Skip to Content

بنەما و بیروباوەڕی نیشتیمانی شین چییە؟ … نوسینی/ م.ڕاستی ڕه‌سوڵ*

بنەما و بیروباوەڕی نیشتیمانی شین چییە؟ … نوسینی/ م.ڕاستی ڕه‌سوڵ*

Closed
by ته‌مموز 27, 2020 General, Opinion

بیروباوەڕی (نیشتیمانی شین) ئەو ئامانج و بیرۆکەیەیە کە ئەدمیڕالی دەریایی تورکی – جیم جۆردینز – گەڵاڵەی کردووە لە ساڵی ٢٠٠٦، بیرۆکەکە بریتیە لە فراوانخوازی دەوڵەتی تورکی لە هەرسێ دەریای ئیجە و ڕەش و ناوەڕاست، تەنانەت ئاماجی تورکەکان بۆ دەریای سور و کەنداوی عەرەبیش سەر دەکێشێت، هەر بۆیە پێی دەگوترێت بنەما و بیروباوەڕی نیشتمانی شین، بە کورتی و بە کوردی بیرۆکەکە بریتیە لە ژیاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی کۆن، بەڵام لە فۆڕمێکی جیاوازتر، و لە سەردەمێکی درەنگتردا.
سیاسەتی ئێستای دەوڵەتی تورک بریتیە لە بەزاندنی سنوری ووڵاتانی تر، و هەروەها داگیرکاری و پانخوازی کە هەر لە دێر زەمانەوە لە مێشکیاندا چەسپیووە، و بووە بە پیشەیان، ئەوان سەرەتا لە ئاسیای ناوەڕاستەوە هاتن بە ئەسپەکانیان، زۆرینەی ووڵاتانیان داگیر کرد، و خەڵکی ئەو ووڵاتانەیان زۆر دڕندانە جینۆساید کرد، ئێستاش دەبینین عەقڵی تورکەکان هەمان عەقڵیەتی کۆنە کە هەزاران ساڵ پیش ئێستا لە ئاسیای ناوەڕاست پێی گۆش کرابوون، نمونەی ئەمانەش جینۆسایدی ئەرمەنەکان و کوردەکانی باکور لە سەردەمی شێخ سەعیدی پیران، و چەندین کوشت و بڕی تر لە بەرامبەر کوردان لە باکور لەسەردەمی – ئەتاتورک – و – ئەردۆغان – دا، کە تەنها لە بەرئەوەی داوای مافی خۆیان دەکەن لە چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیا دا.
ستراتیژی بنەمای – نیشتیمانی شین – لە ساڵی ٢٠١٥ لە لایەن ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کرایە کارنامەی حکومەتەکەی، و وەکو بنەمایەکی هەمیشەیی دەست نیشان کرا، سەرەتای ئەم بیرۆکەیەش لە مانۆڕی سەربازی – نیشتیمانی شین – ساڵی ٢٠١٩ بەرجەستە کرا، کە گەورەترین مانۆڕی سەربازی دەریایی بوو لە سەرەتای دامەزراندنی هێزی دەریایی تورکیەوە تاکو ئێستا، ئەنجامدرابێت، مانۆڕە دەریایەکە لە یەک کاتدا لە هەر سێ دەریای ڕەش و دەریای ئیجە و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دا ئەنجامدرا، تازەترین جێبەجێکردنی ئامانجی ئەم بیرۆکەیە گەڕانی تورکیا بوو لە نزیک ناوچەی ئابوری قوبروسی لە دەریای ناوەڕاست.
لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ ش کاتێک کەشتیەکی ئیتاڵی ویستی بچێتە کەنار ئاوەکانی قوبروس، بۆ گەڕان و دۆزینەوەی غاز، هێزی دەریایی تورکی ڕێگەی لێگرت، و دواتر تورکیا لە بەهاری ٢٠١٩ کەشتیەکی ناردە کەنار ئاوەکانی قوبروس، بۆ گەڕان بە دوای غازدا، بە چاودێری کەشتیگەلیە جەنگیەکەی، بەڵام ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا ئەم کارەی تورکیایان بە نایاسایی ناوبرد، و پشتیوانی قوبروسیان کرد، هەروەها هاوکاریەکانی یەکێتیەکەشیان بۆ تورکیا ڕاگرت، و لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ ەش ئەو دەستوەردانانە گەیشتە ئاستێکی مەترسیدار، کاتێک تورکیا ڕێکەوتنامەی لەگەڵ حکومەتی ویفاقی نیشتیمانی لیبی واژۆ کرد، کە سنوری نێوان هەردوو ووڵاتی لە دەریای ناوەڕاستدا دیاری کرد، دەقی ئەم ڕێکەوتنە ڕێگە بە تورکیا دەدات پارێزگاری لە بەرژەوەندیە دەریایەکانی لیبیا بکات، و هەروەها دەستکراوەشی دەکات لە دەرهێنانی سەرچاوەکانی ووزە لە دەریای ناوەڕاست.
تاکو ئێستاش ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ هیچ کاردانەوەیەکی توندیان نەبووە لە بەرامبەر هەڵسوکەوتە نایاسایەکانی تورکیا لە دەریای ناوەڕاست، و دەستوەردانەکانی لە سنورە ئاویەکانی قوبروس و یۆنان، جگە لەچەند بەیاننامەیەکی لاواز و سەپاندنی چەند سزایەکی کەم بەسەر تورکیادا، هەر لەم بارەیەوە – پۆمپیۆ – وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕەخنەی لە هەڵسوکەوتە نایاسایەکانی تورکیا گرت، و ڕایگەیاند لەم کارانەی تورکیا ناڕازین، و چاودێرانی سیاسیش لە ئەمریکا پێیان وایە هەڵکەندن و گەڕانی تورکیا لە غاز لە نێوان قوبروس و دورگەی – کریت – ی یۆنانی، ئەگەر ڕێوشوێنی توندی بەرامبەر نەگیرێتە بەر تورکیا وا لێدەکات زۆر بێمنەتانە لەو ناوچانە هەنگاو بنێت، و سەرکێشی مەترسیدار ئەنجام بدات، کە دواتر کۆنتڕۆڵکردنی ئاسان نابێت، و پێشتریش ماوەیەک بەر لە ئێستا ڕووبە ڕووبوونەوەی هەریەک لە کەشتیگەلی فەڕەنسی و تورکیمان دیت لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، کە دواتر لێپرسراوانی هەردوو ووڵات لێدوانی توندیان بەرامبەر یەکتردا، کە ڕەنگە هاتنی کەشتیگەلی ئەمریکیش لە ئێستادا، پەیوەندی بە هەمان بارودۆخەوە هەبێت کە لەو ناوچانەدا ڕوو دەدات.
ئەم سەرکێشیانەی تورکیا جگە لەوەی مەترسیدارە بۆ ووڵاتانی نزیک دەریای ناوەڕاست، بە هەمان شێوەش مەترسی بۆ خودی تورکیاش هەیە لە هەموو ڕووەکانەوە، ڕەنگە لە کۆتایدا – ئەردۆغان – هەمان باجی هاوشێوەی – سەدام – بدات کە ویستی کوێت بخاتە سەر عێڕاق، و بەڵام ئەم کارەی بووە هۆی تێداچوونی خۆی و دارودەستەکەی.

نوسینی/ م.ڕاستی ڕه‌سوڵ
ماستەر لە زمان و ئەدەبی عەرەبی

ڕانیه‌

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish