
ڕۆژگـاری پـیـاوان.. چیرۆك: نیكۆلای هایتۆڤ*.. و: نهژاد عزیز سورمێ
لەو ساڵانەی جحێڵ بووم و خوێنم دەكوڵا، باوەكو ئەوەندەیش پان و تێكسمڕاو نەبووم، بەڵام بەهێز بووم، تفەنگم بەشانەوە بوو، خەنجەریشم لە تەنیشت خەنجەرێ دەبەر پشتێ دابوو، دوو بوون یا سێ بوون لە بیرم نەماون، بەڵام دەمانچەكەم لێرە، لە كەلەكێ بوو.. هەموو دەیانزانی سەر دانانوێنم، بۆیە كە یەكێ دەیویست ئافرەتێ هەڵگرێ لە دوو منی دەنارد. لەوان ڕۆژگارانەشدا كە پیاو ڕۆژیان بوو، ژن هێنان بە قسەی خۆش نەدەچووە سەر.
هاوسێیەكم ئافرەتێكی لە! (ناستان)ێ خۆش دەویست جارێكیان وتی: ـــ: بڵێ چەندت دەوێ بۆمی ڕاست بكەی شووم پێ بكا؟ وتم ـــ: سێ دانە لە سەد لیڤیەكان و دوو سەد لیڤیش بۆ خواردنەوە، هەمووی دەكاتە پێنج سەد لیڤ و زەماوەند ساز دەبێ.
ڕێككەوتین ، دوای چەند ڕۆژێ چووینە ناستانێ.. چوار غەریبە هەر گەیشتینە گوندی كارمان لە كار ترازا و ئاشكرا بووین. (بە كچەكەیان وت بە هەر حاڵ دەتڕفێنن!) ئیتر هەرگیز وەدەر نەدەكەوت، براكەی تفەنگی ئامادە كردو وتی: (بابێن! كەللەیان دوبەدەر دەكەم). یەك دوو ڕۆژان چاوەڕێ بووین، نەهاتە دەرەوە، ڕۆژی سێیەم(شوكری)كە دۆستێكی دڵسۆزم بوو لە ناستانێدا، هات و وتی: هەستن، ئەوان ڕۆیشتن چوونە بلاتییچی بۆ جووت كردن، وتم: ئەدی كچەكە؟ وتی: كچەكەیش! ئەولا باشتر، مێرگێكی لێیە و كەسیشی لێ نییە دەستەوەكەریێ بكا.. ڕاستە براكەی هەروا ئاسان نییە، بەڵام ئەو تەنیایە و ئێمە چوارین..
ڕووەو (پلاتییچی) وەرسوڕاینەوە و شەراب و عارەقیشمان لەگەڵ خۆ برد، بەسەر ڕێگا و بەر ڕێگادا ڕۆیشتین، تا گەیشتینە سەر كانیاوێكی ژێر دار سنەوبەرێكی بەرز و هەڵچوو، لەوێ چاوەڕێ بووین. كێڵگە نزیك بوو، دەماندیتن خوشك و برا جووتیان دەكرد. وتم: با دەست پێ بكەین عەرەق بخۆینەوە تانیوەڕۆ ئەو كاتەی كچەكە دێ گایەكان ئاوبدا ئێمەش دەیڕفێنین. بەڵام پیاو شتێكی دەڵێ و لە شتێكی تر هەڵدەنگوێ! شوانێ ئێمەی دی لە ڕۆخ كێڵگەكەدا خۆمان شاردۆتەوە، وەسەر دار سنەوبەرێكی بڵند كەوت و پڕ بە دەنگ هاواری كرد ـــ: هۆ.. هۆ شەیبان ئاغا (ئاخر برایەكەیشی وەكو من ناوی شەیبان بوو) پیاو لە دۆڵەكەدان پیاو وو..، خوشكت دەرفێنن، پیاو.. دە..،،! بە پیاوەكانم وت: ـــ: كار لە كار ترازا، با وەدەركەوین: براكەی كە بینیمانی خۆی ئامادە كرد، داسەكەی بە دارخۆخەكەوە بوو دەستی دایێ و خوشكی دەپشتە خۆی گرت و هاواری كرد: ـــ: لەكوێ هاتوون بڕۆنەوە ئەوێ، دەنا وا دەكەم دایكتان سنگتان بۆ بكوتێ! پاشان بۆ ئەوەی لێی نزیك نەبینەوە بەرد بارانی كردین. ئێمە دەچووینە پێشێ و ئەویش بەردی دەهاوێشتن هاوارم كردێ: ـــ: دەبێ ئەم كارە مەیسەر بێ، ئەگەر ئیشەكەیش پەیوەندی بە گریانی دایكانەوە هەیە ئەوا من لە تۆ بە جەرگ ترم داسەكەت فڕێدە و بڕۆوە سەر كاری خۆت، خوشكیشت بۆ شوێنێكی ناخۆش نابەین، دەیبەینە شار.
قیژاندی: ـــ: بۆ دواوە! دەنا سەرتان پان دەكەمەوە! دیار بوو هاوڕێكانم شەقاویان كورت بوون و نەختێ سڵەمینەوە، بەڵام من نەوەستام، دەستێكم لەسەر خەنجەر و ئەوی تریشم لەسەر دەمانچە بوو.. بانگم كرد:ـــ ـــ: ئەگەر مەسەلە، مەسەلەی سەرپان كردنەوەبێ، وەرە پێش حەڵاڵزادە منەتت نەبێ، تەكانم دا بیگرم داسەكەی بەسەر سەرمدا هەڵاوێت، ئەگەر خۆم نەدابووایە لاوە، زۆری نەمابوو بمكا بە دوو لەتەوە، بەڵام دەستی هەر بریندار كردم، لێرە لە بازوومان پارچەیێكی لێ داماڵی تاكو بردییەوە سەر ئێسقان ئیتر دەستی چەپەم نوقستان بوو. بەدەستی ڕاستم ملم گرت و دامهێنایەوە و هەندی لەنێبێ لە عاردم دا، ئەو كات من خورت و بە هێز بووم بە جۆرێك، دەمگرت و نەمدەپاراست..! كڵاوەی چۆكم لە زەوی گیر كردو بە دەستە ساغەكەیشم شواڕكێكم دەست دایێ و بەربوومە سەری و قەوارەیێكی هەندەم تێ كرد. شوویتكیشم كردەوە و پێمان لە دار سنەوبەرەكە بەستەوە و برینی سەریشیمان پێ تیمار كرد، وەك عەمامە لەسەرمان ئاڵاند. ئاوڕێكمان لە دەورو بەرمان دایەوە، تەماشا دەكەین خوشكەكەی ڕای كردووە، لەو كاتەدا تێی تەقاندووە كە ئێمە خەریك بووین حیسابمان لەگەڵ براكەی پاك دەكردەوە.. »ئەدی ئێستا؟!« بەسەر زاوای جحێڵم دا قیژاند: ـــ: ئەرێ تۆ چی؟ مەڕی؟ لەعنەت لە شیرت چاوت دەكوێدا بوو؟ ئەم لاو ئەو لای بۆ گەڕاین، لە ناو چەند درەختێكی تازە هەڵچوودا دۆزیمانەوە، برۆی وێك هێنابوونەوە بەبێ دەنگی لێی ڕاكشابوو.. هەڵمان كوتایە سەری، ڕاپەڕی و لە گەڵمانا كەوتە شەڕ، ئەو تەنیا بوو ئێمە چوار بووین، لەگەڵ ئەوەشا گێژی كردین.. بەڵام ئێمە كەزیمان گرت و ئیتر نەرم بوو. بهپێشە خۆماندا بەرەو كێڵگە بۆ لای براكەی.. دیار بوو براكەی دەپاڕایەوە: ـــ: لێم گەڕێن با بڕۆم، بەڕهڵڵام كەن حاڵم پەرێشانە، جێم مەهێڵن لێرە بەو سنەوبەرەوە بمرم.. بهزهییم پێدا هاتهوه، بەرەڵڵامان كرد.. كە لە دارمان كردەوە، وەك بەرزەكی بانان تێی تەقاند و گاسن و خوشك و هەموو شتێكی لەبیر كرد و بەناو دۆڵەكەدا ئاوا بوو.. بانگی بووكێم كرد: ـــ: هەستە دەی، هەستە خانمی بەڕێز
وە گەڵمان كەوە تاكو ببیتە ژنی ئەو (قۆزە)! ـــ: ئا، هی ئەوەی دوو تاڵە مووی لە ڕوومەتان شین نەبووە؟ تفووو (تفێكی تێ كرد) شتی وا هەرگیز نابێ، هەهەی ببم بە ژنی؟ ههێی..! هەڵمان كوتایە سەری و بردمان بەسەر گردەكەمان خست، بەڵام نەدەڕۆیی، كەزی ئەستوور بوون، نیوەمان دەركێشان، كەچی چەقی بوو نەدەڕۆیی. پاشان خستمانە سەر شانمان، ئەو بەپێ ئەم بە دەستی، چوار دەستە هەڵمان گرت و گەیاندمانە (دیگینگۆڤ ئازماك).
پێش ئەمە، زۆری ترم ڕفاندوون، بەڵام وەك ئەمەم نەدیوە و نەدیوە، چ لە بارەی هێز و تاقەتەوە چ لە بارەی عینادییەوە، ئێسك ساغ، تێك چەقیو، ئەگەر باسی شتی دیكەیشی نەكەین ئومێدم وایە كاكاغە ئەم سەرشێتی و كەف و كوڵە نەبینی! لە دارستانەكەوە بەرەو (گرۆختنۆ) شۆڕبووینەوە. لەو بڕوایەدا بووم براكەی لەگەڵ چەند كەسێك. بە دوامانەوە بن، بۆیە ڕێگای خۆمان گۆڕی و لە باتی ئەوەی بەرەو (دۆفلن) بڕۆین، بە پێیان بە ناو دارستاندا كەوتینەڕێ. زۆری ماندوو كردین، ئێمەش دامان گرت و ڕامانكێشا هاوەڵكراس و ماوەڵكراسی تیزماڵ تیزماڵ ببوو. كابرای زاوا یەك بە خۆی هاواری كرد! ـــ: با وازی لێ بێنین، جێی بێڵین! كورە خۆ ئەوە ئافرەت نییە دڕندەیە!! ـــ: بیگرە! ئەوە نێچیری خۆتە! دەتەوێ وازی لێ بێنین لە دوایدا پێمان بڵێن پێی نەوەستان؟ پاشان شۆڕ بووینەوە، شۆڕ بووینەوە تا ڕووباری (گرۆڤۆتنۆ) دەبێ لە ڕووبار بپەڕینەوە جا بە (حەمامی بۆ نارد) بەرەو (دۆڤلن) بڕۆین.. دەبێ لە ڕووبارەكە بپەڕینەوە، بەڵام چۆن؟
ڕووبار شێلووە و وەك شێتان كەفێ دەكا و تیژ تێدەپەڕێ، پردێك هەیە، بەڵام لە گوندییە و بۆ ئێمە نابێ و پێویستە بەهەر جۆرێكیش بێ لێی دوور بكەینەوە. لە خۆمان ڕا نەدی بپەڕینەوە، هەستاین گەڕاینەوە زیاتریش لەبەر ئەوەی چونكە هەردوو یارمەتیدەرەكەمان ڕازی نەبوون بپەڕینەوە، دیار بوو ڕووباریان ترسناك دەهاتە پێش چاو، ئافرەتەكەیش قوڕس بوو و نەیشی دەویست لە خۆڕا خۆی باوێتێ..
بە كابرای بە حیساب زاوام وت: ـــ: بیخەرە سەر پشتم جوانە جوانە.. بەڵام نە هەندە باڵای بەرزە كابرا بە ملیشی ڕاناگا، ئەدی چۆنی هەڵگرێ و بیهاوێتە سەر پشتم.. بانگم كرد: ـــ: داوەرەوە، داوەرەوە.. با سواری سەر پشتت بێ.. داهاتەوە، بەڵام ئەم سواری پشتی نەبوو، هەوڵم دا بیخەمە سەر پشتی، بە دەستێك هێزم پێ نەشكا قاچی لەزەوی چەقاندن و لە جێی خۆی نەبزووت.. خەنجەرم هەڵكێشا بۆ سنگم بردوو هاوارم كرد: ـــ: هەر ئێستا خوێنت فڕ دەكەم!، خەنجەرەكەم نەختە نەختە پاڵ دا خۆی داهێنایەوە، زیاترم پاڵ پێوەنا، زیاتری خۆ داهێنایەوە تاكو كەوتە سەر پشتی زاوا، هەڵیگرت و یەكسەر بۆ ناو ئاو. دەستم دەئەوكێ ناو بە سەرمدا قیژاند: ـــ: بڕۆ، ئاوڕان مەدەرەوە، من قاچەكانی دەگرم.
ڕۆیی، ڕۆیی تا كەوتە ناو چاڵێك و دەنێو ئاوێكی شێلوودا نقووم بوو، ئافرەتەكەیشی لەگەڵدا بوو.. ئیتر لە گۆرەویەكانی زیاترم لە دەستدا نەما، هاوارم كرد! (ئەی هاوار هەی..!! بووكە شۆخ ڕۆیی!)، خۆم لە ئاوەكەدا نقووم كرد هەر گرتم و نەمگرت كوێر بووم چم نەدەدی، ئەمن لە ئاوێ ناترسم، بەڵام نە ئاخر ئەوە ئاو نەبوو، تێكەڵەیێكی ترسناك بوو لە تیشەبەرد و ڕەگ و ڕیشەی درەختان، هەندێك لە سكت ڕادەچوون، هەندێكیش لە شانت، هی وایش هەبوو وە ڕانت دەكەوتن و بانگلۆزیان دەكردیەوە، جا پیاو خۆی بپارێزێ یا یەكێكی تر، ئاخ خۆزگە بەدوو دەستان دەبووم، بەڵام نە بە دەستێكم؟؟ قاچی ئافرەتەكەم گرت، بەدەستی نا بە ددانم گرتن، بە دەستەكەیشم ڕەگە دارێكم گرت و تا كەنار بە سەریدا ڕۆیشتم.. دوو سەعات بوو نەمان دەتوانی قسە بكەین لاڵ ببووین، شین هەڵگەڕا بووین لەبەر مانگەشەوێ.. نیوەڕۆ بوو كە لەگەڵ براكەی پێكوەرهاتین و بە دوای ئافرەتەكە كەوتین.. خۆر ئاوایێ هێنامانەوە، ئەوی تر لەبەر مانگەشەودا بوو. هەر دانیشتین و دانەنیشتین، وتم: ـــ: هەستن با بڕۆین! ئافرەتەكە قیژاندی: ـــ: ئەمن بێرەدا سەر ناكەوم، باشتر وایە دەئاوێم باوێن! وەرم گێڕایەوە وتم بە خۆشی قسەی لەگەڵ بكەم: ـــ: هەستە ئامینە، بەخۆشی هەستە، نابێ چی دی خۆگران بكەی، مادام ئێمە تكات لێ دەكەین نابێ چی دی خۆت گران بكەی..
ـــ: نە!.. هەرگیز، برایەكم هەیە لە (دراما)، ئەگەر پێی بڵێم بە لیرانت خەنی دەكا، لێم گەڕێ نامەوێ شوو بەوە بكەم.. لێم گەڕێ. كابرای زاوا دانیشتبوو بەترسێكەوە چاوەڕوانی دەكرد وتم: ـــ: هەستە، بە مێردت دەدەین، ئەوەتا شۆڕەسوارەكەت ئەوەتا!
ـــ: ئەو (شۆڕەسوارەم!) ناوێ جا لێم گەڕێ: لێرە دەمرم.. لە جێی خۆم نابزووم! دەمانچەكەم هەڵكێشا لوولەم تێ كردو وتم: ـــ: هەشتم كووشتوون، تۆش دەبیتە هی نۆیەم، جا ئەگەر دەرحاڵ ڕەپێ نەبی و نەڕۆی، كوژراو هەشتن تۆیش نۆیەمین. بە نابەدڵی هەستایەوە.. ڕۆیشتین.. ڕۆیشتین تاكو دەمەوبەیان، سەیر دەكەم! (بۆنار)مان بەجێ هێشتووە و گەیشتووینەتە خوار (كریفۆبیلۆ) و ڕوومان لە (دۆفلن) دایە. بە درێژایی شەوێ بەسەر ڕێگاو بە بەر ڕێگایش بە گوزەرگای بەر تەسك و بەناو دڕك و داڵدا ڕۆیشتووین، جل و بەرگمان پاتاڵ پاتاڵ ببوو دەتگوت بەناو دارهەنەی پەڕەكەردا ڕۆییون پارچەی بەساغی نەمابوو، بۆ ئێمەیش بێ كراس و شەڵوار بەهەر حاڵ، بەڵام چۆن لێ بگەڕێین كە ئەو بەم چەشنە بەشاریدا تێبپەرێ؟ بە زاوام وت: ـــ: هەستە بڕۆ دەستە جلكێكی بۆ بهێنە، با خەڵكی (دۆفلن) بەم شێوە نابەروێكەی نەبینن. جودای كردەوە و وتی: ـــ: باشە، بەڵام لێمان گەڕێن تاوێ بەتەنێ بین یەك دوو جار خۆ لێك بسووین بەڵكو ئەوە خوایە تۆزێ دڵی نەرم دەبێ. وتم: ـــ: باشە! ڕۆیشتن و ڕۆیشتین، قڵفەی پشتێندێم كردەوە و هاوارم كردنێ: ـــ: ئێوە دەپێشدا بڕۆن، من نەختێ تەنها دەبم. ڕۆیشتن، منیش مامەوە چاوەدێریم دەكردن: جارێكیان لەسەر ڕێیێ وەستان، كابرا دیار بوو شتێكی پێ وت و بەرپێ یەكی دایێ و لە عاردی دا، خۆی هەڵداسەرێ لاقی گرتن و دەستی كرد بە یاری لەگەڵیا، ڕووی لەگەڵیا خۆش بوو، بەڵام ئەو ڕانەدەوەستا، نەختێ لاربوونەوە و بەرەوپێش چوون،زاوا یا دوو یا سێ جاران بە تەواوی نازانم خلۆر بووەوە… وەك هەموو جارێ، گەر كەری ئەو بارەی نیت بۆ چی خۆتی دەدەیتە بەر.. گەیمەوە ئەوان و ڕۆیشتین، كابرام نارد جلكەكان بێنێ، من و ئامینەش لەوێ لەسەر ڕێی (دۆفلن) دا چاوەڕێ بووین چاوی لە چاوی بڕیم و وتی: ـــ: بۆ چی دەمدەیتە ئەو گولەی پیسم بكا..؟ شووی پێ ناكەم، ناچمە دۆفلن… وتم: ـــ: دەچی و دەشچی! پارەی هێنانتم وەرگرتووە.. ـــ: ئەگەر مەسەلەكە پەیوەندی بە ماڵ هەبێ: ئەوا برایەكەم خەنیت دەكا بەلیرەی زێڕ بەرامبەر بەوەی تۆیش وازم لێ بێنی.
وتم: ـــ: لە ڕاست قسەی من زێڕ ناكا هیچ، دەبێ بچی!
ـــ: لەكەڵ تۆ، نەك هەر بۆ دۆفلن، بڵێ بە ناو دەریاشدا دێم، بەڵام لەگەڵ ئەودا ناچم! خودایە ئیش چییان بەسەر دێ؟ چی بكەم؟ گرێیەكە بۆ خۆی، ڕاستە ئافرەتێكم لە ماڵێیە، بەڵام نە ئەمەیان ژنێك و نیوە، سپییە دەڵێی شیرە، چاوی وەك خەنجەرێ دەبڕن، بەڵام مەمكی ؟، مەمكی براینە تەنوورە تەنوور!! ـــ: هەویرەكەی پێوەدە و بیخۆ! بانگی كرد: ـــ: دەتەوێ؟ هەر ئێستا! ئەو كاتە خەتا بە خێر گەڕایەوە.. بە پێش خۆم دا بۆ كێڵگەكە، خۆمان لە گۆشەیێك داخزاند و یەكتریمان لە ئامێزێ گرت، پەلكەگیای پێوە نەمابوو، هەموومان شێلا، بەسەرمدا هاوار كرد: تا ئێرە بەسە! ئەی ئێستا؟ بیبەم؟ لەبەر برادەرەكەم شەرم دایگرتبووم..(نایبەم).. دڵەكەمی لە ناخەوە پێكا.. هەستم كرد پەشیمان بوومەوە چاوی دەمن بڕیبوو لێی پرسیم: ـــ: لەگەڵ تۆ دێم، وا نییە؟ دڵم لە نێوان دوو ئافرەتدا، بوو بە دوو لەتەوە، لەو حاڵەتانەدا دەتەوێ دوو دڵت هەبن، یەكیان بۆ شەرەف ئەوی تریش بۆ زەوق و ڕابواردن: بەڵام دڵی من یەكێكە، ئەوەندەی دابەشی دەكەم، ئەنجام هەر دڵێ دەمێنێتەوە. بەرەو شەرەفم هاوێت و وتم: ـــ: لەگەڵ من نایێ! هیچ چارێ نییە دەبێ لەگەڵی بچی. هاواری كرد: ـــ: لەگەڵی ناچم! ـ
ــ: دەبێ لەگەڵی بچی!! ـــ: ئەمە نابێ..! دیار بوو خۆیشی بۆ ڕاكردن ئامادە كرد بوو، كە نیگامان لە یەكدی چەقی و تەكانیدا، خۆم بە زەوی دادا و پاژنەی پێم گرت: بواری ئەوەی نەدام خۆم پێ ڕابگیرێ و كێل ببمەوە، وەك ڕەشەبا وا بوو: وەردەچەرخایەوە و دەردەپەڕی، بەسەر دڕك و چەقەبەردان ڕایدەكێشام… بەڵام من وەك كسۆكانم لە پاژنەیەوە گرتبووو وازم لێ نەدەهێنا، تاكو ساتمەیێكی بردووو كەوت. كەفی دەردا بووە سەر زاری، منیش ماندوو بووم.. دانیشتین پشوویێ بدەین، پێم وت: ـــ: ئێستا دەڕۆی ها؟ ـــ: هاواری كرد.. دەستم دەبەر پشتێ نای، تەسلیمی تۆ بووم.. پاشان كابرا هاتەوە.. دەورەماندا و بەرەو دۆفلن كەوتینە ڕێ. دەبووایە لە پردەكەی سەر ڕووباری بپەڕینەوە ئینجا وەك دەڵێن لە ماڵێ بین، ئەمەش مانای وایە بەمرازی خۆمان گەیشتین.. ئەوەم بە خایاڵدا هات، تێ هەڵكەم گۆرانی بڵێم، كاتێك بوو بۆ گۆرانی نەبووایە بۆ چیدی دەستی نەدەدا. لە پردەكە نزیك بووینەوە شتێكمان لێ ڕاپەڕی و هاواری كرد: ـــ: بووەستن! دەنا وەدەكەم دایكتان خڕە فرمێسكتان بۆ ببارێنێ! لوولەی تفەنگێكم دی، هەر (دە) هەنگاوان دوور دەبوو، ئاگاداربن.. ئاگاداربن.. سەرێكی بەستراوم دی زانیم براكەیەتی، زانیبووی لەو ڕێیە زیاتر، چ ڕێی دی ناچێتەوە (دۆفلن)، بۆیە لێرە لە دەم ڕووبار لە ژێر پردەكەدا چاوەڕێی كردووین. كە هاوڕێكەم بەو كەین و بەینەی زانی، دیار بوو لە پشتم دەڕۆیشت، پاشان لەو سەر ڕێیەدا شۆربووەوە و خۆی لە پەنایەك نا. من لە ناوەڕاستی ڕێگا بووم، دەستێكم بەستراوە، دەمانچەكەشم لە بەر پشتێیە پێش ئەوەی دەستی بۆ ببەم ئەوە دەزانم بە تفەنگەكەی كارم لە كار دەترازێنێ.
ـــ: نەجوولێیەوە! دیار بوو براكەی هاواری كرد و بەرەو ڕووی منیش هات خوشكەكەی بباتەوە، لوولەی تفەنگێی بەرەو ڕووی منە.. لەو كاتەدا كێ بڕوا دەكا، خوشكەكەی، كە لە نزیك منەوە بوو خۆی دامەپێش.. ئەو خوشكەی كە بە درێژایی شەو بەدوای خۆم ڕاكێشابوو، پارچەیێكی لە جلكان بە سەلامەتی نەمابوو، تەكان بدا و بێت لە پێشم بوەستێ و بە خودی خۆی بمپاڕێزێ؟ بە دەستە ساغەكەمم لە ناو قەدێم دا گرت و هاوارێكی براكەیم كرد: ـــ: تاقە هەنگاوێكی تر باوێی خوشكت دەڕووباری داوێم! ڕووباریش چ ڕووبار لە ژێرمانەوە خوێنی دەكرد.. وای لەو كارەساتە! لە جێی خۆیم چەقاند.. بۆ دواوە.. بۆ دواوە خوشكەكەیم دەدەستی دابوو توندم گرتبوو بەرم نەدەدا. بەسەر پردەكە تێدەپەڕیم، ئەویش تەماشای دەكردم بێ ئەوەی بەدوام بكەوێ یاخود تەققەم لێ بكا، لەو ساتەدا ئەو مرۆڤەم وەك مۆمیایێ، یا مرۆڤێكی لە شەمێی دەهاتە بەرچاو، سپی ببووەوە، وێنەی سەنەمێك لێی دانیشتبوو تفەنگەكەی فڕێ داو دەستی بە چاوان وە ناو دەستی كرد بە گریان.. پیاوم نەدیبوو بگری، ئەوه دیتم..هاتە سەرم بگەڕێمەوە و خوشكەكەی بدەمەوە، بەڵام نەم كرد.. تۆ شتێكت دەوێ كەچی دەسەڵاتت بەسەر شتێكی تردا دەشكێ و لە پاشان هی سێیەم و چوارەم دەكەی. بەم چەشنە بردمانە دۆفلن، لەوێش یەكسەر بۆ لای شێخ، لێی مارە بكا.. شێخ لێی پرسی: ـــ: تۆ ئەو كابرایەی بە مێردت قبووڵ دەكەی؟
ـــ: نامەوێ!
شێخ وتی: ـــ: بە ڕاستی تۆ ئافرەتێكی قایمی، لە باڵ یەكیان دەرهێناوە كەچی ئەو هەر سوورە لەسەر قسەی خۆی.. بیبە شەیبان بیبە! لە دارستانێی بەڕەڵڵاكە. با لەگەڵ دڕندان دابێ بەڵكو هۆشی بێتەوە سەر.. ئیتر كاری لە كار ترازاو لێكمان مارە كردن.. دەپرسی: شەیبان داخۆ لە دوایدا بەچی گەیی و چی لێ هات؟ دوو مانگ بوو یا سێ، پیكەوەیان گوزەراند جارێكیان بە ژنەكەمی وتبوو: دە یاڵڵا (لەیلا) خوشك! با بڕۆین لەگەڵ خۆم بەرە گەنمەشامیان لە بێستانێ بچێنین، حەزم لێیە فێرم بكەی داخۆ گەنمەشامی چۆن دەچێندرێ.. مێردی ئیزنی دابوو (پێش ئەوجاری ڕێی نەدەدایێ) ڕۆیی لەگەڵ ژنەكەی من فێری بكا گەنمەشامی چۆن دەچێنرێ.. لەدوایی دا ژنەكەی من گەڕایەوە و، ئەو نەهاتەوە.. ڕووبار و ڕووبار ڕۆیشتبوو تا گوندەكەیان.. پاشان لە دووی ناردم بچم لێی بدوێین..، چووم.. پێی وتم: لە كۆڵ ئەو زار بەلیكاوەم بكەرەوە، با تەڵاقم بدا هەرچی دەڵێی ئامادەم. لێم پرسی: جا كە ئەوەم كرد چیم دەدەیێ؟ وتی: دوو لیرە و پارچە چەرمێك بۆ پێتاوان، بایی سێ جووتە بەڵەكپێچانیش مەرەزت دەدەمێ، وتی:ــ كەنگێ ئەوەت كرد هەموو شتێك ئامادەیە. گەڕامەوە (دۆفلن)، كابرام گرت و پێم وت: ئەگەر یەخەی ئەو ژنەی بەر نەدەی ئەوا بچیتە پەڕەكەی ئاسمانێش بۆ تۆ نابێ!.. ئێستاش ئەگەر هەر حەزت لێی بێ ئەوا دەبێ جاری پێشوو چۆنمان ڕفاند بیرفێنینەوە. بە ترسێكەوە وتی: نا نا نەكەی، هەرگیز: گەر تا دەشمرم بێ ژن بم دووبارەی ناكەمەوە. وتم ـــ: مادام ئیشەكە وایە، بەرەڵڵای كە، یەكێكی دڵ نەرمترت بۆ هەڵدەگڕین، كە ئەوەندە كەللەرەق نەبێ و لە گەڵت بژی.
ـــ: ئەمجارە چەندت دەوێ؟ ـــ: سێ لەو (سەد لیڤی) یانە و دووسەد لیڤیش بۆ خواردنەوە، هەمووی دەكاتە پێنج سەد لیڤی. وتی:ـــ باشە دەتدەمێ، بڕۆ بەو هارەی بڵێ نامەوێ.
ـــ: پێویست بە پێ گوتن ناكا، لەگەڵم دێیە ناستان لەوێ با شێخ لێكتان بكاتەوە، پاشان چی بە چاك دەزانی دەیكەین. چووینە ناستان، شێخ لە یەكتری جوودا كردنەوە و تەڵاقی دا، پاشان یەكی دیمان بۆ هێنا، ڕفاندمان، بەڵام نەك وەك ئەوەی پێشوو، هەر كەزیمان گرت و نەگرت كارەكە مەیسەر بوو، ئەویش دوو لیرەكە و ئەوەی لەگەڵی گووتبووم دایمێ.
زۆرم ئافرەت ڕفاندوون، بەڵام تەنها ئەوەیانم كەوتە بەردڵ، ئافرەتێكی ئازا، هەر نزیكی دەبیەوە دەبینی لە ژن زیاترە.. ئێستاش بیری دەكەم.. بەداخەوە..! بەڵام ئەدی پێم نەوتی تۆ شتێكت دەوێ كەچی دەسەڵاتت بەسەر شتێكی تردا دەشكێ، پاشانیش هی سێیەم و چوارەم دەكەی…؟.
() چیرۆكنوووسی بولگارییای ناسراو (*) له ژماره 2 ی گۆڤاری ( الاداب الاجنبیة )ی سوورییهوه كراوه به كوردی .
لینکی بابەتەکە بە ئینگلیزی:
https://momaanglichanka.com/2021/05/29/when-men-were-men-by-nikolay-haitov/