
بیره‌وه‌رییه‌کانی کاکیخۆم.. هیوا ناسیح
ئه‌و گه‌نجه گه‌رمیانییه‌ی له وڵاتی غه‌ریبیدا بوو به مامه‌خه‌مه‌ی کوردان
له‌م ماوه‌یه‌دا کتێبی به‌سه‌رهاتی ژیان، یان بیره‌وه‌رییه‌کانی کاکیخۆمم خوێنده‌وه، که به ناوی کاردۆخ، کورده‌که(Kardox, der Kurde، Lebensbericht)یه و چاپی یه‌که‌می ساڵی ٢٠١٨ له ئه‌ڵمانیا له سه‌ر کاغه‌زێکی بریقه‌دار و جوان و قه‌باره‌ی مامناوه‌ند که ٣٦٤ لاپه‌ڕه‌یه بڵاوکراوه‌ته‌وه،. زیاتر له ٣٠ وێنه و ده‌یان به‌ڵگه‌نامه‌ی کوردی و ئه‌ڵمانی له پاشکۆیدا چاپکردوه، کتێبه‌که‌یان ده‌وڵه‌مه‌ندتر کردوه.
دیاره من یه‌ک له ئاره‌زووه‌کانم خوێندنه‌وه‌ی بیره‌وه‌ریی مرۆڤه‌کانه، جا کورد بێت یان بێگانه، که گۆڕانکاری و به‌رزی و نزمی زۆریان له ژیاندا بینیوه و تاڵی و سوێری و ساردوگه‌رمی ڕۆژگاریان زۆر چه‌شتوه. رۆژێکیان به رێکه‌وت چاوم که‌وته سه‌ر ئه‌م کتێبه، زانیم هی کوردێکی خه‌مزه‌ده و کهسهردیدهیه بۆیه یه‌کسه‌ر کڕیم، به‌ڕاستی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م بیره‌وه‌رییانه‌ی کاکیخۆم محیه‌ددین تام و چێژێکی تایبه‌تی پێ به‌خشیم، ئه‌شێ له‌به‌ر ئه‌وه بێت هه‌ندێک خاڵی هاوبه‌ش له نێوانماندا هه‌یه، هه‌ر چه‌نده جیاوازی ته‌مه‌نیشمان بڕێک زۆره، وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌ویش کورده و خه‌ڵکی گه‌رمیانه، خاک و وڵاتی خۆی له‌بیرنه‌کردوه، ئاواره‌ی ئه‌وروپا بووه و لێره توانیویه‌تی زمان باش فێرببێت و له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگای ئێره‌دا ئاوێته ببێت. یان ره‌نگه له‌به‌ر ئه‌وه بێت، یه‌که‌مجاره بیره‌وه‌ریی کوردێکی په‌ڕاگه‌نده‌ی هه‌نده‌ران به زمانی بیانی ده‌خوێنمه‌وه.
دیاره نوسینی بیره‌وه‌ریی، که یه‌کێکه له ژانره گرنگه‌کانی ئه‌ده‌ب و خوێنه‌ری زۆره له جیهاندا، بۆ ئێمه‌ی کورد و به زمانی بێگانه بایه‌خی تایبه‌تی هه‌یه، چونکه له سه‌رێکه‌وه له میانه‌ی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌کانه‌وه که به‌سه‌ر خۆمان و گه‌له‌که‌مان هاتوه، چه‌وسانه‌وه و خه‌بات و به‌رگری و کۆمه‌ڵکوژییه‌کانی گه‌له‌که‌مان به خوێنه‌ری بیانی ده‌ناسێنین، هاوکات دابونه‌ریت و که‌لتوری گه‌له‌که‌مان پێیان ئاشنا ده‌که‌ین، وه‌ک لێبورده‌یی، میواندۆستی، به‌خشنده‌یی، هاوده‌ردی و هاوخه‌می که‌سوکار و دراوسێ بۆ یه‌کدی… هتد. له سه‌رێکی تریشه‌وه بۆ هاوزمانه‌که‌مان گرنگن، که ده‌یخوێننه‌وه، له‌و ڕووه‌وه که پڕه له ئه‌زمونی ژیانی ده‌ربه‌ده‌ریی و ئاواره‌یی و کارکردن و خوێندن و ئاوێته‌بوون له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگه‌ی خۆرئاواییدا، هاوکات دانه‌بڕان له خه‌بات بۆ ئازادی و مانه‌وه‌ی گیانی نه‌ته‌وایه‌تی به مانا مرۆڤایه‌تییه پێشکه‌وتووخوازییه‌که‌ی له‌و کوردانه‌ی له وڵاتانی بیانی و هه‌نده‌ران ده‌ژین، ئینجاش فێربوون و زانیاری ده‌رباره‌ی که‌لتور و دابونه‌ریت و ره‌فتاری ژیانی رۆژئاوا و یاسا و ڕێساکانیان له ژیانی رۆژانه‌دا.
کاکیخۆم له گوندی عوسمانهلهکه ی نزیک که‌رکوک ساڵی ١٩٥٥ له‌دایکبووه، له خێزانێکی گه‌وره‌دا، له‌وێوه به‌سه‌رهاتی ده‌ربه‌ده‌ری و هه‌ژاری و چه‌رمه‌سه‌ری ژیانی ده‌ست پێ ده‌کات، که ئه‌م هێشتا مناڵێکی هه‌شت ساڵانه و باوکی به هاندانی دراوسێیه‌کیان ده‌ینێرێته به‌ر خوێندن. ئیتر له‌و کاته‌وه چیرۆکی ده‌ربه‌ده‌ریی و گوندسوتانیان ده‌ست پێ ده‌کات، ئاواره‌ی که‌رکوک ده‌بن، له هه‌ژاری و ناچاریدا هه‌ر به مناڵی له‌گه‌ڵ براکه‌یدا نۆکی کوڵاو ده‌فرۆشن، سه‌ره‌تای لاویی به خوێندن و کرێکاری و به پاسکیلێکه‌وه به‌سه‌ربردوه، له‌گه‌ڵ عه‌شقبازی و سیاسه‌تدا هاوته‌ریب خه‌ریکبووه، ئه‌و لاپه‌ڕانه قه‌سیده ناوداره‌که‌ی شێرکۆ بێکه‌سی نه‌مری به‌ناوی (یاده‌وه‌ریی پاسکیلێکی که‌رکوکی) بیرخستمه‌وه.
ناوبراو ساڵی ١٩٧٨ له کوردستان دوای زیندانی و ئه‌شکه‌نجه‌ی به‌عس و ئه‌منی که‌رکوک هه‌ڵدێت و ده‌گاته ئیتالیا و دواتر به‌رلین، له‌وێوه له‌پاڵ کار و زمان فێربوون و دواتر خوێندنی زانکۆیدا، به‌رده‌وام به‌هانای ئه‌و کورده ئاوارانه‌وه ده‌چێت، که تازه دێنه ئه‌و وڵاته و به‌تایبه‌ت به‌رلین، به چاوپۆشین له‌وه‌ی خه‌ڵکی کوێن و له کام پارچه‌ی کوردستانه‌وه هاتون، ده‌گێڕێته‌وه که چۆن ئه‌م وه‌ک خوێندکارێک له شوقه‌یه‌کی بچوکدا ژیاوه، په‌یتا په‌یتا کورده په‌ناخوازه تازهگهیشتووهکانی بردۆته‌وه بۆ ماڵی خۆی و هاوڕێکانی، ته‌نانه‌ت جارێکیان و سه‌روه‌ختی کۆڕه‌وه‌که سێ خێزان که ژماره‌یان ١٣ که‌س بووه له وێستگه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ری ئه‌وێوه ده‌باته‌وه به‌ره‌و شوقه‌که‌ی خۆی! که ته‌واو که‌نه‌فت و ماندووی ڕێگه بوونه، نانی داونه‌تێ و خۆی لای هاوڕێکه‌ی خه‌وتوه تا چه‌ند رۆژێک لای ئه‌م حه‌ساونه‌ته‌وه و ئینجا خۆیان ته‌سلیمی فه‌رمانگه‌کانی ئه‌وێ کردوه. هاوکات خه‌ریکی خه‌باتی سیاسی بووه له خۆپیشاندان دژی رژێمی به‌عس و له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌ی خوێندکارانی کورد له ئه‌وروپا، که چالاکترین رێکخراوی ئه‌وکاتی کورده‌کانی ئه‌وروپا بووه. هاوکات له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک کچ و کوڕی کورد و ئه‌ڵمانی تردا گروپێکی هه‌ڵپه‌ڕكێی کوردیشیان دامه‌زراندوه و له‌وێ و وڵاتانی تری ئه‌وروپا له نه‌ورۆز و بۆنه‌کانی تردا چالاکی هونه‌رییان سازکردوه.
کاکیخۆم خۆی ناوی کاردۆخه، بەڵام بەردەوام لە قسەکردندا “کاکی خۆم”ی بەکارهێناوە و ئیدی کوردەکانی بەرلین له‌به‌ر خۆشه‌ویستی ناویان ناوە کاکیخۆم. خۆیشی ئەو ناسناوەی پێ خۆش بووە و کردویەتییە نازناوەکەی. ناوبراو زانستی کۆمەڵایەتیی (سۆسیۆلۆجی) ی له به‌رلین خوێندووە، پڕۆژه‌ی ده‌رچوونه‌که‌ی به‌ناوی (ژنانی کورد و ژیانیان له ئاسۆی مێژوودا)یه.
کاکیخۆم ده‌ربه‌ده‌ریی و کۆڕه‌وی کورد ١٩٩١ زۆر کاری تێده‌کات، چه‌ند رۆژێک ده‌رگه له‌سه‌ر خۆی داده‌خات و ته‌له‌فونیش هه‌ڵناگرێت، نامه‌یه‌کی کاریگه‌ر بۆ دایکی ده‌نوسێت، دواتر ده‌یکاته ئه‌ڵمانی و له رۆژنامه و ڕادیۆی به‌رلیندا بڵاوده‌کرێته‌وه، هاوکات سه‌روه‌ختی کۆڕه‌وه‌که له‌گه‌ڵ چه‌ند هاورێیه‌کی کورد و چه‌ند دۆستێکی کورددا، که ناویانی یادداشت کردوه، کۆمیته‌یه‌ک بۆ فریاکه‌وتن و به‌هاناوه‌چوونی خه‌ڵکی لێقه‌وماوی کورد دروست ده‌که‌ن، به هاوکاریی ژووری پزیشکانی به‌رلین چه‌ند دکتۆر و چه‌ندان تۆن ده‌رمان و که‌ره‌سته‌ی پزیشکی ره‌وانه‌ی سه‌ر سنور و نێو ئاواره‌کان ده‌که‌نه‌وه، دواتر ده‌ست ده‌که‌ن به کاری تر له‌مانه ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی پێنج نه‌خۆشخانه‌ی سه‌فه‌ری له ناوچه جیاجیاکانی باشوری کوردستان به بادینانیشه‌وه، دروستکردنی نه‌خۆشخانه‌یه‌ک له هه‌ڵه‌بجه، مه‌سره‌ف و پشتیوانی ماددی ئه‌م نه‌خۆشخانانه بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵک بۆ باشور له ئاواره‌یی و هه‌ڵمه‌تی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی گوند و شارۆچکه ڕووخاوه‌کان، کۆمه‌ڵه‌ی ناوبراو له گه‌رمیان سێ گوندیان ئاوه‌دانکردۆته‌وه له‌گه‌ڵ دروستکردنی دوو قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی، هاوکاری ماددی بۆ پاککردنه‌وه‌ی کانیاو و کارێزه‌کان، جۆماڵکردنی جۆگه‌کان، دروستکردنی ئاشێکی ئاو له گه‌رمیان، بنیادنانی ته‌نکییه‌کی ئه‌مباری ئاو له خانکێ نزیک دهۆک.
هاوکات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کوردستان به‌هۆی گه‌مارۆی ئابوری له‌سه‌ر عێراق و هه‌روه‌ها ئه‌و گه‌مارۆی ئابورییه‌ی رژێمی سه‌ددامیش له‌سه‌ر ناوچه ئازادکراوه‌کانی دانابوو، ره‌وشی ئابوری خه‌ڵک له‌وپه‌ڕی خراپیدا بوو، جوتیاران گه‌ڕابوونه‌وه گونده‌کانیان به‌ڵام پاره‌ی بنه تۆویان نه‌بوو، کۆمه‌ڵه‌که له سێزده گوندی قه‌ره‌داغ و گه‌رمیان و قه‌ڵاسێوکه ١٢ جۆر تۆویان به‌سه‌ر ده‌یان جوتیاردا دابه‌شکردوه. هه‌موو ئه‌م کارانه نزیکه‌ی ٢٠٠ هه‌زاردۆلاری تێچووه، که به کۆکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ک و پشتیوانی کوردانی ئه‌وکات و دۆستانی کورد له ئه‌ڵمانیا و به‌تایبه‌ت به‌رلین ئه‌نجامیانداوه. دوای هاوسه‌رگیریش له‌گه‌ڵ ئوتای هاوڕێیدا، که کچێکی ئه‌ڵمانی بووه له گروپی ههڵپهڕكیی کوردیهکهیاندا، پێکه‌وه بەردەوام سەرقاڵی خزمەتکردنی کورد و ناردنەوەی هاوکاری بوونه بۆ کوردستان. به‌ڵگه‌نامه‌کانی پاشکۆی کتێبه‌که که نزیکه‌ی ٣٠ لاپه‌ره‌یه به کوردی و ئه‌ڵمانی، گه‌واهیده‌ری ئه‌م کارانه‌ن.
شتێکی دی که ئه‌م بیره‌وه‌رییانه له هی زۆربه‌ی که‌سانی تری رۆژهه‌ڵاتی و کورد جیاده‌کاته‌وه ئه‌وه‌یه، که کاکیخۆم بێ شآردنه‌وه، باسی سه‌روه‌ختی لاوی و سه‌ره‌تای گه‌نجی خۆی و یه‌که‌م عاشقبوون و ده‌سله‌ملانێی پهناوپهسیر و سه‌ربانان و مهمکگرتن ده‌کات، کاتێکیش له ئه‌ڵمانیا ئه‌م گه‌نجێکی باڵابه‌رز و قیت و قۆزبووه له‌وه‌دا به‌خته‌وه‌ر بووه، که چه‌ندان کچه هاوڕێ و دۆست و دولبه‌ری ئه‌ڵمانی عاشقی ده‌بن و ئه‌میش به وردی و بێپه‌رده باسی چێژبینین له حه‌زوئاره‌زووه‌کانی خۆی له‌گه‌ڵیاندا ده‌کات، دیاره ئه‌م شتانه زۆربه‌مان کاتی گه‌نجی گه‌ر بۆمان لوا بێت کردومانه، به‌ڵام به هۆی فشاری کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ژیانماندا به نهێنی ده‌یانهێڵینه‌وه و نایاندرکێنین، له‌مڕوه‌وه کاکیخۆم له زۆربای یۆنانی ده‌چێت، که‌سه‌ره‌ڕای کار و خه‌بات و به‌جێهێنانی به‌رامبه‌ر خه‌ڵک و نه‌ته‌وه و ده‌وروبه‌ره‌که‌ی به‌ڵام هه‌میشه‌ش چێژبینین و ڕابواردن و خۆشی بینین له کات و ساته‌کانی ژیانی فه‌رامۆش نه‌کردوه.
ئه‌وه‌ی که بیرهورهییهکانی ناوبراوی زۆر سه‌رنجڕاکێش کردوه، ئه‌وه‌یه ئه‌م له یه‌كکاتدا چۆن توانیویه‌تی، خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی، کاری خێرخوازی و مرۆڤدۆستی، هونه‌ر و خوێندنی زانکۆ و ئینجاش عه‌شقبازی له‌گه‌ڵ کچانی ئه‌وروپی خۆی فه‌رامۆش نه‌کات و کۆبکاته‌وه! هه‌ر به‌ڕاستی سه‌رسامم بووم به‌م توانایه‌یان.
شایه‌نی باسه له نه‌وه‌ده‌کاندا چه‌ندان که‌سایه‌تی سیاسی و نوسه‌ر و ئه‌دیب سه‌ردانی ماڵی کاکیخۆمیان کردوه و له ده‌فته‌ری یادداشته‌کانی ماڵیاندا یاده‌وه‌ریی خۆیان تۆمارکردوه، له‌وانه، مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، مامۆستا جه‌لال جه‌وهه‌ر، دکتۆر که‌مال میراوده‌لی و …هتد. که نامه‌کانیان له پاشکۆی کتێبه‌که‌دا بڵاوکراوه‌ته‌وه.
هیوا ناسیح
سه‌رچاوه:
Kardox, der Kurde, Lebensbericht , Berlin, 2018, Bus Verlag, Kachichom Muhyaddin,
ISBN: 978-3-944909-54-7