
تراژۆكۆمید له ڕۆمانی كش وڵات دا.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
بێگومان ده‌سپێك له هه‌موو ده‌قێكدا، یه‌كه‌م ئه‌ڵقه‌ی گرێدانی ده‌قه به خوێنه‌ر و یه‌كه‌م ده‌روازه‌ی چوونه نێو ده‌قیشه له دوای ناونیشان وه‌ك ئاماژه‌یه‌كی گشتی ده‌ق. زۆرجار سیحری گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوێك له سه‌ره‌تاوه، ئه‌و هه‌سته لای خوێنه‌ر دروست ده‌كات كه به دوای ڕووداوه‌كان دابچێت وكه‌مه‌ندكێشی بكات. واته له سه‌ره‌تای ده‌قه‌وه، هه‌رته‌نها گێڕانه‌وه یاخود سه‌ره‌تای ڕووداوه‌كه گرنگ نییه، له‌وه گرنگتر ئه‌وه‌یه چیڕۆكنووس یاخود ڕۆماننووس، چه‌ند ده‌توانێت له ڕێگه‌ی ئه‌و ده‌سپێكه‌وه، خوێنه‌ر بباته نێو ڕووداوه‌كانی ده‌قه‌كه. گه‌لێك جار ده‌سپێكی ده‌قێك هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئه‌و تێڕوانینه‌مان بۆ دروست ده‌كات كه به دوای ڕووداوه‌كانه‌وه بچین. له هه‌ندێ ده‌قی ڕۆماندا، ده‌سپێكی ده‌قه‌كه له ڕووی سیحری گێڕانه‌وه و ته‌كنیكی داڕشتنه‌وه هێنده لاواز و نا هونه‌رییه، كه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه خوێنه‌ر د‌رك به‌وه ده‌كات كه ئه‌وه‌ی ده‌یخوێنێته‌وه چیڕۆك و ڕۆمان نییه، به‌ڵكو گێڕانه‌وه‌یه‌كی میللییانه‌ی حیكایه‌ت ئامێزه و هیچ بنه‌مایه‌كی هونه‌ری گێڕانه‌وه‌ی چیڕۆكی تێدا نییه. ئه‌گه‌رچی گێڕانه‌وه ڕه‌گه‌زێكی هاوبه‌شه له چیڕۆك و حیكایه‌تدا، به‌ڵام دواجار گێڕانه‌وه له‌م دووژانره له ڕووی بونیادی هونه‌رییه‌وه ته‌واو جیاوازن له یه‌كتری. له هه‌ندێ ڕۆمانیشدا، ده‌سپێكی ڕووداوه‌كان به ئه‌ندازه‌یه‌ك سه‌رنجڕاكێشه، كه خوێنه‌ر خه‌یاڵی چوونه نێو ڕۆمانه‌كه، كێشی ده‌كات و به دوای ڕه‌وتی ڕووداوه‌كانه‌وه ده‌چێت. به تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر ده‌سپێكی ڕووداوه‌كه، به ڕووداوێكی سه‌یرو نامۆ، یان به گێڕانه‌وه‌یه‌كی ناباو ، كه له واقیعی كۆمه‌لگه‌دا نامۆ و جیاواز بكه‌وێته‌وه ده‌ست پێ بكات. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه، ڕۆمانی (كش وڵات) یه‌كێكه له‌و ڕۆمانانه‌ی، ده‌سپێكی سه‌رنج ڕاكێشی هه‌یه. خوێنه‌ر كاتێ ئه‌و ده‌سپێكه ده‌بینێت، به‌ر ده‌لاله‌تێكی پرسیار ئامێز ده‌كه‌وێت. ئه‌م ده‌سپێكه پرسیار ئامێزه، خاڵێكه كه لێیه‌وه خوێنه‌ر ده‌چێته نێو ڕووداو و گێڕانه‌وه‌كان. ده‌سپێكی ڕۆمانی (كش وڵات) ده‌سپێكی هێنده سه‌یر، هاوكات تراژیدی و جێی پرسیاره، به ڕاده‌یه‌ك كه خوێنه‌ر په‌ره‌گرافی یه‌كه‌می ڕۆمانه‌كه ده‌خوێنێته‌وه، وه‌ك ئه‌وه وایه زرنگه‌یه‌كی گه‌وره له مێشكییه‌وه بێت. چونكه به‌ر ده‌سته‌واژه‌یه‌ك ده‌كه‌وێت، له كۆمه‌ڵگه‌دا نه‌ك هه‌ر باسكردنی نه‌شیاوه، بگره نه‌نگییه‌كی گه‌وره و مایه‌ی ڕه‌تكردنه‌وه و به كه‌م ته‌ماشكردنێكی زۆر و بێزراویشه. ده‌سپێكی ڕۆمانه‌كه به‌م ده‌سته‌واژه‌یه ده‌ست پێ ده‌كات:
( موژده ئه‌ی عه‌بدولره‌زاقی جوبران، ئه‌ی هاوڕێی نێو ئه‌ندێشه‌ی چیڕۆك و غه‌مه گه‌وره‌كان، موژده ئه‌ی هاوڕێم بووم به گه‌واد!) تاكو ئێستا، ده‌سپێكی هیچ ڕۆمانێكم وه‌ك ئه‌و ڕۆمانه، غه‌مگین، هاوكات مایه‌ی پرسیار و هه‌ڵوه‌سته‌كردن نه‌كه‌وتۆته به‌رچاو. مرۆڤێك به‌و په‌ڕی ڕاشكاویی و بێ شه‌رمییه‌وه، باس له پیشه نوێكه‌ی خۆی ده‌كات كه ئه‌ویش (گه‌وادییه) به‌ڵام له پشت ئه‌و شوناسه شێواوه كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاكاریی و په‌روه‌رده‌ییه، تراژیدیایه‌ك له خه‌م و مه‌رگه‌سات و كاره‌ساته‌كانی مرۆڤ له عێراقدا به‌رچاو ده‌كه‌وێت، كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و سیاسه‌ت و كوشتن و خوێن ڕشتنه‌یه، كه گه‌لانی عێراق له ده‌ره‌نجامی سته‌می ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و به تایبه‌تیش به عسی فاشی به سه‌ریان داهات. پاڵه‌وانی ئه‌م ڕۆمانه، وه‌ك باسمان كرد به پیشه هه‌ڵگری ئه‌و شوناسه‌یه كه له كۆمه‌ڵگا ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان و عێراقیش، وه‌ك شوناسێكی سووك و ڕه‌تكه‌ره‌وه سه‌یری ده‌كرێت، كه بدرێته پاڵ هه‌ر كه‌سێك، به شێوه‌یه‌ك كه‌سیه‌تی و پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و جه‌ماوه‌ری ده‌شكێت، تا ئه‌و ئاسته‌ی په‌نا بباته به‌ر خۆكوشتنیش. به‌ڵام پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌كه، به‌ره و ڕووی هه‌موو ئه‌و دیده كۆمه‌ڵایه‌تی و خێڵه‌كییانه ده‌بێته‌وه و به شانازییه‌وه پێ له سه‌ر پیشه و ناوبانگی خۆی داده‌گرێت.
به بڕوای من ئه‌مه‌ش له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌یه كه ئه‌و پرسیاره‌مان لا دروست بكات كه بۆچی وای لێهاتووه؟ كێ به‌رپرسه له‌وه‌ی ژنه‌كان ببنه له‌شفرۆش و وڵات پڕ بێ له قه‌حپه‌خانه و گه‌واده‌كان؟ پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌كه دوای ئه‌وه‌ی تیاترۆخانه‌یه‌ك ده‌كاته‌وه، ئیدی سه‌روكاری له گه‌ڵ دنیای له‌شفرۆش و له شكڕان ده‌بێت و له په‌راوێزیه‌وه، به وردی سه‌رنج له سایكۆلۆژیای مرۆڤی عێراقی به تایبه‌تی ده‌دات. دیوێكی ئه‌م ڕۆمانه، به بڕوای من لابردنی ئه‌و ماسكه كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌سی و ئاكاریه‌یه، كه زۆرجار مرۆڤه‌كان له پێناو شاردنه‌وه‌ی ماهیه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان ده‌یپۆشن، به تایبه‌تیش سێكس وه‌ك گرێیه‌كی ده‌روونی. پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌كه سه‌رنج ده‌دات، كه هه‌موو جۆره كه‌سایه‌تییه‌كی جیاواز له ڕووی پیشه‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تی و پێگه‌ی خێڵه‌كی و جه‌ماوه‌رییه‌وه، سه‌ردانی قه‌حپه‌خانه‌كه‌ی ده‌كه‌ن. به‌و مانایه‌ی سێكس چۆن بۆته گرێیه‌كی ده‌روونی لای مرۆڤی عێراقی و ڕۆژهه‌ڵاتی. به ڕۆژ ئه‌و مرۆڤانه، كه‌سانی به ویقار و دیار و خاوه‌ن كه‌سایه‌تی و ده‌سه‌ڵات و هێز و پێگه و بڕوادارو ئاییندارن، كه‌چی هه‌مان ئه‌و كه‌سانه، به شه‌و له ژێر پێی له‌شفرۆشێك ده‌كروزێنه‌وه و ده‌كه‌ونه‌سه‌ر چۆك له پێناو سێكس و غه‌ریزه خه‌فه كراوه‌كه‌یاندا. ته‌نانه‌ت ڕۆماننووس كه‌سایه‌تییه‌كی ڕۆمانه‌كه‌ی به ناوی (عه‌لی وه‌ردی) ناوناوه و ئه‌میش هاوشێوه‌ی ئه‌وانیتر سه‌ردانی سۆزانیخانه‌كه‌ی ده‌كات. ده‌كرێ ئه‌مه‌ش وه‌ك ئه‌و ئاماژه‌یه لێك بده‌ینه‌وه كه ته‌نانه‌ت ئه‌و زانا گه‌وره و ناوداره‌ی عێراقیش، له بیر‌و بیركردنه‌وه‌یدا وه‌ك ئه‌وانیتره. ، بێگومان ئه‌مه‌ش ده‌ره‌نجامی ئه‌و دۆخه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و په‌روه‌رده‌یه‌یه كه كۆمه‌لگه، به تایبه‌تیش دوای شه‌ڕه‌كان تێی ده‌كه‌وێت.
ڕۆماننووس ده‌یه‌وێت ئه‌و په‌یامه بگه‌یه‌نێت، كه سۆزانخانه‌كه‌ی ئه‌و، ده‌ره‌نجامی سۆزانحانه‌یه‌كی گه‌وره‌تره كه ناوی ده‌وڵه‌ته. واتا ئه‌وان قوربانی واقیعێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تین، كه خۆیان هیچ ده‌ستێكییان له هه‌بوون و دروستكردنی ئه‌و واقیعه نییه. وه‌ك ئه‌وه‌ی یه‌كێك له له‌شفرۆشه‌كان به ناوی به‌ڵقیس ده‌ڵێت:(من یه‌كێكم له‌و ژنانه‌ی كه جه‌نگ ڕوحی هاڕی وهه‌ڵیدایه قه‌حپه‌خانه‌كان، پیاوه‌كه‌م به پێوه‌ری وڵات شه‌هید بوو، منیشی وه‌ك سۆزانییه‌ك به‌جێی هێشت) لێره‌وه ده‌كرێ بڵێین هه‌موو ئه‌وانه‌ی به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان، چاره‌نووسیان ده‌كه‌وێته سۆزانیخانه‌كان، قوربانی واقیعێكی دیكه‌ن، كه ده‌ره‌نجامی شه‌ڕ و تێكچوونی دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی كۆمه‌ڵگه‌یه. ژنه شه‌هیدێك له بری ئه‌وه‌ی ژیانێكی شایسته و سه‌ربه‌رزانه‌ی بۆ دابین بكرێت، كه چی به پێچه‌وانه‌وه له سایه‌ی شه‌ڕ و ده‌سه‌ڵاته شكست خواردووه‌كان، چاره‌نووسی به له‌شفرۆشی كۆتایی دێت. كه واتا سۆزانیخانه‌كه، به‌رمه‌بنای سۆزانیخانه‌یه‌كی گه‌وره‌تره كه ناوی ده‌وڵه‌ته، وه‌ك ئه‌وه‌ی پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌كه‌ش ده‌ڵێت:_
(هه‌موو سۆزانییه‌كانی شار، قوربانی به‌دڕه‌وشتی نیشتمانن، به‌دڕه‌وشتی كۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆڤایه‌تی) بێگومان دوای ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت به‌وه ده‌زانێت سۆزانیخانه‌یه‌ك هه‌یه، ئیدی پیاوه‌كانی ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر شوێنه‌كه دا ئه‌ده‌ن و خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌گرن و ڕووبه‌ڕووی دادگای ده‌كه‌نه‌وه. كاتێ داده‌ور پرسیاری لێ ده‌كات، كه چۆن كارێكی نه‌شیاوی وا ده‌كات كه بۆ شكۆ و ناوبانگی نیشتمان جوان نییه؟ پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌كه، چه‌ندین جار، به گاڵته جاڕییه‌وه جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه ئه‌و گه‌واده و به ڕاستگۆیی كار و پیشه‌كه‌ی خۆی كردووه ( من گه‌وادم نكۆڵی له‌وه ناكه‌م، مرۆڤایه‌تیم به‌و ئاراسته‌یه پاڵ ناوم) پاشان به سه‌ر سوڕمان و گاڵته جاڕییه‌وه له داده‌وه‌ر ده‌پرسێ كام نیشتمان و كام شكۆ؟ كوا شتێك هه‌یه به ناوی نیشتمان؟ سه‌ره‌نجام دادوه‌ر بڕیاری له سێداره‌دانی بۆ ده‌رده‌كات وئه‌وه‌ی په‌ته‌كه‌ش ده‌خاته گه‌رده‌نی، عه‌بدولره‌زاق جوبرانی هاوڕێیه‌تی. دواتریش به خه‌یاڵ، مه‌رگی خۆی دێنێته به‌رچاو و له ڕۆژی دواییدا له به‌رده‌م خودا وه‌ستاوه و به ڕووتی لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كات و به‌مه‌ش كۆتایی به ڕۆمانه‌كه دێت. له ڕاستیدا، ئه‌م ڕۆمانه یه‌كێكه له‌و ڕۆمانه جوانانه‌ی كه ده‌توانم بڵێم دیوێكی تراژیدی و دیوێكی كۆمێدی هه‌یه. ڕۆمانێكه، ئه‌وه‌نده‌ی پرسیارمان لادروست ده‌كات، كه مرۆڤه‌كان بۆچی به‌ره و چاره‌نووسێكی خراپ ده‌چن، ئه‌وه‌نده باسكردن نییه له شوناس و پیشه‌یه‌كی بێزراوی كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی.
ڕۆماننووس ناڕاسته‌وخۆ ئه‌و په‌یامه ده‌گه‌یه‌نێت، كه ده‌ولًَه‌ت بووه سۆزانیخانه‌یه‌كی گه‌وره و مرۆڤ هیچ ماف و به‌هاو پیرۆزییه‌كی نه‌بوو، ئیدی سۆزانیخانه‌كانی تر، له په‌راوێزی ئه‌و سۆزانیخانه گه‌وره‌یه دروست ده‌بن. ئه‌وان به‌رهه‌می لادانێكی دیكه‌ی گه‌وره‌ترن، كه ئه‌ویش لادانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و هزرییه، به ئاراسته‌ی وێرانكردنی ژیان و مرۆڤ و هه‌موو به‌هاو ئاكاره جوانه‌كانی. ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت سۆزانیخانه‌یه‌كی سیاسی و شێواوی گه‌وره‌ی تاكه‌كان نه‌بووایه، ئێستا سۆزانحانه‌كه‌ی ئه‌ویش بوونی نه‌ده‌بوو. ئه‌م ڕۆمانه، ڕۆمانێكی جوان و سه‌رنجڕاكیشه. وه‌رگێڕه‌كه‌ی تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر زاڵه به سه‌ر زمانی وه‌رگێڕانی ڕۆمانه‌كه، به پێچه‌وانه‌ی ڕۆمانی كش وڵات، كه من ڕه‌خنه‌م لێگرت و به‌داخه‌وه ئه‌ویش له كۆمێنتێكی فه‌یسبووكدا، ته‌شهیری پێ كردم. به‌ڵام ئه‌مه هیچ له‌و چێژ و جوانییه ناگۆڕێت لای من، كه له‌میانه‌ی خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه لام دروست بوو. بۆیه ده‌ستخۆشانه له وه‌رگێڕی ڕۆمانه‌كه ده‌كه‌م كه ڕۆمانێكی جیاواز و تایبه‌تی وه‌رگێڕاوه.
سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
——————————————————
*په‌راوێز: كش وڵات، ڕۆمان، نووسینی: شه‌هید، وه‌رگێڕانی: دانا عه‌سكه‌ر، بڵاوكراوه‌ی: ناوه‌ندی فێربوون_ 2020.
*تراژۆكۆمید، به مانای كارێك كه له یه‌ك كاتدا، تراژیدیا و كۆمیدیای تێدا بێت.
*ئه‌م بابه‌ته له ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ، ژماره (8398) ڕۆژی 1/7/2021 بڵاوكراوه‌ته‌وه