Skip to Content

ئەنفالی بارزانییەکان… موحەممەد گەڵاڵەیی*

ئەنفالی بارزانییەکان… موحەممەد گەڵاڵەیی*

Closed
by ته‌مموز 31, 2022 General, Genocide, Opinion


بارزانییەکانیش کوردن و برای ئێمەن و ئێمەیش برای ئەوانین، بۆ بەندە بەشێک لە خوێندکارەکانم دانیشتوی ناوچەی بارزانن و یان خەڵکی ئەو ناوچەیەن کەسی بەرێز و بەتوانان، ھاوپۆلەکانم لە قۆناغی سەرەتایی، ناوەندی، ئامادەیی و زانکۆدا بەشێکیان بارزانی بون تا ئێستایش ھەندێک لەو ھاوپۆلانە بەردەوام لە پەیوەندیداین چ وەک ھاوڕێی جاران و مامۆستایەتیی لە زانکۆ، ھەندێک لە ھاوپیشەکانم لە قۆناغی مامۆستایەتیی ئامادەیی و ئێستای زانکۆدا بارزانین، دراوسێ و دۆستی بارزانیمان ھەبوە و ھەیە کەسی بەوەفا و قەدرگرانن، نایشارمەوە خۆشی و ناخۆشیشان پێکەوە ھەبوە.
لە سەرەتای ھەڵایسانی شۆڕشی ئەیلولدا و بەتایبەتی لە ساڵی ١٩٦٣ بارزانییەکان ھاتنە ناوچەی باڵەکایەتیی و گەڵاڵە، لە ئەنفالی بارزانییەکاندا لە ئۆردوگای دیانا لە ١٩٨٣ مام حاجی شەفیعی ماوانێ سێ بارزانی ھێنابونە ماڵی باوکم (حاجی ئەحمەد ئاغای گەڵاڵێ) لە کۆمەڵگای گەڵاڵە و چەند ڕۆژێک مابونەوە و دواتر مامی کۆچکردوومان ھەزار ڕەحمەتی لێبێ (مام مارف) چەند قاتە جلوبەرگی خۆی پێدابون و گەیاندبونییە دەستی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، وەک دەگێڕنەوە کارەساتێکی گەورە بوە، چونکە خەڵکی کۆمەڵگاکانی گەڵاڵە و دیانا کە لە خەڵکی گەڵاڵە، دۆڵی ڕوستێ وبارزانییەکان و موھاجیرەکان و برادۆستیەکان پێکھاتبو، مەزەندەی ئەوەیان کردبو کە دوای بارزانییەکان، نۆبەتی ئەوانیش دێت، بۆیە ئەوەی لە توانایان دابوە لە رزگارکردنی بارزانییەکان(بەتایبەتی پیاوەکانیان)لەدەستی گاردی کۆماری کردوویانە، دواتریش وەک کەسوکاری خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ کەسوکاری ئەنفالکراوان کردوە، خەڵکی باڵەکایەتیی بەگشتی لە ئۆردوگاکانی دیانا، حەریر، قوشتەپە و سێبیران ھاوسۆز و ھاوکاری کەسوکاری ئەنفالکراوان بونە.
ھەقە لێرەیش، دوو ھەڵوێستی جوامێرانەی جەنابی مام جەلال تاڵەبانی و کاک نەوشێروان موستەفا ئەمین، بیری خەڵکی کوردستان و برا بارزانییەکان بخەینەوە کە لەو کارەساتەدا چ ھەڵوێستێکی نیشتمانیان ھەبوە:

یەکەم: مام جەلال لە کتێبی دیداری تەمەن؛ باسی یارمەتیدانی خێزانەکانی کەسوکاری ئەنفالکراوانی بارزانی ئەکات لەڕووی مالییەوە لە دوای ساڵی ١٩٨٣ و دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی سەرکردایەتیی بەرەی ی.ن.ک. ھەروەھا لە وتاری سوورداش و گفتوگۆکانی ی.ن.ک لەگەڵ حکومەتی بەعس دا جەنابی مام جەلال لە پێش ھەزاران کەس داوای ئازادی و چارەنووسی بێسەروشوێنکراوانی بارزانی کرد، لەوکاتیشدا ھیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان حزبەکانی کوردستان دا نەبو و کە ی.ن.ک چوبوە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق لە ژێر فشارێکی گەورەی ھێزە دژبەرەکانی ناوخۆی کوردستان دابو.
دووەم: کاک مەسعود عەبدولخالق ئەگێڕێتەوە، کە دوای گەیشتنی زانیاری بە کاک نەوشێروان موستەفا ئەمین کە سکرتێری کۆمەڵەی ڕەنجدەرانیش بوە لە ناو بەرەی ی.ن.ک دا کە سەرۆک جاشێک لە ئۆردوگای قوشتەپە ئەیەوێت زوڵم لە کەسوکاری ئەنفالکراوانی بارزانیەکان بکات، ڕاستەوخۆ فەرمان دەرئەکات بەناردنی مەفرەزەیەک بۆ دەشتی ھەولێر بە سەرکردایەتیی شەھید شەوکەتی حاجی موشیر ومەسعود عەبدولخالق، بۆ تەمبێکردنی ئەو سەرۆک جاشە و چاودێریکردنی ڕەوشی ئۆردوگای قوشتەپە و کەسوکاری ئەنفالکراوان.
بۆیە ڕووم لەخەڵکی کوردستان، دۆستان، خزمان و ھاوڕێیانە، کە پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسیەکان ھەر چۆنێک بێت، دواجار ئەوان لەسەر یەک مێزی گفتوگۆ و بەرژەوەندییەکان کێکەکە لە نێوان خۆیان بەش ئەکەن و پێک دێن جا بە ڕێگەی شەڕ یان ئاشتی بێت، بەڵام ئەوەی گرنگە خەڵکی کورد، برایەتیی و ھاونەتەوەیی و ھاوسۆزییان لەکاتی لێقەومان و کارەساتە نیشتمانییەکان و بۆنە و یادە تراژیدیەکانی وەک ئەنفال و کیمیاباران ببپارێزن.
لەلای بەندە؛ ئەنفالی فەیلەییەکان، بارزانییەکان، گەرمیانیەکان، بادینان، کیمیاباران، ڕاگواستن و سووتماککردنی خاکی کوردستان، تاوانی تەعریب و کاولکردنی کوردستان، لە سێدارە دراوەکان و زیندانیانی سیاسی و پێشمەرگە دێرینەکان و شەھیدەکان و کەمئەندامانی سەنگەر، ئەمانە ھەمویان ئیعتبارێکی مێژوویی و نیشتمانی مەزنیان لەلای من ھەیە، لەسەرووی ھەمو ئیعتبارێکی سیاسی و شەخصی دان.
خوای گەورە ڕۆحی ھەمو ئەنفالکراوانی کوردستان لەبەھەشی پڕ نووری خۆیدا جێگەداریان بکات، سەبووری و دڵنەوایی کەسوکارەکانیان بکات.
*مامۆستا له‌به‌شی مێژووی فاكه‌ڵتیی ئاداب له‌ زانكۆی سۆران.

Previous
Next
Kurdish