Skip to Content

فلاشباک.. بەشی پانزە.. ستیڤان شەمزینی

فلاشباک.. بەشی پانزە.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئه‌یلول 25, 2021 General, Opinion


لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە

ستیڤان شەمزینی
بەشی پانزە

دوێنێ پاش پێنج رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی “ئیمێرجنسی” هاتمە دەرەوە و ئێستا لە ماڵەوەم. لە رۆژی 2-3-1999 لەو کاتەی لەگەڵ هاوڕێیان بووم لە گوندی “دێلێژە و چەپە چنارە”ی قەرەداغ، کە سەرقاڵی مەشقی پراکتیکی عەسکەریی بوون، نارنجۆکێک بە هەڵە لەلایەن هاوڕێ “کاوە نەسیب مقەدەم” هەڵدرایە نزیکم، بەو هۆیەوە دوو پارچەم بەرکەوت، یەکەمیان کەوتە سەر برۆی چەپ و دووەمیشیان دەستی چەپی گرتم. هەرچەند من بۆ مەشقەکە نەچووبووم بەڵکو بۆ کاری وێنەگرتن و ئامادەکاریی بەرنامەیەکی رادیۆیی لەگەڵ “ئاسۆی پەیامنێر” چووبووین، بەڵام تیایدا بریندار بووم، لە رێگەی هاوڕێ “نازەنین ساڵح” کە نامەیەکی تایبەتی نووسیبوو بۆ “د.عەدنان” رۆژی 3-3 داخڵی نەخۆشخانە بووم و هەمان رۆژ نەشتەرگەرییان بۆ دەستم ئەنجامدا، سەرەتا بڕیار بوو بە بەنجی مەوزوعی بیکەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی پارچە رومانەکە بەرەو قووڵایی چوو بوو، ناچاربوون بەنجی گشتیی بەکاربێنن.
ئەمەوێ بڕۆمە دەرەوە، هیچ بەرنامەیەکم نییە، جگە لە بینینی یار، لەگەڵ ئەوەش ئەو هەمیشە لە بیرۆکەکانم تۆقیوە، لەبەرئەوەنا، بیری تۆقێنەرم هەیە، بەڵکو بەو هۆکارەی ترسی هەیە ئەو یاخیبوونەم لە کەلتوور، لە بنەماڵە، لە ئاین، لە خێڵ و دەسەڵات، لە کۆمەڵگە و حزبەکان، سەرئەنجام ببێتە مایەی دەردیسەرییەکی گەورە بۆم. مرۆڤ چەند بیەوێ خۆی بێت ناهێڵن! چەند بیەوێ لە قاڵبە داتاشراوەکانی نەتەوە و مەزهەب و سیاسەت بێتە دەرەوە ناهێڵن!. ئازادیی تەنیا درۆیەکی گەورەیە لە هەموو جیهاندا، وەلێ حاڵەتەکە رێژەییە، بەڵام لەسەر زەوی هیچ ئازادییەک نییە. ئازادیی لە زەمەنی سیستمی نوێی جیهاندا لەلایەن دەوڵەتانی زلهێز و بێهێزەوە ئەتک کراوە.
زۆرجار ئەڵێن قەمعی سیاسیی و سێکسی و کۆمەڵایەتی خەسڵەتێکی کۆمەڵگە پیریمتیڤەکانە، ئەوانەی بە جیهانی سێهەم ناسراون، کەچی داخی گرانم لە سایەی سەرمایەداریی و شەپۆلی سێیەمی شارستانی لە جیهانی رۆژئاوا مرۆڤ کائینێکی کۆنترۆڵکراوە و بە رۆبۆتکراوە! فەرموو چالاکییەکی گرنگی ئەنتی سیستم بکە، بزانە چۆن پۆلیسی نێودەوڵەتی وەک کارلۆس دەستبەسەرت ئەکا. مەبەستم داکۆکی نییە لە کارە مافیاییەکانی کارلۆس، بەڵام تۆ کارێکی ئینسانی بکە کە زیانی بۆ سیستمی سەرمایەداریی هەبێ، بەهەمان میزان ئەتکێشن و دزێوت ئەکەن. تیرۆرکردنی قەشەکانی لاهوت تەحریرە لەلایەن سی ئای ئەی “CIA” باشترین بەڵگەیە.
ناهێڵن مرۆڤ بێ دیسپلین بژی، ناهێڵن مرۆڤ لەگەڵ سروشت ئاشت بێتەوە، ناهێڵن مرۆڤ بێ ناچارکردن بە هەزار شت کە ئارەزووی ناکا بژی. مرۆڤ بە جۆرێ کۆیلەی سیستمی سەرمایە کراوە کە هیچ کات ئەو کۆیلەدارییە شێوەی نەبینراوە بەدرێژایی هەموو مێژوو. ئەنگلس وتەنی “لە کۆندا کۆیلە یەک جار بە یەک کەس دەفرۆشرا، بەڵام پڕۆلیتاریا ناچارە هەموو رۆژێک بگرە هەموو کاتژمێرێک خۆی بفرۆشێ”. خۆفرۆشتن بەو مانایەی کە هێزی میکانیکی و جەستەیی بە کۆی سیستمی کاپیتالیزم ئەفرۆشێ. ئەوە کەی ناوی ئازادییە لە جیهانی رۆژئاوا کە خەڵک هەموو وەک شارە مێروولە بەیانیان ئەڕژێنە وێستگەکانی شەمەندەفەر و پاس؟ بۆ ئەوەی زووتر بگەنە کارخانە و فابریکەکانیان، هەشت نۆ سەعات رۆبۆت ئاسا کاربکەن و دواتر بە شەکەتی دێنەوە ماڵ. ئەمە داڕنینی مرۆڤە لە هەموو بەها و ئارەزووە ئینسانییەکانی، ئەمە پرۆسەی خنکاندنە بە هەنگوین نەک ئەو فۆرمە کلاسیکییەی کوشتن کە لە دنیای رۆژهەڵاتیدا باوە. ئەمە وێرانکردنی هەست و رۆحی ئینسانەکانە.
مرۆڤ گەیشتۆتە ئەو راددەیەی کە “بیتهۆڤن” لەسەرە مەرگدا وتی “هاوڕێیان بیکەنە چەپڵەڕێزان، گاڵتەجاڕییەکە ئیدی تەواو”. نامۆبوونی ئینسان گەیشتۆتە ئەو ئەندازەی هەست ئەکات بە مردوویی ئەژی و مردنیش وەک پرۆسەیەکی فیزیکی بە جەژن و زەماوەند لێکبداتەوە! ئەزانن ژیان خۆی لە خۆیدا ناماقووڵە، هیچ و پووچە، لەوەش کارەساتبارتر دەستتێوەردان لەو هیچی و ناماقووڵییەدا بکەیت. تا زۆرتر و زۆرتر و زۆرتر، هیچیتر و ناماقووڵتری بکەیت!!. هەر لەبەرئەوەیە پێکێک لەم وێسکییە ئەخۆمەوە و نەفەسێکی خەمبارانە لە جگەرەکەم ئەدەم، پێش ئەوەی سەرم بکرێتە تەپڵەک.
ئەم بەیانییەش شیعرێکم نوسیوە کە بەمجۆرە دەست پێ ئەکات:
گەر بەدەستم ئەبوو لەئاسمانەوە نان و ئازادیم ئەباران
گەر خودایەک هەیە چەند شەرمە کە ئەم کارە ناکات؟
ئەگەر بەدەستم ئەبوو فرمێسکم ئەگۆڕی بۆ بزەی شیرین
گەر خودایەک هەیە بۆچی دڵخۆشە بە قووڵپی گریان؟.

8-3-1999

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 51-55 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە

Previous
Next
Kurdish