مادام وەزارەتی پێشمەرگە بێچارەیە، ئەزمونی رۆژئاوا چارەسەریە … بێریڤان محەمەد
لە بەرنامەی بەرنامەدا بڕگەیەک هەبوو بەناوی دێوەکەی عەلادین ، هەرکات لە قۆریەکە دەهاتە دەرەوە و خەبەری دەبوەوە دەیگوت ئەمرکە و تەنفیزی بکەم ، هەرشتێکیشیان لێ داوابکردایە دەیگوت لەتوانای مندا نیە.
وەزارەتی پێشمەرگەکەی هەرێمیش بووەتە دێوەکەی عەلادین.
کاتێ وەزارەتە خۆی نمایش دەکات و لە بەرامبە کۆمەڵگا شانو شەوکەتیان دەردەخەن هەر مەپرسە چی دیمەنێک دەخەنە روو ، بەڵام هاوشێوەی کاهینەکانی سەردەمی فیرعەون جگە لە خەوتن و تێرکردنی سکیان (مەبەستم بەرپرسەکانیانە نەک پێشمەرگە بێ موچەکان) و فێڵ و ساختەکاری و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن لەناو گەلدا یەک شتی تریان لەدەست نایەت.
دانپێدانانەکەی جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵگەی راست و دروستی هەرێمێکە کە خاوەن دەیان هەزار پێشمەرگەیە و کەچی بێ بەرگری ترین هەرێمی ئەم سەرزەویەیە.
ئەوەتا لەبارەی هێرشەکانی تورکیا کە بەشێکی فراوانی ئەم هەرێمەی داگیرکردوە و خەریکە بە تەواوی کۆنترۆڵی دەکات و هەر رۆژێک لە سایەی ئەم هێرشانەوە کۆمەڵکوژیەک ئەنجامدەدرێت، ئەم ئەمیندارە گشتیەی وەزارەت دەڵێت:
- ئەرکی ئێمە نییە لێکۆڵینەوە لە بۆردوومانەکەی کونەماسی بکەین ئەرکی دامودەزگا ئەمنییەکانی سلێمانییە.
- ئەگەر ئەو هێرشانە لەسەر سنووریش بێت، ئەوا هەر ئەرکی ئێمە نیە و ئەرکی هێزی پاسەوانی سنووری سەر بە حکومەتی عێراقە.
- لەسەر ئەو بۆردوومانانە ئەرکی ئێمە نییە هیچ بکەین، ئەرکی وەزارەتی بەرگریی و دەرەوەی عێراقە کاری لەسەر بکەن.
- ئەرکی ئێمە نییە بۆچوونمان لەسەر ئەو بابەتانە هەبێت، بەڵکو ئەو بەیاننامەیەی کە حکومەتی هەرێم دەریدەکات بۆچوونی هەموو وەزارەتەکانە.
- ئەو هێرشانە لەڕێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە ئەنجام دەدرێت، ئێمە سیستمی ڕادارمان نیە کە ئاگاداری ناسنامەی فڕۆکەکان بین و بزانین فڕۆکەی کێن و لەکوێوە دێن، هیچ دژە ئاسمانییەکیشمان نییە لە هەرێمی کوردستان کە بتوانین ڕووبەڕووی ئەو بۆردوومانانە ببینەوە.
بە کورتی و کوردی یاوەر دەڵێت هیچ ئەرکێکی بەرگری و پاراستنمان نیە.
لە پاڵ ئەو بودجە زۆرەی بۆ ئەم وەزارەتە تەرخان کراوە و ئەو ملیۆنان دۆلارەی لەلایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانانەوە مانگانە پێی دەدرێت و ئەو لەشکرە زەبەلاح و پڕچەککراوە بە چەکی هاوپەیمانان و ئەو چەک و جبەخانە زۆرەی عێراق لە موسڵ و کەرکوک لە ٢٠١٤ و سەردەمی داعش کەوتە دەستیان، بەڵام تاکە ئەرکێک کە ئەم وەزارەتی پێشمەرگەیە جێبەجێی دەکات سەرکوتکردنی دەنگە ناڕەزاییەکانی شەقام و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانە.
بەگوێرەی وتە و کردەوەی ئەم وەزارەتە چی لە ئێستای هێرشە مەترسیدارەکانی تورکیا و چی لەکاتی هێرشەکانی داعش لەسەر شەنگال و مەخمور ، هەوڵی و هاتنی سوپای عێراق لە دوای ریفراندۆم بۆ ناوچەکانی چوارچێوەی مادەی ١٤٠، هەروەها هێرشە بەردەوامەکانی ئێران، مانەوەی ئەم گەلە بێ بەرگری و پاراستن زیاتر دەرکەوتە روو.
راستیەکی گردونیش هەیە کە لهیچ بونەوەرێک بێ بەرگری ناتوانێ بژی ، تەنانەت گوڵیکیش لە رێگەی درکەکانی قەدیەوە خۆی دەپارێزێت، بەتایبەت مرۆڤ و بەتایبەت تریش گەلی کورد کە بەردەوام لەبەردەم هەرەشە و مەترسی و لەناوبردنە چۆن دەتوانێ بێ بەرگری درێژە بە هەبونی بدات.
لە بارودۆخێکی وادا کۆمەڵگە ناچارە بەرگری خۆیی پێش بخات، بۆ ئەمەش ئەزمونی رۆژئاوای کوردستان زۆر گرنگە.
لە ناو سیستەمی خۆبەرێوەبەری رۆژئاوای کوردستان هێزی پاراستنی رەوا هەیە ، ئەم هێزە لە تەواوی پێکهاتەکانی کۆمەڵگا بە ژن و گەنج و پیاوەوە بە هەموان خۆیان و خاک و وڵات دەپارێزن. ئەم پاراستنەش لە گەرەکێک تا گوندێک و تا شارێک و تا دەگاتە هەموو هەرێمەکە رۆڵی تێدا دەگێرن.
(پاراسنی رەوا) بە شێوی هەمەڕەنگ لە بەرامبەر سەرجەم هێرشە سەربازی و سیاسی و زهنی و لتوریەکان بە شێوەی هەمە رەنگ ئەنجامدەدرێت و لەو دۆخە مەترسیدارەی رۆژئاوای کوردستان زۆر سەرکەوتوو بوە ، گرنگە لێکۆڵنەوەی زیاتری لێ بکرێ و دڵنیام لە سەدان لاوە پێویستیە و لانی کەم هەم گەل پارێزراو دەبێت و هەمیش کۆمەڵی بازرگان و ساختەکار ناوی پاراستن داهاتی گەل ناتوانن بدزن، هەروەها رزگارمان دەبێ لە هیزێک کە بەئاسانی کەی ویستی بێت نارەزایەتی کۆمەڵگا سەرکوت بکات و ترس و تۆقانن بڵاوکاتەوە.