Skip to Content

قەسیدەی بەدیار خۆمەوە پیر بووم .. ستیڤان شەمزینی

قەسیدەی بەدیار خۆمەوە پیر بووم .. ستیڤان شەمزینی

Closed
by شوبات 9, 2022 General, Poems


من چیم داوە
لە هەڵکورمان بە دیار خەونێکی نەمەییوو و
حنجەکردنی سەرهەڵگرتنی پەروانەیەکی بێزار؟
خۆ من هێشتا پەشمەکی عەشق
لە نێو دەممدا نەتواوەتەوە
هێشتا نەباریومەتە سەر دڵی ژنێک و
شیعرم بۆ گوڵێکی سەربڕاو نەنوسیوە
هێشتا بۆنی مەنفا لە هەناسەکانم دێ و
رەنگی نیشتمان لە چاوەکانمدا ون بووە
ئەبێت خۆم لە کۆشی گۆرانییەکدا بدۆزمەوە
ئینجا گیتار بۆ پەڕەسێلکەیەک بژەنم
ئەبێت فێری زمانی دەریا بم
ئینجا مغازەلەی مانگ بکەم
ئەبێت سەفەر بکەم بۆ دوورگەکانی بەهار
ئینجا سەوزیی دارستان بخوێنمەوە
من کە بە ژانی بیرەوەرییەوە مردووم
لە کوێ دەستم ئەگات بە هەنگوینی ئایندە و
لە باوەشی کام ئەستێرەدا
دوێنێ تاڵەکانم بنێژم؟!
لە کوێ ئێستای خۆم بدۆزمەوە؟
کە من لە کۆڵانەکانی بەرائەتی منداڵی و
پاکیزەیی زەمەنێکی بەسەرچوودا ون بووم
خۆ هێشتا لە ئاو تێنەگەیشتووم
چۆن خۆم بخەمە شەڕی بارانەوە؟
خۆ هێشتا بە ئاشکرا نامەم بۆ گوڵێک نەناردووە
چۆن دڵی باخێکی قاچاخ رازی بکەم؟
خۆ هێشتا خولیای سەفەر مێشکی نەگرتووم
چۆن بگەمە ئاسمانی سەرسامی ژنێک؟
بە چەند چەپکە شیعری قەرەجی
رێی سەفەری نەورەسێک بکەمە پەلکەزێڕینە؟
من کە هێشتا بە برینی رابردوو خۆم دەشۆم و
لە ئاوێنەی ئازاردا تەماشای خۆم دەکەم
چۆن ئەتوانم ئەستێرەکان راو بکەم و
بیکەمە گەردانەی تیشک بۆ ملی شەو؟
من کە هێشتا کچێکی نیمچە رووت
لەسەر کورسی حەزم دانەنیشتووە
چۆن ئەشکەوتی بیرکردنەوەم
پڕ پڕ دەبێت لە مۆمی گەشبینی؟
من کە هێشتا سڵاوم لە پایز نەکردووە و
خۆم لە قەرەی ئاگری سەرکێشی نەداوە
چۆن ئەتوانم داوای رووتبوونەوە لە درەخت و
سووتان لە پەپولەیەکی بەرزەفڕ بکەم؟
من کە هێشتا لە هەڵقرچانی دڵ ئەترسم و
شەڕم بە لەزەتی هیچ گزنگێک نەفرۆشتووە
چۆن ئەتوانم ببمە ئاگربازترین کۆتر و
قژی درەختێکی ترساو دابهێنم؟
من کە هێشتا مەلێکی بێ باڵ و
دەستەمۆی وەهمەکانی خۆمم
چۆن ئەتوانم بفڕم
بۆ حەوتەمین ئاسمانی عەشق و
سەبەتەی مێشکم پڕ بکەم
لە سێوی هەقیقەت؟
من کە هێشتا لە زمانی دەریا تێناگەم و
توانای نووسینی چامەیەکم نییە
چۆن ئەتوانم تریفە بلاوێنم و
تۆزی غەریبی لە شانی
کلوە بەفرێکی نامۆ بتەکێنم؟
من کە هێشتا زیکری عەشق نازانم و
گوێم پڕ نەبووە لە سەمفۆنی هاژە
چۆن ئەتوانم ببمە
دەروێشی تەریقەتی حەزرەتی یار و
دڵی تاڤگەیەکی هەناسەسارد بدەمەوە
لە کاتی رژان بەسەر خەمدا؟
هەر چۆنێک بێت
شەوێکی هێمن و رۆژێکی مەستم نییە
تا بورکانی سەفەری تێدا بحەسێتەوە
هەر چۆنێک بێت
ئیمپراتۆرێکی رووت و رەجاڵم
لەشکرێکم نییە دەست بگرێت بەسەر
قەڵاکانی غەمگینی دا و
قەلەڕەشی بێهودەییم بۆ دیل بکات
هەر چۆنێک بێت
ماڵێکم هەیە، بەڵام بێ پەنجەرە
کە ناتوانین لێوەی بڕوانین بۆ
بۆ باخەکانی داهاتوو
ماڵێکم هەیە، بەڵام بێ باڵکون
کە ناتوانین لێی دانیشین و
ترپەکانی دڵمان بژمێرین
ماڵێکم هەیە، بەڵام بێ باخچە
کە ناتوانین تێیدا
تۆوی زەردەخەنەی منداڵی بچێنین
یان جەستەی شەرمی تێدا بنێژین
هەر چۆنێک بێت
ئاوێنەیەکم نییە، نا ئاوێنەم نییە
وێنەی شێتییەکانی خۆم و
هەنگاوەکانی سەفەری تێدا ببینم
ئاوێنەیەکم نییە، نا ئاوێنەم نییە
سیسبوونی گوڵەکانی عەشق و
رژانی شەرابی پەشیمانی تێدا ببینم
ئاوێنەیەکم نییە، نا ئاوێنەم نییە
خنکانی ماسییە پەمەییەکانی ئومێد و
گیانەڵای شەپۆلەکانی حوزنی تێدا ببینم
هەر چۆنێک بێت
پاڵتۆیەکم نییە چەرمەکەی بیرچوونەوە بێت
تاکو چۆلەکەی تەزیوی بیرەوەریی و
لەشی سەرمابردەی چاوەڕوانی
تێدا گەرم گەرم بکەمەوە
هەر چۆنێک بێت
فانۆسێکم نییە، فانۆسێکی رووخۆش
تا بەر پێی گومانی پێ رووناک بکەمەوە و
لە ژێر پرتە پرتی چاویدا
چنگ لە عەرشی شەوی غەریبی گیر بکەم و
بیخەمە ژێر پێی سپێدەی نیشتمانەوە
هەر چۆنێک بێت
گۆچانێکم نییە، نا گۆچانم نییە
بیکەمە عەساکەی موسا و
“نیل”ی تەمومژی ژیانی پێ شەق بکەم
یان بۆ ئەوەی بەسەر پردی خەیاڵ
تا ئەوبەری دڵنیایی پێی بپەڕمەوە
هەر چۆنێک بێت
هیچ چاویلکەیەکم نییە، نا چاویلکەم نییە
تاکو رۆمانی هەوری پێ بخوێنمەوە و
لە لاپەڕە تەڕەکانیدا بارانێک بناسمەوە
کە بەر لە هەزاران ساڵ بەسەر
باڵای باڵندەی سەفەردا باریوە
هیچ چاویلکەیەکم نییە، نا چاویلکەم نییە
تاکو قەسیدەیەکی زامداری پێ بخوێنمەوە و
لە دێڕەکانیدا گریانێک بدۆزمەوە
منداڵی بلاوێنێتەوە و ماچی گۆنای ئێستا بکا
هەر چۆنێک بێت
کەنارێکی پڕ لە گۆرانیم نییە
تا کەشتییەکانی غوربەت قورگیان پڕ بکەن
لە میلۆدی گەڕانەوە بەرەو نیشتمان
یان ببێتە لاوکی ئەو موسافیرانەی
نیشتمانیان کردە جانتای سەفەرەوە
و بە دوای بەهەشتی مەنفادا رۆشتن
بەڵام پێیان خزایە دۆزەخی تەنهاییەوە
کە ئێستا سروودی دەربەدەریی
بە گوێی ئەو باڵندانەدا دەچرپێنن
سەفەریان رووەو گەرمەسێری وەتەنە
هەر چۆنێک بێت
پێنووسێکم نییە وەک باران تەڕ
سەربردەی پیاوێک بنووسێتەوە
لە مێژە لافاوی ئەوین بردوویەتی و
خۆی بە لکی شیعرەوە گرتۆتەوە
هەر چۆنێک بێت
پێنووسێکم نییە سەوز وەک بەهار
مێژووی زەردهەڵگەڕانی هەقیقەت و
وشکبوونی گەڵای خەیاڵ بنووسێتەوە
یان لەسەر دەفتەری مانگەشەو
وێنەی ئەو پرسیارە گوناهانە بکێشێ
ماسییەک لە کاتی سەرهەڵگرتندا
لە کەناراوەکانی دەکات
هەر چۆنێک بێت
پێنووسێکم نییە، سەوز وەک چاوم
لەسەر بەرگی ژیان پێی بنووسم
تۆ چەند دڵڕەق بوویت لەگەڵم
لەناو گریاندا نیشتەجێت کردم و
رێت لە فڕینی کوندەپەپووی ئازارکانم گرت
لێ نەگەڕایت
تۆزێک تامی مرەبای گەنجی بکەم
ئەوەتانێ بەدیار خۆمەوە پیر بووم
هەر چۆنێک بێت
ئەو دەمەی دەبوو ببمە باران
خودا کردمی بە بیابان
ئەو دەمەی دەبوو ببمە دەریا
لە حەوزی نەفرەتدا خنکام
ئەو دەمەی دەبوو بیر لە عەشق بکەمەوە
ئازار بیری لێ ئەکردمەوە
ئەو دەمەی دەبوو بە ئازادیی بفڕم
کاسەی سەرم لە ناکاو بوو بە زیندان
هەر چۆنێک بێت
تەمەنی خۆمم لە نێو شیعردا دۆزییەوە
فرمێسکەکانی خۆمم لە چاوی یاردا بینی
کە ببوونە ئۆقیانووسێک لە بیرەوەریی
تەرمی خۆمم لە گۆڕستانی عەشق ناسییەوە
ئەوسا تێگەیشتم عەشق یوسفێکە
هەزاران ساڵە گورگی درۆ خواردوویەتی
هەر چۆنێک بێت
عەشق نەیکووشتم
و بە دیار خۆمەوە پیر بووم

—————-

“نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس”
سێپتامبەری 2018

Previous
Next
Kurdish