Skip to Content

فڕفڕۆکە …  پشکۆ ناکام

فڕفڕۆکە … پشکۆ ناکام

Closed
by حوزه‌یران 12, 2017 Genocide

…… هەر کەس سەیرێکی خێرای کۆبونەوەی سەرۆکی بنەماڵە و دەور و پشتەکەی لە مەڕ (ڕیفراندۆم)!بکات یەکسەر سەرەک خێڵ و موریدەکانی یان سەرەک عەشیرەت و ڕەعیەتەکەی یان لە باشترین حاڵەتا ملیاردێرێک و خەلفە و شاگرد و بەردستەکانی یەتە بەر چاو، چونکە دیارە لەو کۆبونەوەیە بە بڕیاری موسبەق دانراوە جەماعەت کەی دەست هەڵبڕن و کەی سەر بلەقێنن دوا جار بە بێدەنگی ئیمزای بکەن، هەموو سەیری ڕوخێنەری ڕیفڕاندۆم ئەکەن چ فەرمایشتێکی هەیە و جێی بڕواش نیە کەسێ لەوێ بووبێ و زۆری لە خۆی کردبێ و خوانەکردە تۆزێک لە شوێنی خۆی جوڵا بێت و سوئالێکی کرد بێت، گەر وا نەبێت ئەی بۆ سۆسیال دیموکراتە زەردهەڵگەڕاوەکان دوو ڕۆژ دوای کۆبونەوەکە هاوار ئەکەن و ئەنووسن ” دەی ئیتر نۆرەی کارا کردنەوەی پارلەمانە..”!! کاکی برا تۆیەک کە بە نیو سەعات دە پانزە ماکرۆفۆن حازر ئەکەیت، بۆ ئەو “نۆرە” یەت لە کۆبونەوەکە باس نەکرد و نەتکردە هیچ نەبێت نوقتەیەکی نیزامی بۆ باسکردن لێی ؟ خۆت چاک ئەزانیت حزوری ئیوە تەنها بۆ عەرز کردنتانە لە شاشەکانەوە، دەنا بنەماڵە بڕیاری خۆی یاوە و باس کردنی کاراکردنەوەی پارلەمان وەک ئەو موستەحیلەیە کە ئێوە جارێکی تر ببنەوە بە “حیزبەکەی ‌‌أیام زمان ” …ئەوەی ئەتەوێت خەڵکی پێ بخەڵەتێنی ئەکرا لەو کۆبونەوەیە پێت لەسەر دابگرتایە و بتوتایە کاراکردنەوەی پارلەمان پێش ڕیفڕاندۆم ئەگینا ئیمزای ناکەین.. بەڵام کە جورئەت “یۆخ” ئیتر یاسا و شەرع و ڕای خەڵک ئەبێتە قوربانی گرتنی ڕەسمێکی دوای کۆبونەوەکە.. تۆ بەتەمای کام خۆڵ بکەیتە چاوی خەڵکەوە؟ خۆڵی دوو هەڵوێستی جیاوازی پێش و دوای ئیمزاکردنەکانتان،! تۆیەک کە بە حیساب ئەتەوێت بە سۆسیال- دیموکراتەکەنی بگەیەنیت کە خەڵکی هەرێم لەگەڵ ڕیفراندۆمە ئەوەت لێک نەیاوەتەوە کە هەم “سۆسەکان ” و هەم ئەوانی تریش پێت بڵێن : بێ زەحمەت کێ بڕیاری لەسەر ئەم ڕیفراندۆمە یاوە..؟ گەر ووتت حیزبی دەستەڵاتدار ، جگە لە پێکەنین چاوەڕوانی هیچ وەڵامێکی تر مەبە، چونکە تۆ کە وەک سابون و شامپۆ ڕیکلامێکی زۆر بۆ دیموکراسیەتی دەستەڵاتی هەرێم ئەکەیت چاک ئەزانیت کە لەو وڵاتانەی تۆ زوو زوو بە ناوی سۆسەکانی هەرێمەور سەردانیان ئەکەیت، ئەو جۆرە پرۆژە و بڕیارانە لە پارلەمانەوە دەر ئەچێت نەک کۆبونەوەی دوو حیزبی نەوت فرۆش و چەن نیوە حیزب و چارەکە لایەنێک، جا ئێوەیەک کە لەسەر بچوکترین خاڵی هاوبەش لەگەڵ سۆسیال- دیموکراتەکانی دونیا کە مەسەلەی دیموکراسی و سیستەمی پارلەمانی دەنگی خەڵک یەک نەگرنەوە ئیتر چۆن باس لە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی و مافی چارەنوسی خەڵک بە دەنگی خەڵك ئەکەیت..!

خۆ حیزبەکانی ئینتەر- ناسیونال وەک حیزبەکەی تۆ نیە بە (شەرعیەتی شۆڕشگێڕیی)! خۆیان سەپاند بێ و رەدو کەوتنی خێڵ و تاک ڕەوی بخەنە جێی پرینسیپە سەرەکیەکانی دیموکراسی و هەڵبژاردن بە دەنگی خەڵک نەک حیزب..کەسێک خۆی بە سۆسیال- دیموکرات بزانێ و ببێتە پردی پەڕینەوەی دەستەڵاتێکی دز و خۆسەپێن و دژ بە خەڵک بەرەو بەدیهێنانی مەرامە گومان لێکراوەکانی ، ئەبێ دوا کەس بێت باس لە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی بکات چونکە ئەو خودی خۆی سەربەخۆ نیە و لە فەلەکی دەستەڵات بە ڕاست و چەپا ئەخولێتەوە…

مەسەلەیەکی تری ئەو کۆبونەوەیە ئەوە یە کە ڕێک پێچەوانەی ئەوە بوو کە باسی لێوە کرا بەوەی دیاری کردنی ڕیفراندۆم ڕووداوێکی مێژووییە، کە بڕیارەکەی بنەماڵە و چەپڵە لێدەرەکانی پشتەوەی ،نە مێژوویی و نە جوگرافی و تەنانەت ڕیازیش نەبوو، چونکە بڕیاری مێژوویی کە بۆ خەڵک وبە ناوی خەڵکەوە بێت ئەبێتە مایەی دڵخۆشی و کاردانەوەی ئیجابی لە لایەن توێژە جیا جیاکانی خەڵکەوە، بەڵام بینیمان جگە لە پارتی پاشکۆی بنەماڵە و “کۆرس”ەکانی کەسی تری دڵخۆش نەکرد ، خەڵک بە بڕیارێک دڵخۆش نابێت کە ببێتە مایەی درێژەیان بەدەستەڵاتێکی حوکمڕانی کە جگە لە نەگبەتی و برسێتی و لێقەوماوی هیچ بەر و بومێکی تری بۆ نەبوە.. گەر ئەو بڕیارە موسبەقەی ڕژێمەکەی هەرێم “مێژوو”یی بوایە ئەبوایە میدیاکانی دەرەوەی دەستەڵات دەیان کۆڕ و کۆبونەوەی پشتگیرییان بۆ ساز بکردایە، بەڵام ئێمە دیمان جگە لە میدیا پاشکۆکانی بنەماڵە کەسی تر هەلهەلەی لێنەیا و کەسیش سەر چۆپی نەگرت تەنها سەرچۆپیەکی زەردو لەوسەرەوە سەرچۆپیەکی سەوز، بگرە بە دەیان کەناڵ و ڕۆژنامە و سایتی میدیایی هەرێم لە مەترسییەکانی بڕیاری ئەم بەناو ڕیفراندۆمەیان ووشیار کردۆتەوە کە لە حاڵەتێکا سەر بگرێت نەهامەتی و ئەزمەکان کاریگەرتر لە جاران بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ بەردەوام ئەبێت .. مێژوو لەگەڵ خەڵکە و دەستەڵاتی فەرمانڕەوای هەرێم دژ بە خەڵکە ئیتر چۆن ئەکرێت بڕیارێکی دژ بەخەڵک بە”مێژوو”یی وەسف بکرێت و جگە لە دوڕاوەکان کێ بەو ئاوزەی بنەماڵە هەڵئەپەڕێت..؟
جگەلەمانەش ئێستا میدیا حاشیەکانی بنەماڵە خەڵکی هەرێمیان کردوە بە دوو بەرەوە : بەرەی سەربەخۆیی و بەرەی ئەنتی سەربەخۆیی، جا کە وەستان لە ڕووی دیکتاتۆری و جەردەیی و بەتاڵان بردنی سەروەت و قووتی کۆمەڵانی خەڵک ئەنتی سەربەخۆیی بێت ، ئەبێت هەموومان شانازی بەو ئەنتییەوە بکەین وەک شانازی کردنی ئەوان بە پاشکۆیەتی بنەماڵە و کۆیلەیەتیان ………………………………………………… ئەم بە ناو ڕیفراندۆمە ” فڕ فڕۆکە” یەکە بە ڕەشەبای نەهامەتییەکانی خەڵک ئەخولێتەوە…..

Previous
Next
Kurdish