
ده‌قی ئه‌ده‌بی له نیگاری كاریكاتێریدا – به‌شی (3) — هه‌ندرێن خۆشناو
له‌سه‌ر بناغه‌ی بوونی یان نه‌بوونی ده‌قی ئه‌ده‌بی (توانج) له كاریكاتێردا ، ده‌توانرێت كاریكاتێر پۆڵێن بكرێت بۆ چه‌ند جۆرێك ئه‌وانیش:
1- كاریكاتێری بێ ده‌قی ئه‌ده‌بی:
ئه‌و نیگاره‌یه كه له وێناكردنی ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی و گه‌یاندنی به جه‌ماوه‌ره‌وه ته‌نیا پشت به ئامرازه ده‌ربڕه شێوه‌كارییه‌كان ده‌به‌ستێت، به‌بێ به‌كارهێنانی هیچ جۆرێك له ئامرازه ده‌ربڕه ئه‌ده‌بیه‌كان، ئه‌و نیگاره كاریكاتێرییه واباوه له رۆژنامه‌كاندا به یاوه‌ری ڕسته‌ی (به‌بێ توانج) بڵاوده‌كرێته‌وه، كه هه‌ندێك پێیانوایه كه ئه‌مه توانجێكی ئه‌ده‌بی پێویسته، ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌مجۆره كاریكاتێرانه‌ش، كه له راستیدا وانیه، چونكه زۆرێك له رۆژنامه‌كان ئه‌م رسته‌یه به‌كارناهێنن له‌گه‌ڵ كاریكاتێره‌كه‌دا، له‌گه‌ڵ نه‌بوونیشی هیچ له كاره‌كه ناگۆڕێت، بۆ نمونه له‌سه‌ر ئه‌م جۆره كاریكاتێرانه، ئاماژه به دوو كاریكاتێری هونه‌رمه‌ندی لیبیایی محه‌مه‌د ئه‌لزه‌واوی ده‌ده‌ین، له‌گه‌ڵ بوونی توانجی (سۆزه گه‌رمه‌كان) له‌گه‌ڵ كاریكاتێره‌كه‌دا، كه‌چی له‌گه‌ڵ لابردنیشی هیچ له بابه‌ته‌كه ناگۆڕێت، له‌كاریكاتێری دووه‌میشدا به لابردنی رسته‌ی (به‌بێ توانج) به‌هه‌مان شێوه. شایانی باسه كه بوونی ده‌سته‌واژه‌ی (به‌بێ توانج) نه‌ریتێكه له رۆژنامه‌كاندا و هیچی تر نا.
2- كاریكاتێری به‌كارهێنه‌ری ده‌سته‌واژه‌ی ئه‌ده‌بی یان ئامرازه‌كانی ده‌ربڕی زمانه‌وانی:
ئه‌م كاریكاتێره‌ش له بنه‌مادا جیاوازی نیه له‌گه‌ڵ جۆری یه‌كه‌م، چونكه ئامرازه ده‌ربڕه ئه‌ده‌بیه‌كان لێره‌دا ره‌گه‌زێكی زیادكراو نین له نیگاره‌كه، بۆ روونكردنه‌وه‌ش نمونه‌ی كاریكاتێری هونه‌رمه‌ند عه‌لی فه‌رزات دێنینه‌وه (بوه‌سته بۆ پشكنین)، كاتێك له نیگاره‌كه‌دا ده‌سته‌واژه‌ی (بوه‌سته بۆ پشكنین) ده‌بینین، ئه‌م جۆره ده‌سته‌واژه‌یه توانجێك نیه یان تێخستنێك نیه بۆ نیگاره‌كه، به‌ڵكو ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه به‌ڕاستی له‌سه‌ر به‌ربه‌سته‌كانی پشكنین نووسراوه، بۆ ئاگاداركردنه‌وه‌ی رێبواران، بۆیه به‌خۆی به‌شێكه له نیگاره‌كه و نابێته ره‌گه‌زی دووه‌م شانبه‌شانی شێوه‌كارییه‌كه.
ده‌توانین بڵێین ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌ی كه هه‌ن له‌م جۆره نیگارانه‌دا، ناوی ئه‌و شتانه‌ن كه له نیگاره‌كه‌دا هه‌ن، وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر دوكانێك بنووسرێت (دوكانی به‌قاڵی) یان (قه‌سابخانه) و شتی تر له‌م بابه‌تانه، كاریكاتێریسته‌كه‌ش وێنه‌ی گرتوون وه‌كو شته‌كانی تری نێو بابه‌ته‌كه، له‌م روانگه‌یه‌وه ئه‌م جۆره كاریكاتێرانه به شێوه‌یه‌كی ته‌واو پشت به ئامرازه ده‌ربڕه شێوه‌كارییه‌كان ده‌به‌ستن، و نیگارێكی ئاوێته نین.