
من گۆزه‌كه‌م شكاوه، گۆزه‌كه‌ی ناو سنگم له نێوان یاداشت و نامه‌دا … داستان به‌رزان
به‌یانییه‌ك له ماڵه‌وه
چاوم ده‌كه‌وه و له خه‌وێكی خراپتر له‌وه‌ی دوێنێ شه‌و ڕاده‌كه‌م، ناخۆشه له خه‌ونتدا دۆسته‌كه‌ت ببینیت له‌گه‌ڵ پیاوانی دیكه‌دا، سه‌یری شوشه‌كانی جامخانه‌كه‌ی هه‌یوان ده‌كه‌م، ته‌مێكی چڕ گرتوونی، به ده‌نگی چۆڕاگه‌ی سه‌رباندا ده‌زانم له ده‌ره‌وه‌باران ده‌بارێت، هه‌ڵده‌ستم بۆ به‌رده‌م ده‌ستشۆره‌كه، له په‌نجه‌ره لاكێشه‌ییه‌كه‌ی به‌رده‌ممه‌وه ده‌ڕوانمه حه‌وشه‌كه، له‌سه‌ر چیمه‌نه ته‌ڕه‌كه دوو نارنجی قه‌ڵه‌و كه‌وتوون، له ئێستاوه ده‌زانم تۆزێكی دیكه نه‌نكم له خه‌و ڕاده‌بێت و هه‌ردووكیان ده‌باته چێشتخانه‌كه و نیوه‌ڕۆ ده‌یانگوشێته ناو زه‌ڵاته‌ی ته‌ماته و كاهوه‌وه، ئای له‌م دره‌خته چه‌ند میهره‌بانه! له ڕۆژگارێكدا كه میهره‌بانی مۆدێلی نه‌ماوه..
ئه‌مڕۆ ده‌مه‌وێت زۆرترین كات له ماڵه‌وه‌بم، مه‌به‌ستمه دڵی نه‌نكم ڕازی بكه‌م و له ڕۆیشتنه ده‌ره‌وه‌كانم ئه‌وه‌نده نیگه‌ران نه‌بێت، كه ده‌زانم به‌شێكی نیگه‌رانییه‌كه‌ی له دڵسۆزییه‌تی و به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ی له ترسی ته‌نیایی خۆیه‌تی، ته‌نیاییه‌ك كه هه‌ر مرۆڤێك له كۆتاییه‌كانی ته‌مه‌نیدا تێی ده‌كه‌وێت، ترس له ته‌نیایی له‌و ته‌مه‌نه‌دا هاوكات ترسه له مردن، نه‌نكم ده‌ترسێت ڕۆژێك یان شه‌وێك له ته‌نیاییدا مردن بێت و به هه‌ر بیانوویه‌ك بێت فریوی بدات و بۆ هه‌میشه له‌گه‌ڵ خۆی ببات، له كاتێكدا ئه‌م نایه‌وێت ژیان به‌جێبێڵیت، ئه‌گه‌رچی مرۆڤێكی ئیمانداره، به‌ڵام ژیاندۆستییه‌كی بێئه‌ندازه له چاوه‌كانیدا ده‌دره‌وشێته‌وه، چه‌ندین جار دیتوومه له ترسی مردن فرمێسك به چاوه‌كانیدا هاتۆته خواره‌وه و له‌به‌رخۆیه‌وه كڕوزاوه‌ته‌وه، گوێی له قوئان گرتووه و پاڕاوه‌ته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی بیه‌وێت بڵێت: (كه‌مێك به‌خشنده‌تربه له‌گه‌ڵ به‌نده‌كانت) ده‌زانم نه‌نكیشم وه‌ك ئه‌و ئازیزانه‌یترم ساتێك هه‌یه جێمده‌هێڵێت و كاتێك ئاوڕ له ده‌وروپشتم ده‌ده‌مه‌وه چۆڵتر ده‌بێت، به‌ڵام لای من مرۆڤی وه‌كو نه‌نكم هی ئه‌وه‌نین به‌ده‌م خه‌م و ئازاره‌وه بمرن، لێ ئیتر ئه‌وه خراپی ژیان و كۆتاییه قبوڵنه‌كراوه‌كه‌یه‌تی، كه به جۆرێكی زۆر دڕندانه مرۆڤ كاول ده‌كات!
هۆیه‌كیتری مانه‌وه‌م له ماڵه‌وه خۆمم كه نامه‌وێت له‌وه زیاتر له‌به‌ر چاو و ده‌ستدابم، با ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵیان ده‌بم له ڕیزی ئه‌و كه‌سانه‌ش بن كه تاڕاده‌یه‌ك لێم شاره‌زان، به‌ڵام هێشتا هه‌ر پێویست نییه ئه‌وه‌نده به‌ده‌ره‌وه‌بیت له سه‌رده‌مێكی ناڕوون و درۆزنی وه‌هادا كه دۆزینه‌وه‌ی كه‌سانێك بتوانیت له‌گه‌ڵیان ئاسوده‌بیت ئاسان نییه و بگره هه‌ر زۆریش سه‌خته، بۆیه مانه‌وه له ماڵه‌وه و ده‌ستگرتن به خۆته‌وه باشتره له‌وه‌ی بكه‌ویته به‌رده‌ست خه‌ڵكی و ئه‌وانیش ئاره‌زووی خۆیان ده‌نوكت لێ‌بگرن، وه‌ك ئه‌و جوچكه برینداره‌ی به هه‌موو جوچكه‌كانیتر ده‌كه‌ونه ده‌نوكگرتن له سه‌ری، تا ئه‌و ئاسته‌ی خوێن به لاچاوه‌كانیدا دێته‌خواره‌وه و مۆخی سه‌ری به‌دیار ده‌كه‌وێت، ژنه به ته‌مه‌نه‌كان به‌و جوچكه ده‌ڵێن: جوچكه غه‌ریبه، ئه‌م ڕۆژانه من ئه‌و جوچكه غه‌ریبه‌یه‌م.
ئێواران ڤۆدگا
كاتژمێر(5) ی به‌یانییه و له‌به‌رده‌م لاپتۆپه‌كه‌مدا دانیشتووم، ڕووناكی شاشه‌كه‌ی ده‌موچاوم له تاریكی ژووره‌كه‌دا ڕووناك ده‌كاته‌وه، كرته‌كرتی دووگمه‌كان له بێده‌نگییه‌كه‌دا تێكه‌ڵ به چركه چركی كاتژمێری سه‌ر دیواره‌كه ده‌بن و ئه‌م به‌شه له‌م نووسینه‌ت بۆ ده‌نووسم كه نه‌مویست باسی بكه‌م:
ئێواره پاش خواردنه‌وه‌ی چاره‌كێك ڤۆدگا له یه‌كێك له نادییه نیمچه ڕووناكه‌كانی شاردا، هاوڕێیه‌ك پێشنیازی نادییه‌كی دیكه‌ی بۆ كردم كه به نادی چینییه‌كان ناسراوه، ئه‌گه‌رچی كه‌م ده‌چمه ئه‌و نادییانه، چونكه به ڕاستی هه‌ندێكیان مۆدێلێكی بێزاركه‌رن، ئه‌وه‌یش به هۆی ئه‌و قه‌ڕه‌باڵغی و بوونی گۆرانییه‌كی ده‌نگ به‌رز كه زۆربه‌ی جار گۆرانییه‌كانیش ئه‌و گۆرانییه ناخۆشانه‌ن كه زۆرینه حه‌زیان پێیه‌تی، هه‌روه‌ها ئه‌م نادییانه ته‌نیا وه‌ك نادییه‌كی ئاسایی وه‌رنه‌گیراون، به‌ڵكو هه‌ندێكیان به ناوی مه‌ساجه‌وه بوونه‌ته جێگه‌یه‌ك بۆ به كاڵاكردنی جه‌سته‌ی ئه‌و ئافره‌تانه‌ی له‌وێدا كار ده‌كه‌ن، من ئه‌و شه‌وه ده‌مویست جۆرێك په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و ئافره‌تانه‌دا دروست بكه‌م، ئه‌مه‌ش له‌و هه‌ستی تۆڵه‌یه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبوو كه ماوه‌یه‌ك بوو به‌رامبه‌ر به دۆسته‌كه‌م تێمدا دروست ببوو، به‌ڵام شكستم هێنا، چونكه پاش قسه‌كردن به ئینگلیزییه‌كی خراپ و تێكه‌ڵ به كوردییه‌كی سه‌روگوێلاك شكاو له‌گه‌ڵ ئه‌و ئافره‌ته‌ی هاتبووه سه‌ر مێزه‌كه‌مان، بۆم ده‌ركه‌وت ئه‌ویش مرۆڤێكی برینداره، هه‌ر بۆیه په‌یوه‌ندییه‌كه بووه جۆرێك له هاوخه‌می بۆ یه‌كتری، ئافره‌ته ته‌مه‌ن سی و پێنج ساڵه‌كه بۆی گێڕامه‌وه كه مێرده‌كه‌ی كابرایه‌كی كهولیست بووه و بۆی خراب بووه، ئه‌میش پاش تێپه‌ڕاندنی چه‌ند ساڵێك له‌گه‌ڵ پیاوێكی وه‌هادا، به مندڵێكه‌وه له په‌وه‌ندییه‌كه‌یان هاتۆته ده‌ره‌وه، له ڕاستیدا من ده‌مویست ئه‌و زیاتر باسی ئه‌و شتانه‌ی ژیانی خۆیم بۆ بكات، به‌ڵام ئه‌و زوو زوو وه‌ك ئه‌وه‌ی پێی وترابێت ده‌سته‌كانی ده‌خسته ناوده‌ستم و سه‌یری قوڵایی چاوه‌كانی ده‌كردم، لێت ناشارمه‌وه گه‌رمییه‌كی تایبه‌تم له ده‌سته‌كانی و نیگاكانیدا هه‌ست پێده‌كرد، كه له‌و بڕوایه‌دانیم پێشتر به هیچ كام له‌و پیاوانه‌ی دابێت كه چوونه‌ته ئه‌وێ، ئه‌مه‌ش هه‌ستی من بوو له‌و كاته‌دا، ده‌كرێت وانه‌بێت، چونكه له ئه‌نجامدا ئه‌وان له‌و جێگه‌یه‌دا كاڵایه‌كن به ده‌ست بازاڕێكی دڵڕه‌قه‌وه، هه‌رچۆن بێت ڕه‌نگه له كاتی دیكه‌دا بچه‌مه‌وه ئه‌وێ بۆ لای هه‌مان ئافره‌ت، چونكه بۆ ئه‌م دۆخه‌ی من به‌خشینی كه‌مترین سۆز گه‌وره‌ترین مانای هه‌یه.
مرۆڤ ئه‌وكاته‌ی به قوڵی دڵی له كه‌سێك ده‌شكێت، ئیتر په‌نا بۆ زۆر شت ده‌بات، ته‌نیا له پێناو ئه‌وه‌ی شتێك له‌و شكاوییه به ده‌ست بێنێته‌وه، نه‌ك چاكی بكاته‌وه، چونكه مرۆڤ یه‌كجار دڵی ده‌شكێت، دڵ گۆزه‌یه‌كی ناسكی ته‌نكه، به‌جۆرێك شه‌فافه هه‌ر شله‌یه‌كی تێدا بێت به ئاسانی ده‌یبینین، كه شكاش هێز نییه چاكی بكاته‌وه، من گۆزه‌كه‌م شكاوه، گۆزه‌كه‌ی ناو سنگم.
مارچی 2016
سلێمانی