Skip to Content

!تۆرەکانی ئێمە داینەمۆی هاوپشتی و کاری هەرەوەزين.. ريبوار عارف

!تۆرەکانی ئێمە داینەمۆی هاوپشتی و کاری هەرەوەزين.. ريبوار عارف

Closed
by ئاب 28, 2021 General

بەهادين حاجي بەكر دارتاش ناسراو بە ريبوار عارف

بارودۆخی ژیان و گوزەرانی خەلکی هەزارو زەحمەتکێشی کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو وێران بوون ولێکترازانێکی زیاتر دەچێت. کار بەشوێنێک گەشتووە کە ئەمڕۆ نان و ئاوی خواردنەوە چووتە خانەی ئەو کێشە گەورە کۆمەلایەتیانەی کە هەزاران ئینسان بەدەست نەبوونیانەوە دەنالێنن. چوونە سەرەوەی نرخی کالاکان و هەژاری و نەداری و نەبوونی کارو نەبوونی بیمەی بێکاری و بە گشتی نەبوونی هیچ بیمەیەکی کۆمەلایەتی بەتەواوی مانا تەنگی ژیانی خەڵکی نەدارو بێکارو هەژار هەڵچنیوە. لەوەش گەڕێن کە تۆپباران و لەشکرکێشی تورکیا ولاتانی ناوچەکە و تەنانەت کێشمە کێشی نێوخۆی حیزبە دەسەلاتدارەکانیش چەندەو چۆن هەموو ئەو خەڵکەی خستووەتە دۆخێکی پڕ دلەڕاوکەو نیگەرانیەوە، ئەوەی جێگەی نیگەرانیە هیچ ئاراستەو ئایندەیەکی باشتر بۆ ئەم بارودۆخە بەدی ناکرێت خەڵکی کوردستان بەتەواوی مانا ژیانیان لە دووڕیانێکی سەخت و پڕ کارەساتدا بەسەردەبەن! بۆیە لەوەها باردۆخێکدا جێگەی خۆیەتی لە خۆمان بپرسین کە ئایا تۆرەکانی هاوکاری کۆمەلایەتی دەتوانن چ دەورێکیان هەبێت و چ ڕۆڵێک بگێڕن لە جەرگەی ئەم ژیانە پڕ کارەسات و تراژيديەدا؟! بەرلەهەر شتێک دەبێت ئەوەمان بەلاوە ڕۆشن بێت، نە ئێمە دەتوانین وەلام بە برسیەتی و هەژاری و بیکاری کۆمەلگا بدەینەوە، نە لە ڕاستیدا ئەوەشمان بە ئەرکی سەرشانی خۆمان لەقەڵەمداوە. بەڵکو ئەمرۆ گرنگترین ڕێگەو ڕەوشتێک کە دەکرێت و دەبێت ئێمە خۆمانی بۆ ماندوبکەین ئەوەیە کە چۆن ئیرادەیەک بۆ ئەو خەڵکە نائومێدو ستەمدیدەیە بگێڕینەوە، ئەوەیە کە چۆن دەتوانین بەلایەنی کەمی ئیمکاناتێکەوە کە ئێمە دەتوانين دابينی بكەين دەكرێ ئاوڕێک لە ژیانی ئەو خەڵکە بدەینەوەو تا بتوانین لە هەر ئاستێکدا کە بۆمان ممکین دەبێت ئەو خەڵکە هاودڵ و هاوکارو هاوپشتیوانی یەکتر بکەین. لەمبارەوە ئاوردانەوەیەکی کورت لە گۆشەیەک لەو کارانەی کە تائێستە ئەنجامدراوە، ڕەنگە بتوانێت کۆمەک بكات بەوەی کە لەم بارودۆخەدا تۆڕەکانی ئێمە چ تواناو ئەنێرژیەكی هەیە و چۆن دەتوانن توانایەکانی خۆیان لەسەر ئەو کارانە چڕتر بکەينەوە کە دەبێتە هۆی پەرەپێدانی ئەو بڕاوا بەخۆبوون و ئیردا گەرانەوەو هادڵیکردنە.

لەخالی دەستپێکردنەوە تا ئاستیک لە کارو هەلسوڕان ڕۆژگارێک کەدەستمان برد بۆ دروستکردنی ئەم تۆڕانە، ژمارەمان لە پەنجەکانی دەست تێپەڕ نەدەبوو، هەرئەوکات بریارماندا کە دەست بەرین بۆ کارێک کە بەکردەوە بتوانێت نانێک بؤ سەر سفرەی خێزانێکی هەژار زیاد بکات، هەر ئەم هەنگاوەش بکەینە هەوێنی ئەو هاودڵیەی کە ئەم کۆمەلگایە پێویستی پێیەتی. بۆیە سەرەتا لە دابەشکردنی بەستەی خواردنەوە دواتر لە دابەشکردنی جلوبەرگ و هەندێک پێویستی سەرەتای و بەم جۆرە هەزاران خێزانمان لەو ئیمکاناتە سەرەتایە بەهرەمەند کرد ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بووبیت. لەگەل فراوان بوونەوەی کارەکان و چوونە سەرەوەی ئاستی چاوەڕوانی خەڵکدا مەیدانەکانی کارکردن بۆ ئێمە فراوانتر بووەو لە هەوڵی هەنگاونانێکی زیاتردا بووین بۆ ئەوەی کە کارگەلێکی تر بخەینە دەستوور کاری خۆمانەوە. بۆیە کاری خزمەت گوزاری و ژینگەپارێزی و لەمانەش بەدەر کاری بواری تەندروستی و دابینکردنی دەرمان و پشکنین و تەنانەت نەشتەرگەری کردنی ژمارەیەکی بەرچاو لە خەلَکانی هەژار و کەمدەرامەت بەبی هیچ بەرامبەرێک کاری بەوە گەیاند کە ئێمە پاش دروستکردنی تۆری هاوکاری تەندروستی داودەرمان و پشکنین و گەلێک پیدوایستی ترمان برد مالی و بنکەی زیاتر لە 150 نەخؤشەوەو چارەسەری تەندرستیمان بۆ کردن.

لەمبارەوە ڕەنگە جێگەی خۆی بێت ئاماژەیەک بە ڕۆلی تۆری هاوکاری کۆمەلایەتی هەولێر بکەین کە چۆن توانیویانە نەشتەرگەری بۆ ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنان و مندالان و گەنجانی ئەم شارەیە ئەنجام بدەن، یان نموونەی دەست بردن بۆ ئەو کەمپەینەکە سەرکەوتووانەی تۆری هاوپشتی کۆمەلایەتی گەرەکی حوریەی کرکوک و بردنی گەنجێک بۆ تورکیا بەمەبەستی چارەسەر کردنی نەخۆشیەكەي، یان بەهەمان شێوە هەر لەئێستەدا هەنگاوەکانی تۆری هاوکاری کۆمەلایەتی کەلەکچی کە خەریکی ناردنە دەرەوەی مندالێکی پێنج ساڵەن کە نەخۆشیەکی دەگمەن و سەختی هەیە، لە رێگەی دکتۆرە هاوکارەکانی ئەوروپاوە كە بەرادەیەک بەڵێنی چارەسەرکردنی ئەو مندالەيان داوە. هاوکات لە شاری سلیمانیدا دەیان کەس لە ڕێگەی فێرگەو هەلی کارەوە بەشداریان کردوە کە ژمارەیەکیان تائێستە کاریان بەدەست هێناوەو لە دۆخێکی باشتری ژیاند بەسەردەبەن، سەدان مندال لە شیری ڕۆژانە بەهرەمەند کراون، چەندین گەنجی خویندکار کە بەهۆی نەبوونی پارەی سالی خوێندنەوە لە دووریانی دەست بەرداربوونی زانکۆدا بوون پارەی خوێندنەکەیان بۆداین کراوەو دەیان کەس لە هەندێ پێدوایستی سەرەتای وەک عەرەبانەی خاوەن پێداویستی، فێنكەرەوە، سەلاجە، عەرەبانەی دەستیان بۆ دابینکراوە…. ئەمانەو گەلێک شمەک و پێداویستی تر بۆ بەشێک لەو خەڵکە هەژارو نەدارە دابینکراوەو کۆی هەموو ئەو ئیمکاناتانەش تەنیا لە ڕێگەی هاوکاری و کاری هەرەوەزیەوە بووە کە دەیان ئینسانی ئاسای دەستی هاوکاری کردنی ڕاکێشاوەو چەندین کەسانی داراو خاوەن هەڵوێستیش لە ئاستێکدا بەشداریان کردوە لەم کۆمەکانەدا! ئەزموونێکی شیرینی ئەم دوایانە دابینکردنی تیچووی تازەکردنەوەی دەفتەر نفوزی خێزانێکی سێ کەسی و جەوازەکانیان بۆ چوونه هەندەران لە ڕێگەی کۆمەکی سندوقی هاوکاری شارۆچەکەی کەلەکچەیەوە بوو وەک ئەزموونێکی تازە ئەو پارەی کە لە سندوقەکەی خۆیاندا کۆیان کردبووەوە خۆیان بڕیاریاندا لەسەر ئەوەی کۆمەکی ئەو خێزانەی پێبکرێت بۆ چوونە دەرەوە.

ئەگەرچی ئەمە دەستپێک وهەنگاوێکی سەرەتايە، بەلام بۆمان دەردەکەوێت گەر ئێمە لە هەموو شارو شارۆچکەو گەرەکێک بێتو سندوقی هاوشێوە دروست بکەین لەکاتی خۆیدا دەتوانێت دەورێکی بەوجۆرە بایەخدارو سوودمەند ببینێت لەژیانی ئەو خەلکەدا. بۆیە پرسیارەکە ئەوەیە لەئێستەدا کە کۆمەڵگای کوردستان بەدۆخێکی سەختردا تێپەڕ دەبێت، هەژاری و نەداری و گرانی زۆر زیاتر لە رابردو بەرۆکی بە ژیان و گوزەرانی خەلکی کریکارو زەحمەتکێش گرتووە ئایا تۆرەکانی ئێمە دەتوانن چی بکەن و چۆن ئەو دەست پیشکەریانەی کە لەسەرەوە ئاماژەمان پیکرد لەهەموو شاریکدا فراوانتر دەکەینەوەو کۆمەلگای پێدەتەنێنەوە؟! بەبروای من لەمبارودۆخەدا هاورێ یانی ئێمە لە کوردستان دەتوانن لەگەل فراوان کردنەوەی هاوکاریەکانیان هەموو ئەو شێوازانەی کە باسمان کرد، هاوکات دەست بەرن بۆ چەندین ڕێگەو شێوازی تر، لە چەشنی ئەوەی کە سالی رابردو هاوری یانی ئێمە لە کەلار ئەنجامیاندا کە بۆ ماوەی چەند مانگ نانی ڕۆژانەيان بؤ دوو خێزانی هەژاریان دابینکرد. يان كاريك كە تؤرەكاني سليماني لە بواری فێرگەکانی هەلی کارو فێرکاری، دروومان و جوانکاری و ئاراشیشت، لە چەشنی بەرۆکگرتن بە هەندێک لەو کۆمپانیانەی کە چاوەڕوانی هەڵوێستی ئینسانیان لێدەکرێت و ئامادەی هاوکاری ئەو خەلکەن، وەک ئەوەی لەم دوایانەدا تۆرەکانی سلیمانی دەستیان بۆ بردوە كە لە رێگەی کۆمپانیایەكەوە شیرو هەندێک پێداویستی مندالان دابین بکەن.

لەپال هەموو شەمانەشدا گرنگیدان بە فراوان کردنەوەی تۆرەکان لە هەموو شارو شارۆچکەو شوێنی کارو خوێندنگاکانداو هاوکات دەست بردن بۆ دروست کردنی سندوقی هاوکاری لە ئاستێکی فروانی کۆمەلگادا دەتوانێت جۆرێک لە هەنگاوێکی سەرەتای رێکخستنی ئەو خەلکە هەژاور کەمدەرامەتە بێت لە دەوری سندوقێک کە بتوانن لە ڕێگەیەوە سەرەتایترین پێداویستیەکانی هاومال و دراوسی و هاوکارو هاوپیشەکانی خۆمان دابین بکەن و لە ڕێگەی پشت بەخۆبەستن و کاری هەرەوەزیەوە بتوانین هەنگاوگەلێکی شایستە بنێن بۆ باشتر کردنی ژیانی ئەو خەلکە ڕێکخستنیان لە چوراچێوەی تۆرەکاندا تا پێکەوە بتوانین لە وەلامدانەوە بە ئەرکێک کە لەم ڕۆژگارەدا بایەخی یەکجار گەورە و گرانی هەیە هەنگاوی شایستە بۆ باشترکردن و ئومێدەوارکردنی خەلکی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان بگەڕێنینەوە! بەلی لەمبارودۆخە پر کارەساتەی کۆمەلگای کوردستاندا ئەگەر تۆرەکانمان ئیرادە بکەن دەتوانن بەشێک بن لەو جولانەوەی کە داینەمۆی گەرانەوەی ئیرادەو ئومێدی ئەو خەلکەو رێکخستنیان بن بەدەوری یەکدا بۆ باشترکردنی ژیانیان لە رێگە هاوپشتی و کاری هەرەوەزین!

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish