Skip to Content

مەقەست… سۆران محه‌مه‌ده‌سووره‌

مەقەست… سۆران محه‌مه‌ده‌سووره‌

Closed
by نیسان 16, 2022 General, Poems



بە لوورە هەواڵ لە ئاسمان دێنێ،
بەتاو گوێ لە زەویی قووڵاغ دەکا
خۆشەویستیی کە ناگێڕدرێتەوە، بۆچی نەبیسترێ!

ئاشقان لە شکستدا
پەنا بۆ سیگار و مەی و کوفر دەبەن
بەیەکجار هەموویانم خستەلاوە

دەبا ببیسترێ، شکستی من
کە خوێی کۆنەساڵی مێژووی لێنیشتووە.
ئاشق کە بێزرا
نابێ بهێڵێ دەستەکانی مەگیرانیی خوێن بکەن.
چ بریندارە لەخۆ، ئەو کەسەی زامەکانی هەتوانی بیرچووبێتەوە.

ئێوە لێکنزیکن
ئاسمانیش لێتانەوە دوور
دواجار تەنێ ئاسمان ماڵی منە.
٭٭٭

زلێکی وشکی بەخوێن هەڵماسراو
لە ئازاری ماڵ دادەچۆڕێ.
ویژدانی ئەم هەموو خوێنی تۆیە
لەجەستەم دەنۆشرێ و
گورگەکان هەر تەنیان.
خوێی ئەو هەموو شکستە
وەک مێش نیشتووەتە سەر جەستەم و
گورگەکان هەر تەنیان
مرۆڤیش ویستی داگیرکردنی لوورەیانە.
دەبا گورگەکان لەتێرییدا بن
لچیان سوور
گۆشتی کاڵم لە کەلێنی دەدانەکانیان
خۆی لە زمانیان بسووێ.
٭٭٭

کە چاوم لەتێرایی ڕێگەدا لێ ون دەبن
بەیانییان بەسەر دادێ
خۆریش ڕووحم لەنێو ئەم گورگگەلە
ڕەپێش نادیاریی دەدا.
بەیانییەکی بێبەزەیی بەڕێوەیە
مرۆڤی بەیانی دەبێ شەڕەنگێزتر بێت.
ئای منیش
ئێسکەکانم، پەراسووەکانم
لێدادەماڵدرێن.

گورگەیل لەناو کەللەسەر و ئێسکەکانمدا ڕاکشاون
تینی خۆریش ساردیی خوێنم دووبارە لەنێو دەمیاندا گەرم دەکاتەوە و
مێروولە ئاسا ختووکەی دەبێتەوە.
٭٭٭

ئێوە لێکنزیکن
خوێ[ن]ی تێنووی خۆشەویستیی منیش
ئۆزینگ بە لەدایکبوونەوەی تەنیاییم،
باوێشک بە گەلەگورک دەدا.
ئا ئەمە لەدایکبوونەوەی هەمیشەییی زەوییە
دەردێک کە بێچارەسەر لەگەڵ خۆی پەروەردەت دەکا، تەنیایییە.
٭٭٭

بەیانی هەر کە خۆر هەڵدێ
ئاوابوونی منیش
ڕاپێچی بەردەم دادگەی خودا دەکرێ،
ئاخۆ لەخۆی هەڵدەبڕێنێ.
٭٭٭

ئەهۆ گورگەیل
دەمەوێ ساردیی ئەویندارییەکی بەبێبەزەییی ماڵاواکردوو لەدڵ بتارێنم.
نەمناسی و نەمایەوە؛ خۆشەویستیی
هەر ئەوەی خوێنت پێدەڕێژێ.

سۆران محه‌مه‌ده‌سووره‌

Previous
Next
Kurdish