Skip to Content

چیرۆک/  نوسینی : سێرگی کیسیف.. وەرگێڕانی لەعەرەبیەوە: خدرعەبدوڵا خدر

چیرۆک/ نوسینی : سێرگی کیسیف.. وەرگێڕانی لەعەرەبیەوە: خدرعەبدوڵا خدر

Closed
by نیسان 19, 2021 General, Literature

کرێکارانیان ئاگادار کردبۆوە کە نابێ بەبۆنەی جەژنی یەکی ئایارەوە ئاهەنگ بگێرن ، لەم ڕۆژەدا ڕێگایان پێ نەدرا کۆڕوکۆبوونەوە ببەستن ، یان هەڵسن بە خۆپیشاندان .
کرێکاران دەبووایە پەنا ببەنە هەمووفێڵێک ، ئەوەبووکرێکرانی یەکێک لە کەنارەکانی مۆسکۆ بڕیاریاندا لە گۆڕستان کۆببنەوە.
کرێکاران تابووتێکیان دروستکرد و قەشەیەکیان بە کرێ گرت ، وە شەش کەسیان تابووتەکەیان خستەسەر شانیان و هەڵیانگرت ، ئەوانی تریش بە دووایانەوە ڕیز بوون ، ڕێپێوانەکە بەرەو گۆڕستان بەڕێکەوت ، قەشەش لە پێشیانەوە بە نەوازشەوە بخوردانەکەی بە دەستەوە گرتبوو ، ئێستا کەس ناتوانێ بڵاوە بە کرێکارەکان بکات ، بەڵکو خەڵکی شار بەرێزەوە رێگایان بۆ چۆل دەکردن ، لە گۆرستانەکەدا نوێژە پیرۆزە لەسەرگیانی ( کۆچکردوو ) کراو قەشە بووخوردانەکەی دەهەژاندوو دەپاڕایەوە و دەیگوت
_ خوایە رۆحی ئەم کۆیلەیە ئارام بکەیتەوە . پاشان لە کرێکارەکانی پرسی ناوی چی بوو ؟ _ نیکۆڵای
قەشە دوعاکەی دووبارە کردەوە
_ خوایە ڕۆحی کۆیلەی خۆت نیکۆڵای ئارام بکەیتەوە . پاش تەواو کردنی قەشەکە لە نوێژە پیرۆزەکەی و وەرگرتنی پێنج ڕۆبڵەکەی ، کەلەسەری ڕێککەوتبوون ، قەشەکە ڕۆیشت ، بەڵام کرێکارەکان لەوسەری گۆڕستانەکە کۆبوونەوەیەکی گەورەیان بەست ، لەگەڵ یەکتردا بە دەنگێکی مام ناوەندی چەند سروودێکی شۆرشگێڕیان دەگوتەوەو بڵاوکراوەیەکیان بە بۆنەی یەکی ئایارەوە خوێندەوە . لەکاتی ئێوارەدا پاسەوانی گۆڕستانەکە( تیاتکین ) کە بەناو گۆڕستانەکەدا ڕەتبوو ، تابووتێکی بینی کە نەنێژرابوو ، تیاتکین سەری سوڕماو سەری تابووتەکەی هەڵدایەوەو ڕوانی ، تەنها بە بینینی یەکسەر ڕاچڵەکی ، پاسەوانەکە دەرپەڕی و چووە لای بنکەی پشکنەری پۆلیس . _ چیت دەوێ ؟
_ تابووت گەورەم _ من چ کارم بە تابووتەوە هەیە !
_ لەوێ …… تا ….. بوو……. ت ……. تابووت ، تیاتکین دەمی تەتەڵەی دەکرد . _ چ لەناو ئەو تابووتەدا هەیە ؟
لێرەدا تیاتکین دەمی کرایەوە ،
_ خاوەنشکۆی گەورە ئیمپراتۆر ….. خاوەنشکۆ قەیسەر نیکۆڵای دووەم _ ئایا شێت بووی ؟
پاسەوانی گۆڕستانەکە شێوەی خاچی کێشا
_ نەخێر هەرگیز ، ڕێگە بدە پێت بڵێم خاوەنشکۆی ئیمراتۆر خۆی بوو ، پشکنەری پۆلیسەکە چووە ناو گۆڕستانەکەو سەیری تابووتەکەی کرد ، بینی بەڕاستی قەیسەر نیکۆڵای دووەمە ، بەڵام دیارە خودی کەسێتی خۆی نەبوو ، بەڵکو وێنەکەی لە قەبارەی سروشتی خۆی بە پۆشاکی سەربازی و لەسەر سینگی هەموو نیشانەکانی سەربازی پێوەخرابوو . لێکۆڵینەوە دەستی پێکرد ، تیاتکین نەیتوانی هیچ زانیاریەکی نوێ ی تر بەدەستەوە بدات . قەشەکەیان هێناو پشکنەرەکەش پرسیاری لێ کرد ، _ ئایا نوێژە پیرۆزەت لەسەر جەنازەکە کرد ؟
_ بەڵێ _ نوێژە پیرۆزەت بۆ کێ کرد ؟
_ کۆیلەی خوای ……. نیکۆڵای _ گێلە ، پشکنەرەکە هاواری بەسەر داکرد ،
قەشەکە بۆ ماوەیەکی زۆر نەیتوانی تێبگا لەو قسە ناشیرینانەی پشکنەرەکە ، ئەو تاوانە چی یە کردویەتی تا بانگی بنکەی پۆلیس بکرێ ! لەگەڵ ئەوەی ئەو جێگاو شوێنێکی رووحی هەیە ،
بەڵام کە ڕاستی یەکەی زانی وەک گەڵای پایز ڕەنگی زەرد بوو ، لەرایەوەو لەرزی ، نیشانەی خاچی کێشا ، چاوە قووڵەکانی دەبزاو ، پشکنەرەکە دەستی بە پرسیاکردن کرد
_ کێ بەشداری ئەم جەنازەیەی کرد ؟ قەشەکە دەیویست بەبیری بێتەوە ، نەیتوانی ، _ زۆربوون ، نزیکەی چل کەسێک دەبوون ، تیایاندا پیرو گەنج و کورت و درێژ هەبوون ، لە نێوانیاندا کەسێک هەبوو نوێژی ( هەللۆیا )ی بەڕێکی دەکرد ،
_ هەللۆیا ! ئەوها ، پشکنەرەکە بە گوڕێکەوە ووتی _ کێ بەکرێ ی گرتی ؟ کێ پارەی دا پێت ؟
قەشەکە وەڵامی دایەوەو گووتی
__ کابرایەکی بەخۆوەی چوارشانەبوو ، دەستەکانی زبر بوون و سمێلیشی هەبوو .
لێیان کۆڵیەوە ، بەڵام ئەو کرێکارانەی بە خۆوەن و چوار شانەن زۆرن ، هیچ کرێکارێکیش نی یە دەستەکانی زبر نەبێت !
بەم جۆرە تاوانبارەکەیان نە دۆزی یەوە ،
دووبارە پشکنەرەکە جوێنی بە قەشەکەو تیاتکین دایەوە ،
لەوکاتەدا کۆتایی بە لێکۆڵینەوەکە هات ، لەو کاتەشدا کرێکاران بەو فێڵەی کە کردیان زۆر دڵخۆش بوون ، کە ئاهەنگیان بە بۆنەی یەکی ئایارەوە گێڕاو نوێژە پیرۆزەشیان لەسەر قەیسەر نیکۆڵای دووەم کرد .

                     لەژمارە ( ٢٤٨ ) ی ساڵی ١٩٩٧ هەفتەنامەی 
                     ڕێگای کوردستان بڵاو كراوەتەوە

سەرچاوە : من تاریخ قصص روسي

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish