Skip to Content

کورتە چیڕۆک/ 126 چرکەی ترافیک.. رەسوڵ بەختیار

کورتە چیڕۆک/ 126 چرکەی ترافیک.. رەسوڵ بەختیار

Closed
by تشرینی دووه‌م 5, 2022 General, Literature




چایخانەکەی سەر شەقامەی نزیک ئەو جادەیەی بەسەر قەڵادا سەر دەکەوێ، زۆر چەنجاڵ بوو، هەبوو تەنیا دانیشتبوو، هەبوو لەگەڵ هاوڕێیەکانیدا لەگفتوگۆدا بوو، کەس سەیری کەسی نەدەکرد، هەر کەس بەخۆیەوە خەریک بوو، لەناکاو کوڕێکی باڵا بەرز و پۆشتە بەدووری دوو مەتر وەستا، بەدەنگێکی بەرز دەستی بەقسان کرد وەک ئەوەی لەنێو پۆلدا بێ وانەیەک پێشکەش بەقوتابییانی بکات، دەیگوت: هەموو ئاسمانەکان پاشایەکیان هەیە، ئەو پاشایە بڕیار دەدات ئاسمان چی بکات، ببارێنێ یان بگرمێنێ و هەورە تریشقە و بروسکەکانی کوێ بسووتێنێ، گوێ بگرن دەبێ بەراز و نیازی ئەو پاشایە بجوولێینەوە، دەنا هەمووان لەسێدارە دەدرێن، دەزانم لەژێر لێوەکانتانەوە بزەتان دێ و گاڵتە بەقسەکانم دەکەن، بەڵام رۆژێ دێ بەقسەکانم باوەڕ دەکەن، دەبێ لەگومڕایی رزگارتان بێ، هەتا هەتا نابێ گومڕا بن.
جولەکانی وەک مامۆستایەکی لێهاتوو وابوو، چەند هەنگاوێکی نا و راوەستایەوە، دووبارە دەستی بەقسان کرد، بەڵام کەس وەڵامی نەدایەوە، وەک ئەوەی پێی بڵێن تۆ مامۆستایەکی لێهاتووی، هەندێکی دیکە قسەی کرد، بەڵام چۆن رۆیی نەگەڕایەوە، دیارە پێیوابوو پەیامەکەی گەیشت.
کاتێ رۆیشتم و نزیک ترافیکەکە بوومەوە گڵۆپی سوور داگیرسا واتە دوای 126 چرکە دەتوانیت بڕۆیت، بیرم لەو دیمەنە دەکردەوە دەکردەوە، ئەو گەنجە وەک مامۆستایەکی بەویقار وانەکەی خۆی گوتەوە، ئەوەی لام گرنگ بوو لەو دیمەنە کەس وەڵامی نەدایەوە، چونکە پێشتر شار لەمجۆرانەی تیادا بوو و خەڵک بەبینینی ئەو جۆرە دیمەنانە یەکسەر هۆهایان لەو کەسە دەکرد، بەڵام ئەو جارەیان وەک ئەوەی هیچ نەبوو بێ، کۆتایی بەوانەکەی هێنا و رێگەی خۆی بڕی، لەو لێکدانەوە و خەیاڵانە دابووم، لەنێو ئۆتۆمبێلە وەستاوەکان ژنێک هاواری کرد، دیار بوو بەپڕتاو لەئۆتۆمبیلێک هاتۆتە خوارەوە، هەزار جوێنی بەشوفێرەکە دا، شوفێریش لەئۆتۆمبیلەکەی هاتەخوارەوە تکای لێدەکرد بێتەوە ناو ئۆتۆمبیلەکە، بەهەڵسوکەوتیان دیار ئەوان ژن و مێرد بوون، لەیەک تێنەگەیشتنێک کردوویانەتە هەرا، ئەمجارەیان جیا لەدیمەنی پێشتر هەر یەکەو کامیرای مۆبایلەکەیان روو لەو ژن و مێردە کرد.
ئێستا لە چرکەی 87 داین، کاتێ ژن و مێردەکە مۆبایلەکانیان بینی هەر یەکەو بەبێ دەنگی چوونەوە نێو ئۆتۆمبیلەکە.
لەچرکەی 86 سواڵکەرەکان بەخێرایی بەرۆکی شوفێرەکانیان دەگرت، چ بەدەست پانکردنەوە یان کلێنس فرۆشتن بەسەر ئۆتۆمبیلەکاندا دابەش بوو بوون، لەنێو ئەم دیمەنەشدا لەنێوان سواڵکەرەکان بوو بەشەڕ، بەشێک لەو سواڵکەرانە سووری بوون، کلێنس فرۆشەکانیش بەنگلادیشی بوون، سواڵکەرە سوورییەکان بەعەرەبییەکی سووری بە بەنگلادیشییەکانیان دەگوت: پێمان نەگوتی لێرە مەمێنە، ئێرە شوێنی ئێمەیە بۆ کەسی دیکە نییە لێرە بێ.
بەنگلادیشیەکەش بەسەرسوڕمانەوە بەکوردییەکی رەوان گوتی: خۆ من سواڵ ناکەم، کاسبی دەکەم، کلێنس و گوڵ دەفرۆشم.
لەو دەنگە دەنگە چرکەکانی ترافیکەکە خۆی لە 10چرکە نزیک دەکردەوە، تا دەهات کێشەی نێوانیان زیاتر دەبوو، ئەوەی سەیرە پۆلیسی هاتووچۆش لەدوورەوە پێدەکەنی.
لەچرکەی 3دا هەموو ئۆتۆمبیلەکان خۆیان ئامادەکرد تا بەتیژڕەوی ترافیکەکە ببڕن.
کاتێک گڵۆپی سەوز داگیرسا لەئاوێنە بەرزەکە سەیری بەنگلادیشی و سووری و ئۆتۆمبێلی ژن و مێردەکەم کرد، تا دەهات لەبەر چاوان ون دەبوون.

Previous
Next
Kurdish