فلاشباک.. 9.. ستیڤان شەمزینی
لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە
ستیڤان شەمزینی
بەشی نۆیەم
زۆر تەنیام، تەنیاییەکی ترسناک، ئەمڕۆ لە هەموو رۆژێک زیاتر چێژ لە تەنیایی خۆم وەردەگرم. ئەوەتا لەناو ئەم هەموو دۆست و هاوڕێیەدا هەست بە تەنیایی دەکەم، خۆم وا دەبینم وەک ئەوەی خەڵکی هەسارەیەکی تر بم، بیرکردنەوەم نامۆ و جودایە. ئەوەی پێیدەوترێ بیرکردنەوەی گشتیی، لە دژی منە، چوونکە هەرگیز نامەوێ خۆم بخەمە ناو ئەو فەزا و هەلومەرجەی دەمکاتە تاکێکی کلاسیکی و تەقلیدیی تاکو هەمان ئەو قەوانە بڵێمە کە کۆدەنگیی کۆمەڵایەتی لەسەرە، نەخێر رقم لەم مێگەلییە دەبێتەوە، خەبات دەکەم لە پێناوی دروستکردنی منێکی جیاواز و نامۆدا. نامەوێ لەسەر ئەم شێوازە نەریتییە خۆم بینا بکەمەوە کە کۆمەڵگە سەپاندوویەتی.
ئۆسکار وایڵد، وتەیەکی جوانی هەیە و دەڵێت “کاتێک هەموو کەس لەگەڵ مندا هاوڕا بوون، ئەوکاتە دەزانم هەڵەیەکم کردووە”. ئەوە هزرینی منیشە، چ کارم بەوەیە کێ لەگەڵم هاوڕایە؟، گرنگ ئەوەیە لەگەڵ کەس هاوڕا نیم. ئەنتیم، یاخیم، تووڕەم، بڕوام بە رای گشتیی نییە، لای من رای گشتیی قسەی قۆڕە، مەگەر “گۆستاڤ لۆبۆن” بتوانێ ئەو سایکۆلۆجیا گشتییەی جەماوەر شی بکاتەوە کە دواجار سایکۆلۆجیایەکی مێگەلییە. کاتێ لەو مێگەلە خۆت جیا دەکەیتەوە، ئەزانی پرۆسەی لە دایکبوونی تاکێکی ئازاد چەند سەخت و پڕ ئێش و ژانە.
ئەمڕۆ زۆر بە قووڵی کەوتمە خوێندنەوەی کۆمەڵە چیرۆکی “گەڕەکی داهۆڵەکان”ی شێرزاد حەسەن. ئەم بەرهەمە گەیشتۆتە لوتکەی جوانی و داهێنانی ئەدەبی. “گۆتە” وتەنی “ئەوەی بزانێ جوانی چییە، هەمیشە تەنیایە”. بۆیە ئەم بەرهەمە زۆر نامۆ و تەنیایە، هەروەک چۆن نووسەرەکەی نامۆ و تەنیایە. کۆمەڵگەی ئێمە ئاڵۆشی هەیە بە ئیرۆتیکا و جوانی، بەپێچەوانەوە کۆمەڵگەیەکە تا سەر ئێسک عوسابی و ساناتۆسیی، تا سەر مۆخ نەخۆش و بێمانا. لەم زڕە خاکەدا ئەگەر بەرهەمێکی جوانیش لە دایک بێت، ئەگەر بیرکردنەوەیەکی جوانیش چرۆ بکات، دڕک و داڵی ئاین و کەلتوور و دابونەریتی کۆن، گەمارۆی ئەدەن و گەرووی دەتاسێنن، بەهەر نرخێک بێت دەنگی کپ و خامۆش دەکەنەوە.
ئەمڕۆ لەگەڵ دلبەر دوای ماوەیەک لە دڕدۆنگی و یەکتر ئازاردانی رۆحی، پێکهاتینەوە و وا بڕیارە سبەی ئێوارە لە هۆڵی “میدیا” یەکتر ببینین. لێ من و ئەو، دوو کەسایەتی جیاوازین، بەڵام عەشق هەردووکمانی لە یەک دۆزەخدا سووتاندووە، دەستی قەدەر کۆیکردووینەوە. سارتەر لە زمانی “جۆبیتەر”ەوە دەڵێ “ئەو خەونە خوێناوییانەی تۆیان شڵەژاندووە، جۆرە پاکێتییەکیان تێدایە”. بێگوومان ئەمە ئەو رستەیەیە بە نیازم سبەی بە دلبەری بڵێم. خەونە ترسناکەکانی هەمیشە پاکێتییەکی سەیریان لە خۆگرتووە. دڵنیام ئەم ئاشتییە زۆر ناخایەنێ و دیسان قۆناغێکی تری شەڕ و دڕدۆنگی دەست پێدەکاتەوە.
خەونی ئەو پیاسەی ئێواران و ماڵێکی ئارام و کوخێکی پڕ بێدەنگی و سەیری دیمەنێکی رووبار و منداڵێکی روو گەشە، خەونی منیش فەوزا و ژێراوژوورکردنی کەلتووری کۆمەڵگەیە. بەهەموو هێزمەوە دژی ئەو نەریتە باوانە دەجەنگم کە قەناعەتی کۆنکرێتی دلبەرە. ئاخۆ ئەم دوو خەونە دژ بەیەکە چۆن دەکرێت بە یەک بگەن؟!!. تەنانەت لەوە زیاتریش ئەو ژیان وەک حەلاوەیەک دەبینێ، من وەک ئازارکێشان و تاڵی، نازانم بۆچی زۆر بڕوام بەو وتەیەی “هەمەنگوای” هێناوە کە لە کاتی خۆکوشتنەکەیدا نووسیبووی “ژیان بە ناکامی دەبینم”. نهۆ گەیشتوومەتە دوا پلەی عەبەسییەت و نیهیلیزم، تازە بە تازە دلبەر ئەیەوێ بە خەندەیەک لەگەڵ ژیان ئاشتم بکاتەوە.
1-2-1998
تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 33-36 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە