له ئاستێكی خراپه, زانكۆكانیش رۆِڵێكی یه‌كجار سه‌مه‌ره ده‌گێڕن, دوورروو نزیك ئاگایان له ئه‌ده‌بی سه‌رده‌م نییه. كردارێكی سیاسیی ساخته, بۆیان ده‌بێته رووداو, به‌ڵام بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی تازه‌ی كوردی بۆیان نابێته هه‌واڵ! بۆچی به‌شی زۆری مامۆستایانی ئه‌ده‌بیات له زانكۆكانی كوردستان ئاگاداری ئه‌ده‌بی تازه نین و كهموزۆر چیرۆك, رۆمان و شیعری نوێ ناخوێننه‌وه!ئایا خوێندنه‌وه‌ی نالی و مه‌حوی و چه‌ند به‌ندوبالۆره‌ی فۆلكلۆری و هه‌ندێ زانیاری پێناسه‌یی سه‌باره‌ت به تیۆر‌و ره‌خنه به‌سن تا نازناوی (ماسته‌ر له ئه‌ده‌بی كوردی/ دكتۆرا له ئه‌ده‌بی كوردی) به‌سه‌رخۆمان دا ببڕین! سه‌باره‌ت به شاعیر‌و نووسه‌ران: بۆچی به‌شێك له نووسه‌رانی كورد به‌بێ ئه‌وه‌ی نووسه‌رانی كورد بخوێننه‌وه به‌خراپ باسیان ده‌كه‌ن؟ ئایا هێشتاش گروپچییه‌تی به‌رده‌وام نییه؟ له‌مه‌وه‌یه جارێكی تر ده‌ڵێمه‌وه: به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی كوردی له واقیعێكی سه‌خت تا ئاستی هه‌ناسه‌ته‌نگی و خنكان له‌دایكده‌بێت, به غه‌ریبی ده‌ژییت, له كلاسیكهكانمانهوه تا ئێستاش هاوارو نركه‌ی ئه‌دیبان به‌ده‌ست ئه‌م ئازاره‌وه, ده‌بیسترێ و نابڕێته‌وه.
سه‌رچاوه‌كان:
1_زمان پایسكلێكی شكاو لێده‌خوڕێت, رێبین خدر, بڵاوكراوه‌ی نووسیار, چاپی یه‌كه‌م, 2020.
2_ 12نامه بۆ رۆماننووسێكی لاو, ماریۆ ڤارگاس یۆسا, و: شیرین ك, له بڵاوكراوه‌كانی پاشكۆی ره‌خنه‌ی چاو‌دێر, 2008.
3_ هونه‌ری رۆمان, میلان ِكۆندێرا, و: كه‌ریم په‌ڕه‌نگ, ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م, چاپی یه‌كه‌م, سلێمانی, 2008.
4_ په‌رده, میلان كۆندێرا, و: كه‌ریم په‌ڕه‌نگ, ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس, چاپی یه‌كه‌م, هه‌ولێر, 2012.
5_ئه‌م هونه‌ری شیعره, خۆرخێ لویس بۆرخیس, و: سه‌یوان محه‌مه‌د, بڵاوكراوه‌ی ناوه‌ندی غه‌زه‌لنووس, چاپی یه‌كه‌م, 2016.