Skip to Content

تیرێک بۆ شەرەف.. کورتە چیرۆک.. گۆران سەباح

تیرێک بۆ شەرەف.. کورتە چیرۆک.. گۆران سەباح

Closed
by تشرینی دووه‌م 11, 2021 General, Literature


تا نۆرەی هات، سەت جار وەڵامەکەی لە دڵی خۆیدا پراوە کرد. دڵی خێرا لێی دەدا، ئارەقەی کردبوو، ناو زاریشی وشک بووبوو. مەسەلە متمانە نەبوو، بەس لای قورس بوو لەبەردەمی مام و ئامۆزاکانی قسەی دڵی خۆی بکات.
بریا یەکەم کەس با، ئێستە وەڵامی دابووەوە، کۆڵی سووک بووبوو.
“هیچ خەونێکم نییە، بەس حەزم لێیە لێدەم و بوکتم.” کاتێ کەسی یەکەم وای گوت، سی و هەشت پیاوی جەمەدانی لەسەر وێکڕا تەقینەوە، هێند پێکەنین ئاو لە چاویان هات. وەڵامدەر شاگەشکە بوو، کەیفی دنیای بەخۆی دەهات.
ئەو تاسا بە کاردانەوەی مام و برازا و خاڵەکانی. ئێ خۆ ئەوە وەڵام نەبوو. پێی وابوو ئەوان لە پرسیارەکە نەگەیشتوون. تەماشایەکی باوکی کرد، هەستی پێی کرد بە وەڵامەکە تێکچووە و بەسەر خۆیدا ناهێنێت.
ئەو پێی خۆش نەبوو باوکی ئەو پرسیارەی کرد، بەڵام دەیزانی بۆ ئەم جۆرە پرسیارانە دەکات. دەیزانی دەیەوێت لە ڕێی ئەم جۆرە پرسیارانە هانی برازاکانی بدات بخوێنن و بخوێننەوە، جدی بن لە قوتابخانە. دەیشیزانی بۆ باوکی هانی خۆی و ئامۆزا و خاڵۆزاکانی دەدات، بۆ ئەوە بوو مەرهەمی برینی خۆی بکات، ئەو خوێندنی لە کیس چووبوو.
“دەمەوێ وکی بابم سێ ژنی بینم.” کەسی دووەم وای گوت. کاردانەوەی دیوەخان لەوەی یەکەم خراتر بوو. دەستخۆشییان لە وەڵامدەر نەدەکرد، بە باوکیان دەگوت، “وەڵلاهی پیاوی.”
ئەو سەری داداوە و شەرم دایگرت. بەراوردی وەڵامەکەی خۆی دەکرد لەگەڵ هی ئەوان. تێگەیشت ئەوان تێنووی چ جۆرە وەڵامێکن. ئەوان حەزیان لە مەجلیسی باوکی بوو، بەس کە دەهاتە سەر مەسەلەی جدی، دەیانکردە گەپ.
باوکی جارجار هەمووانی لە ماڵی خۆی بۆ ئێوارەخوانێک کۆ دەکردەوە. هەموو جار دەیگوت با خزمایەتییان سارد نەبێتەوە، با منداڵەکانی ئامۆزا و مام و کەسوکاریان بناسن. ئەم جارە، دوای نانخواردن، مەجلیسەکەی بە پرسیارێک گەرم کرد. نەک هەر کچەکەی، بگرە براکانیشی حەزیان لە پرسیارەکە نەبوو.
ئەو تاکە کچ بوو لە مەجلیسەکە. کچەکانی تر خەریکی قاپ شووشتن بوون لە حەوشە. لەوێ مەجلیسیان گەرم کردبوو. باس باسی جل و مکیاج بوو. چەند جارێک بانگیان کرد، نەچوو. لای چەپی باوکی دانیشتبوو.
باوکی دەستی لە کوڕەکانی شووشتبوو. وەک خۆی نەیانتوانی خوێندن تەواو بکەن. وەک خۆی نا. خۆی زیرەک بوو بەس دۆخەکە لەبار نەبوو. کوڕەکانی تەمبەڵ بوون و زێتر چاویان لە مفتە بوو. ئەو بووبووە جێی هیوای باوکی. تا پۆلی هەشت ساڵانە هەر یەکەم دەبوو. دەیانگوت، “کچەکەی حاجی ڕەسوڵ دەبیتە دختۆر، وەڵا بابە تەواومان کرد.”
ئەو چاوی لە دکتۆری و ئەو شتانە نەبوو. بەرزتر دەیڕوانی، خەونی گەورەتری هەبوو.
“ئەمن نازانم خەون و مەون چییە، جارێ بەس دەزانم قۆپییەی بکەم.” باوکی بە وەڵامی کەسی سێیەم حەپەسا. ویستی لێی قیت بێتەوە و ئامۆژگاری بکات، بەس کە بینی باوکی وەڵامدار هیچ ناڵێت و پێی پێدەکەنێت، هیچی نەگوت. یەک لە ئامۆزاکانی گوتی، “ئەرێ وەڵا وەستای قۆپییەیە لە مەکتەب.” قاقای پێکەنین بڵندتر بوو.
لەو دەمەی یەکێ ئاوی گێڕا. ئەو پەرداخێک ئاوی هەڵقوڕتاند، کەچی دەمی هەر وشک بوو. چەندە سەرقاڵ بوو بە وەڵامەکەی خۆی، سێ ئەوەندە ئاگای لە باوکی بوو چەند بەو وەڵامانە شلەژا بوو. چەند جارێک ویستی واز بێنێت و بچێتە مەجلیسی قاپ شووشتن، بەڵام نەیتوانی دەستبەرداری وەڵامەکەی بێت، نەیشیدەتوانی دڵی باوکی بشکێنێت.
تا نۆرەی نێزیکتر دەبووەوە، ئارەقەی زێتر دەکرد. لەگەڵ هەر وەڵامێک مەجلیسەکە لانسی وەردەگرت و سەدای پێکەنین و گاڵتە و خۆهەڵکێشان ئەستوورتر دەبوو. قەت بەو شێوەیە مام و خاڵەکانی نەدەناسی. شەرمی لە جەمەدانی و نوێژ و جەماعەتیانی دەکرد.
نۆرەی گەیشتێ، کەس حسێبی بۆ نەکرد. دۆمینەیان هێنا گۆڕێ. هیچیان چاوەڕێی ئەوەیان نەدەکرد کچەکەی حاجی ڕەسولیش وەڵامی پرسیارەکەی باوکی بداتەوە. بەڵام باوکی هاتە دەنگ، “ڕاوەستن کاکە، ئەدی لۆ گێ لە وەڵامی کچەکەی من ناگرن، خۆ ئەویش بەشەرە.”
شەرمەزار نەبوون، هەستیان نەجوڵا، فشەیان پێی دەهات، بەڵام لەبەر ڕێزی برا گەورەیان گوتیان دەی با بیڵێت. باوکی تەماشای کرد. ئەو ڕەش داگەڕا بوو. ڕاڕا و پەشێو، نەیدەتوانی تەماشای باوکیشی بکات.
“دەی کچم، شەرمێ مەکە، با بزانین ئەتو خەونت چییە؟” باوکی پێی گوت.
سەری هەڵبڕی، زێتر لە سەت چاو دەیاننۆڕی. بۆ چەند چرکەیەک کەڕ بوو. بێجگە لە تەپەی دڵی، گوێی لە هیچ شتێکی تر نەبوو. خەریک بوو لە سینگی بێتە دەر. کە گوێی بوەوە، باوکی هانی دەدا شەرم نەکات و قسە بکات.
“دە لێی گەڕێ حاجی، ئەو فەقیرەت خستیتە ناو مەوقیفی، ئەو حورمە غەریبە چوزانی خەون و مەون چییە، ما هەر مێردکردن نییە.” مامی گەورەی وای گوت. ئەوەی لەوێ دانیشتبوو سەری ئەرێی دەلەقاند. “ئەشهەدو” سەدای دەدایەوە.
ئەو تەماشای باوکی کرد و پاشانیش ئەوان. چاوی لەسەر مامی گەورەی ڕاگرت و گوتی، “خەونم ئەوەیە ببمە ئەکتەر، ساڵێکی تر پۆلی نۆ تەواو بکەم و بچمە بەشی شانۆ لە هونەرە جوانەکان.”
دیوەخان شکا، نوتقی نما. وەڵامەکە دەتگوت تیرێکە لە شەڕەفیان چەقی. هەریەکە لەبەر خۆیەوە دەیگوت، “ئەستەغفیڕوڵلا.”

Previous
Next
Kurdish