Skip to Content

قەسیدەی چیرۆکی خۆمتان بۆ ئەگێڕمەوە.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

قەسیدەی چیرۆکی خۆمتان بۆ ئەگێڕمەوە.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

Closed
by شوبات 19, 2022 General, Poems

پێش ئەوەی ئەم هەموو ئەسەفەی غوربەت و
دڵ هەڵقرچانەی وڵاتی بەستەڵەک بمکوژێت
دەفتەرێکی تەزیو دەهێنم
بە قەڵەمی بەفر وەسێتنامەیەک ئەنووسم
لە توێی هەر لاپەڕەیەکدا
چیرۆکێکی سارد گەرم ئەکەمەوە
بێ ئەوەی بیرم بچێت
لەم دنیا پان و بەرینەدا
بێ ناونیشانترین پیاو و
ونبووترین شاعیرم
چیرۆکی خۆمتان بۆ ئەگێڕمەوە
خۆ من حکایەتێکی خۆش و
سەربردەیەکی بەختیارم نییە
نازانم چی بگێڕمەوە و
بۆچی ئەتانەوێت دڵی خۆم بکەمەوە؟
تەنیا ئەم وەسێتنامەیە
چیرۆکی پڕ ئێشی کۆترێکی غەریبی
وەک منی لە خۆ گرتووە
لە رۆژێکی تەنها و لێڵ
لەسەر زەوی تاریکیی لە دایک بووم
هەموو ژیانم سوڕانەوە بوو
لە بازنەی داخراوی خۆمدا
رۆژەکانم هەر هەموو هەتیو بوون و
شەوەکانم بێزار و بێ بزە
کوخێکم هەبوو بێ پەنجەرە
نەمدەتوانی تەماشای ئایندەی لێوە بکەم
دوو دەستم هەبوو لە هەڵم
نەمدەتوانی سەری غەمبارمی پێ هەڵگرم
دوو قاچم هەبوو چەقیو
نەمدەتوانی بەسەر پردی خۆشنودیدا
پێی بپەڕمەوە
دوو چاوم هەبوو بێ بینایی
نەمدەتوانی فڕینی نەورەسەکان ببینم
دڵێکم هەبوو هەمووی زام
نەمدەتوانی بەو هەموو پینەیەوە
بیکەمە کراسی بوکێنی ژیان
ئەوەی هەمبوو لە تەمەندا
سێ چوار قەڵەم بۆیەی رەش بوو
رەنگی هەر تابلۆیەکم دەکێشا
تۆپەڵێک رەشایی دەرئەچوو
رەنگی هەر ئارەزوویەکم دەکرد
شێوەی دەچووە سەر
لافیتەی رەشی پرسەکان
هەر شیعرێکم پێ ئەنووسین
کزەبایەکی بێکەس بوون و
ئادرەسیان نەبوو لە هیچ
دیوانێکی لێو تەڕدا
بەلەمێکم هەبوو کون کون
هەزاران شەڕی بینیبوو
نەمدەتوانی سەفەری پێ بکەم
بە ناوی دەریای زەمەندا
چرایەکم هەبوو سەرکز
پێکەنینی بە ئازارەکانم ئەهات و
نەیدەتوانی ئەو هەموو تاریکییە
دەرک بکات کە لە رۆحمدا هەبوو
تەیرێکم هەبوو ناوی پێکەنین بوو
هیچ کات لەسەر چڵی لێوم نەنیشتەوە و
نەهاتە ناو قەفەسی دڵمەوە
خەیاڵێکم هەبوو، ناوی مۆتەکە بوو
هەموو کات گوڵە گەنمی زەردەخەنە و
چۆلەکەی عەشقی ئەتۆقاند
خەمێکم هەبوو، هاوڕێی هەمیشەیی و
بەوەفاترین هاودەمی عومرم بوو
هەمیشە وەک راوچییەک
ساتە بەختیارەکانی راو دەکردم
کاتژمێریکی کۆنم هەبوو
لە باپیرمەوە بۆم بەجێمابوو
چرکە بە چرکە غەمەکانمی دەپێوا و
تا مردیش روویەکی خۆشم لێ نەبینی
خەنجەرێکی دەم تیژم هەبوو
پاشماوەی خێڵی برین بوو
لە بری ئەوەی جەرگی تەنهاییم بدڕێ
هەموو کات دەچەقییە نزاکانم
ئەو نزایانەی بۆ باران دەمکردن و
پڕ پڕ بوون لە ویستی زیندوو بوونەوە
ئاوێنەیەکم هەبوو
هەروەک رۆحی خۆم درزی بردبوو
هیچ کات بزەیەکی بەسەر لێومەوە نیشان نەدا
هیچ کات هەستی ئاوریشمی
پیاوێکی غەریبی وەک منی نەبینی
بەرلەوەی ئێوارەیەکیش بگەمەوە پێی
بەقەد دیواری غەمەوە بەربووەوە و
هەپروون بە هەپروون بوو
گۆرانییەکم هەبوو گرینۆک
هەموو تەمەنی لایلایە بوو
بۆ عەشقێکی تاکلایەنەی بابردوو
رۆژێک نەمبینی باسم بکات و
سوکنایی ببەخشێت بە دایکم
کە تا مردیش دوعای بینینەوەی منی ئەکرد
باخێکم هەبوو زۆر پیر ببوو
هەرچی تۆوێکم تێدا ئەچاند
هەر بەری نائومێدیی ئەگرت
هەر چی دارێکم بە درەختی
پێکەنینەوە موتوربە ئەکرد
لە کۆتاییدا ئەبووە شۆڕەبی گریان
هەرچی خەیاڵێکم تێدا ئەڕواند
تەنها ورد و خاشبوونم تێدا ئەدورییەوە
پاسکیلێکم هەبوو رەنگ سەوزی قەزوانی
ئەیبردەمە لای میکانۆکانی مناڵی و
مەرکانە شکاوەکانی حەوشەی
گەڕەکی تەنگەبەری بیرەوەریی
ئەسپێکم هەبوو سەرکێش لە غاردا
جارێک پێی ئەڕۆشتم
بەرەو کەرنەڤاڵی پەروانە مەستەکان
لەناکاو گلام و بەربوومەوە
ناو سەحرای زەمان و
هەرچی تووتڕکی دڵڕەقییە
بە خەونە ئاڵەکانمەوە نوسان
جارێکی تریش پێی ئەچووم
بۆ کەناراوەکانی شیعر
کە لەوێ خەڵک بەچاوی دڵ
سەیری دنیا ئەکەن
لە ناکاو لەسەر پشتی بەربوومەوە
بۆ ناو کێڵگە سەرابییەکان و
کۆماری موحیبەتە سەربڕدراوەکان
گیرفانێکم هەبوو، قووڵ قووڵ
زۆر جار پڕم دەکردن
لە مێوژی هەقایەتە خۆشەکانی داپیرەم
هەر کاتێک دەستم ئەکرد بەناویدا
هەقایەتێک دەربهێنم
داستانێکی تاعوناویی خۆی قووت دەکردەوە و
گیرفانی ئارامیی ئەدڕاندم
کۆترێکم هەبوو، نامەبەر
هەموو کاتێک نامەکانی دڵمی
ئەگەیاندە ئەو ژنانەی
لەسەر رێگای تەمەنم ئەوەستان و
چاوەڕوانی ئاوڕدانەوەیەکی جیاواز و
چاوداگرتنێکی عاشقانەم بوون
جارێک کۆترەکەم نامەی برد
بۆ ژنێک کە دەنگی سازی ئەوین
نەڕژابووە ناو هەستەکانی
ئەم ژنە دواجار بوو بە غوباری
ناو لاپەڕە بۆرەکانی زەمەن
جارێکی تر کۆترەکەم نامەی برد
بۆ ژنێک کە بەیانیان
مۆسیقای عەشقی ئەژەند و
ئێوارانیش گۆرانی بۆ دڵنیایی ئەچڕی
ئەم هەر زۆر زوو وتی
من لە کوێ تاقەتی پیاوێکی شێتم هەیە
کە دەفژەنی خانەقای سەرکێشییە
ئەمجارە کۆترەکەم نامەی برد
بۆ ژنێک رووخساری سیحر و
دەنگیشی قاسپەی کەو بوو
هەموو ژیانی لە نێو سەما و
فڕین لەگەڵ باڵندەی بەختەوەریدا
بەسەر بردوو
ئەمیش، هێندەی نەبرد
بە دەنگێک کە لە رەگەزی دڵڕەقی بوو
وتی، من بۆچی ئەبێت
مەراقەکانی ئەو لەناو جۆلانەی
خۆشبەختی خۆمدا راژەنم؟
وەک خۆری دەم کەلی ئێواران
خۆی لەناو تاریکیدا حەشاردا
کۆترەکەم ماندوو بوو
هەرچی نامەی منی گەیاند
یان بە دڕاویی ئەیهێنایەوە
یاخۆ لەناو زەرفی نامەکەدا
دڵی شکاوی منی ئەگەڕاندەوە
ئەو جارە، کۆترەکەم نامەی برد
بۆ ژنێک کە زامی غەریبی
هەموو گیانی کون کون کردبوو
هێشتا ئاسەواری فرمێسک
بە چاوەکانییەوە دیار بوون
ئەو ژنێک بوو لە قەبیلەی میهرەبانی و
تیرەی هەتاو
ئەو هەرگیز بەردی نەگرتبووە
شوشەی دڵی هیچ گوڵێکی شەیدا
هیچ کات نوێژی عەشقی
بە هیچ بارانێکی سەوداسەر نەبڕیبوو
لە چاوەکانییەوە تیشک و
لە رۆحییەوە کانییەک لە جوانی هەڵدەقوڵا
ئەو هەر زۆر بە خێرایی
نامەکەی دڵمی قبوڵ کرد
ئەو زۆر زوو لە ناخمدا
دەستیکرد بە تەقینەوە
ئەوەی هەمە لە ژیاندا، ئەو ژنەیە
کە بە چاو تروکاندنێک
ئاگر لە دەشتی عاتیفەم بەر ئەدا
بە یەک بزەی سەر لێوی
دەریای مەنگی شیعرم
ئەخاتە مەوجدان
ئەمێستا، ئەو پێکەنینەکانم
لەگەڵ بەش دەکات و
فرمێسکەکانم دەبات بۆ خۆی
ئەمێستا، ئەو لەزەتی ماچم
پێدەبەخشێت و
تاڵەییەکانی وجودم دەبات بۆ خۆی
ئەمێستا، شەرابی لەزەتم
پێ ئەنۆشێ و
غەمەکانم دەخاتە کۆڵی خۆی
ئەمێستا ئەو ژنە
منی لە کەلاوەی ژیاندا
هەڵگرتۆتەوە بۆ خۆی

شیعری: ستیڤان شەمزینی

ئۆکتۆبەری 2018
ئەڵمانیا – بیلەفێڵد
“نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس”

Previous
Next
Kurdish